كار به بڕیاره‌كانی (مه‌جلس قیاده سه‌وره) ده‌كرێت
راپۆرت: به‌هادین یوسف
دادگای ته‌میزی به‌غدا بڕیاری ده‌ركردنی (12) خێزانی ناوچه‌ی جه‌له‌ولا ده‌دات له خانوهكانیانو ده‌یداته عه‌ره‌به هاورده‌كان‌و له ئێستاشدا چاره‌نوسی زیاتر له (400) خێزانی كوردی ئاواره له مه‌ترسی ده‌ركردندایه له جه‌له‌ولاو به وته‌ی ئه‌و خێزانانه‌ش هه‌ریه‌كه له جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق‌و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ههرێمو حكومه‌تی ههرێمو لیستی هاوپه‌یمانیان له كێشه‌كه ئاگاداركردوه‌ته‌وه تائێستا هیچیان بۆ نه‌كردون.
به بڕیارێكی دادگای ته‌میزی به‌غداو پشت به‌ست به ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه موڵكدارییهكانی خانه‌قین بڕیاری لێسه‌ندنه‌وه‌ی خانوی (12) خێزانی كوردی دانیشتوی ناحیه‌ی جه‌له‌ولای ده‌ركردوه‌و موڵكداری خانوه‌كانی گه‌ڕاندوه‌ته‌وه بۆ عه‌ربه هاورده‌كان.
حاجی مه‌جید حه‌مید پاڵانی، كه له ساڵی (1975) له‌گه‌ڵ (40) خێزانی كوردی دیكه له ناحیه‌ی جه‌له‌ولا ئاواره‌بون به‌ره‌و ئێران‌و دوای ساڵی (2003) گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه دوا دانیشتنی دادگایهتی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشهكهیو وه‌رگرتنه‌وه‌ی خانوه‌كه‌ی یان ده‌ركردنی له خانوهكهیو كردنی به موڵكی عه‌ره‌بێكی هاورده.
به وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه: "به بڕیاری مه‌جلس قیاده سه‌وره كه بۆ پارێزگاری دیاله‌ی ناردوه ئێستا وێنه‌یه‌كیم لایه، ساڵی (1975) خانوهكهمو دوكانهكهمو ته‌نانه كهلو په‌لی ناوماڵهكهم له بازاڕدا ههڕاجكراوه، ئێستاش گه‌ڕاومه‌ته‌وه سه‌ر خان‌و ماڵی خۆم، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت لێموهرگرنهوهو بیده‌نه ئه‌و عه‌ره‌به‌ی، كه به‌عس خانوه‌كه‌ی منی پێداوه، هه‌مو رۆژێكیش ئینزارمان ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر خانوه‌كه چۆڵنهكهین ئهمانتهقێننهوه".
حاجی مه‌جید یه‌كێكه له‌و دو هه‌زار خێزانه ئاواره كورده گهڕاوهیهی، كه دوای ساڵی (2003) گه‌ڕاوته‌وه جه‌له‌ولاو له خانهوهكهی خۆیدا نیشته‌جێبوه، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: "مه‌گه‌ر بمكوژن جێی بهێڵم، داوا ده‌كه‌م حاكمی عادیل دابنێن بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانم چاره‌سه‌ر بكه‌ن، خۆم نامه‌م ناردوه بۆ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی‌و كاك مه‌سعودو مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عێراق‌و د.محه‌مه‌د ئیحسان وه‌زیری پێش‌و".
ناحیه‌ی جه‌له‌ولا ده‌كه‌وێته (70) كم باكوری به‌عقوبه‌وه (30)كم باشوری خۆرئاوای قه‌زای خانه‌قینه‌وه، له‌سه‌ره‌تاوه زیاتر له (95%)ی بێ تاپۆ بوه، به‌ڵام له ساڵانی (80) كانه‌وه به بڕیاری حكومه‌تی به‌عس تاپۆكراو، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ی كه به مه‌به‌ستی تهعریبو پاكتاوی ره‌گه‌زی هێنراونه‌ته ناوچه‌كه.
ئه‌نوه‌ر حسێن میكایل به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا سه‌باره‌ت به كێشه‌ی ئه‌و ئاواره كوردانه به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه موڵكدارییهكان له خانه‌قین به‌رپرسی چاره‌سه‌ری كێشه موڵكدارییهكانی نێوان ئاواره‌و هاوردهكانهو بڕیاری سه‌ره‌تاو كۆتایی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئهوانو هیچ دادگایه‌كی دیكه مافی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ی نییه، مه‌گه‌ر ئه‌و بڕیارانه ده‌سته‌ی كێشه موڵكدارییهكان دهریبكاتو بینێرێت بۆ دادگای ته‌میز".
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردودا ئه‌و كێشانه‌ی تایبه‌ت به داگیركردنی خان‌و موڵك‌و زه‌وی، كه چوه‌ته لای ئه‌وان پشتگیریی هاوڵاتییه‌كانیان كردوه حاڵه‌ته‌كه‌یان رونكردوه‌ته‌وه ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه موڵكدارییهكانیان كردوه له خانه‌قین.
