راپۆرتی: سه‌نگه‌ر جه‌مال
پێچه‌وانه‌ی ئومێد و گه‌شبینییه‌كانی هاوڵاتییان و چاودێران، لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ماوه‌ی (10) مانگی ده‌ستبه‌كاربونییه‌وه نه‌یتوانیوه ئه‌و ئامانج و ئه‌ركانه بپێكێت كه بۆی دروستبوه.
كاری لیژنه‌كه لاوازه
لیژنه‌ی نه‌زاهه له په‌رله‌مانی كوردستان دوای پێداگیریی و جه‌ختكردنه‌وه له پێویستی بونی، دامه‌زرا، هه‌رچه‌نده ئۆپۆزسیۆن كه ئه‌ركی چاودێریكردنی هه‌یه، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و لیستی ده‌سه‌ڵاته‌وه له سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كه بێبه‌ش كرا.
ئه‌و سه‌ردان و چالاكیانه‌ی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نه‌زاهه له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربونیانه‌وه بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی (چاودێری دارایی و داواكاری گشتیی و دادگای ئیداریی) ئه‌نجامیاندا جێی دڵخۆشیی بون، به‌ڵام به تێپه‌ڕبونی كات ئه‌و كارانه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كرا ئه‌نجامنه‌درا و تائێستا كارێكی جدییان نه‌كردوه، له‌كاتێكدا د.ره‌فیق سابیر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌زاهه له په‌رله‌مانی كوردستان، له لێدوانێكی پێشتریدا بۆ رۆژنامه باس له‌وه ده‌كات: هیچ شتێك هێنده‌ی گه‌نده‌ڵیی هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ سه‌ر كوردستان دروستنه‌كردوه و چاره‌نوسی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌خستوه‌ته مه‌ترسییه‌وه.
حه‌مه‌سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌زاهه له په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی یه‌كگرتو، نایشارێته‌وه كه لیژنه‌ی نه‌زاهه وه‌ك پێویست كاری نه‌كردوه و گله‌یی و ره‌خنه‌شی له‌وه هه‌یه، به‌ڵام بۆ هۆكاری سیاسی و یاسایی و ئیداریی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه وتی: "له سه‌ره‌تاوه كۆمه‌ڵێك سه‌ردانی باشمانكرد بۆ ئاشنابون به ئیشه‌كه‌ی خۆمان، به‌ڵام پێویسته ده‌سته‌ی نه‌زاهه دروستبێت، كه لایه‌نێكی جێبه‌جێكردنه كاره‌كان بكات، هه‌روه‌ها دادگای ئیداریی كارابێت و دیوانه‌كانی چاودێری یه‌كبگرنه‌وه و به‌پێی یاسا نوێیه‌كه كاربكه‌ن و ئه‌و راپۆرتانه‌مان بدرێتێ كه دراوه‌ته سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌سته‌ی نه‌زاهه به‌هۆی هۆكاری سیاسی و حیزبیی دانه‌مه‌زرا، دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی و هه‌ولێر به هه‌مان هۆ یهكیاننهگرتهوه و راپۆرته‌كانیان به هه‌مان هۆ نه‌دراوه‌ته ئێمه".
حه‌مه‌سه‌عید پێشیوایه سه‌رقاڵبونی په‌رله‌مان به پرۆژه یاسای بودجه و پشوی په‌رله‌مان و نه‌بونی ئه‌و پێداویستی و موستهلزهماتانه وایكردوه ئه‌نجامی كاری لیژنه‌كه وه‌كو پێویست نه‌بێت.
سه‌رباری ئه‌و كۆت و به‌ندانه‌ی په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌كه باسی ده‌كه‌ن، چاودێران له‌و بڕوایه‌دان كه كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له و پرس هه‌یه ده‌بو لیژنه‌كه قسه‌ی له‌سه‌ر بكردایه.
مامۆستا جه‌مال عه‌بدول، كه‌سایه‌تی دیار كه پێشتر بۆ سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی هه‌رێم پاڵێورابو، له لێدوانێكدا بۆ (رۆژنامه) له‌باره‌ی سستی كاری لیژنه‌كه‌وه وتی: "هه‌رچه‌نده لیژنه‌كه خه‌ڵكی باش و پاكی تێدایه و ده‌یانه‌وێت كاره‌كان بكه‌ن، به‌ڵام بۆ سه‌ركه‌وتنی و به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی ده‌بێت هه‌مولایه‌ك هاوكاریی بكه‌ن و هه‌وڵبده‌ن روبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه، ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ربێت، ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ربێت، ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ش پێویست ناكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه تائێستا یاسا سه‌روه‌ر نییه".
