له تازه‌ترین لێدواندا، به‌ڕێز وه‌زیری ته‌ندروستی به سایتی سبه‌ی ئه‌ڵێت "زۆربه‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان توشی نه‌خۆشی ده‌رونی بون". پێمان وایه ئه‌م لێدوانه بۆ خۆی شایانی هه‌ڵوه‌سته و تێڕامان و شیکردنه‌وه‌یه. ئه‌مه یه‌که‌م جار نیه که به‌ڕێز وه‌زیری ته‌ندروستی به‌م شێوه‌یه له‌سه‌ر کیشه ته‌ندروستیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان قسه ئه‌کات؛ بۆ نمونه جه‌نابیان له چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامه‌دا ئه‌ڵێت: "سیسته‌می ته‌ندروستی هی سه‌رده‌می عوسمانیه" له کاتێکدا ئه‌سته‌مه بتوانێن بڵێین له کاتی عوسمانیه‌کاندا شتێک هه‌بوبێت به ناوی سیسته‌می ته‌ندروستیه‌وه و له چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا ئه‌ڵێت: "سیسته‌می ته‌ندروستی به به‌راورد له گه‌ڵ عێراقدا زۆر باشه و به به‌راورد به ئه‌مریکا زۆر خراپه" به‌بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت باشی و خراپیه‌کانی سیسته‌مه‌کی ئێمه چین و چۆن له هه‌مان کاتدا زۆر باش و زۆریش خراپه و له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ ئه‌ڵێت: "60% رازیم له ئه‌دای کاره‌کانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی"، بێ ئه‌وه‌ی هیچ بنه‌مایه‌کی زانستی بۆ ئه‌و قسه و لێدوانانه‌ی هه‌بێت. بۆ نمونه سه‌باره‌ت به لێدوانی دوایی پێمان ناڵێت ئه‌م ژماره‌یه‌ی 60% له کوێ هێناوه‌و له 60%ی کوێی وه‌زاره‌ته‌که رازیه؟ ئایا ئه‌و 40%ی که ناڕازیه له سیسته‌مه‌که بۆ ته‌واونه‌کردنی چوارسه‌د قه‌ڕوێڵه‌یه‌کی شاره حه‌یاته‌که‌ی خۆی ئه‌گه‌رێته‌وه؟.
ره‌نگه هه‌تاوه‌کو ئێستا قسه‌کانی جه‌نابی وه‌زیر مایه‌ی قه‌بوڵ و ته‌حه‌مول بن، به‌ڵام که کار ئه‌گاته ئه‌وه‌ی بڵێت: "زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان توشی نه‌خۆشی ده‌رونی هاتون" ئه‌وا به‌ڕاستی هیچ بوارێک بۆ بێده‌نگ بون و هه‌ڵوه‌سته نه‌کردن ناهێڵێته‌وه. ئه‌کرێت جه‌نابی وه‌زێر پێمان بڵێت پشتی به چی داتایه‌ک به‌ستوه له‌م لێدوانه ئاگرینیهی جه‌نابیاندا. تۆ بڵێی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئیتر بڕیاری دابێت پشت به داتا و ژماره ببه‌ستێت و توێژینه‌وه‌ی ئه‌نجامدابێت و ئێمه پێمان نه‌زانیبێت؟ ئه‌گه‌ر وایه بۆچی جه‌نابی وه‌زیر پێمان ناڵێت ئه‌و "زۆربهیهی" ئه‌و به‌کاریهێناوه، یه‌کسانه به چی ژماره‌یه‌کی رێژه‌یه‌ی؟ ئایا له‌وه ئاگاداره که "زۆربه" ئه‌کرێت له 80% ه‌وه تا 99%ی خه‌ڵک بگرێته‌وه؟ له به‌شی دوه‌می رسته‌که‌دا به‌ڕێزیان ده‌سته‌واژه‌ی "نه‌خۆشی ده‌رونی" به‌کارهێناوه که پێم وانیه جه‌نابی وه‌زیر له‌وه بێ‌ئاگا بێت که چه‌ندان کێشه و ته‌نگه‌ژه و نه‌خۆشی ده‌رونی هه‌ن و ناکرێت هه‌مو ئه‌و حاڵه‌تانه له ده‌سته‌واژه‌یه‌کی ره‌های وه‌کو "نه‌خۆشی" کورتکه‌ینه‌وه، که هیچ مانا و پێناسه‌یه‌کی دیاریکراوی زانستی نابه‌خشێت. ره‌نگه جه‌نابیان، که نه‌شته‌رگه‌رێکی گه‌وره‌ی کوردستانه، یادی چوبێت، که به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی نه‌خۆشی بۆ هه‌ر حاڵه‌تێک یا کێشه‌یه‌ک یا ته‌نگه‌ژه‌یه‌ک که ره‌نگه نه‌خۆشی نه‌بن بۆ خۆی له‌که‌دارکردن و جیاکاریه دژی که‌سه‌که. به چی مه‌به‌ستێک یا نامهبهستێک، وه‌زیری ته‌ندروستی ئاوه‌ها بێدودڵی و بێ یهکودو زۆربه‌ی خه‌ڵک به نه‌خۆش ئه‌زانێت و پێشمان ناڵیت ئه‌و نه‌خۆشیانه چین که خه‌ڵک توشی بون.
