راپۆرت: محه‌مه‌د شێخ فاتح
یه‌كشه‌ممه‌ی رابردو رێكه‌وتی (18)ی ئۆكتۆبه‌ر، رۆژی جیهانیی هه‌ژاران بو، دانانی رۆژێك بۆ ئه‌و دیارده‌یه دوای ئه‌وه دێت كه هه‌ژاریی خه‌ریكه به‌ته‌واویی به‌رۆكی جیهان دهگرێتو ژماره‌ی برسییه‌كان زیاتر له یه‌ك ملیار كه‌س تێده‌په‌ڕێنێت.
هه‌ژاریی به‌جۆرێك جیهانی گرتوه‌ته‌وه كه بوه‌ته دیارده‌یه‌كی جیهانیو هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی كۆی وڵاتان ده‌كات، جیاوازی رۆژی جیهانیی هه‌ژاریی له‌گه‌ڵ رۆژی جیهانیی بۆنه‌كانی تردا له‌وه‌دایه كه ره‌نگه كێشه‌و دیارده‌كانی تر هه‌وڵێك یان هیوایه‌ك هه‌بێت بۆ چارهسهركردنو كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانیان، به‌ڵام جیهان له دۆخێك‌دا رۆژی جیهانیی بۆ هه‌ژاران داده‌نێت كه له‌رزۆكه له ئاست هه‌ر رێگهچارهیهكو به‌رده‌وام ژماره‌ی برسییهكانیش له هه‌ڵكشاندایه، هه‌ر بۆیه ئه‌و دیارده‌یه وه‌ك دێوه‌زمه‌یه‌ك به‌ره‌نگاری كۆمه‌ڵگاكان ده‌بێته‌وه.
هه‌ژاریی كه دیوێكی تری برسێتییه، وابه‌سته‌یه به‌چه‌ندین نیشانده‌ر(موئهشیر)ی تره‌وه كه دیارترینیان (تهندروستیو فێركردن‌و بێكاری)یه.
به سه‌یركردن له پێكهاته‌ی ئابوریی كوردستان‌و نیشانده‌ره نافه‌رمییه‌كان، ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه له‌و جیۆگرافیایانهی كه ئه‌و رۆژه‌ی له پێناودا بۆ دانراوه.
هه‌رێمی كوردستان، هه‌ژارێكی داپۆشراو
له راپۆرتێكی رێكخراوی خۆراكی جیهانییWHO دا هاتوه كه له چه‌ند مانگی رابردودا بڵاویكرده‌وه‌و باس له‌وه ده‌كات كه (واست، موسڵ، دیاله‌و هه‌روه‌ها سلێمانی) له ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه ده‌ژین، هاوكات به‌رپرسانی باڵای ههرێمو ئاماره ره‌سمییه‌كانیش رایده‌گه‌یه‌نن كه هه‌رێمی كوردستان له‌ئاستی خۆشگوزه‌رانیدا ده‌ژین.
به‌ڵام یونس عه‌لی ئه‌حمه‌د، مامۆستای زانكۆی سلێمانی‌و شاره‌زای ئابوریی، رایوایه كه ده‌بێت نیشانده‌ر(موئهشیر)ه‌كان بڕیار بده‌ن كه هه‌رێم له چ دۆخێكدایه.
ئه‌و پسپۆڕه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات "كۆمه‌ڵێك موئهشیر پێمانده‌ڵێن، گه‌شه رویداوه یان نا، ئه‌وانیش (رێژه‌ی ههژارییو بێكاریی‌و پیسبونی ژینگه)ن، یهكێكیتر داهاتی نه‌ته‌وه‌ییه، ئایا داهاتی راسته‌قینه زیادیكردوه یان داهاتی نه‌ختینه، چونكه داهاتی راسته‌قینه گرنگتره نه‌ك داهاتی نه‌ختینه، بۆیه گه‌شه به بینای به‌رز نییه".
