راپۆرتی: شاڵاو فه‌تاح
چاوه‌ڕوانده‌كرێت له ساڵی (2015)دا ئه‌وروپا توشی كورتهێنان ببێت له به‌رهه‌می گازدا، هه‌ربۆیه رێكخراوی یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه له جێگه‌ی روسیا ده‌دات.
نابوكۆ، پڕۆژه‌یه‌كی پێشنیازكراوی گواستنه‌وه‌ی گازه له‌نێوان ئاسیا‌و ئه‌وروپادا، كه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت له ساڵی (2014)دا گواستنه‌وه‌ی گاز ده‌ستپێده‌كات.
ئه‌م پڕۆژه‌یه به ئامانجی كه‌متر پشتبه‌ستن به گازی روسیا‌و كردنه‌وه‌ی هێڵێكی نوێیه له ئاسیاوه بۆ ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی گاز بۆ وڵاته ئه‌وروپییه‌كان دابینبكاتو له كارتی روسیا بیانپارێزێت، چونكه وه‌ك د.بایه‌زید حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت: "زۆرجار روسیا سه‌رچاوه گازییه‌كه‌ی به مه‌به‌ستی سیاسیی‌و بۆ فشار خستنه سه‌ر ئه‌وروپا به‌كاردێنێت".
ئه‌م پڕۆژه‌یه به (پڕۆژه‌ی بۆری گازی توركیا – نه‌مسا)ش ناوده‌برێت، پڕۆژه‌كه له‌لایه‌ن چه‌ند وڵاتێكی ناو رێكخراوی یه‌كێتی ئه‌وروپاو ئه‌مریكاوه پشتگیریی لێده‌كرێت، سه‌ره‌تای ئاماده‌كاریی بۆ پڕۆژه‌كه له ساڵی (2002)دا بو، پاشان رێكه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی له (13)ی ته‌مموزی (2009) له‌نێوان رۆمانیاو توركیا‌و نهمساو بولگاریاو هه‌نگاریا ئیمزا كرا. دوایین بڕیاری وه‌به‌رهێنان له پڕۆژه‌كه‌دا بڕیاره له كۆتایی ئه‌مساڵدا بدرێت.
جوگرافیای پڕۆژه‌كه
پڕۆژه‌ی نابوكۆ یه‌كێكه له‌و پڕۆژانه‌ی كه هه‌رێمێكی جوغرافی فراوان ده‌گرێته‌وه‌و هه‌ریه‌كه له كیشوه‌ره‌كانی ئه‌فریقاو ئاسیا‌و ئه‌وروپا ده‌بڕێت، پڕۆژه‌كه زیاد له (2000) میل ده‌ڕوات له (ئه‌رزڕۆمی) توركییه‌وه بۆ (بۆمگارتن ئه‌ندێر مارچ) له نه‌مسا.
بۆرییه گازییه‌كانی پڕۆژه‌كه له ئه‌رزڕۆمی توركیاوه ده‌ستپێده‌كه‌ن‌و له نه‌مسا كۆتایی دێت، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانی پڕۆژه‌كه له ئاسیا‌و ئهفریكادان، بۆرییه‌كان دوای ئه‌وه‌ی توركیا ده‌بڕن به بولگاریادا دهڕۆنو پاشان سنووره‌كانی رۆمانیا ده‌بڕن بۆ هه‌نگاریاو دواجاریش نه‌مسا.
