ئه‌و راستیه‌ی تۆسقاڵێك گومانی تێدا نیه له هه‌مو شوێن و ئان و ساتێك‌دا به‌بێ جیاوازی ((ده‌سه‌ڵاتی سیاسی جۆری سیستمی ته‌ندروستی دیاری ده‌كات و سیاسه‌تی ته‌ندروستی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه داده‌ڕێژێ به‌پێی هزر و فیكر و ئایدۆلۆجیا باوه‌ڕپێكراوه‌كه‌ی)) نه‌ك هاوڵاتی یان سامانه مرۆییه ته‌ندروستیه پرۆفیشناڵهكه، ههردهسهڵاتی سیاسی مۆدیرن و دیموكراسیشه سامانی مرۆیی پێده‌گه‌یه‌نێت و پرۆفیشناڵی ده‌كات، له‌هه‌مان كاتدا مرۆڤ ده‌كات به ناوه‌ڕۆكی روداوه گرنگه‌كان و ده‌یخاته ئه‌و قاڵبه‌ی مرۆڤ به‌نرخ و پیرۆز بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌خاته خزمه‌ت ئه‌و مرۆڤه‌ی لای به‌نرخه كه سامانهمرۆییه گشتییه‌كه‌یه، بۆ پاراستنی ئه‌و سامانه مرۆییه هه‌مو سامانه سروشتیه‌كانی تر ده‌خاته خزمه‌تیه‌وه.
هه‌ر بۆیه پێناسه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر ده‌گۆڕدرێت به‌گوێره‌ی بۆچون و هزرو فیكری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه، به‌ڵام ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كان و خه‌ته پانه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی سێكته‌ری ته‌ندروستی و بابه‌ته ته‌ندروستیه‌كان له‌یه‌كه‌وه نزیكن وجیاوازی ئه‌و تۆیان نییه.
له‌م روه‌وه و پێناسه‌ی سێكته‌ری ته‌ندروستی زۆر گرنگه تابزانین ماهیه‌ت و ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كانی چین، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه و ئامانجه‌كانی خۆی دیاری بكات، ئه‌بێ بزانێت چ جۆره سێكته‌رێكی ته‌ندروستی ده‌وێت؟ به چ ئاڕاسته‌یه‌كدا كار بكات؟ به چ شێواز‌و سیستمێك؟ ((بۆ نمونه ئه‌گه‌ر بڕۆیت بۆلای به‌رگدرویه‌ك بێئه‌وه‌ی داواكاریه‌كانی خۆتی بۆباس بكه‌یت وپێی بڵێیت چ جۆره بهرگێكت ده‌وێ ئه‌و نازانێت چیت بۆبكات له‌وانه‌یه بهرگێكت بۆ بدورێ نهبهدڵت بێ وهنهبهبهرت بێ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش قوماشهكهت سه‌قه‌ت ده‌بێت)) بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بداته‌وه بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ی كه ده‌وێت له دانانی سێكته‌ره ته‌ندروستیه‌كه.
1- ئایا مانا‌و بۆچونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی چییه بۆ سێكته‌ری ته‌ندروستی؟ تا چ راده‌یه‌ك به‌لایه‌وه گرنگه بۆ ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه، پانتاییه‌كی به‌رین و كاریگه‌ری هه‌یه یان به پێچه‌وانه‌وه ده‌یه‌وێ سێكته‌رێكی روكه‌شی ته‌ندروستی هه‌بێت.
2- ئایا ئامانجی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی چییه له دانانی سێكته‌ری ته‌ندروستی؟ ئامانجه‌كه‌ی ده‌گاته ئامانجی وڵاتانی پێشكه‌وتو كه ئه‌وه‌ش زیاد كردنی ته‌مه‌نی هاوڵاتیه بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌م ئامانجه‌ت هه‌بێ پێویستت به خۆ سازكردن و ماندوبونێكی زۆره.
