ئاماده‌كردنی: ئارام ره‌فعه‌ت
ده‌ستپێک
ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ڕوخانی رژێمی به‌عس دا، پارته سه‌ره‌کیه‌کانی کوردستان بڕیای گرێدانه‌وه‌ی چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستانیان به عێڕاقه‌وه دا و شێلگیرانه و بێ پسانه‌وه له بونیاد نانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌رتاپا داڕوخاوی عێڕاق دا به‌شدار بوون و هه‌ن. له به‌رامبه‌ریشدا واده‌ی ئه‌وه‌یان به خه‌ڵکی کوردستان داوه که به دوو مشتی پڕه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ کوردستان. له مشتێک دا سه‌نه‌دی به یاسایی کردن و به‌ڕه‌سمی ناسینی ستاتۆی نیمچه سه‌ربه‌خۆی کوردستان و به فیدڕاڵیزه کردنی سیسته‌می حوکم له عێڕاق دا وه له مشتێکی تریش دا ڕه‌چه‌ته‌ی ساڕیژ کردنی برینێکی هه‌شتا ساڵه‌ی گه‌لی کوردستان (واته که‌رکوک و ناوچه داگیرکراوه‌کانی تر) به دیاری ده‌هێننه‌وه. ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا ئه‌م وڵاته عێڕاقی سوننه بووبێت و ئه‌وان حوکمڕان و بڕیار به‌ده‌ستی سه‌ره‌کی بووبن ئه‌وا له عێڕاقی "تازه" دا ئه‌م ڕۆڵه به شیعه‌کان بڕاوه و له حوکمڕانی و قه‌ڵه‌مڕه‌وی دا پشکی شێر به‌ر ئه‌وان که‌وتووه و ده‌کرێت که به عێڕاقی شیعه ناو بنرێت. بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له وه تێ بگه‌ین که چه‌نده مافه‌کانی گه‌لی کوردستان له عێڕاق دا دابین ده‌کرێن و ئامانجه‌کانی به‌دی دێن پێویسته که له سروشت و خه‌سڵه‌تی حاکمانی تازه‌ی عێڕاق، واته ڕه‌وت و پارته سیاسیه‌کانی شیعه تێ بگه‌ین. ئه‌م بابه‌ته هه‌وڵیکه به‌و ئاقاره‌دا. له ڕێگای ناساندن و پۆلێن کردنی ڕه‌وته کاریگه‌ره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای شیعه، وه به تیشک خستنه سه‌ر ئه‌و فاکته‌ره سه‌ره‌کی و لایه‌نه شاراوانه‌ی که تان و پۆی سیاسی و ئایدیۆلۆژی جوڵانه‌وه شیعیه‌کان پێک دێنێت، هه‌وڵ ده‌ده‌م که ده‌رهه‌ق به هه‌ڵوێست و تێڕوانینی ئه‌و ڕه‌وتانه له‌سه‌ر خواست و مافه‌کانی گه‌لی کوردستان (به‌تایبه‌ت سه‌نه‌دی فیدڕاڵیزم و ڕه‌چه‌ته‌ی زامی که‌رکوک) تێگه‌یشتن و به‌رچاو ڕوونیه‌ک به خوێنه‌ر ببه‌خشم.
شیعه و سیسته‌می فیدڕاڵی
له ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌باخی 2005 وه لهجهرگهی کێشمه‌کێش و ئاڵۆزی نێوان نوێنه‌رانی کوردستان و دوو پێكهاته سه‌ره‌کیه‌که‌ی تری عێراق (شیعه و سوننه) له‌سه‌ر بڕگه و به‌نده‌کانی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی، عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لحه‌کیم رابه‌ری ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆرشی ئیسلامی له عێراق، بانگه‌وازی دامه‌زراندنی هه‌رێمێكی شیعه‌ی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی کوردستانی کرد. ئه‌و هه‌رێمه پێشنیار کراوه‌ی ئه‌لحه‌کیم، که یه‌که‌م جار بوو له‌به‌رده‌م میدیاکان و رای گشتی به فه‌رمی رای بگه‌یه‌نێت، هه‌وڵێک بوو بۆ به‌یه‌که‌وه گرێدان و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نۆ پارێزگا شیعه نشینه‌کانی ناوه‌ڕاست و باشورری عێراق له یه‌ک سوپه‌ر هه‌رێمی فیدرالی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و سیاسی و ئابووری به‌رفراوان دا که له سایه‌یدا قه‌ڵه‌م ره‌وی به‌غدا به‌سه‌ر هه‌رێمه پێشنیار کراوه‌که‌دا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر لاواز و که‌م ڕه‌نگ ده‌بێته‌وه.
ئه‌م ئامانج و ستراتیژه تازه‌یه‌ی ئه‌لحه‌کیم به وه‌رچه‌رخانێکی گرنگ له سروشت و ئامانجی ئه‌و پارته و وه به ئاڵوگۆڕێکی گرنگ له مێژووی جوڵانه‌وه‌ی شیعه‌کان به تایبه‌تی و عێراق به‌گشتی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. بۆ یه‌که‌م جار بوو که له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان هێزێکی سیاسی عێراقی به شکڵێکی ڕاشکاوانه وه به ئه‌لته‌رناتیڤێکی ڕۆشن داوای فیدرالی بۆ هه‌رێمێک بکات. بانگه‌وازه‌که‌ی ئه‌لحه‌کیم هاوسه‌نگییه‌کی تازه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی به‌رقه‌رار کردنی سیسته‌مێکی فیدرالی له عێراقدا درووست کرد. خواستی ئه‌لحه‌کیم بۆ فیدراڵی، ئارایشیکی تازه‌ی به تابلۆی هاوپه‌یمانێتی نێوان هێزه کوردستانی و عێراقیه‌کان به‌خشی و جۆرێک له هاوده‌نگی و هاوسۆزی له نێوان پارته سیاسیه‌کانی کوردستان وه ئه‌نجومه‌نی باڵا دروست کرد. ئه‌م دوو لایه‌نه له دانوسان و ململانێی نوسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوور دا پێکه‌وه پشتگیری‌یان له سیسته‌مێکی فیدراڵی کردووه و ده‌که‌ن که له ڕووکه‌ش دا له سه‌ر بنه‌مای جوگرافی به‌ڵام له ناوه‌رۆکدا نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی (فره‌نه‌ته‌وه‌یی)ه. له ژێر فشار و پێ داگری ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا، بڕگه‌کانی تایبه‌ت به سیسته‌می فیدڕاڵی بۆ وه به‌تایبه‌ت بڕگه‌کانی 116-121 خرانه سه‌ر ره‌شنووسی ده‌ستووری عێراقی که پێداگیری له سه‌ر مافی یه‌ک یان زیاتر له پارێزگایه‌کی عێڕاقی ده‌که‌ن که به ره‌زامه‌ندی دوو له‌سه‌ر سێی دانیشتوانی پارێزگاکه هه‌رێمێکی فیدراڵی دابمه‌زرێنن. هه‌ر به هاوکاری و هاوپشتی لایه‌نه کوردستانی و شیعییه‌کان، له ریفراندۆمی گشتی که بۆ ده‌نگ دان له‌سه‌ر ده‌ستووری عێراقی له مانگی ده‌ی 2005 دا له سه‌رتاپای عێراقدا به رێخرا، ئه‌و دوو لایه‌نه توانیان ده‌نگی پێویست بۆ ده‌رچوونی ده‌ستووره‌که کۆ بکه‌نه‌وه.
چ له کاتی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و چ له ریفراندۆمی گشتی له‌سه‌ر ده‌ستووره‌که، سیسته‌می فیدراڵیزم و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی که په‌یوه‌ستن یان کاریگه‌ر ده‌بن به چه‌سپاندن و نه‌چه‌سپاندنی ئه‌و سیسته‌مه‌وه، وه‌ک چاره‌نووسی که‌رکوک و دابه‌ش کردنی سامانه سروشتیه‌کان و شوناسی وڵات، مه‌کۆی گفتوگۆ و ناکۆکی و دهرگیریهکان بوون له نێوان سێ پێکهاته سه‌ره‌کییه‌که‌ی عێراقدا. بێجگه له‌وه‌ش، پێکهاته ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی عێراقیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌نگیان له دژ یان بۆ ده‌ستوور دا. بۆیه ده‌کرێت که ده‌نگدان به ده‌ستوور وه‌ک ده‌نگدان به فیدرالیزم بقه‌بڵێنین. به مانایه‌کی تر، ره‌ت کردنه‌وه‌ی ده‌ستوور له لایه‌ن له سه‌دا نه‌وه‌دی سوننه‌کان ده‌کرێت وه‌ک ره‌ت کردنه‌وه‌ی فیدرالیه‌ت چاو لێ بکرێت وه به هه‌مان شێوه‌ش ده‌نگدانی هه‌مان رێژه‌ی کوردستانیان و شیعه‌کان به ده‌ستوور ده‌کرێت وه‌ک ده‌نگدان به فیدرالیزم بخهمڵینرێت. ده‌ره‌نجام فیدرالیزم وه‌ک پرۆژه و به‌دیلی کوردستانیان و شیعه بۆ عێراقی ئاینده پێناسه ده‌کرێت و سه‌رکه‌وتنی ده‌ستووریش وه‌ک سه‌رکه‌وتنی فیدرالیزم ته‌ماشا ده‌کرێت.
به‌ڵام، ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق و بڕگه‌کانی ده‌ستوور و پڕۆسه‌ی ده‌نگدان له سه‌ر ده‌ستووره‌که رووناکی بخه‌ینه سه‌ر هه‌ڵوێستی شیعه‌کان له‌سه‌ر فیدرالیزم، ئه‌وا ده‌توانرێت که واقیعێكی ته‌واو جیاواز په‌ی پێ ببرێت. بێجگه له ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی له عێراق، باقی هێز و لایه‌نه‌کانی تری شیعه، له‌بابه‌تی ره‌وتی ئه‌لسه‌در و حزبی فه‌زیله وه زۆربه‌ی باڵه‌کانی حزبی ده‌عوه، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سیسته‌می فیدراڵی ره‌ت ده‌که‌نه‌وه. ڕوونتر بڵێین به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چاودێرانه‌ی که پێ له‌سه‌ر مکوڕی شیعه‌کان له سه‌ر فیدرالیه‌ت بۆ عێڕاق داده‌گرن، فیدرالیزم پرۆژه‌یه‌ک یان خواستێکی هاوبه‌شی شیعه‌کان نییه و ئه‌لته‌رناتیڤێک نییه که ئه‌وان له‌ده‌وری گرد بووبنه‌وه، به‌ڵکو فیدرالیزم وه یان ئه‌لته‌رناتیڤی حوکم بێجگه له‌وه‌ی که هۆکارێکی تره که هێز و لایه‌نه شیعیه‌کانی زیاتر ناکۆک و دابه‌ش کردووه، باشترین ئامرازیشه بۆ ناسینه‌وه و پۆلێن کردنی هێزه شیعه‌کان و هه‌ڵوێستیان له سه‌ر مافه‌کانی گه‌لی کوردستان. له‌وه‌ش زیاتر، دوو جار شکستی کاندیده‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی له عێڕاق بۆ پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیران له به‌رامبه‌ر کاندیدی پارتی ده‌عوه، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت به پێچه‌وانه‌ی ده‌ره‌نجامه‌کانی ڕیفراندۆم، لایه‌نگرانی فیدرالیزم له ناو کۆمه‌ڵگای شیعی‌دا زۆرینه نین. ئه‌گه‌ر پارته‌که‌ی ئه‌یاد عه‌لاویش وه‌ک هێزێکی سه‌کولار-ناسیونالیستی شیعی قه‌بوڵ بکه‌ین، به هه‌مان شێووه له ناو سهکولاره شیعه‌کانیشدا فیدراڵیزم سیسته‌مێکی خوازراو نییه.
پۆلێن‌کردنی لایه‌نگر و نه‌یارانی فیدڕاڵیزم له سه‌ر بنه‌مای جوگڕافی
دابه‌ش بوونی چوگرافیای سیاسی هێز ولایه‌نه شیعیه‌کان یه‌کێکه له‌و فاکته‌رانه‌ی که ده‌کرێت وه‌ک میتۆدێک بۆ پۆلێن کردنی شیعه‌کان به پێی هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر فیدرالیزم،ته‌ماشا بکرێت. به به‌راورد کردنێک له نێوان پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری حزبه سه‌ره‌کییه شیعییه‌کان و تێڕوانین و ئهلتهرناتیڤیان بۆ سیسته‌می حوکم ده‌کرێت که‌ئه‌وه بگووترێت که پارته شیعه‌کان به‌پێی دابه‌ش بوونی جوگرافی هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر فیدراڵیه‌ت بۆ عێراق ده‌گۆڕێت. بۆ نموونه موقته‌دا ئه‌لسه‌در که پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری سه‌ره‌کی له مه‌دینه‌ی سه‌در/سه‌وره‌ی به‌غدایه به توندی بیرۆکه‌ی فیدرالیزم بۆ عێراق ره‌ت ده‌کاته‌وه. زۆر که‌س پێیان وایه هۆکاری دژایه‌تی کردنی سه‌در بۆ فیدرالیزم له نیگه‌رانی بێ به‌ش بوونی شیعه‌کانی به‌غدایه له سامانه سروشتیه‌کانی نه‌وت. هه‌روه‌ها له حاڵه‌تی به‌رقه‌رار بوونی فیدرالیزم له عێراقدا ئه‌لسه‌در و ڕه‌وته‌که‌ی ره‌نگه له زۆرایه‌تی شیعه داببڕێن. به‌م جۆره له لایه‌که‌وه له ئه‌نجامی ده‌ست نه‌گه‌یشتن به سامانه سرووشتیه‌کان و له لایه‌کی تریشه‌وه به هۆی دابڕانیان له سه‌رجه‌م ناوچه شیعه نشینییه‌کان، شیعه‌کانی به‌غدا به‌گشتی و ڕه‌وتی ئه‌لسه‌در به‌تایبه‌تی له ناوچه‌ی به‌غدا قه‌تیس ده‌مێنن و وه‌ک که‌مینه‌یه‌کی مه‌زهه‌بی ره‌نگه په‌راوێز بکه‌ون و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاستی شیعه‌کان و سه‌رجه‌م عێڕاقدا کاڵ ده‌بێته‌وه.
حزبی فه‌زیله‌ی ئیسلامی که له شاری به‌سرا به‌هێزه، هه‌ڵوێسته‌کانی له نێوان ده‌وڵه‌تێکی مه‌رکه‌زی به‌هێز و کردنی به‌سره به فیدرالیهتێکی سه‌ربه‌خۆ نا جێگیره، به‌ڵام له هه‌ردوو حاڵه‌تدا له‌دژی ئه‌و فیدرالیهتهی که ئه‌نجومونی باڵای ئیسلامی بانگه‌وازی بۆ ده‌کات ده‌وه‌ستێته‌وه. داواکاری پارتی فه‌زیله بۆ کردنی به‌سره به ویلایه‌تێکی فیدراڵی و جیاکردنه‌وه‌ی له پارێزگاکانی تری شیعه نشین ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جه‌ماوه‌ری بوونی ئه‌و پارته له‌و پارێزگایه. بۆیه فه‌زیله وای ده‌بینێته‌وه که به فیدرالی کردنی ئه‌و پارێزگایه، که‌م تا زۆر هه‌ژموونی ئه‌و پارته به‌سه‌ر به‌سرا و داهاتی نه‌وتی ئه‌م شاره، که سه‌ره‌کی ترین رێژه‌ی نه‌وتی عێراق پێکده‌هێنێت، ده‌پارێزێت. پارتی ده‌عوه‌ی ئیسلامی که خاوه‌نی پێگه و ناوچه‌یه‌کی نه‌فوزی تایبه‌ت به خۆی نییه و لایه‌نگرانی له زۆربه‌ی شاره شیعیه‌کانی عێراقدا دابه‌ش بوون زیاتر مه‌یلی به‌لای ده‌وڵه‌تێکی ناوه‌ندی به‌هێز یان فیدرالیزمی تاک نه‌ته‌وه‌یی (ئیداری) دایه که بتوانێت بالانسی هێز له به‌رژه‌وه‌ندی ناوه‌ندا بهێڵێته‌وه و به‌م جۆره خۆیان له باڵاده‌ستی و هه‌ژموونی لایه‌نێكی دیاری کراو ده‌بوێرن و خۆیان له هه‌ڕه‌شه‌ی په‌راگه‌نده‌بوون و لاکه‌وته کردنی جه‌ماوه‌ر و هێزه‌کانیان ده‌پارێزن. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی که له پارێزگاکانی فوراتی ناوه‌ڕاست و باشوردا باڵاده‌سته هه‌وڵ ده‌دات که هه‌ر نۆ پارێزگاکه‌ی ناوه‌ڕاست و باشوور له یه‌ک فیدراڵیه‌تی به‌هێزدا کۆبکرێنه‌وه. له‌م رێگایه‌وه، ئه‌م پارته ده‌توانێت که له‌مپه‌رێک له به‌رده‌م هه‌ژموونی سه‌دریه‌کان دابنێت و هێزی ره‌وتی ئه‌لسه‌در که له ناو شیعه‌کانی به‌غدا باڵا ده‌ستن له باشوور داببڕێت و به‌م جۆره پاراستنی بالانس له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له ناوچه شیعیه‌کانی ناوه‌ڕاست و باشووردا ده‌پارێزێت.