كێشه‌كانی پڕۆژه‌كه
ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چه‌ندین كێشه‌ی روبه‌ڕو ده‌بێته‌وه، یه‌كه‌مین كێشه‌ش ئه‌وه‌یه، كه به‌رهه‌می ئه‌م پڕۆژه‌یه ته‌نیا بۆ چه‌ند وڵاتێكه له باشوری خۆرههڵاتو ناوه‌ندی ئه‌وروپا، نه‌ك گشت ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات پشتگیریی ته‌واوی رێكخراوی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆخۆی به‌ده‌ستنه‌هێنێت، ته‌نانه‌ت دورنییه ناكۆكیی بخاته نێو وڵاتانی یه‌كێتییه‌كه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك ده‌رباره‌ی بڕی به‌رهه‌می گازی پڕۆژه‌كه نییه‌و نازانرێت ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌توانێت ئه‌و گازه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ بكات دابینی بكات، یاخود نا، هه‌ربۆیه ره‌خنه‌گران به پڕۆژه‌یه‌كی نائابوریی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، چونكه هێشتا وڵاتانی ئێران‌و سوریا ناسه‌قامگیرن له‌ڕوی سیاسییه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وڵاتانی ئاسیا كه په‌یمانی به‌رهه‌مهێنانی گازێكی زۆر بۆ پڕۆژه‌كه ده‌كه‌ن، هاورده‌یه‌كی گازی زۆریان بۆ روسیا‌و چینیش هه‌یه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی لایه‌نی سیاسیی پڕۆژه‌كه بۆ ركابه‌ریكردنی روسیایه كه زۆرترین به‌رهه‌می گازی هه‌یه. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ركابه‌ری روسیا بكرێت ده‌بێت سه‌رچاوه‌یه‌كی هاوشێوه له دابینكردنی گازدا هه‌بێت، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ش ته‌نیا ئێرانه.
ئێران (16%)ی گازی جیهانی هه‌یه‌و دوه‌مین وڵاته له‌دوای روسیا له دابینكردنی ئه‌و به‌رهه‌مه‌دا، به‌ڵام ئه‌م وڵاته بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ئیختیارێكی نه‌شیاوه له پڕۆژه‌كه‌دا، ئه‌مریكا به ئاشكرا دژایه‌تی خۆی بۆ به‌شداریكردنی ئێران ده‌ربڕیوه له پڕۆژه‌كه‌دا، له به‌رامبه‌ردا هه‌ریه‌كه له ئێران‌و روسیا زۆر راشكاوانه ئه‌وه‌یان ده‌ربڕیوه، كه پڕۆژه‌كه به‌بێ ئه‌وان سه‌ركه‌وتو نابێت.
مه‌نوچه‌هر موته‌كی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له لێدوانێكدا ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌كه ده‌ڵێت: "قسه‌كردن ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌ی نابوكۆ به‌بێ به‌شداریی ئێران ته‌نیا بنیادنانی بۆری به‌تاڵه".
ڤلادیمێر پۆتینی سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیاش لێدوانێكی هاوشێوه‌ی دا‌و باسی له گرنگی رۆڵی ئێران بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه كرد.
توركیا كه به وڵاتێكی هه‌ره گرنگی پڕۆژه‌كه داده‌نرێت هه‌وڵی زۆری داوه ئێران بكاته وڵاتێكی به‌شداری ناو پڕۆژه‌كه، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له لێدوانێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌وان حه‌زده‌كه‌ن ئێران ببێته وڵاتێكی به‌شدار له‌و پڕۆژه‌یه‌دا كاتێك "هه‌لومه‌رج رێگه‌یدا". ئه‌و وڵاتانه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌رهه‌می گازی بۆ پڕۆژه‌كه دابین بكه‌ن هه‌ریه‌كه له ئازه‌ربایجان، توركمانستان، عێراق‌و میسرن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه روسیا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دژایه‌تی پڕۆژه‌كه دهكاتو هه‌وڵده‌دات به پڕۆژه‌یه‌كی به‌دیل بۆ گواستنه‌وه‌ی گاز له وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌وه نابوكۆ له‌بار ببات، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین هه‌نگاوی ناوه‌و هه‌وڵیداوه پڕۆژه‌ی "شه‌پۆلی باشور" گشتگیر بكات‌و وڵاتانی پڕۆژه‌ی نابوكۆو ده‌ره‌وه‌ی نابوكۆش بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه رابكێشێت. بۆ نمونه له ساڵی (2008)دا بولگاریا ره‌زامه‌ندیی خۆی له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ی روسیا پیشاندا، ئه‌مه‌ش وڵاتانی ئه‌وروپای نیگه‌ران كرد، چونكه بولگاریا ئه‌ندامی ناتۆ‌و رێكخراوی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌و چانسی به‌شداریكردنی له پڕۆژه‌ی نابوكۆ درایه، به‌ڵام روسیای هه‌ڵبژارد، دواتر سربیاش په‌یوه‌ندیكرد به پڕۆژه‌كه‌ی روسیاوه.
دوای ئه‌وه‌ش به‌رپرسانی روسیا به ئاشكرا چه‌ندین جار دژایه‌تی خۆیان بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌ربڕیوه‌و به پڕۆژه‌یه‌كی بێ داهاتو ناویانبردوه، هه‌ر دوای گرێبه‌سته‌كانی له‌گه‌ڵ بولگاریاو سربیادا به‌رپرسێكی روسیا له ئه‌ڵمانیا ئه‌وه‌ی راگه‌یاند: كه ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی روسیا ئاماده‌یكردوه "مه‌رگی نابوكۆ"ی هێناو پێیوابو: دوای جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه گاز بۆ بۆرییه‌كی نابوكۆ نامێنێته‌وه، له به‌رامبه‌ردا ئه‌وروپا نایه‌وێت پڕۆژه‌كه‌ی بوهستێنێتو پێیوایه: هێشتا زۆر زوه گومان له داهاتوی پڕۆژه‌كه بكرێت.
نابوكۆو كوردستان
یه‌كێك له كێشه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی گاز زۆر كه‌من، بۆ نمونه: تائێستا ته‌نیا ئازه‌ربایجان به فه‌رمیی ئاماده‌یی خۆی بۆ دابینكردنی گاز بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌ربڕیوه، له به‌رامبه‌ردا هه‌رێمی كوردستانیش ده‌یه‌وێت ببێته به‌شێك له‌و پڕۆژه‌یه‌و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی دابینكردنی گاز له‌و پڕۆژه‌یه‌دا به‌شداری بكات.
ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی راگه‌یاند: كه هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی گاز بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌و ئاسانكاریی بۆ ده‌كات. هه‌ورامی، له لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی حوڕییه‌تی توركی ده‌ڵێت: "ئێمه ده‌توانین (490) تا (520) پێ سێجا گاز بۆ پڕۆژه‌كه دابین بكه‌ین"، به‌ڵام ئه‌م لێدوانه ههرێمییهو هێشتا به‌غدا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤی بۆ لێدوانه‌كه‌ی ئاشتی هه‌ورامی نه‌بوه.
گومان ده‌كرێت له حاڵه‌تی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌دا كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و به‌غدا دروستبێت.
ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌كه‌و گرنگیی بۆ كوردستان د.بایه‌زید حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق‌و شاره‌زای بواری نهوتو غاز، پڕۆژه‌كه‌ی به "زۆر گرنگ" بۆ عێراق‌و كوردستان له‌قه‌ڵه‌مدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌شارده‌وه، كه هه‌رێم یه‌كلایه‌نه ناتوانێت به‌شداریی له پڕۆژه‌كه‌دا بكات‌و به‌بێ ره‌زامه‌ندی به‌غدا دورنییه كێشه بۆ به‌شداریكردنی هه‌رێم له‌و پڕۆژه‌یه‌دا دروستبێت. "حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت به‌ته‌نیا ئه‌وه بكات، به‌ڵكو ده‌بێت موافه‌قه‌تی حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌بێت".
د.بایه‌زید حه‌سه‌ن، بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی قسه‌كانی ئاماژه‌ی به روداوه‌كانی ناردنه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی ساڵی رابوردو دا‌و وتی: ساڵی رابردو حكومه‌تی هه‌رێم ئاهه‌نگی گێڕا به‌بۆنه‌ی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وته‌وه، به‌ڵام وه‌كو بینیمان ئه‌و ناردنه ده‌ره‌وه‌یه‌ش كێشه‌ی بۆ دروستبو، دواجار له‌لایه‌ن به‌غداوه راگیرا.
زانیاری له (وێبسایتی فه‌رمیی نابوكۆ، رۆیته‌رز، یوپی ئای) وه‌رگیراوه