|
وتار
|
|
|
راگه‌یاندنێکی خۆپه‌رستانه له شه‌ڕکردنی داعشدا
چیا عه‌باس |
|
|
|
|
|
|
|
وه‌ک گوتراوه راستی یه‌که‌م قوربانی شه‌ڕه
نیشتمانپه‌روه‌ری پیرۆزه وه‌لێ راستیه‌کان ده‌یپارێزن
راگه‌یاندن له کاتی شه‌ڕدا کارێکی جیاواز و تایبه‌ته، کرۆکه‌که‌ی بریتیه له پاراستنی راستیه‌کان و چهواشهنهکردنی خه‌ڵک و نه‌قۆستنه‌وه‌ی بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت. له ئه‌زمونه‌کانی دنیا له‌م بواره‌دا ده‌رکه‌وتوه که بۆ لایه‌نه‌کانی شه‌ڕ ئاسان نیه له راگه‌یاندندا راستیه‌کان و بابه‌تی بونیان به‌رده‌وام بپارێزن.
له‌و شه‌ڕانه‌ی چه‌ند هێز و لایه‌ن به‌شداری تێداده‌که‌ن زه‌مینه باشتر له‌باره بۆ روماڵیکردنی شه‌ڕه‌که له‌لایه‌ن ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی لایه‌نگری بۆ لایه‌نێک یاخود چه‌ند لایه‌نێکی به‌شداربو تێیدا. هاوکاتیش له‌م هاوکێشه‌یه‌دا کارمه‌ندانی راگه‌یاندن و سیاسه‌تمه‌داران، به‌یه‌که‌وه یا به‌جیا، کاریگه‌ری مه‌قسود له‌سه‌ر رای گشتی دروست ده‌که‌ن بێئه‌وه‌ی راستیه‌کانی ئه‌رزی واقیع به‌ته‌واوی و وه‌ک خۆیان بخه‌نه به‌رچاو. لێکۆڵینه‌وه‌کانی بواری راگه‌یاندنی شه‌ڕ ده‌ریده‌خه‌ن که ده‌کرێت بۆ ماوه‌یه‌ک خه‌ڵکانێک بگهوجێنرێن به‌ڵام ناتوانرێت به‌رده‌وام هه‌مو خه‌ڵک چه‌واشه بکرێت، دواتر، کاتێک خه‌ڵکی له جیاتی گه‌رانه‌وه بۆ پروپاگه‌نده‌ی حیزبی و سیاسی لایه‌نێک، به‌ڵام پشتئه‌ستور به‌راستیه‌کان هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی ده‌کات، شه‌ڕ وڵات و خه‌ڵکی په‌رێشان و چه‌واشه کردوه.
روماڵیکردنی سه‌ره‌تای هه‌ر شه‌ڕێک له میدیادا کاریگه‌رتره له‌وه‌ی له ئه‌رزی واقیعی شه‌ڕه‌که‌دا ده‌گوزه‌رێت و خه‌ڵکی زیاتر ده‌چنه ژێر کاریگه‌ری شێوازی نمایشکردن و روماڵیکردنی شه‌ڕه‌که له‌و قۆناغه‌دا.
شه‌ڕ و سۆشیاڵ میدیا
له‌م سه‌رده‌مه‌دا لایه‌نێکی تری راگه‌یاندنی جه‌نگ سوشیاڵ میدیایه، یاخود پێی ده‌وترێت گۆره‌پانی شه‌ڕی پرۆپاگه‌نده. کاریگه‌ری سۆشیال میدیا زیاتر به‌رچاو که‌وت کاتێک له ساڵی 2011 ناره‌زایه‌تی دژ به حوکمرانی حوسنی موباره‌ک ده‌ستیپێکرد، دواتر ناویان لێنا "شۆڕشی فه‌یسبوک". له‌م رێگه‌یه‌وه ناحه‌زانی رژێم توانیان دنیای ده‌ره‌وه به روداوه ناوخۆییه‌کانی میسره‌وه ببه‌ستنه‌وه و مسۆگه‌ری پشتگیری بۆ خۆیان به‌ده‌ست بهێنن. Wael Ghonim سه‌رۆکی به‌شێکی گرنگی گوگڵ، ئه‌قڵی پشت شۆرشی فه‌یسبوک بو، ئه‌م زاته، سوڵتانی یه‌که‌می قۆرخکردنی بازاری راگه‌یاندن له دنیادا، توانی ئه‌وه‌ی له هه‌ست و ده‌رونی خه‌ڵکدا ده‌گوزه‌را به‌ره‌و ئه‌نجامدانی کاری دیاریکراو ئاراسته بکات.
