بڕی ئەو پارەیەی کە دەوڵەت لە تەندروستی هەر تاکێکی کۆمەڵگادا مەسرەفی ئەکات، پێوەرێکی گرنگی شوێن و ریزبەندی سیستمی تەندروستیە لە ئەولەویاتەکانی حکومەتدا. واتە بۆ ئەوەی بزانیت ئایا دەوڵەت گرنگی بە تەندروستی هاونیشتمانیان ئەدات یا نا، ئەبێت لەپاڵ پێوەری تردا تەماشای ئەو بڕە پارەیە بکەیت کە حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتی تەندروستی بۆ هەر هاوڵاتیەک مەسرەفی ئەکات، لە کوردستاندا بۆئەوەی ئەو ژمارەیە بزانیت پێویستیت بە کۆمەڵێک گریمانە هەیە؛ سەرەتا گریمانەی ئەوەی ئەو ژمارانەی کە لە بودجەدا بەردەستن راستن و هەڵەیان تیا نیە و دواتر گریمانەیەک لەسەر ژمارەی دانیشتوانی هەرێم. بە لێکدانەوەکانی ئێمە بێت و بەلە پێشچاوگرتنی ئەو داتا و ژمارانەی لە بەردەستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا لە سەد و پەنجا دۆلار زیاتر بۆ هەر هاوڵاتیەک بۆ تەندروستی مەسرەف ناکات. (کۆی مەسرەفی تەندروستی خەمڵێنراو بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ بەپێی پرۆژە یاسای بودجە دەکاتە ٧٨٢،٧٣٨،٥١٥،٤٢١ و ژمارەی دانیشتوانی هەرێم ئەگەر بە ٤,٥ ملێون کەس بخەمڵێنرێت).
گومان لەوەدا نیە کە ئەو ژمارەیەی سەرەوە بە هەمو پێوەرێکی ناوخۆیی و دەرەکی کەمە و نیشانەیەکی زەقی پشتگوێخستنی سیستمی تەندروستیە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی کوردستانەوە. قسەی ئێمە لێرەدا لەسەر کەمی و زۆری ئەو بڕە پارەیە نیە و ئەوەمان بڕاندوەتەوە کە پێویستە حکومەت پارەی زیاتر لە تەندروستیدا مەسرەف بکات و لە شوێنی تردا میکانیزم و رێگای شیاومان بۆ ئەم مەبەستە خستوەتە رو (زیادکردنی باجی جگەرە و مادە کحولیەکان و تەرخانکردنی داهاتەکانی ئەو باجانە بۆ تەندروستی بۆ نمونە). قسەی ئێمە لێرەدا لەسەر هەوڵدانە بۆ کێشانی هێڵە پانەکانی سەرەوژێرکردنەوەی ئەو میکانیزمانەی بۆ دەستنیشانکردنی بودجەی تەندروستی پەنای بۆ ئەبرێت لە هەرێمی کوردستاندا. لەم وتارەدا ئەمانەوێت پیشانیبدەین کە ئەو میکانیزمانەی حاڵی حازر بۆ ژماردنی بودجەی تەندروستی بەکارئەهێنرێن کۆنن و پێویستیان بە شورشێکی ژمێریاری و فەلسەفی و زانستی هەیە بۆ گۆڕینیان.
سەرباری ئەوەی کە پارەی تەرخانکراو بۆ کەرتی تەندروستی لە بودجەی خەمڵێنراوی ساڵی ٢٠١١ و ساڵانی پێشودا کەمە، ئەو بڕە پارەیە بە شێویەکی دادپەروەرانە و بە یەکسانانە ناژمێردرێت. زۆربەی جاران ئەو بڕە پارەیەی بۆ پارێزگایەکی گەورە کەمترە لە بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ پارێزگایەکی بچوکتر لە روی دانیشتوانەوە. کە ئەمە بۆ خۆی هەڵەیەکی ستراتیژی کوشندەیە و پێویستە شەپازلەیەکی توند بێت لە وەزارەتی تەندروستی و ئەم وەزارەتە لە ناپرۆفیشناڵبونەکانی بەخەبەربێنێتەوە. بۆ نمونە لە پرۆژە بودجەی ئەمساڵدا ئەو پارەیەی کە بۆ پرۆژەکانی پارێزگای هەولێر تەرخانکراوە زۆر کەمترە لەوەی بۆ پارێزگای دهۆک تەرخانکراوە. ئەم هەڵە مەنهەجی و زانستیانە لە ژماردنی بودجەدا پاڵنەرێکی بەهێزی بیرکردنەوەیەکی جیاوازن لە ژماردن و خەمڵاندنی بودجەی تەندروستی.