3- ئایا مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی دانانی سیاسه‌تێكی ته‌ندروستی نوێی هاوچه‌رخه بۆ خزمهتگردنی گشت سامانه مرۆییه‌كه به به فه‌قیر و هه‌ژار و دهوڵهمهنهوه به‌بێ جیاوازی یان مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی چینێكی تایبه‌ته؟ به چ شێوه‌یه‌ك؟
4- ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مه‌به‌ستێتی كه‌رته ته‌ندروستیه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ر بێت یان به‌كارهێنه‌ر، ئایا مهبهستیًتی سێكته‌رێكی به‌رهه‌مهێنه‌ری ته‌ندروستی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ربه‌خۆ دابنێت، كه پێویستی به ژێرخانێكی ته‌ندروستی ئابوری و پیشه‌سازی ته‌ندروستی و پزیشكی هه‌یه؟ یان كه‌رتێكی به‌كارهێنه‌ری دواكه‌وتوی گرانبه‌های ئه‌وێت بۆ كێشانه‌وه‌ی بوجه‌ی وڵات بۆ گیرفانی كاربه‌ده‌ستان.
5- ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌یه‌وێ كه‌رته ته‌ندروستییه گشتییه‌كه‌ی له‌ئاستی پێویستدا بێت وه‌ك وڵاته پێشكه‌وتوه‌كان، ئه‌وه‌ش له رێگای جیاكردنه‌وه‌ی كه‌رتی گشتی ته‌ندروستی مه‌ده‌نی، كه‌رتی گشتی سه‌ربازی، كه‌رتی گشتی فێركاری، كه‌رتی گشتی خێرخوازی، یان ئه‌یه‌وێ وه‌ك ئێستا بڕوات به‌ڕێوه كه كه‌س نازانێت كه‌رته گشتییه ته‌ندروستیه‌كه چ جۆره كه‌رتێكی گشتییه، به‌ناو كه‌رتی گشتی فێركاریمان هه‌یه كه ده‌بو بودجه‌كه‌ی له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه بۆ ته‌رخان بكرایه‌و نه‌خۆشخانه‌كانیش سه‌ر به‌وان بونایه! یان كه‌س نازانێت نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازیمان هه‌یه یان نا، ئه‌مه‌ش وایكردوه هه‌مو فشاره‌كه بخرێته سه‌ر كه‌رتی گشتی مه‌ده‌نی!
6- ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له خه‌می كردنه‌وه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی تایبه‌ته، ئه‌گه‌ر له خه‌می كردنه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ته چ جۆره كه‌رتێكی ده‌وێت، ئێستا باس له‌وه‌ده‌كرێت كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له‌یه‌ك جیا بكرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌رته گشتیه‌كه‌مان تێكه‌ڵاوه و كه‌رته تایبهتهكهشمان به‌و مانایه‌ی خۆی نییه، ئه‌بێ كه‌رتی تایبه‌ت له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه یامه‌تی بدرێت وه‌ك هه‌مو وڵاتانی دنیا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه ئه‌م كهرتهش نه‌كه‌ن به‌كه‌رته‌كانی تر ئه‌بێ سامانه مرۆیییه ته‌ندروستیه پرۆفیشناڵهكه بیبات به‌ڕێوه نه‌ك كه‌سانی خاوه‌ن پاره‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌ست رۆیشت‌و!
7- ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مه‌به‌ستیه‌تی كه‌رته ته‌ندروستیه گشتی و به‌ناو تایبه‌ته‌كه‌ی سه‌ربه‌خۆ و له‌یه‌ك جیابن یان هه‌ماهه‌نگ بن له‌گه‌ڵ یه‌ك و به‌چ یاسایه‌ك رێك‌بخرێن یان هه‌روه‌ك ئێستا تێكه‌ڵاوبن؟.
8- ئایا سامانه مرۆییه ته‌ندروستیه‌كانمان تا چ راده‌یه‌ك پرۆفیشناڵن، به چ شێوه‌یه‌ك زیاتر په‌ره‌یان پێبدرێت و پرۆفیشناڵتر بكرێن، ئایا ئه‌و سامانه مرۆییه ته‌ندروستییه به‌شی هه‌ردو سێكته‌ره گشتی و تایبه‌ته‌كه ده‌كه‌ن؟ یان پێویسته له‌یه‌ك جیابن ؟ ئه‌بێ په‌یوه‌ندی نێوانیان چۆن بێت و به‌چ یاسایه‌ك رێك بخرێن؟!
9- ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مه‌به‌ستێتی سیستمی دارایی و كارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنی سێكته‌ری ته‌ندروستی ده‌ستكاری بكات، كه به‌لای شاره‌زا ته‌ندروستیه‌كانه‌وه گه‌ره‌ترین هۆی نه‌هامه‌تی و گه‌نده‌ڵی و دواكه‌وتویی ئه‌م سێكتهرهیه هه‌ر وه‌ك هه‌مو سیكته‌ره‌كانی تری حكومه‌ت، ئه‌كه‌ر ئه‌یه‌وێ بیگۆڕێت به چ شێوازێك بێت مركزی یان لا مركزی؟! پێویسته له ئێسشتاوه بیر بكرێته‌وه له دانانی كه‌سانی شاره‌زا له به‌ڕێوه‌بردنی نه‌خۆشخانه یان به‌ڕێوه‌بردنی ته‌ندروستی به‌پێی بڕوانامه، ئیتر گرنگ نه‌بێت پزیشكه یان كارمه‌ندی ته‌ندروستی به‌مه‌رجێك بڕوانامه‌یه‌كی له‌و بواره‌دا هه‌بێت واته لهHealth and hospital management)).
10- ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاماده‌یه ئاسایشی خواردن و ده‌رمان بپارێزێت؟ یان مه‌به‌ستێتی كۆنترۆڵێكی روكه‌ش دروست بكات بۆ شه‌رعیه‌ت دان به‌و مرۆڤه ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی بازرگانی خۆراك و ده‌رمان ده‌كه‌ن كه هه‌موان ده‌زانین سه‌ر به‌كێن.
11- ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی گرنگی به هه‌مو خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستی ((سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌كی و تایبه‌ت و ورده‌كان)) وه‌ك یه‌ك ده‌دات؟ primary secondary tertiary health service یان به‌پێی پێویستی كۆمه‌ڵگا ئاماژه به ئامار كارده‌كات، له شوێنی وه‌ها ئامیری گرانبه‌های سیتی سكان دانراوه كه به چه‌ند مانگێكیش جارێك به‌كار ناهێنرێت، به‌ڵام له سه‌نته‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی هه‌مان سیتی سكان هه‌یه به‌هه‌مان ژماره و كولیتی كه فشارێكی زۆری هاوڵاتیانی له‌سه‌ره، ئاوا بودجه‌ی ئه‌م وڵاته به‌هه‌ده‌ر سه‌رف ده‌كرێت له پێناو هیچدا؟!
12- ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مه‌به‌ستێتی ئاستی هۆشیاری ته‌ندروستی هاوڵاتیان به‌رزبكاته‌وه؟، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی لێبێت ئه‌م به‌رنامه‌یه ته‌نها به‌سێكته‌ری ته‌ندوستی ناكرێت پێویستی به سێكته‌ره‌كانی تری وه‌ك په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و راگه‌یاندن و شاره‌وانیه‌كان هتد هه‌یه ئه‌بێ له په‌روه‌رده‌وه ده‌ست بكات به‌م پرۆسه‌یه.
13- ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تا چ راده‌یه‌ك له كه‌یسی ژینگه گه‌یشتوه و چ گرنگیه‌ك ده‌ده‌ات به ژینگه و پاراستنی؟ ئایا ئه‌م كه‌یسه گرنگه سه‌ر به چ سێكتهرێكه! سێكته‌ری ته‌ندروستی یان سێكته‌ره‌كانی تری حكومه‌ت، ئایا ده‌سه‌ڵاتداران له‌و راستیه گه‌یشتون كه نه‌ك داهاتی وڵات، به‌ڵكو هه‌مو داهاته‌كانی دنیا و ئابوری گۆی سه‌رزه‌وی له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌م كه‌یسه وه‌ستاوه به ته‌ندروستی مرۆڤ و هه‌مو سامانه ئاژه‌ڵیه‌كانی تریشه‌وه.
