بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی بازرگانان‌و به‌رپرسان
حكومه‌ت، دو پڕۆژه‌ی كاره‌با ئیفلیج ده‌كات كه تێچونی (36) ملیار دیناره
به‌دواداچونی: رۆژنامه
له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی دو كارگه‌ی چیمه‌نتۆ، وه‌زاره‌تی كاره‌با، وێستگه‌یه‌كی گۆڕینی كاره‌بای (123- 33 كه‌یڤی) له بازیان ده‌گوازێته‌وه بۆ رزگاری كه هیچ سودێكی بۆ دانیشتوانی شاری سلێمانی نییه‌و به‌هۆی دروست نه‌كردنی ئه‌و وێستگهیهشهوه، كارگه‌كانی چیمه‌نتۆی بازیان‌و ماس، راسته‌وخۆ له هێڵی (132 كه‌یڤی)یه‌وه كاره‌با وه‌رده‌گرن به‌بێ ئه‌وه‌ی، وه‌زاره‌تی كاره‌با هیچ كۆنترۆڵێكی به‌سه‌ر ئه‌و بڕه كاره‌بایه‌دا هه‌بێت كه كارگه‌كان به‌كاریده‌هێنن كه نزیكه‌ی (100)مێگاواتهو ده‌كاته (1/4)ی به‌شه كاره‌بای سلێمانی.
وێستگه‌ی گۆڕینی كاره‌بای بازیان كه بڕیاربو ساڵی (2009) دروستبكرێت به بڕی زیاتر له (21)ملیار دینار، بۆ دابینكردنی كاره‌با بۆ كارگه‌كانی سنوری بازیان، به بڕیارێكی كتوپڕ ده‌گوازرێته‌وه بۆ وێستگه‌ی رزگاری له سلێمانی به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سودێكی راسته‌وخۆی بۆ هاوڵاتیان هه‌بێت.
رۆژی پێنجشه‌ممه (5/8/2010)، یاسین ئه‌بوبه‌كر، وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌وه‌ی لۆدی كارگه‌كانی چیمه‌نتۆ به‌رزده‌بێته‌وه، بڕیاریانداوه كه كاره‌بای ئه‌و كارگانه له هێڵی (132 كه‌یڤی) ببه‌ستن.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه بیانوهكه بێت، ده‌توانرێت به دانانی فیده‌رێكی دیكه‌ی (33 كه‌یڤی) ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام له‌به‌ر خاتری كارگه‌كان، ئه‌وه ناكرێت له كاتێكدا هێڵی (132 كه‌یڤی) ته‌نها بۆ گواستنه‌وه‌ی كاره‌با له نێوان شاره‌كاندا به‌كاردێت، نه‌ك به‌و شێوه‌یه بدرێت به كارگه‌و شوێنی دیكه، چونكه هێڵی (33 كه‌یڤی) تایبه‌ته به كارگه‌و هێڵی (11 كه‌یڤی)یش بۆ كاره‌بای ماڵان به‌كاردێت.
وه‌زیری كاره‌با، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: پاش لێكۆڵینه‌وه‌و دیراسه‌كردنی ورد، بڕیاریانداوه كه وێستگه‌یه‌كی (24)فیده‌ری (33 كه‌یڤی) له ته‌نیشت وێستگه‌ی رزگاری دروست ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی (7)ساڵی داهاتو كاره‌بای بیناكانی شه‌قامی سالم دابین بكه‌ن.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌به‌رێتیی كاره‌بای سلێمانیش، له ئێستادا له وێستگه‌ی رزگاری، (9)فیده‌ری كاره‌بای (33 كه‌یڤی) هه‌یه، به‌ڵام ته‌نها (5)فیده‌ریان له كاردانو 4 فیدهرهكهی دیكه‌ی یه‌ده‌گه‌و ده‌توانرێت بۆ ئه‌و شه‌قامه به‌كاربهێنرێن، چونكه كه‌مترین توانای ئه‌و (4)فیده‌ره (33 كه‌یڤی)یه بریتییه له بڕی (100) مێگاوات كاره‌باو به ئاسانی ده‌توانن ئه‌و پێداویستییانه‌ی شه‌قامی سالم بۆ چه‌ند ساڵێك دابین بكه‌ن كه وه‌زیر باسی ده‌كات، چونكه وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ی رۆژنامه باسی ده‌كات، له ئێستادا هه‌مو پێداویستیی ئه‌و شه‌قامه، له (15)مێگاوات تێپه‌ڕ ناكات‌و به‌م پێیه‌ش، به هێنانی ئه‌و وێستگه‌یه ژماره‌ی فیده‌ره (33 كه‌یڤی)یه كارپێنهكراوهكانی وێستگه‌ی رزگاری ده‌بنه (28)فیده‌ری یه‌ده‌گ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سودێكیان لێوه‌ربگیرێت.
كارگه‌كانی چیمه‌نتۆ، به‌بێ كۆنترۆڵ كاره‌با وه‌رده‌گرن
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه زیاتر رونی كرده‌وه كه هێڵی (132 كه‌یڤی) بۆ ئه‌و كارگانه سودی زۆری هه‌یه، به‌و پێیه‌ی كوژاندنه‌وه‌و ئیشپێكردنی له‌ژێر كۆنترۆڵی وێستگه‌كانی تایبه‌ت به خۆیاندایه‌و دور له ده‌سه‌ڵاتی حكومهتو له‌هه‌مانكاتدا به درێژایی هه‌بونی كاره‌با، ئه‌وان كاره‌بایان ده‌بێت، ئه‌وه‌ش به زیان بۆ سه‌ر به‌شه بڕی كاره‌بای پارێزگای سلێمانی كۆتایی دێت، بۆیه دانانی ئه‌و وێستگه‌یه له بازیان، سودی زۆری ده‌بێت بۆ حكومهتو هاوڵاتیانو رێگه‌ش له به‌هه‌ده‌ردانی ئه‌و بڕه كاره‌بایه ده‌گرێت كه ئه‌و كارگانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌كاریده‌هێنن، چونكه ئێستا ئه‌و ناوچه‌یه (بازیان) به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت كه ببێته ناوچه‌یه‌كی پیشه‌سازیی به‌و پێیه‌ی ژماره‌یه‌ك كارگه‌ی چیمه‌نتۆو كارگه‌ی دیكه‌ی تێدایه‌و له ئاینده‌شدا كارگه‌ی ئاسن تواندنه‌وه‌ی لێ‌دروست ده‌كرێت.
