ساڵێکە بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق و لە ژیانی سیاسیدا خۆی چەسپاندوە، کاریگەری لەسەر روداوەکان و گەشەپێدانی ژیانی دیموکراسیەت و ئۆپۆزسیۆن لە پهرلەمان و دەروەی لە هەڵکشاندندایە.
لەم ساڵەدا رکابەر و نەیارەکانی گۆڕان زۆر لە تیرەکانی کەوانیان ئاڕاستەی گۆڕان کردوە و بەشێوازی جیاجیای ناڕەوا هەوڵیانداوە ئەم بزوتنەوەیە گەمارۆ بدەن و ئیحتوا و لاوازی بکەن. خۆشبەختانە ئەو لایەنانە نائومێدیان دروێنەکردوە و پێدەچێت هەندێکیان، بەتایبەت لەناو یەکێتیی دا، لەهەڵە و رێچکە سیاسیە چەوتەکانیان فێربوبون و ئەگەر سەرکەشیش بێت چەمکێکی عەقلانیەت بەهەڵوێست و هەڵسەنگاندنەکانیانەوە دیارە.
گۆڕان لەنێو بەرداشی دەسەڵاتداراندا
یەکێتی هۆکاری سەرەکی شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی 25/7 بۆ بزوتنەوەی گۆڕان گەڕانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی پێش هەڵبژاردنەکە لەگەڵ پارتی لەسایەی رێککەوتنامەی شەراکەتدا دەسەڵاتی حوکمڕانی و نیوەی کورسیەکانی هاوپەیمانی کوردستانی مسۆگەر کردبون و تائەو ساتە بەفەرمی و لەسەر کاغەز هاوسەنگی هێزی لەگەڵ پارتیدا تێکنەچوبو، بۆیە بێباکانە و بێخەم جڵەوەکانی بۆ پارتی شلکردبو و بەپێچەوانەوە بە نەفەسی تۆڵەکردنەوە و و توڕەبون پێرەوی دژایەتیکردنێکی شمولی گۆڕانیان کرد.
دەسەڵاتدارانی یەکێتی بەم سیاسەت و رەفتارکردنە خۆیان خستەژێر رەحمەتی پارتیەوە و لەئاکامدا پارتی بۆ قۆستنەوەی ئەو دژایەتیە هەوڵی گەمەیەکی سیاسی دو فاقەی لەگەڵ گۆڕان دا و دۆخە تازەکەی بەکارهێنا بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی سیاسی یەکێتی و ئیستحقاقەکانی لە شەراکەتدا، وەک وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و رەزامەندی مەرجداریان بۆ کاندیدێکی یەکێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و سەپاندنی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شێواز و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت و بودجەی هەرێمدا.
نانبڕین و دەرکردن و تۆقاندن و گرتنی گۆڕانخوازان لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکێتییەوە دیوە بینراوەکەی ئەو دراوە بو کە پارتی دیوەکەی تری بە زمانی نەرم و موجامەلەی بێ ناوەڕۆک و بێتامی گۆڕان و مراوغە و کات کوشتن وێناکیش کردبو. ئەم دو هێزە لەسەر یەک شت کۆک بون، ئەویش ئەزیەتی تەواوی گۆڕان بدەن، بەو هیوایەی لە هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەئاکامی سیاسەتی ئیرهابی سیاسی و تۆقاندن خەڵک لە گۆڕان بتەکێتەوە.
