گه‌نده‌ڵیی و پاره‌خواردن، له به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی حه‌جدا جێبه‌جێده‌كرێن
به‌دواداچونی: عه‌بدوڵڵا رێشاوی
به‌شێك له‌حاجیانی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه كه‌موكوڕیی، گه‌نده‌ڵیی و پاره‌خواردن، له به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی حه‌جدا جێبه‌جێده‌كرێن و مامۆستایه‌كی ئاینیش ته‌ئكید ده‌كاته‌وه پڕۆسه‌ی حه‌جكردن به‌و دیاردانه‌وه به‌تاڵ ده‌بێته‌وه.
هه‌ندێك له‌وانه‌ی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه سه‌فه‌ری حه‌جیان جێبه‌جێكردوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دڵخۆشن به ئه‌نجامدانی ئه‌و سروته ئاینییه، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا نیگه‌رانن به بونی گه‌نده‌ڵیی ئیداریی كه دوچاری ئه‌و پرۆسه‌یه بوه‌ته‌وه.
ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌خنه له چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌كه ده‌گرن، زۆربه‌یان خه‌ڵكی خوێنده‌وار و رۆشنبیرن، بۆیه دركیان به‌بونی ئه‌و خاڵه نێگه‌تیڤانه كردوه له به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی حه‌جی حاجییانی كوردستاندا، كه وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه جێبه‌جێی ده‌كات.
به‌ڵام ئایا زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی دی كه له‌وانه‌یه رۆشنبیرییه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌بێت و ته‌نیا چاویان له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه ئاینییه‌كه بێت، ده‌شێت به‌شێوه‌یه‌كی خراپ ئیستیغلال نه‌كرێن یان به‌شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو پرۆسه‌كه جێبه‌جێنه‌كه‌ن؟
عارف عوسمان، یه‌كێك له‌وانه‌ی سه‌فه‌ری حه‌جیان ئه‌نجامداوه ده‌ڵێت: "كاتێك له سه‌فه‌ره‌كه‌مدا له حه‌ج روبه‌ڕوی هه‌ندێك كه‌موكوڕیی و گه‌نده‌ڵیی ده‌بومه‌وه، ده‌مكرد به هه‌راو حاجییه‌كانی دیكه پێیان ده‌وتم (كاكه گیان ئه‌وه‌نده قسه‌مه‌كه و به روی رێبهرهكهماندا هه‌ڵمه‌شاخێ، چونكه حه‌جه‌كه‌ت به‌تاڵده‌بێته‌وه).
عارف ده‌ڵێت: "له سه‌فه‌ری حه‌جدا كه‌موكوڕیی زۆره، سه‌ره‌ڕای خواردنی پاره‌ی حاجییان، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و حاجیانه وریا نه‌بن". وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش دان به بونی كم‌و كوڕیدا ده‌نێت و هاوڕایه.
ناوهاتنه‌وه بۆ سه‌فه‌ری حه‌ج
سه‌ره‌تای كه‌موكوڕییه‌كان له ناوهاتنهوهی حاجییان بۆ سه‌فه‌ره‌كه ده‌ستپێده‌كات، كه‌ئێستا وه‌زاره‌تی نوێ له‌ڕێی میكانیزمێكی نوێوه هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنیان ده‌دات.
ئه‌و كه‌موكوڕییانه وایكردوه كه گه‌نده‌ڵیی و دیارده‌ی به‌رتیل و كڕین و فرشتن بكه‌وێته ناو پرۆسه‌كه‌وه.
هه‌ندێك كه‌س بۆ مسۆگه‌ركردنی سه‌ره، په‌ناده‌به‌نه به‌ر به‌رتیل، ئه‌مه جگه له واسیته‌كردن، به‌ڵام ئایا په‌نابردنه به‌ر رێگه‌ی ناشه‌رعی و نایاسایی بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌یه‌كی ئاینیی، كارێكی شیاوه؟
كه‌سایه‌تی ئاینیی ناسراو: مامۆستا حه‌سه‌ن شه‌مێرانی، رایده‌گه‌یه‌نێت، "گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی نایاسایی وه‌ك واسیته كاری و كڕین و فرۆشتنی ناوی حه‌ج و خزم خزمێنه كارێكی نه‌شیاوه و له‌روی شه‌رعییه‌وه حه‌رامه".