خەمڵاندنی بڕی ئەو پارەیەی بۆ کەرتی تەندروستی تەرخاندەکرێت پێویستە پشت بە تاقە پێدراوێکی پیرۆزەوە ببەستێت، کە پێدراوەکانی تر لە پاڵیدا بە زەڕەبین ببینیرێن، ئەویش پێدراوی ئەو خەڵکەیە کە بودجەکە ئەیەوێت خزمەتیان بکات. ناسین و خوێندنەوە و ئەزبەرکردنی خەسڵەت و رەگەزە دیموگرافی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی دانیشتوان گەرەنتی بودجەیەکی یەکسان و دادپەروەرە لە تەندروستیدا. خەسەڵتگەڵیکی چەشنی ژمارەی دانیشتوان، تەمەنی هاوڵاتیان، ژمارەی ئەوانەی سەرو ٦٠ ساڵ و ئەوانی خوار ٥ ساڵن، ژمارەی ئافرەتی دو گیان، ژمارەی ئەوانەی لە خوار هێڵی هەژاریەوەن و ژمارەی ئەوانەی کە کەمئەندامن، گرنگترین فاکتەری نوسینەوەی بودجەیەکی یەکسان و دادپەروەرن. ئەم زانیاریانە سەرچاوەی دیزاینی بودجەیەکن کە گرنگی زیاتر بە بەساڵاچوان و منداڵ و کەئەندام و ئافرەتی دوگیان و هەژار و کەمدرامەت ئەدات. زانیاریەکن حکومەت ناچار ئەکەن کە بودجەیەکی زیاتر بۆ ناوچەیەکی جوگرافی تەرخانبکات ئەگەر ئەو خەڵکانەی سەرەوەی زیاتر تیا بژین. لەم تێگەیشتنە بۆ داڕشتینی بودجەدا، حکومەت و وەزارەتی تەندروستیەکەی هەڕەمەکیانە یا بەپێی میزاج و ئارەزو بودجە بۆ ناوچە جوگرافیە جیا جیاکان مەسرەف ناکەن، بەڵکو کۆمەڵێک پێدراوی تایبەت بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەستنیشانی زۆری و کەمی بودجەی تەرخانکراو ئەکات.
یەکەم هەنگاوی ئەم تێگەیشتنە تازەیە بۆ داڕشتنی بودجەی تەندروستی، کۆکردنەوەی زانیاریە دەربارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان. ناکرێت ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نەزانین و باس لە بودجە بکەین. دواجار ئەو بودجەیە بۆ ژمارەیەکی دیاریکراوی خەڵکە کە ئەبێت حکومەت وەکو ناوی خۆی بیاناسێت. بۆیە ئەگەریش ململانێ سیاسیەکان و کێشە فیدراڵیەکان رێگربن لە بەردەم ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (کە ئەمانە هیچیان پاساوی بەهێز نین بۆ ئەوەی حکومەت وەکو ئەو باوکە دەرکەوێت کە نازانێت لە ماڵەکەیدا چەند سەر خێزان ئەژێت)، ئەوا لە ناو سیستمی تەندروستیەوە ئەکرێت هەنگاوی زیرەکانە بنرێت بۆ دەستنیشانکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی کە هەر بنەکەیەکی تەندروستی لێیان بەرپرسیارە. بەم میکانیزمە، کوردستان دابەشی سەر چەند ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو بە پێی ئەو بنکە تەندروستیانەی کە لە کوردستاندا هەن دەکرێت. بۆ هەر ناوچەیەک لەو ناوچانە بە تاقە کۆمپیوتەرێک دەکرێت زانیاری دەربارەی دانیشتوانەکەی لەمەڕ تەمەن و ئاستی کۆمەڵایەتی و نەخۆشی درێژ خایەن و ژمارەی منداڵ و کەمئەندام و ...هتد کۆبکرێتەوە. دوای ئەوەی زانیاریەکی سەرەتایمان دەربارەی ئەو پێدراوە دیموگرافی و کۆمەڵایەتی و تەندروستیانە دەستئەکەوێت بە هاوکێشەیەکی ژمێریاریی "قورسایەکی" دارایی بۆ هەر یەکێک لەو پێدراوانە دائەنرێت و کۆی بودجەی ساڵی داهاتو بۆ هەر ناوچەیەک لەو ناوچانە ئەخەمڵێنرێت.
ئەم میکانیزمە بۆ خەمڵاندنی بودجە بە تەنها سودی بۆ ژماردنی بودجەیەکی دادپەروەر نابێت، بەڵکو رێگایەکی کورتی کۆکردنەوەی زانیاریە دەربارەی دانیشتوانی هەرێم و بەکارهێنانی ئەو زانیاریانە لە پلاندانی تەندروستیدا.