مامۆستا جه‌مال جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، راپۆرته‌كانی چاودێری پێویستی به جێبه‌جێكردن هه‌یه و شته‌كان به‌ستراوه به‌یه‌كه‌وه، شتێك نییه ته‌نیا به لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مانه‌وه به‌سترابێت، ئه‌وان چی بكه‌ن كه هاوكاریی نه‌كرێن و راپۆرته‌كانیان نه‌درێتێ و بارودۆخه‌كه به‌وشێوه‌یه زۆر درێژه‌ی كێشاوه، وتیشی: "تائێستا لیژنه‌ی نه‌زاهه نه‌یتوانیوه ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانیه‌تی جێبه‌جێی بكات و ئه‌و ئامانجه بپێكێت كه بۆی دروستبوه و ناشتوانێت بیكات، ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستا بێت و كه‌ره‌سته‌كانیان له به‌رده‌ست نه‌بێت".
سه‌رۆكایه‌تی به‌رپرسیاره
عه‌دنان عوسمان، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان و ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌زاهه، ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو، كاری لیژنه‌كان زیاتر چاودێریكردن و به‌دواداچونن و راپۆرته‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه ره‌وانه‌یان ده‌كرێت، هه‌روه‌ك چالاك نه‌بونی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی نه‌شارده‌وه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه بۆ رۆژنامه وتی: "ئه‌وه نه په‌یوه‌ندیی به ده‌سته‌ی نه‌زاهه و چاودێری داراییه‌وه هه‌یه، ته‌نیا هۆكارێك بۆ چالاك نه‌بون و سستی و لاوازیی لیژنه‌كه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه، پێده‌چێت ویستبێتیان ته‌نیا لیژنه‌یه‌كی شكڵیی بێت و بێ ناوهڕۆك دروستببێت، چونكه دوای ساڵێك له ده‌ستبه‌كاربون، هیچ كار و به‌دواداچونێك بۆ هیچ مه‌له‌فێك نییه، ئه‌وه‌ش هه‌موی په‌یوه‌سته به سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه و هیچ ئومێدێكیان به‌و لیژنه‌یه نییه و كارئاسانییان نه‌كردوه، چونكه ده‌بو دیوانی چاودێری داراییان یهكبخستایهتهوه، كه یه‌كنه‌خراوه‌ته‌وه ده‌بو راپۆرته‌كانیان بدرایه به لیژنه‌كه، ده‌بو به زوترین كات ده‌سته‌ی نه‌زاهه گفتوگۆ له‌سه‌ر یاساكه‌ی بكرایه و ده‌سته‌كه دروستبكرایه".
ئه‌و باس له‌وه ده‌كات، كه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان خه‌مسارده و بێ گوێپێدان كاره‌كانی لیژنه‌كه‌ی پهكخستوه، وتیشی: "چه‌ندین نامه و یاداشتمان پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردوه، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بون وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه، تا دوا دانیشتن كه كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنیان داوه، به‌ڵام پێموایه ئه‌و به‌ڵینانه ته‌نیا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی و توڕهبونهكانه و هیچ نییه، هه‌مو ئه‌ندامانی لیژنه له‌و خه‌مساردییه بێزاربون، زۆرینه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه ئه‌و لیژنه‌یه یان چالاك بكرێت یان دابخرێت، من به ته‌نیا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به به‌رپرسیاری یه‌كه‌م ده‌زانم، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، بۆمان ده‌ركه‌وت سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بێلایه‌ن نییه و وه‌ك لایه‌نێكی سیاسیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مهسهلهكاندا ده‌كات، ئێمه‌ش پێمانوایه ئه‌وه نییه‌تی لایه‌نه سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵاته، كه نایانه‌وێت لیژنه‌ی نه‌زاهه چالاك و ئه‌كتیڤ بێت و هیچ هۆكارێكی هونه‌ریی نییه، ئه‌وه‌ش به به‌شێك له به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی ده‌بینین، كه سه‌رۆكایه‌تیه‌كه په‌یڕه‌وی ده‌كات و پێشمانوایه ئه‌وه پیلانێكه دژ به لیژنه‌ی نه‌زاهه".
هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن
حه‌مه سه‌عید حه‌مه عه‌لی، ئاماژه به‌وه ده‌كات: لیژنه‌كه‌یان یاداشتیان داوه‌ته سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و داوایانكردوه دیوانی چاودێری دارایی یه‌كبگرنه‌وه و ده‌سته‌ی نه‌زاهه پێكبێت و راپۆرته‌كانی دیوانی چاودێریمان بدرێتێ و كارئاسانیی و هاوكاریمان بكرێت، "دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ڵێنی كارئاسانی و هاوكاریی پێداوین و دوای ئه‌وه ئێمه‌ش ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین"، وتیشی: "وه‌ك لیسته‌كانی ئۆپۆزسیۆن داوای جدیمان كردوه و هه‌ڵوێستی رۆشنی خۆمان داوه كه لیژنه‌كه‌مان كارا نییه، بۆ راگه‌یاندن و رای گشتیی قسه‌مان كردوه و یاداشتمان داوه‌ته په‌رله‌مان، قسه‌ی خۆمان كردوه و باسمان له‌وه كردوه كه ئێمه له‌به‌رده‌م لێپرسراوێتیداین، ئه‌گه‌ر كارئاسانیی و هاوكاریمان نه‌كرا، هه‌ڵوێستی دیكه‌مان ده‌بێت و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و رایه كۆكن".
هه‌روه‌ك عه‌دنان عوسمان باس له‌وه ده‌كات: وه‌ك ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و لیژنه‌یه سه‌رۆكایه‌تی چه‌ند لیژنه‌یه‌كیان له ده‌ستدا، چونكه به گرنگمان زانی، وتی: "له‌م ماوه‌یه‌شدا هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌رده‌بڕین له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه، ره‌نگه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پێی خۆشبێت ئه‌و كه‌سه دڵسۆزانه و ئۆپۆزسیۆن له لیژنه‌كه نه‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وابێت هه‌نگا و هه‌ڵوێستی دیكه‌مان ده‌بێت".
به‌غدا له‌پێش كوردستانه‌وه‌یه
به‌شێكی چاودێران پێیانوایه لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌وه‌ی كوردستان كاراتر بون و كاری زیاتریان كردوه و قسه‌یان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵیی كردوه و له لێپرسراوانیان كۆڵیوه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌ند سیروان زه‌هاوی، بڕیارده‌ری لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان (پێش‌و) نكۆڵی له‌وه ناكات، به‌ڵام جیاوازی كاری لیژنه‌كه‌شی له به‌غداد و كوردستان بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه، له به‌غدا زیاتر له (50) ساڵه دیوانی چاودێری دارایی هه‌یه و له (2004)ه‌وه به فه‌رمانی بریمه‌ر ده‌سته‌ی نه‌زاهه دامه‌زراوه، "كه‌واته پێش ئه‌وه‌ی لیژنه‌كه دروستببێت دو ده‌زگای گرنگ هه‌بوه كه یاساشیان هه‌یه كاری پێبكه‌ن، به‌ڵام له كوردستان ده‌سته‌ی نه‌زاهه نییه و چاودێری دارایی‌ش یهكینهگرتوهتهوه (وه‌ك ئاگادارم به‌زوترین كات یه‌كده‌گرنه‌وه)، بۆیه پێویسته ده‌سته‌كه له كوردستانیش دروستبكرێت بۆئه‌وه‌ی سیستمی چاودێری دارایی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی له كوردستان له روی یاساییه‌وه ته‌واوبێت، چونكه تا له روی یاساییه‌وه ته‌واونه‌بێت، ناتوانرێت له روی واقیعه‌وه كاری له‌سه‌ر بكرێت، كه‌واته به‌راوردكردنه‌كه جیاوازی هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌ی به‌غدا كه‌ره‌سته‌ی هه‌بوه و كاراتر بوه"، رونیشی ده‌كاته‌وه تا ده‌سته‌ی نه‌زاهه دروستده‌كرێت، لیژنه‌كه‌ی كوردستان ئه‌ندامه‌كانی له روی رۆڵه نوێنهرایهتییهكهیان موماره‌سه بكهنو ئه‌و خه‌ڵك و كه‌س و لایه‌نانه ببینن كه گله‌ییان هه‌یه و به‌ڵگه‌ی گه‌نده‌ڵییان هه‌یه و لێی بكۆڵنه‌وه و ئه‌و شتانه كۆبكه‌نه‌وه.