ناوبراو ده‌ڵێت: هه‌ندێك كه‌س هاتنه‌لام وتیان: "ده‌توانین بۆ مسۆگه‌ركردنی سه‌فه‌ری حه‌ج بڕێك پاره بده‌ین، چونكه له‌م رێگه‌یه‌وه سه‌ره مسۆگه‌ر ده‌كه‌ین، منیش پێم وتن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و كاره دروست نییه، چونكه ئه‌و پاره‌دانه رهشوهیه و ئه‌وه‌ش حه‌رامه".
شه‌مێرانی وتی: "هه‌ركه‌س له‌و رێگه‌یه‌وه حه‌ج ده‌كات با نه‌یكات".
شه‌مێرانی زیاتر رونی ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: "ئه‌و كه‌سانه واده‌زانن ئه‌و پاره‌دانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ حه‌جه، نه‌ك حه‌رام نییه، به‌ڵكو خێریشه، به‌ڵام من دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌وه كارێكی حه‌رامه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دروست نییه".
واسیته و واسیتهكاریی له ناوهاتنه‌وه بۆ سه‌فه‌ری حه‌ج هه‌یه و زۆركه‌س به‌هۆی دۆستێكی نزیكه‌وه ناوه‌كه‌ی دێته‌وه و ئه‌وه‌ش كه كه‌س ناناسێت ده‌بێت چاوه‌ڕێ بێت تا به‌خت ده‌بێته یاوه‌ری.
مه‌ریوان نه‌قشه‌به‌ندی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، هاوڕایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه له پرۆسه‌ی ناردنی خه‌ڵك بۆحه‌ج واسته و واسته‌كاری كڕین و فرۆشتن هه‌یه و ده‌ڵێت: "هه‌ندێك كه‌س واسته ده‌كه‌ن هه‌ندێك كه‌س ناوه‌كانیان ده‌فرۆشن هه‌ندێك كه‌سیش سهرهدهكڕن"، به‌ڵام ناوبراو رونی كرده‌وه كه "وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به میكانیزمێكی نوێ له ئه‌مساڵدا هه‌وڵیداوه ئه‌و شتانه نه‌مێنێت" هه‌رچه‌نده نیگه‌رانی خۆشی نه‌شارده‌وه كه ئه‌و جۆره حاڵه‌ته نه‌خوازراوانه له‌وانه‌یه هه‌ر به‌رده‌وام بێت.
ناوبراو وتی "بۆ حه‌جی ئه‌مساڵ ناوی حاجیانی سێ ساڵی داهاتومان راكێشاوه، واته بۆ سێ ساڵ تر خه‌ڵك ناوی چوه‌ته سه‌ره‌وه، به‌ڵام ته‌ماشا ده‌كه‌ین ههندێكهس كه ناویان ده‌رچوه سه‌ره‌كه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن به‌خه‌ڵكی تر، ئه‌مه‌ش ئه‌و گومانه‌ی لای ئێمه دروستكردوه كه ئه‌و كه‌سه سه‌ره‌كه‌ی خۆی فرۆشتبێت هه‌ربۆیه رێگریمان لێكردوه".
مه‌ریوان، نیگه‌رانی و سه‌رسوڕمانی خۆی نیشاندا كه چۆن له ساڵانی رابردودا وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف رێگه‌ی به‌كڕین و فرۆشتنی ناو داوه و ئاسانكاری بۆكردوه، وتیشی: "له‌وانه‌یه نه‌یانزانیبێت كه ناو گۆڕین كرین و فرۆشتنی پێوه ده‌كرێت".
مه‌ریوان جه‌ختی كرده‌وه "ئێستاش ئه‌و هه‌وڵانه هه‌ر هه‌یه كه ناو كڕین و فرۆشتنی پێوه بكرێت".
پشكی به‌رپرسانی باڵا
زۆریك له به‌رپرسانی باڵا پشكیان هه‌یه له ناردنی هه‌ندێك خه‌ڵك بۆ سه‌فه‌ری حه‌ج، جاران حیزبه بچوكه‌كانیش پشكیان هه‌بو له سه‌فه‌ری حه‌جدا، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا به‌رپرسه باڵاكان، هه‌ر له سه‌ركۆماری عێراقه‌وه تا سه‌رۆكی هه‌رێم و تا ده‌گاته پارله‌مانی عێراق ده‌توانن خه‌ڵك بنێرن بۆ حه‌ج، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی نا داموده‌زگایی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌گه‌یه‌نێت.