هەڵبژاردن و هاوکێشەی نوێ
پارتی لە هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێزی یەکەمی کوردستان دەرچو و یەکێتی توشی شکستێکی تر بو و بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەمجارەیان دەسەڵاتدارانی یەکێتی تێگەیشتن کە هۆکارێکی سەرەکی شکستی ئەمجارەیان پارتی هاوپەیمانی بو، بەرادەیەک کە لە پارێزگای هەولێر بەشەرەشەقی کورسی قەرەبو توانی کورسیەک بۆ سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی کوردستان لەخولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بپچڕێت. ئەم زامە گەورە شاردراوە لە ناخی یەکێتی دا بێدەنگانە زۆر لە بابەت و لاپەڕەکانی مێژوی وروژاند و هەڵدایەوە. دەسەڵاتدارانی یەکێتی لەبەرچاوی میللەت و دنیا روبەروی ئەو راستیە حاشاهەڵنەگرە بونەوە کە نیەتی سەرەکی پارتی هێز و دەسەڵاتی رەهایە، بەگەمەکانی دیموکراسیەت توانی گوزرێکی کوشندەیان لێبوەشێنێت. ئەوە گوزری گۆڕان و هاورێکانی خەباتی دوێنێ نەبو کە پێگەی خەبات و قوربانی 35 ساڵەی یەکیتی هێنایە ئاستێکی لاواز، بەپێچەوانەوە گۆڕان هێزێکی سەرەکی بوە و دەبێت بۆ رێکخستنەوەی هاوسەنگی تێکچوی هێز لە کوردستان.
بهخەبەربونەوەی یەکێتی
ئەم روداوانە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی یەکێتی راچڵەکاند و درکیان بەوەکرد کە رێچکەی سیاسی چەوتیان بەرامبەر بە گۆڕان مایەپوچ بو و هۆکارێکی سەرەکی بو بۆ تێکچونێکی مەترسیداری هاوسەنگی هێز لەگەڵ پارتیدا. لەناو یەکێتییشدا ئەم روداوانە هۆکاری سەرەکی بون تا دەیان هەزار کادر و ئەندام و پێشمەرگە بەگومان و پرسیار و دڵەراوکێوە چاودێری دۆخەکە بکەن و لە کۆتاییشدا هەڵسەنگاندن و دید و بۆچونەکانیان بەئاراستەی نزیکبونەوە و پێکەوە ژیان لەگەڵ گۆڕاندا بەراشکاوی بەیان بکەن.
لەو ماوەیەدا گۆڕان هێدی هێدی چەمکی ئۆپۆزسیۆنی عەقلانیەتی پێڕەو دەکرد و کاردانەوە و وەڵامی توندی گۆڕان لەهەندێک جاردا زیاتر زادەی رەخنە و نازی سیاسی و هاوڕێیتی مێژویی بون وەک لەوەی رێچکەیەکی سیاسی بێت.
سیاسەت رێگە و شێوازێکی بەرزی رێکخستنی ئۆپۆرچینیزمە، لە کوردستانیش ئەم راستیە پێرەوکراوە.
ماوەیەکە و بەتایبەت دوای کۆنگرەی سێی یەکێتی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی و لە راگەیاندنەکانیاندا بێدەنگیان بەرامبەر بە گۆڕان هەڵبژاردوە و جارجاریش قسە و لێدوانەکانیان لەمەر گۆڕان و دۆخی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێم قەتماغەیەکی چەمکی عەقڵانیەت پێوە دیارە.
ئایا زەمینەکانی ئەم گۆڕانکاریە چین؟
کەسانێک لە گۆڕان و لە یەکێتی لەبارەی ئەم بابەتە راوبۆچونی خۆیان دەربڕیوە، هەرچەندە ئەو بۆچونانە لە دڵسۆزی و پەرۆشیەوە سەرچاوەیان کردوە، وەلێ بە بەرگێگی تەنکی سۆز و نۆستەلژیا و نازکردن قوماتکراون.
لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتی ئەزمونێکی زیاتر لە 50 ساڵیان لەگەڵ لوتکەی دەسەڵاتی پارتیدا هەیە و بەدرێژایی ئەو مێژوە بە پێوەرە کلاسیکیەکانی رۆژانهی سیاسەت لەگەڵ پارتیدا رەفتار و مامەڵەیان کردوە، لەو باوەڕەدام ئەو دو لوتکەیە یهکتر تا سەرئێسک باش بناسن. بەهێزبونی پارتی بەو ئاستەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستی هێناوە زەنگێکە کە دۆخی هەرێم و حوکمڕانی و پەیوەندیە ناوچەییەکان و بەشداری کورد لە حوکمڕانی بەغدا بەئاراستە نادیارەکاندا دەبات و تەنانەت زاڵبونی دید و بۆچونی دەسەڵاتدارانی پارتی بۆ پاشهاتی هەرێم و شێوەی حوکمڕانیەکەی بەزەقی بەرچاون... لەلایەکی ترەوە ئەم پێگە بەهێزەی پارتی، یەکێتی دەکاتە پاشکۆیەک لە رێککەوتنامە بەناو "ستراتیژیە" کەی نێوانیان و رۆڵی یەکێتییش لە بەغدا زۆر لاواز دەکات.
