مانگ حوزەیرانی 1963
شوێن کۆڵانێکی پێنج ماڵی سەر شەقامی کاوە لە سلێمانی
دەمەو ئێوارەیەکی فێنکی هاوینی ئەو سەردەمانەی شار، کچان و ژنانی کۆڵان ئاورشێنی حەوشەی ماڵەکان و بەردەرگای تۆزاوی ناو کۆڵانەیەکەیان کردبو، سینیەکی فافۆن پر لە میوەی شۆردراوە و شوتی شیرینی قاشکراو لە قەراغ حەوزی حەوشەکەمان دانرابو. منداڵانی کۆڵان ماندو و شەکەت بەدەست موشێن وهەلوکێنەوە لەسەر مافوری رەنگ شەرابی داخراو لەتەنیشت حەوزی حەوشەی ماڵەکان زۆرانبازیان لەگەڵ کەروێشکە خەوێکدا دەکرد.
ژن ومنداڵان چاوەروان بون مێرد وباوک وبرا وکەسوکار لە کار ومزگەوت وپیاسە وبازار بگەرێنەوە. هەمو چاوەروانی ساتێک بون کە خێزانی ئەو سەردەمەی شار بە ئاسودەیی وخۆشەویستیەوە یەکتریان لە ئامێز دەگرت وئارەق وماندوبونی رۆژەکەیان فەرامۆش دەکردن ودڵنەوایی وئارامیان بە یەکتر دەبەخشی. دەنگەدەنگ وهەرای داخستنی دەرابەی دوکانی زەرەنگەرەکانی سەر شەقامی کاوەی نزیک لە کۆڵانەکەمان دوا هەڵڵای پێش سەرهەڵدانی مانگەشەوێکی تر بو، شەوانێک بەرگی هێمنییان بەبەر ماندوبون وحەزە وردیلەکانی منداڵیماندا دەکرد.
ئەو ئێوارەیە، کاتێک باوکم گەیشتە ماڵەوە پەشۆکی وخەم وبێئۆقرەیی سەرتاپای دەرون وهەستیانی هەراسان کردبو، ئەو لە ناخیدا مرۆڤێکی ئاشتیخواز بو، ئەو سەردەمانە پێان دەوتن "ئەنسار السلام". بەدەنگێکی کز وخەمخۆر وتێکەڵ بە ترسەوە وتی: سەرباز ومودەرەعەیەکی زۆر لەبەردەرکی سەرا وجادەی مەولەوی خەریکی حەرەکەن وشار ئەمین نیە. لەشپرزەیی وتێکچونیدا بیری چوبو ئەو کیسە نوقڵە بادامەی لە دوکانێکی تەنیشت سینەمای رەشید بۆمانی کریبو بمانداتێ، لە کاتی گیرانی لە ئەستەبڵەکەی حامیەی سلێمانی ئەو کیسە نوقڵە خۆراکی دو رۆژی خۆی و دو هاورێی بون.
ئێمەی مناڵ وهەرزەکار وگەنجانی کۆڵان، لە سوچێکی هوشیاری وئەقڵماندا دەمانزانی کە شۆرش وپێشمەرگە وسەرکردە هەن. وێرای ئەوەی دە رکمان دەکرد کە ئینزابەتە عەسکەریەکان لە شارەکەماندا بێ رەحم وبە جەزرەبەن، وەلێ دەرکمان بە تەواوی مەترسیەکان نەدەکرد. سۆز وهەستێکی وروژاوی بێ سنور بەرۆکی ویژدانی هەرزەکاریمانی گرتبو. دەنگێکی زوڵاڵی قەتیسماوی نێو جەنجاڵی ترس ودەرککردن ویاخیبونێکی پاش ئابڵەقبون پێمانی دەوت: ئێوە کوردن ونەوەی ئەم خاکەن، ئەم شارە زێدی باوباپیرانتانە. ئەو سەردەمانە سرودەکانی "خوایە وەتەن ئاواکەی و"دەمی راپەرینە" و"ئەی رەقیب" باڵی فرینی ئازادانەی بێ سنوری هەست ودەرونی بزێومان بو. ئەو سەردەمانە تەنها ناوی پێشمەرگە بەسبو تا دەرونمان وەک ئاگردانێک گربگرێت وبگەشێتەوە.