پۆلێن‌کردنی پارته شیعیه‌کان به پێی ئینتیما و سروشتی مه‌رجه‌عه‌کانیان:
هه‌رچه‌نده هه‌ڵوێستی هێز و لایه‌نه شیعه‌کان ده‌رباره‌ی فیدرالیزم له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌ش بوونی جوگرافیای پێگه و جه‌ماوه‌ریان، تا ڕاده‌یه‌ک وێنه‌یه‌کی نزیک له واقیع نیشان ده‌دات. به‌ڵام فاکته‌ری دیمۆگرافیای سیاسی فاکته‌ری سه‌ره‌کی ناو ئه‌و هاوکێشه‌یه (واته شیعه و فیدرالیزم) نییه، به‌ڵکو ئه‌مه فاکته‌رێکی تا ڕاده‌یه‌ک لاوه‌کیه و ده‌کرێت که ته‌نها وه‌ک پاڵنه‌رێک یان ڕێ خۆشکه‌رێک بۆ دارشتنی هه‌ڵوێستی پارته سیاسییه شیعه‌کان چاو لێ بکرێت. له راستیدا دابه‌ش بوونی کۆمه‌ڵگای شیعه و هێز و رێکخراوه سیاسیه‌کانی له‌ده‌وری فیدرالیزم و حکومه‌تی ناوه‌ندی، راسته‌وخۆ زاده‌ی دابه‌ش بوونی ئایدیۆلۆژی و عه‌قیده‌تی مه‌رجه‌ع و حه‌وزه عیلمیه‌کانی شیعه‌کانه. له ناو مه‌زهه‌بی شیعه‌دا، دوو مه‌رجه‌عی ناکۆک و دژ به‌یه‌ک له پێشبڕکێ و دووبه‌ره‌کی درێژ خایهندان که ئه‌وانیش مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ (ناتیقه) وه مه‌رجه‌عی بێده‌نگ (ساکته)ن. سیاسه‌ت و جیهانبینی و به‌رنامه‌ی هه‌ر پارتێکی سایاسی شیعی به‌نده به‌وه‌ی که ئه‌و پارته وه‌لا و ته‌به‌عیه‌ت و لایه‌نگری بۆ کام له‌و دوو مه‌رجه‌عه نیشان ده‌دات.
سه‌ره‌کی ترین سروشتی جیاکه‌ره‌وه‌ی مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ، ئه‌وه‌یه که تێکه‌ڵ به کاروباری سیاسی و حوکمڕانی ده‌بێت و سروشتێکی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌یه. مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کار بۆ دامه‌زراندنی حکومه‌تی ئیسلامی یان ویلایه‌تی فه‌قیهی ده‌کات. له نموونه‌ی ئه‌و مه‌رجه‌عانه له عێراقدا مه‌رجه‌عه‌کانی موحسین ئه‌لحه‌کیم، محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در، محه‌مه‌د سادق ئه‌لسه‌در، محه‌مه‌د ئه‌لیه‌عقوبی، کازم حوسه‌ینی ئهلحائیرین، له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش مه‌رجه‌عه‌کانی رۆحوڵڵا خومه‌ینی، عه‌لی خامنه‌ئی ، محه‌مه‌د حوسێین فهزلوڵلای لوبنانی و محه‌مه‌د مه‌هدی حوسێنی شیرازین. له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی حه‌وزه و مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ که‌م تازۆر له‌کارو باری سیاسی تێوه‌گلاون و باس له حوکم و حکومه‌تی ئیسلامی ده‌که‌ن، ده‌کرێت مه‌رجه‌عی ناتیقه و حکومه‌تی ئیسلامی (یا له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کان دا ویلایه‌تی فه‌قیه) وه‌ک دوو چه‌مکی ئاوه‌ڵ دووانه چاو لێبکرێن.
به پێچه‌وانه‌ی مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ، مه‌رجه‌عێكی تر له ناوه‌ندی شیعه‌کاندا هه‌یه که ته‌رکیزی ته‌نها له‌سه‌ر کاری خواپه‌رستی و ئه‌و حوکمه شه‌رعیانه‌یه که تایبه‌تن به ژیان و ڕه‌فتاری ڕۆژانه‌ی تاکه‌کانه‌وه و دووره له ناوه‌رۆكی سیاسی. ئه‌و بابه‌ت و مه‌سه‌لانه که ئه‌م مه‌رجه‌عه کاری له‌سه‌ر ده‌کات که‌م و زۆر به ده‌ست وه‌ردان بۆ کار‌و باری سیاسی و ئیداری نادرێنه قه‌ڵه‌م. مێژووی عێڕاق هیچ چۆره به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی راسته‌وخۆی مه‌رجه‌عی بێده‌نگ و حکومه‌تی سوننه‌کان تۆمار نه‌کردووه و ته‌نانه‌ت له ئاست قه‌تڵ و عامی شیعه‌کان و له سێداره دانی مه‌رجه‌عه گه‌وره‌کانی وه‌ک ئایه‌توڵڵای مه‌زن محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در و تیرۆر کردنی ئایه‌توڵڵای مه‌زن محه‌مه‌د سادق ئه‌لسه‌در، ئه‌و مه‌رجه‌عه بێده‌نگی هه‌ڵبژارد. به هۆی بێ ده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی ئه‌م مه‌رجه‌عانه له ئاست زوڵم و زۆرێک که له لایه‌ن حکومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی عێراقه‌وه له شیعه‌کان ده‌کرا، ئه‌و مه‌رجه‌عه زۆر جار له ئه‌ده‌بیاتی شیعه‌دا به مه‌رجه‌عی ته‌قلیدی یان بێده‌نگ (کپ) ناوزه‌ده ده‌کرێت وه ئه‌و حه‌وزه عیلمیانهی که ئه‌و ڕابه‌ره ڕۆحیانه سه‌رپه‌رشتی ده‌که‌ن به حه‌وزه کپ ده‌ناسرێت. ئه‌مه‌ش به پێچیهوانهی مه‌رجه‌عه ناتیقهکانه که له هه‌شتا ساڵی ڕابردوودا له به‌ره‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌کی تووند دابوون له گه‌ڵ حکومه‌تی سوننه‌کان له عێڕاق و چه‌ندان ئایه‌توڵڵا و مه‌رجه‌عی گه‌وره له‌و پێناوه‌دا بوونه قوربانی.
یه‌کێک له به‌ناوبانگترین ئه‌و مه‌رجه‌عانه‌ش مه‌رجه‌عی ئه‌بولقاسمی خۆئی بوو له نه‌جه‌ف. له دوای مردنی خۆئی ئایه‌توڵڵا سیستانی بوو به میراتگری شه‌رعی و ئێستا به مه‌رجه‌عی سیستانی ناسراوه. هه‌روه‌ک حه‌ننا به‌تاتۆ ده‌ڵێت ئایه‌توڵڵای مه‌زن ئه‌بولقاسمی خۆئی سوور بووه له سه‌ر ئه‌وه‌ی که نه لایه‌نگیری وه نه به‌رهه‌ڵستکاری خۆی بۆ حکومه‌تی عێڕاقی ده‌رببڕێت. به مانایه‌کی تر ئه‌و مه‌رجه‌عه خۆی له تێکه‌ڵ بوونی راسته‌وخۆ له کار‌و باری حوکمڕانی و ئیداری و سیاسی ده‌بوێرێت. نه ناسراوی و نه‌بوونی هیچ زانیارییه‌ک وه تیشک نه خستنه سه‌ر مه‌رجه‌عی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی له لایه‌ن ناوه‌نده سیاسی و میدیاکانه‌وه، له‌سه‌رده‌می حوکمی به‌عسدا، ده‌کرێت له چوارچێوه‌ی ئه‌و خۆپارێزی و دوورهپهرێزیهی مه‌رجه‌عی بێ ده‌نگ له کار و باری سیاسی‌دا لێکبدرێته‌وه.
وه‌رچه‌رخانی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی له ئینتیما بۆ مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگه‌وه بۆ مه‌رجه‌عی بێ ده‌نگ:
له ناو پارته شیعیه‌کاندا، ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆرشی ئیسلامی له عێڕاق (یان ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی) خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیه‌کی جیاکه‌ره‌وه‌یه له سه‌رجه‌م پارت و جوڵانه‌وه شیعییه‌کان.له لایه‌که‌وه، هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه باسمان کرد، ئه‌و ته‌نها پارتێکه (یان بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسییه) که راشکاوانه و به ئه‌لته‌رناتیڤێکی ڕۆشنه‌وه کار بۆ فیدرالیه‌ت و دامه‌زراندنی هه‌رێمی شیعستان ده‌کات، وه له لایه‌کی تریشه‌وه تاکه پارتی سیاسی شیعییه که له چه‌مکی حکومه‌تی ئیسلامی و له پشتگیری و وه‌لائی مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگه‌وه، وه‌رچه‌رخا بۆ چه‌مکی مه‌زڵومیه‌تی شیعه و پشتگیری و وه‌لا بۆ مه‌رجه‌عی ته‌قلیدی (بێده‌نگ). بۆیه چاوخشانێکی خێرا به بهبیلیۆگرافیای ئه‌و حیزبه یارمه‌تی ده‌رێکی باشه بۆ لێک جیاکردنه‌وه و پۆلێن کردنی هه‌ڵوێستی مه‌رجه‌عه‌کان له سه‌ر فیدرالیه‌ت و شیوازی حوکم و له ڕێگای ئه‌وانیشه‌وه پارته سیاسیه شیعه‌کان که له ده‌وری ئه‌و مه‌رجه‌عانه کۆبوونه‌ته‌وه.
ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆرشی ئیسلامی له عێڕاق له ژێر سایه‌ی پیرۆزی حه‌وزه‌ی به‌ده‌نگ (ناتیقه) هاته مه‌یدان و له ده‌یه‌ی یه‌که‌می ته‌مه‌نیدا لایه‌نگرێکی سه‌رسه‌ختی حکومه‌تی ئیسلامی و نه‌یارێکی ده‌سته‌مۆ نه‌کراوی مه‌رجه‌عی بێده‌نگ بوو. محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم، که دامه‌زرێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و تا تیرۆر کردنی له ئابی 2003 دا رابه‌ری ئه‌و پارته بوو، (لانی که‌م له ڕووی سیاسیه‌وه) به میراتگری یه‌کێک له ناودارترین مه‌رجه‌عی ناتیقهی شیعه واته مه‌رجه‌عی ئایه‌توڵڵای مه‌زن موحسین ئه‌لحه‌کیم داده‌نرێت.
موحسین ئه‌لحه‌کیم یه‌کێک بوو له‌و مه‌رجه‌عه بهدهنگانهی که وه‌ک مه‌رجه‌عێکی سیاسی و ئه‌کتیڤ رۆڵی گرنگی له ژیانی سیاسی له کۆتایی په‌نجاکان و له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا بینی. بۆ نموونه له ساڵی 1959 پشتگیری له حیزبی ده‌عوه کرد و له ساڵی 1961 بوو به مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌کان و له هه‌مان ساڵدا فه‌توای له دژی به‌ئه‌ندام بوون له حزبی شیوعی عێراقی ده‌رکرد. ئه‌م فه‌توایه‌ی ئه‌لحه‌کیم له لایه‌که‌وه باڵاده‌ستی و کاریگه‌ری قورسایی مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ له سه‌ر ڕای ناو شیعه‌کاندا ده‌رخست، چونکه ڕاسته‌وخۆ دوای فه‌تواکه عه‌بدولکه‌ریم قاسم شوعیه‌کانی له خۆ دوور خسته‌وه، له لایه‌کی تریشه‌وه کاریگه‌ری شیعه‌ی سیاسی له سه‌ر چاره‌نووس و ئایندهی حکومه‌تی ناوه‌ندی و حوکمی عه‌بدولکه‌ریم قاسم نیشان دا. چونکه دابڕانی قاسم له حیزبی شیوعی بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ببێته ئامانجێکی ئاسان بۆ نه‌یارو به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی و سه‌ره‌نجام کۆتایی تراژیدی رژێمه‌که‌ی. هه‌روه‌ها ئه‌لحه‌کیم له‌دژی یاسای ریفۆرمی کشتوکاڵی (ئیسلاحی زه‌راعی) عه‌بدولکه‌ریم قاسم فه‌توای ده‌رکرد، وه له ساڵی 1964 ملکه‌چی فشاره‌کانی عه‌بدولسه‌لام عارف نه‌بوو که داوای لێ کردبوو تا فه‌توایه‌ک بۆ حه‌ڵاڵ کردنی ره‌شه کوژی کورد ده‌ربکات. نموونه‌یه‌کی تری گیانی ته‌حه‌داکردن و ده‌سته‌مۆ نه‌بوونی ئه‌لحه‌کیم ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی داوایه‌کی به‌عسیه‌کان بوو، وه‌ک به‌عسیه‌کان ده‌یانویست ئه‌لحه‌کیم ره‌خنه‌ی له شای ئێران نه‌گرت که ئه‌و کات له گه‌ڵ عێراق له سه‌ر شه‌تولعه‌ره‌ب له کێشه‌دا بوو.
هه‌رچه‌ند به هۆی ئه‌وه‌ی که باقر ئه‌لحه‌کیم له دوای مه‌رگی موحسین ئه‌لحه‌کیمی باوکی نه گه‌یشتبووه پله‌ی ئایه‌توڵلا، بۆیه باقر ئه‌لحه‌کیم نه‌یتوانی که ببێته میراتگروو جێ گره‌وه‌ی مه‌رجه‌عیی موحسین ئه‌لحه‌کیم و وه‌ک مه‌رجه‌عی شیعه‌کان و ڕابه‌رێکی ڕۆحی شوێنی ئه‌و بگڕێته‌وه، به‌ڵام وه‌ک کوڕی موحسین ئه‌لحه‌کیم شانسی ڕابه‌رایه‌تی کردنی بێ مونافیسانهی ڕێکخراوێکی سیاسی شیعه‌ی هه‌بوو که له‌سه‌ر هه‌مان هێڵی شۆڕشگێڕی باوکیه‌وه دامه‌زرابێت. بۆیه به‌دوای مردنی باوکی به ماوه‌یه‌ک، وه له سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا، له‌سه‌ر هه‌مان هێڵی شۆرشگێر و ڕادیکاڵانه‌ی ئایتوڵڵا موحسین ئه‌لحه‌کیمی باوکی، محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆرشی ئیسلامی به ئامانجی به‌رقه‌رار کردنی حکومه‌تێکی ئیسلامی بۆ عێراق، هاوشێوه‌ی جه‌مهوری ئیسلامی ئێران دامه‌زراند. ئه‌م ئایدیۆلۆژیه‌ته به‌درێژایی هه‌شتاکان و تا راپه‌ڕینی شیعه‌کان له ساڵی 1991 به‌رده‌وام بوو. به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه، ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆرشی ئیسلامی له رێگای بڵاو کراوه‌که‌یان (لیوای ئه‌لسه‌در) ره‌خنه‌ی له‌مه‌رجه‌عی بێده‌نگ ده‌گرت، به‌وه تاوانباری ده‌کرد که له ئاست تاوان و زوڵم و زۆریه‌کانی حکومه‌تی به‌عس بێده‌نگ و ده‌سته‌وه‌ستان دانیشتوون.
ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی له سه‌ره‌تای دروست بوونیه‌وه له ساڵی 1982، به ئامانجی دامه‌رزراندنی حکومه‌تێکی ئیسلامی له عێراق ده‌ستبه‌کار بوو. له ده‌ورانی بانگه‌وازی ئه‌نجوومه‌نی شۆرشی ئیسلامی له عێراق بۆ حکومه‌تی ئیسلامی، ئه‌نجوومه‌ن خۆی به موقه‌لید و لایه‌نگری مه‌رجه‌عه شۆرشگێره‌کان ده‌زانی. به درێژایی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ئه‌نجومه‌ن ره‌خنه‌ی تووندی له مه‌رجه‌عی ته‌قلیدی ئه‌بولقاسمی خۆئێ ده‌گرت و به‌وه تاوانباری ده‌کردن که ئه‌وان دژی شۆرشی ویلایه‌تی فه‌قیهین. له واقیعیشدا هه‌روه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، به درێژایی حوکمڕانی سه‌ددام و پێش ئه‌ویش مه‌رجه‌عی ته‌قلیدی بێ ده‌نگ بووه و نه له سه‌رده‌می خۆئی و نه دواتریش سیستانی مه‌رجه‌عه ته‌قلیدیه‌که هیچ جۆره به‌ره‌وڕوبوونه‌وه و ناره‌زایه‌تیان له دژی رژێمی به‌عس نیشان نه‌داوه.
چوونی باقر ئه‌لحه‌کیم بۆ ئێران له ساڵی 1980 و دامه‌زراندنی پارته‌که‌ی واته ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆرشی ئیسلامی، له ژێر رینمایی و به پشتگیری ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی و جه‌مهوری ئیسلامی، کردنی کۆماری ئیسلامی و شۆرشی ئیسلامی ئێران وه‌ک ئه‌لگۆ و نمونه‌یه‌کی به‌رزی پارته‌که‌ی، پشتگیری کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌شداری کردنی له جه‌نگی عێڕاق ئیێران له دژی رژێمی سه‌ددام، زاڵ بوونی ئه‌ده‌بیاتی شۆرشی ئێران به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و پارته‌دا و ته‌ماشا کردنی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی و دوای مردنی خومه‌ینیش ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامنه‌ئی وه‌ک مه‌رجه‌عی ئه‌و پارته، ته‌نانه‌ت هه‌لبژاردنی (شۆڕشی ئیسلامی له عێڕاق) وه‌ک ناوی پارته‌که‌ی، هه‌موویان به‌یه‌که‌وه ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ن که شۆرشی ئیسلامی و حکومه‌تی ئیسلامی ئامانج و ستراتیژی سه‌ره‌کی ئه‌و پارته بوون.
