راپۆرت: فرمان عه‌بدولڕه‌حمان
یه‌كه‌م كه‌تیبه‌ی سوپای نوێی عێراق له مانگی ته‌موزی 2003 له سه‌ربازگه‌ی قه‌ره‌قوشی نزیك دیاله خولی راهێنانیان ته‌واوكرد كه 60%یان شیعه‌و 25% سوننه‌و 10% كورد‌و 5% له نه‌ته‌وه‌كانی تر بوون، ژماره‌یان چه‌ند سه‌د كه‌سێك دهبوونو چه‌كی قورس‌و سوكیان ته‌نها ده‌مانچه‌ی CLOCK بوو، كه ده‌مانچه‌یه‌كی ئه‌مریكیه‌و 16 فیشه‌ك ده‌خوات.
پێكهێنانی سوپای نوێی عێراق له‌سه‌ر بڕیاری پۆل بریمه‌ر حاكمی مه‌ده‌نی ئه‌مریكا بوو له عێراق، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له ئایاری هه‌مان ساڵدا سوپای عێراقی هه‌ڵوه‌شانده‌وه كه ژماره‌یان 400 هه‌زار سه‌رباز بوو، كه 11 هه‌زاری پله‌ی لیوای هه‌بووه.
له به‌یاننامه‌ی راگه‌یاندنی دامه‌زراندنی سوپای نوێی عێراق كه ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان CPA بڵاوی كرده‌وه، هاتووه "سوپای نوێی عێراق سه‌ره‌تای هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقه‌و پارێزگاری له گه‌لی عێراق ده‌كات نه‌وه‌ك پارێزگاری ته‌نها له سه‌ركرده‌یه‌ك یان رژێمێكی دیاریكراو بكات".
له دوای ساڵی 2004 ژماره‌ی سوپای نوێی عێراق گه‌یشته 35 هه‌زار سه‌رباز كه له سێ فیرقه‌ی سه‌ربازی پێكهاتبوو، هه‌ر فیرقهیهكیش له 27 فه‌وج پێكهاتبوو. به‌ڵام ئێستا سوپای عێراق له 14 فیرقه پێكهاتووه‌و ژماره‌یان نزیكه‌ی 180 هه‌زار سه‌رباز ده‌بێت، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئه‌و ژماره‌یه بگاته 275 هه‌زار سه‌رباز له ساڵی 2010، سوپای نوێی عێراق كه به ده‌مانچه‌ی GLOCK ده‌ستی پێكرد ئێستا خاوه‌نی 100 بۆ 200 هه‌زار پارچه چه‌كه له جۆری AK-47 و 27 هه‌زار پارچه چه‌ك له جۆری M16A4، له‌گه‌ڵ 72 ده‌بابه‌ی جۆری T-55 و 77 ده‌بابه له جۆری T-72و 3630 هامه‌ر له جۆری M-60A3 هه‌روه‌ها 330 زرێپۆش له جۆری BMP-1 له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆپتهرێكدا.
رێكه‌وتێكی سه‌یره‌و ره‌نگه یه‌كێكیش بێت له موفاره‌قه مێژوویییه‌كان كه سوپای عێراقی سه‌ره‌تاكه‌ی به‌ریتانی بووه‌و كۆتاییه‌كه‌شی ئه‌مریكی، له هه‌ردوو ئه‌و مێژووه‌ی سوپای عێراقی تێدا دامه‌زراوه (1921 و 2003) دامه‌زرێنه‌ره‌كانی هێزی بیانی بوون، به‌ڵام پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه ئایا سوپای نوێی عێراق هه‌مان مێژوو دوباره ده‌كاته‌وه‌و له هێزێكه‌وه كه پارێزگاری هه‌موو عێراقیه‌كانه ده‌بێته هێزێكی تۆقێنهرو سته‌مكار؟ ئایا به‌هێزبونی ئه‌و سوپایه مه‌ترسی بۆ كێ دروست ده‌كات؟
له ماوه‌ی 5 ساڵی رابردوودا سوپای عێراق له‌گه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وامدابووه، ئه‌گه‌رچی كورد رۆڵی گرنگی بینی له دروستكردنه‌وه‌ی سوپای نوێی عێراق به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی پله‌به‌ندی ده‌سه‌ڵاتی لاواز بووه له نێو هه‌یكه‌له‌ی سوپادا، به بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقیش هه‌موو ئه‌فسه‌رو پله‌داره‌كانی سوپای پێشووی عێراق تا روتبه‌ی رائید به‌ره‌و خوار گه‌ڕێنرانه‌وه بۆ نێو سوپای نوێی عێراق، كه به پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه نزیكه‌ی 6 هه‌زار ئه‌فسه‌رو پله‌داری سوپای پێشوو چونه‌وه سه‌ر كار.
