راپۆرتی: عه‌بدوڵڵا رێشاوی
20 ساڵ لهمهوبهرو له ساڵی 1988 له شاری بیشاوه‌ری پاكستانی نزیك ئه‌فغانستان، ئوسامه‌ی كوڕی موحه‌مه‌د بنلادن، له‌دایكبووی 1957 سعودیه، كه بۆ جیهاد دژ به یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت چووبوویه ئه‌فغانستان، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوكارێكی تۆمارێكی تایبه‌تیان بۆ ئه‌و عه‌ره‌به موجاهیدانه كرده‌وه كه بۆ كۆمه‌ككردن به "برا موسوڵمانه‌كانیان" بۆ جیهادكردن هاتبوونه ئه‌فغانستان.
قاعیده له سه‌ره‌تادا ته‌نها ناوێك بوو بۆ ئه‌و تۆماره (سجل)، كه تێیدا كاروبار‌و هاتنو چوونی موجاهیدانی عه‌ره‌ب رێكده‌خرا، به‌ڵام دواتر قاعیده بوو به ناوێك بۆ بهربڵاوترینو ترسناكترین تۆڕ له جیهاندا.
سه‌رپه‌رشتیارانی (تۆماری ئه‌لقاعیده) پێشوازییان له موجاهیدانی عه‌ره‌ب دهكردو ناویان دهنووسینو به‌سه‌ر سه‌ربازگه‌كانی راهێنادا دابه‌شیان ده‌كردن.. ئه‌مریكییه‌كان هه‌ستیانكرد ئه‌م جموجوڵه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ دروستبوونی رێكخستنێكی نوێ كه له دواڕۆژدا هه‌ڕه‌شه له رژێمه حوكمڕانه‌كانی جیهانی ئیسلامی ده‌كات.
ئه‌مریكییه‌كان راستیانكرد، ئوسامه بنلادن له‌بیری ئه‌وه‌دا بوو سیستمی حوكمڕانی له وڵاتانی ئیسلامی بۆ حوكمێكی ئیسلامی رادیكاڵ بگۆڕێت، به‌ڵام ستراتیژی ئه‌و له‌م پێناوه‌دا وه‌ك بیتر بیرغ، نووسه‌ری كتێبی (جیهاد له جیهانه نهێنییه‌كه‌ی ئوسامه بنلادن)دا ده‌ڵێت “ستراتیژێكی ناواقیعیو خه‌یاڵی بوو”.
بیتر بیرغ له‌و نووسینه‌یدا كه له یادی 20 ساڵه‌ی دروستبوونی قاعیده‌دا بۆ واشنتۆن پۆستی نووسیوه، ده‌ڵێت: “خه‌ونی قاعیده گۆڕینی رژێمه حوكمڕانه‌كانی جیهانی ئیسلامییه به سیستمێكی ئیسلامیی جه‌نگاوه‌ر، به‌ڵام له‌م پێناوه‌دا قاعیده ستراتیژی (دوژمنی دوور له‌پێشتره له دوژمنی نزیك)ی گرته‌به‌ر، به‌پێی ئه‌م ستراتیژه قاعیده هێرش ده‌كاته سه‌ر وڵاته یهكگرتووهكانو لاوازی ده‌كات تا دواتر رژێمه به‌كرێگیراوه‌كانی له جیهانی ئیسلامی‌دا ده‌ڕووخێن”.
ئایا دوای 20 ساڵ قاعیده توانی چه‌ند له‌م خه‌ونه جێبه‌جێبكات؟
بیتر بیرغ كه چه‌ند كتێبێكی سه‌باره‌ت به قاعیده هه‌یه‌و چاوی به بنلادن كه‌وتووه، پێیوایه قاعیده له‌و ستراتیژه‌دا شكستێكی گه‌وره‌ی هێناوه‌و پلانه‌كه‌ی بنلادن كه به خه‌یاڵیی وه‌سفی ده‌كات، ئاكامی پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو، ده‌ڵێت: “راستی ئه‌وه‌یه كه پلانه‌كه‌ی بنلادن ئاكامی پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو، له‌باتی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، عێراقی داگیركرد، ئۆتۆمبیله‌كانی په‌یمانی ناتۆش به شه‌قامه‌كانی قه‌نده‌هار، پایته‌ختی حكومه‌ته‌كه‌ی تالیبان، دۆسته‌كانی قاعیده‌دا، دێن‌و ده‌ڕۆن، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئهمریكاو سیستمه شمولیه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ئێستا له هه‌موو كات به‌هێزتره...”.