سه‌رانی جه‌مهوری ئیسلامی ئێرانیش له لایه‌ن خۆیانه‌وه که له لایه‌که‌وه سه‌رگه‌رمی پرۆژه‌ی هه‌ناردنی شۆڕشی ئیسلامی بوون بۆ جیهان و له‌لایه‌کی تریشه‌وه ده‌رگیری جه‌نگێکی خوێناوی و چاره‌نوسساز و درێژخایه‌ن بببون له گه‌ڵ عێراقدا، ئه‌نجومه‌نی باڵایان وه‌ک وه‌ک ئه‌و هێزه چاره‌نوسسازه ته‌ماشا ده‌کرد که رژێمی سه‌ددام ده‌ڕوخێنێ و ده‌توانێت ببێته رابه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری حکومه‌تی ئیسلامی له عێراق. بۆیه وه‌ک رابه‌ری دواڕۆژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق هه‌ڵس و که‌وتیان له گه‌ڵ محمه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم ده‌کرد وه ته‌نانه‌ت له لایه‌ن ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی ناونیشانی سه‌رۆکی کۆماری ئیسلامی عێراقی پێ درابوو. هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن په‌یره‌وی له دیدگا و بۆچونه‌کانی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی ده‌کرد. پابه‌ند بوون به تێز و ئه‌لته‌رناتیڤی ویلایه‌تی فه‌قیه، وه پێویستی کۆنترۆڵ کردن و به‌ڕێوه بردنی حکومه‌تی ئیسلامی له لایه‌ن زانایانی ئیسلامییه‌وه، ئه‌نتی ئیمپریالیزم بوون، چه‌ند نموونه‌یه‌کن له ئایدیۆلۆژیای ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی که له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵاوه په‌یڕه‌وییان لێ ده‌کرا. له لایه‌ن خۆشیه‌وه محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم خۆی وه‌ک نوێنه‌ری هه‌موو موسوڵمانانی عێراق ده‌ناساند (به سوننه‌کانیشه‌وه)، وه ئێرانیشی وه‌ک دامه‌زرێنه‌ری شۆڕشی ئیسلامی جیهانی چاو لێده‌کرد.
به‌ڵام له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی دووه‌می ته‌مه‌نی ئه‌و پارته، واته له دوای ساڵی 1991 ه‌وه ئه‌م پارته له ئه‌لته‌رناتڤی حکوومه‌تی ئیسلامی دوور که‌وته‌وه و له شوێن حکومه‌تی ئیسلامی چه‌مکێکی تازه‌ی داهێنا که ئه‌ویش مه‌زلومیه‌ت یان مه‌غدووریه‌تی ی شیعه‌یه. ئه‌نجومه‌نی باڵا له ڕاپه‌ڕینی 1991ی شیعه‌دا که به ڕاپه‌ڕینی شه‌عبانیه ناسراوهدهستێکی دیاری هه‌بوو. ئه‌و حیزبه هه‌وڵی دا که په‌رچه‌می حکومه‌تی ئیسلامی بدات له ته‌وێڵی ڕاپه‌ڕینه‌که. شکستی تراژیدیانه‌ی راپه‌ڕینه‌که، بووه خاڵی وه‌رچه‌رخان له ستراتیژیه‌ت و گوتاری ئه‌نجومه‌نی باڵا. له دوای هه‌ره‌س هێنانی راپه‌ڕینی شیعه‌کان، گوتاری مه‌غدوریه‌ت و مه‌زلومیه‌تی شیعه له عێراقدا جێگای پروپاگه‌نده کردن بۆ دامه‌زراندنی حکومه‌تی ئیسلامی گرته‌وه. کۆمه‌ڵێک ئاماژه‌ی گرنگ له پشت ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌دا هه‌ن که ده‌کرێت به‌م جۆره روون بکرێته‌وه: یه‌که‌م ئه‌م وه‌رچه‌رخانه ده‌رهاویشته‌ی بار‌و دۆخێکه که ده‌کرێت به لوتکه‌ی شکست و بێ ئومێدی وه به خوێناوی ترین جوڵانه‌وه‌ی سیاسی شیعه له عێراقدا ئه‌ژمار بکرێت. سه‌رکوت و شکستێک که به پله‌ی جۆراو جۆر کۆمه‌ڵگای نێو نه‌ته‌وه‌یی به گشتی و ئه‌مه‌ریکا وه وڵاته عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌کانی ناوچه‌که (جگه له ئێران) هاوکار و پشتگیری ئه‌م سهرکوتکاریهی شیعه‌کان بوون. ئه‌م پشت گیریه له بێ ده‌نگی کۆمه‌ڵگای نێو نه‌ته‌وه‌یی ده‌ست پێ ده‌کات له ئاست قه‌تڵ و عامی شیعه‌کان وه‌ک زۆربه‌ی وڵاته‌کان په‌یڕه‌ویان کرد، تا ده‌گاته داگیرسانی گڵۆپی سه‌وز له لایه‌ن ئه‌مریکا ودواتریش پشتگیری و هاوسۆزی هه‌ندیك له‌وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان بۆ سه‌دام و دار و ده‌سته‌که‌ی.
هه‌روه‌ک پێشترم ئاماژه‌م پێدا، جیاوازی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆرشی ئیسلامی له گه‌ڵ پارته‌کانی تری شیعه‌دا له داینه‌میکی و گۆڕینی به‌رده‌وامی سیاسه‌ت و ستراتیژی ئه‌و پارته‌دا به پێی هاوکێشه و ئاڵوگۆڕه سیسیه‌کان نه‌ک پێداگری و له‌سه‌ر ده‌ق و تێکست و ئایدیۆلۆژیهتێه موقه‌دده‌س و چه‌قبه‌ستووه‌کاندا که قابیلی ده‌سکاری کردن نین. ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی له دوای راپه‌رینی شیعه‌کان له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌کانه‌وه تا پرۆسه‌ی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوور له دوای ڕوخانی سه‌ددام به زنجیره‌یه‌ک له ئاڵوگۆڕی گرنگ و چاره‌نوسساز تێپه‌ڕیووه که هه‌موویان به یه‌که‌وه ئه‌م پارته‌ی ئاماده کرد تا جیاواز له هه‌موو پارته شیعیه‌کانی تر کار بۆ به‌فیدراڵی کردنی سیسته‌می حوکم له عێڕاق و دامه‌زراندنی هه‌رێمێکی نیمچه سه‌ربه‌خۆ و فراوانی شیعه بکات له عێراقدا.
چه‌مکی مه‌غدوریه‌تی شیعه به یه‌که‌م ئاڵ و گۆڕی جه‌وهه‌ری له ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌تی ئه‌نجومه‌نی باڵا دا ده‌نرێت. ئه‌م تێزه راسته‌وخۆ به مانای پاشگه‌ز بوونه‌وه‌یه له ستراتیژی حکومه‌تی ئیسلامی و له هه‌مان کاتیش‌دا نیشانه‌ی په‌ی بردنی ئه‌نجومه‌نی باڵایه به هاوکێشه‌و ئاڵوگۆڕه‌کانی سه‌رده‌م و لێره‌دا گرنگی گوتاری مه‌غدوریه‌تی شیعه ده‌رده‌که‌وێت. له ئه‌نجامی ده‌ست ئاوه‌ڵایی سه‌ددام له قه‌تڵ و عام و سه‌رکوتکردنی بێ به‌زه‌ییانه‌ی شیعه‌کان له باشور، ئه‌نجومه‌ن له‌وه تێگه‌یشتووه که حکومه‌تێکی ئیسلامی شیعی هاوشێوه‌ی جه‌مهوری ئیسلامی له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و وڵاته هه‌رێمیه‌کان ئه‌لته‌رناتیڤێکی نه‌خوازراو و ناپه‌سه‌نده. داهاتوو و چاره‌نوسی سیاسی ئه‌نجومه‌نی ئیسلامی پرشنگدار تر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له بیرۆکه‌ی حکومه‌تی ئیسلامی دوور بکه‌وێته‌وه. لێره‌دا چه‌مکی مه‌زڵومیه‌تی شیعه مانا په‌یدا ده‌کات.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤی ویلایه‌تی فیقهی یان حکومه‌تی ئیسلامی، که بێچگه له باڵا ده‌ستی و حوکمی ئیسلامی هیچ به‌دیلێکی تر قه‌بوڵ ناکات (خه‌سڵه‌ته‌کانی حکومه‌تی ئیسلامی له خواره‌وه زیاتر ڕوون ده‌که‌مه‌وه)، له حاڵه‌تی مه‌غدوریه‌تی شیعه‌دا، پارتی سیاسی کار بۆ ده‌سه‌به‌رکردنی هه‌ندێک له مافه فه‌رهه‌نگی و مه‌زهه‌بیه‌کان و مافی حوکمی خۆجێیی و به‌ڕیوه بردنی کار‌و باره‌کانی ناوچه شیعه نشینه‌کان ده‌کات. بۆیه چه‌مکی مه‌غدووریه‌تی شیعه چه‌مکێکی ناوه‌رۆک ناوهچهگهراییه و کار بۆ دابین کردنی مافه زه‌وت کراوه‌کانی مه‌زهه‌بێکی دیاری کراو ده‌کات. بێجگه له‌وه‌ش، به پێچه‌وانه‌ی حکومه‌تی ئیسلامی یان ویلایه‌تی فیقهی له سایه‌ی چه‌مکی مه‌زڵومیه‌تی شیعه‌دا مه‌زهه‌بێکی دیاری کراو، (وه‌ک شیعیزم له حاڵه‌تی پارته شیعیه‌کانی عێراق و هاوشێوه‌ی شیعیزم له جه‌مهوری ئیسلامی ئێران و سوننیزم له حاڵه‌تی سه‌عودیه‌ی عه‌ره‌بی و ئه‌فغانستانی سه‌رده‌می تاڵیبان دا) نابێته مه‌زهه‌بی ره‌سمی وڵات و ئایدیۆلۆژیای ده‌وڵه‌ت. به‌ڵکو پره‌نسیپه‌کانی ئه‌و مه‌زهه‌به ته‌نها به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه له وڵات‌دا ده‌سه‌پێنرێت که شیعه‌ی تێدا باڵا ده‌سته و ڕێگر ده‌بێت له به‌رده‌م ئه‌سیمیله کردن (وه‌ک یه‌ک لێ کردن یان تاواندنه‌وه) و ملکه‌چ پێ کردنی مه‌زهه‌به‌کانی تر بۆمهزههبی حاکم. به ده‌ربڕینێکی تر، مه‌زڵومیه‌تی شیعه خۆ پێناسه‌کردنه‌وه‌یه له سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بی، له کاتێکدا حکومه‌تی ئیسلامی باڵاده‌ست کردن و داڕشتنه‌وه و ره‌نگ ڕێژ کردنی عێراقی بوونه به مه‌زهه‌بێکی دیاری کراو.
په‌یامێکی تری پشت ئه‌و ئاڵوگۆڕه ئه‌وه‌یه که کاتێک ئه‌نجومه‌ن پابه‌ند نییه به هیچ حکومه‌تێکی ئایدیۆلۆژی له بابه‌تی ویلاتی فیقهی، ئه‌وسا ئه‌نجومه‌ن ده‌توانێت که له هه‌ر حکومه‌تێکدا به‌شداری بکات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئیسلامیش نه‌بێت. رازی بوونی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ هاتنه ناو کۆنگره‌ی نیشتمانی عێراقی، له ساڵانی نه‌وه‌ته‌کاندا، به سه‌رۆکایه‌تی ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی و ئه‌ندامێتی پارته کوردستانیه‌کان گه‌واهیه‌کی گرنگی ئه‌م ئاڵوگۆره‌ی ئه‌نجومه‌ن و ئاماژه‌یه‌که بۆ به‌شداری کردنی حوکمه له گه‌ڵ پارته سهکولارهکاندا.
دووه‌م ئاڵوگۆری گرنگ له سروشتی ئه‌و حیزبه پشتیوانی کردنی هێرشی ئه‌مریکا بوو بۆ سه‌ر عێڕاق و به‌شداری کردنی بوو له پرۆسه‌ی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی حوکم و هه‌ڵبژاردنه‌کان که هه‌موویان له ژێر سایه‌ی داگیرکاری ئه‌مریکی و به پێی پلان و خواسی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه ده‌چوون. له دوای روخانی رژێم ئه‌لحه‌کیم پله‌ی ئایه‌توڵڵای وه‌رگرت، که ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێک بوو بۆ به مه‌رجه‌ع بوون و ده‌رکردنی فه‌توا. ئه‌م به ئایه‌توڵڵا بوونه‌ی محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیم نه‌ک هه‌ر ئه‌نجومه‌نی باڵای به‌ره‌و رادیکاڵیهت و حکومه‌تی ئیسلامی نه‌برد، به‌ڵکو له لایه‌که‌وه ئه‌مه هه‌نگاوێک بوو به ئاراسته‌ی خۆ ئاماده کردنی ئه‌لحه‌کیم بۆ واز هێنان له کاری پارتایه‌تی و هه‌موو ئاماژه‌کانی به‌ر له تیرۆر کردنی ئه‌لحه‌کیم به‌و ئاراسته‌یه‌دا بوون که ئه‌لحه‌کیم بۆ کار‌و باری ئاینی خۆی ته‌رخان ده‌کات و له سیاسه‌ت کردنی ڕاسته‌وخۆ دوور ده‌که‌وێته‌وه. بێجگه له‌وه ئه‌لحه‌کیم نه‌ک هه‌ر له دژی ئه‌مه‌ریکا هیچ فه‌توایه‌کی ده‌رنه‌کرد، به‌ڵکو ئه‌نجومه‌نی باڵا بوو به یه‌کێک له‌سه‌ره‌کیترین پێکهێنه‌رانی ئه‌نجوومه‌نی حوکم و دواتریش حکومه‌تی کاتی.
سێیه‌م وه‌رچه‌رخانی جه‌وهه‌ری له ئه‌نجومه‌نی باڵادا گۆڕینی مه‌رجه‌عی ئه‌و پارته بوو. به‌گوێره‌ی بنه‌ماکانی مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه، سه‌ربه مه‌رجه‌عیکی دیاری کراو بوون به مانای گوێڕایه‌ڵی و ملکه‌چ بوونه بۆ یاسا و رێساکانی ئه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته و هه‌موو ئه‌و بانگه‌واز و فه‌توا و حوکمانه‌ی که له لایه‌ن مه‌رجه‌عه‌وه ده‌رده‌چن. تا روخانی رژێمی سه‌ددام، سه‌ره‌تا ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی و دواتریش ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامنه‌ئیی مه‌رجه‌عی ئه‌نجومه‌نی باڵا بوو. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت که ئه‌نجومه‌نی باڵا ملکه‌چ و گوێڕایه‌ڵێ ئه‌و دوو مه‌رجه‌عه بوون و سیاسه‌ت و ستراتیژ و پلاتفۆرمی حزبه‌که‌یان به گوێره‌ی رێنوێنی و جیهانبینی و فه‌توا و حوکمه‌کانی ئه‌و دوو مه‌رجه‌عه داده‌ڕشت. له به‌ر ئه‌وه‌ی که شۆڕشی ئیسلامی سه‌ره‌کی ترین سروشتی ئه‌و دوو مه‌رجه‌عه و پێکهێنان و دامه‌زراندنی حکومه‌تی ئیسلامی دوا ئامانجی ئه‌و لایه‌نه بوو، وه له به‌ر ئه‌وه‌ی که له‌و مه‌سه‌لانه‌ی که په‌یوه‌ستن به دیدگای ئیسلامی له‌سه‌ر سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاین دووا بڕیار به‌ده‌ست (فیقهیهو قسه‌ی ئه‌و دووا ووته‌یه بۆیه به ئۆتۆماتیکی ئه‌نجوومه‌نی ئیسلامی ده‌بوایه پابه‌ند بێت به سروشتی شۆڕشگێڕی و ئه‌و ئالته‌رناتیڤی رادیکاڵیانهی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی و خامنه‌ئی.