پارتی وەک حیزبێکی کلاسیکی موحافیزکاری نەتەوەیی کە بەرژەوەندیەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتدار کرۆکی سەرجەم ژیان و کاری ئەو حیزبەیان پێکهێناوە ئەستەمە بتوانێت بهتهنیا بەو چەمک و رێچکانەی ئیرسی کردون بزافی کوردایەتی لەم سەردەمەی کرانەوەی دنیا و گەشەکردنی دیموکراسیەت و بەها بەرزەکانی مافی مرۆڤ بەرەو کەناری ئارام ببات. کاردانەوە توند و هەڕەشە ئامێزەکانی پارتی لە ئاکامی پرۆتیستی جەماوەری دژ بە تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و هەروەها دژ بە قاچاغبردنی نەوتی کوردستان دو نمونەی زیندون.
نکۆڵی ناکرێت کە بەشێک لە دەسەڵاتدارنی لوتکەی پارتی وەک "هێزێکی نەرم" لەم سەردەمەدا خۆیان نمایش دەکەن و بە پێڕەوکردنی ئەو چەمکە رەفتار لەگەڵ گۆڕان و گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگەی کوردی سەردەم دەکەن. مەخابن ئەو کەمینەیەی ناو دەسەڵاتدارانی پارتی لەبەرامبەر "سەوابتەکانی" ئەو حیزبەدا تا ئهم ساته بێدەسەڵاتە و بۆیە چاوەڕوانی زۆریان لێناکرێت.
لەبەرامبەردا یەکێتی هێزی هەڵساندنەوەی دوای نسکۆی 1975ە و خاوەنی قوتابخانەیەکی نوێ بوە لە ژیانی سیاسی بزافی کوردایەتی، کە بە فرەمنبەری و کراوەیی و سۆشیال دیموکرات ناسراوە و سکرتێری گشتیەکەی سەرۆک کۆماری عێراقە و سیاسەتمەدارێکی ناسراوە و پێگەیەگی سیاسی لە ناوچەکەدا بەدەستهێناوە، بۆیە شکستی یەکێتی لەبەرامبەر بەهێزبونی پارتیدا پارادۆکسێکی سیاسیە و بێ هەنگاوی جدی و عەقلانیەتی دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئاکامەکان لەپلەی یەکەمدا بەزیانێکی گەورە بۆ یەکێتی دەکەونەوە.
نزاکانی خەونێک
بهلایهنی کهمهوه بهشێک له دهسهڵاتدارانی یهکێتی مهراقیانه بۆ راستکردنهوهی ههڵهکانیان و ئهو هاوکێشه تازهیه له گۆڕان نزیکببنهوه. بۆئهوهی ئهم کرانهوه و نزیکبونهوهیه مهودایهکی ستراتیژی نهتهوهیی دایرێژێت و لهسهر حسابی هیچ لایهنێکی تر نهبێت پێویسته یهکێتی و لایەنەکانی تر و بەتایبەت لەگەڵ گۆڕان دا دەتوانن لەرێگەی ئیتلافی کوردستانی و ئەو بەرنامەیەی بۆیان دارشتوە کارامەتر و کاریگەناتر رۆڵی کورد لە پێکهێنانی حکومەتی بەغدا و بەرنامەی کار و بەشداریکردن بە ئاراستەکانی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیدا بەرن.
