ئاماده‌کردنی: ئه‌مین جاف
سه‌لمێنراوێکی زانستییه، که رێژه‌ی (3/2) پێکهاته‌ی ئه‌م ئه‌ستێره‌ی ئێمه ئاوه‌و (3/1)که‌ی دیكه‌یشی وشکانییه، ئه‌و بڕه ئاوه‌یش له سێ شێوه‌دا به به‌رده‌وامیی له گۆڕانکاریدایه، بۆ نمونه ئاو له‌شێوه سروشتییه‌که‌ی خۆیدا وه‌ك ئاو، سه‌هۆڵ (به‌سته‌ڵه‌ك)، گاز (له شێوه‌ی بوخاردا وه‌ك کاژێک به ده‌وری زه‌ویدا ده‌سوڕێته‌وه)، که‌واته ئه‌و بڕه ئاوه‌ی ناو سه‌رزه‌وی بڕێکی نه‌گۆڕه (کاتێ له ناوچه‌یه‌ک وشکه‌ساڵی روده‌دات له ناوچه‌یه‌کی دیكه لافاو روده‌دات به پێچه‌وانه‌شه‌وه، که‌واته هه‌ر ئه‌و بڕه ئاوه‌یه به‌هۆی گۆڕانکارییه‌کانه‌وه له جموجوڵدایه).
هه‌روه‌ها به نیسبه‌ت وشکاییه‌وه له دو شێوه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌ویش شێوه گازییهکهیهتی (هه‌مو جۆره گازه‌کان که له ئاکامی گۆڕانکارییه کیمیاوییه‌کانی شێوه وشکه‌که پێکدێن، جا ئه‌و گۆڕانکارییه ئه‌گه‌ر سروشتی بێت یا به ده‌ستی مرۆڤ)، شێوه وشکه‌که که گڵه ئه‌ویش هه‌مو جۆره کانزا‌کان له‌خۆ ده‌گرێت.
تێکچونی رێژه سروشتییه‌کانی ئاو وشکایی هۆی سه‌ره‌کی هه‌مو کاره‌ساته سروشتییه‌کانی سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه، ئه‌ویش به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌و دابه‌زینی پله‌کانی گه‌رما زیاد له سنوره سروشتییه ئه‌زه‌لییه‌که‌ی خۆی، که‌واته مرۆڤ به‌رپرسه له پاراستنی تێکنه‌چونی ئه‌و رێژه‌و پێکهاتانه، به پاراستنی ژینگه‌ی ته‌ڕو وشك، پاراستنی ئاست‌و رێژه‌کانی ئاو پله‌کانی گه‌رما بۆ به‌رده‌وامی ژیان.
کاره‌ساته سروشتییه‌کان:
کاره‌ساته‌کان دو جۆره:
* کاره‌ساته‌کانی که به‌هۆی لافاو تواننه‌وه‌ی چیا بهفرینهکانهوهیه (به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌و دابه‌زینی پله‌کانی گه‌رماو، تێکچونی ئاسته‌کانی ئاوه).
* کاره‌ساته‌کانی که به‌هۆی وشکهساڵیو به بیابانبونهوه (التصحر)، که هۆیه‌کانی زۆره‌و له دوایدا دێینه سه‌ر باسی.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه خاڵی دوه‌مه، که ئه‌ویش وشکه‌ساڵیه، وشکه‌ساڵی ئه‌و ماوه وشکه‌یه، که چه‌ند مانگێ یاخود جاری وا هه‌یه چه‌ندها ساڵ ده‌خایه‌نێت، ئه‌ویش به‌هۆی که‌مێ یا که‌مبونه‌وه‌ی رێژه‌ی ئاو له ناوچه‌یه‌ک له ناوچه‌کانی جیهاندا، بێ بارانی به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له ناوچه‌یه‌کی تایبه‌تدا یه‌کێکه له هۆیه سه‌رکییه‌کانی وشکه‌ساڵی، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی زیانێکی گه‌وره بۆ سیستمی ژینگه‌و پرۆسه‌ی کشتوکاڵی به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی‌و روخاندنی بواره‌کانی تهندروستیو کۆمه‌ڵایه‌تی، باری دارایی وڵات به‌ره‌و داته‌پین ده‌ڕوات،و ده‌بێته هۆی کاره‌ساتێکی ئابوری له وڵاته‌که‌دا، ماوه‌ی وشکه‌ساڵی هه‌رچه‌نده کورتیش بێت، به‌ڵام بێگومان زیانی خۆی دهگهیهنێو ئاکامه‌که‌شی دور یان نزیك ده‌رده‌که‌وێت.
