لە کهلتوری سیاسی ناوچەکە دەستەواژەی سیاسەتی واقیعی بۆ مەبەستێکی جیاواز لە ناوەڕۆکەکەی بەکاردەهێنرێت، خودی دەستەواژەکە راستەوخۆ بیرۆکەی خێروبەرەکەت لەو شێوازەی سیاسەتکردن لای خەڵک دەوروژێنێت. راگەیاندنی دەسەڵات ریکلام بۆ دوربینی و واقیعبینی سەرکردە و دەسەڵاتداران دەکات و ئاکامە کاتیەکانیشی بە دەسکەوتی لێهاتوی و وریاییان وەسفدەکات.
کورتەیەکی سیاسەتی واقیعی و نەیارەکانی
ئەم چەمکە سیاسیە لەدنیادا بە (Realistic Politics) ناسراوە و لە ئەمهریکا نزیکە لە دەستەواژەی (Power Politics). کرۆکی ئەم شێوازەی سیاسەتکردن لەلایەن بارودۆخ و هێز وبەرژەوەندیەکانەوە دیاری دەکرێن نەک پرەنسیپەوە، لەشێوە بێتام و قێزەونەکەشیدا شوێنێک بۆ ئێتیک و مۆراڵ نامێنێتەوە. ئەم چەمکەی سیاسەت لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە ئەڵمانیا لەلایەن سەرکردەی ناودار و یەکەم موستەشاری ئەڵمانیا(Otto von Bismarck (1815-1898وە پێڕەوکراوە. بیسمارک خاوەنی ئەو قسە بەناوبانگەیە کە وتویەتی: "پرسیارە گەورەکانی ئەم سەردەمە بە خیتابدان و بڕیاری زۆرینە یەکلایی نابنەوە، بەڵکو بە ئاسن و خوێن". بیسمارک ئەم سیاسەتەی پێرەوکرد بۆ بە دەستهێنانی باڵادەستی و زاڵبونی بروسیەکان.
پاش دوەم شەڕی جیهان ئەم قوتابخانەیە وەک رەددانەوەیەک بۆ قوتابخانەی میسالی زیندوکرایەوە. لایەنگرانی میسالی لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا باوەڕیان بە رۆڵی رێکخراوەکان و شەرعیەتی نێودەوڵەتی هەبو.
گەورە روناکبیری ئەمهریکی، بەرەچەڵەک جولەکەیەکی ئەڵمانیا، هانز مۆرگانسو (1904-1980) Hans Joachim Morgenthau، بەگەوەرترین مامۆستای چەمکی سیاسەتی واقیعی لە پێوەندیە نێو دەوڵەتیەکان ناسراوه، چەند بنەمایەکی بۆ داڕشتوە، لەوانە:
سیاسەت بەپێچەوانەی قوتابخانەی میسالیەوە ئەخڵاق دیاری ناکات، تیۆری سیاسی دەرئەنجامی پراکتیزەکردنی سیاسەتە (واتە تیۆریە سیاسیەکان پێگەی سیاسەت تۆکمە وبەهێز ناکەن، بەڵکو کرداری سیاسی بەو کارە هەڵدەسێت)، دەوڵەت و سیاسەتمەداران بۆیان نیە بە چەمکی ئەخلاق رێگری لە کارێکی سیاسی سەرکەتو بکەن و کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی لەم جۆرە لە سیاسەتکردن هێزە.
مۆرگانسو لە کتێبە بەناوبانگەکەی "سیاسەت لەنێو نەتەوەکاندا" بنەماکانی شێکردۆتەوە و بە بۆچونی ئەو:
سیاسەت وەک کۆمەڵگا یاساکان بەڕێوەیدەبەن و بەرژەوەندیەکان ئامرازێکی سیاسین بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی واقیعبینانە. لایەنگرانی ئەم چەمکە باوەڕیان هەیە کە ململانێ و ناکۆکی بۆ هێز و دەسەڵات کارێکی ئاساییە.
لەکۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابوردو لەگەڵ کاڵبونەوەی شەڕی سارد و سەرهەڵدانی جەمسەرگەری تاکڕەوانەی کاپیتاڵیزمی خۆرئاوا و بەجیهانگیری لەدنیادا دەنگی قوتابخانەی نوێی واقیعیەت بەرزبوەوە. ئەم دەنگە داوای دانپێنان بە واقیعی سیاسیدا دەکات و سیاسەت بەلایانەوە هونەری ئەگەرەکانە، بەم تێزەش مەبەستیانە تێکچونی پارسەنگی هێزەکان وەک واقیعێک بە سودی خۆیان بشکێتەوە و چەمانەوەشیان بۆ شەپۆلێک لە روبەروبونەوەی پێباشترە. لایەنگرانی چەمکی واقعیەت دۆخی واقیع قبوڵدەکەن و بە نەرمی مامەلەی لەگەڵدا دەکەن بەپێی ئەو توانایانەی بۆیان رەخساوە و بەم شێوازە دەسکەوت و مەرامی کاتیش بەدەستدەهێنن. بەپێچەوانەوە تێزێکی تر لایوایە سیاسەت هونەری گۆڕینە و ناکرێت بزافی میللەتەکان بکرێتە ئەسیری واقیع، بە دیدی ئەم تێزە هێز نەگۆڕ نیە و ناتوانێت بەردەوام پارێزگاری لە خۆی بکات، بەتایبەت ئەگەر هێزێکی ستەمکار بێت، بۆیە بەدرێژایی مێژو میللەتان ملکەچی واقیع نەبون و خۆیان لێی رزگارکردوە. بە بۆچونی ئەم قوتابخانەیە بەرەنگاربونەوە رودەدات و کۆتایی نایەت تا ئاکامە لۆجیکەکانی ململانێکان نەیەنەدی.
نەیارەکانی واقعیەت رەخنە و تێبنی گرنگیان هەیە، لەوانە: ئەم قوتابخانەیە بایەخی زۆر بەهێز و ئاسایش دەدات و لێکدانەوەیان بۆ هێز یەکلایانهیە و پێناسەی هێزیش بە تەم و لێڵی ماوەتەوە، سیاسەتمەدارانی ئەم قوتابخانەیە بەهەمان تێگەیشتن و پێوەرەکان سیاسەتی ناوخۆی وڵاتیش دادەرێژن و بەڕێوەی دەبەن.
یەکێک لە وێستگەکانی سیاسەتی واقیعی میکافیلیزمە، واتە مەبەستەکان پاساو بۆ ئامرازەکانی بەدەستهێنانیان دەهێننەوە، خەسڵەتێکی تری هەڵسوڕاوانی ئەم سیاسەتە ویستی توندیانە بۆ مانەوە ومانەوەش بەهێز دابیندەکرێت و بڕوایان هەیە تەنها ئەوانەی بەهێزن لەو پرۆسەیەدا سەرکەوتو دەین.
سیاسهتی واقیعی پێش راپەڕین
بابزانین دەسەڵاتدارانی کوردستان لە پێوەندیە ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا چۆن سیاسەتی واقیعیان بەرێوەبردوە و بۆ وایان کردوە و ئاکامەکانی چۆن دەبن.
