راپۆرتی: عه‌بدوڵا رێشاوی
دوای ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و سیناتۆره به ئه‌زموونه وه‌ك پاڵێوراوی پۆسته‌كه دزه‌ی كرده ناو میدیای ئه‌مریكی، ئۆباما ناچار بوو چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له‌واده‌ی دیاریكراو، كاتژمێر سێی به‌یانیی رۆژی شه‌ممه ناوی جۆزیف بایدن، وه‌ك پاڵێوراو بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆك له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا ئاشكرا بكات، ئۆباما له‌نێوان سێ پاڵێوراو بۆ ئه‌و پۆسته جۆزیف بایدنی هه‌ڵبژارد.
جۆزیف بایدن (65 ساڵ)، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كاروباری ده‌ره‌وه‌یه له كۆنگرێسی ئه‌مریكا و خاوه‌نی 35 ساڵ پسپۆڕییه له كۆنگرێسدا، بۆ یه‌كه‌مین جار له ساڵی 1972 كاتێك ته‌مه‌نی 29 ساڵ بوو، وه‌ك نوێنه‌ری دیموكراته‌كان پێی خسته ناو كۆنگرێسه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی بایدن وه‌ك شاره‌زا له بواری كاروباری ده‌ره‌وه‌دا كه‌سێكی ناسراوه، بۆیه هۆكاری هه‌ڵبژاردنی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆك ئاشكرایه، به‌وپێیه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه وه‌ك "خاڵێكی لاواز" له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی ئۆبامادا ده‌ركه‌وتووه.
بایدنی سه‌ر سپی ئه‌ندازیاری بیرۆكه‌ی دابه‌شكردنی عێراقه بۆ چه‌ند گیرفانێكی تائیفی‌و ره‌گه‌زیی جیاواز، ناوبراو له ساڵی 2006دا ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی پێشنیازكرد كاتێك كوره‌ی ئاگری بارودۆخی ئه‌منیی له عێراقدا له به‌رزترین پله‌ی گه‌رمبوونی خۆیدا بوو، هه‌روه‌ك كلینتۆنی ناچار كرد به‌لێدانی سربه‌كان، كاتێك له كۆسۆڤۆ قه‌سابخانه‌یه‌كیان بۆ مسوڵمانه‌كان سازكردبوو.
له پێشنیازه‌كه‌یدا داوای كرد عێراق بۆ سێ هه‌رێمی فیدراڵی سووننه له ناوه‌ڕاست‌و شیعه له باشوور و كورد له باكوور دابه‌شبكرێت‌و هه‌ریه‌كێكیان ئیداره‌ی خۆی هه‌بێت.
خاڵی لاواز له كه‌سێتی جۆزیف بایدندا زمانیه‌تی، به‌م هۆیه‌شه‌وه تا ئێستا له‌لایه‌ن پارته‌كه‌یه‌وه دووجار له پێشبڕكێكانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا دوورخراوه‌ته‌وه، رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمزی ئه‌مریكی ده‌ڵێت “جۆزیف بایدن ناسراوه به زۆربڵێی و قسه‌كردنێك كه گرفتی بۆ دروست ده‌كات”.
بیرۆكه‌ی دابه‌شكردنی عێراق بۆ سێ هه‌رێمی فیدراڵیی، كه هه‌ندێك له نوێنه‌ره‌كانی پارتی كۆماری ره‌تیانكرده‌وه، چانسی جۆزیف بایدنی له‌كاتی خۆیدا بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئه‌گه‌ر دیموكراته‌كان هه‌ڵبژاردنی 2008 به‌رنه‌وه، به‌هێز كرد، چونكه بیرۆكه‌كه له‌لایه‌ن زۆربه‌ی گه‌وره نوێنه‌رانی دیموكرات‌و كۆمارییه‌كان به هیلاری كلینتۆنیشه‌وه پاڵپشتی كرا، به‌ڵام باراك ئۆباما ده‌نگی له‌سه‌ر پێشنیازه‌كه نه‌دا.
لایه‌نه عێراقییه‌كانیش له‌كاتی خۆیدا ئه‌و پێشنیازه‌یان ره‌تكرده‌وه‌و به دابه‌شكردنی عێراقیان وه‌سفكرد، ئه‌گه‌رچی پلانه‌كه عێراق بۆ سێ به‌شی ئیداریی جیاواز به‌شده‌كات، نه‌ك به‌خشینی سه‌ربه‌خۆیی به هه‌رێمه‌كان.
ئێستاش پاڵاوتنی بایدن بۆ جێگری ئۆباما جارێكی دی لایه‌نه عێراقییه‌كانی هێنایه‌وه سه‌ر خه‌ت، ساڵح موتڵه‌گ، سه‌رۆكی به‌ره‌ی عێراقی بۆ دیالۆگ، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ده‌نگوباسی رۆیته‌رز ده‌ڵێت: “دیاریكردنی بایدن بۆ ئه‌و پۆسته جێگه‌ی نائومێدییه، چونكه ئه‌و دامه‌زرێنه‌ری نه‌خشه‌ی دابه‌شكردنی عێراقه”.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاركردنه له بیرۆكه‌كه‌ی 2006ی بایدندا، رۆڵ‌و هه‌ڵوێستی كورده له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه؟ چونكه ئاشكرایه له‌وده‌مه‌دا كه بارودۆخی ئه‌منیی عێراق به‌ده‌ست شیعه‌و سوننه‌وه هه‌راسان بوو، كورد سه‌رقاڵی دروستكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه بوو
د. مه‌حمود عوسمانیش یه‌كێك له دیارترین ئه‌ندامانی لیستی هاوپه‌یمانی، له لێدوانێكدا بۆ شه‌رقولئه‌وسه‌ت ده‌ڵێت “ئه‌وان لایه‌نگری دامه‌زراندنی هه‌رێمی فیدراڵیی نین له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز، هه‌رێمی فیدراڵی ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای جوگرافیی بێت”.
ئێستا پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا جۆزیف بایدن ده‌توانێت له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌خشه‌ی پلانی دابه‌شكردنی عێراق جارێكی دی بگه‌ڕێنێته‌وه؟ گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كه‌ركوك‌و كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندیی‌و كورد، ئه‌و راستییه دووپات ده‌كاته‌وه كه له عێراقدا هه‌میشه ئه‌گه‌ره‌كانی ململانێی تائیفیی‌و ره‌گه‌زیی زیندوون.