له روداوه‌کانی میسره‌وه رۆڵی سۆشیاڵ میدیا زۆر ته‌شه‌نه‌ی کردوه و کاریگه‌رتر بوه، به‌شێوه‌یه‌ک چه‌ندین گوندی بچوک له دنیادا هه‌ن که ئاوی پاکی خواردنه‌وه‌یان نیه به‌ڵام ده‌روازه‌کانی فه‌یسبوک بۆ دانیشتوانانی واڵان. مه‌ودای کاریگه‌ری ئه‌م میدیایه زۆر به‌رفراونتره له ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ و رۆژنامه‌کان.
راگه‌یاندن و شه‌ڕی داعش
کاتێک که‌سێک بیه‌وێت به‌دواداچون بۆ هه‌واڵه‌کانی شه‌ڕی داعش له باشوری کوردستان بکات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سه‌یری که‌ناڵه حیزبیه هه‌مه ره‌نگه‌کان ده‌کات یا سه‌ردانی ماڵپه‌ری حیزبی و ئه‌هلی و بێلایه‌ن ده‌کات، ده‌بێت زۆر به‌ئاگابێت تا سه‌ری لێنه‌شێوێت و ترس و دڵه‌راوکێ به‌ردڵی نه‌گرێت وسهرهداوێکی راستیه‌کانی ده‌ست که‌وێت.
له‌کاتێکدا باشوری کوردستان روبه‌روی مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ی تێرۆریستان بۆته‌وه، له کاتێکدا ده‌یان هه‌زرا خه‌ڵکی ره‌سه‌نی باشور روبه‌روی کوشتن و ته‌عه‌دا و ده‌ربه‌ده‌ری و برسیه‌تی و مردن ده‌بنه‌وه ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ر شانی هه‌موانه به وه‌فایی و خۆشه‌ویستی بۆ خاک و نه‌ته‌وه و دور له ناکۆکی و روانگای حیزبی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ته‌وه مامه‌ڵه له گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا بکات، لێره‌دا راگه‌یاندن رۆڵێکی بێئه‌ندازه کاریگه‌ر ده‌بینێت. به‌ره‌چاوکردنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی راگه‌یاندنی حیزبی و ناحیزبی و ناکۆکی و ململانێکانی سه‌رجه‌م هێزه کوردیه‌کان له باشور و کوردستانی گه‌وره و له غیابی راگه‌یاندنێکی نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ به ئاژانسی هه‌واڵی نیشتمانیشه‌وه ده‌بینین کاریگه‌ری راگه‌یاندنی حیزبی له شه‌ڕه‌که‌دا بێئه‌ندازه زۆره.
چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ک به‌کاری راگه‌یاندنی حیزبی و سێبه‌ر و میدیای ئه‌هلی ئاستێکی نزم و چه‌واشه‌کار و نابه‌رپرسی به‌شێک لێیان له روماڵیکردنی روداوه‌کانی شه‌ڕی داعش ده‌سه‌لمێنێت.