وتیشی: "هه‌ر بإیارێك له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سته‌یه ده‌ربچێت كه‌س ناتوانێت گفتوگۆی له‌سه‌ر بكات، به‌ڵام له هه‌ندێك لاوه له به‌عقوبه‌و به‌غداو ده‌ست له كاره‌كانیان وه‌رده‌درێت، وه‌كو سه‌ڵاحیاتی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه ته‌نیا جێبه‌جێكه‌ری بڕیاره‌كانیان، به‌ڵام كه‌سانی پله به‌رزو سیاسیی له به‌غداو نوێنه‌رانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌توانن رۆڵیان ههبێتو به‌رگری له‌و كه‌سانه بكه‌ن، كه ناحه‌قیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت ده‌بێت له‌ڕێگای وه‌زاره‌تی داد‌و له ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری كاره‌كان راستبكه‌نه‌وه".
كێشه‌ی ئه‌و خێزانه كوردانه كاتێك سه‌ری هه‌ڵداوه كه دوای راگواستنی به‌شێكی زۆر له خێزانه كورده‌كان له ساڵی (1975) خێزانی عه‌ره‌ب له جێیان نیشته‌جێكراوه‌و سه‌رجه‌م خان‌و زه‌وییه‌كان تاپۆكراوهته سه‌ریان.
مامۆستا ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د، كه له (22/10/1975) مامۆستا بوه راگوێزراوه له جه‌له‌ولاوه بۆ سلێمانی‌و هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ژماره‌یه‌ك خێزان راگوێزراون بۆ رومادی‌و قه‌ڵادزێ‌و به‌شێكیان بۆ ئێران، به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "له‌وكاته‌وه‌ی له جه‌له‌ولا ده‌ركراوین بڕێك پاره‌یان پێداین به ناوی كرێی سه‌یاره‌وه‌و دواتر وتیان ئه‌وه قه‌ره‌بوه، ئێستاش كه دوای پرۆسه‌ی ئازادی گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ سه‌ر زێدی خۆم‌و ئێستا كێشه‌كه‌م له ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری موڵكدارییه، ئه‌وكاته‌ی من له جه‌له‌ولا ده‌ركرام ناحییه‌كه تاپۆی نه‌بو، دواتر له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی دارایی عێراق تۆماركراو دارایی‌ش موڵكه‌كانی ئێمه‌ی دایه عه‌ره‌به هاورده‌كان، بۆیه ئێستا ئه‌وان تاپۆی به‌عسیان هه‌یه‌و ئێمه‌ش هیچمان به‌ده‌سته‌وه نییه".
ئه‌نوه‌ر حسێن به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا سه‌باره‌ت به بڕیاری ئه‌و ده‌سته‌یه له‌سه‌ر كێشه‌كان وتی: "ده‌ستێوه‌ردان هه‌یه به‌شێك له‌و بڕیارانه جێگای متمانه نین ئه‌مانه له رێی هه‌یئه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه موڵكدارییهكانهوه دراوه‌و گرفتی تێدایه‌و ده‌بێت راستبكرێته‌وه‌و ده‌بێت نوێنه‌رانی كورد له پهرلهمانو له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله رێگری له هه‌ندێك كاربكهنو راستیبكهنهوه".
هاوكات زیاد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له دیاله به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "ئێمه وه‌كو ئه‌نجومه‌ن ئاگاداری ئه‌و كێشانه نین، كه خێزانی كورد ده‌ركرابێت، هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری موڵكداری سه‌ربه‌خۆیه‌و په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه‌و تائێستاش هیچ هاوڵاتییه‌ك نه‌هاتوه لای ئێمه سكاڵا تۆمار بكات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی خانوه‌كه‌ی لێ وه‌رگیرابێته‌وه یان ده‌ركرابێت".
وتیش: "ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه موڵكدارییهكان سه‌ربه‌خۆیه په‌یوه‌ندی نه به ئه‌نجومه‌ن نه به پارێزگاوه نییه وه‌ك دادگایه‌ك بڕیاره‌كانی ده‌رده‌كات، ئه‌گه‌ر خان‌و یان موڵكی له كه‌سێك وه‌رگرته‌وه ده‌بێت قه‌ره‌بوی بكاته‌وه".
دوای ساڵی (2003) نزیكه‌ی (2) هه‌زار خێزان كورد، كه پێشتر راگوێزرابون گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنی خۆیان‌و كێشه‌كانیان له ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه موڵكدارییهكانهوه چاوه‌ڕوانی دوا بڕیارن، به وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا به‌هۆی كێشه‌ی ئه‌منییه‌وه به‌شێكی زۆر له خێزانه‌كان دوباره ناوچه‌كه‌یان جێهێشتوهتهوه، كه زیاتر له (300) خێزان ده‌بن به‌تایبه‌تی دوای ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی مژده‌كانی چاكه، چونكه هه‌ستیان كردوه مه‌ترسییان له‌سه‌ر هه‌یه‌و هێزه ئه‌منییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی باش هه‌ڵسوكه‌وت ناكه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه عامر ره‌فعه‌ت به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی جه‌له‌ولای پارتی دیموكراتی كوردستان‌و ئه‌ندامی پێشوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله، ئه‌وه‌ی بۆ رۆژنامه ئاشكرا كرد: "مانگی رابردو سوپای عێراق‌و پۆلیسی جه‌له‌ولا چونه‌ته سه‌ر چه‌ند خێزانێك، به‌ڵام ئێستا له رێی مه‌حكه‌مه‌ی ته‌میزی به‌غداوه ده‌یانه‌وێت خێزانه كورده‌كان ده‌ربكه‌ن".