ناڕەوا و غەدر دەبو ئەگەر لە سەردەمەکانی پێش راپەرین داوا لە سەرکردەکانی کورد بکرایە حسابی ورد بۆ دۆخەکانی دۆزی کوردایەتی و شۆڕشەکان و هێزەکانی پەیوەندیدار نەکەن و تەنها بەنەفەسی یاخیبون گوزەریان بکردایە. رەوایەتی شۆڕشەکان و خەباتی کورد و کاریگەری نەرینی جیۆپۆلیتیک ئهو راستیە تاڵه ناسڕنەوە کە سەرکردەکانی کورد لە لاوازی و بێدەسەڵاتیاندا و پێویستیان بە وڵات و هێزەکانی تر لە ناوچەکە پێکهاتەی عەقڵیەتی سیاسیان بەشێوازێک دارێژراوە و گڕوگاڵ و گەشونمای کردوە، کە بەردەوام شۆڕش و خەبات و ئایندەشیان بەشێوازێکی توند بە بارودۆخی ناوچەکە و ئەجندای سیاسیەوە ببەستنەوە. لە ئاکامدا نەیانتوانیوە خاوەنی تەواوی ماڵی خۆیان بن، لەهەمان کاتیشدا چەندین بەها و توانا و بەرژەوەندی کوردایەتیشیان کردۆتە قوربانی وەک نرخێکی لۆجیکی ئەو گرێدانە توندە بە جیهانێکی سیاسی دژوار و داگیرکەر و دوژمن. دەسەڵاتدارەکان لە زۆربەی کاتەکانی قەیرانە سەخت و دژوارەکاندا دەرەقەتی دۆخەکە نەهاتون کە خۆیان بەشداریان لە زەمینەخۆشکردنی کردوە و ئاکامەکانیشی بە کارەسات بۆ میللەت شکاونەتەوە. نمونەکانی کاریگەری ساڤاکی شای ئێران و موخابەراتی عێراق و توندڕەوەکانی بزوتنەوەی نەتەوەیی عەرەب لە سەرهەڵدان و خۆشکردنی ئاگری جەلالی و مەلایی، دواتر تەسلیمکردنی ئیرادەی شۆڕشی ئەیلول بە ئێران و ئەمهریکا و بەرژەوەندیە ناوچەییەکان کە نسکۆی 1975 لێکەوتەوە. دواتر لە خەباتی چەکداری دوای نسکۆ و تهنانهت دوای راپهڕینیش کاریگەری باڵای عەرەب و عەجەم و تورک و جارجاریش قەدەر لەسەر رەوشەکان و شەڕ و مەرافەکانی ناوخۆی بزافەکە لە باشور و کوردستانی گەورە، دەیسەلمێنن کە خۆبەستنەوەی توندی سەرانی کورد بە گەمەی دۆخ و هێز و بەلادانی پرەنسیپ و بەهاکانی کوردایەتی ماڵوێرانیەکی زۆری بۆ میللەت و شەرمەزاریەکی مێژوییشی بۆ سەرانی کورد بەرهەمهێناوە. سەرەڕای ئەوەی سهرکردهکانی کورد لە زۆربەی کاتەکانی ئەو سەردەمانەدا دروشمی نەتەوەییان هەڵگرتوە، بەڵام نهیانتوانیوه خاوەنی پەیامێکی نەتەوەیی بن. ئەم راستیە کە بەدرێژایی ئەو مێژوە شۆربۆتەوە هێزەکانی ناچارکردوە بۆ مانەوە و بەهێزبونیان و دژ بە هێزە کوردەکانی تر بە چاویلکەیەکی لێڵ و تهماوی لەگەڵ واقیعدا مامەڵەبکهن بۆ بەدەستهێنانی سودی کاتی لەم و لەو. ئەم جۆرە سیاسەتکردنە نە حیکمەتی پێویست بوە و نە ژیری، چونکە لەو ناوچەیەی ئێمەی پڕ لە رق و کینە و ناکۆکی و ململانێ و شەڕ زۆر ئاسان بوە یەکێک بخرێتەگەر کە بیەوێت لەخزمەتی لایەنێکدا بێت دژ بە لایەنێکی تر. نمونەکانی لەم چەشنە ئەوەندە زۆرن کە تاکی کوردی هوشیار لەم سەردەمەدا دەبێت بەشەرمێکی زۆرەوە ئاوڕێکیان لێبداتەوە. بەشێوەیەکی گشتی لە پێش راپەرین تەسلیمبون بە بارودۆخ و رەچاوکردنی بێمانای بەرژەوەندی هێزەکانی تر و لەدەستدانی توانا و یەکڕیزی خۆماڵی لە خەسڵەتەکانی سیاسەتی "واقیعی" ئەو سەردەمانەی سەرکردەکانی کورد بون. لە ئاکامیشدا بزافەکە بۆتە پاشکۆی روداوەکان و ئەجندای لایەنەکانی تر.