مه‌ریوان نه‌قشه‌به‌ندی، وته بێژهكهی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، جه‌ختی كرده‌وه كه به‌رپرسان واسته بۆخه‌ڵك ده‌كه‌ن و وتی "ئه‌و دیارده‌یه ئێمه‌ی هه‌راسان كردوه".
مه‌ریوان وه‌ك وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌رابردودا هه‌ڕه‌شه‌ی كردوه هه‌ر به‌رپرسێك ناویان بۆنێرێت ناوی به‌رپرسه‌كه بۆ میدیاكان ئاشكرا ده‌كات، به‌لام تائێستا ناوی هیچ به‌رپرسێك ئاشكرا نه‌كراوه.
ئه‌و وتی: "ئێستا نامه‌ی واسیته بۆلای من نایه‌ت ئیتر نازانم بۆكوێ ده‌ڕوات".
ئه‌م نوكته‌یه
هه‌ر پارله‌مانتارێكی عێراقی بۆی هه‌یه ساڵانه به شێوه‌ی تایبه‌ت دو كه‌س بنێرێت بۆحه‌ج به پارله‌مانتاره مه‌سیحی و یهزیدیهكانیشهوه، ئه‌مه جگه له به‌رپرسه‌كانی تری ناو حكومه‌تی عێراقی به كورد و عه‌ره‌ب و ئیسلامی و عه‌لمانیه‌وه.
مه‌ریوان وتی: "من نازانم ئه‌و ئیمتیازه له‌پای چیه و ئه‌و پارله‌مانتارانه ئه‌و ئیمتیازه چۆن به‌كاردێنن، ده‌یبه‌خشنه خزم و كه‌سیان یان ده‌یفرۆشن".
مه‌ریوان ئه‌م نوكتهیهشی بۆ گێرامه‌وه: "جارێك پارله‌مانتارێكی یه‌زیدیی پێی وتین من ئاماده‌م دو حاجی موسوڵمانتان بۆ بنێرم بۆ حه‌ج، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ره‌جمی شه‌یتان نه‌كه‌ن".
سه‌فه‌رێكی پڕ مه‌سره‌ف
به بۆچونی هه‌ندێك له‌وانه‌ی سه‌فه‌ری حه‌جیان ئه‌نجامداوه، ده‌كرێت تێچونی ئه‌و سه‌فه‌ره زۆر له‌ئێستا كه‌متر ببێته‌وه، ئه‌گه‌ر بێت و كۆمه‌ڵێك چاكسازیی و رێوشوێنی نوێ بگیرێته‌به‌ر، له‌وانه سه‌فه‌ركردن به "پاس" له‌بری فڕۆكه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئێران هه‌یه.
ئه‌و كه‌سانه ده‌ڵێن: عه‌ره‌بستانی سعودی به‌و راده‌یه له ئێمه‌وه دور نییه كه ناچاربین هه‌مو حاجییان به فڕۆكه بگوازینه‌وه، به‌ڵكو ده‌توانین به كۆمه‌ڵێك پاس كه له روی خزمهتگوارییهوه به‌رزبن و هه‌مو هۆكارێكی حه‌وانه‌وه‌ی تێدابێت ئه‌و سه‌فه‌ره ئه‌نجامبدرێت.
ئه‌و كه‌سانه پێیانوایه: ئه‌گه‌ر سه‌فه‌ری خه‌ج به "پاس" بێت، ئه‌وا بۆ هه‌رێم و بۆ حاجییانیش سودی زۆره، چونكه ئه‌وكات نه‌ك هه‌ر حاجییان پاره‌ی كه‌متر ده‌ده‌ن، له‌هه‌مانكاتدا كاتێكی كه‌متریش له چون و هاتنه‌وه به‌سه‌رده‌به‌ن، هه‌رێمیش قازانج ده‌كات، چونكه به‌وپێیه‌ی كه حاجییانی هه‌رێم به فڕۆكه سه‌فه‌رده‌كه‌ن جگه له‌وه‌ی كرێی بلیت زۆره، له‌هه‌مانكاتدا ناچارن زو بڕۆن و دره‌نگ بێنه‌وه، به‌م هۆیه‌شه‌وه خه‌رجییه‌كی زیاتریان ده‌كه‌وێته سه‌رشان.