پێش هه‌مو شتێک شێوازی دارشتنی هه‌واڵه‌کان و نمایشکردنیان و ئارایشتهکردنیان به ترش و خوێ و روخساره حیزبیه‌کان بۆته نه‌ریتێکی بێتام و بێ مانا، هه‌ر له بانگه‌شه‌ی حیزبی بۆ هه‌ڵبژاردنێک ده‌چێت، هه‌ڵمه‌تێکی هه‌رزان به‌ها و نامۆ به‌پره‌نسیپه ره‌سه‌نه‌کانی کوردایه‌تی و یه‌کریزی نه‌ته‌وه‌یی که تێیدا په‌راوێزکردنی ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌کانی سه‌رۆکایه‌تی و حکومه‌تی هه‌رێم و قوڵکردنه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کانی چه‌ند لایه‌نێکی کوردی و پاشقول گرتن و که‌مین گرتن به‌زه‌قی به‌رچاو ده‌که‌ون. بێگومان ئه‌م جۆره راگه‌یاندنه تێهه‌ڵکێشی ناوی پێشمه‌رگه و فیداکاریه‌کانی ده‌کرێت تا تابلۆی راگه‌یاندنه‌که بۆ هاوڵاتیان چێژدار و ره‌ونه‌قدار نمایش بکه‌ن. له‌م ئه‌زمونه‌ی شه‌ڕی داعشدا چه‌ندین جار راگه‌یاندن به‌خراپی به‌کارهێنراوه بۆ ده‌سکه‌وتی حیزبی و تؤله‌سه‌ندنه‌وه له یه‌کتر و تێکشکاندنی پێگه و هه‌یبه‌تی یه‌کتر.
له گێژاوی ئه‌م جۆره نهرێنهی راگه‌یاندن دژ بهتێرۆریستان چه‌مکێکی شۆڤێنزمی حیزبیش به‌رچاو ده‌که‌وێت، فوتێکردنه که‌سایه‌تی و کۆماندۆکانی حیزب، به پاڵهوانکردنیان، سه‌رکه‌وتنی به‌رده‌وام و تێكشكاندنی ته‌واوی دوژمن، قۆستنه‌وه‌ی هه‌ڵه و که‌مته‌رخه‌می لایه‌نه‌کانی تر له شه‌ڕه‌که‌دا و که‌مکردنه‌وه‌ی رۆڵیان به‌مه‌به‌ستی شکاندنیان، خۆ نمایشکردنیان وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌و ته‌ره‌فه و ئه‌وانه‌ی لێوه‌ی نزیکن خاوه‌نی شه‌ڕه‌فی به‌رگریکردن و خه‌مخۆری نه‌ته‌وه‌یی بن و ئه‌وانی تری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵاکه‌ی خۆیان له هه‌ساره‌یه‌کی نامۆ هاتبن و شوێن و مه‌قامی جهنابیانیان زه‌وت کردبێت.
به‌ره‌ی شه‌ڕکردنی تێرۆریستان زۆر به‌رفراوانه و پێویستی به‌توانا و دڵسۆزی هه‌مو که‌س و لایه‌نێکی دڵسۆز هه‌یه، ئه‌وانه‌ی دهیانهوویت گۆره‌پانی راگه‌یاندن له‌و شه‌ڕه‌دا بۆ خۆیان قۆرخ بکه‌ن له ئاکامدا خۆیان دوچاری دابران ده‌که‌ن و هه‌وڵه‌کانیشیان له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌ی باشوری کوردستان ناچنه چوارچێوه‌ی راگه‌یاندنێکی نیشتمانی به‌رپرسیاره‌وه. هاوکاتیش ئه‌م بێسه‌روبه‌ریه‌ی ئه‌و جۆره راگه‌یاندنه له‌مه‌ر ئه‌م دۆخه هیچ کاتێک ناچێته چوارچیوه‌ی ئازادی رادهربرینیشهوه، زیاتر له سباقێک ده‌چێت کێ بتوانێت باشترین پروپاگه‌نده بۆ خۆی بکات به‌ده‌ر له کاریگه‌ریه نهرێنهکان له‌سه‌ر شه‌ڕه‌کان و هاوڵاتیان.
تا ئه‌م ساته‌ش ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌رێگه‌ی سۆشیاڵ میدیاکانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن راستیه‌کان بۆ دنیای بیانی رون بکه‌نه‌وه زۆر که‌من، ئه‌وه‌ی زیاتر له‌و گۆره‌پانه‌ی پروپاگه‌نده‌دا گوزه‌ر ده‌کات تیرهاوشتن و تانه‌لێدانی هه‌وادارانی هێزه کورده‌کانه له‌یه‌کتر.
|
Friday, August 8, 2014 |
|
|
Print |
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|
|