راپۆرتی: عوسمان عه‌سكه‌ری
له ئێواره‌ی 25 فه‌بریوه‌ری 2008 له وڵاتی سوێده‌وه به فڕۆکه به‌ره‌و وڵاتی تایله‌ند به‌ڕێ که‌وتم. دوای بڕینی ڕێگای دور و گۆڕینی سێ جار فڕۆکه له سێ وڵاتی جیاواز و زیاتر له 14 کاتژمێر دانیشتن له فڕۆکه‌دا، له قوڵایی ئاسمان وه‌ک شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ی ئه‌نشتاین کاتمان بۆ دواوه ده‌گه‌ڕانده‌وه و ڕێگه‌مان ده‌بڕی، ئیدی بۆ ڕۆژی دواتر کات ژمێر حه‌وتی ئێواره گه‌یشتمه بانگکۆک. دانیشتنی ئه‌و ماوه زۆره له ناو فڕۆکه‌که له قوڵایی ئاسمان بو به هۆی داهێزان و ئازاری زۆر له ماسولکه‌کانی له‌شم، له‌به‌ر هاژه‌ی تورباینه‌کان و فشاری هه‌وا گوێچکه‌کانم تائه‌ندازه‌یه‌ک توانای بیستنیان له‌ده‌ست داب‌و بۆیه زۆرجار سه‌رخه‌وێکم ده‌شکاند، لێ هه‌ندێک جار خه‌یاڵم به‌سه‌ر پشتی باڵنده‌یه‌که‌وه له ئاسمانی بانگکۆکهوه په‌یامی بۆ کوردستان ده‌نارده‌وه. کاتی ئێواره، سه‌ره‌تای خۆر ئاوا بو له په‌نجه‌ره‌ی فڕۆکه‌که‌وه بینیم، شاری فریشته‌کان هێدی هێدی په‌چه‌ی هه‌ور له سه‌ر ڕوی دائه‌ماڵی، هێدی هێدی باوه‌شی پڕ له سۆزی ده‌کاته‌وه ڕو له ئێمه سه‌رهه‌ڵده‌بڕێ، ئیدی چاوم به‌زه‌رده‌خه‌نه‌ی فریشته‌کانی شار که‌وت، بینیم چۆن شاری فریشته‌کان به‌هێمنی ئێمه‌ش وه‌ک ملیۆنه‌ها گه‌شتیاری دیکه به‌ره‌و ئامێزی خۆی ڕاده‌کێشێ، چۆن بودا به‌چه‌پکه گوڵی ئۆرشیدهوه بۆ لامان دێ و دوعا ده‌کات به‌ختی باش له‌م گه‌شته دوره یاوه‌رمان بێت. کاتژمێر حه‌وتی ئێواره‌ی 26 فه‌بریوه‌ری 2008 ئه‌و فڕۆکه‌یه‌ی ئێمه‌ی هه‌ڵگرتبو له بانگکۆکی پایته‌ختی تایله‌ند نیشته‌وه. ئیدی له یه‌که‌م ده‌رگای فڕۆکه‌که خانمه کارمهدنێکی فڕۆکه‌خانه‌که، به‌خه‌نده‌ی شیرین، به‌نیگایه‌کی هیپنۆتیسمی هیلاکی دڵی ماندومی شۆریه‌وه و به گوڵێکی کونار (Lotus)پێشوازی لێ کردم. پێی گوتم ئه‌مه گوڵی بودایه، گوڵی به‌خته‌وه‌ریه، پێشکه‌شه به تۆ، خوازیارم به‌خت و ئاشتی یاوه‌رت بێت. به بینینی ئه‌و مامه‌ڵه جوانه ته‌زوی سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و وڵاته و گوڵی کونار سه‌رتاپای له‌شی داگرتم لێ له‌ناخی خۆمدا منیش گوڵه‌که‌ی بودا و خۆشه‌ویستی و به‌ختی باشم پێشکه‌ش به سیڤه‌ر و گشت منداڵانی شاری که‌رکوک و سه‌رجه‌م تێکۆشه‌رانی گه‌له‌که‌م کرد...