ئه‌وكه‌سانه ده‌ڵێن: "حاجییانی هه‌رێم پێش هه‌مو كه‌س ده‌ڕۆن و دوای هه‌مو كه‌سیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه"، ئه‌مه‌ش جگه له ماندوبون و چاوه‌ڕوانیی، خه‌رجییه‌كی زیاتریان ده‌خاته ئه‌ستۆیان، له‌كاتێكدا حاجییانی ئێران و زۆر شوێنی دیكه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی مه‌راسیمه‌كان دێن و دوای ته‌واوبونیشی ده‌گه‌ڕێنه‌وه".
هه‌رێم ته‌نیا به‌كاربه‌ره
به‌پێی سه‌رنج و گێڕانه‌وه‌ی حاجییان، حكومه‌تی هه‌رێم تائێستا هیچ جۆره وه‌به‌رهێنانێكی له بواری حه‌جدا نییه و ته‌نیا به‌كارده‌بات و خه‌رج ده‌كات.
ئه‌و كه‌سانه ده‌ڵێن: "حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت كۆمه‌ڵێك پاسی "نمره به‌رز" بخاته ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه، به‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر حاجییان قازانج ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێته بوارێكی وه‌به‌رهێنانیش بۆ هه‌رێم، چونكه ئه‌وكات ئه‌و پاسانه خۆماڵین و خه‌رجیی هاتن و چون دێته‌وه گیرفانی هه‌رێم".
ئه‌و كه‌سانه نمونه به وڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران دێننه‌وه، كه ئه‌م كارانه‌ی كردوه.
ئێران له هه‌مو بوارێكدا وه‌به‌رهێنانی كردوه
به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی حاجییان، وڵاتی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی زۆر داموده‌زگایی و رێك‌وپێك بواری حه‌جی رێكخستوه، كه له روی ئابورییه‌وه قازانجی بۆ خۆی هه‌یه، وه‌ك كڕینی چه‌ند هۆتێلێك له سعودیه بۆ حاجییانی خۆی، جگه له كڕینی فڕۆكه و پاس بۆ چون و هاتنی حاجییه‌كانی، كه دواجار هه‌مو خه‌رجییه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران خۆی.
حاجییه‌كانی هه‌رێم له هه‌مو باس و خواسێكیاندا نمونه به وڵاتی ئێران ده‌هێننه‌وه بۆ رێكوپێكیی له ئیداره‌كردنی پرۆسه‌كه‌دا.
خراپیی بارودۆخی حاجییانی هه‌رێم
حاجی عارف، ده‌ڵێت: "له سه‌فه‌ره‌كه‌مدا بۆ حه‌ج سه‌ردانی ناسیاوێكی خۆمم كرد، كه له وڵاتی ئێرانه‌وه هاتبو بۆ حه‌جكردن".
ئه‌و حاجییه ده‌ڵێت: "بارودۆخی ئه‌وم بینی ئه‌وجا زانیم كه ئێمه‌ی حاجییانی هه‌رێم له چ بارودۆخێكی نهگونجاوداین، ئه‌و جێگایه‌ی ئه‌وی لێبو زۆر زۆر جیاواز بو له‌و جێگا ناخۆشه‌ی ئێمه‌ی لێبوین".
به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی حاجییان: "حاجیی هه‌رێم له خزمه‌تگوزاریی باش به‌هره‌مه‌ند نییه"، بۆ نمونه "شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی حاجییانی هه‌رێم ناخۆش و نه‌گونجاوه، هه‌ر ژورێك چه‌ندین حاجی تێده‌كرێت و به په‌رده نێوانی حاجییانی ژن و پیاو جیاكراوه‌ته‌وه له هه‌ندێك له ژوره‌كاندا، جگه له قه‌ره‌باڵغیی ژوری حاجییانی هه‌رێم، شوێنه‌كانیشیان دوره له حه‌ره‌مه‌وه".
وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی پشتڕاستكرده‌وه كه هه‌ر كۆمه‌ڵێك له حاجیان ده‌خرێنه ژورێكه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه بۆ ئاسانكاری كاره ئیداریهكانه، ناوبراو هاورابو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه حاجیانی هه‌رێم له گوزه‌رانێكی زۆر بهرزدانین، به‌ڵام رای وابو كه "ئه‌گه‌ر كه‌سێك بچێت بۆ ئه‌نجامدانی حه‌ج بیر له خۆشگوزه‌رانی ناكاته‌وه".