واقیعبینینی دو سەرکردەی دەسەڵاتدار لەدوای راپەڕینەوە
لە راپەڕین و دواتریش گرێدانەوە بە سیاسەتی واقیعی بەزەبری روداوەکان بۆتە سوننەتی ژیانی سیاسی سەرکردەکانی کورد وتا ئەم ساتەش چەپۆکی ئەو سیاسەتکردنە بەتوندی گەردونی گرتون.
دو سەرکردەی دەسەڵاتداری کورد لە عێراقی دوای سەدامدا بۆ خۆشکردنی پێگەی قایمی خۆیان بەپێڕەوکردنی تێزی سیاسەت هونەری ئەگەرەکانە ئەو هێز ولایەنانەی کە کلیلەکانی عێراق و کوردیان بەدەستەوەیە رازیکردوە و کەم تا زۆر لە بەرنامەی سیاسیشیان دەرنەچون و هزری نهتهوهییان له کوردستان و عێراق بەو ئاڕاستانەدا بردوە، کە ئەو لایەن و هێزانە پێی قایڵبون. پێشتریش، کە سەدام دوای زریانی بیابان لە دەسەڵاتدا مایەوە، بەهەمان وەتیرە خۆیان لەشەپۆلەکەی لاداوە و چەندین بەهای رەهای کوردایەتیان لە وەلیمەی سیاسیدا پێبەخشیوە. وێرای ئەوەی هۆکارەکانی هەر یەک لەو دو سەرکردەیە بۆ ئەم سیاسەت و رەفتارکردنە جیاوازن، وەلێ لە دوای روخاندنی سەدام لەیەک خاڵدا یەکیان گرتۆتەوە، ئەویش دابەشکردنی ئەو بەرژەوەندی و دەستکەوتانەیە کە بەروبومی ئەو سیاسەتەن.
لای ئەم دو سەرکردەیە واقیعبینین لەسیاسەتدا مانای بەکارهێنانی هەمو هەڵ و مەرجێکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان و بنەماڵە و دەوربەریان. هێز لایان بەچەمکی موتڵەقیەت داڕژاوە و پێناسەشیان بۆ هێز وەلائی بێ یەک و دوە بۆیان و ئامانجیشیان لەهێز پاراستنی پێگە و بەرژەوەندیەکانیانە. ئهزمونهکانی شهڕی ناوخۆ، کارهساتی 31 ئاب وههڕهشهی بهکارهێنانی هێز دژ به گۆڕان ئهو راستیانه دهسهلمێنن. ئەم دو سەرکردەیە لەو هاوکێشە سیاسیەی لەسەری رێککەوتون هەوڵێکی زۆریان داوە واقیعبینینی خۆیان بە بەرگێکی نەتەوەیی نمایش بکەن و بێگومانیش دەستیان بەچەند چەمکێکی هزری نەتەوەییە گرتوە بەوپێیەی کە دۆخ و هێزەکانی تر رێگەیان پێدەدەن. حەنین و پەرۆشیان بۆ دڵ و قودسی کوردستان پاش نزیکەی 8 ساڵ لەچەند بڕگەیەکی یاسایی مەتاتیدا ئاراشتەکراون و سیاسەتی واقیعی رێگەنادات لەو نمایشکردنە پڕ هەراوهەڵڵایە تێپەرێت.