هاتنی هێزی سه‌ربازیی خۆرئاوا به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر زه‌وی پیرۆز‌و ناوچه‌ی كه‌نداو، له‌پاش داگیركردنی كوه‌یت له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه، سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌لقاعیده بوو، ئه‌نجامدانی كاره تیرۆریستییه‌كه‌ی 11ی سێبتهمبهریش نمایشێكی سه‌رنجڕاكێشی هێزو بازووی ئه‌و رێكخراوه بوو، كه له‌كاتێكدا سه‌ریهه‌ڵدا گروپه ئیسلامییه چه‌كداره‌كان له جیهانی ئیسلامی‌دا له پاشه‌كشه‌دا بوون، وه‌ك گروپه‌كانی میسر‌و پارته بهشهڕهاتووهكانی ئه‌فغانستان.
ئوسامه پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له ئهفغانستانو كۆتاییهاتنی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له ئه‌فغانستان، داوای له حكومه‌تی شانشینی سعودیه كرد رێگه به هاتنی هێزی ئهمریكاو هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر زه‌وی پیرۆز نهداتو به پشتبه‌ستن به خۆیان‌و له رێی هێزی عهرهبیو ئیسلامییه‌وه، كوه‌یت رزگاربكه‌ن، بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌شی ده‌ستی كرد به ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌و كۆڕگرتنی جه‌ماوه‌ری، حكومه‌تی سعودیه داوای لێ‌كرد واز له چالاكی‌و جموجوڵ بهێنێت، لێره‌وه گرژی كه‌وته نێوان حكومه‌تی سعودی‌و ئوسامه كه خێزانه‌كه‌ی یه‌كێك له خێزانه ناوداره‌كانی نزیك له حكومه‌تی سعودیه‌یه.
ئوسامه له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌یویست خۆی وه‌ك تاكه پێشه‌واو نوێنه‌ری جیهانی ئیسلام نیشانبدات، به‌و خهیاڵهشهوه قاعیده‌ی خسته‌كار، له راستیشدا بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر توانی ئه‌مه بكات‌و له جیهانی ئیسلامدا وه‌ك كاریزمایه‌كی ئیسلامی ته‌ماشاكرا، به‌ڵام كوشتنی هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی مهدهنیو ناشرینكردنی ناوی ئیسلام له جیهاندا، جه‌ماوه‌رێتیی قاعیده‌ی گه‌یانده ئاستی نزیك له سفر.
بیتر بیرغ ده‌ڵێت: “قاعیده به كوشتنی هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی موسوڵمان، ئه‌و دروشمه‌ی پێماڵكرد كه خۆی وه‌ك نوێنه‌ری ئیسلام نیشانده‌دا”، ئه‌و پێیوایه ئه‌مه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی له‌ناوچوونی قاعیده ده‌بێت له داهاتوودا، هه‌رچه‌نده ناوبراو ئاماژه به‌وه‌شده‌كات كه هێشتا رێكخراوه‌كه هه‌ناسه‌ی تێداماوهو ده‌یه‌وێت جارێكی تر خۆی كۆبكاته‌وه.
