به‌شی (4 ) و کۆتایی
کاتێ خه‌ریکی نوسینی ئه‌م به‌شه بووم، چاوپێکه‌وتنی مامۆستا شێرکۆ محمدامین که‌وته به‌رچاو له ( ژ. 313 رۆژنامه‌ی رۆژنامه، 25-09-2008)، زۆر به وردی خوێندمه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌م لێره‌دا هه‌ندێ رونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنوسم.
پرۆسه‌ی په‌روه‌رده
باشی و خراپی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده له کاریگه‌ری ئه‌م فاکته‌رانه به‌ده‌ر ده‌که‌وێت.: پاره، خوێندکار، مامۆستا و پسپۆرانی په‌روه‌رده، پرۆگرامی خوێندن ، قوتابخانه و ماڵ. بۆ بوونی سیسته‌مێکی په‌روه‌رده‌ی باش پێویسته هه‌ر یه‌ک له‌م فاکته‌رانه رۆڵ و جێگای شیاوی خۆی هه‌بێت له‌و پرۆسه‌یه. لێره ده‌مه‌وێ زۆر به کورتی باس له و فاکته‌رانه بکه‌م:
پاره: چه‌ند بوونی پاره گرنگه بۆ دابینکردنی که‌ره‌سته پێویستییه‌کانی په‌روه‌رده، ئه‌وه‌نده‌ش گرنگی له چۆن به کارهێنانێتی.
خوێندکار:
ده‌تواندرێ بوترێ خوێندکار چه‌قی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یه کاتێک هه‌موو جۆره ئازادییه‌ک و هه‌موو پێداویستییه‌کی کارکردنی له به‌ر ده‌ستدا بێت، له وانه:
1- ئازاد بێت له بیرکردنه‌وه، ئازاد بێت له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و خوێندنه‌ی له ئاستی خۆیدایه و ئاره‌زوی لێیه. ئایا له کوردستان دابینکردنی ئه‌م ئازادییه له توانادایه؟ له پۆله‌کانی 7، 8، 9 خوێندکار ده‌توانێ جگه له تیۆری، کاری ده‌ستی وه‌ک دارتاشی، درومان، وێنه کێشان .... بکات، وه‌ک ئه‌وه‌ی له سوید هه‌یه؟ خوێندکار له چه‌قی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌دایه کاتێ بواری هه‌ڵبژاردنی له به‌رده‌ستدا بێت.
2 – له سوید مناڵان له گه‌ڵ کۆمپیوته‌ر له دایک ده‌بن، به ڵام لای ئێمه تا ئێستاش له گه‌ڵ شه‌ڕو و ده‌نگی تفه‌نگدا دێنه دونیاوه. لای ئێمه خوێندکار ده‌توانێ له لاپتۆپه‌که‌ی ئه‌رکه‌کانی ببینێ و ئه‌نجامی بدات؟ له کاتێکدا کۆمیوته‌ر یه‌کێکه له که‌ره‌سته پێویسته‌کانی ئه‌و سیسته‌مه تازه‌یه.
3 – ئه‌و خاڵه‌ی باست کردووه له مه‌ڕ کارکردنی خوێندکاره‌وه زۆر راسته، پێویسته خوێندکار به ئاقاری کارکردن و بیرکردنه‌وه ببرێت و بڕوا به خۆ بوونی لا دروست بێت. به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه ناتوانرێت بنرێت به‌بێ بوونی که‌ره‌سته‌ی پێویست.
4 – پێویسته خوێندکار ئازاد بێت له کارکردن، له پۆلێکدا خوێندکارێک زیاتر ده‌یه‌وێ کار بکات و بکه‌وێته پێش ههڤاڵهکانییه وه، پێویسته بواری پێ بدرێت. له‌م حاڵه‌ته ره‌نگه پێویستی به شوێنێ هه‌بێ کاری لێ بکات. یان به پێچه‌وانه‌وه خوێندکارێک زۆر له سه‌رخۆیه و دره‌نگ تێ ده‌گات، ئه‌میش پێویستی نه‌ک هه‌ر به شوێنی تایبه‌تی هه‌یه به ڵکه پێویستی به سهرپهرشتیاڕی تایبه‌تیش ده‌بێت. ئایا له کوردستانن ئه‌مه مومکینه، به تایبه‌تی له لادێکان؟
5- به پێی سیسته‌می تازه نابێت ژماره‌ی قوتابی له پۆلێکدا له 25 تێپه‌ڕ بکات. ئه‌مه له کوردستان مومکینه؟
6 – کاتێ خوێندکارێک سزا ده‌درێت و له پۆل ده‌رده‌کرێ، نابێت به ڕهڵا بکرێته حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌که، پێویسته له پۆلێکی تایبه‌تدا بێت و مامۆستایه‌ک سه‌رپه‌رشتی بکات. ئایا ئه‌مه له کوردستان مومکینه؟
7 – له قوتابخانه‌یه‌کی کوردستان چه‌ند کۆمپیوته‌ر هه‌یه تا قوتابی بتوانێ کاری له‌سه‌ر بکات؛
8 – له توانادا هه‌یه له قوتابخانه‌یه‌ک له کاتژمێر 8.00 – 13.00 خوێندکار بمێنێته‌وه. له هۆڵه‌ندا له قۆناغی سه‌ره‌تایی له 8،30 بۆ 15،00 خوێندکار له قوتابخانه ده‌مێنێته‌وه، جگه له ڕۆژانی 4 شه‌ممه و هه‌ینی تا 12.30 ؛
9 - له سیسته‌می تازه‌ی خوێندن خوێندکاری سه‌ره‌تایی کتێب ناباته‌وه ماڵه‌وه، چونکه هێچ ئه‌رکی ماڵه‌وه‌ی پێ ناسپێردرێ، هه‌موو ئه‌رکه‌کانی له پۆل جێبه‌جێ ده‌کات. ئه‌مه‌ش ده‌کرێت جێبه‌جێبکرێت کاتێ بتواندرێ خاڵی 8 پیاده بکرێت.