به‌ڵام له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵا بۆ عێڕاق و به‌شداری کردنی له پرۆسه‌ی سیاسی و حوکمڕانی و له دوای تیرۆر کردنی ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌کیمی ڕابه‌ری، هه‌روه‌ها له سه‌روبه‌ندی خۆ ئاماده کردن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان، و دڵنیا بوونی ئه‌و پارته له به‌رهه‌ڵستی کردنی ئه‌مه‌ریکا بۆ دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی شیعی ناوه‌ندی هاوشێوه‌ی حکومه‌ته سوننیه‌کانی هه‌شتا ساڵی ڕابردوو له عێراقدا، ئه‌و پارته مه‌رجه‌عی عه‌لی خامنه‌ئی، که مکووڕه له‌سه‌ر بهرقهرارکرنی حکومه‌تی ئیسلامی و ویلایه‌تی فه‌قیه، گۆڕی به مه‌رجه‌عی عه‌لی سیستانی که بوشێوهیهکی گشتی بانگه‌واز بۆ ویلایه‌تی فیقهی ناکات و خۆی له تێكه‌ڵ کردنی مه‌رجه‌عه‌که‌ی به سیاسه‌ت و حوکمڕانی ده‌بوێرێت. ئه‌م ئاڵ‌و گۆڕه مه‌رجه‌عیه ڕاگه‌یاندن و به پێرۆز کردنی پلاتفۆرم و ستراتیژێکی نوێیه له ژیانی پارتایه‌تی ئه‌نجوومه‌ن. له‌سای تێکه‌ڵ نه‌بوونی ڕاسته‌وخۆی مه‌رجه‌عی سیستانی به سیاسه‌ت (هه‌رچه‌ند له چوار ساڵی ڕابردوودا که‌م تا زۆر له سه‌ر ڕه‌وتی ڕوداوه‌کان کاریگه‌ری له به‌رژه‌وه‌ندی پارته شیعیه‌کاندا هه‌بووه)، ئازادیه‌کی به‌رچاوی به‌و پارته داوه که تا ده‌ست بۆ ئه‌لته‌رناتڤی تازه به‌رێت و له وانه‌ش پێکهێنانی حکومه‌تی بنکه فراوان و به‌ستنی هاوپه‌یمانی نوێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوه‌نده‌کانی شیعی دا و چاو پۆشین له سروشتی نائیسلامی (نا شیعیانه‌ی) حوکم له عێڕاقدا، بێ ئه‌وه‌ی که له هیلالی پیرۆزی مه‌رجه‌ع نه‌بان بێت.
چواره‌م وه‌رچه‌رخانی چاره‌نووسساز له ستراتیژیه‌تی ئه‌نجومه‌نی باڵا دا ره‌ت کردنه‌وه‌ی ئاشکرایانه‌ی حکومه‌تی ئیسلامییه له به‌رنامه‌و پرۆگرامی ئه‌و حیزبه‌دا. له‌مانگی ئایاری 2003 دا باقر ئه‌لحه‌کیم به ڕاشکاوی به ئاژانسی رۆیته‌رزی گووت که ئێمه نابێت لاسایی شۆڕشی ئیسلامی بکه‌ینه‌وه و له عێڕاق ئه‌و ئه‌زموونه پیاده بکه‌ین، به‌ڵكو پێویسته که ئاین و ده‌وڵه‌ت تێکه‌ڵ به‌یه‌کتری نه‌که‌ین. ئه‌مه‌ش ڕاگه‌یاندنێكی ڕاشکاوانه‌ی پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵا بوو له حکومه‌تی ئیسلامی. ئاماژه‌یه‌کی گرنگی لابردنی ستراتیژی شۆڕشی ئیسلامی له به‌رنامه‌ی ئه‌و پارته‌دا، گۆڕینی ناوی پارته‌که بوو له مانگی ئایاری 2007، له‌ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر مانایه‌کی هه‌بێت ئه‌وه‌یه که ئه‌م پارته ئیتر کار بۆ شۆرشی ئیسلامی و حکومه‌تی ئیسلامی ناکات. به‌ر له‌وه‌ش فه‌یله‌قی به‌در له رێکخراوێکی سه‌ربازی شۆڕشگێڕی چه‌کداره‌وه خۆی گۆڕی بۆ ڕێکخراوێكی سیڤیل وه میلیتانته‌کانی خۆی تێکه‌ڵ به حکومه‌ت کرد. گۆڕین و کۆتایی هێنان به سروشتی میلیشیایی، ههنگاوێکی تر بوو که ئه‌نجومه‌نی باڵای له به‌دیلی شۆڕشگێڕی و ئه‌لته‌رناتیڤی حکومه‌تی ئیسلامی دوور خسته‌وه.
له ده‌ره‌نجامی ئه‌و ئاڵ‌و گۆڕانه دا، زه‌مینه‌یه‌کی له بار ڕه‌خسا بۆ رزگار بوونی ئه‌نجومه‌نی باڵا له ئه‌لته‌رناتیڤی شۆڕش و حکومه‌تی ئیسلامی و ویلایه‌تی فه‌قیهی. لێره‌وه ئه‌نجوومه‌نی باڵا هه‌نگاوی نا بۆ ئاڵوگۆڕێكی ڕیشه‌یی له ژیانی سیاسی شیعه‌کان به تایبه‌تی و عه‌ره‌به‌کانی عێڕاق به‌گشتی که ئه‌ویش سیسته‌می فیدرالییه. یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی سه‌رتاسه‌ری له سه‌ره‌تای ساڵی 2005 هۆکارێکی یارمه‌تیده‌ری گرنگ بوو بۆئه‌وه‌ی به فه‌رمی له ستراتیژ و پلاتفۆرمی ئه‌نجومه‌ندا فیدرالیزم شوێنی حکومه‌ت ئیسلامی و ویلایه‌تی فه‌قیه بگرێته‌وه. هه‌لبژاردنه‌کان گه‌لێک په‌یامی جۆراو جۆری بۆ سه‌رجه‌م گرووپه ئه‌تنیکیه‌کانی عێراقی پێ بوو. یه‌کێک له‌و په‌یامانه‌ی که بۆ شیعه‌کانی هه‌ڵگرتبوو، که هه‌رچه‌نده شیعه نیوه‌ی ده‌نگه‌کانی عێراقیان به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام ئه‌وه ئاشکرابوو که شیعه ناتوانێت هاوشێوه‌ی هه‌شتا ساڵی ڕابردووی سوننه‌کان تاک لایه‌نه حوکمڕانی عێراق بکه‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که شیعه له حکومه‌تدا زۆرینه بوون و زۆربه‌ی پۆسته سه‌ره‌کییه‌کان و له‌وانه‌ش پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیران که‌وته ده‌ستی شیعه‌کان، به‌ڵام جگه له ناوچه شیعه نشینه‌کان، حوکمی ڕاسته‌وخۆی شیعه له کوردستان و ناوچه سوننه‌کاندا غایب بوو. بێجگه له‌وه‌ش، شیعه‌کان له سه‌رکووت کردن و ملکه‌چ کردنی یاخی بوونی سوننه‌کان وه له په‌راوێز خستنی کوردستانیان تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو شکستیان هێنا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که سوونه‌کان له پرۆسه‌ی سیاسی و حوکمڕانیدا به‌شدار نه‌بوون به‌ڵام بۆ ده‌ست کۆتا کردنی ئێران و کاریگه‌ری له عێراقدا مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌بوو که ئه‌مه‌ریکا و وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان پشتیوانی سوننه‌کان بکه‌ن و مه‌ترسی ئه‌وه هه‌بوو که شیعه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ست بده‌ن و جارێکی تر سوننه‌کان بتوانن به ده‌سه‌ڵات بگرنه‌وه ده‌ست.
به‌م جۆره ئه‌نجومه‌نی باڵا له‌وه تێگه‌یشت که شیعه له کۆنترۆڵ کردنی هه‌موو عێراقدا فه‌شه‌ڵی هێناوه، بۆیه کۆنترۆڵ کردن و پاراستنی حوکمی شیعه به گشتی وئه‌نجومه‌نی ئیسلامی به تایبه‌تی له نۆ پارێزگاکه‌ی باشوور ده‌کرێت بپارێزرێت. یه‌کگرتنی هه‌ر نۆ پارێزگاکه له یه‌ک سوپه‌ر هه‌رێمدا، که کۆنترۆڵی نزیک له سه‌دا نه‌وه‌تی نه‌وتی یه‌ده‌کی عێراق و تاکه ڕێگای ده‌ریایی عێڕاق ده‌که‌ن، ده‌بێته ئهلتهرناتڤێکی چاره‌نووسسازی ئه‌نجومه‌نی باڵا. ئه‌لته‌رناتیڤێک که له هه‌ر وه‌رچه‌رخانێکی نه‌خوازراودا و له هه‌ر چه‌شنه پیلانێکی داهاتوودا بۆ گێڕانه‌وه‌ی سوننه‌کان بۆ ده‌سه‌ڵات، ئه‌نجومه‌نی باڵا و شیعه‌کان ده‌توانن که هه‌ژموونی شیعه به‌گشتی و ئه‌نجومه‌نی باڵا به‌تایبه‌تی له هه‌رێمه‌که‌یان دا بپارێزن. سه‌ره‌نجام، له مانگی ته‌باخی 2005 دا، ئه‌لته‌رناتیڤی هه‌رێمێکی فیدرالی یه‌کگرتوو بۆ پارێزگاکانی ناوه‌ڕاست و باشوور به ته‌وژمێکی زۆره‌وه له لایه‌ن عه‌بدولعه‌زیز ئهلحهکیمهو ڕاگه‌یه‌نرا. به‌م جۆره هه‌لوێست و ره‌فتاری ئه‌نجوومه‌نی باڵا له هه‌مبه‌ر کوردستان گۆڕا و، کوردستانیان توانیان که بۆ یه‌که‌م جار هاوپشتێکی ڕاسته‌قینه‌ی فیدرالیه‌ت له ناو عه‌ره‌به‌کانی عێڕاق په‌یدا بکه‌ن.
دیدگای دوو مه‌رجه‌عه‌که له‌سه‌ر فیدڕاڵیزم
پرسیارێکی گرنگ که لێره‌دا سه‌رهه‌ڵده‌دات ئه‌وه‌یه، که ئایا ده‌کرێت که مه‌رجه‌عی بێده‌نگ به پشتیوان وخوازیاری سیسته‌می فیدرالیه‌ت و مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگیش به دژی ئه‌و سیسته‌مه چاو لێ بکرێت؟ بۆ وه‌ڵامی به‌شی یه‌که‌می پرسیاره‌که ده‌کرێت بوترێت که سروشتی مه‌رجه‌عی بێده‌نگ یان ته‌قلید ئه‌وه‌یه که له به‌ر ئه‌وه‌ی که تێکه‌ڵ به کار و باری سیاسی و ئیداری نابێت، بۆیه ڕه‌نگه نه پشت گیری بۆ ئه‌و سیسته‌مه ده‌رببڕێت وه نه ناحه‌زی خۆشی پیشان بدات. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش ده‌ستی پارت و که‌سایه‌تییه سیاسیه‌کان له داڕشتنی سیاسه‌ت و ئه‌لته‌رناتیڤی خۆیان ئاوه‌ڵا تر ده‌کات. به مانایه‌کی تر له کاتێکدا که ئه‌نجوومه‌نی باڵا په‌یوه‌ست ده‌بێت به مهرجهعێێکی ته‌قلیدی وه‌ک ئایه‌توڵڵا سیستانی، ئه‌م پارته له بڕیاردان له سه‌ر مه‌سه‌له سیاسی و چاره‌نووس سازه‌کاندا هه‌ست به هه‌بوونی پانتاییه‌کی ئازادی فراوانتر ده‌کات، له چاو ئه‌وانه‌ی که په‌یوه‌ستن به مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ.
بۆ وه‌ڵامی به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که پێویسته که ئه‌وه ڕه‌چاو بکه‌ین که مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ سروشتێکی شۆڕشگێڕی هه‌یه و باوه‌ڕی به حوکڕانی ئیسلامی و شۆڕشی ئیسلامی هه‌یه. ئه‌م سروشته شۆڕشگێڕییه ئه‌و مافه به مه‌رجه‌ع ده‌دات که له ورد و درشتی کاروباره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینیه‌کان دا قسه‌ی هه‌بێت و مه‌رجه‌ع بێت. لێره‌دا پارتێک یان که‌سایه‌تیه‌کی سیاسی پێویست ناکات که خۆی به ئیجتیهادی خۆی خه‌ریک بکات و مه‌رجه‌عی باڵا وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌کانی لایه. بۆیه له سای ئه‌و مه‌رجه‌عه‌دا هه‌لقه‌ی هه‌ڵسوڕان و بڕیاردانی پارت و که‌سایه‌تیه‌کان به‌رته‌سک ده‌بێته‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌ع بڕیار له سه‌ر فیدرالیزم نه‌دات و له دژی به‌رژه‌وه‌ندیه ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆی بزانێت ئه‌وا له‌ده‌ره‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی مه‌رجه‌ع دا ده‌ست بردن بۆ به‌دیلی فیدرالیزم به مانای سه‌رپێچی کردنی مه‌رجه‌عه، که ئه‌وه‌ش بۆ خۆی تاوانێکه و موقهلیدانی ئه‌و مه‌رجه‌عه نا‌وێرن ده‌ستی بۆ به‌رن. گۆڕینی مه‌رجه‌ع له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵاوه، له‌مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگه وه بۆ مه‌رجه‌عی بێده‌نگ، به‌ر له‌ڕاگه‌یاندنی سیسته‌می فیدڕاڵی ده‌کرێت بخرێته ئه‌و چوارچێوه‌یه.
به‌ڵام بوون و نه بوونی پانتایی ئازادی سیاسی له مه‌رجه‌عی ناتیقه ته‌نها هۆکار نییه که ڕێگر بێت له به‌رده‌م به‌دیلی فیدرالیدا. هه‌روه‌ک پێشتر ڕوونمان کرده‌وه، ده‌کرێت مه‌رجه‌عی بهدههنگ و حکومه‌تی ئیسلامی وه‌ک دوو چه‌مکی ئاوه‌ڵ دووانه چاو لێبکرێن. به مانایه‌کی تر ئه‌وه سروشتی حکومه‌تی ئیسلامییه که ده‌بێته ڕێگر له به‌رده‌م پارت و که‌سایه‌تییه سیاسیه‌کانی شیعه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵا بۆ ئه‌وه‌ی مل نه‌ده‌نه به‌ر سیسته‌می فیدڕاڵی. چونکه تایبه‌تمه‌ندیه‌کی حکومه‌تی ئیسلامی ئه‌وه‌یه که حکومه‌تێکه ئارایشێکی نیشتمانیی هه‌یه. له‌حکومه‌تی ئیسلامی‌دا، ئیسلام و مهزههبیێکی دیاری کراو( بۆ نموونه مه‌زهه‌بی شیعی له حاڵه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران و مه‌زهه‌بی سوننی له حاڵه‌تی سه‌عودیه‌ی عه‌ره‌بی و ئه‌فغانستانی سه‌رده‌می تالیباندا) ده‌بنه هاوکوفی یه‌کتری و یه‌ک مانا ده‌به‌خشن. واته مه‌زهه‌بی حاکم له قاوغی مه‌زهه‌ب ده‌رده‌چێت و ده‌بێته ئیسلام خۆی و مه‌زهه‌ب و ئاینه‌کانی تریش په‌راوێز ده‌خرێن و ناوه‌رۆک و ته‌وژمی سیاسی و ته‌نانه‌ت تا راده‌یه‌کیش کۆمه‌ڵایه‌تیان له بار ده‌برێت. به مانایه‌کی تر مه‌زهه‌ب ده‌بێته ئاین و ئاینیش له مه‌زهه‌بدا کورت ده‌کرێته‌وه.
له‌م جێگۆڕکێیه‌ی ئیسلام و مه‌زهه‌بدا، له ژێر په‌رچه‌می ئیسلامدا، مه‌زهه‌ب ده‌بێته ئایدیۆلۆژیای ده‌وڵه‌ت و رۆڵی ئاینی ڕه‌سمی وڵات ده‌گێڕێت و حوکمڕانی سه‌رتاپای وڵات به هه‌موو مه‌زهه‌ب و ئایینزاده جیاوازه کانییه‌وه ده‌کات. به ده‌ربڕینێکی تر مه‌زهه‌ب ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی یاساکان و باڵاده‌ستی مه‌زهه‌ب به واتای باڵا ده‌ستی ئیسلام دێت و رابه‌ر و پێشه‌واکانی مه‌زهه‌بیش ده‌بنه حاکم و کاربه‌ده‌ستانی وڵات. ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی و خامنه‌ئی له ئێران و مه‌لا عومه‌ر له ئه‌فغانستان و شێخ و ئه‌میره‌کانی سوننه له وڵاته‌کانی که‌نداودا، نموونه‌ی زه‌قی ئه‌و حاڵه‌ته‌ن.
باڵا ده‌ستی مه‌زهه‌ب و ئیمتیازێک که به‌ده‌ستی دێنێت هه‌ر به ته‌نها له چوار چێوه‌ی به ره‌سمی بوونی مه‌زهه‌ب وه‌ک ئاینی ره‌سمی و ئایدیۆلۆژیای ده‌وڵه‌ت و گرتنه ده‌ستی حوکمڕانی وڵات سنووردار نابێت. به‌لکو چه‌مکی نیشتمانی بوون و مل دان به حاکمیه‌تی ئه‌و مه‌زهه‌به ئاوێته‌ی یه‌کتری ده‌بن و سه‌روه‌ری مه‌زهه‌ب ده‌بێته سه‌روه‌ری نیشتمانی و سه‌رپێچی کردنی حوکم و حاکم و یاساکانیشی بێجگه له‌وه‌ی که سه‌رپێچی کردنی شه‌ریعه‌ت و حوکمی ئیسلام له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، له هه‌مان کاتیش‌دا وه‌ک پێشێڵ کردنی بنه‌ماکانی نیشتمانی بوون و خیانه‌ت کردن به نیشتیمان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت (ئه‌م پێوانه‌یه تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش له گه‌ڵ عه‌ڕوبه و سوننهگهرایهتی به‌عسی به‌ر له روخانی رژێمی به‌عسیشدا ده‌گونجێت). له‌م قۆناغه‌دا و له‌سایه‌ی حکومه‌تی ئیسلامی و باڵا ده‌ستی یه‌ک مه‌زهه‌ب و په‌راوێز خستن و بێ ده‌نگه کردنی مه‌زهه‌به‌کانی تر، هه‌روه‌ک له ئێران و سعودیه و حوکمی تاڵیباندا بینیمان، هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا به جیاوازی ئاین و مه‌زهه‌ب و ئینتیمای عه‌قیده‌یی ملکه‌چی یاساکانی مه‌زهه‌بێکی دیاری کراو ده‌بن. ئه‌مه‌ش تاک ڕه‌نگی و یه‌ک ڕیزیهکی روکه‌شانه به وڵات ده‌به‌خشێت و حکومه‌تی ئیسلامی ره‌واڵه‌تی پاسه‌وان و پارێزه‌ری یه‌ک پارچه‌یی خاکی وڵات وه‌رده‌گرێت.