لەسەر ئاستی کوردستانیش مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هاوکێشە تازەیە لەم سەردەمەدا کە بۆ راستکردنەوەی رێگە بەشەڕ و تفەنگ نادرێت پێویستی سەرەکی بە دارشتنەوەی نەخشەی سیاسیە لە کوردستان بەشێوازێکی مۆدێرن و گونجاو. دارشتنەوەیەک کە ململانێی سیاسی هەمەلایەنە کرۆکەکەی دروستبکات نەک دژایەتیکردن و گەمارۆدان و ترس وتۆقاندن. دەشێت لەسەرەتای ئەو نەخشە سیاسیەدا بیری جدی بکرێتەوە لە:
1- سازدانی پرۆتۆکۆڵێکی سیاسی هەمەلایەنە کە سەرجەم لایەنەکان بەڵینبدەن بەپێرەوکردنی بنەماکانی ململانێی سیاسی دیموکراسی و رێزگرتنی یەکتر و دەستتێوەرنەدان لەکاروباری رێکخراوەیی یەکتر و ئاساییکردنەوەی سەرجەم پەیوەندیەکانی نێوانیان.
2- سازدانی بەڵێننامەی چاکسازی لە سەرجەم بوارەکانی حوکمڕانی و سیاسی.
3- پێرەوکردنی تەواوی رێزگرتن لە ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری و مافی خۆپێشاندان و شێوازەکانی دەربڕینی ناڕەزایی مەدەنی یاسایی.
4- سازدانی بەڵیننامەی بەکارنەهێنانی هێزی چەکدار و دەزگا تایبەتیە حیزبی و حکومیەکان لە مملانێی و ناکۆکیەکانی نێو هێزەکاندا.
5- قەدەر وایکردوە زەمینەیەکی گەورەی گۆڕان و یەکێتی لە روبەرێکی بچوکی سلێمانیدا کۆبۆتەوە و گوزەران دەکات. ئەزمونە تفت و تاڵەکانی ساڵی رابوردو لەو دەڤەرە ناچاری ئەو دولایەنە دەکات کە بۆ رێگرتن لە دوبارهبونەوەیان و ئاساییکردنەوەی کەش و فەزای ئەو ناوچەیە کە بەردەوام کۆبونەوەی هاوبەش ئەنجامبدەن و میکانیزمی چارەی کێشەکان بەرێگەی یاساوە ئاراستەبکەن.
لەئاستی پەرلەمانی کوردستان و حوکمڕانیدا:
گەشەپێدانی ژیانی دیموکراسی لە کوردستان و چەسپاندنی کۆڵەکە سەرەکیەکانی پێویستی بە خۆراک و هەوای دیموکراسیە. یەکێک لەو کۆڵەکە سەرەکیانە کاراکردنی پەرلەمانی کوردستانە و رزگارکردنیەتی لە هەیمەنەی حیزبی و ئاراستەکردنی تا ببێتە دەزگایەک نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات. ئەرکی سەرەکی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەکەوێتە ئەستۆی دو حیزبی دەسەڵاتی حوکمڕانی. رێگەدان بە فراکسیۆنەکانیان کە پێرەوی دوالیزمی پەرلەمانی بکەن باشترین میکانیزمە. بەواتایەکی تر فراکسیۆنی دو هێزی دەسەڵاتدار و تەنانەت ئەندامەکانیشی سەربەست بن لە شێوەی دەنگدان و بەهۆی بەشداری حیزبەکەیان لە حکومەتدا بەردەوام پەنجەی "بەڵێ" بەرزنەکەنەوە بۆ سەروی خۆیان. ئەم پرەنسیپە لەگەڵ کاراکردنی رۆڵی حوکمرانی هێزەکانی ئۆپزسیۆنیش زیاتر هاندەدات تەواوکەری حوکمڕانی بن لەو بەرنامە و پرۆژانەی زۆرینە پەسندی دەکات.
رەنگە ئەم بۆچون و پێشنیازانەی من جۆرێک لە نزاکانی خەونێکی جوان بن. وەلێ باوەڕی توندم هەیە کە هەر گۆڕانکاریەک بەبیرکردنەوە و یەکەم هەنگاونان دەستپێدەکات، بۆیە منیش تەواوکەرێکی هەمو ئەو هاونەتەوانەم دەبم کە ماوەیەکە ئەم بابەتانەیان و روژاندوە و تەنها ئومێدیشم ئەوەیە بەیەکەوە ئەم قەیرانە بەرێبکەین.