خوێنه‌ری خۆشه‌ویست، له‌م گه‌شته‌دا هه‌وڵم داوه له نزیکه‌وه به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی کولتور، ئه‌زمونی شارستانی گه‌لان بۆ کوردستان ڕاستگۆیانه به پێی توانا و ڕێژه‌ی تێگه‌یشتنم له ئازار و جوانیه‌کان له چۆنیه‌تی ژیان و نه‌ریتی گه‌لانی ڤێتنام، لاوس، که‌مبۆدیا و تایله‌ند بدوێم. هه‌وڵم داوه به بێ هاوکاری هیچ گروپ و لایه‌ن یاخود که‌ناڵێکی مێدیا زۆربه‌ی ئه‌و زانیاری و دیمه‌نانه‌ی به‌رچاوم که‌وتون، له‌م بابه‌ته‌دا بیخه‌مه به‌ر ده‌ستی ئێوه‌ی به‌ڕێز. خۆشحاڵم ئه‌گه‌ر به‌ڕێزت هاوڕام بیت که مرۆڤ به گه‌شتێکی چه‌ند هه‌فته‌یی له وڵاتێک‌دا ده‌توانێت لای خۆی بۆچونێکی گشتی ده‌رباره‌ی ژیان و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگای وڵاته‌که دروست بکات لێ به سه‌رجه‌م هه‌فته‌کانی ته‌مه‌ن ناتوانێت زانیاری ده‌رباره‌ی گشت ورده‌کاریه‌کان و چۆنیه‌تی ژیان و کولتوری کۆمه‌ڵگای هیچ وڵاتێک، ته‌نانه‌ت خودی کۆمه‌ڵگای دایکیش به‌ده‌ست بهێنێت. هیوادارم له پێناو به جیهانگیری کردنی مێدیای کوردستان و گه‌یاندنی زانیاری و گواستنه‌وه‌ی شارستانی وڵاتانی جیهان به خوێنه‌ری گه‌له‌که‌مان، گه‌شتی ڕۆژنامه‌وانی له‌و جۆره به گرنگیه‌وه ئه‌نجام بدرێ. لێره‌دا زۆر دڵنیام بابه‌ته‌کان به‌بێ که‌م و کوڕی نین لێ خوازیارم ببێته جێگه‌ی سه‌رنجی به‌ڕێزتان و له که‌م و کوڕیه‌کان بمبورن به‌ڵام به ڕه‌خنه و پێشنیار و ئامۆژگاریه‌کانتان ده‌وڵه‌مه‌ندم بکه‌ن له‌گه‌ڵ سوپاس و ڕێزی عوسمان عه‌سکه‌ری.
به‌شی یه‌که‌م
تایله‌ند (Muang Tai) گه‌لی ئازاد.