چاوەروانیمان بۆ ئێوارەیەکی هاوینی ئاسودەبەخش بە قسەکانی باوکم وپیاوانی کۆڵان تەنرا بە ترس وخەمخۆری ودەرککردن بە هاتنی شەوێکی دژوار و "سوبحێک بولبولەکەی بەدڵ وکوڵ ناگری". بەرەبەیانی رۆژی داهاتو لەدەنگی موکەبەرە خەبەرمان بوەوە کە بانگهێشەی "مەنع تەجەول"ی دەکرد ودەنگی تەقەش لەگەڵ ترپەترپی لێدانی دڵمان هاودەنگ بون.
پیاوان وگەنجانی گەرەک بە کۆمەڵ خزێنرانە پشت لۆری عەسکەریەوە وبران، نەمان دەزانی بۆ کوێ بران، بەڵام سەربازە لچ ئەستورەکان هەمویان بردن.
دواتر زانیمان هەمو پیاو وگەنجی شاریان بردبو وهەندێکیان تا ئەم ساتەش نەگەراونەتەوە.
ئەو کاتە زەعیم سدێق ێکی عەرەبی فاشیستی خوێنرێژ حاکمی "کول فی کولی" شارەکەم بو، ئەو وەک دوژمنێک ئەرک وکارەکانی خۆی جێبەجێ دەکردن. ئەو سلێمانی بە سەری "مارەکە" دەبینی وبۆیە دەیویست ئەو سەرە پانکاتەوە. لەم هەڵسەنگاندن وبۆچونەیدا راستگۆ بو، بەڵام تا نەمانی خۆی وئاغاکانی دوای خۆشی ئەو خەونەی نەهاتۆتەدی.
ئەو سەردەمە بەردەرکی سەرا بە تاکە تەلاری سێ نهومی شار، هۆتێلەکەی نوری عەلی، وسەرا کۆنەکە وبەریدە کۆنەکە وچێشتخانەکەی عەلی سور وچایخانەیەک وگەراجێک ودوکانەکەی یەحیا فەنی مسەور وباخی بەلەدیە دەوری فولکەکەی مروری سەردەمی حوکمرانی پادشایەتیان دابو. ئۆتۆمۆبیڵ زۆر کەمبو، عەرەبانەی تریشقە ودو ئەسپی زۆربون، شورتیە مرورەکەی فولکەکە هاتۆچۆکردنی ئەمانەی رێکدەخست. بەردەرکی سەرا ودەوروبەرەکەی سیمبۆڵێکی مێژویی زیندو وشارستانیەتی ئەو سەردەمانەی سلێمانی بون.
مانگ نیسانی 2011
شوێن بەردەرکی سەرا وئێستا نازناوی سەرای ئازادی پێبەخشراوە
ئێستا، نزیکەی نیو سەدە دواتر، سیما وروخساری شار زۆر گۆڕاون، بەردەرکی سەرا ودەوروبەریشی گۆراون. ئەو خەڵکە زۆرەی لەملاو ئەولاوە رویان لە شار کردوە دەوریان بەتەلبەند تەنیوە، گرد وهەوارە بەرزەکانی شاریش رەنگ وبۆن ودیمانە رەسەنەکانی جارانیان تێکدراون، گردی سەیوان لە باوەشی گەرمی دایکە حەنینەکەی خۆیدا رۆژ ناکاتەوە وخەڵکە رەسەنە نیشتەجێبوەکەی لەتاو شەبەح وهەرا وهەڵڵا وپێکوتانی توندی رێبوارە بزێوەکان تاکەتاکە وبەکۆمەڵ لەگردەکە هەڵدێن. شار کوڕەکانی خۆی ناناسێتەوە وبۆشیان نیە ئاگری نەورۆز وەک نەریتی باو باپیرانیان لە مامە یارە بکەنەوە، کیژانی شاریش لەترس وشەرمدا سەر بە پیرمەسوردا ناکەن ونزا ودوعاکانیان لە ناو سندوقە عوسمانلیە کۆنەکەی ماڵەوەدا حەشارداون. گەرەک وکۆڵان وشەقامەکانی شار بە بلۆکی ئاسن وچیمەنتۆ وەک پیرە ئەشکەوتەکان تاریک وسارد وسر جمەیان دێت لە...
سلێمانی لەشوێنی "تارای بەلقیسەکەی" رەشپۆش کراوە وپرە لە ماشێنی جام رەش وروخساری رەش دەمامکدراو وزاخاوی رەشی دڵی جامبازەکان، چراخانی شەوانی تەلارە کەڵەکەکراوەکانی شار تاریکی قوژبنێکی دەرگەزێن وسەرشەقام نارەوێنێتەوە. بەکورتی ئەم شارە خاوەنی زۆر بوە وشاریش بە خاوەنی خۆیانیانی نازانێت. بە هەمو کەوتونەتە گیانی وسەرقاڵی لەت لەتکردنی جەستە ودەورونین. موڵکدارە تازەکانی شار خەیاڵیان وای خواستوە خاکەکەی بۆ خۆیان ونەوەکانیان بە گاسنێکی کولی ژەنگاوی کێڵاوە وسیمای گوندێکی گەورەی پەرپوتیان بە جەستەدا ئاڵاندوە.