فه‌ریق روكن عه‌بدولعزیز موفتی فه‌رمانده‌ی پێشووی فیرقه‌ی چواری سوپای عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه سوپای عێراق به‌رده‌وام له بههێزبووندایهو رۆڵی كورد له ئێستادا زۆر لاوازه له سوپادا ئه‌وه له‌كاتێكدابوو كه كورد پشكی سه‌ره‌كی هه‌بووه له سه‌ره‌تای پێكهێنانه‌وه‌ی سوپای نوێی عێراق، ئاشكراشیكرد كه له ئێستادا له رووی سه‌ربازییه‌وه سوپای عێراق به‌هێزترن له پێشمه‌رگه.
به‌هێز بوونی سوپای عێراق له ئێستادا به بإوای هه‌ندێ له چاودێرانی سیاسی ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی هه‌ندێ ئه‌جێندای تایبهتو نا حكومی به‌رجه‌سته ده‌كات، به‌وپێه‌ی سوپای عێراق دوای ئه‌وه‌ی له پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی وه‌كو (صوله الفرسان، زئیر الاسد)و چه‌ند پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی تردا له ناوچه‌كانی باشوری عێراق، فشاره سیاسیه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی‌و زمانی موخاته‌به‌كردنی دوای ئه‌و پرۆسانه له ناوچه‌كه‌دا به‌هێزترو توندتر بووه.
نه‌جم شوه‌یلی، شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی ده‌ڵێت: "رۆڵی سوپا له ژیانی سیاسی‌دا له كاریگه‌ری ئه‌و سیاسیانه كۆتایی نه‌هاتووه كه ده‌یانه‌وێت زۆرترین هێزیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی سیاسی‌یان ویست بتوانن جێبه‌جێی بكه‌ن".
له چوارچێوه‌ی گه‌شه‌پێدانی سوپای عێراقدا رۆژنامه‌ی لۆماتانی سویسری رۆژی 2ی ئابی 2008 بڵاویكرده‌وه كه ئه‌مریكا به نیازه به بإی 5 ملیار دۆلار چهكو كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی به عێراق بفرۆشێت كه له نێویاندا كۆپته‌رو موشهكو چه‌كی تۆپهاوێژیشیان تێدایه. پێشتریش ئاژانسی بهرگریو ئه‌منی ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو ئه‌مریكا به نیازه به بڕی 1 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلار شه‌ش فڕۆكه‌ی جۆری C-130J بفرۆشێته عێراق. هه‌روه‌ها له میانه‌ی رێككه‌وتنێكی هاوبه‌شی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق‌و په‌یمانی ناتۆ، مانگی ئازاری 2008، عێراق 110 زرێپۆشی وه‌رگرت. ئه‌مه ئه‌گه‌ر بزانرێت له دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق زۆربه‌ی چهكو ته‌قه‌مه‌نیه‌كانیان بۆ عێراق جێده‌هێڵن.
به‌پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه به تێكڕایی له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا نزیكه‌ی 10 ملیار دۆلار بۆ كڕینی چهكو ته‌قه‌مه‌نی سوپای نوێی عێراق خه‌رجكراوه. دوا په‌ره‌سه‌ندنیش له‌وباره‌یه‌وه ده‌نگۆی كڕینی چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی F-16 كه له چوارچێوه‌ی پڕ چه‌ك كردنه‌وه‌ی سوپادا بڕیاره عێراق بیكڕێت، ئه‌وه‌ش بووه‌ته مایه‌ی نیگه‌رانی زۆربه‌ی لایه‌نه جیاوازه‌كان، به تایبه‌تی كورد‌و كوه‌یتییه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوه‌یتیه‌كان حه‌سانه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیان هه‌بێت ئه‌وا كورد له به‌رامبه‌ر سوپای به‌رده‌وام په‌ره‌سه‌ندووی عێراقیدا ده‌توانێت چی بكات؟ ئایا سوپایه‌كی به‌هێزو پإ چه‌كی عێراق مه‌ترسی بۆ سه‌ر كێ هه‌یه؟
فه‌ریق روكن عه‌بدولعه‌زیز موفتی، پێیوابوو كه پڕ چه‌ككردنی سوپای عێراق كاریگه‌ری خراپی هه‌یه له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی، به بإوای ئه‌و تا ئێستاش ئینتیمای سوپای عێراق دابه‌ش بووه به‌سه‌ر سه‌ركرده‌و حزب‌و تائیفهكانداو ده‌كرێت هێزی سوپا ئیستیغلال بكرێت بۆ مه‌به‌ستی سیاسی.
به‌ڵام له بارودۆخێكی وادا پێشمه‌رگه ده‌توانێت رووبه‌ڕووی هێزێكی پڕچهكو به‌هێزی عێراق ببێته‌وه؟ له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا بارزان محه‌مه‌د، پهرلهمانتارو ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه له پهرلهمانای كوردستان پێیوابوو گه‌وره‌ترین كێشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه یهكنهگرتوویهتی، وتیشی: "تا ئێستاش هێزێكی یه‌كگرتومان نیه‌و هێزی حزب بونی هه‌یه".
