راپۆرتی: هێمن لهۆنی
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی له چه‌ند راپۆرتێك و وتارێكیدا كورد به به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی عێراق ده‌داته قه‌ڵه‌م، به‌تایبه‌تی له مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكدا. دیپلۆماتێكی ئه‌مریكیش ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی رۆژنامه‌كه له‌گه‌ڵ دۆسێی كورد به "ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری" داده‌نێت.
رۆژی 4ی ئابی 2008 له‌سه‌ر وتاری خۆیدا، رۆژنامه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئه‌مریكا له ژێر ناونیشانی" تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی گه‌وره بۆ عێراق" كورد به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه زیاد له سنور له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا متمانه‌ی به‌خۆی هه‌یه و به جدی بیری له سازش نه‌كردوه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك، نیویۆرك تایمز له‌و سه‌روتاره‌دا ده‌ڵێت "كورد كه هه‌رێمه ئۆتۆنۆمیهكهیان (كوردستان) به‌ڕێوه ده‌به‌ن، نابێت رێگه‌یان پێبدرێت كه‌ركوك به شێوه‌یكی تاكلایه‌نه بخه‌نه سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌یان، چونكه ئه‌و شاره شاری عه‌ره‌ب و توركمانهكانیشه".
نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی ده‌شڵێت: "گه‌ر كورده‌كان به‌رده‌وام بن له رێگه گرتن له یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، عێراق به‌ره‌و ناسه‌قامگیری ده‌ڕوات".
دیپلۆماتێكی ئه‌مریكیش كه نه‌ویست ناوی ئاشكرا بكرێـت له تیمی ئاوه‌دانكردنه‌وی هه‌رێمیی له نوسینگه‌ی كونسوڵخانه‌ی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌ولێر، راپۆرته‌كانی نیویۆرك تایمز به شتێكی ئاسایی ده‌بینێت و باوه‌ڕی وایه كه به‌شێكه له ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، له‌وباره‌یه‌وه به سبه‌ی راگه‌یاند "ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی دیموكراسییه، ولاَته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا خۆشحاڵه به بوونی میدیایه‌كی ئازاد كه گوزارشت له گشت بیروڕا جیاوازه‌كان به شێوه‌یكی فراوان بكات".
رۆژنامه‌كه‌ی ئه‌مریكا كه مه‌یلی به‌لای سیاسه‌تی دیموكراتیه‌كاندا ده‌چێت و به شێوه‌یه‌كی توند به‌رگری له باراك ئۆبامای پاڵێوراوی پارتی دیموكراتی ئه‌مریكا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ولاَته ده‌كات، زۆربه‌ی تۆمه‌ته‌كانی بۆ كورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك، به‌وه‌ی كورد كۆنترۆڵی شاره‌كه‌ی كردووه و ده‌نوسێت "ئه‌وه‌ی رژێمی به‌عس به كوردی كردووه له پێش 2003، ئێستا كورد به عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و شاره‌ی ده‌كات".
له راپۆرتێكیشدا كه له 18ی ئابی 2008 له‌لایه‌ن په‌یامنێری رۆژنامه‌كه‌وه له به‌غدا ئاماده‌كراوه، هاتوه: "له كه‌ركوك له ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی سه‌دام حسێندا چه‌ندین خێزانی كورد ده‌ركراون و عه‌ره‌بی تێدا نیشته‌جێ كراوه، به‌ڵام له دوای جه‌نگی عێراق له 2003دا میلیشیاكانی كورد عه‌ره‌به‌كانیان ده‌ركرد و كوردیان تێدا نیشته‌جێكرد ... به پێی خه‌مڵاندنی سه‌ربازیی ئه‌مریكاش عه‌ره‌ب و توركمان %40ی دانیشتوانی شاره‌كه پێك ده‌هێنن".
راپۆرته‌كه كه له‌لایه‌ن ریچارد ئۆپڵی په‌یامنێری رۆژنامه‌كه له به‌غدا نوسراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه به ملیشیا وه‌سف ده‌كات هێزه‌كانی ئاسایشی كوردیش به "هێزێكی ترسناك" باس ده‌كات و ده‌نوسێت "ده‌سه‌ڵاتی كوردی له هه‌موو شوێنێكی كه‌ركوكدا ده‌بینرێت له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی پارێزگاكه و فه‌رمانده‌ی پۆلیس، كورده‌كان كۆنترۆڵی ئاسایشیان كردووه كه هێزێكی ئه‌منی نهێنی ترسناكه به پێَی فه‌رمانده‌یه‌كی ئاسایش له‌گه‌ڵ هه‌واڵگری ئه‌مریكی كارده‌كه‌ن".