ئه‌گه‌ر تۆزێک زانستیانه له‌م بواره‌دا قسه بکه‌ین ئه‌بێت په‌نا ببه‌ین بۆ (راپرسی ده‌روندروستی عێراق) که رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی له سالێ 2006/2007 ده‌ریکردوه. ئه‌م راپرسیه ته‌نها دۆکۆمێنتی زانستیه ده‌رباره‌ی رێژه‌ی توشبوانی نه‌خۆشی و کێشه و ته‌نگه‌ژه ده‌رونیه‌کان له عێراق و کوردستاندا. ئه‌وه‌ی گرنگه ده‌رباره‌ی ئه‌م راپۆرته بوترێت ئه‌وه‌یه که راپرسیه‌که له نێوان 9,345 خێزانی عێراقیدا ئه‌نجامدراوه که ته‌نها 16% خێزانه‌کان نێشته‌جێی هه‌رێمی کوردستانن. راپرسیه‌که ده‌ریخستوه که‌وا له‌ماوه‌ی ساڵێکدا رێژه‌ی ئه‌وه خه‌ڵکه‌ی که توشی هه‌ر کێشه‌یه‌کی تایبه‌ت به هه‌ستوسۆز بون (بۆ نمونه خه‌مۆکی) له کوردستاندا ته‌نها 4.51%ه، واته بۆ هه‌ر سه‌د که‌سێک ته‌نها چوار که‌س و نیو توشی ئه‌و جۆره کێشانه بون. له وه‌زیری به‌ڕێز ئه‌پرسین ئایا ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان "توشی نه‌خۆشی ده‌رونی بون"؟. هه‌ر له‌و راپرسیه‌دا هاتوه که بۆ هه‌ر کێشه‌یه‌ک یا نه‌خۆشیه‌ک یا ته‌نگه‌ژه‌یه‌کی ده‌رونی تایبه‌ت به دڵه‌راوکێ (که کۆمه‌ڵێک کێشه و ته‌نگه‌ژه و نه‌خۆشی زۆر ئه‌گرێته‌وه و لێره‌دا بۆ نمونه فشاری ده‌رونی باش زه‌بر وه‌رئه‌گرین) ته‌نها 12.24%ی خه‌ڵکی کوردستان له هه‌رکاتێکی ماوه‌ی ساڵێکدا توشی ئه‌م جۆره نه‌خۆشیانه بون. ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ بکه‌ین ئه‌وه‌یه که له راپرسیه‌که‌دا وشه‌ی نه‌خۆشی (Disease) بۆ پێناسه‌ی هیچکام له‌و کێشه و ته‌نگه‌ژانه به‌کارنه‌هاتوه، به‌ڵکو وشه‌ی (Disorder) واته ته‌نگه‌ژه به‌کارهاتوه. وه‌کو له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان پێدا، ژماره‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی که له کوردستاندا نێشته‌جێن و به‌شداریان له راپرسیه‌که‌دا کردوه زۆر که‌من و پێویسته ژماره‌یه‌کی زیاتری خه‌ڵکی کوردستان له‌م جۆره راپرسیانه‌دا به‌شداربن بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌کان راستر و رونتربن له ده‌رخستنی رێژه‌کان.
دیاره خستنه به‌رچاوی ئه‌و ژمارانه به هیچ جۆرێک مانای ئه‌وه نیه که ئه‌و خه‌ڵکه "که‌مه‌ی" که توشی نه‌خۆشی و کێشه و ته‌نگه‌ژه ده‌رونیه‌کان بون، پێویستیان به یارمه‌تی و چاره‌سه‌ر و سه‌ردانی پزیشک و یاسای تایبه‌ت نیه بۆ ئه‌و بواره، به‌ڵام هه‌وڵدان بۆ ئه‌مانه‌ی دوایی به هیچ شێویه‌ک پاساو نین بۆ قه‌به‌کردنی ژماره‌کان و ترساندنی خه‌ڵك به‌و لێدوانانه‌ی جه‌نابی وه‌زیر. هه‌روه‌ها به ته‌نها له به‌رئه‌وه‌ی کوردستان به کۆمه‌ڵێک کاره‌سات و زه‌بر تێپه‌ڕیه‌وه، مانای ئه‌وه نیه که ئێمه بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ژماره و توێژینه‌وه‌کان له خۆڕا ره‌قه‌م لێبده‌ین بڵێین له به‌ر ئه‌وه‌ی له کوردستاندا ئه‌نفال هه‌بوه، ئه‌وا حه‌تمه‌ن زۆربه‌ی خه‌ڵكی کوردستان له روی ده‌رونیه‌وه نه‌خۆشن. نه‌بونی ژماره و داتا و توێژینه‌وه له کوردستاندا، ناکرێت پاڵنه‌رێک بێت بۆ به گۆتره قسه‌کردن و به‌کارهێنانی ژماره‌کان و رێژه‌کان به شێویه‌کی نازانستی. ئه‌مه هه‌م خه‌ڵك ئه‌ترسێنێت و هه‌میش هۆکارێکه بۆ جیاکاری دژی خه‌ڵك به‌وه‌ی تۆ ناویان لێبنێت نه‌خۆش به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پاڵپشتێکی زانستیت هه‌بێت بۆ ئه‌و جۆره ده‌ستنیشانه.
سه‌رچاوه:
1. سایتی سبه‌ی؛ http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=29321&cat=1 و http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=25803&cat=1
2. کوردستانی نوێ؛ http://knwe.org/Direje.aspx?Cor=4&Besh=Witar&Jimare=3429
3. Iraq Mental Health Survey. WHO. Available at; www.emro.who.int/iraq/pdf/imhs_report_en.pdf
*ماسته‌ری سیاسه‌تی ته‌ندروستی
Goran A. Sabir MD MPH
Suliamania Iraq,
+9647703565767