مادده‌ی 140 دوا ده‌رفه‌تی مێژوویی له به‌رده‌م کورددا
Saturday, August 25, 2007 |
|
|
راپۆرت: فرمان عه‌بدولره‌حمان / سیروان ره‌شید
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕیاره له كۆتایی ساڵی 2007 دا مادده‌ی 140 ی ده‌ستوری عیراقی تایبه‌ت به دیاریكردنی چاره‌نووسی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی تری كوردستان و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم جێبه‌جێبكرێت، كه ئایا ده‌چنه سه‌ر سنووری هه‌رێمی كوردستان یاخود له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدا ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام پێناچێت هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده ده‌ستورییه هیچ دڵخۆشییه‌ك بۆ لایه‌نی كوردی مسۆگه‌ر بكات، چونكه تائێستا بڕگه‌كانی مادده‌ی 140 وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستوردا دیاریكراوه جێبه‌جێ نه‌بووه.
رائید فه‌همی سه‌رۆكی لیژنه‌ی حكومیی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ سایتی سبه‌ی دانی به‌وه‌دانا كه جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 دواكه‌وتووه، هه‌رچه‌نده وتیشی: "ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین په‌له‌بكه‌ین له جێبه‌جێكردنی قۆناغی یه‌كه‌م كه بریتییه له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه كوردانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانه عه‌ره‌بانه‌ی ده‌ڕۆنه‌وه بۆ ناوچه‌كانیان له ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق".
به‌ڵام پێناچێت ئه‌م لێدوانانه مایه‌ی خۆشحاڵی لایه‌نی كوردی بێت چونكه بڕیاربوو قۆناغی یه‌كه‌م مانگی سێی رابردوو جێبه‌جێبكرایه.
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی ئهلحورهدا له سه‌ره‌تای مانگی ئابدا ناڕه‌زایی توندی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراقی بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی بڕگه‌كانی مادده‌ی 140.
سه‌رۆكی هه‌رێم له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا به زمانێكی توندی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز رایگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر مادده‌ی 140 جێبه‌جێ نه‌كرێت ئه‌وه شه‌ڕی ئه‌هلی له‌عیراقدا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه به‌رپاده‌بێت، بۆیه ئێمه ناهێڵین بۆچوونی بیانییه‌كان سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر واقیع و مێژووی كه‌ركوكدا".
له مێژووی سیاسی هاوچه‌رخی كورددا ئه‌و ناوچانه‌ی پێكهاته ئیتنۆگرافییهكانیان تێكه‌ڵه‌یه‌كن له كورد و عه‌ره‌ب و كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی تر به تایبه‌ت پارێزگای كه‌ركوك، به‌رده‌وام خاڵی ناكۆكی و هۆكاری سه‌ره‌كی سه‌رنه‌گرتن و شكستخواردنی رێككه‌وتننامه و دانوستانه‌كانی نێوان كورد و حكومه‌ته جیاوازه‌كانی عیراق بووه.
شكستی هه‌ر یه‌كه له پرۆسه‌ی گفتوگۆكانی نێوان لایه‌نی كوردی و حكومه‌تی عیراقی له ساڵی 1963 و 1974 و 1984 و 1991 دا هۆكاره‌كه‌ی حساب نه‌كردنی كه‌ركوك بووه له‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌ی كه حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا بۆ كورد به‌ڕه‌وای ده‌بینی ئه‌ویش هه‌ر سێ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆكی ده‌گرته‌وه.
جه‌لال تاڵه‌بانی له 28ی شووباتی 1991 له گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فونیدا له‌گه‌ڵ به‌شی عه‌ره‌بیی ده‌نگی ئه‌مریكادا له وه‌ڵامی پرسیاری به بنبه‌ست گه‌یشتن و سه‌رنه‌گرتنی رێككه‌وتننامه‌ی 1991، رایگه‌یاند: "حكومه‌تی عیراق به هیچ شێوه‌یه‌ك قایل نه‌بووه ئاواره‌كانی كه‌ركوك بگه‌ڕێنه‌وه بۆ كه‌ركوك و رازیش نه‌بووه كه‌ركوك بخرێته سه‌ر هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی پێدراو".
بۆ كورد جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك شه‌ڕی مان و نه‌مانه و دوا ده‌رفه‌تی مێژوییه له‌به‌رده‌میدا بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و شاره ستراتیژییه‌ی كه شكستی هه‌موو گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ رژێمه جیاوازه‌كانی پێشووی عیراقدا له‌سه‌ر ته‌وه‌ری كه‌ركوك بووه، كه به بڕوای سه‌ركرده كورده‌كان ئه‌گه‌ر كاتی خۆی به‌و ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازانه رازی بوونایه كه به‌بێ شاری كه‌ركوك به كورد ده‌درا، له مێژبوو هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی مافی ئۆتۆنۆمی بووه و رووبه‌ره‌كه‌شی زۆر له‌وه‌ی ئێستای زیاتر ده‌بوو.
