راپۆرت: دلێر عه‌بدولخالق
كۆده‌نگیه‌ك بۆده‌ستبه‌رداربونی سه‌رۆكی هه‌رێم له پۆسته حیزبیه‌كه‌ی دروستده‌بێت
دوایئه‌وه‌ی دوشه‌ممه‌ی رابردو، ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرد، كه تێیدا ئاماژه به ده‌ستبه‌رداربونی سه‌رۆكی هه‌رێم له پۆست‌و ئه‌ركه حیزبییه‌كانی ده‌كات، زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان پشتگیریی له پڕۆژه‌كه ده‌كه‌ن‌و چاودێرێكی سیاسیش ده‌ڵێت: "پڕۆژه‌كه بۆ گه‌شه‌پێدانی ژیانی دیموكراسییه".
سه‌رۆكێك بۆ هه‌موان
له ماده‌ی سێیه‌می پڕۆژه‌ی ئاماده‌كراوی هه‌مواری سێیه‌می یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا هاتوه: "ناكرێت پۆستی سه‌رۆكایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پۆستێكی باڵای ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له‌گه‌ڵ گرتنه‌ده‌ستی ئه‌رك، یاخود پۆستی حیزبی، یان په‌یوه‌ندیكردن به رێكخستنی حیزبییه‌وه كۆبكرێته‌وه". به‌پێی ماده‌ی چواره‌میش، كه‌سێكی پاڵێوراوی هه‌ڵبژێردراو بۆ گرتنه‌ده‌ستی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به ده‌ستله‌كاركێشاوه داده‌نرێت له سه‌رجه‌م ئه‌رك‌و پۆسته حیزبییه‌كانی له‌كاتی سوێندخواردنییه‌وه وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم.
هاوكاتیش پڕۆژه‌یاساكه رێگری ناكات له پاڵاوتنی كه‌سێك له‌لایه‌ن پارتێك، یان قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی، یاخود گه‌ڵاڵه‌كردنی پشتگیریی پارت‌و قه‌واره‌كه ته‌نانه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنیشی، دوا ماده‌ی پڕۆژه هه‌مواره‌كه ئه‌وه ده‌رده‌خات (ئه‌و یاسایه له رۆژی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، یاخود هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی هه‌رێمه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت)، له ته‌نیشت ئه‌و مادانه‌وه ئاماژه به نه‌بونی پاساوی یاسایی كراوه بۆ بونی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم‌و هه‌بونی (پۆستێكی سه‌ربه‌خۆ) تایبه‌ت به جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم.
د.زانا ره‌ئوف، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان‌و ئاماده‌كاری پڕۆژه‌كه له لێدوانێكی پێشویدا بۆ رۆژنامه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبو؛ پڕۆژه‌كه گه‌وره‌یی نواندنه بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌یه، كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ته‌واوه‌تی له‌ڕوی فیعلی‌و یاساییه‌وه ده‌بێته نوێنه‌ری سه‌رجه‌م هێز‌و پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌و وتی: "له‌و پڕۆژه‌یه‌دا پێشنیازی ئه‌وه‌كراوه؛ به‌و حوكمه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ڕێی خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێرێت‌و ئه‌و خه‌ڵكه‌ش ته‌نیا سه‌ر به‌لایه‌ن‌و حیزبێك نین‌و بۆئه‌وه‌ی هاوڵاتییان له كوردستاندا سه‌رۆكی هه‌رێم به‌هی خۆیان بزانن، پێویستده‌كات له‌كاتی ده‌ستبه‌كاربونییه‌وه ده‌ستبه‌رداری پۆست‌و ئه‌ركه حیزبییه‌كانی خۆی بێت".
له‌ڕوی یاساییه‌وه، كارێكی به‌جێیه
گۆران ئازاد، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی كوردستانی له لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: كه قسه له‌سه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كرێت مه‌به‌ست له كه‌س نییه، به‌ڵكو قسه له‌سه‌ر پۆستێكی گرنگی په‌یوه‌ندیداره به ژیانی ده‌سه‌ڵاتداریی له هه‌رێمی كوردستان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ڕوی یاسایی‌و واقیعیشه‌وه باشتره سه‌رۆكی هه‌رێم خۆی یه‌كلایی كردبێته‌وه بۆ كاره‌كه‌ی.