مه‌ریوان رایگه‌یاند: حاجیان له مه‌ككه له روی ئیداریه‌وه ده‌كرێن به سێبه‌شه‌وه (زۆرباش، مامناوه‌ند و خراپ) حاجی كورد له سه‌ر و مام ناوهندهوهیه، به‌ڵام ناڵێم زۆرباشه.
ئایا ئه‌و پاره‌یه‌ی حاجی كورد ده‌یدات بایی ئه‌وه‌نیه كه له شوێنێكی زۆرباش دابنێرێن؟ مه‌ریوان نه‌قشه‌به‌ندی وتی: من ناتوانم ئه‌وه حساب بكه‌م، ئایا ئه‌و خزمه‌تگوزاریه‌ی پێشكه‌شی حاجی كورد ده‌كرێت بایی پارهكهیهتی یان نا، ئه‌وه پێویستی به كه‌سی پسپۆڕه.
رێبهرهكان و حاجییان، نه‌بونی متمانه
ئه‌وه‌ی له وته و گێڕانه‌وه‌ی حاجیانه‌وه بۆت رونده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌یه كه حاجییان زۆركات متمانه‌یان بهرێبهرهكانیان نییه، له‌كاتێكدا كاروبار و خه‌رجییه‌كانیان له‌رێی ئه‌م رێبهرانهوه جێبه‌جێده‌كرێت.
یه‌كێك له‌و حاجییانه‌ی له‌گه‌ڵ رێبه‌ره‌كه‌ی توشی كێشهبوه ده‌ڵێت: "رێبه‌ره‌كه‌مان به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی ده‌دا پاره‌مان لێبكێشێتهوه، هه‌ر له بابه‌تی "حه‌ج كڕین"ه‌وه تا ده‌گاته غهرامهدان، له هه‌مو ئه‌وشتانه‌دا پاره‌ی زیادی لێدهسهندین".
ئه‌و حاجییه ده‌ڵێت: "زۆرێك له حاجییان له ترسی به‌تاڵبونه‌وه‌ی حهجهكانیان بێده‌نگن له هه‌ر كه‌موكوڕیی و گومانێك كه له رێبهرهكانیانهوه ده‌ربكه‌وێت".
ئه‌و حاجیه نمونه‌یه‌ك دێنێته‌وه و ده‌ڵێت: "له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ كوردستان، رێبه‌ره‌كه‌مان پێی وتین ده‌بێت غه‌رامه‌ی ئه‌و حمولهیهی كه پێمانه بده‌ین به فڕۆكه‌خانه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ریه‌كه 200 دۆلاری لێسه‌ندین، كه ژماره‌مان نزیكه‌ی (8) كه‌سێك ده‌بو، به‌ڵام دواتر بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌و له‌بری هه‌مو غه‌رامه‌كه‌ی ئێمه، ته‌نیا (200) دۆلاری داوه به فڕۆكه‌خانه".
ئه‌و حاجیه وتیشی: "من له‌سه‌ر ئه‌م شتانه قسه‌م ده‌كرد، به‌ڵام هاوڕێكانم ده‌یانوت قسه مه‌كه و دڵی رێبه‌ره‌كه مه‌ڕه‌نجێنه، چونكه حه‌جه‌كه‌ت به‌تاڵده‌بێته‌وه".
یه‌ك پاره و خزمه‌تگوزرایی جیاواز
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حه‌ج شوێنی روت بونه‌وه‌ی ئینسانه‌كان له پله و ئیمتیازات و جیاوازیی، به‌ڵام له هه‌ندێك له سه‌فه‌ره‌كانی حه‌جدا، جیاوازی له‌نێوان به‌رپرس و كه‌سانی دیكه‌دا كراوه، به‌رپرس و پله تایبه‌ته‌كان له شوێن و جێگه‌ی تایبه‌تی و زۆر باشتر له حاجییانی دیكه ده‌مێننه‌وه. ئه‌م خزمه‌تگوزارییه تایبه‌ته و ئه‌م جیاوازییه له‌كاتێكدایه، كه هه‌مو حاجییان هه‌ر "هه‌مان" پاره‌یان داوه.