هه‌ر چه‌شنه جوڵانه‌وه و سیسته‌مێک که ئه‌و یه‌ک ڕه‌نگیی و یه‌کڕیزییه‌ی که له‌سایه‌ی حکومه‌تێکی ناوه‌ندی ئیسلامی‌دا به‌دی هاتووه بشێوێنێت ده‌بێته هه‌ڕه‌شه له سه‌ر یه‌کپارچه‌یی نیشتمان و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی ده‌بێته ئه‌رک و مافێکی شه‌رعی و نیشتمانی. فیدرالیه‌ت ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازانه زه‌ق ده‌کاته‌وه و یه‌کڕه‌نگی و یه‌کڕیزی نیشتمانی له‌بار ده‌بات و رێگه ده‌گرێت له‌وه‌ی که قه‌ڵه‌مڕه‌وی حکومه‌تی ناوه‌ندی (واته حکومه‌تی ئیسلامی) بگاته هه‌موو قوژبنێکی مه‌مله‌که‌ت، وه حوکم و یاساکانی شه‌ریعه‌ت (هه‌ڵبه‌ت له ڕوانگه‌ی مه‌زهه‌بی باڵا ده‌سته‌وه) به‌سه‌ر هه‌موو وڵات‌دا جێ به‌جی بکرێت و له کۆتاییدا ده‌بێته هه‌ڕه‌شه به‌سه‌ر یه‌کپارچه‌یی وڵات‌دا. لێره‌دا له‌وه تێده‌گه‌ین که بۆچی لایه‌نگرانی حکومه‌تی ئیسلامی له ناو شیعه‌کانی عێراقدا ئاوا سه‌رسه‌ختانه دژی فیدرالێزم ده‌وه‌ستنه‌وه.
لێره‌دا به پێچه‌وانه‌ی گه‌لی کوردستان که به‌شوێن کۆنتڕۆڵ کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا نییه له به‌غدا، به‌ڵکو له هه‌وڵی به فه‌رمی کردنی ناسنامه جیاوازه‌که‌یه‌تی له عێڕاقدا، وه به هاوشێوه‌ی سوننه‌کان (چ ناسیونالیسته پان-عه‌ره‌بیه‌کان یان سوننه ئیسلامیه‌کان)، شیعه‌کانی لایه‌نگری حکومه‌تی ئیسلامی کار بۆ کۆنتڕۆل کردنی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی عێڕاقی بوون (عهڕوقه) موزایه‌ده به‌سه‌ر سوننه‌کان دا ده‌که‌ن. له‌م بواره‌دا هاوشێوه‌ی سونننهکان به‌شیکی زۆر له شیعه‌کان له‌وانه‌ش ڕه‌وتی ئه‌لسه‌در، گوومان ده‌خه‌نه سه‌ر شه‌رعی بوونی هه‌ر پرۆسه‌یه‌ک که له‌سایه‌ی داکیرکاری ئه‌مه‌ریکا دا ده‌کرێت. جیاوازی نێوان چه‌مکی عهڕوقهی سوننه‌کان له گه‌ڵ عهڕوقهی شیعه‌کان له‌وه‌دایه که عهڕوقهی سوننه‌کان، زیاتر به‌و ئاراسته‌یه دایه که عێڕاق به‌شێکه له نیشتیمانی عه‌ره‌بی و دوا ئامانجیش یه‌کێتی نیشتیمانی عه‌ڕه‌به و که تێیدا عێڕاقیش ده‌بێته هه‌رێمێک یان یه‌که‌یه‌کی ئه‌و نیشتیمانه، له کاتێکدا تێزی عهڕوقهی شیعه‌کان زیاتر مه‌یلی به‌لای شوناسی ئیسلامی (واته شیعه) عێڕاق دایه و زۆر جاریش پێ له‌سه‌ر ناسینی شوناسنامه‌ی عه‌ڕه‌بی عێڕاق دا ده‌گرێت. به‌ڵام شیعه‌کان که له عێڕاقدا له هه‌ر ده که‌س شه‌ش که‌س پێک ده‌هێنن، له سای یه‌کێتی نیشتیمانی عه‌ڕه‌ب ده‌بنه که‌مینه‌یه‌کی مه‌زهه‌بی که له باشترین حاڵه‌تدا له هه‌ر ده که‌س یه‌ک که‌س شیعه ده‌بێت، بۆیه مه‌یلی شیعه که‌متر به‌لای پان عهڕهبیزم دایه.
مه‌رجه‌عی محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در و حزبی ده‌عوه
له ناو مه‌رجه‌عه ناتیقهکانی عێراقدا محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در یه‌کێکه له مه‌رجه‌عه کاریگه‌ر و دیاره‌کانی عێراق و له ناو ئه‌ده‌بیاتی شیعه‌دا به ئه‌لسه‌دری یه‌که‌م یان شه‌هیدی یه‌که‌م ناسراوه. ئه‌لسه‌دری یه‌که‌م، له ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رجه‌عانه‌دا بوو که ئه‌و په‌رژینه‌ی تێک شکاند که ئاین (مه‌زهه‌بی شیعه)ی له سیاسه‌ت جیا ده‌کرده‌وه و چه‌مکی ویلایه‌تی فه‌قیهی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و بوژایه‌وه و پێش که‌وت (هه‌رچه‌ند دواتر به‌لای تێزی حکومه‌تی خه‌ڵک دا شکایه‌وه، هه‌روه‌ک له خواره‌وه ڕوونی ده‌که‌مه‌وه) . له دیدگای ئه‌و له سایه‌ی ویلایه‌تی فه‌قیهیدا حکومه‌ت ملکه‌چی هه‌ریه‌ک له باڵا ده‌ستی و ده‌سه‌ڵاتی زانایانی ئیسلامی و شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌بێت.
له سه‌رو به‌ندی ده‌رکه‌وتنی دیارده و جوڵانه‌وه‌ی ئه‌لسه‌دری یه‌که‌م دا، حه‌وزه عیلمیه‌کانی نه‌جه‌ف له پاشه‌کشه‌یه‌کی به‌رچاو دابوون له هه‌مبه‌ر ده‌وڵه‌تی به ڕواڵه‌ت سهکولاری به‌غدا که له ژێر کۆنترۆلی سوننه‌کاندا بوو. حه‌وزه‌و رابه‌ره‌کانی له ناوه‌رۆکه سیاسیه‌که‌ی داماڵرابوو وه له کاروبار و نیگه‌رانیه‌کانی جه‌ماوه‌ر دابڕابوو. بێجگه له‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت کۆنترۆڵی ژیانی کۆمه‌ڵ و تاکی کردبوو، په‌رێزی حه‌وزه و مهرجهعهکانیشی به‌رته‌سک کردبۆوه، ڕه‌وتی فکری و سایاسی زاڵیش له ناوچه شیعه نشینه‌کاندا له لایه‌ن کۆمۆنیست و ناسیونالیسته عه‌ره‌بیه‌کانه‌وه پاوان کرابوو.
محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در له یه‌ک کاتدا به دوو ئاراسته کاری ده‌کرد، له‌لایه‌که‌وه هه‌وڵی به‌ڕه ده‌رهێنانی له ژێر پێی مه‌رجه‌عی بێده‌نگ (ته‌قلیدی) ده‌دا و کاری بۆ گێرانه‌وه‌ی سروشتی سیاسی به حه‌وزه و مه‌رجه‌عه شیعیه‌کان و ده‌ست بردن بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌کرد. له‌م بواره‌دا جوڵانه‌وه‌ی باقر ئه‌لسه‌در وه‌ک کوده‌تایه‌ک به‌سه‌ر مه‌رجه‌عی بێده‌نگ دا دێته ئه‌ژمار کردن. ئه‌و له کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا (فه‌لسه‌فه‌مان) دا ئاوا باسی وشیاری سیاسی ده‌کات و ده‌ڵێت، ئاگایی سیاسی به ته‌نها سنوردار نیه به لایه‌نی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به‌لکو وشیاریه‌کی قووڵی سیاسیه که سه‌رتاپای ژیان و گه‌ردوون، کۆمه‌ڵگا، سیاسه‌ت، ئابووری و ئه‌خلاقیات ده‌گرێته‌وه. له لایه‌کی تریشه‌وه که‌وته به‌رهه‌ڵستی و به‌ربه‌ره‌کانێ کردنی ئهوتهحهددا و ڕێگریانه که له‌لایه‌ن سهکۆلارهکان یان ڕه‌واڵه‌ت سهکۆلارهکانهوه به‌ره‌و ڕووی جوڵانه‌وه‌که‌ی ده‌بوونه‌وه. بۆ ده‌ست کۆتا کردنی ئه‌و پارته ره‌واڵه‌ت سهکۆلارانه و ده‌ستی بۆ دامه‌زراندنی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی برد و ئه‌و له دیارترین دامه‌زرێنه‌رانی حیزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامییه که له ساڵی 1957/58 دامه‌زرا. ئه‌م پارته له سه‌ره‌تاوه به په‌یڕه‌وکردنی تێزه‌کانی ئه‌لسه‌در داوای جێ به‌جی کردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی و چه‌سپاندی حوکمی خودایان له سه‌ر زه‌وی کردووه.
پارته نوێکه‌ی ئه‌لسه‌در کێردێکی دوو تیغی بوو له‌یه‌ک کاتدا ڕه‌گ و ڕیشه‌ی حه‌وزه‌ی ته‌قلیدی و پارته سکۆلاره‌کانی له ناو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای شیعه‌دا ده‌بڕی. به دامه‌زراندنی پارتی ده‌عوه و هێنانه ئارای شێوازێکی جیاواز له رێکخراوه‌یی هه‌ره‌می حه‌وزه عیلمی و مه‌رجه‌عه مهزههبییهاکنی شیعه، ئه‌لسه‌در ته‌حه‌دای دامه‌زراوه‌یی حه‌وزه‌ی ته‌قلیدی ده‌کرد. کاریگه‌ری جوڵانه‌وه‌که‌ی باقر ئه‌لسه‌در هه‌ر به‌ته‌نها جێی به حه‌وزه‌ی ته‌قلیدی (بێ ده‌نگ) له‌نگ نه‌کردبوو. به‌ڵکو حکومه‌ته مه‌رکه‌زیه‌کانی عێڕاقیشی، که له لایه‌ن سوننه‌کانه‌وه کۆنترۆل کرابوون، هه‌راسان کردبوو. به دامه‌زراندنی حزبی ده‌عوه، ئه‌لسه‌در توانیبووی که نوێنه‌رایه‌تی و ده‌نگێکی تازه بۆ شیعه‌کان دروست بکات. هه‌رچه‌نده ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدابوو، چونکه تا ئه‌و کاتیش شیعه‌کان به جۆرێک له جۆره‌کان له ده‌سه‌ڵات دوورخرابوونه‌وه، به‌ڵام له ناو که‌شی بزوتنه‌وه سیاسی ژێرزه‌مینی کۆمه‌ڵگای شیعی‌دا، حزبی ده‌عوه وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤێکی به‌هێز ده‌رکه‌وت و شوێنی هه‌ردوو ڕه‌وتی شیوعی پان-ناسیونالیستی به‌عسی له‌ق کرد. هه‌روه‌ک حه‌ننا به‌تاتۆ ئاماژه‌ی پێده‌دا، ئه‌م حزبه به‌تایبه‌ت له سه‌ر حسابی شکست و هه‌ڵه‌کانی حزبی شیوعی گه‌شه‌ی کرد و تاڕاده‌یه‌کیش له نوێنه‌رایه‌تی کردنی شیعه‌کان به‌گشتی و چین و توێژه هه‌ژاره‌کان به تایبه‌تی جێگای ئه‌و حزبه‌ی گرته‌وه. کوده‌تای به‌عسی و نه‌ته‌وه‌په‌ره‌سته‌کانی عه‌ره‌ب له ساڵی 1963 و ئه‌و گورزه کوشندانه‌ی که له حزبی شیوعی که‌وت هۆکارێک بوو بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م حیزبه (شوعی) هه‌یبه‌ت وتوانایی خۆی له‌ده‌ست بدات، دواتریش هاوپه‌یمانی حزبی شیوعی له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عس له ساڵی 1973-1978 ئه‌م حیزبه‌ی له نوێنه‌رایه‌تی کردنی چین و توێژه مه‌حرومه‌کانی شیعه‌ی نه‌بان کرد‌و هه‌ردووکیش به‌یه‌که‌وه هۆکاری سه‌ره‌کی بوون بۆ ئه‌وه‌ی شیعه‌کان و حزبی ده‌عوه له بری حزبی شیوعی به رووگه‌ی خۆیان دابنێن.
له کتێبی (فه‌لسه‌فه‌مان) دا، محه‌مه‌د باقر ئهلسهدرههوڵی دا که ره‌هه‌ندێکی ئایدیۆلۆژی و فه‌لسه‌فیشی به‌و ئاراسته‌یه (واته ئاراسته‌ی لێ سه‌ندنه‌وه‌ی ڕابه‌رایه‌تی و نوێنه‌رایه‌تی کردنی حزبی شوعی بۆ جه‌ماوه‌ری شیعی) بدات. ئه‌م کتێبه که به‌شی سه‌ره‌کی به‌رپه‌چ دانه‌وه و شیکار کردنی ئایدیۆلۆژیه‌تی مارکسیه، و ئالته‌رناتیڤه ئیسلامیه‌کانی خۆیشی هه‌ر له به‌راورد له گه‌ڵ بیرۆکه‌ی مارکسی داڕشتووه و تێزه‌کانی زیاتر له ئیسلامیزه کردنی کۆمۆنیزم ده‌چن. بۆ نموونه سێ تێزی سه‌ره‌کی ئه‌لسه‌در بریتین له: یه‌که‌م هاوئاوازی مارکسیه‌کان، باقر ئه‌لسه‌در پێ له‌سه‌ر داروخان و کۆتا هاتنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری داده‌نێت، دووه‌م و سێیه‌م تێزیش که به کرۆکی بیردۆز و ئه‌لته‌رناتیڤی حکومه‌تی ئیسلامی باقر ئه‌لسه‌در داده‌نرێت، بریتین له حکومه‌تی خه‌ڵکیی (یان ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک) وه له‌گه‌ڵ عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ر بنه‌مای ئابووری. ئه‌م سێ تێزه‌ش به‌سه‌ر یه‌که‌وه تێکه‌ڵه‌یه‌که له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی و مارکسی. به‌ده‌ربڕینێکی تر ئه‌لسه‌در ئاگایانه ده‌ستی بۆ موتوربه کردن و به که‌ره‌سته کردنی بیرۆکه‌ی مارکسی بردووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ک رابه‌رایه‌تی کردنی خه‌ڵکی هه‌ژار و که‌مده‌رامه‌تی شیعه له حزبی شیوعی بستێنێته‌وه و له‌لایه‌کی تریش وه‌ڵامێکی پێ بێت بۆ جه‌ماوه‌ری ملیۆنی له که‌م ده‌رامه‌ت و مه‌حرومی شیعه که له سای ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی نوخبه‌ی سوننه بێ به‌ش ببوون. له کتێبێکی دیکه‌ی دا محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در له که له ژێر ناونیشانی "مه‌هدی چاوه‌ڕوان کراو" بڵاو کردۆته‌وه، ده‌ڵێت ئومه‌تی ئیسلامی ده‌بێت حکومه‌تی ئیسلامی خۆی هه‌بێت و کار و باره‌کانی خۆی به‌ڕێوه ببات تا وه‌کو مه‌هدی مونته‌زه‌ر دێت.
وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ رۆڵی سیاسی باقر ئه‌لسه‌در، له ساڵی 1972 به گومانی ده‌عوه بوون بۆ ماوه‌یه‌ک له لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه زیندانی کرا. سه‌دری یه‌که‌م وه‌ک مزگێنی و ئومێدێکی گه‌وره پێشوازی له سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیران له ساڵی 1979 و دامه‌زراندنی جه‌مهوری ئیسلامی کرد‌و به‌م بۆنه‌یه‌وه سێ رۆژی وه‌ک پشوی حه‌وزه‌ی عیلمی نه‌جه‌ف راگه‌یاند. له هه‌مان ساڵدا جوڵانه‌وه‌ی موبایه‌عه‌ی دامه‌زراند، که ڕاسته‌و کاری بۆ حکومه‌تێکی ئیسلامی هاوشێوه‌ی ئێران ده‌کرد و لایه‌نگرانی که‌وتنه چالاکی سیاسی. جه‌ماوه‌رێکی زۆری شیعه باقر ئهلسهدریان وه‌ک رابه‌ری رۆحی خۆیان ته‌ماشا ده‌کرد و میدیاکانی عه‌ره‌بیش (هه‌ر وه‌ک حه‌ننا به‌تاتۆ ئاماژه‌ی پێ ده‌کات) به خومه‌ینی عیراق ناویان ده‌هێنا. تا له ساڵێ 1980 له گه‌ڵ خوشكێکیدا له لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه ئیعدام کرا.