له سه‌ره‌تادا قاعیده له عێراق له حه‌ماسی جه‌ماوه‌ری سوننه سوودمه‌ند بوو، به‌ڵام دروستكردنی ده‌وڵه‌تی ئیسلام له ناوچه‌ی ئهنبارو دووباره‌كردنه‌وه‌ی رێوشوێنه‌كانی تالیبان‌و ده‌ستوه‌ردان له ژیانی تایبه‌تی خه‌ڵك... بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی قاعیده‌ی له‌ناو سوننه‌كانی عێراقدا هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و ئه‌و گروپه‌ی له گروپێكی جیهادیی رزگاركهرهوه له‌لای سوننه‌كان كرده گروپێكی تیرۆریستی تێكدهرو داگیركهرو ئاكام سوننه‌كان به (ئه‌نجومه‌نه‌كانی سه‌حوه) خۆیان له‌و به‌ڵایه رزگاركرد.
بیتر بیرغ سیاسه‌تی قاعیده له عێراقدا به سیاسه‌تی (خۆكوژی) ناوده‌بات، به‌و مانایه‌ی قاعیده ئه‌و بنكه جه‌ماوه‌رییه‌ی له‌ناو سوننه‌كانی عێراقدا هه‌یبوو، به‌ده‌ستی خۆی له‌ناویبرد، ناوبراو پێیوایه ئێستا قاعیده له عێراقدا زۆر لاوازه، به‌ڵام ئه‌مه له ناوچه سنوورییه هۆزنشینهكانی نێوان پاكستان‌و ئه‌فغانستان به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه.
مارك ساجمان، به‌رپرسی پێشووی مه‌له‌فی قاعیده له ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا، پێیوایه هێشتا قاعیده مه‌ترسییه بۆ سه‌ر وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئهمریكاو توانای ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی هه‌یه، به‌ڵام ساجمان ئاماژه ده‌كات مه‌ترسیی داهاتووی قاعیده مه‌رج نییه راسته‌وخۆ به ئوسامه بنلادنهوه په‌یوه‌ست بێت، به‌ڵكو ئه‌و زاراوه‌ی (به‌چكه‌كانی بنلادن) به‌كارده‌هێنێت كه مه‌به‌ستی ئه‌و گه‌نجانه‌یه له وڵاتانی خۆرئاوا قاعیده سه‌رنجی راكێشاونو خواستی دووباره‌كردنه‌وه‌ی كرده‌وه‌كانی قاعیده‌یان هه‌یه.
بروس هوفمان، مامۆستا له زانكۆی جۆرج تاون، هۆشداریی ده‌دات “قاعیده لاواز نه‌بووه‌و به‌شێوه‌یه‌كی ته‌دریجی پێشده‌كه‌وێت”.
بیرۆكه‌ی (به‌چكه‌كانی بنلادن) زۆر له راستییه‌وه نزیكه‌و ته‌قینه‌وه‌كانی میترۆی 2005 له لهندهنو هه‌وڵی ته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كیش له ئاسمانی ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا له 2006دا، ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنن.
مایكل شییمان، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی نیویۆرك، پێیوایه “قاعیده سوود له‌و كه‌سانه وه‌رده‌گرێت كه له قاوهخانهكهندا كات بهسهردهبهنو كه‌سانی توڕه‌ن”، هه‌رچه‌نده ئه‌مجۆره كه‌سانه ژماره‌شیان كه‌مه، به‌ڵام وه‌ك شییمان روونی ده‌كاته‌وه “تا ئێستا چه‌ندین كه‌س له‌مجۆره روویان له ناوچه سنوورییه هۆزنشینهكانی پاكستان‌و ئه‌فغانستان كردووه”.