به بڕوای په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی كوردستانی، كه هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانیشه: "كاتێك سه‌رۆكی هه‌رێم دورده‌بێت له پۆستی حیزبی، زیاتر به‌ئیش‌و كاره‌كانی راده‌گات، بڕیار‌و هه‌ڵوێست‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی له هه‌رێمدا مۆركی بێلایه‌نیی پێوه دیارده‌بێت، ته‌ندروستر ده‌ڕوانێته پرسه‌كان، واته له‌ڕوی یاساییه‌وه ئه‌و پڕۆژه‌یه كارێكی به‌جێیه‌و وارده".
گۆران ئازاد، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له فراكسیۆنی كوردستانی وتیشی: "دوای ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه ده‌گاته لیژنه‌ی یاسایی بۆچونی خۆمانی له‌سه‌ر ده‌ده‌ین، به‌ڵام پێموایه؛ كارێكی به‌جێیه‌و به‌تایبه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌یمه‌نه‌ی زیاتری بۆ ئه‌و پۆسته دروستكردوه، به‌م هه‌نگاوه‌ش سه‌رۆكی هه‌رێم وه‌ك كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ كاره‌كانی سه‌ركه‌وتوتر ده‌بێت‌و هه‌یبه‌تی زیاتر بۆ ئه‌و ده‌زگایه دروست ده‌بێت".
هاوكات، عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوی ئیسلامیی پشتگیریی خۆیانی بۆ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ده‌ربڕی، كه به‌هه‌مواركردنی كه‌موكورتییه‌كانی یاساكانی پێش‌و پڕبكاته‌وه‌و شتێكی تازه‌ی تێدابێت له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی بێت.
له‌وباره‌یه‌وه وتی: "ده‌سته‌به‌ردابونی كه‌سی هه‌ڵبژێردراوی سه‌رۆكی هه‌رێم له پۆستی حیزبیی، خاڵێكی ئاساییه‌و له‌و كۆمه‌ڵه خاڵانه‌ی، كه چاوه‌ڕێده‌كه‌ین له دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا ره‌نگبداته‌وه، به‌وپێیه‌ی هه‌بونی ماده‌یه‌كی له‌وشێوه له یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا ده‌بێته هۆی كاراتركردن‌و گشتگیركردنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی‌و ژیانی سیاسیی هه‌رێمه، به‌ڵكو بۆ كاراكردنی ئه‌و پۆسته‌شه".
شه‌فافییه‌تی حوكم
له‌به‌رده‌وامی ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، د.ئه‌حمه‌د وه‌رتی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی رایده‌گه‌یه‌نێت: "له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی‌و شه‌فافییه‌ت، كاری حكومداریی له هه‌رێمی كوردستان، پێویستده‌كات دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بێلایه‌ن بێت، چونكه كاروباره گشتییه‌كانی خه‌ڵك‌و لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌نده زۆره، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك بیه‌وێت ئیشوكاره‌كانی به‌پێی پێویست رابپه‌ڕێنێت به‌دڵنییاییه‌وه نایپه‌رژێته سه‌ر كاروباره حیزبییه‌كانی، لێره‌وه هه‌بونی پۆستی حیزبی‌و پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له یه‌ككاتدا ئیشكالییه‌ت دروست ده‌كات".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی، پێیوایه؛ به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی داموده‌زگاكانی هه‌رێم، نه‌ك ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكه به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی، به‌ڵكو له قازانجی حیزبه‌كانیشه، چونكه ئه‌وكاته حیزكانیش له گله‌یی‌و گازنده‌ی ته‌داخولاتی ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێبه‌جێكردن رزگاریان ده‌بێت، له ئه‌نجامیشدا له به‌شێكی زۆری ده‌ستێوه‌ردانی حیزیبی له كاروباری حكومه‌ت‌و ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی دروستبوه، رزگارمان ده‌بێت.
فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش ته‌ئكید له گرنگیی ئه‌و پڕۆژه ده‌كه‌نه‌وه‌و پێیانوایه؛ ده‌بێته جێی بایه‌خ بۆ پۆسته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و ته‌نانه‌ت پێویستده‌كات پۆسته‌كانی دیكه‌ش له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ست له پۆسته حیزبییه‌كانیان هه‌ڵگرن‌و خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه بۆ خزمه‌تی هاوڵاتییان، نه‌ك حیزبه‌كانیان.