پارتی ده‌عوه تا ئیستاش پشت بهتێزو تیۆریه‌کانی ئایه‌توڵڵا محه‌مد باقر ئه‌لسه‌در ده‌به‌ستێت به تایبه‌ت تێزه ئابووریه‌کانی وه تێزی حکومه‌تی ئیسلامی نیشتیمانی که له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه به‌ڕێوه ببرێت نه‌ک ڕاسته‌خۆ له لایه‌ن ئایه‌توڵڵا و فیقهیه‌کان. له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه (به‌ڕێوه بردنی حکومه‌تی ئیسلامی له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه) له ساڵی 1988 رابه‌رایه‌تی ئه‌م پارته له گه‌ڵ یه‌کێک له ڕابه‌ره‌کانی که ئایه‌توڵڵا کازم حوسه‌ینی ئهلحائیرییه که‌وته کێشه‌وه و له ئه‌نجامدا ئه‌لحائیری په‌یوه‌ندی به پارته‌که‌وه پچراند. کازم ئه‌لحائیری که له نه‌جه‌ف له‌دایک بووه و له قوم داده‌نیشێت پێشتر وه‌ک مه‌رجه‌عێک لایه‌نگری و پشتگیری حیزبی ده‌عوه‌ی ده‌کرد و له ساڵی 1988 ئه‌و ئیدیعای ئه‌وه‌ی ده‌کرد که فه‌قێ ده‌بێت رۆڵی راسته‌وخۆی هه‌بێت له بڕیاردان له ناو پارتیدا. وه هه‌روه‌ها پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرت که ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێرانی ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شیعه‌کاندا هه‌بێت له جیهاندا، ئه‌م که له‌سه‌ر ئه‌م تێزانه‌ی له گه‌ڵ پارتی ده‌عوه‌دا که‌وته کێشه له‌و ساڵه‌دا حزبی ده‌عوه‌ی به جێ هێشت و دواتر په‌یوه‌ندی به جوڵانه‌وه‌که‌ی سه‌دری دووه‌م کرد. تا ئێستاش رابه‌رانی ئه‌م پارته له نموونه‌ی ئیبڕاهیم ئه‌لجه‌عفه‌ری و نووری ئه‌لمالیکی نه‌ک هه‌ر که‌واو سه‌ڵته و عه‌مامه ناپۆشن و کۆت و بۆینباغ ده‌به‌ستن، به‌ڵکو له ده‌ره‌وه‌ی حه‌وزه‌ی عیلمین و ده‌رچووی زانکۆکانن.
ره‌نگه پرسیار ئه‌وه بێت که به پێچه‌وانی ئه‌م پۆلێن کردنه‌ی سه‌ره‌وه، پارتی ده‌عوه له دوای روخانی رژێمی به‌عس لایه‌نگری و وه‌لای بۆ مه‌رجه‌عی ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی نیشاندا که به مه‌رجه‌عێکی بێده‌نگ ناوزه‌ده ده‌کرێت. به‌ڵام تا ئێستاش حکومه‌تی ئیسلامی وه‌ک ستراتیژیه‌تی ئه‌و حیزبه ماوه‌ته‌وه. هۆکاره‌کانی پشت گه‌ڕانه‌وه‌ی حزبی ده‌عوه بۆ مه‌رجه‌عی سیستانی فره‌ن، به‌ڵام من ته‌نها ئاماژه به‌هه‌ندێکیان ده‌ده‌م. ره‌نگه سه‌ره‌کی ترین هۆکار ئه‌وه بێت که چوونه ژێر چه‌تری سیستانی که وه‌ک حه‌وزه‌ی بێده‌نگ پۆلێن ده‌کرێت له‌و تێڕوانینه‌ی محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌دره‌وه بێت له سه‌ر به‌ڕێوه بردنی حکومه‌تی ئیسلامی له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه، نه‌ک له لایه‌ن فیقهیه‌کانه‌وه. کوژران و له‌ناو چوونی ئایه‌توڵڵا و رابه‌ره ناسراوه‌کانی مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ و جیابوونه‌وه‌ی ئه‌لحائیری له حیزبی ده‌عوه ڕێخۆشکه‌رێکی باش بوون بۆ ده‌رچوونی ئه‌و حیزبه له ژێر کاریگه‌ری مه‌رجه‌عه به ده‌نگه‌کان. هه‌روه‌ها نه‌زعه‌ی عێڕاقی بوون (عهڕوقه) هۆکارێکی تره بۆ ئه‌وه‌ی حزبی ده‌عوه خۆی له وه‌لائی راسته‌و خۆی مه‌رجه‌عه ناتیقهکانی ئێران دوور بگرێت. دوا هۆکاریش ڕه‌نگه شکست و لاوازی پارتی ده‌عوه بێت له چاو دوو رکابه‌ره‌که‌ی تری که ئه‌نجومه‌نی باڵا و ره‌وتی ئه‌لسه‌درن.
پارتی ده‌عوه نموونه‌یه‌کی به‌رچاوی ره‌ت کردنه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی فیدرالیزمه، به تایبه‌تی فیدرالیه‌تی فره نه‌ته‌وه‌یی. بۆ نموونه له ساڵی 2002 نوری ئه‌لمالیکی (که ئێستا سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراقه و ئه‌وسا نوێنه‌ری پارتی ده‌عوه بوو) ئاماده نه‌بوو که به‌شداری کۆنگره‌ی له‌نده‌ن بکات (ئه‌و کۆنگره‌یه‌ی که تا ئه‌م دواییانه‌ش له‌لایه‌ن کورده‌وه وه‌ک سه‌نه‌دێک ئاماژه‌ی پێ ده‌کرا). نا رازی بوون و موقاته‌عه کردنی نووری ئه‌لمالیکی بۆ ئه‌م کۆنگره‌یه وه‌ک ده‌ربڕینی ناره‌زایی و ره‌تکردنه‌وه‌ی خواستی کورد بۆ فیدرالیزم و هه‌وڵی ناسینی (ئیتیحادی ئیختیاری) بۆ کورد بوو. نووری مالیکی داوای کوردی بۆ فیدرالیزم وه‌ک هه‌نگاوێک بۆ دابه‌ش کردنی عێراق وه‌سف ده‌کرد.
له چه‌ند ساڵی رابردوودا پارتی ده‌عوه به ئاشکرا له پاڵ پارتی فه‌زیله و باڵی ئه‌لسه‌دردا به‌رهه‌ڵستی ئه‌و فیدرالیه‌ته ئاراسته هه‌رێمایه‌تیه ده‌کات که له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی پێشنیار کراوه. هه‌ڵوێستی نه‌رێنی ئه‌م حیزبه له سه‌ر زاری زۆر یه‌ک له به‌رپرسه‌کانیدا ده‌رده‌که‌وێت، بۆ نموونه ئیبراهیم ئه‌لجه‌عفه‌ری سه‌ره‌ک وه‌زیرانی پێشووی عێراق ده‌ڵێت " ئێمه باوه‌ڕمان به جی به‌جێ کردنی لایه‌نێکی دیاری کراو له لا مه‌رکه‌زی هه‌یه، وه له لایه‌کی تریشه‌وه ئێمه هه‌وڵ بۆ چه‌سپاندنی حاڵه‌تێکی مه‌رکه‌زیه‌ت ده‌که‌ین که گه‌ره‌نتی پارێزگاری یه‌کپارچه‌یی عێراق و سه‌روه‌ری ئه‌و وڵاته بکات".
هاو شێوه‌ی جه‌عفه‌ری، نووری مالیکی که له ساڵی 2006 ه‌وه سه‌رۆکایه‌تی ئه‌م حیزبه ده‌کات و سه‌رۆک وه‌زیری عێراقه له چاوپێکه‌وتنێكیدا له گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات دا ده‌ڵێت "پارتی ده‌عوه که به شانازیه‌وه من سه‌رۆکایه‌تی ده‌که‌م، پشتگیری فیدرالیزم ده‌کات به‌ڵام له هه‌مان کاتدا کار بۆ ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز ده‌کات". لیره‌دا بۆ نووری مالیکی و پارته‌که‌ی ده‌وڵه‌تی به‌هێز ئامانجه نه‌ک فیدرالیزم. ئه‌مه‌ش له به‌شیکی تری قسه‌کانی ئه‌ودا ده‌رده‌که‌وێت که ده‌ڵێت "دوو قوتابخانه‌ی فیدرالیه‌ت هه‌یه، یه‌که‌میان به ئاراسته‌ی بێ هیزکردنی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی دا ده‌روات و وا له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ده‌کات که بێجگه له ئامرازێک بۆ وه‌رکرتنی دارایی و دابه‌ش کردنی هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی تری نابێت". دواتر مالیکی قوتابخانه‌که‌ی تریشیان پێناسه ده‌کات و ده‌ڵێت "وه قوتابخانه‌یه‌که‌ی تریش ئاراسته‌که‌ی به‌ره‌و فیدرالیه‌ته به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز که بتوانێت کۆنترۆڵی بارودۆخ بکات، وه پارتی ده‌عوه پشتیوانی ئه‌م فیدرالیه‌ته ده‌کات". ئه‌و "حاڵه‌ته مهرکهزیهی" که جه‌عفه‌ری داوای ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی "یه‌کپارچه‌یی" و "سه‌روه‌ری عێراق" بپارێزێت، وه ئه‌و "ده‌وڵه‌ته به‌هێزه" که مالیکی کاری بۆ ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی "کۆنترۆڵی بار‌و دۆخ بکات" ته‌نها مانایه‌کی هه‌یه ئه‌ویش ره‌تکردنه‌وه‌ی فیدرالیه‌ته.
هاو شێوه‌ی هاوتا سه‌رکرده‌کانی له پارته شیعی و سوننیه‌کان ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی سیسته‌می فیدرالی ده‌که‌ن بۆ عێراق، مالیکیش هۆکاری ره‌تکردنه‌وه‌ی فیدرالیزم له لایه‌ن خۆی و پارته‌که‌یه‌وه بۆ ئه‌وه ده‌گێرێته‌وه که فیدرالیزم به هۆکارێک بۆ دابه‌ش بوونی عێراق ده‌زانن و ده‌ڵێت "ئه‌و فیدرالیهتهی که ده‌ویسترێت له عێراقدا بچه‌سپێنریت، که له له لایه‌ن زۆر لایه‌نه‌وه به تووندی ره‌ت ده‌کرێته‌وه، ره‌نگه ببێته هۆی نه‌مانی ده‌وڵه‌ت و دابه‌ش بوونی عێراق و به‌گژ یهکداچوونهوه و کوشتار".
ره‌ت کردنه‌وه‌ی فیدرالیزم له لایه‌ن ئه‌م پارته‌وه کاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی هه‌یه له سه‌ر گۆڕینی بالانس له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌یارانی فیدرالیزم له ناو به‌ره‌ی شیعه‌کاندا (واته ئیئتلافی یه‌کگرتووی شیعه) له به‌ر چه‌ند هۆکارێک. هه‌روه‌ک له پێشبركێی ناوخۆی ئیئتیلافی شیعه‌دا بۆ پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیران له نێوان هه‌ردوو کاندیده‌که‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵا و پارتی ده‌عوه‌دا ده‌رکه‌وت که پارتی ده‌عوه له لایه‌که‌وه ئه‌و ژماره‌یه‌یه که ده‌توانێت له کێشمه کێشه‌کانی ناو خۆی شیعه‌دا (به‌تایبه‌ت باڵی سه‌در و ئه‌نجومه‌نی باڵادا) مانا په‌یدا بکات و سوودمه‌ند بێت. له لایه‌کی تریشه‌وه، پارتی ده‌عوه به ئاشکرا له‌گه‌ڵ باڵی سه‌دردا هاوسۆزی و هاوپه‌یمانییان له پرۆسه‌ی هاڵبژاردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سه‌ره‌ک وه‌زیران پێک هێنا و باڵی سه‌در ده‌نگیان بۆ کاندیدی ئه‌لده‌عوه دا که ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌کی تری له یه‌ک نزیک بوونی ئایدۆلۆژیا و به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌لته‌رناتیفی ئه‌و دوو پارته‌یه، له‌وانه‌ش به‌دیلی حوکومه‌تی ئیسلامی له هه‌مبه‌ر تێزی مه‌غدووریه‌تی شیعه‌دا، که له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵاوه ئارایشی پێدراوه و وه‌ک بنه‌ما و به‌ڵگه‌یه‌ک به‌کار هاتووه بۆ پێشنیار کردنی فیدرالیزم وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ حوکمی عێراق. بردنه‌وه‌ی کاندیدی پارتی ده‌عوه له به‌رامبه‌ر کاندیده‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵادا، به مانای ئه‌وه دێت که ته‌رازوی هێز له ناو شیعه‌کاندا له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و هێزانه‌دایه که فیدرالیزم ره‌ت ده‌که‌نه‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراقیش له داواکردنی بۆ فیدرالیه‌ت رۆژ له دوای رۆژ وه له ژێر فشاری به‌رهه‌ڵستکارانی فیدرالیزم له پاشه‌کشه دایه.
مه‌رجه‌عی محه‌مه‌د سادق ئه‌لسه‌در و ڕه‌وتی سه‌در
سه‌دری دووه‌م یان محمه‌مه‌د سادق ئه‌لسه‌در که ئامۆزای سه‌دری یه‌که‌م و باوکی موقته‌دا ئه‌لسه‌دره، یه‌کێکی تره له نموونه‌ی مه‌رجه‌عه ناتیقهکان و له سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ته‌کانی ڕابردووه‌وه لایه‌نگیری خۆی بۆ حکومه‌تی ئیسلامی و ویلایه‌تی فه‌قیه ڕاگه‌یاند. له ڕاستیدا، سه‌دری دووه‌م درێژه پێده‌ر و ته‌واو که‌ری سه‌دری یه‌که‌م ده‌ژمێردرێت وه له هه‌مان کاتدا ئه‌و که‌وتۆته ژێر کاریگه‌ری شۆرشی ئیسلامی و رێبازی ئایه‌توڵڵا خومهنینی ئیلهامی له سروشتی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌و وه‌رگرتووه. ئه‌و که له ساڵی 1992 دا بووه مه‌رجه‌عی باڵا، که‌وته شیکار و زه‌ق کردنه‌وه‌ی جیاوازیه‌کانی نێوان حه‌وزه‌ی به‌ده‌نگ و حه‌وزه‌ی بێده‌نگ، که ئه‌مه‌ش لێکترازانێکی له نێوان مه‌رجه‌ع و حه‌وزه‌کانی نه‌جه‌ف دروست کرد. له ساڵی 1999 دا به توندی ره‌خنه‌ی له هه‌ڵس وکه‌وتی رژێمی به‌عس و سه‌رکوتکاریه‌کانی ئه‌و رژێمه‌ی کرد له گه‌ڵ شیعه‌کان وه هه‌روه‌ها ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌بوو که له گه‌ڵ ئه‌ندامانی فه‌یله‌قی به‌دردا کۆبوونه‌وه‌ی کردبێت، دواجار له‌هه‌مان ساڵدا له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسدا کوژرا.
موقته‌دا ئه‌لسه‌در له دوای کوژرانی باوکی و روخانی رژێمی به‌عش بوو به میراتگری سیاسی حه‌وزه‌ی به‌ده‌نگ که له لایه‌ن باوکی دامه‌زرابوو. له راستیدا ئه‌لسه‌در قه‌رزارباری ئه‌لسه‌دری یه‌که‌میشه و توانیویه‌تی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له جوڵانه‌وه‌که‌ی ئه‌ویش سوودمه‌ند بێت، چونکه له خزمایتی، هه‌ردوو ئه‌لسه‌در چوارچێوه و ژێرخانێکی ئایدیۆلۆژی و رێکخراویی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رفراوانیان بۆ چوڵانه‌وه‌ی سیاسی شیعی داڕشت و هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا سه‌ریان نایه‌وه. دیارده‌ی له پڕێک بوون به کوڕێکی موقته‌دا لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و سه‌ره‌ڕای نه‌شاره‌زایی سیاسی و ئایدیۆلۆژی موقته‌دا، ئه‌و توانی که له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ببێته یه‌کێک له‌سه‌ره‌کی ترین هێزی ناو گۆڕه‌پانی سیاسی شیعه و عێڕاق. به هۆی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌وه (واته حه‌وزه‌ی ناتیقه) و به تایبه‌تی ئه‌لسه‌دری دووه‌می باوکییه‌وه موقته‌دا تۆڕێکی فراوانی له نوسینگه وخوێندنگا ئاینیه‌کانی و پیاوانی ئاینی گه‌نج و چالاک بۆ به‌جێ ماوه. نمونه‌ی ئه‌و که‌سایه‌تیانه که هاوکارو راوێژکاری ئه‌لسه‌درن له به‌ڕێوه‌بردنی ره‌وتی ئه‌لسه‌در و سوپای مه‌هدی دا محه‌مه‌د ته‌باته‌بائی و ریاز ئه‌لنوری و قه‌یس ئه‌لخه‌زعه‌لی و شێخ جابر ئهلخهفاجین.