تایله‌ند یاخود Muang Tai واته گه‌لی ئازاد. گه‌لی تایله‌ند ده‌گاته نزیکه‌ی 65 ملیۆن هاوڵاتی و ڕوبه‌ری خاکی ئه‌و وڵاته بریتیه له 514 000 km² . له 96% هاووڵاتیانی وڵاته‌که توانای نوسین و خوێندنیان هه‌یه. ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وایی وڵاتی تایله‌ند ده‌ستوری مۆنارکیه (پادشایی) پادشای وڵاته‌که ڕامای IX نۆیه‌مه Rama IX. پادشای وڵات که ناوی (Bhumibol Adulyadej) بومیبۆل ئهدولیادیج، هونه‌رمه‌ندێکی گه‌وره‌یه له بواری وێنه کێشان و مۆسیقا و لای گه‌لانی وڵاته‌که زۆر خۆشه‌ویسته. له ساڵی 1223 وڵاتی تایله‌ند سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌ده‌ستهێناوه و بۆ دواجار ساڵی 1790 دوچاری جه‌نگ بوه له‌دژی وڵاتی بورما که ئه‌وکات ناوچه داگیرکراوه‌کانی وڵاته‌که‌یان له‌ژێر ده‌ستی بورماییهکان ڕزگار کردوه. تایله‌ند تاکه وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی باشوری ئاسیایه که زیره‌کانه له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیه دیپلۆماسیهکانیهوه توانیویه‌تی خۆی له‌داگیرکردنی ئیمپریالیزمه‌کانی ئه‌وروپا بپارێزێت که له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده سه‌رجه‌م وڵاتانی ناوچه‌که‌یان داگیرکردبو. ناوی وڵاتی تایله‌ند سیام بو به‌ڵام له‌ساڵی 1939 ئه‌و ناوه‌یان گۆڕی به ناوی تایله‌ند، واته (گه‌لی ئازاد). له سه‌پته‌مبه‌ری 2006 سه‌رۆکی ئه‌رکانی ئه‌و وڵاته سونتی بوونیاراتگلین Sonthi Boonyaratglin کوده‌تایه‌کی سه‌ربازی سه‌رکه‌وتوانه وبێ خوێن ڕشتنی ئه‌نجام دا له‌دژی حکومه‌تی تاکسین سیناواترا Thaksin Shinawatra. له تایله‌ند زو زو کوده‌تا ڕوده‌دات لێ هه‌مو کوده‌تاکان به ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ پادشای وڵاته‌که‌دا ئه‌نجام ده‌درێت. بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی تایله‌ند تێ بگات که پادشا پشتیوانی له کوده‌تای سوپا ده‌کات ئه‌و هێزانه‌ی کوده‌تاکه‌یان له‌دژی سیناواترا ئه‌نجامدا له‌کاتی ئه‌نجامدانی ئه‌و کوده‌تایه هه‌مویان نیشانه‌یه‌کی پادشای وڵاته‌که‌یان به سنگیانه‌وه هه‌ڵواسیبو. به‌پێی گوته‌ی هه‌ندێک له دانیشتوانی وڵاته‌که پادشا ڕێگه به‌حکومه‌تی گه‌نده‌ڵ نادات فه‌رمانڕه‌وایی بکات بۆیه هه‌رکاتێک که‌حکومه‌تی وڵاته‌که دوچاری گه‌نده‌ڵی ده‌بێت پادشا پشتیوانی له‌کوده‌تا ده‌کات. بۆ نمونه له 6 ی ئه‌پریلی 2008 ڕۆژنامه‌ی بانگکۆک پۆست نوسیبوی که تاکسین سیناواترا خاوه‌نی کلوبی تۆپی پێی مانچسته‌ر سیتی ئینگلیزیه. زۆر سه‌رچاوه‌ی دیکه باس له‌وه ده‌که‌ن که سیناواترا خاوه‌نی ئه‌و کلوبهی مانچسته‌ر سیتیه و به‌پێی هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی دیکه سیناواترا له‌ئاکامی گه‌نده‌ڵی توانیویه‌تی ئه‌و کلوبه بکڕێت.