بێگومان لە ئاکامی لاسەنگی پارسەنگی هێز لە نێوان کورد ولایەنەکانی تردا و بەپێڕەوکردنی سیاسەتێکی لەو جۆرە خوشت بوێت یا تاڵ دەبێت سازش لەمەڕ ئەو مەسەلانە بکرێت کە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان گرنگن. سازش بەمانای نەگۆڕینی چهند دۆخێک تا هیچ لایەنێک زەرەرمەند نەبێت. دەرئەنجام دەسەڵاتی کوردی شکستی هێناوە لە چەسپاندنی چارەیەک سەرجەم مەسەلە گرنگەکانی بزافی نەتەوەیی کورد لە باشور بگرێتەوە، بەو هۆیەشەوە هزری نەتەوەیی پارچەپارچە کراوە و هەر پارچەیەک تێهەڵکێشی هاوکێشەی سیاسەتی واقیعی کراوە و ئەجندای تایبەتی بۆ سازدراوە. ئەم سیاسەتە بەزەقی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی تری کوردستان جێبەجێکراوە. لەهەمان کاتیشدا چەند مەسەلەیەکی تر کە پابەندن بە بەرژەوەندی و پێگەی لایەنەکانەوە بەهەمان شێواز رەفتاریان لەگەڵدا کراوە، وەکو هەموارکردنی یاسای هەڵبژارن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای گاز و نەوت، ئایندەی هێزی پێشمەرگە، مادەی 140ی دەستور، تەعریبکردنەوە، شۆڕشی باکور و کێشەی پەکەکە له باشور. دەستوەردان لەم مەسەلە هەستیارانە دەماری دەسەڵاتی کوردی گرژ دەکات، نەک لەبەرئەوەی ئەو دەسەڵاتە خەمخۆریان نیە، بەڵکو، چونکە بەو دەستوەردانە "هاوپەیمانە زاڵبوە" سیاسیەکانیان لە چەمکی سیاسەتی واقیعیدا زویر و دڵتەنگ دەبن و بەرژەوەندیەکانیشیان دەکەونە مەترسیەوە. بۆیە هەروەک سەردەمی پێش راپەڕین ئەم دەسەڵاتدارانە دروشمی نەتەوەیی بەرزدەکەنەوە، بەڵام خاوەنی پەیامێکی نەتەوەیی رون نین. ئەمانە ئاکامی سروشتی بەشێکی ئەو سیاسەتەیە کە گرتویانەتەبەر.
بەڕێوەبردنی سیاسەتی واقیعی یەکلایانە بەڕێوەناچێت، لە دۆخی ئێستای کوردستان گەمەکەری سەرەکی ئەمهریکایە و تورکیای هاوپەیمانی بۆتە بابەوانی باشوری کوردستان و ئێرانیش بەهۆی کاریگەری لەسەر شیعەکان و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی کورد وەک ئەختەبوتێک هاتۆتە ناوەوە و وڵاتانی سوننەی عەرەبیش مەنگ و بێدەنگانە و لەسەرخۆ کار بۆ هاو مەزهەبەکانیان دەکەن. دەبێت پێگەی کور لە هاوکێشەی سیاسەتی واقیعیدا لەگەڵ ئەم هەمو هێزە زەبەلاحە سیاسی و ئابوری و سەربازی و هەواڵگریانەدا چۆن بەهێزبکرێت و رێگە چارەیەکی نەتەوەیی بچەسپێت؟.
وەڵامی ئەم پرسیارە لەسایەی دەسەڵاتداران لەو هاوکێشەیەدا گەشبینی تێدا بەدی ناکرێت، بۆ ئەمهریکا و وڵاتانی ناوچەکە کورد ئامانج نیە، ئەوەشی بۆ کورد دانیان پێداناوە لە روانگای مافی مرۆڤ ودانەوەی قەرزێکی مێژوی کردویانە و کوردیشیان بۆ هاوکێشەیەک راکێشاوە که لهم ساتهدا چهند دهسکهوتێکی هاوبهشیان تێدایه. هاوکێشهیهک کە زۆر ئەستەمە کورد بتوانێت لێی دەرچێت. لەم جۆرە سیاسەتکردنە هێز و پانتایی بهرژهوهندیهکان دوا یەکلاکەرەوەن و دەسەڵاتدارانی کوردیش لەو هاوکێشەیەدا لاوازترین و بێدەسەڵاتترین ئەڵقەی گەمەکەن.