هه‌مو كێشه و دیارده‌یه‌ك ده‌كرێت زۆر ره‌هه‌ند وه‌ربگرێ و ده‌توانرێ خوێندنه‌وه بۆ هه‌ر ره‌هه‌ندێك بكرێ پاشان ده‌رئه‌نجامی لیكۆڵینهوەكان كێشه‌و دیارده‌كه‌و كاریگه‌رییه‌كانی دیاری بكرێت، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ناوچونی زانا حه‌مه‌ساڵح به‌ده‌ر له كێشه‌كه كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م كێشه‌یه له‌سه‌ر تاكی ئه‌م هه‌رێمه و به‌تایبه‌ت سلێمانی بخوێنرێته‌وه، ده‌كاته ئه‌وه‌ی له‌م هه‌رێمه بۆ ده‌رنه‌كه‌وتنی كێشه گه‌وره‌كان ده‌بێت یه‌كێك ببێته قوربانی، كه ئه‌مه‌ش وه‌ك چاخه كۆنه‌كان كه ده‌بو بۆ رونه‌دانی هه‌وره بروسكه چه‌ند كه‌سێك سه‌رببڕێت و خوێنه‌كه‌ی بده‌ن به خاك تا خاك له كاره‌ساته‌كان بیان پارێزێ.
با بپرسین ئه‌گه‌ر زانا گیانی له‌ده‌ست نه‌دایه كاره‌ساته‌كان چی ده‌بو كه ده‌بو روبدات، ئه‌مه لای هه‌مومان ئاشكرایه ئه‌م هه‌رێمه نوقمی گه‌نده‌ڵی بوه‌و نه‌ك هه‌ر یه‌كه ئیدارییه‌كانی ئیفلیج كردوه، به‌ڵكو ئه‌و وێنه‌یه‌ی به‌خشیوه‌ته ئێمه كه سیاسییه‌كان ئیدارییه‌كان كۆی سیسته‌م بریتیه له گه‌نده‌ڵییه‌ك كه گروپه‌كانی تاڵانكردن كۆكن له‌سه‌ری وه‌ك ئه‌و شانۆیه‌ی كهپڕ بێت له دروشمی جوان و پشتی كهوالیسیش مافیاكانی تاڵانكردن بن، بۆئهوەی شه‌رعیه‌تی مانه‌وه‌یان هه‌بێت، كه‌سێك ده‌كه‌نه شه‌ریكێكی سه‌ره‌تایی و پاشان ده‌ڵێن ئه‌مه‌یه هۆی هه‌مو ئیفلیجییهكان، واتا بچوكه‌كان ده‌بنه داپۆشینی ده‌مامكی گه‌وره‌كان.
به دیوێكی تردا یه‌كێك له بنه‌ماكانی ئاسایشی گشتی بونی متمانه‌یه له نێوان ئاسایش و تاكدا، كه له‌دوای ئه‌م كاره‌ساته‌وه ئه‌م متمانه‌یه به‌ره و نه‌مان ده‌چێت، ئه‌و وێنه‌یه‌مان پێ ده‌به‌خشێ ئاسایش نه‌ك به‌رپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی گشتی و به‌رگریكردن بێت له داداگا و یاسا گشتیه‌كان، به‌ڵكو ده‌بێته شاردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كانی دادگا و شوێنی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، كه ده‌بێت ئاسایش وه‌ك ئاسایشی هه‌مومان نه‌هێڵیت ئه‌م متمانه‌یه كاڵبێته‌وه.
دۆسیه‌ی زانا زۆر دیوی هه‌یه كه بوه هۆی دروستكردنی هه‌زاران پرسیار لای خه‌ڵكی له‌م هه‌رێمه... شار وێنه‌ی پیاوێكی تۆقیوی وه‌رگرتوه كه پڕه له پرسیار و كردنی ئه‌م پرسیارانه ده‌كاته مه‌رگی شارێك، پێش ئه‌م روداوه هه‌مو تاكێك پێیوا بو گرتنی زانا سه‌ره‌تایه‌كه بۆ سه‌روه‌ری یاسا به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌سێك له هه‌ر پۆست و سه‌ر به هه‌ر حیزبێك بێت، بەڵام له‌ناوچونی به ته‌مومژاوی، ئه‌م هیوایه‌ی كوشت و هه‌زاران پرسیاری لای خه‌ڵك دروست كرد .
با بپرسین دوای ئه‌م روداوه كێ به‌رپرسه له به‌دواداچون بۆ گه‌نده‌ڵییه‌كان، كه هه‌مومان كۆكین لهسهرئەوەی هه‌یه، ده‌بێت بۆ متمانه بونمان به‌یه‌كتر و هێنانه‌وه‌ی متمانه بۆ هاوڵاتی كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، ئایا ده‌توانرێت كه‌سێك تێوه‌گلا بێت له دۆسیه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، ئایا دادوه‌ر له دوای ئه‌م روداوه‌وه ده‌توانێت له‌سه‌روی هه‌مومانه‌وه بێت...؟
هه‌مو ئه‌مانه وا ده‌كات چه‌مكی متمانه به‌ره‌و له‌ناوچون بچێ، له گشتیشدا ئه‌گه‌ر ئه‌م روداوه له زانا‌و دۆسیه‌كه‌ی دور بخه‌ینه‌وه وه‌ك كاریگه‌ریه‌كانی بخوێنرێته‌وه، كوشتنی چه‌مكی شاره به مانا یاساییه‌كه‌ی و بێهیزكردنی یاسایه له به‌رامبه‌ر دۆسیه‌یه‌كدا، نوقم كردنی هه‌رێمێكه له‌سه‌ر به‌رده‌وامی له كاره نایاسییه‌كان، ته‌ڵخ بونی خۆمانه له‌به‌رده‌م خۆماندا كه به‌مانا ئه‌ده‌بیه‌كه‌ی چی ناتوانین و هاوڕێ بین و پێكه‌وه بچین بۆ مه‌له، چونكه هه‌ر ده‌بێت یه‌كێكمان بخنكێین .