رونیشیكرده‌وه كه ئه‌وه له كاتێكدایه دوو كۆلێژی سه‌ربازی له هه‌رێمدا هه‌یه‌و ماوه‌ی 17 ساڵیشه بوار له‌به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی كورددا هه‌بووه هێزی پێشمه‌رگه زیاتر گه‌شه‌پێبده‌ن، تا ئه‌وه‌ی زیاتر له هێزێكی ته‌واو نیزامی‌و یه‌كگرتوودا به‌رجه‌سته ببوایه.
بارزان محه‌مه‌د پێشیوابوو له ئێستادا سوپای عێراق توانای روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی نیه ئه‌گه‌ر ته‌ده‌خولاتی ئه‌مریكی نه‌بێت، به‌وپێیه‌ی سوپای عێراقی نوێ سوپایه‌كی تائیفیه په‌ره‌سه‌ندنی چه‌ندێتی كردووه نه‌وه‌كو جۆرێتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه ئه‌و چه‌كانه‌ی پێشمه‌رگه به‌كاریده‌هێنێت چإی تۆپبارانكردن (كسافه الناریه) به‌هێزتره له چه‌كه‌كانی سوپای عێراقی، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی له رووی باوه‌ڕبون به مه‌سه‌له‌كه‌و جۆری راهێنانو مه‌شقیش پێشمه‌رگه له پێشتره.
به پێی ماده‌ی 121، بڕگه‌ی پێنجی ده‌ستوری عێراق په‌یوه‌ندی نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق دیاریكراوه‌و پێشمه‌رگه ئه‌ركی پاسه‌وانی هه‌رێمی پێسپێردراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به بڕوای لیوا جه‌بار یاوه‌ر وته‌بێژی فه‌رمی هێزه‌كانی پاسه‌وانی هه‌رێم، رێكنه‌خستنی په‌یوه‌ندی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق له رووی ئهركو بودجه‌وه گه‌وره‌ترین كێشه‌یه بۆ دروست بوونی بارگرژی. به‌وپێیه‌ی ئه‌و مه‌سه‌لانه پێویستیان به یاسای تایبه‌ته، لیوا جه‌بار یاوه‌ر وتی: "ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی سوپای عێراق‌و پێشمه‌رگه رێكبخرایه هیچ بارگرژیه‌ك دروست نه‌ده‌بوو، چونكه ئه‌وكات پێشمه‌رگه‌و سوپا یه‌ك ئامانجی گشتیان ده‌بێت كه پاراستنی عێراقه به هه‌رێمه‌وه".
له ئێستادا نزیكه‌ی 100 هه‌زار پێشمه‌رگه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه كه له لایه‌ن یهكێتیو پارتیه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن، له رووی لۆژیستیشهوه زۆربه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌ی هه‌یانه ئه‌و چه‌كانه‌ن كه له سوپای رژێمی پێشوو به‌جێماوه.
له ساڵی 2003 یهكێتیو پارتی توانیان سودێكی زۆر ببینن له‌و چهكو ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی كه له سه‌ربازگه‌كانی خالید‌و فه‌یله‌قی یه‌ك له كه‌ركوك‌و سه‌ربازگه‌ی فایده له موسڵ ده‌ستیان بهسهرداگیر، له‌وباره‌یه‌وه وته‌بێژی فه‌رمی هێزه‌كانی پاسه‌وانی هه‌رێم وتی: "تا ئێستاش ئه‌و چه‌كانه به‌كار دههێنینو چه‌كی شاراوه‌مان نیه‌و حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق‌و هێزه‌كانی فره نه‌ته‌وه ده‌زانێت پێشمه‌رگه چه‌ند جۆره چه‌كی هه‌یه‌و ئه‌و چه‌كانه‌ش ته‌نها به‌شی به‌رگری كردن ده‌كات له خۆمان".
چاودێران هۆشداریی ده‌ده‌ن له به‌هێزبوونی سوپای عێراق‌و پێیانوایه مه‌ترسی بۆسه‌ر پێكهاته جیاوازه‌كانی عێراق دروست ده‌كات، به‌وپێیه‌ی له ئێستادا عێراق ناتوانێت دژی دراوسێكانی بوه‌ستێته‌وه ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت سنوره‌كه‌شی ببه‌زێنن.
تاریق ئه‌لحه‌مید، كه نوسه‌رێكی عه‌ره‌به له وتارێكیدا رۆژی 10ی ئه‌م مانگه له رۆژنامه‌ی (شرق الاوست) بڵاوكراوه‌ته‌وه به ناوی (نا بۆ پڕچه‌ككردنی عێراق)، ئاماژه به‌وه ده‌كات ده‌نگۆی كڕینی چه‌كی قورس له لایه‌ن عێراقه‌وه ده‌بێت جێگه‌ی نیگه‌رانی پێكهاته جیاوازه‌كانی عێراق بێت پێش ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانی وڵاتانی عهرهبیو وڵاتانی دراوسێی عێراق بن.