یونس عه‌لی، رایوایه ئاستی گوزه‌ران له كوردستان زۆر نزمه‌و به‌ڵگه‌شی ئه‌وه‌یه كه رۆژانه چینی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌رده‌وام له زیادبوندایه‌و چینی هه‌ژاریش به‌هه‌مانشێوه، له ههركۆمهڵگایهكیشدا چینی مامناوه‌ند كه‌مبوه‌وه واتا هه‌ژارییه‌كی زۆر هه‌یه.
به‌پێی هه‌ندێك ئاماری نافه‌رمیی (80%)ی دانیشتوانی كوردستان (20%)ی داهات ده‌به‌ن، به بارێكیتردا (20%)ی دانیشتوان (80%)ی داهات ده‌به‌ن، واته كه‌مینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند زۆرترین داهات دهباتو زۆرینه‌یه‌كی هه‌ژاریش كه‌مترین داهاتی ده‌ستده‌كه‌وێت.
هۆگوین، یه‌كێكه له زانا ئابورییه به‌ناوبانگه‌كان، ئه‌و باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌گه‌ر هه‌ر (1%)ێك گه‌شه زیاد بكات (2.5%)بێكاریی كه‌مده‌كات.
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه یه‌كێك له پسپۆڕه ئابورییه‌كانی زانكۆی سلێمانی له‌ساڵی(2006) ئه‌نجامیداوه (25-30%)ی خه‌ڵكی سلێمانی له ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه بون، ئه‌ویش به‌وه‌رگرتنی نیشانده‌ره‌كانی داهاتو خه‌رجی، ئاماده‌كاری ئه‌و توێژینه‌وه‌یه ئه‌گه‌رچی پێیوایه، ره‌نگه له ئێستادا ئه‌و رێژه‌یه كه‌مێك دابه‌زیبێت، به‌ڵام كه‌متر نییه له (15-20%).
عێراق، جیۆگرافیایه‌ك بۆ گه‌شه‌كردنی برسێتیی
جهنگهناوخۆییو ده‌ره‌كییه‌كان، گه‌مارۆی ئابوریی، سروشتی سیستمی سیاسیی‌و شێوه‌ی ره‌فتاری له‌گه‌ڵ كۆمهڵگاو خراپ به‌كارهێنانی سه‌رچاوه ئابورییه‌كان، هۆكاری سه‌ره‌كیی خراپبونی گوزه‌رانی خه‌ڵك‌و بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌ژاریی بون له عێراقدا.
ئه‌گه‌ر جه‌نگی هه‌شتساڵه‌ی نێوان عێراق_ئێران له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردودا هۆكاری بڵاوبونه‌وه‌ی برسێتیی بوبێت له ناوچه‌كانی ناوهڕاستو باشوردا كه زیاتر خۆی له‌شاره‌كانی به‌سڕه‌و میساندا ده‌بینییه‌وه، ئه‌وا روداوه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی دوای ساڵی(1990) برسێتییو هه‌ژاریی بۆ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی تری عێراق گواسته‌وه.
به بڕوای د. حه‌سه‌ن له‌تیف ئه‌لعوبه‌یدی، شاره‌زای ئابوریی، سه‌پاندنی سزا ئابورییه‌كان به‌سه‌ر عێراقدا، به‌هۆی داگیركردنی وڵاتی كوه‌یته‌وه كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی كرده ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت، به‌جۆرێك كه خه‌رجییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ بواره كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان كه‌مبونه‌وه‌و بازنه‌ی هه‌ژاریی فراوانتربو، هاوكات ژینگه‌ی ئابوریش خراپتر بو، بۆیه باری نائارامیی له‌سه‌ر ئاستی تاكو كۆمه‌ڵدا ته‌شه‌نه‌ی كرد.