رووبه‌ری ئه‌و ناوچانه‌ی تاوه‌كو رووخانی رژێمی به‌عس له 9ی نیسانی 2003 دا له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا بوون 29386 كیلۆمه‌تر دووجا بووه له كۆی 78881 كیلۆمه‌تر دووجای سه‌رجه‌م خاكی هه‌رێم، واته نزیكه‌ی 32% ی خاكی هه‌رێم تائێستا له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه.
هه‌رچه‌نده له دوای رووخانی رژێمه‌وه چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه به‌ستراونه‌ته‌وه به مادده‌ی 140 ه‌وه، به‌ڵام ئه‌و مادده یاساییه‌ی ده‌ستوری عیراقیش پێناچێت له‌به‌رده‌م هێزه توندڕه‌وه نێوخۆیی و ئیقلیمییه‌كاندا زامنی به‌رجه‌سته بوون بێت.
د. عه‌لا مه‌كی ئه‌ندام پارله‌مانی عیراق سه‌ر به لیستی به‌ره‌ی ته‌وافوق بێ پێچ و په‌نا له‌لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی رۆژنامه ئاشكرایكرد به‌ره‌ی ته‌وافوق به هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نین مادده‌ی 140 جێبه‌جێبكرێت. د. عه‌لا مه‌كی كه سیاسییه‌كی عه‌ره‌بی سوننه‌یه وتی: "جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 به‌و قۆناغانه‌ی كه له‌ده‌ستوردا هاتووه زیاتر ورده‌كاری پێویسته و ده‌بێت گفتوگۆی زیاتری له‌سه‌ر بكرێت" هه‌روه‌ها وتیشی: " ئێمه وه‌كو به‌ره‌ی ته‌وافوق له‌گه‌ڵ دواخستنیدا نین، به‌ڵكو دژی جێبه‌جێكردنی خودی ماددهكهین".
شاری كه‌ركوك یه‌كێكه له شاره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی جیهان له رووی سامانی نه‌وته‌وه، رووبه‌ری شاره‌كه 18086 كم دووجا بووه پێش دابڕینی هه‌رسێ قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و كفری و دووزخورماتوو له كه‌ركوك به‌پێی مه‌رسومی كۆماریی ژماره 41 له 29ی كانوونی دووه‌می 1976دا.
كه‌ركوك مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه و خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی ئیتنۆگرافی تێكه‌ڵه و چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازی تێدا ده‌ژی، به پێی ئاماری ساڵی 1957 رێژه‌ی كورد له‌و پارێزگایه 48.3% و رێژه‌ی عه‌ره‌ب 28.2% و رێژه‌ی توركمان 21.4% و رێژه‌ی كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی تریش 2.1% بووه.
به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و پاكتاوی نه‌ژادی و پرۆسه‌ی ته‌عریبه‌ی رژێمی پیشوو له‌شاره‌كه‌دا ئه‌نجامی داوه و ئه‌و ده‌خاله‌ت و خۆتێههڵقورتانهی وڵاتانی ئیقلیمی و ناوچه‌كه ده‌یكه‌ن بارودۆخی شاره‌كه ته‌واو ئاڵۆزبووه و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ی خاوه‌ندارێتی شاره‌كه ده‌كات بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی،
به‌ره‌ی توركمانی و حزبه توركمانه‌كانی تر له‌و لایه‌نانه‌ن كه ته‌واو قه‌ڵسن به باسكردنی مادده‌ی 140.
حزبی توركمان ئیللی كه یه‌كێكه له حزبه‌كانی ناو به‌ره‌ی توركمانی به‌م دواییه له‌نامه‌یه‌كیاندا بۆ رائید فه‌همی سه‌رۆكی لیژنه‌ی حكومی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، له شه‌ش خاڵدا داوای دواخستنی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و ئه‌نجامدانی راپرسیان كردبوو بۆ 8 ساڵی تر.
عه‌لی مه‌هدی جێگری سه‌رۆكی حزبی توركمان ئیللی وتی: ئێمه له‌گه‌ڵ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی شاری كهركوكداین، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ئه‌وه به پێی چه‌ند بنه‌مایه‌كی دیاریكراو بێت و ده‌مانه‌وێت راگوێزراوهكانیش بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شاری كه‌ركوك، به‌لام نه‌ك به‌و فه‌وزایه‌ی كه له سێ ساڵی رابردوودا روویداوه".
له‌لایه‌كی تره‌وه توركمانه‌كان پێداده‌گرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك ره‌وانه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بكرێت.
جه‌مال شان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ته‌نفیزی به‌ره‌ی توركمانی وتی: "مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك وه‌كو كێشه‌ی دارفۆر و كۆسۆڤۆ وایه و ده‌بێت نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌شداری بكات له چاره‌سه‌ر و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌دا".
ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه كه كورده‌كان راسته‌وخۆ و بێ هیچ گفتوگۆیه‌ك ره‌تیده‌كه‌نه‌وه، چونكه وه‌كو هه‌ندێك له لێپرسراوانی كوردی باسی ده‌كه‌ن ئه‌و ئه‌زموونه خراپ و بیرۆكراسییهی كورد هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوه‌دا به تایبه‌تی له‌و كاته‌ی كه بڕیاری 986 ی نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆراك له ئارادابوو، ترسێكی سیاسی خستۆته دڵی سه‌ركردایه‌تی كوردییه‌وه به‌رامبه‌ر هه‌ر رۆڵێكی میحوه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140دا.
قادر عزیز نوێنه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ به‌دواداچوونی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 وتی: "هه‌وڵدان بۆ ناردنی مه‌له‌فی كه‌ركوك بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یه‌كێكه له پلانه سیاسییه‌كانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی دژی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 وه‌ستاون".
رۆژی 11ی ئابی 2007 بان كی مۆن سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به بڕیاری ژماره 1770 ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر رۆڵبینینی زیاتری رێكخراوه‌كه له عیراق و درێژه‌پێدانی ئه‌ركه‌كانی نێردراوی هاریكاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ عیراق (unami).
هه‌رچه‌نده له زیادكردنی رۆڵی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌عیراقدا هیچ ئاماژه‌یه‌ك به‌وه نه‌دراوه كه رێكخراوی ناوبراو ده‌سه‌ڵاتی ده‌خاله‌تكردنی هه‌بێت له مه‌سه‌له‌ی مادده‌ی 140، به‌ڵام له یه‌كێك له بڕگه‌كانی مادده‌ی 140دا هاتووه سه‌باره‌ت به میكانیزمی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌زا و ناحیه دابڕاوه‌كانی كه‌ركوك، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار نه‌یتوانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كلایی بكاته‌وه ئه‌وا داوا له سكرتێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كرێت نوێنه‌رێك یان تیمێك بۆ ناوبژیوانی و تهحكیمكردن ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه بكات بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه.
سه‌رباری هه‌موو ئه‌و نیگه‌رانی و بۆچوونه جیاواز و ئاڵۆزانه‌ی سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كه‌ركوك له‌نێو پێكهاته سیاسی و تائیفییه جیاوازه‌كاندا له‌ئارادایه، به‌ڵام ره‌نگه له‌ئێستادا تۆپ له گۆڕه‌پانی لایه‌نی كوردیدا چووبێته ده‌ره‌وه ده‌رحه‌ق به بردنه‌وه‌ی گره‌وی كێشه‌ی كه‌ركوك.
رۆژنامه‌ی زه‌مانی توركی له زاری رایان كرۆكه‌ر باڵیۆزی وڵاته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له عیراق، بڵاویكرده‌وه كه ریفراندۆمی شاری كه‌ركوك له كۆتایی ئه‌مساڵدا ئه‌نجام نادرێت له‌به‌ر بوونی كه‌مته‌رخه‌می بۆ ئه‌نجامدانی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی شاره‌كه، كه ده‌بوایه له‌ئێستادا به‌شێكی زۆری ئه‌و قۆناغانه ته‌واو بوونایه، بۆیه نابراو به دووری زانی ریفراندۆم واته دیاریكردنی چاره‌نووسی كه‌ركوك له كۆتایی ئه‌مساڵدا ئه‌نجامبدرێت.
ئه‌گه‌رچی سه‌ركردایه‌تی كوردی به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له به‌غدا تۆمه‌تبار ده‌كات سه‌باره‌ت به دواكه‌وتنی مادده‌ی 140، به‌ڵام به‌پێی راپرسییه‌كی سایتی سبه‌ی كه 1142 كه‌س به‌شداریان تێداكردووه، 72%ی ئه‌و به‌شداربوانه لایه‌نی كوردی به به‌رپرسیاری جێبه‌جێ نه‌بوونی مادده‌ی 140 ده‌زانن.
له 9 نیسانی 2003 ه‌وه ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له كه‌ركوك نه‌ما و كورد جڵه‌وی حوكمڕانی ئه‌و شاره‌ی گرته ده‌ست، له كۆی 63 فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌ركوك زیاتر له نیوه‌ی به ده‌ست كورده‌وه‌یه، جگه له پۆسته‌كانی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و قائیمقامییه‌تی شاره‌كه. به‌ڵام به بڕوای زۆربه‌ی چاودێرانی سیاسی خراپی ئه‌دای ئیداره‌ی كورد له كه‌ركوك له دوای پرۆسه‌ی ئازادییه‌وه رووخسارێكی ناشرینی له حوكمڕانی كورد لای نه‌ته‌وه‌كانی تری شاره‌كه دروستكردووه.
|
|
Print |
|
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|
|