10 – له قوتابخانه‌کانی کوردستان شێوه، به‌رزی کورسی خوێندکار ره‌چاوکراوه. ره‌نگه خوێندکارێکی لۆق درێژ نه‌توانێ رێک دانێشێ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی کێشه و ناڕه‌حه‌تی له پۆلدا؛
11 – بۆ نموونه مناڵێک نایه‌وێ یان ناتوانێ، شیعر یا ئایه‌تی قورئان ده‌رخ بکات، ئه‌م خوێندکاره تا چه‌ند ئازاده؟
12- هه‌ر مناڵیك له سوید هاوکاری مانگانه‌ی مادی هه‌یه، له کوردستان ئه‌مه مومکینه؟
13- ده‌تواندرێت له کوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ی له سوید هه‌یه، بۆ خوێندکاران هۆکاری گواستنهوهدابین بکرێت، به تایبه‌تی له لادێکان؟
14 – جگه له گۆڕه‌پانی قوتابخانه، مناڵ بۆ پشودان پێویستی به هۆڵی گه‌وره هه‌یه.
بوونی ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه بڕیار ده‌ده‌ن، مناڵ له کوێی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌دایه؟
مامۆستا و پسپۆرانی په‌روه‌رده
له بواری په‌روه‌رده مامۆستا ماندوترین که‌سه له رووی، جه‌سته‌یی، ده‌رونی، بینین، مه‌ترسی ته‌ندروستی، پێویستی به خۆ نویکردنه‌وه و تازه‌گه‌ری و خۆراکی به‌رده‌وام هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له گه‌ڵ گۆڕانه به‌رده‌وامه‌کانی په‌روه‌رده بڕوات. له مانه گرنگتر پێویسته مامۆستا توانای داهێنانی زانستی و په‌روه‌رده‌یی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش به بێ بوونی کات و دابینکردنی پێداویستییه‌کانی ژیان ناکرێت. رۆڵی مامۆستا کارا ده‌بێت کاتێ:
1- ژماره‌ی ئه‌و وانانه‌ی له هه‌فته‌یه‌کدا ده‌یڵێته‌وه نابێت له 25 وانه‌ی 50 خوله‌کی تێپه‌ڕ بکات؛
2- مامۆستا ده‌بێت ئازاد بێت له هه‌فته‌یه‌کدا چه‌ند وانه ده‌ڵێته‌وه، به تایبه‌تی به ساڵا چوه‌کان. بڕی موچه‌که‌شی به گوێره‌ی کارکردن بێت؛
3 – مامۆستا ئازاد ده‌بێت له هه‌ڵبژاردنی شوێنی کارکردن. لێره پێویست ده‌کات دامه‌زراندنی مه‌رکه‌زی نه‌مێنێت؛
4 - بۆ ته‌ندروستی مامۆستا پێویسته ته‌باشیری تۆزاوی و ته‌خته ره‌شه کۆنه‌کان لا ببرێن؛
5 – مامۆستا نابێت کێشه‌ی نیشته‌جێ و بژێوی ژیانی هه‌بێت؛
6 – پایه‌ی مامۆستا نابێت له پایه‌ی ئه‌ندازیار و موچه‌خۆره‌کانی تری ده‌وڵه‌ت که‌متر بێت؛
7 – له پشووی هاوێن مامۆستا نابێت به خولی په‌روه‌رده‌ییه‌وه خه‌ریک بکرێت. لێره پێویست ده‌کات پشوی هاوین که‌م بکرێته‌وه. له هۆڵه‌ندا پشوی هاوین 6 هه‌فته‌یه.