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه سێكته‌ری ته‌ندروستی چه‌نده سێكته‌رێكی گرنگ و هه‌ستیاره له كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی تر ده‌گۆڕێت، به بڕوای ئێمه ئامانجی سه‌ره‌كی سێكته‌ری ته‌ندروستی له وڵاته پیسشكهوتوهكانی جیهان بریتییه له به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ته‌مه‌نی هاوڵاتی، ئه‌وه‌ش له رێگای پاراستنی ئاسایشی خۆراك وده‌رمان كه به‌ڕاستی هیچی كه‌متر نییه له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌گه‌ر زیاتر و گرنگتر نه‌بێت و دابین كردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی سه‌ره‌تایی و خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌كیه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری ته‌ندروستی هاوڵاتی و پاراستنی ژینگه، هه‌چ كه‌رتێكی ته‌ندروستی بتوانێت ئه‌م ئامانجانه بپێكێت له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتی بون، ئه‌وه كه‌رتێكی سه‌ركه‌وتوه‌و دوره له شكست.
ئه‌گه‌ر بێت‌و بمانه‌وێ سێكته‌رێكی ته‌ندروستی له هه‌چ شوێنێكی ئه‌م دنیایه گه‌شه پێبده‌ین ئه‌بێ بزانین:
1- ئاستی ته‌ندروستی و پزیشكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه له كوێدایه و گرفته‌كانی چین. بێگومان ئه‌مه‌ش له‌ڕێگای ئامار‌و توێژینه‌وه ده‌كرێت.
2- ئایا سامانه مرۆییه ته‌ندروستیه‌كه له ئاستێكی گونجاودایه بۆ گه‌شه‌كردن و پێشخستنی بواری ته‌ندروستی.
3- ئایا یاسا‌و رێسا ته‌ندروسته‌كان رێگه ده‌ده‌ن به گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی، ئه‌گه‌ر نا ده‌بێ لهڕێگاری یاساییه‌وه یاسا و رێسای گونجاو دابنرێت بۆ قۆناغی داهاتو ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌سه‌ركه‌وتویی ئه‌م ریفۆرمهتهندروستیه بكه‌ین دور له گرفتی چاوه‌ڕوان نه‌كراو.
4- پیش هه‌مو شتێك ئه‌بێ ئاستی هۆشیاری ته‌ندروستی و خۆراك و ده‌رمان لای هاوڵاتیان به‌رز بكه‌ینه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆپاراستن باشتره له چاره‌سه‌ركردن.
5- چۆن ده‌توانرێت به كورترین ماوه‌و كه‌مترین داهات سێكته‌ره‌كه پێشبخرێت و له چ شوێنێكه‌وه ده‌ستپێبكرێت باشتره.
6- به‌بێ ئه‌و خزمه‌تگوزاریه ته‌ندروستیانه به چ كوالیتیهك بن مه‌رجه له‌سه‌ر بنه‌ما ته‌ندروستیه جیهانیه‌كان بن، یان وه‌ك حاڵی حازربن.
7- ئایا دادوه‌ری ته‌ندروستی (عه‌داله‌تی ته‌ندروستی) ره‌چاو كراوه له‌م خزمه‌تگوزاریه ته‌ندروستیانه‌دا خۆ ئه‌گه‌ر عه‌داله‌ت ره‌چاو نه‌كرێت ئامانجه سه‌ره‌كییه‌ی ناپێكێت.
پێش هه‌مو هه‌نگاوێك بۆ چاكردنی سیستمی ته‌ندروستی ئه‌بێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌جیندایه‌كی رون و شه‌فاف هه‌بێت به‌رامبه‌ر كه‌رتی ته‌ندروستی و سامانه مرۆییه‌كه‌ی، ئه‌بێ ئامانجه‌كانی دیاری بكات و پێناسه‌یه‌كی گونجار بۆ ئه‌م كه‌رته دابنێت، له راستدا كه‌رتی ته‌ندروستی به‌مانای چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی نایه‌ت، به‌ڵكو كاره‌كانی زۆر له‌وه گرنگتر و پیرۆزترن ئه‌بێ پربه مانای وشهكهبێت.
ئه‌گه‌ر له خومان بپرسین ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه پێناسه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ كه‌رته تهندروستیهكهمان داناوه؟ بێگومان نه‌خێر وه‌ك هه‌مو كه‌رته جیاكانی تر، جا كه ئێمه پێناسه‌یه‌كی تایبه‌تمان نه‌بێت به كه‌رتی ته‌ندروستی! چۆن ئه‌توانرێت سیاسه‌تێكی ته‌ندروستی رون و ئاشكرامان هه‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سێكته‌ره ته‌ندروستیه‌كه؟!