هه‌روه‌ک گووتم موقته‌دا ئه‌لسه‌در ده‌کرێت به میراتگری سیاسی جوڵانه‌وه‌که‌ی باوکی هه‌ژمار بکرێت نه ک به میرات گری مه‌رجه‌عی (لانی که‌م له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا). چونکه سه‌ره‌ڕای که‌م ته‌مه‌نی، موقته‌دا له رووی زانسته ئاینیه‌کانه‌وه نه‌یتوانیووه پله‌یه‌کی پێویست ببڕێت تا ببێته میراتگری مه‌رجه‌عی باوکی. به‌ڵام یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی سه‌رجه‌م پارت و جوڵانه‌وه سیاسیه‌کانی شیعه پێداویستی هه‌بوونی چه‌ترێکی مه‌رجه‌عییه. موقته‌دا له‌سه‌ره‌تای جوڵانه‌وه‌که‌یدا تا ئه‌م دوایانه‌ش له‌ژێر چه‌تری پیرۆزی مه‌رجه‌عی کازم حوسه‌ینی ئه‌لحائیری دا بوو، به‌ڵام به پێی هه‌ندێک سه‌رچاوه له‌م دوایانهداد ئه‌لحائیری پشتی تێ کردووه و هه‌ندێک مه‌رجه‌عی تر له بابه‌تی شیخ جه‌واد ئهلخالیسی و محه‌مه‌د مه‌هدی ئه‌لخالسی و ئه‌حمه‌د ئه‌لبه‌غدادی (ئه‌و مه‌رجه‌عانه زیاتر ئاراسته‌یه‌کی عهڕهبگهرایی-عێڕاقچێتیان هه‌یه و دژی داخوازیه‌کانی گه‌لی کوردستانن) که‌م تا زۆر سۆزیان بۆ جوڵانه‌وه‌که‌ی موقته‌دا هه‌یه و ڕێنمایی و ئامۆژگاری ئه‌و ده‌که‌ن.
موقته‌دا و ره‌وتی ئه‌لسه‌در زه‌قترین نموونه‌ی ئه‌و جوڵانه‌وه شیعیانهیه که ده‌رهاویشته‌ی تێکه‌ڵ بوونی مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ به کار‌و باری سیاسین. یه‌که‌م خه‌سله‌تی موقته‌دا ئه‌لسه‌در که له گه‌ڵ حکومه‌تی ئیسلامی ره‌واڵه‌ت نیشتیمانیدا یه‌کده‌گرێته‌وه ئه‌وه‌یه که له کاتێکدا شیعهچێتی جوڵانه‌وه‌که‌ی هیچ گومانێک هه‌ڵناگرێت له هه‌مان کاتدا گوفتار و ره‌فتاری عێراقی بوونی پیاده کردووه. موقته‌دا خۆی و جوڵانه‌وه‌که‌ی وه‌ک سه‌رسه‌خترین نه‌یاری ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی ده‌ناسێنێت و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هێزه ئه‌مریکیه‌کانی وه‌ک هێزی داگیرکه‌ری کافر کرده ئامانجی به‌ره‌نگار بوونه‌وه و ساڵی 2004 گه‌وره‌ترین ده‌رگیری چه‌کداری له نێوان ئه‌مریکیه‌کان و ره‌وتی ئه‌لسه‌در رووی دا. خۆی و جوڵانه‌وه‌که‌ی که‌م تا زۆر جوڵانه‌وه شیعیه‌کانی تری به نۆکه‌ر و کرێگرته‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا و له سه‌ر پاوانخوازی ده‌سه‌ڵات و ناکۆکیه ئایدیۆلۆژیه‌کان له دژی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و خواستی ئه‌و پارته بۆ فیدرالیزم وه‌ستاوه‌ته‌وه و وه‌ک یه‌کێک له سه‌رسه‌خترین نه‌یارانی فیدرالیزم و ستاتۆی هه‌رێمی کوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ ئامێزی کوردستان وه‌ستاوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت سه‌دان میلیشیای نارده که‌رکوک بۆ رێگری له‌به‌رده‌م هه‌یمه‌نه‌ی کوردستانیاندا له‌و شاره و لایه‌نگرانی له ئایاری 2004 دا به دروشمی کوردستان دوژمنی خوایه ڕژانه ناو شه‌قامه‌کانی که‌رکوک. ئه‌م هه‌ڵوێستانه هه‌مووی رواڵه‌تی نیشتیمانی بوون و عێراقی بوون ده‌ده‌ن به موقته‌دا و جوڵانه‌وه‌که‌ی و به‌شێک له ناسیونالیسته عه‌ره‌به‌کان و لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی و عهڕوبهی عێراق به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر ستایشی نیشتیمانی بوونی ئه‌م ڕه‌وته ده‌که‌ن.
جێگۆركیێ کردنی مه‌زهه‌ب و ئیسلام وه به نیشتیمانی کردنی مه‌زهه‌ب له سایه‌ی حکومه‌تی ئیسلامی‌دا به ئاشکرا له ره‌وتی ئه‌لسه‌در دا ده‌رده‌که‌وێت. له لایه‌که‌وه موقته‌دا له هه‌موو بۆنه‌یه‌کدا بانگه‌شه بۆ یه‌کێتی نیشتیمانی و یه‌کێتی ڕیزه‌کانی شیعه و سوننه ده‌کات و ته‌نانه‌ت وه‌ک ده‌سپێشخه‌ریه‌ک له‌م بواره‌د له ساڵی (2004) هه‌زاران له لایه‌نگرانی خۆی نارد بۆ فه‌لوجه بۆ پشتیوانی یاخی بووه سوننه‌کان له‌و شاره‌دا و شهر کردن له گه‌ڵ "داگیرکه‌ری کافردا"، هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه به پێچه‌وانه‌ی پارته شیعیه‌کانی تر ره‌وتی ئه‌لسه‌در له ناو ناسیونالیسته سوننه‌کاندا (ئه‌گه‌ر به شكڵێکی سیمبۆلیش بێت) هاوسۆز و لایه‌نگری هه‌یه. له‌لایه‌کی تریشه‌وه ره‌وتی ئه‌لسه‌در که‌مترین لێبورهدیی به‌رامبه‌ر به ئه‌ندامه باڵاکان و سه‌رانی پارتی به‌عس هه‌یه و سه‌ره‌کی ترین ڕۆڵی هه‌بوو له توند و تیژی نێوان شیعه و سوننه‌دا و له ئاواره‌کردن و ده‌رپه‌ڕاندنی هه‌زاران خێزانی سوننه له گه‌ڕه‌که‌کانی به‌غدا و شاره‌کانی تر که ئه‌و ڕه‌وته تێیدا باڵا ده‌ست بوون و لایه‌نگرانی ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌یان مزگه‌وتی سوننه‌دا گرت. لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت که وه‌ک باقی لایه‌نگرانی حکومه‌تی ئیسلامی، لای موقته‌دا ئهلسهدریش، نیشتیمانی بوون و یه‌كێتی نێشتمانی به مانای په‌ڕو پۆ کردنی مه‌زهه‌ب و هێزه‌کانی تر و باڵا ده‌ستی و حاکمیه‌تی مه‌زهه‌بێکی دیاری کراو دێت.
مه‌رجه‌عی ئایه‌تووڵلا ئه‌لیه‌عقوبی و حزبی فه‌زیله
ئایه‌توللا محه‌مه‌د ئه‌لیه‌عقوبی یه‌کێکی تره له مه‌رجه‌عه ناتیقهکانی شیعه و به مه‌رجه‌عی پارتی فه‌زیله‌ی ئیسلامی داده‌نرێت که له په‌رله‌مانی عێراقیدا 15 کورسیان هه‌یه و پێگه‌یه‌کی به‌هێزیان له به‌سره‌دا هه‌یه و له ئه‌نجومه‌نی ئه‌و شاره‌دا زۆرینه‌ن. ئه‌و یه‌کێک بووه له لایه‌نگرانی جوڵانه‌وه‌ی ئه‌لسه‌دری دووه‌م و له دوای کوژرانی ئه‌لسه‌در له ساڵی 1999 دا بۆ ماوه‌یه‌ک رابه‌رایه‌تی جوڵانه‌وه‌که‌ی کردووه و یه‌کێکه له داکۆکیکه‌رانی ویلایه‌تی فه‌قیهی و حکومه‌تی ئیسلامی. به هه‌مان شێوه‌ی ره‌وتی ئه‌لسه‌در و حزبی ده‌عوه، پارتی فه‌زیله‌ش، به ڕاشکاوی سیسته‌می فیدرالی بۆ عێراق به‌گشتی و ستاتۆی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی ره‌ت ده‌کاته‌وه. هه‌روه‌ک جۆناسان مۆڕۆو ئاماژه‌ی پی ده‌دات له ڕوانگه‌ی پارتی فهزیلهوه، هه‌رێمێک یان دوو هه‌رێمی شیعه له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه ره‌ت ده‌کاته‌وه که ده‌بێته هۆی به‌هێز بوونی ده‌سه‌ڵاتی کورد. کاتێک که له ئۆکتۆبه‌ری 2006 دا بڕیار درا که گفتوگۆ له‌سه‌ر یاسای فیدرالی بکرێت له په‌رله‌مانی عێراقدا، په‌رله‌مانتارانی سه‌ر به‌و گروپه و باڵی سه‌در بایکۆتی دانیشتنه‌که‌یان کرد وه‌ک نه‌یاریان بۆ سیسته‌می فیدرالی و وه‌ک هه‌وڵێک بۆ شکست پێ هێنانی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که بۆ دامه‌زراندنی ئه‌و سیسته‌مه ده‌درێن. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته دژه فیدڕاڵیه‌ی پارتی فه‌زیله، هه‌روه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ کرد، ئه‌م پارته مه‌یلی به‌لای فیدڕاڵیه‌تی بهسڕادا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م خواسته‌ی فه‌زیله ناکرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌راورد بکرێت له‌گه‌ڵ تێزی مه‌غدووریه‌تی شیعه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵا و بانگه‌وازی ئه‌نجومه‌ن بۆ فیدڕاڵیه‌ت. له ڕاستیدا هه‌وڵی فه‌زیله بۆ به فیدڕاڵی کردنی به‌سڕا یان فیدڕاڵیه‌تی پارێزگاکان زیاتر بنه‌مایه‌کی ئابووری و جیۆپۆله‌تیکیانه‌ی هه‌ییه. به مانایه‌کی تر خاوه‌ن نه‌فوزی ئه‌و پارته له به‌سڕا و پێگه‌ی ئابووری ئه‌و پارێزگایه له پشت ئه‌م مهسهلهیهوهن. پێویسته که ئه‌وه‌ش وه‌ربیر بخرێته‌وه که جیابوونه‌وه‌ی به‌سڕا له عێڕاق و بوونی به میرنشینێک هاوتای میرنشینه‌کانی که‌نداو له ده‌یه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م له لایه‌ن بازرگان و سه‌رده‌سته‌کانی سوننه و که‌مینه ئاینیه‌کانی تری ئه‌و پارێزگایه کاری بۆ ده‌کرا، نه‌ک له‌لایه‌ن شیعه‌کانی به‌سڕا، که له‌یه‌ک کاتدا هه‌م زۆرینه و هه‌م هه‌ژارترین په‌راوێز خراوترین پێکهاته‌ی ئه‌و پارێزگایه‌یان پێک ده‌هێنا.
ڕه‌وته شیعیه‌کان و کێشه‌ی که‌رکوک
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ڕه‌وت و که‌سایه‌تیه کاریگه‌ره‌کانی شیعه هه‌ڵوێستێکی نه‌گه‌تیڤانه و پڕ ئاڵۆز و دژه کۆکیان ده‌رهه‌ق به مافه زه‌وت کراوه‌کانی کورستانیان له که‌رکوک هه‌یه.
له لایه‌که‌وه له دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌ددام، نزیک به سه‌رجه‌م لایه‌نه شیعیه‌کان (موقهلیدهکانی هه‌ردوو مه‌رجه‌ع) دژایه‌تی خۆیان له دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌ربڕیووه. بۆ نموونه له 12 ی ته‌مووزی 2004 ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی داخوازی وه‌فدێکی یه‌کێتی زانایانی ئاینی کوردستانی ڕه‌ت کرده‌وه. وه‌فده‌که که به نوێنه‌رایه‌تی 1292 ئه‌ندامی ئه‌و یه‌کێتییه سه‌ردانی سیستانیان کردبوو داوایان لێ کرد که فه‌توایه‌ک ده‌ربکات ده‌رهه‌ق به گێڕانه‌وه‌ی موڵک و ماڵی داگیر کراوی کوردانی که‌رکوک. ئایه‌توڵڵا سیستانی نه‌ک هه‌ر داواکه‌ی ئه‌وانی ڕه‌ت کرده‌وه، به پێچه‌وانه‌وه له 19 ی ئابی 2005 فه‌توایه‌کی ده‌رکرد و ڕایگه‌یاند که "ڕێگا نادات که‌رکوک بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر کوردستان"، له به‌ر ئه‌وه‌ی به وته‌ی ئه‌و "که‌رکوک هی هه‌موو عێڕاقیه‌کانه". هاوکات له گه‌ڵ ئه‌م فه‌توایه‌ی سیستانی دا، عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم (که له دوای باوکی، واته عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لحه‌کیم، به دووه‌م که‌سایه‌تی ناو ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی داده‌نرێت) له دوو بۆنه‌ی جیاوازدا یه‌که‌میان له ئادار و دووه‌میشیان له حوزه‌یرانی 2005 دا ڕایگه‌یاند که که‌رکوک عێڕاقێكی بچوک کراوه‌یه و هی هه‌موو عێڕاقیه‌کانه، وه به ڕاشكاوی دژایه‌تی خۆی بۆ گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌ربڕی. وه به پێی سایتی ئهلمومههیدون که له لایه‌ن ڕه‌وتی سه‌دره‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت، ڕابه‌رانی حیزبی ده‌عوه به‌رهه‌ڵستکاری خۆیان بۆ باڵاده‌ستی کورد له که‌رکوک ده‌ربڕیوه و داکۆکیان له‌وه کردووه که نابێت که‌رکوک له لایه‌ن هیچ گرووپێکه‌وه کۆنتڕۆڵ بکرێت و ده‌بێت به شاری هه‌موو عێڕاقیه‌کان دابنرێت.
هه‌ڵوێستی پارتی فه‌زیله له قاڵبی فه‌توایه‌کی ڕابه‌ری ڕۆحی پارته‌که، ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د ئهلیهعقوبیی دا هات. ئه‌لیه‌عقوبی له فه‌تواکه‌یدا ده‌ڵێت داواکاری کورد بێ بناغه‌یه و هیچ بنه‌مایه‌کی مێژوویی و دیموگڕافی و جوگڕافی نییه. ئه‌م فه‌توایه‌ی ئه‌لیه‌عقوبی بێجگه له‌وه‌ی کوردی تێدا به ده‌ستدرێژی که‌ر و تاوانبار له قه‌ڵه‌م داوه، له هه‌مان کاتیش‌دا ناوه‌رۆکێکی هه‌ڕه‌شه ئامێزیشی هه‌یه و داوای دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌کی شیعی –سوننی-تورکمانی ده‌کات له دژی پێشێلکاریه‌کانی کورد له که‌رکوک. ئه‌م فه‌توایه‌ی ئه‌لیه‌عقوبی کۆمه‌ڵێک په‌رچه کردار و کاری تووندی تیژی له دژی باره‌گا و نوسینگه‌کانی حزبه کوردستانیه‌کان وه به‌تایبه‌ت یه‌کێتی نیشتیمانی له شاره‌کانی ناوه‌ڕاست و باشوری شیعه نشین لێ که‌وته‌وه. ڕه‌وتی سه‌دریش به شکڵێکی ڕادیکاڵانه تر دژایه‌تی خۆی بۆ گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان نیشان داوه. بۆ نموونه بێجگه له ناردنی سه‌دان میلیشیا بۆ که‌رکوک، له شوباتی 2004 دا هه‌زاران لایه‌نگری سه‌در له دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان خۆپیشاندانیان ساز کرد. هه‌ریه‌ک له حوسێن شه‌هرستانی وه‌زیری نه‌وت وه دیارترین که‌سایه‌تی ناو گرووپی سه‌ربه‌خۆکان له ئیئتیلافی شیعی وه حیزبوڵڵای عێڕاقی یه‌کێکی تر له پارته شیعیه‌کانی ناو ئیئتیلاف به شێوه‌ی جۆراو جۆر ناڕه‌زایه‌تی خۆیان نیشان داوه و ته‌نانه‌ت حیزبوڵڵا ڕایگه‌یاند که مێژوو له‌و لایه‌نانه خۆش نابێت که ڕێگا بده‌ن که‌رکوک بخرێته‌وه سه‌ر کوردستان.
له‌لایه‌کی تریشه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که بالانسی هێز له به‌رژه‌وه‌ندی شیعه‌کان دا بووه که‌چی ماده‌ی 58 له ده‌ستووری کاتی و ماده‌ی 140 له ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێڕاق دا چه‌سپێنراون و حکومه‌تی مالیکیش له کارنامه‌ی خۆێدا ماده‌ی22 ی تایبه‌ت به جێبه‌جێ کردنی ئه‌و دوو مادده‌یه‌ی ڕاگه‌یاندووه.