8 – پێویسته ساڵانه پله‌ی مامۆستایی به‌رز بکرێته و به‌و گوێره‌یه‌ش موچه‌که‌ی زیا ببێت؛
9 – باشتر وایه به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه به‌شداری وانه وتنه‌وه بکات به چه‌ند وانه‌یه‌ک؛
10 – له قوتابخانه پێویسته مامۆستا شوێنی پشودان و خواردنی باشی هه‌بێت؛
11 – مامۆستا پێویسته ته‌ئمینی نه خۆشی و ژیانی بۆ بکرێت. خانه‌نشینی پێشوه‌خت و دوا وه‌خت ره‌چاو بکرێت؛
پرۆگرامی خوێندن
پرۆگرامی خوێندن پێویسته:
1- له توانای ئاسته جیاجیا کانی خوێدنکار بێت، ( بڕوانه هێڵکاری سیسته‌می هۆڵه‌ندی)؛
2- له داڕشتنیدا ده‌بێت ره‌چاوی پێداویستییه‌کانی بازار بکرێت، له ئێستا‌و دواڕژ ( به لای که‌مه‌وه ده‌ساڵ ). ئه‌مه یه‌کێکه له هه‌ڵه خه‌ته‌رناکه‌که‌ی سسته‌می په‌روه‌رده‌ی کوردستان، تادێت ژماره‌ی ده‌رچوانی زانکۆ به راده‌یه‌ک زۆر ده‌بێت بازاڕی کار ناتوانێت جێیان بکاته‌وه؛
3 – ده‌بێت زیاتر باس له روداو‌و دیارده به‌رچاوه‌کان بکات، به به‌کارهێنانی نمونه‌ی زیندوی ژیانی رۆژانه ( به تایبه‌تی له بواری بیرکاری، فیزیا و کیمیا) ؛
4 - پێدابگرێت له‌سه‌ر یه‌ک شێوه زمانی پارا و روون؛
5 – بۆ فێربوونی زمانی بێگانه دیاری بکرێت دوای چه‌ند ساڵ مه‌به‌ست ده‌بێ بپێکێندرێ، پۆچی پێویسته بخوێندرێ. زمانی عه‌ره‌بی نابێت به زمانی بێگانه دابنرێت چونکه وه‌ک کوردی زمانی ده‌وڵه‌ته. مانگرتنی خوێندکارانی کۆلیجی یاسا له زانکۆی که‌رکوک به‌ڵگه‌ی بوونی که‌موکوڕی زۆره له به‌رنامه‌ی فێربونی زمانه‌کان؛
6 – به هیچ شێوه‌یه‌ک لاسایی سیسته‌مه‌کانی وڵاتانی تر نه‌کاته‌وه به تایبه‌تی وڵاتانی پێشکه‌وتوو، ده‌کرێت سودیان لێ ببیندرێت؛
قوتابخانه : ( ئیداره، به‌ڕێوه‌به‌ر، مامۆستا، خوێندکار ...تاد)
جگه له‌وه‌ی قوتابخانه سه‌رجه‌م پێداویستییه مادییه‌کانی پێویسته. له سیسته‌می نوێی خوێندن پێویستی به:
1- سه‌ربه‌خۆیی له گۆڕان له شێوه‌ی پرۆگرام نه‌ک ناوه‌ڕۆک؛
2- دانانی خشته‌ی تایبه‌ت به وانه وتنه‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ی له باره، ده‌کرێت له قوتابخانه‌یه‌ک هه‌فتانه 3 جار وانه‌ی بیرکاری بوترێته‌وه له یه‌کێکی تر 5 جار؛
3 – قوتابخانه ده‌بێت ساڵانه بودجه‌ی ( پێداویستی ئیداری، موچه‌ی مامۆستا و کارمه‌ندان) بۆ دابینبکرێت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی قوتابخانه له دابه‌شکردنی پهربرسیار بێت؛
4 – لیژنه‌ی تایه‌به‌تی قوتابخانه کاری هه‌ڵسه‌نگاند و وه‌رگرتنی مامۆستا له ئه‌ستۆ بگرێت و بڕیاری وه‌رگرتن بدات. ده‌کرێت مامۆستایه‌ک بۆ چه‌ند وانه‌یه‌ک له هه‌فته‌دا دابمه‌زرێت. دامه‌زراندن به شێوه‌ی هه‌میشه‌یی یان به شێوه‌ی گرێبه‌ستی کاتی. ده‌توانرێت ماوه‌ی گریبه‌سته‌که بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی مامۆستای تازه بێت له روی په‌روه‌رده‌ییه‌وه. به کورتی له سیسته‌می تازه پێویسته قوتابخانه سه‌ربه‌خۆیی له بڕیارداندا پێوه دیار بێت، ناوه‌ندیش ده‌ست له هه‌ندێ ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌ڵگرێ. له زاخۆ چه‌ند مامۆستایه‌کم بینی، ره‌خنه‌یان له قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات هه‌بوو له لایه‌ن ده‌زگاکانی سه‌ره‌وه‌ی په‌روه‌رده، وه‌ک نمونه باسی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که بۆ کڕینی زۆر شتی بچوک پێویسته داوا له سه‌ره‌وه بکه‌ین، جاری وایه جێبه‌جێکردنیان چه‌ند مانگێکی پێ ده‌چێت؛
به کورتی له سیسته‌می تازه پێویسته قوتابخانه خاوه‌ن بڕیار بێت له پرۆسه‌که‌دا.