به‌ڵام وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌سانه‌ی شوێنی تایبه‌تیان هه‌بێت ده‌بێت پاره‌ی زیاتر بده‌ن و پاره‌كه‌یان وه‌ك ئه‌وانی تر نیه.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌بریارێكی ئه‌مساڵی وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا كه سه‌فه‌ری تایبه‌تی نزیكه‌ی 200 كه‌سیان ره‌تكردۆته‌وه كه به‌غدا به‌نیازبوه له رێی كوردستانه‌وه بیاننێرێت و ئه‌و بڕیاره‌ی به "جێبه‌جێكردنی عه‌داله‌ت" وه‌سفكرد.
حه‌ج كڕین
حه‌ج كڕین بابه‌تێكی فیقهییه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌كی خراپ ئیستیغلال كراوه بۆ كێشانه‌وه‌ی پاره، بێئه‌وه‌ی مورشید و رێبهرهكان هیچ هۆشیارییه‌ك بده‌نه ئه‌و حاجیانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ناو ئه‌م قۆڵبڕینهوه.
به‌پێی سه‌رنج و لێكدانه‌وه‌ی هه‌ندێك له حاجییان جاری وابوه رێبه‌ر و مورشیده‌كان بونه‌ته شه‌ریكی ئه‌و قۆڵبڕینه یان لانی كه‌م بێده‌نگ بون لێی.
حه‌ج ده‌كڕدرێت، به‌ڵام به پاره‌یه‌كی زۆر، له (500) دۆلاره‌وه تاده‌گاته (1000) دۆلار، كه زۆرجاریش جگه له پاره‌كێشانه‌وه شتێكی دیكه نییه، چونكه فرت و فێڵی تێكه‌وتوه، ئه‌و كه‌سانه‌ی پاره وه‌رده‌گرن، به‌و نیازه‌ی حه‌ج بۆ كه‌سێكی تر بكه‌ن، زۆركات حه‌جه‌كه ناكه‌ن، چونكه له یه‌ك كاتدا پاره‌ی حه‌جكردن له چه‌ند كه‌سێك وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ته‌نیا پاره‌كه ده‌به‌ن و ده‌ڕۆن، چونكه ناكرێت كه‌سێك له یه‌ككاتدا حه‌ج بۆ دو سێ كه‌س بكات.
به‌پێی "فیقه"ی ئیسلام كه‌سێك ده‌توانێت له‌بری كه‌سێكی تر كه مردوه یان حه‌جی له‌سه‌ره و ناتواتێت بیكات، حه‌ج ئه‌نجام بدات.
مه‌ریوان نه‌قشه‌به‌ندی، وتی "ئێمه ته‌نها بری 1000دۆلار ده‌ده‌ین به هه‌ر حه‌مله دارێك كه ته‌نها به‌شی خه‌رجیه‌كانی ده‌كات، كه‌چی ساڵانه بون به حه‌مله‌دار داواكاری زۆری له‌سه‌ره ئه‌مه‌ش گومانی لادروست كردین".
مه‌ریوان له درێژه‌دا ده‌ڵێت"ئاكامی گومانه‌كانمان گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك له‌و حهملهدارانه بازرگانی به سهفهرهكهوه ئه‌كه‌ن له‌رێگه‌ی "حج البدل"ه‌وه.
(حج البدل) له فیقهی ئیسلامی‌دا هه‌یه و ئه‌وه‌یه كه كه‌سێك له بری كه‌سێكی تر حه‌ج بكات، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی "حج البدل" یان "حه‌ج كڕین" هه‌یه ئه‌و بابه‌ته پێویستی به پشكنین و چاكسازی و ریفۆرمی شه‌رعی هه‌یه تا له ئیستیغلال و بازرگانی كردن ده‌رباز بكرێت.
وه‌ك حاجیان ده‌یگێرنه‌وه و وته بێژهكهی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیش ده‌ڵێت "ئێستا ئه‌و پرۆسه‌یه گه‌وره‌ترین بازرگانی پێوه‌ده‌كرێت".
به‌پێی گێڕانه‌وه‌كان "حهملهداری واهه‌یه پاره‌ی 400 حه‌ج البدلی له خه‌ڵك وه‌رگرتوه كه نرخی هه‌ردانه‌یه‌ك له 300 دۆلاره‌وه بۆ 1000 دۆلاره".
حه‌جكردنی موسوڵمانان، یه‌كێكه لهفهرزه ئیسلامیه‌كان، كه هه‌ر موسوڵمانێك یه‌ك جار له ژیانیدا ده‌بێت وه‌كو ئه‌ركێكی ئاینی به‌جێی بهێنێت، ئه‌گه‌ر توانای مادی و ته‌ندروستی هه‌بێت.