ئارام قادر، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیی، به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: "یه‌كێك له تێبینییه‌كانمان له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، بریتییه؛ له كۆمه‌ڵێك گۆڕانگاریی له ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، پڕۆژه‌ی ده‌سته‌به‌رداربونی حیزبییه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش جێگه‌ی بایه‌خی هه‌مو لیسته‌كان‌و خه‌ڵكی كوردستانیشه".
هه‌روه‌ك سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ بازنه‌ی پڕۆژه‌كه فراوانتر ده‌كات‌و ده‌ڵێت: "نه‌ك هه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم، پێشتر پێشنیازێكم كردبو ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئه‌ندامانی په‌رله‌مان‌و وه‌زیره‌كانیش له‌وكاته‌وه ده‌ستبه‌كارده‌بن، پێویسته پۆستی حیزبی‌یان نه‌مێنێت، واته به یه‌كجاریی خۆیان بۆ كاره ئیدارییه‌كان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌و كه‌سه له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌توانێت زیاتر كاره حكومییه‌كه بكات، دواتریش ئاساییه دوای كۆتایهاتن به خولی سروشتی خۆی ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ كاره حیزبییه‌كانی".
دو گۆشه‌ی جیاواز!
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، چاودێری سیاسیی به حوكمی نه‌خشه‌ی ئێستای په‌رله‌مان‌و سروشتی حوكم له هه‌رێم، گه‌شبین نییه به پشتگیریكردنی فراكسیۆنی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان له پڕۆژه‌كه، هه‌رچه‌نده له بنه‌ڕه‌تدا بون‌و ئه‌نجامی پڕۆژه‌كه وه‌ك یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی گه‌شه‌پێدانی ژیانی دیموكراسی له هه‌رێمدا ده‌بینێت.
ئه‌سه‌سه‌رد، له‌سه‌ر ئه‌و پرسه رونیده‌كاته‌وه له‌و وڵاتانه‌ی سیستمی په‌رله‌مانییه چاوپۆشی له‌وه‌كراوه، كه سه‌رۆك وه‌زیر سه‌رۆكی حیزبێك بێت، به‌ڵام پۆسته‌كه‌ی دیكه، كه سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ته له زۆربه‌ی سیستمه په‌رله‌مانییه‌كان سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت ده‌توانێ وه‌ك سه‌رۆكی حیزب خۆی كاندید بكات‌و هه‌ڵبژاردنیشی به‌دو شێوه ده‌بێت: یان له‌ڕێی په‌رله‌مانه‌وه، یان به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه، له هه‌ردو حاڵه‌ته‌كه‌دا ده‌ستبه‌رداری پۆستی حیزبی ده‌بێت‌و خۆی ته‌رخان ده‌كات بۆ پۆستی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت.
دڵشاد شه‌هاب، جێگری فراكسیۆنی كوردستانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد؛ ده‌زانن ئه‌و پڕۆژه‌یه له خه‌مخۆریی‌و زیاتر پاراستنی هه‌یبه‌ت‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمه‌وه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌یان نه‌بینوه، تائێستا ناتوانن هه‌ڵوێستی ته‌واوی فراكسیۆنه‌كه‌یانی له‌سه‌ر ده‌رببڕن.
له‌باره‌ی ده‌سته‌به‌رداربونی پۆستی حیزبی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه، دڵشاد شه‌هاب، وتی: "پێموانییه ئینتیمای سیاسیی، په‌یوه‌ندیی سیاسیی، بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی، ته‌ره‌فگیریی‌و ته‌ره‌فنه‌گیریی لایه‌نێكی سیاسیی پابه‌ندبێت به هه‌بون‌و نه‌بونی پله‌وه، واته ته‌نیا ئه‌و پڕۆژه‌یه ناتوانێت كه‌سی هه‌ڵبژێردراو له‌و بیره سیاسییه رزگاربكات، كه تێیدایه‌تی، ئه‌وه‌ی باوه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی حیزبه‌كان راده‌سپێردرێن‌و كاتێكیش ده‌بنه سه‌رۆك ئه‌وه‌ی زه‌مانه‌تی بێلایه‌نیكردنیانه ئه‌و سوێنده‌یه، كه به‌رامبه‌ر میلله‌ت‌و په‌رله‌مان‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری خواردویه‌تی، نه‌ك شتێكی دیكه".