ئێستا روخساری توندوگرژی تازە ئینزابەتە عەسکەریە هاوردەکان بۆ بەردەرکی سەرا وجادەکانی شار دەبینرێت، تەقەکردن وگاز رشتن ولێدان وفراندن وگرتن وتۆقاندن بیرەوەریەکانی نیو سەدەی پێشوتر دەوروژێنن. گرنگ نیە گەر ئەو ئینزابەتە توەرەیە وئامرەکەی ئەمڕۆی لە دوێنێدا کێوی قەندیلی یان بۆ کورد گرتبێت وکەچی ئێستا لولەی تفەنگیان ئاراستەی سنگی لاوێکی کورد دەکەن و لەسەر شەقامەکانی شار مەرگ دەچێنن، هەمان رەفتار ودرندەیی ئینزابەتەکانی زەعیم سدیقم بەبیر دەهێننەوە. نیو سەدە لەمەوبەر گەنجانی شارەکەم لە ستەمکاری عەرەب یاخیبون وئێستاش نەوەکانی ئەو یاخیبوانە هەمان مافیان هەیە لە ستەمکاری تەنانەت باوک وبرا بەتەمەن چوەکانیاندا یاخی بن. ئەمە حوکمی زەمانە وهەروا سوراوەتەوە، ژیر وهوشیار ئەوەیە لێی تێبگات.
وێرای ئەو قەرەباڵغی وفرە کوێخایەتی وروخساری غەریبی میوانە نەخوازیارەکان وسوپا بێ ژمارەکانی حەسحەس وپاسەوانەکان وچاندنی ترس وتۆقاندن، خەڵکی ئەم شارە لە مێژوی پر سەرگەردانی وماڵوێرانیەوە فێربوە بەسەبر بێت، فێربوە تورەیی ویاخیبون وزەردەخەنە وبێئومێدی وهیوا لە رستەیەکی هەڵبەستێکیدا بهۆنێتەوە و وشەکانی لە ئاسمانی شاردا لەژێر باڵی باڵندەکانی فونیکس * بەسەر ماڵ وکۆڵان وشەقامەکاندا ببارێنێت. بۆیە ئەم شارە فێر نەبوە وکەسیش نەیتوانیوە دەستەمۆی بکات.
با ئەوانەی دڵ ویەخەی ئەم شارە بەرنادەن بە سەبرکردنی مەست بن، با ئەم میوانە سەرگەرمانە پر بە سینەیان تێر تێر بۆنە ئەرخەوانیەکانی ئەم شارە بۆ خۆیان هەڵمژن، با بە قەد "باڵای شەم" بێهودەییان بۆ مۆڵگای ئیشقی دوێنی هەڵکشێنن، با "رەشەبای" غەزەبیان بکەن بە بەری گۆیژەدا، با لەبەردەرکی سەرا رۆحی "عەلیە سیس" ەکان لەئاگر بەردەن، با ئیلهامی "ئازادبونی" رۆحی ئەم شارە لە فەزای خەیاڵێکی نەزۆکدا بسرنەوە، بەڵام ئەم شارە فێرنەبوە هەر رۆژە بەباڵێک بفرێت ودەستەمۆ بکرێت وناشکرێت. بۆیە رۆحی زیندوی بەردەرکی سەرا نەگۆراوە، کور وکیژەکانی شاریش وەک لە مێژەوە فێربون ستەم وناعدالەتی قبوڵ نەکەن، ئەمرۆ پەستن وروژاون وخەمخۆرانە بەرەو ئاسودەیی ئێوارەیەکی فێنکی هاوینێکی نوێی ئەم شارە هەنگاو دەنێن وبەیەک دەنگ سرودێکی نوێی یاخیبون وئازادی دەچرنەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم سلێمانی گوڵشەنێکی کوردستانە وشیعرە بەناوبانگەکەی حەمدی لێرەدا پر بەپێستی خۆیەتی:
رەبی موی لێ بێت، زمانی پەنجەکانی هەڵوەرێت
هەر کەسێ گوڵشەن بەدەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێت.
فونیکس (Fenics): باڵندەیەکی ئەستوری گریکیە کە لە خۆڵەمێشی خۆیەوە دروستدەبێتەوە ورۆحی بەبەردا دەچێتەوە.