گه‌ر ته‌ماشای راپۆرت و نوسینه‌كانی ئه‌م رۆژنامه‌یه بكه‌ین، به تایبه‌تی له دوای داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له ساڵی 2003دا، به ده‌گمه‌ن راپۆرتی "پۆزه‌تیڤ" له سه‌ر كورد ده‌بینرێت.
له 30ی كانونی دووه‌می 2006دا له‌سه‌ر وتاره‌كه‌یدا به توندی ره‌خنه له سیسته‌می سیاسی كوردستان ده‌گرێت. وتاره‌كه له ژێر ناونیشانی "زیندانیكردنی ره‌خنه له كوردستان" دایه و تێیدا هاتووه "كوردستان به شێكی ئاوه‌دان و خۆرئاوای ویستی عێراقه، بهلاَم له بری ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی كورد نمونه‌یه‌ك له ره‌خنه‌ی سیاسی بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق پێشكه‌ش بكه‌ن، له‌سه‌ر ره‌خنه رۆژنامه‌نوسان ده‌ستگیرده‌كه‌ن".
له 26ی دیسه‌مبه‌ری 2007 له راپۆرتێكدا ره‌وشی زیندانیان له كوردستان به مه‌ترسی وه‌سف ده‌كات، راپۆرته‌كه به ناونیشانی "سه‌ده‌ها كه‌س له نێو كونه ره‌شه‌كانی سیسته‌می زیندانی كورددا دیارنه‌ماون". هه‌روه‌ها له 26ی ته‌مموزی 2007 له نوسینێكدا پارته كورده‌كان به گوێپێنه‌دان له كێشه‌كانی عێراق له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان تۆمه‌تبارده‌كات.
گۆشهنوسه به ناوبانگه‌كانی رۆژنامه‌كه‌ش له نوسینه‌كانیاندا له سه‌ر عێراق ره‌خنه له كورد ده‌گرن. بۆ نموونه تۆماس فرێدمان نوسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌و رۆژنامه‌یه له یه‌كێك له وتاره‌كانیدا له ساڵی رابردوو پارته سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان به دوو خێڵ وه‌سف ده‌كات و له شوینێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشكه‌وتن له كوردستاندا ده‌بینرێت، به‌ڵام هێشتا كوردستان پڕه له گه‌نده‌ڵی و ده‌بێت بزانین كه سویسرا نییه".
نیكۆلاَ كریستۆڤ كهنوسهرێكی هه‌فتانه‌ی به‌ناوبانگی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌یه، له وتارێكی دا كه له 13ی ئابی2007 بڵاویكرده‌وه داوا ده‌كات كورد له‌سه‌ر كه‌ركوك ته‌نازول بكات و ده‌نوسێت "كورده‌كانی عێراق به بوونی بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكی خۆشحاڵ ده‌بن، بۆیه ئه‌مریكا ده‌توانێت له‌م رێگه‌یه‌وه ته‌نازول به كورده‌كان بكات له‌سه‌ر كێشه‌ی كه‌ركوك".
رۆژنامه ئه‌مریكییه‌كان هه‌میشه له هه‌موو مه‌سه‌له ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كاندا قسه‌ی خۆیان هه‌یه‌و بێلایه‌ن نین. له كێشه‌ی كهركویشدا رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز داواده‌كات "بكرێته شارێكی سه‌ربه‌خۆ و له ژێر ئیداره‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كاندا بێت و رۆڵی زیاتر بدرێت به‌و رێكخراوه".
دیپلۆماتهكهی ئه‌مریكاش له تیمی ئاوه‌دانكردنه‌وی هه‌رێمیی له نوسینگه‌ی كونسوڵخانه‌ی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌ولێر ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه كه بیروڕای ئه‌و رۆژنامه‌یه ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی حكومه‌تی ئه‌مریكا بێت، به‌ڵام له مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكدا هاوڕابوو له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ولاَتهكهیدا و به سبه‌ی راگه‌یاند: "كه‌ركوك كێشه‌یه‌كی هه‌ستیاره كه پێوستی به میتۆدێكی جدی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كه گشت خه‌می پارته‌كانی عێراق له خۆ بگرێت، ئێمه پشتیوانی له رۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ده‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه و داوا له عێراقییه‌كان ده‌كه‌ین سازشێكی پراكتیكی بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بدۆزنه‌وه".