ئاماره‌کانی رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی( فاو) ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، که وشکه‌ساڵیه درێژخایه‌نه‌کان هۆی سه‌ره‌کی زۆربه‌ی کاره‌ساته‌کانی جیهانه، وه‌ك هه‌ژاریی، کۆچی به‌کۆمه‌ڵ، برسێتی، جه‌نگه ناوخۆیی‌و هه‌رێمییه‌کان، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین، که ته‌نیا بێ بارانیی هۆی وشکه‌ساڵی نییه، لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه بۆ هه‌ندێ له‌و هۆیانه‌ش بکه‌ین که شانبه‌شانی بێ بارانیی کاریگه‌رییان له‌سه‌ر وشکه‌ساڵی هه‌یه، له‌وانه:
* خراپیی پێکهاته‌ی خاکه‌که له بواری جیۆلۆجیداو، بێ هێزی زه‌وی له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داماڵینو روتانهوهو کهمئاویداو، ئه‌مانه‌و که‌م توانایی خاکه‌که بۆ پاراستن ئاو له‌شێوه گه‌نجینه ئاوییه‌کاندا.
* بێ پلانی له‌کاتی هه‌ڵبژاردنی شوێنی پرۆژه پیشه‌سازییه‌کاندا، وه‌ك کارگه‌کانی چیمه‌نتۆ، پاڵاوگه‌کانی نه‌وت....هتد
* پاشاگه‌ردانی له بڕینی دارستانه‌کان.
*روتبونو داماڵینی زه‌وی، به‌هۆی نه‌فامیی به‌کارهێنانییه‌وه .
* بێ سنوری له له‌وه‌ڕاندنی ئاژه‌ڵدا.
کاریگه‌رییه مه‌ترسیداره‌کانی وشکه‌ساڵی:
هه‌ر چۆن به درێژایی مێژوی مرۆڤایه‌تی ئاو نیشانه‌ی ژیان بوه، له هه‌رشوێنێکدا ئاو نه‌بوبێ ژیانیش نه‌بوه، که‌واته نه‌مانی ئاو له‌ناوچونی ژیانه‌و کاریگه‌ریی راسته‌وخۆی ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌مو ئاسته‌کانی ژینگه،و کشتوکاڵ، ته‌ندروستی، کۆمه‌ڵایه‌تی ...هتد، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌توانین کاریگه‌رییه‌کانی وشکه‌ساڵی له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا کۆبکه‌ینه‌وه:
* که‌مبونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه کشتوکاڵییه‌کان، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌کرێت ئه‌وا ده‌بێ به‌هۆی کۆتایی هێنانی به‌رهه‌مه‌کان.
* خۆڵبارانی به‌رده‌وام که باڵده‌کێشێ به‌سه‌ر ژینگه‌دا، شێوه‌و روخساری هه‌مو شتێک تێکده‌دات.
* کزبونی به‌رهه‌مه ئاژه‌ڵییه‌کان به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌رهه‌مه کشتوکاڵییه‌کان.
* شێواندنی جوانییه سروشتییه‌کان، به‌هۆی داماڵینو روتبونی دهشتو دۆڵ‌و چیاکانه‌وه.
* بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌ژاریی، که ده‌بێته هۆی برسێتی (المجاعه)، به‌هۆی که‌میی ئاوی ئاودێرییه‌وه، راوستانی به‌رهه‌مهێنان له زۆربه‌ی بواره‌کاندا.
* وێرانکردنی داڵده‌و شوێنی حه‌واننه‌وه‌ی ئاژه‌ڵی کێویو لانه‌ی باڵنده‌کان،و ژینگه‌ی دارودرهختهکانو کۆتایی هاتن به ژیانیان.
* ده‌بێ به‌هۆی کۆڕه‌و له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌کانه‌وه بۆ ناو شاره‌کان،و مه‌ش کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌ی ده‌بێ له‌سه‌ر فره‌وانکردنی کێشه‌ی نیشته‌جێبون.
* سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی کۆچکردن له وڵاتی دایكه‌وه، بۆ وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌که.
* سه‌رهه‌ڵدانی نیزاعات له‌نێوان گونده‌کاندا.
* که‌وتنه‌وه‌ی ئاگری گه‌وره له ناوچه‌کانداو سوتانی دارستانه‌کان،و له‌ناوبردنی هه‌مو زینده‌وه‌رێك.
* پیسبونی ئاوه‌کان، ئه‌مه‌ش ده‌بێ به‌هۆی ژه‌هراویبونی هه‌مو سه‌رچاوه‌کان، لهناوهبردنی گیانله‌به‌ره ئاوییه‌کان، وه‌ك هه‌مو جۆره ماسییه‌کان.
* بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه جۆراوجۆره‌کان.
* په‌ککه‌وتنی که‌رتی گه‌شتوگوزار به‌شێوه‌یه‌کی زۆر به‌رچاو.
* که‌مبونه‌وه‌ی وزه‌ی کاره‌با به‌هۆی که‌میی ئاوی به‌نداوه‌کانه‌وه.
* بڵاوبونه‌وه‌ی مارو مێرو به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکیش، به‌تایبه‌ت ژه‌هراوییه‌کان.
دیارده‌یه‌کی دیكه‌یش، که به ترسناکترین دیارده‌ی سروشتی جیهان ده‌ژمێردرێت ئه‌ویش دیارده‌ی به بیابانبونه (التصحر)، هه‌ر له‌به‌ر گرنگی‌و بایه‌خدان به‌م دیارده، نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان رۆژێکی تایبه‌تی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دیاریکردوه، ئه‌ویش رۆژی (17)ی یونیو له هه‌مو ساڵێکدا، جێی خۆیه‌تی که لێره‌دا ئاماژه بۆ هه‌ندێ له ئاماره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بکه‌ین، بابزانین تا چه‌ند ترسناکه ئه‌م گۆڕانکارییه سروشتییه:
(30%) پانتایی کۆڕوی ئه‌م ئه‌ستێره‌ی که ئێمه‌ی تیادا ده‌ژین روبه‌ڕوی دیارده‌ی به بیابانبون (التصحر) ده‌بێته‌وه، که کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی (1) بلیۆن که‌س هه‌یه له جیهاندا.
* به‌شه وشکه‌که‌ی زه‌وی که بریتییه له(33%) کۆی ئه‌ستێره‌که مان (25%) پیت‌و نرخی وه‌به‌رهێنانی له‌ده‌ستداوه .
*جیهان هه‌مو ساڵێك (10) هێکتار زه‌وی له‌ده‌ستده‌دات (هێکتارێ (10) هه‌زارمه‌تر دوجایه)
* ته‌نیا له ساڵی (1988)دا (10) ملیۆن لاجیو په‌ناهه‌نده له جیهاندا هه‌بوه به‌هۆی ژینگه‌وه، که وشکهساڵیو به بیابانبون هۆیه سهرکییهکانییهتی.
* کۆی ئه‌و پارانه‌ی که ساڵانه له جیهاندا بۆ دژایه‌تیکردنی به‌بیابانبون سه‌رف ده‌کرێت (42) بلیۆن دۆلاره.
به‌بیابانبون چه‌ند هۆیه‌کی سه‌ره‌کی هه‌یه، که ده‌بێته هۆکاری روتکردنو داماڵینی روی زه‌وی :
* داماڵینی روی زه‌وی به‌هۆیه‌کانی باوه (به هه‌مو جۆره‌کانییه‌وه، ره‌شه‌با، گه‌رده‌لول)
* داماڵینی روی زه‌وی به‌هۆی لافاوه‌وه.
* تێکدانی پیت‌و به‌ره‌که‌تی زه‌وی به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌کانی خوێ زیاد له ئاسته‌کانی خۆی له خاکه‌که‌دا،
* نه‌فامی له به‌کارهێنانی کێڵگه‌کان، جا ئه‌گه‌ر به‌هۆی به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵ، یا کاری کشتوکاڵی به‌شێوه‌یه‌کی نازلۆباڵانستی.
به‌ره‌نگاربونه‌وه‌و چاره‌سه‌رکردنی وشکه‌ساڵی
هه‌ستکردن به رودانی کاره‌ساته سروشتییه‌کان کارێکی نیمچه مه‌حاڵه‌و، بهرهنگاربونهوهکهشی به هه‌مانشێوه، ئه‌مه له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی دیكه‌یشه‌وه چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و ئاکام‌و مه‌ترسیانه‌ش که ئه‌و کاره‌ساتانه به‌جێی ده‌هێڵن کارێکی ئاسان نییه.
ئه‌مڕۆ له وڵاتانی دونیای پێشکه‌وتودا داموده‌زگاکانی وڵات له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان بۆ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌کانی روداوه سروشتییه‌کان، جا چی به چاودێریکردن بێت بۆ رێگرتن له کاره‌ساته‌کان، یاخود بۆ چاره‌سه‌رکردنی پاشماوه‌ی روداوه‌کان، بۆ هه‌مو حاڵه‌تێکیش ژوری عه‌مه‌لیاتی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.
له هه‌مو جیهاندا گرنگترین ده‌زگا، ده‌زگای پلاندانانه که به‌هۆیه‌وه پلان‌داڕشتن بۆ هه‌مو پڕۆژه‌کان دهکرێتو، له هه‌مان کاتیش‌دا به‌رنامه‌ی کاریشی بۆ داده‌نرێت، به‌پێی ئه‌و به‌رنامه پرۆژه‌کان جێبه‌جێ دهکرێتو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌وه‌ی که جێگه‌ی داخه له کوردستانی ئێمه‌دا ئه‌و ده‌زگایه نییه، کاتێ که ده‌زگای پلاندانان نه‌بێت، که‌واته به‌رنامه‌ش نابێت‌و کاره‌کانیش بێ پلان‌و بێ به‌رنامه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌م وڵاته‌دا مه‌زاج به‌رپرسه، له‌به‌ر ئه‌وه بڕیاری پرۆژه‌کان، شێۆه‌ی، کولفه‌ی، به‌رپرسه‌کان بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت چاره‌سه‌رکردنی كێشهکانیش به هه‌مان شێوه.
بازیان نمونه‌ی وێرانییه
ساڵانێک بو بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه، که رۆژێك بێت بازیان هه‌ر له گوندی سه‌رچاوه‌وه هه‌تا دێلێژه ته‌نیا برنج‌و ته‌ماته‌ی تیادا بچێنین، هه‌مو جۆره کشتوکاڵێکی تیادا قه‌ده‌غه بکرێت، ئۆردوگاکان تێك بدرێت‌و خه‌ڵکه‌که بچنه‌وه سهرگوندهکانیان، کاتێ به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌تا پاڵاوگه‌ی نهوتو کارگه‌ی چیمه‌نتۆ له‌و ناوچه‌دا دانراوه، ئه‌م دو جۆره کارگه‌ش له‌و کارگانه‌ن که ژینگه له‌ناوده‌به‌ن.
کوردستان به‌و هه‌مو توانا به‌شه‌رییه گه‌نجه‌وه، بونی چوار زێی گه‌وره ((له‌نێوان هه‌ر دو زێ له‌م زێیانه ده‌شتێکی به به‌ره‌که‌ت، وه‌ك: ئاکرێ، مه‌خمور، حه‌سار، گه‌رمیان، زه‌نگابات)) هه‌یه، که هه‌رێمه‌که له‌سه‌ره‌وه تاسنوری عێراق ( که دجله‌یه) دهبڕێتو، به‌ناو ده‌شته‌کاندا تێدهپهڕێو هه‌ر له موسڵه‌وه هه‌تا خانه‌قینه، هه‌روه‌ها بونی ده‌یان سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی ئاو، بونی سه‌دان هه‌زار هێکتار له زه‌وی به پیت‌و به‌ره‌که‌ت، جگه له‌وه که‌شوهه‌وای کوردوستان، که یارمه‌تیده‌ره بۆ پڕۆژه ستراتیجیه کانی که‌رتی کشتوکاڵییو ئاودێریی، به‌رامبه‌ر به بونی ئه‌و هه‌مو توانا‌و وزانه، وڵاته‌که‌ی ئێمه روبه‌ڕوی وشکه‌ساڵی بوه‌ته‌وه .
پلانێکی ستراتیژیی:
له کاتێکدا که ئه‌مڕۆ ته‌کنۆلۆژیای جیهانی بچوککردوه‌ته‌وه له رێگه‌ی گڵۆباڵی ئێلێکترۆنییه‌وه، له کاتێدا ئه‌مریکا فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان له جه‌نگی ئه‌فغانستاندا به‌کار دههێنێو به‌نیازیشه رۆبۆت له جیاتی سه‌رباز به‌کاربهێنێ، ئا له‌م کاته‌دا ئێمه به تانکه‌ر باخه‌کان ئاو ده‌ده‌ین، له‌مه‌ش زیاتر ئێمه ئاوی خواردن به ته‌نکه‌ر دابه‌ش ده‌که‌ین.
ئه‌گه‌ر چی زوه ئێمه‌ش وه‌ك هه‌مو وڵاتانی دونیا بیر له داهاتوی ئه‌م وڵاته نه‌که‌ینه‌وه، ئه‌وا رۆژێک دێت نه سیاسهتو نه نهوتو نه باڵه‌خانه‌و نه پاره‌ی بانکهکانو نه پیشه‌سازیش هه‌رچه‌نده نیمانه فریای ئه‌م میلله‌ته ناکه‌وێت، بۆیه ته‌نیاو ته‌نیا پلانێکی تۆکمه‌ی هاوچه‌رخ دادی ئێمه ده‌دات.
من پێموایه هه‌رچی زوه کار بکرێ بۆ جێبه جێکردنی پرۆژه ستراتیژییه‌کانی کشتوکاڵ‌و ئاودێری، بۆ ئه‌وه‌ی پلانی زانستی‌و تۆکمه له‌سه‌ر ئاستی پإۆژهکانی جیهان په‌یڕه‌و بکرێ‌و هه‌وڵبدرێ بۆ ئه‌وه‌ی چی زوه کوردستان ببێ به تابلۆیه‌کی سه‌وز بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی وشکه‌ساڵی.