جێگری فراكسیۆنی كوردستانی، كه ئه‌ندامی پارتییه‌و سه‌رۆكی پارته‌كه‌ی له هه‌مان كاتدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیشه، ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رۆك بارزانی خه‌ریكی ئیشوكاری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه (10%)ی كاره‌كانی بۆ پارتی دانه‌ناوه، هه‌روه‌ك له ده‌ستپێكی كاره‌كه‌شیدا داوای له كادری پارتی كردوه، كه موراعاتی وه‌زعی ئه‌و بكه‌م، چونكه وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم مامه‌ڵه ده‌كه‌م".
جێگره‌كان، وه‌ك باڵانسی هێز
هه‌ڵوه‌سته‌كردنی پڕۆژه‌یاساكه له‌سه‌ر نه‌هێشتنی جێگره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆچونی جیاوازی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و بۆچونه جیاوازه‌كانیش پاساوی زیاتر ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه.
به بڕوای گۆران ئازاد، له فراكسیۆنی كوردستانی، ناكرێت هه‌بونی جێگره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و حكومه‌ت، به وڵاتێكی دیكه به‌راورد بكرێت، به‌وپێیه‌ی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه له‌شێوازی رێكخستنی ده‌سه‌ڵات‌و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان "ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ئێستا هه‌یه به مۆركی دوئیداره‌یی نازانم، به‌ڵكو پێموایه؛ زه‌روریه‌تێك ئه‌مه‌ی هێناوه‌ته كایه‌وه".
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ر، چاودێری سیاسیی نیشانه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، ئه‌و بابه‌ته مه‌سه‌له‌یه‌كی گه‌وره‌نییه ده‌كرێت سه‌رۆكی هه‌رێم جێگرێك، یان چه‌ند جێگرێكی هه‌بێت، ده‌كرێت نه‌یبێت، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر هه‌لومه‌رجی وڵاته‌كه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی نوخبه‌ی سیاسیی.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا واهه‌ستده‌كه‌م ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم‌و حكومه‌ته‌وه هه‌یه، كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی له دو حیزب پێكهاتوه. بۆئه‌وه‌یه، هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان پۆسته‌كان دروستبكرێت، به سه‌یركردنی دۆخی كوردستان پێموایه؛ نه‌بونی جێگره‌كان سودی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش پێویستی به هه‌ڵسانگاندن هه‌یه، چونكه بونی جێگر له‌هه‌مو سیستمه‌كان بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چونی ئیشه‌كانه، ئه‌گه‌ر فیعله‌ن گرنگه، پێویسته بمێنێته‌وه، ئه‌گه‌ریش هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن ده‌بنه هۆی دروستكردنی له‌مپه‌ر‌و كێشه، ئه‌وا ماننه‌وه‌یان زه‌رور نییه".
دڵشاد شه‌هاب، بونی جێگره‌كان به ئاسایی ده‌بینێت‌و نمونه‌ی چه‌ندین وڵاتیش دێنێته‌وه، كه سه‌رۆك‌و پۆسته‌كانی دیكه‌ش جێگریان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای ئه‌و ئاسایی نییه هه‌بونی ئه‌و جێگرانه‌یه له‌سه‌ر ئه‌ساسیی دو ئیداره‌یی، ململانێ، په‌نجا به په‌نجا‌و راگرتنی باڵانسی حیزبییه، له‌باره‌ی ته‌كلیفكردنی دوكه‌س بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تیش وتیشی: "نابێت سه‌رۆك‌و جێگر به‌یه‌كه‌وه ته‌كلیف بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، چونكه له‌دنیادا سه‌رۆكی حكومه‌ت ته‌كلیف ده‌كرێت‌و ئه‌و هه‌مواره‌ی پێشتریش بۆ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كراوه، ده‌بێت هه‌موار بكرێته‌وه‌و چاكبكرێت".