وڵاتی تایله‌ند به‌و کولتوره هه‌مه چه‌شنه و دیمه‌نه جوانانه‌ی که‌هه‌یه‌تی ناسراوه به جوانترین وڵاتی ئاسیا. له 90% هاووڵاتیانی تایله‌ند په‌یڕه‌وه‌ی دین یاخود ڕێبازی فه‌لسه‌فه‌ی (بودا) ده‌که‌ن و له 3،8% دانیشتوانه‌که‌ی موسڵمانن. به‌پێی فه‌لسه‌فه و مێژوی بودیسم 2500 ساڵ به‌ر له‌ئێستا بودا لاوێکی خاوه‌ن سۆز و ده‌وڵه‌مه‌ند و کوڕه پادشای هیندستان بو. بودا ناوی خۆی (سیدهارتا جوتاما) یه‌و ئه‌و له‌سه‌ر نه‌ریتی هیندۆسیه‌کان په‌روه‌رده کرابو. فه‌لسه‌فه‌ی بودا پێی وایه ئه‌وکاته‌ی مرۆڤ ده‌مرێت ڕه‌وانی (ڕوح) ده‌چێته ناو له‌شێکی دیکه‌وه، به‌و شێوه‌یه ڕه‌وان نامرێت و ئه‌و کرداره به‌رده‌وام نوێ ده‌بێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤ هێنده پڕه له‌مه‌ینه‌تی و ئازار، سیدهارتا پێی خۆش نه‌بو پاش مردن جارێکی دیکه ڕه‌وانی زیندو ببێته‌وه و ئه‌و پێی وابو که مرۆڤ هه‌رچه‌ندێک سامان یاخود ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت ناتوانێت ڕێگه له‌ده‌رده‌سه‌ری، ئازاره‌کانی پیر بون، نه‌خۆشی و ئازاره‌کانی دیکه‌ی ڕه‌وان بگرێت. سیدهارتا ویستی له‌ئه‌و هۆکارانه تێ بگات که ڕێگه له‌به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ ده‌گرن بۆیه کۆشکی پادشای به‌جێ هێشت و له‌دارستان به‌دوای زانیاری و ڕاستیه‌کان و ئازادی ڕه‌واندا وێڵ بو. به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ی بودیسم سیدهارتا له‌ژێر دارێک دا‌نیشێت و به‌رده‌وام ڕاهێنانی یۆگا (مه‌دیته‌یشن) ی ئه‌نجام ده‌دا هه‌تا ئاگادار کرایه‌وه و به‌رچاوی ڕون بو ئیدی سیدهارتا گه‌یشت به‌ئه‌و زانست و ڕوناکیه‌ی که به‌دوایدا وێڵ بو، ئه‌وکات سیدهارتا بو بهبودا.
بودا ئه‌وکات له‌ناو جه‌ماوه‌ری هیندستان 40 ساڵ سه‌رقاڵی فێرکردن و ڕاهێنان بو به‌ئه‌و زانیاریانه‌ی پێی گه‌یشت که پێی ده‌گوترێت (داهما). فه‌لسه‌فه‌ی بودا مه‌رجی نیه و باس له‌بونی خودا یاخود باس له دروستکه‌ری گه‌ردون ناکات و هیچ مه‌رجێک به‌سه‌ر چۆنیه‌تی ژیانی مرۆڤدا ناسه‌پێنێت، به‌ڵکو ڕێگایه‌که ئامۆژگاری مرۆڤ ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی خۆشیه‌کانی ژیان فه‌رامۆش بکا و له‌به‌رامبه‌ردا خۆی فێری دیسپلین بکات له‌دژی خراپه‌کاری و ڕه‌وانی خۆی به‌چاکه‌کاری په‌روه‌رده بکات. ڕێبازی بودا پێی وایه پێویسته مرۆڤ له‌م ژیانه ئاکار و ئاکارزانی خۆی په‌روه‌رده بکات و دیسپلینی هه‌بێت و پیاده‌ی پێنج یاسای سه‌ره‌کی بودیسم بکات. ئه‌و یاسایانه بریتین له، مرۆڤ ده‌بێت خۆی دور بخاته‌وه له‌کوشتن، دزی کردن، ده‌ستدرێژی سیکسی، درۆ، به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر (نارکۆتیک) و خواردنه‌وه‌ی مه‌ی. بودا پێی وایه ئه‌گه‌ر مرۆڤ ڕاهێنان ئه‌نجام بدا و ڕێگه لهئارهزوهکان بگرێ و به‌کاری چاک خۆی په‌روه‌رده بکات ئیدی پاش مردن له له‌شێکی دیکه‌دا بۆ ژیانێکی خۆشتر ڕه‌وانی زیندو ده‌بێته‌وه به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئه‌و پێنج یاسایه په‌یڕه‌و نه‌کات ئه‌وا ڕه‌وان له له‌شێکی دیکه‌دا ژیانی پڕ ده‌بێت له‌مه‌ینه‌تی، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و ده‌خوازێت مرۆڤ به هیچ شێوه‌یه‌ک ئازاربه‌خش نه‌بێت و پیویسته به‌رده‌وام ڕه‌وشتی دادپه‌روه‌ری پیاده بکات بۆیه بودیسمه ڕاسته‌قینه‌کان به‌گشتی که‌سانی زۆر هێمن و دادپه‌روه‌رن. له‌تایله‌ند و زۆربه‌ی وڵاته‌کانی دیکه‌ی ناوچه‌که بودیسم ئاینی فه‌رمی وڵاته و ئه‌و ڕێبازه گرنگیه‌کی زۆری هه‌یه. له‌تایله‌ند په‌رستگاکانی بودیسم زۆر گرنگیان پێ دراوه و به‌ته‌نیا بانگکۆک زیاتر له 300 په‌رستگای سه‌ره‌کی تێدایه و زۆربه‌ی هاوڵاتیه بودیسمهکان ڕۆژانی یه‌ک شه‌ممه خواردن ده‌به‌ن بۆ موریده‌کان، وه‌ک ڕێزلێنان له‌بودا چه‌پکه گوڵ پێشکه‌ش بهموریدهکان ده‌که‌ن، له‌ئاکامدا بۆم ده‌رکه‌وت که ئه‌وان بت په‌رستی ناکه‌ن به‌ڵکو بۆ ڕێزلێنان له سیدهارتا که گه‌یشتوه به پله‌ی بودا ڕو له‌په‌رستگاکان ده‌که‌ن. به پێی بڕیار و نه‌ریتی وڵاته‌که ده‌بێت سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زی نێری ئه‌و وڵاته لهپهرستگایهک یاخود قوتابخانه‌ی موریده‌کان بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک پیاده‌ی ژیانی موریدی (فه‌قێیه‌تی) بکه‌ن. ئه‌و که‌سانه زۆربه‌یان له‌کاتی مردنی خزمێکی نزیکیاندا یاخود له ده‌رفه‌تێکی گونجاو‌دا ئه‌و ئه‌رکه به جێ ده‌گه‌یه‌نن و ئه‌و کاته‌ی ده‌بن به مورید، له یه‌کێک له خوێندنگاکانی ڕامانی بودیسم فێری دیسپلین ده‌کرێن هاوکات شاره‌زایی ده‌رباره‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه به‌ده‌ست ده‌هێنن. له زۆربه‌ی زۆری شه‌قامه سه‌ره‌کیه‌کان و جێگای هاتو چۆی گشتی شاره‌کان، میحرابی جودا جودا دروستکراوه و هاوڵاتیانی تایله‌ند وه‌ک پاداشت دانه‌وه و ڕێزلێنان له‌بودا، له‌هه‌ر کاتێکدا ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تیان هه‌بێت به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ست پێکردنی کاری ڕۆژانه‌یان یاخود له‌کاتی ته‌واو بونی کاردا له‌نزیکترین په‌رستگادا بوغورد یاخود مۆم داده‌گیرسێنن. به هۆی ئه‌و داب و نه‌ریته ئێواران زۆربه‌ی شه‌قامی شاره‌کان بۆنی بوغوڕدی لێ دێت.
له‌ناخی زۆربه‌ی تاک و خێزانه‌کانی تایله‌ند ڕامانی بودا به‌رده‌وام له‌گه‌شه کردندایه و به پێی ڕێبازی بودا به‌گشتی گوڵ سیمبوڵی ئاینیی هه‌یه لێ له‌ناو گوڵه‌کاندا، گوڵی کونار (Lotus)زۆر پیرۆزه و سیمبوڵی هارمۆنی و به‌خته‌وه‌ریه بۆیه له زۆربه‌ی شوێنی شاره‌کان چه‌پکه گوڵ ده‌بینرێت و به‌کاردێت، ته‌نانه‌ت له سه‌ر بایسکل و مۆتۆڕبایک و ناو ئۆتۆمۆبێل و دوکانه‌کانیشدا. مه‌به‌ستی به‌کارهێنانی گوڵ به‌م شێوه فراوانه پاڕانه‌وه‌ی هه‌ڵگرانی گوڵه‌کانه، بۆئه‌وه‌ی له‌ژیان و کاره‌کانیان به‌ختی باش یاوه‌ریان بێت. سه‌رجه‌م تایلهندیهکان له حه‌وشه‌و باخچه‌کانی خۆیان یاخود له‌سه‌ر کاره‌کانیان، جا هه‌ر کارێک بێت میحرابێکی بچکۆلانه‌یان دروست کردوه. بودیسمهکان زۆرکات بۆ چاکه کردن و ڕێزلێنان، له‌لایه‌که‌وه به مه‌به‌ستی پیرۆزبونی خواردن له‌لایه‌کی دیکه‌وه وه‌ک پاڕانه‌وه بۆ باب و باپیرانیان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وانیان به‌خته‌وه‌ر بێت خواردن و گوڵ له به‌رده‌می ئه‌و میحرابانه داده‌نێن. به‌مه‌به‌ستی ڕێزگرتن له‌ڕێبازی بودا و گه‌شه‌پێدانی ئه‌و ڕامانه له‌کاتی دروستکردنی هه‌ر خانوبه‌ره‌یه‌کی نوێی حکومی به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی و بڕیاری حکومه‌تی ئه‌و وڵاته ده‌بێت میحرابێکی بودیسمی تێدا دروست بکرێت. (بودیسم) ڕێبازی کولتوری سه‌رجه‌م گه‌لانی ناوچه‌که‌یه و کاردانه‌وه‌یه‌کی زۆری کردۆته سه‌ر ده‌رون و که‌سایه‌تی زۆربه‌ی تاکه‌کانی ناوچه‌که، به تایبه‌تی کۆمه‌ڵگای تایله‌ند. له‌سه‌ر نه‌ریتی ئاینی بودیسم، تایله‌ند زێده گه‌شاوه‌یه به دارستانێک له‌ڕه‌نگی جوانی سروشتی و زه‌ریایه‌ک له‌گوڵ و گه‌ردونێک لههارمۆنی. له‌تایله‌ند ڕه‌نگی پرته‌قاڵی زیاتر سیمبوڵی ئاینی وه‌رگرتوه و زۆربه‌ی موریده‌کانی بودیسم جل وبه‌رگی له‌و ڕه‌نگه جوانه ده‌پۆشن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێبازی بودا دژی هه‌مو جۆره‌کانی توند و تیژیه و هیچ پاساوێک نادات بۆ به‌کارهێنانی توند و تیژی بۆیه تایلهندیهکان به گشتی کۆمه‌ڵگایه‌کی لێو به خه‌نده، ئارام، ده‌ست پاک و ڕاستگۆ و دادپه‌روه‌رن. به گشتی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای وڵاته‌که له منداڵیه‌وه په‌یڕه‌وه‌ی ڕێبازی بودا ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵیدا گه‌وره بون و ده‌بن، ئه‌و ڕێبازه لای هاووڵاتیانی تایله‌ند بوته کولتور و ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆیه ڕه‌وشتی هێمن و پڕ لههارمۆنی به‌و شێوازه فراوانه‌ی تایله‌ند له جیهاندا ده‌گمه‌نه.
به‌شی دووه‌م
به‌شی سێیه‌م
به‌شی چواره‌م
به‌شی پێنجه‌م
به‌شی شه‌شه‌م
به‌شی حه‌وته‌م
به‌شی هه‌شته‌م
به‌شی نۆیه‌م
به‌شی ده‌یه‌م
به‌شی یانزه‌یه‌م
به‌شی دوانزه‌یه‌م
به‌شی سیانزه‌یه‌م
به‌شی چوارده‌یه‌م ...تایبه‌ته به کوردستان