لێره ده‌پرسم، له کوردستان ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان دابه‌شبووه، یان له یه‌ک شوێندا چڕ بۆته‌وه؟.
قوتابخانه و ماڵ
له سوید مناڵ له ته‌مه‌نی 1،5 ساڵییه‌وه له ژێر کاریگه‌ری قوتابخانه‌یه. له کوردستان به بێچه‌وانه‌وه تا ته‌مه‌نی 6 ساڵی له ژێر کاریگه‌ری دایک و باوک و گه‌ڕه‌کدایه. له ته‌مه‌نێک توانای وێنه‌گرتنی ده‌وروبه‌ر لای مناڵ له‌و په‌ڕی به هێزبووندایه، ئه‌و وێنانه‌ی هه‌رگیز مناڵ بییری ناچێته‌وه.
کاتێ مناڵ له 6 ساڵی دێته پۆله‌وه، ته‌نها جه‌سته‌ی ناهێنێ، به‌ڵکه ره‌وشت و قسه‌کانی باوک و دایک و ده‌وروبه‌ریش له گه‌ڵ خۆی دێنێ. واته له پۆلی یه‌که‌وه دوور نییه هێنده‌ی ژماره‌ی خوێندکاری پۆل، راو ره‌وشت و بۆچونی هه‌مه‌جۆری تێدا بێت. ئه‌مش ماوه‌یه‌کی زۆری ده‌وێ تا خوێندکار به که‌لتوری زانستیانه‌ی تازه ئاشنا بێت.
له کاتی قوتابخانه‌شدا له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی باوک و دایکان نه‌خوێنده‌وارن، دروستبونی په‌یوه‌ندی له نێوان هه‌ردوولادا تا راده‌یه‌ک قورسه به تایبه‌تی له لادێکان. بۆیه ده‌بێت له‌م بواره کاری باش بکرێت. له‌م باره‌وه پێشنیار ده‌که‌م: به شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن له دایک و باوکان به تایبه‌تی له شاره‌کان لیژنه‌یه‌ک دروست بکرێت و شوێنی تایبه‌تییان له قوتابخانه بۆ دابین بکرێت، ئه‌رکیان بریتی بێت له:
1- رێکخستنی په‌یوه‌ندی نێوان قوتابخانه و ماڵه‌وه؛
2- له ساڵێکدا 3 جار باوک یان دایکی مناڵ بانگ بکرێن بۆ قوتابخانه، هه‌ر یه‌که بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو به پێی مه‌وعد له گه‌ڵ مامۆستای هه‌ر وانه‌یه‌ک قسه بکه‌ن له سه‌ر گیروگرفتی مناڵه‌کانیان له‌و وانه‌یه. باشتر وایه له دوای ده‌وام و ئێواران ئه‌م چاوپێکه‌وتنه ئه‌نجام بدرێت.
3 – بانگکردنی دایک و باوکی خوێندکار له کاتی دروستبونی هه‌ر کێشه‌یه‌ک یان هه‌ر که‌موکوڕییه‌ک؛
4 - رێکخستنی ئێواره‌خوان ( چای یان قاوه خواردنه‌وه) له قوتابخانه بۆ باوک و دایکی قوتابیان، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه له‌م بۆنه‌دا باسێکی قوتابخانه‌که‌یان بۆ بکات؛
5 – ده‌رکردنی نامێلکه‌یه‌کی مانگانه ده‌رباره‌ی چالاکییه‌کانی قوتابخانه و دابه‌شکردنی به‌سه‌ر دایک و باوکاندا.
له‌م زنجیره وتاره هه‌وڵم دا مامۆستایانی کوردستان زیاتر ئاشنا بن به چۆنیه‌تی سیسته‌می تازه به پێی پێوه‌ری په‌روه‌رده‌یی. ئێستاش پسپۆرانی په‌روه‌رده ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر جۆری ئه‌م سیسته‌مه‌ی ئێستای کوردستان بده‌ن له نێوان تازه و کۆندا، له زیان و قازانجی پیاده‌کردنی له کوردستان!!.