ده‌سته‌ی نه‌زاهه كه‌ی داده‌مه‌زرێت؟
به‌شێكی پسپۆڕان و په‌رله‌مانتاران ئاماژه به پێویستی دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی نه‌زاهه ده‌كه‌ن له هه‌رێمی كوردستاندا.
سیروان زه‌هاوی، پێیوایه: چاودێری دارایی مهنزومهیهكه له لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مان و چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی نه‌زاهه پێكدێت، لیژنه‌كه له دنیادا كاری چاودێریكردنی ده‌سته‌كه و دیوانی چاودێری داراییه، چاودێری دارایی‌ش كاری ئه‌وه‌یه به سجیلاتی حساباتدا ده‌چێت و وردبینی تێدا ده‌كات بۆئه‌وه‌ی بزانێت چۆن سه‌رفكراوه، ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ش ده‌سه‌ڵاتی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێدراوه و هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك گه‌نده‌ڵیی كردبێت ده‌یداته دادگا، وتیشی: "لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ش یاسا داده‌نێت بۆ ئه‌و چاودێری دارایی، به‌و پێیه‌ش ده‌سته‌ی نه‌زاهه و چاودێریی كاره‌كانیان ده‌كات بۆئه‌وه‌ی بزانێت تا چه‌ند كاره‌كانیان كردوه و ده‌توانێت ئه‌وه له په‌رله‌مان بوروژێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی نه‌زاهه نه‌بێت، كاری لیژنه‌كه قورس ده‌بێت و ناتوانن وه‌ك پێویست كاره‌كانیان بكه‌ن، چونكه ئیشی په‌رله‌مانتار یاسادانان و چاودێریی و نوێنه‌رایه‌تیكردنه".
به‌ڵام عه‌دنان عوسمان، ئومێدی زۆری به ده‌سته‌كه نییه و ده‌ڵێت: "دڵنیاین ئه‌و ده‌سته‌ی نهزاههیهی له كوردستان به‌م عهقڵهیهته و به كۆمه‌ڵێك فه‌رمانبه‌ری خۆیان پڕده‌كرێته‌وه زۆر بێكهڵك و بێ‌توانا ده‌بێت، وه‌ك زۆرێك له‌و ده‌سته و لیژنه تایبه‌تانه‌ی دروستبوه، بۆیه پێمان باشه سیڤی ئه‌و كه‌سانه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ندبكرێت و ئه‌گه‌ر حكومه‌تیش جدییه‌تی هه‌یه له‌وه رۆڵی ئۆپۆزسیۆن له‌به‌رچاو بگرێت، چونكه ئه‌و ده‌توانێت چاودێریی زیاتری ده‌سه‌ڵات بكات و له دنیاشدا وایه".
هه‌روه‌ك له‌و بڕوایه‌دایه به‌وپێیه‌ی ده‌سه‌ڵات له كوردستان جدیی نه‌بوه له دژایه‌تی گه‌نده‌ڵیی و خۆشی هۆكارێك بوه له په‌ره‌دان به گه‌نده‌ڵیی، ئه‌و ده‌سته‌یه‌ش كه دایده‌مه‌زرێنێت نه‌زۆك ده‌بێت.
په‌رله‌مانتاره‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه دیوانی چاودێری سلێمانی زۆرێك له كاره‌كانی ده‌سته‌ی نهزاههشی كردوه، ته‌نیا بهیهكخستن و پێدانی ده‌سه‌ڵات و حسابكردن بۆ راپۆرته‌كانیان پێویستیی به هیچ ده‌سته‌یه‌كی دیكه نابێت، چونكه له‌وكاته‌دا زۆر مه‌له‌فی گه‌نده‌ڵیی ئاشكرا ده‌بێت و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه راستگۆیی و جدییه‌ت نییه و دروستكردنی ده‌سته‌كه‌ش ته‌نیا كات كوشتنه و هه‌وڵدانه بۆ به فیڕۆدانی سامانی گشتیی ئه‌م وڵاته.