به‌ده‌ر له فاکته‌رگه‌لێک له بابه‌تی ناڕێکخراوه‌یی و که‌م ئه‌زموونی شیعه‌کان له دوو ساڵی یه‌که‌می دوای ڕوخانی رژێمی به‌عس و بوونی ئه‌مه‌ریکا و ده‌رگیری خوێناویانه‌ی شیعه و سوننه و زیاتر رێکخراو بوونی هێزه کوردستانیه‌کان وه ڕۆڵیک که کوردستانیه‌کان ده‌توانن بیگێڕن له شه‌رعیه‌ت پێدان و سه‌رپێ خستنی حوکمڕانی شیعه له عێڕاق دا، ده‌کرێت دابه‌شبوونی شیعه‌کان به گوێره‌ی هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر فیدڕاڵیزم به هۆکارێکی کاریگه‌ر دابنرێت و بکرێته بنه‌مایه‌ک بۆ پۆلێن کردن و ناسینه‌وه‌ی سیاسه‌تی شیعه‌کان ده‌رهه‌ق به که‌رکوک و تێگه‌یشتن له هه‌ڵوێسته پارادۆکسیهکانیان.
بۆ ئه‌وه‌ی له‌م هاوکێشه‌یه تێبگه‌ین، پێویستمان به وه‌یه که له سروشت و ناوه‌رۆکی کێشه‌ی که‌رکوک تێ بگه‌ین و ئه‌مه‌ش یارمه‌تی ده‌رێک ده‌بێت بۆ چوونه ناو باسی هه‌ڵوێستی ڕه‌وته شیعیه‌کان له‌مه‌ڕ کێشه‌که. خواستی کوردستانیان به‌ته‌نها سنوور دار نییه به نۆرماڵیزه کردنی بار‌و دۆخی ده‌یان ساڵ شێوێنراوی که‌رکوک (واته نیشته‌جێکردنه‌وه‌ی ئاواره کورده‌کان و گێڕانه‌وه‌ی عه‌ڕه‌بی هاورده بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی که لێیه‌وه هاتوون)، هه‌روه‌ک له ڕوانگه‌ی کوردستانیانه‌وه کێشه‌که به‌وه‌ش کۆتایی نایه‌ت ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی که‌رکوک له لایه‌ن کورده‌کانی ئه‌و پارێزگایه به‌ڕێوه بچێت، به‌ڵکو بۆ کوردستانیه‌کان ئه‌و ناوچه‌یه به‌شێكی دانه‌بڕاوه له کوردستان و پێویسته بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و له لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه ئیداره بکرێت. لێره‌وه کێشه‌ی که‌رکوک ده‌بێته به‌شێک یان هاوتای کێشه‌یه‌کی گه‌وره تر که ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی فیدڕاڵیزمه و ده‌کرێت که هه‌ڵوێستی شیعه‌کان له سه‌ر که‌رکوک به‌گوێره‌ی هه‌ڵوێستیان له‌مه‌ر فیدڕاڵیزم پۆلێن بکرێت. به مانایه‌کی تر هه‌روه‌ک چۆن له‌ڕوانگه‌ی ئه‌و ڕه‌وت و که‌سایه‌تییه شیعیانه‌ی که نه‌یاری سیسته‌می فیدڕاڵین، فیدڕاڵیزم هۆکارێکه بۆ دابه‌ش کردنی عێڕاق و زه‌وت کردنی مافی شیعه بۆ حوکمڕانی کردن به‌سه‌ر هه‌موو به‌شه‌کانی ئه‌و وڵاته دا، به‌هه‌مان شێوه‌ش گه‌ڕانه‌وی که‌رکوک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان به‌مانای به‌ڕه‌سمی ناسین و فراوان کردن و به‌هێز کردنی ئه‌و هه‌رێمه و ڕێگه خۆش کردن بۆجیابوونهوهی کوردستان و دابه‌ش کردنی عێڕاق و بێ به‌هره کردنی ناوه‌ند له داهاتی نه‌وتی که‌رکوک دێت.
به پێچه‌وانه‌ی لایه‌نگرانی سیسته‌می ناوه‌ندی (مه‌رکه‌زی)، ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی، که خوازیاری دامه‌زراندنی هه‌رێمێکی فیدڕاڵییه بۆ شیعه‌کان که مافی سوود وه‌رگرتن و به‌کار هێنانی داهاتی نه‌وتی باشووری هه‌بێت (بڕی نه‌وتی باشوور چه‌ند به‌رابه‌ری نه‌وتی که‌رکوکه)، ده‌بێته ئامانجێکی تازه‌ی ئه‌و پارته. لێره‌وه ده‌کرێت که له به‌شیك له‌و مه‌ته‌ڵه تێ بگه‌ین که بۆچی هه‌ندێک له شیعه‌کان چاوپۆشیان کرد له جێ کردنه‌وه‌ی ماده‌ی 140 له ده‌ستووری عێڕاقی دا. ئه‌م ئاراسته‌یه له سه‌ر پێوه‌ندی نێوان ئه‌نجومه‌نی باڵا و دوو پارته سه‌ره‌کیه‌کی کوردستان به ڕاشکاوی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و به جۆرێک که باس له ڕێکه‌وتنی ستراتیژی ده‌کرێت له نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا. به‌واتایه‌کی تر مل دانی شیعه‌کان به ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی و بڕگه‌ی 22 ی کارنامه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی تا ڕاده‌یه‌ک ده‌ره‌نجامی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌یه که له بونیادی هزری و ستڕاتیژی ئه‌نجومه‌نی باڵا ڕووی دا( هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌وه ڕوونم کردۆته‌وه). سه‌ره‌نجام ده‌کرێت بگووترێت که هێزه شیعیه‌کان تا زیاتر نه‌یاری فیدڕاڵیزم و لایه‌نگری سیسته‌مێکی ناوه‌ندی به‌هێز بن له به‌غدا سه‌رسه‌ختانه‌تر دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوکن بۆ کوردستان. وه ئه‌وانه‌ش که مه‌یلی به فیدڕالیزه کردنی عێڕاقیان هه‌یه زیاتر نه‌رم و نیانی و تێگه‌یشتن نیشان ده‌ده‌ن له‌م خواسته‌ی کوردستانیان.
پێویسته ئه‌وه بخرێته پێش چاو که ئه‌م نه‌رمی نواندنه‌ی لایه‌نگرانی فیدڕاڵیزم له‌مه‌ڕ مادده‌ی 140 ناگاته ئاستی ده‌ست پێشخه‌ری یان هه‌نگاو نان به‌ره‌و جێبه‌جێ کردنی مادده‌که. له‌م سۆنگه‌وه جیاوازیه‌کی که‌م هه‌یه له نێوان هه‌ردوو لایه‌نی شیعه (واته یار و نه‌یاری فیدڕاڵیزم، یان موقهلیدهکانی هه‌ردوو مه‌رجه‌عه‌که). ئه‌گه‌ر له‌و خاڵه بترازێین که لایه‌نگرانی سیسته‌می ناوه‌ندی به‌هێز ئیداره کردنی ڕاسته‌وخۆی که‌رکوک و ته‌نانه‌ت شاره‌کانی تری کوردستان به مافێکی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای به‌غدای ده‌زانن، که ڕه‌نگه ئه‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی باڵا هێنده مه‌به‌ست نه‌بێت، ئه‌وا کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری هاوبه‌ش هه‌یه که وا ده‌کات هه‌ردوو لایه‌ن (ئه‌گه‌ر به ڕاده‌ی جیاوازیش) بێت به‌رهه‌ڵستی جێ به‌جێ کردنی ماده‌ی 140 بکه‌ن. بۆ نموونه ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاوی هاورده عه‌ڕه‌به‌کانی که‌رکوک شیعه‌کانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێڕاقن و زۆربه‌یان لایه‌نگر و هه‌واداری پارته ئاینیه‌کانی شیعه‌ن، بۆیه هه‌ر پارتێکی سیاسی شیعه مل بدات به جێ به‌جێ کردنی ئه‌و مادده‌یه ئه‌وا به‌رژه‌وه‌ندی دۆست و لایه‌نگره‌کانی خۆی (هاورده‌کانی که‌رکوک) ده‌خاته مه‌ترسی و سه‌ره‌نجام پایه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی ده‌کاته قوربانی.
به‌ڵام گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ست که وه‌ک یه‌ک (به‌ڵام به هۆکاری جیاواز) کار له هه‌ردوو ڕه‌وته شیعیه‌کان ده‌کات بریتییه له دژایه‌تی کردنی سه‌رسه‌ختانه‌ی سوننه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر کوردستان. وه‌ک زانراوه که زۆرینه‌ی سامانه نه‌وتیه‌کانی عێڕاق له باشووری شیعه‌نشین و له کوردستانه (واته که‌رکوک)ه. ئه‌گه‌ر که‌رکوک بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر کوردستان ئه‌وا سوننه‌کان ناچار ده‌بن که به‌ته‌واوی ئیعتیماد بکه‌نه سه‌ر نه‌وتی باشوور و زیاتر خۆیان به باشووره‌وه گرێ بده‌نه‌وه. سه‌ره‌نجام لایه‌نگرانی هه‌رێمی فیدڕاڵی باشوور، که خه‌ون به هه‌رێمێکی یه‌کگرتووی شیعه ده‌بینن که خاوه‌نی سه‌روه‌تی نه‌وتی تایبه‌ت به‌خۆیان بن، پڕۆژه‌که‌یان ڕووبه‌ڕووی ڕیگری و به‌رهه‌ڵستکاریه‌کی بێ ئه‌ندازه‌ی سوننه‌کان ده‌بێته‌وه.
به‌هه‌مان شێوه‌ش، جێبه‌جێ کردنی ماده‌ی 140 له سه‌ر حکومه‌ت و حیزبه‌که‌ی مالیکی و ڕه‌وته ناوه‌ندی خوازه‌کانی تری شیعه زۆر کاریگه‌ری نه‌گه‌تیڤانه به‌جێ دێڵێت. هێشتنه‌وه‌ی که‌رکوک له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردستان یه‌کێکه له‌و ئامانجه هاوبه‌شه که‌مانه‌ی که ڕه‌وته ناوهندیخوازهکانی شیعه و سوننه کۆ ده‌کاته‌وه. به‌مانایه‌کی تر له‌و فه‌زا ئاڵۆز و جه‌نجاڵیه‌ی نێوان شیعه و سوننه‌کانی عێڕاق دا دژایه‌تی کردنی خواستی کوردستانیان ده‌رهه‌ق به که‌رکوک یه‌کێکه له‌و ئامانجه هاوبه‌شانه‌ی که ڕه‌نگه ببێته زه‌مینه‌یه‌ک بۆ دروست کردنی به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌ش و له یه‌کتری نزیک کردنه‌وه‌ی نه‌یارانی ماده‌ی 140، که ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و پارته شیعیانه‌ی که خه‌ون به حوکمڕانی کردنی هه‌موو عێڕاقه‌وه ده‌بینن هه‌لێکی زێڕینه بۆ هاندانی سوننه‌کان بۆ ناو پڕۆسه‌ی سیاسی و سه‌ره‌نجام بۆ ئیحتیوا کردنی به‌رهه‌ڵستکاری سوننه‌کان بۆ حوکمی شیعه. له‌به‌ر ئه‌وه ئیلتیزامی ئه‌لمالیکی و ڕه‌وته دژه فیدڕاڵیه‌کانی تری شیعه به ماده‌ی 140 ی ده‌ستووره‌وه له لایه‌که‌وه به مانای سوتاندنی ئه‌و کارته زێڕینه دێت، وه له لایه‌کی تریشه‌وه، به گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر کوردستان، کوردستانیه‌کان ڕه‌نگه چیتر به‌و گه‌رمیه‌ی جاران کار بۆ بونیاد نانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێڕاق و شه‌رعیه‌ت دان به حوکمی شیعه‌و ناوبژیوانی سوننه و شیعه‌کان نه‌که‌ن. لێره‌دا شیعه‌کان له‌به‌رده‌م دووڕیانێک دا خۆیان ده‌بیننه‌وه که یه‌که‌میان فه‌رامۆش کردنی ناڕه‌زایه‌تی سوننه‌کان بێت و ئه‌و ماده‌یه جێ به‌جێ بکه‌ن وه دووه‌میشیان خۆ دزینه‌وه‌یه له جێ به‌جێ کردنی مادده‌ی 140. شیعه‌کان که تا ئێستا ئه‌م ڕێگایه‌یان پیاده کردووه و وا پێ ده‌چێت که بار و دۆخه‌که‌ش به‌و ئاقاره‌دا بڕوات که شیعه‌کان ڕاشکاوانه‌تر و بێ سڵه‌مینه‌وه له نیمچه به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌ش له گه‌ڵ سوننه‌کان کار بۆ فه‌رامۆش کردنی یه‌کجاره‌کی ئه‌و مادده‌یه‌ی ده‌ستوور بکه‌ن.
به کورتی پارته شیعیه‌کان پابه‌ند و موقه‌لیدی مهرجهعهکانیانن. به‌پێی تێکه‌ڵاو بوونی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی مهڕجهعهکان له کاروباری سیاسی و حوکمڕانی دا ده‌کرێت که مه‌رجه‌عه‌کانی شیعه بۆ مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ و بێده‌نگ پۆلێن بکرێن. سرووشتی مه‌رجه‌عه به‌ده‌نگه‌کان سروشتێکی ڕادیکاڵانه‌یه که کار بۆ دامه‌زراندنی حوکمی ئیسلامی (شیعه) ده‌کات، که ده‌کرێت له قاڵبی حکومه‌تی فیقهی دابێت هه‌ر وه‌ک ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د سادق ئه‌لسه‌در بانگه‌شه‌ی بۆده‌کرد یان له قاڵبی حکومه‌تی ئیسلامی دابێت که محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در کاری بۆ ده‌کرد. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی لایه‌نگرانی مه‌رجه‌عی به‌ده‌نگ خه‌سڵه‌تێکی نیشتیمانی (عێڕاقچی)یان هه‌یه واته کار بۆ پیاده‌کردنی حوکمڕانی و سه‌پاندنی قه‌ڵه‌م ڕه‌ویی خۆیان ده‌که‌ن به‌سه‌ر هه‌موو عێڕاق دا به کوردستانیشه‌وه. بۆیه ئه‌و پارتانه دژی داخوازی و ده‌سکه‌وته‌کانی گه‌لی کوردن، به‌تایبه‌ت خوازستی فیدڕاڵی و که‌رکوک.
هه‌رچی مه‌رجه‌عی بێده‌نگیشه به‌و پێیه‌ی که ڕاسته‌وخۆ تێکه‌ڵ به‌سیاسه‌ت نابێت، له لایه‌که‌وه کار بۆ حوکمڕانی ڕاسته‌وخۆی مه‌رجه‌ع (یان حکومه‌تی ئیسلامی وه به‌تایبه‌ت ویلایه‌تی فیقهی) ناکات، وه له لایه‌کی تریشه‌وه به تێکه‌ڵ نه‌بوونی به سیاسه‌ت ده‌ستی پارت و لایه‌نه موقهلیدهکانی ئاوه‌ڵاتر ده‌کات. نمونه‌ی ئه‌و مه‌رجه‌عه‌ش مه‌رجه‌عی سیستانییه و یه‌کێک له پارته موقهلیدهکانیشی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامییه. ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی له پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی‌دا ده‌سبه‌رداری ئامانجی به‌رقه‌رار کردنی حکومه‌تی ئیسلامی بوو وه تێزی مه‌زڵومیه‌تی شیعه‌ی زه‌ق کرده‌وه و ئێستا کار بۆ دامه‌زراندنی هه‌رێمێکی شیعه ده‌کات له باشووری عێڕاق دا. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌نجومه‌ن جۆرێک له هاوسۆزی و هاوسه‌نگی بۆ کورد درووست کردووه، به‌ڵام باڵانسی هێز له عێڕاق دا زیاتر به‌لای سیسته‌می ناوه‌ندی دایه. بێجگه له‌وه‌ش، هه‌رچه‌ند ئه‌نجومه‌نی باڵا نهرمنوێنی نیشان داوه ده‌رهه‌ق به کێشه‌ی که‌رکوک، به‌ڵام به‌و ڕاده‌یه نییه که به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی له پێناو داواکاری کورددا بخاته ژێر پرسیاره‌وه.
به ته‌ته‌ڵه کردنی باسه‌که ده‌کرێت بگووترێت که له عێڕاقی شیعه‌دا، شیعه‌کان هه‌ربه‌ته‌نها جێگره‌وه‌ی سوننه‌کان و میراتگری عێڕاقی سوننه نین، به‌ڵکو پارێزه‌ر و پاسه‌وانی زۆرێک له‌و حوکم و یاسا و ڕێسایانانهن که عێڕاقی سوننه‌ی له‌سه‌ر بونیاد نرا بوو، به‌تایبه‌ت له‌وانه‌ی که په‌یوه‌ستن به فیدڕاڵیزم و کێشه‌ی که‌رکوک که به کڕۆكی داخوازیه‌کانی گه‌لی کوردستان داده‌نرێن. بۆیه گرێدانه‌وه‌ی چاره‌نووسی کوردستان به عێڕاقه‌وه و باوه‌ڕ بوون به دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی فیدڕاڵی وه خه‌ونی چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی که‌رکوک له ڕێگای گفت و گۆ و چاره‌سه‌ری عێڕاقیانه، مه‌له کردنه له ئاوی لێڵ دا، وه زێده‌ڕۆیی نابێت ئه‌گه‌ر بگووترێت یه‌کێکه له گه‌وره‌ترین مغامهرهکانی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان له مێژووی جوڵانه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان دا.