كاتێك كه گه‌مارۆكه درێژه‌ی كێشا، گوزه‌رانی زۆربه‌ی عێراقییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی تر خراپ بو، تا راده‌یه‌ك وایلێهات ئه‌و بڕهخۆراكهی مانگانه به كۆبونی خۆراك دابه‌شده‌كرا، خه‌ڵكی نه‌یانده‌توانی به ویستی خۆیان بیخۆن، بۆیه به‌شێكیان ده‌فرۆشته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پێویستییه‌كی دیكه‌ی پێبكڕن.
ئاماره مه‌ترسیداره‌كان
له ساڵه‌كانی گه‌مارۆی ئابوری‌دا، به‌شی تاك له داهاتی ناوخۆ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر هاته‌خواره‌وه كه نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ی ساڵانی هه‌شتاكان بو.
داهاتی راسته‌قینه‌ی مانگانه‌ی تاكێك له ساڵی(1993)دا كه‌متربو له داهاتی كرێكارێكی كشتوكاڵی ناچالاكی وڵاتی هیندستان، كه به‌پێی چه‌ند راپۆرتێكی ئابوریی نافه‌رمیی له هه‌ژارترین وڵاتانی جیهانه. ئاستی بژێویی تاكو خێزانه‌كان زیانێكی زۆری پێگه‌یشتبو، به‌تایبه‌تیش ئه‌و خێزانانه‌ی كه داهاتیان سنوردار یان مامناوه‌ند بو. به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رێكخراوی خۆراك‌و كشتوكاڵیی نێوده‌وڵه‌تیی له‌ساڵی(1995)دا، ئاستی داهاتو بژێویی سێیه‌كی دانیشتوانی عێراق دابه‌زی، داهاتی خێزانێك دابه‌زیبو بۆ یه‌ك له‌سه‌ر سێی داهاتی هه‌مان خێزان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی(1988)دا.
هاوكات به‌پێی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی ده‌زگای ناوه‌ندی ئامار‌و ته‌كنۆلۆژیای زانیارییه‌كان به هاوكاریی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، به ناوی (نه‌خشه‌ی بێبهشیو ئاستی بژێویی له عێراق)دا ئاماده‌كرابوو له كۆتاییه‌كانی ساڵی(2006)دا بڵاوكرایه‌وه، نزیكه‌ی (31%)ی خێزانه‌كان‌و (34%)ی تاكه‌كان ئاستی گوزه‌رانیان زۆر خراپه‌و به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه ده‌ناڵێنن، ئه‌و رێژه‌یه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار گه‌وره‌تر ده‌بێت.
ههژارییو بێكاریی، دو روی یه‌ك دراو
كێشه‌ی هه‌ژاریی په‌یوه‌ندییه‌كی قوڵ‌و ئاشكرای به زیادبونی ئاستی بێكارییه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندیی ئه‌و دوانه‌ش ههإهشهیهكی گه‌وره له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆیی له عێراق پێكده‌هێنێت، به‌تایبه‌تیش هۆكاره بونیادییهكانی بێكاریی له وڵات‌دا، كه خۆی له شێوه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوری‌دا ده‌بینێته‌وه‌و ئه‌ویش به لای خۆیه‌وه له ده‌وری چۆنێتیی به‌كارهێنانی نهوتو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هێزی كار كۆده‌بێته‌وه، كه رێژه‌ی گه‌نجانی تێدا به‌رزه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه گه‌نجان خاوه‌ن مهشقو راهێنانی پێویست نین به‌گوێره‌ی پێویستییه‌كانی بازاڕی كار. پشتبه‌ستنێكی نیمچه‌ته‌واو به به‌شی گشتی بۆ دروستكردنی ده‌رفه‌تی كار، خاسییه‌تی سه‌ره‌كیی ئه‌م بازاڕه‌یه، ئه‌مه وێڕای هۆكاره‌كانی بێكاریی‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی جهنگو گه‌مارۆی ئابوریی‌و ههإهشهكانی ئاسایش‌و تیرۆر. به‌پێی ده‌رئه‌نجامه‌كانی پشكنینێكی باری گوزه‌ران كه له ساڵی(2004)دا كراوه، بێكاریی له هه‌مو پارێزگاكانی عێراقدا رێژه‌ی(18%) تێده‌په‌ڕێنێت، له كاتێكدا كۆی رێژه‌ی بێكاریی له‌ناو گه‌نجاندا ده‌گاته(33.4%).