ئێمه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی سێ شارین، هه‌ر شاره‌ی جۆره به‌ڕێوه‌بردنێكی جیاوازی هه‌یه بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ر به حكومه‌تێكی جیاوازبن، كه باس یه‌ته سه‌ر باشكردنی سیستمی ته‌ندروستی لێره‌و له‌وێ پێمان ده‌ڵێن ناتوانین گۆڕانكاری ریشه‌یی بكه‌ین، ئێمه سه‌ر به حكومه‌تی عێراقین و نابێت جیاوازی له سیستمهكانماندا هه‌بێت، به‌ڵام له‌هه‌مان كات سێكته‌ری ته‌ندروستی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك له‌یه‌ك ناچن و ئه‌توانم بڵێم گه‌لێك جیاوازن، بێگومان هۆكه‌شی بۆ حیزبایه‌تی ئه‌م دو حیزبه هاوپه‌یمانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌ر به وته هاوپه‌یمانن؟!
مانگی دوی ئه‌مساڵ ساڵی 2011 وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كۆنفرانسێكی سازكرد بۆ باشكردن و گۆڕینی سێكته‌ری ته‌ندروستی له كوردستان و تاڕاده‌یه‌ك هه‌وڵدرا به‌شێوه‌یه‌كی زانستی گۆڕانكاری بكات، بۆئه‌وه‌ی بهدهردری گۆڕانكاریه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی لێنه‌یه‌ت، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان زه‌مینه خۆشبكات بۆ گۆڕانكاری ریشه‌یی، پیش هه‌رهه‌نگاوێك پێویسته له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردستان بپرسین ئایا ئێوه چ جۆره سێكته‌رێكی ته‌ندروستیتان ده‌وه‌ێت؟ به چ ئاڕاسته‌یه‌كدا كار ده‌كه‌ن؟ به چ شێواز‌و سیستمێك؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مه‌به‌ستێتی سیستمه‌كه چاكبكان یان شۆبزنسی ده‌وێت و ئه‌یه‌وێ له‌م فه‌وزای نه‌بونی سیستمدا ئه‌جیندای سیاسی سیاسییه موقه‌ده‌سه‌كان جێبه‌جێ بكات، بۆئه‌وه‌ی به‌خه‌ڵك بڵێن ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌بین هیچ خزمه‌تگوزاریه‌كی ته‌ندروستی بونی نیه! به‌شبه‌حاڵی خۆم هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م كۆنفرانسه ده‌خوازم، دواڕۆژیش ئه‌یسه‌لمێنێ ئه‌م كۆنفرانسه تاچ ئاستێك ئه‌توانێ گۆڕانكاری بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌جیندای حیزبی ده‌سه‌ڵاتداران دوربن له سیستمی ته‌ندروستی و بیه‌ڵن به پرۆفیشناڵانه كاربكه‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌كان بده‌نه وه‌زیری ته‌ندروستی شاره‌زایانی ئه‌م سێكته‌ره هه‌ستیاره، به‌ڵام به‌بێ دانانی پێناسه و ئامانجی سه‌ره‌كی بۆ سێكته‌ری ته‌ندروستی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌وه كاره‌كان به فیڕۆ ده‌چن!
به‌هه‌ر حاڵ پێویست بو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێش ئه‌م كۆنگره‌یه خۆی یه‌كلایی بكردایه‌وه، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی بدایه‌ته‌وه، ئایا ئامانجی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی چییه له به‌ڕێوه‌بردنی سیستمی ته‌ندروستی؟ ئایا ئه‌یه‌وێ به چ شێواز و چ جۆره سیستمێك كاره‌كانی به‌ڕێوه ببات؟! له‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌بێ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌رپشك بكرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كان، واته جه‌نابی وه‌زیر وه‌زیری دهۆك و سلێمانی و هه‌ولێر بێت دور له ده‌سه‌ڵاتی حیزبی (مه‌ڵبه‌ند و لقه‌كان) كه گه‌وره‌ترین هۆی گه‌نده‌ڵی و دواكه‌وتن و تێكچونی سێكته‌ری ته‌ندروستین.