قاعیده له كوردستان
له‌دوای رووداوه‌كانی 11ی سێبته‌مبه‌ره‌وه تا جه‌نگی ئازادیی عێراق، ناوبانگی قاعیده له‌ناو ئیسلامییه‌كانی كوردستانیشدا تین‌و گۆڕی هه‌بوو، لایه‌نگریشی هه‌بوو، گروپه‌كه هه‌وڵیدا له فۆرمی جوندولئیسلامو ئه‌نسارولئیسلامدا له كوردستانیش خۆی سه‌وز بكات، ستراتیژی ئه‌و گروپه‌ش له‌ناوبردنی حكومه‌تی هه‌رێم بوو كه له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌واندا حكومه‌تێكی عه‌لمانیی كافره، به‌ڵام جه‌نگی ئازادیی عێراق‌و ئه‌و چه‌ند موشه‌كه دوورهاوێژه‌ی له ده‌ریای سووره‌وه له شه‌وێكی به‌هاری 2003دا ئاراسته‌ی بنكه‌كانیان له‌نزیك بنكه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كرا له هه‌ورامان، ئه‌و خه‌ونه‌ی لهباربردو تین‌و گوڕی قاعیده‌ی له كوردستاندا راگرت، به‌پێی چه‌ند زانیارییه‌كی تایبه‌تی ناڕه‌سمی نزیك له وگروپه “شه‌وی تۆپبارانه‌كه شه‌وی خۆئاماده‌كردن بووه بۆ هێرشكردنه سه‌ر ناوچه‌ی شاره‌زوورو لێدانی (یه‌كێتی نیشتیمانی) كه له ناوچه‌كه‌دا باڵاده‌ست بوو”، له‌دوای ئه‌و لێدانه هه‌ندێك پاشماوه‌كانی جوندولئیسلام په‌یوه‌ندیی به رێكخراوی قاعیده‌وه له ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌كه‌ن،بهلاَم هه‌ندێكی تریان ده‌چنه رۆژههلاَتی كوردستان و به‌پیێ یه‌كێك له (یوتوبه-ماڵپه‌ری شه‌خسی)كانی رۆژههلاَتی كوردستان ئه‌وكه‌سانه به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه بانگه‌واز بۆ هزری قاعیده لهرۆژههلاَتی كوردستان ده‌كه‌ن و رژێمی ئێرانیش چه‌كداره‌كانی جوندولئیسلام بۆكوشتنی كۆمه‌ڵه‌و دیموكرات به‌كاردێنێت، به‌پێی زانیارییه‌كان” ئێران له‌رێی رێكخستنی قاعیده‌وه ده‌یه‌وێت گورزێكی دیكهله هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی رۆژههلاَتی كوردستان بوه‌شێنێت”.
به‌پێی سه‌رچاوه تایبه‌ته‌كه “(ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی) كه‌سی یه‌كه‌می رێكخراوی قاعیده له عێراق به‌ر له جه‌نگه‌كه ماوه‌یه‌ك له‌و ناوچه‌یه‌ی هه‌ورامان ژیاوه “.
به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر قاعیده له عێراق‌و ئه‌فغانستان بێهێز بووه‌و له سودان‌و فهلهستینو لوبنان‌و كوردستانیش نه‌یتوانی جێگه به‌خۆی بگرێت، ده‌بێت ئێستا له كوێ هه‌ناسه بدات؟
بیتر بیرغ ئاماژه ده‌كات “كاریگه‌ریی بنلادن له ئهفغانستانو پاكستان تێپه‌ڕی كردووه‌و ئه‌و جێگه‌یه‌ی ئێستا هاوپه‌یمانه‌كانی قاعیده به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێز لێی شین ده‌بن، باكووری ئه‌فریقایه، ئه‌وان به (قاعیده‌ی وڵاتانی مه‌غریبی ئیسلامی) ناسراون” هه‌روه‌ك قاعیده تائاستێك توانیویه‌تی لایه‌نگر لهچهندولاَتێكی ئه‌وروپی بۆخۆی ده‌سته‌به‌ر بكات به‌سوود وه‌رگرتن له‌كۆچبه‌رانی هه‌ندێك لهولاَتانی ئیسلامی”.
بیتر بیرغ ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه قاعیده 90%ی چالاكیی خۆی بۆ راگه‌یاندن ته‌رخانكردووه‌و له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت بوون‌و كاریگه‌ریی خۆی بسه‌لمێنێت، بنلادن له‌دوای رووداوه‌كانی 11ی سێبته‌مبه‌ره‌وه تا ئێستا 20 وتاری ته‌له‌فزیۆنی داوه، كه هه‌ندێكیان بۆ هاندانه‌و هه‌ندێكی تریشی نامه‌و جفرهیه ئاراسته‌ی لایه‌نگره‌كانی ده‌كات.