ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له دانیشتنی ئاسایی 30/11/2010 بڕیاری ژماره (425) ساڵی 2010 ده‌رکرد. به‌م بڕیاره ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر پرۆژه یاسای موازه‌نه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2011. حکومه‌ت ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی ناردوه بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق بۆ لێدوان و ده‌نگدان له‌سه‌ری.
بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2011 بریتیه له (78705237500) حه‌فتاو هه‌شت هه‌زار و حه‌وت سه‌د و پێنج ملیار و دوسه‌د و سی و حه‌وت ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار.
له بڕگه‌ی ا ئهلف له ماده‌ی 1 یه‌کدا هاتوه: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پابه‌ند ده‌کرێت به پێدانی هه‌مو داهاتی نه‌وتی هه‌رێم (داهاتی 150 سه‌دوپه‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وت) به سندوقی بونیاتنانه‌وه‌ی عێراق دوای بڕینی 5% بۆ قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌ی شه‌ڕی کوێت، یان هه‌ر رێژه‌یه‌کی تر که ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دیاری ده‌کات و ده‌درێت به نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان. کاتێ حکومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بو به پێدانی ئه‌و داهاته، ده‌تواندرێت ئه‌و بڕه پاره‌یه له به‌شی هه‌رێم ببڕدرێت له‌و 17% بۆ کوردستان دیاری کراوه.
له بڕگه‌ی ب له ماده‌ی 14، هاتوه "کۆتاییهێنان به موسته‌حه‌قاتی (یتم تسویه المستحقات) نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی ئیتحادی له (2004 تا 2010 ) و ساڵانی داهاتو، دوای وردبینیکردنی له‌لایه‌ن دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادییه‌وه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری هه‌رێمی کوردستان.
مه‌به‌ست له جێبه‌جێکردنی بڕگه‌ی ئهلف له ماده‌ی 1 نیازی بڕیاردانی پێشوه‌خته له سزادانی به کۆمه‌ڵی دانیشوانی هه‌رێمی کوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی له لایه‌ک حکومه‌تی ئیتحادی له سه‌نگه‌ردایه له حکومه‌تی هه‌رێم و له بیانویه‌ک ده‌گه‌ڕێ. له لایه‌کی تره‌وه ناشه‌فافانه کاردنی حکومه‌تی هه‌رێم له ناوه‌وه‌ی هه‌رێم و له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌پێی بۆچونی به‌غدا، مانه‌وه‌ی کێشه‌کانی پێشمه‌رگه، ماده‌ی 140، گرێبه‌ستی گاز و نه‌وت... تاد له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌بێ چاره‌سه‌ر.
بڕگه‌ی (ب) له ماده‌ی 140 نیشانه‌ی بونی کێشه‌یه‌کی مالی که‌ڵه‌که‌بوه له پاڵ کێشه سیاسییه‌کانی تر له نێوان هه‌رێم و به‌غدا، چونکه له ماوه‌ی ئه‌و 7 ساڵه‌دا نه له هه‌ولێر و نه له به‌غدا شه‌فافیه‌ت نییه له بڕی گشتی داهات و چۆنیه‌تی سه‌رفکردنی.
ئه‌و هه‌مو کێشه‌و که‌موکوڕیانه زه‌مینه خۆشکه‌رن له دروستبونی به‌دگومانی زیاتر له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، رێگهخۆشکهریشن بۆ به ده‌سته‌وه‌دانی بیانوی جیاجیا.
راسته پرۆژه‌ی موازه‌نه‌ی 2011 له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق خوێندنه‌وه‌ی بۆ نه‌کراوه، له ده‌نگداندا نازاندرێت متمانه‌ی پێ ده‌به‌خشرێت یان نا. له‌و ده‌نگدانه‌ش بێگومان 57 ده‌نگ کاریگه‌ری نابێت له پێدانی یان نه‌دانی متمانه به‌و پرۆژه‌یه، به‌ڵام تێپه‌ڕبونی ئه‌و پرۆژه‌یه به‌سه‌ر جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و هه‌مو وه‌زیره کورده‌کان جێی ئه‌وه‌یه هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکرێ، چونکه ئیمزاکردنی ئه‌و به‌ڕێزانه له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه نیشانه‌ی بێباکی، بێخه‌می، که‌مته‌رخه‌می و ناشهرهزاییانه. ئه‌م جۆره بێباکییه له لایه‌ن به‌رپرسانی کورده‌وه له به‌غدا له ماوه‌ی 7 ساڵی رابردودا چه‌نده‌مین جاره روده‌دات و که‌سیش نییه به دواداچون و لێپرسینه‌وه بکات. جێی ئه‌ویه بپرسین؟ ئه‌رکێ کێیه ئه‌و لێپرسینه‌وه‌یه: حیزب، سه‌رۆکی هه‌رێم، حکومه‌ت یان په‌رله‌مان؟ یان کێ...؟.