وتیشی: "سه‌رجه‌م كێشه‌كانی عه‌ره‌بی هاورده‌و كوردی راگوێزراو له پاش روخاندنی سه‌دامه‌وه چوه‌ته لای ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی موڵكداری خانه‌قین‌و ئه‌وانیش به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه بۆ دادگای ته‌میزی به‌غداو بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ن، كه خانوه‌كه بدرێته كورده‌كه یان عه‌ره‌به‌كه".
به‌پێی یاسای ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه موڵكدارییهكانی خان‌و زه‌وی، موڵكدارێتی ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ خاوه‌نی ره‌سه‌نی ئه‌و دۆسییانه‌ی كه ده‌چێته به‌رده‌ست ئه‌و ده‌سته‌یه، به‌ڵام به وته‌ی عامر ره‌فعه‌ت: "ئێستا ده‌سته‌كه ئه‌و بڕیاره‌ی په‌راوێزخستوه، تائێستا چه‌ند دۆسییه‌یه‌ك بڕیاری له‌سه‌ر دراوه هه‌موی خان‌و قهرهبوهكهش دراوه‌ته عه‌ره‌به‌كان‌و له پاش سی ساڵ دهربهدهریو زوڵمكردن به‌ناوی دیكتاتۆری ئێستا له‌ژێر سێبه‌ری ده‌ستورو قانون‌و حكومه‌تی ته‌وافوقی حه‌قه‌كه ده‌درێته عه‌ره‌به هاورده‌كان".
به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی (مه‌جلس قیاده سه‌وره) هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌و كاری پێناكرێت، به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و خێزانانه ده‌سته‌ی موڵكداری پشت به بڕیارێكی ئه‌و مه‌جلیسه ده‌به‌ستێت كه پێش روخانی رژێمه‌كه، سه‌رجه‌م خانوی كورده راگوێزراوهكانی جه‌له‌ولا له‌سه‌ر خێزانه هاورده عه‌ره‌به‌كان تاپۆكراوه.
ئه‌ندامه‌كه‌ی پێشوی ئه‌نجومه‌نی دیاله ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "زیاتر (95%)ی سنوری جه‌له‌ولا پێشتر تاپۆی نه‌بوه بۆیه ئه‌و كه‌سانه‌ی له ساڵی (1975) به‌دواوه ساڵانی هه‌شتاو نه‌وه‌ده‌كان، ده‌ركراون هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی ره‌سمیی موڵكداریان نییه‌و ههرچییهكیشیان هه‌بوبێت له‌كاتی دهكردنیاندا لێیان سه‌نراوه‌ته‌وه، به‌ڵام عه‌ره‌به‌كان ساڵی (1980) به‌دواوه تاپۆیان بۆكراوه له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌عسه‌وه‌و ئێستا كار به‌و تاپۆیه ده‌كرێت".
له‌ماوه‌ی رابردودا دوای لێكۆڵینه‌وه‌و بڕیاردان له دۆسییه‌ی كێشه موڵكدارییهكان له خانه‌قین‌و ئاراسته‌كردنی له‌لایه‌ن دادگای ته‌میزه‌وه بڕیاری لێوه‌رگرتنه‌وه‌ی خانوی (12) خێزان دراوه‌و ئێستاش دۆسییه‌ی زیاتر له (450) خێزانی دیكه له لێكۆڵینه‌وه‌دایه.
عامر ره‌فعه‌ت پێی وایه: "دادگای ته‌میزی به‌غدا پشتگیریی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی به‌عس دهكهنو ئه‌و كه‌سانه‌ی له ده‌سته‌ی كێشه‌ی موڵكداری دانراوه خه‌ڵكی شۆڤێنینو هه‌وڵده‌ده‌ن جارێكی دیكه كورد ته‌رحیل بكه‌نه‌وه". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری سه‌فاره‌تی ئه‌مریكا دانیشتون‌و بڕیاریشه له مانگی یه‌كی ساڵی داهاتو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م خێزانه ئاواره‌كان كۆببنه‌وه ده‌نگی ئه‌و خه‌ڵكه بگه‌یه‌ننه سه‌فاره‌تی ئهمریكاو حكومه‌تی به‌غدا .
وتیشی: "به‌ڕه‌سمیی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی‌و به‌رپرسانی به‌غدایان له‌و كێشه‌یه ئاگاداركردوه‌ته‌وه، كه كاركردن به بڕیاره‌كانی مه‌جلس قیاده سه‌وره رابگیرێت‌و كاره‌كانی چاره‌سه‌ری كێشه موڵكدارییهكان راستبكه‌نه‌وه، به‌ڵام تائێستا هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌بوه.