راگه‌یاندنی كوردی لاسایی راگه‌یاندنی به‌عس ده‌كاته‌وه بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ین ده‌زگایه‌كی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ دروست بكه‌ین
*سه‌ركرده‌ی پێشووی یه‌كێتیی نیشتمانی: وازم له یه‌کێتی هێنا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتوو نه‌بووم له گۆڕینی له حیزبی که‌سایه‌تیه‌کانه‌وه بۆ حيزبی موئه‌سه‌ساتی
دوای سی ساڵی به‌رده‌وام كاری سیاسی و خه‌باتی چه‌كداریی له ریزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان كه یه‌كێك بوو له دامه‌زرێنه‌ره‌كانی، له كۆتایی ساڵی رابردوودا سیاسه‌تمه‌داری دێرینی كورد نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین بڕیاریدا واز له پۆسته‌كه‌ی وه‌ك جێگری سكتێری حیزبه‌كه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سبه‌تاڵ بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگایه‌كی گه‌وره‌ی راگه‌یاندن كه پێكهاتووه له رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه و سایتێك و كه‌ناڵێكی ئاسمانی كه له داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌كه‌وێته كار له‌پاڵ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی بۆ خزمه‌ت به مه‌سه‌له‌ی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.
رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له باره‌گای سه‌ره‌كی ده‌زگاكه‌ی ئه‌و كه ده‌كه‌وێته سه‌ر یه‌كێك له گرده به‌رزه‌كان له ناوجه‌رگه‌ی شاری سلێمانی كه به‌دارستان ده‌وره‌دراوه گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵدا كرد سه‌باره‌ت به رۆڵی ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كه‌ی كه به ناوی (وشه)وه‌یه و سه‌باره‌ت به هۆكاری جیابوونه‌وه‌شی له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌ش.
به پرسیارێك سه‌باره‌ت به مه‌به‌ست له ناوی ده‌زگاكه‌ی ده‌ستمان پێكرد و له‌وه‌ڵامدا وتی: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو كارێك له ژیاندا به وشه ده‌ستپێده‌كات كۆمپانیای وشه‌ش ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیه له‌ڕووی سیاسی و داراییه‌وه جیاوازه له هۆكاره‌كانی دیكه‌ی راگه‌یاندنه‌كان كه له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستاندا هه‌ن كه یان حیزبین یان حكومه‌تین، ئه‌وه‌ی زانراوه كه گۆڕه‌پانی كوردستان و عێراق بێبه‌شن له راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ ئه‌مه‌ش به كهموكورتیهكی گه‌وره داده‌نرێت سه‌باره‌ت به وڵاتێك كه هه‌نگاو به‌ره‌و دیموكراسی و ئابووری ئازاد ده‌نێت، به‌ڕای من ناتوانرێت سیستمێكی دیموكراسی بنیات بنرێت یان گه‌شه به ئابووری ئازاد و پته‌و و دوور له راگه‌یاندنی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بدرێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ڕێگای ئه‌م كۆمپانیایه‌وه ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندنی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ دروستبكه‌ین له‌و هه‌لومه‌رجه سیاسیه‌ی له كوردستاندا هه‌یه".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كه‌ی چی تازه‌ی پێیه، نه‌وشیروان وتی: "هه‌ندێك رۆژنامه‌ی هه‌فتانه‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌كوردستاندا هه‌ن، به‌ڵام میدیای سه‌ربه‌خۆ بوونی نییه، ئیمه‌ش هه‌وڵ بۆ ئه‌وه ده‌ده‌ین".
له‌باره‌ی راگه‌یاندنی كوردیشه‌وه وتی: "پێشتر و چه‌ندین جار و له چه‌ندین بۆنه‌دا وتومه راگه‌یاندنی كوردی تاڕاده‌یه‌كی زۆر لاسایی راگه‌یاندنی پێشووی به‌عس ده‌كاته‌وه كه ئه‌ویش خۆی لاسایی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی ده‌كرده‌وه كه له كۆماره‌كانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو و ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵاتدا هه‌بوو كه راگه‌یاندن له‌لایه‌ن حیزبه‌وه قۆرخكرابوو وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له میدیاكانی سلێمانی و هه‌ولێردا هه‌یه، هه‌رحیزبێك هۆكاری راگه‌یاندنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و ئه‌مه‌ش وایكردووه كه راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ بوونی نه‌بێت".
سه‌باره‌ت به‌گوتاری راگه‌یاندنی ده‌زگاكه‌ی وتی: "كاتێك سایته‌كه‌مان له جه‌ژنی نه‌ورۆزی پێشوودا ده‌ستی به په‌خش كرد له‌وێوه بنه‌ما تایبه‌ته‌كانی ده‌زگاكه‌مان بڵاو كرده‌وه، وتمان كه ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین كار بكه‌ینه سه‌ر رای گشتی كورد به‌ئاراسته‌ی به‌ده‌ستهێنانی زیاتری شه‌فافیه‌ت و دیموكراسی و ئازادییه كه‌سیه‌كان و به‌ئاراسته‌ی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت و چالاككردنی رۆڵی ده‌زگا حكومییه‌كان و پته‌وكردنی سه‌ربه‌خۆیی دادگا و به‌هێزكردنی رۆڵی پارله‌مان له كوردستاندا، ئه‌مه‌ش هێڵه گشتییه‌كانی گوتاری راگهیاندنمانه كه هه‌ڵقوڵاوه له باوه‌ڕمانه‌وه به كۆتایی هاتنی شه‌ڕی پارتیزانی و هاتنه كایه‌ی كات و سه‌رده‌می خه‌باتی مه‌ده‌نی كه پێویستی به راگه‌یاندنی ئازاد هه‌یه، به‌تایبه‌ت كه ئێمه بڕوامان وایه رای گشتی كوردی ده‌توانێت كاربكاته سه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد به‌ئاراسته‌ی به‌ده‌ستهاتنی زیاتری دیموكراسی و شه‌فافیه‌ت و دژایه‌تی كردنی گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری و سیاسی كه له وڵاته‌كه‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت كه كوردستان به‌شێكه له عێراق و گیرۆده‌یه به‌ده‌ست گرنگترین دوو كێشه‌وه كه تیرۆر و گه‌نده‌ڵییه، بۆ خۆشبه‌ختی ئێمه له كوردستان به‌ده‌ست تیرۆره‌وه ناناڵێنین، به‌ڵام بۆ به‌دبه‌ختی ده‌ناڵێنین به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵییه‌وه، به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه و له هه‌لومه‌رجێكی ئاوادا و له‌وڵاتێكی وه‌كو وڵاته‌كه‌ی ئێمه، ئامانجی سه‌ره‌كی راگه‌یاندنی ئازاد ئاشكراكردنی كه‌موكوڕییه‌كانی سیستمی سیاسی و خراپه‌كانی گه‌نده‌ڵی ئیداریی و دارایی و سیاسییه.
وتیشی: "گوتارمان ئاراسته‌ی گه‌لی كورده به‌پله‌ی یه‌كه‌م و دواتر پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌لی عێراق و ده‌ست وه‌رناده‌ینه كاروباری گه‌لانی تری ناوچه‌كه".
له‌باره‌ی ئاستی سه‌ركه‌وتنی راگه‌یاندنی كوردی له‌دروستكردنی رای گشتی نه‌وشیروان وتی: "به‌دڵنیاییه‌وه راگه‌یاندنی كوردی توانیویه‌تی رایه‌كی گشتی له كوردستان دروستبكات، كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن جه‌ماوه‌ر ئاماده و هانده‌ده‌ن به‌شداریی له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا بكه‌ن كه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام بۆچی ده‌ستنیشانی نه‌خۆشی و كهموكوڕیییهكان ناكه‌ن؟ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تێكی هاوپه‌یمانییه و هه‌موو حزبه كوردییه‌كان به‌شداریی تێداده‌كه‌ن، به‌و مانایه‌ی هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی حیزبی له پارله‌ماندا نییه، له‌به‌رئه‌وه سروشتییه كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بكه‌ونه ستایش و پشتیوانیكردنی ده‌سه‌ڵات له ڕوانگه‌ی ئه‌ركی حزبایهتییانهوه".
له‌باره‌ی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی دامه‌زراوه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنی كادیرهكانیدا ره‌چاوی ده‌كات، وتی: "ره‌چاوی پیشه‌گه‌ریی و شاره‌زایی و نێوبانگی باش ده‌كه‌ین و به‌هیچ جۆرێك گوێ ناده‌ین به‌ئینتیمای حزبی، په‌خشی كه‌ناڵه ئاسمانییهكهمان كه تائێستا ناومان نه‌ناوه له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا ده‌ستپێده‌كات و جیاواز ده‌بێت له‌و كه‌ناڵانه‌ی ئێستا له گۆڕه‌پانی راگه‌یاندنی كوردیدا هه‌ن و ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌واڵ و شیكردنه‌وه‌ی سیاسی و به‌رنامه‌ی دیكۆمێنتاری ده‌كاته‌وه، به‌و مانایه‌ی كه‌ناڵێكی هه‌واڵی ده‌بێت".
سه‌باره‌ت به‌سه‌رچاوه‌ی دارایی دامه‌زراوه‌كه‌ی، نه‌وشیروان وتی: "له‌سه‌ره‌تای كاره‌كانمانه‌وه توانیومانه هه‌ندێ سه‌رمایه به‌ده‌ستبهێنین كه‌خراپ نییه بۆ بنیاتنانی ژێرخان و ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن كاری كوردیش به‌ڵێنیان پێداوین پاره بۆ دامه‌زراوه و پرۆژه‌كه‌مان خه‌رج بكه‌ن، ئه‌وه‌ش لانی كه‌م به‌شی 2 بۆ 3ساڵ ده‌كات".
له‌باره‌ی هۆكاری جیابوونه‌وه‌ی له یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان كه خۆی یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی، نه‌وشیروان وتی: "هه‌وڵمدا له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی یه‌كێتیی نیشتمانییه‌وه، پێكهاته‌كه‌ی له دامه‌زراوه‌یه‌كی كه‌سایه‌تییه‌وه بگۆڕم بۆ حیزبی دامه‌زراوه‌یی و چه‌سپاندنی شه‌فافیه‌ت و كردنی به پێڕه‌ویی سیاسی و هه‌ڵبژاردن ئامرازێكی سه‌ره‌كی بێت بۆ گۆڕینی دامه‌زراوه سه‌ركردایه‌تی و كادیره‌كانی، به‌ڵام له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا شكستمهێنا بۆیه بڕیارمدا له یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جیاببمه‌وه".
له‌باره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسه‌تی كوردی، نه‌وشیروان وتی: "بێزاری هه‌یه له‌ناو خه‌ڵكدا له‌سه‌ر زۆر شت و منیش یه‌كێكم له بێزاره‌كان، به‌وته‌یه‌كی تر ده‌توانین بڵێین كه‌سیاسه‌تی كوردی و سه‌ركردایه‌تی كورد به‌ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه ده‌ڕوات".
له‌باره‌ی دیدی خۆی بۆ ئایندهی سیاسی كوردستانی عێراق، وتی: "پێموایه لێپرسراوانی كورد له كوردستان له‌هه‌مان كاتدا به‌رپرسیارن له‌ڕه‌وشی ئێستای عێراق، له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو هاووڵاتییه‌كی كورده له‌هه‌ر شوێنێك بن پاڵپشتی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌كانی بكه‌ن و پشتیوانی بن و بیانوو و پاساو نه‌ده‌نه دوژمنان دژایه‌تی ئه‌م ئه‌زموونه بكه‌ن، پێشموایه كه سه‌ركردایه‌تی كورد پێویسته جه‌خت بكاته‌وه له‌سه‌ر چه‌سپاندن و به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌مه بكاته ئامانجێكی سه‌ره‌كی".
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ریی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی تایبه‌ت بهئاساییكردنهوهی ره‌وشی كه‌ركوك، نه‌وشیروان وتی: "مه‌حاڵه له‌و واده‌یه‌ی لهخشتهبهندی جێبهجێكردنهكهیدا ماوه جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌مه‌ش یه‌كێك له هه‌ڵه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كورد بوو به‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده ده‌ستوورییه‌ی له‌واده‌ی دیاریكراوی خۆی له‌سه‌ره‌تاوه فه‌رامۆش كرد، ره‌نگه به‌شدار و بهرپرسیاربم له‌و هه‌ڵه‌یه به‌هه‌مان شێوه، دان به به‌رپرسیارێتی خۆم له‌و رووه‌وه ده‌نێم و له به‌رپرسیارێتی هه‌ڵنایه‌م".
سه‌رچاوه : (شه‌رقولئه‌وسه‌ت)