زیادبونی دانیشتوان، وازهێنانی ده‌وڵه‌ت له ئه‌ركه‌كانی له دامه‌زراندنی دهرچوانو هاندانی كه‌رتی ده‌وڵه‌تی، خراپیی نه‌خشه‌كێشانی خوێندن، خراپبونی به‌ستنه‌وه‌ی دهزگازانستییهكان به بازاڕی كار‌و بێتوانایی كه‌رتی تایبهتو سود وه‌رنه‌گرتن له هێزی بێكار، هه‌مو ئه‌وانه فاكته‌ری سه‌ره‌كیی به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكارین له عێراقدا، كه هه‌ندێك له ئاماره‌كانی ساڵی(2003)به (60%)له كۆی هێزی كار مه‌زه‌نده‌ی ده‌كرد، ده‌رئه‌نجامه‌كانی پێداچونه‌وه‌یه‌كی (كار‌و بێكاریی) ساڵی(2004) ده‌ریخستوه كه كۆی بێكاریی بۆ ته‌مه‌نی (15– 24) ساڵی نزیكه‌ی (43.8%) له‌و رێژه‌یه‌ش (46%) ره‌گه‌زی نێرن‌و (37.2 %) ره‌گه‌زی مێن، ئه‌و به‌دواداچونه ئه‌و جیاوازییه‌شی ئاشكراكردوه كه له كۆی بێكاریی نێوان پارێزگاكاندا هه‌یه. پارێزگای زیقار له پێشه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایانه كه رێژه‌ی بێكاریی تیایدا به‌رزه‌و له (46%) زیاتره، له كاتێكدا نزمترین ئاستی بێكاریی له پارێزگای كه‌ربه‌لا تۆماركراوه كه(14%)یه.
ئه‌گه‌رچی به‌پێی هه‌ندێك ئامار، رێژه‌ی بێكاریی له هه‌رێمی كوردستاندا نزمه‌و له هه‌ندێكیشیاندا باس له‌وه ده‌كرێت كه رێژه‌كه روه‌و دابه‌زینه.
یونس عه‌لی، ده‌ڵێت مه‌عقول نییه له وڵاتێكی ئه‌وروپیدا رێژه‌ی هه‌ژاریی (7%)بێت له كوردستان (3%)بێت، له‌وڵاتانی پێشكه‌وتو رێژه‌ی بێكاریی(8%)ه، به‌ڵام له كوردستان دابه‌زیوه بۆ (4%)، بۆیه ئه‌و مامۆستای زانكۆیه ده‌پرسێت به‌كام كارگه‌و كارخانه ئه‌و رێژه‌یه دابه‌زی؟
به‌رزبونه‌وه‌ی نیشانده‌ره‌كانی بێكاریی ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیدارن، چونكه ئه‌گه‌ر رێژه‌ی بێكاریی (1%)زیاد بكات، ئه‌وا ریژه‌ی تاوانه‌كانی كوشتن‌و دزی (6%) زیاد ده‌كات.
تیرۆر، قۆناغه‌كه‌ی دوای هه‌ژاریی
به‌تێڕوانینێكی خێرا له چه‌ند ساڵی رابردودا، ده‌توانین ئه‌و په‌یوه‌ندییه جه‌ده‌لییه ببینین كه له‌نێوان ههژارییو تیرۆردا دروستده‌بێت، تیرۆر له سایه‌ی ههژارییو كۆمه‌ڵگا هه‌ژاره‌كاندا لهدایكدهبێتو گه‌شه‌ده‌كات، هه‌روه‌ك قوربانییه‌كانی هه‌ژاریی له زۆربه‌ی كاته‌كاندا هه‌مان قوربانیی ده‌ستی تیرۆرن، جا چ قوربانیی راسته‌وخۆ بن یان ناڕاسته‌وخۆ، ده‌رئه‌نجامیش ئه‌وه‌یه كه چه‌ندین خانه‌واده‌و خێزان به تهواویو به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ به‌ره‌و هه‌ژاریی په‌لكێش ده‌كرێن، دوای ئه‌وه‌ی به‌خێوكه‌ریان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، یاخود توانای كاركردنیان نامێنێت، بۆیه په‌یوه‌ندیی بێكاریی‌و كرداره توندوتیژو تیرۆریستییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وانه‌یه.
لێكۆڵینه‌وه زانستییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن له‌كاتێكدا رێژه‌ی بێكاریی (1%)زیاد بكات، ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ردا رێژه‌ی تاوانه‌كانی كوشتن‌و دزی (6%)زیاد ده‌كات.
هه‌ندێك پێناسه‌ی هه‌ژاریی به‌و كه‌سه ده‌كه‌ن كه ئاستی بژێوی زۆر نزم بێت، ههندێكیتر ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سه‌یه كه داهاتی كه‌م بێت، ههندێكیتر به‌و جۆره ده‌یپێون كه ده‌بێت پرسیار له‌كه‌سه‌كه بكرێت كه ئایا ئه‌و داهاته‌ی هه‌یه‌تی به‌شی ده‌كات یان نا، هه‌ندێكی تریش لایه‌نی تهندروستیو فێركردن لێكده‌ده‌نه‌وه.
له‌پێوه‌ره جیهانییه‌كاندا كار له‌سه‌ر دو پێوه‌ر ده‌كرێت، ئه‌وانیش بریتین له:
1/ داهاتی تاكه‌كه‌س، ئایا ئه‌و كه‌سه چه‌ندی ده‌ستده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش جێگای مشتومڕه‌و هه‌ندێك پێیانوایه، هه‌ڵبژاردنی داهات پێوه‌رێكی زۆر باش نییه، چونكه به‌های دۆلاری ئه‌مریكی جیاوازه له دۆلاری كهنهدهی، له‌به‌رئه‌وه‌ی توانای كڕینیان جیاوازه.
به‌بڕوای هه‌ندێك چوار دۆلار، ههندێكیتر پێیانوایه كه كه‌سێك رۆژانه له دو دۆلار كه‌متری ده‌ستنه‌كه‌وێت له رۆژێكدا، ههندێكیتر ده‌ڵێن سێ دۆلار.
2/ ههندێكیتریش پێیانوایه، ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی ئاستی هه‌ژاریی دیاریبكرێت، به‌جۆرێك كه‌سێك له رۆژێكدا چه‌ند پاره خه‌رجده‌كات، ئه‌وه‌ش بۆ شمه‌كه سهرهكییهكانه، كه بریتین له شوێنی نیشتهجێبونو خۆراك‌و جلوبه‌رگ.
ئه‌وه‌ش به باشترین رێگه داده‌نرێت بۆ پێوانی ئاستی بژێویی، چونكه له زۆرترین حاڵه‌تدا كه‌سه‌كان بڕی خه‌رجییه‌كانیان دیاریده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌متر زانیاریی له‌سه‌ر داهاتیان ده‌ده‌ن.
له لایهكیترهوه خه‌ڵكی ته‌نها ئه‌و داهاته حیسابدهكات كه ده‌ستی كه‌وتوه، داهاتیش دو جۆره، ئه‌وه‌ی كه ده‌ستی كه‌وتوه‌و ئه‌وه‌ی داویانه پێی.