بۆیه، گواستنه‌وه‌ی ئه‌و وێستگه‌یه زیانی دهبێتو سودمه‌ندی یه‌كه‌م، كارگه‌كانی چیمه‌نتۆی ماسو بازیانن، نه‌ك هاوڵاتیان، بۆیه دانانی وێستگه‌كه له بازیان، ئه‌و كارگانه ناچار ده‌كات كه كاره‌با له‌و وێستگه‌یه‌وه وهربگرنو حكومهتو به‌ڕێوه‌به‌رێتیی كاره‌باش، ده‌سه‌ڵاتی كۆنترۆڵ‌و ئیشپێكردنی ئه‌و كارهبایهیان دهبێتو به پێچه‌وانه‌شه‌وه هێنانی وێستگه‌كه بۆ رزگاری هیچ سودێكی ئابوری نابێت.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رێتیی كاره‌بای سلێمانی كه له‌به‌ر هه‌ستیاریی دۆسیه‌كه، نه‌یویست ناوی بهێنرێت، به (رۆژنامه)ی راگه‌یاند: "ساڵی (2008)، داوا له‌كاره‌بای سلێمانی كراوه كه لیستێك ئاماده بكه‌ن بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه ئهولهویهتنو پێویستیان به جێبه‌جێكردنه، دوای ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌كه‌و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاره‌با، رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه (8)وێستگه‌ی نوێ دابنرێت‌و نوێكردنه‌وه له (2)وێستگه‌ی تردا بكرێت‌و ئه‌و پڕۆژانه خرانه قۆناغی (5)ه‌وه".
یه‌كێك له‌و پڕۆژه گرنگانه، دروستكردنی وێستگه‌ی گۆڕین (132- 33 كه‌یڤی)ی بازیان بو، به سێ محه‌ویله وێستگه‌یه‌كی (132-33-11 كه‌یڤی) بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وێستگه‌یه سودی بۆ كارگهكانو ماڵانیش ههبێتو دواتر وه‌زاره‌تی كاره‌با ئه‌وه‌ی فه‌رزكرد كه ئه‌و وێستگه‌یه ته‌نها (132-33) بێت‌و (11 كه‌یڤی)یه‌كه‌ی لێدهركاتو بو به سێ مهحهویله كه توانای هه‌ریه‌كێكیان (125mva) یه واته به هه‌رسێكیان (375mva)ه به‌و پێیه ئه‌و ناوچه‌یه ده‌بێته ناوچه‌یه‌كی پیشهسازیو چه‌ندین كارگه‌ی تێدا دروستده‌كرێت.
كاتێك بڕیاریاندا له‌و پڕۆژه‌یه، كۆمپانای چیمه‌نتۆی ماس ته‌واو نه‌كرابو و كارگه‌ی چیمه‌نتۆی بازیانیش به مۆلیده كاره‌بایان بۆ خۆیان دابیندهكردو له رۆژی (5/10/2009)ه‌وه هه‌مو پڕۆژه‌كانی قۆناغی (سته‌یجی5) ده‌ستبه‌كاربون، به‌ڵام تا ئێستا هیچ كارێك له‌سه‌ر وێستگه‌ی بازیان نه‌كراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌یه‌وێت ئه‌و وێستگه‌یه بگوازێته‌وه‌و به‌هۆی دروست نه‌كردنی هیچ وێستگه‌یه‌كی گۆڕینه‌وه، ئێستا راسته‌وخۆ له هێڵی (132)ه‌وه كاره‌با ده‌درێته كارگه‌ی چیمه‌نتۆی ماسو كارگه‌كه وێستگه‌یه‌كی گۆڕین (132-33 كه‌یڤی) له‌ناو كارگه‌كه‌ی داناوه‌و به به‌رده‌وامی كاره‌با له‌و هێڵه‌وه وه‌رده‌گرێت.
(132) بۆ دابه‌شكردن نییه
له‌كاتێكدا هێڵی (132 كه‌یڤی) ته‌نها بۆ گواستنه‌وه‌ی كاره‌بایه بۆ شوێنه دوره‌كان به ڤۆڵتیهیهكی به‌رز، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین له‌ده‌ستچون هه‌بێت، نه‌ك بۆ دابه‌شكردن، واته كاری ئه‌و هێڵانه گواستنه‌وه‌ی كاره‌بایه له سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه بۆ وێستگه‌كانی گۆڕین‌و ئێستا ئه‌و كاره‌بایه‌ی ده‌درێته كارگه‌ی چیمه‌نتۆی ماس، له‌ژێر كۆنترۆڵی كاره‌بای سلێمانیدا نییه‌و خۆی مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كات، له‌كاتێكدا ئه‌و كاره‌بایه‌ی وه‌ریده‌گرێت، هی وێستگه‌ی (750)مێگاواتی چه‌مچه‌ماڵه كه موڵكی هه‌مان وهبهرهێنهرهو خۆی بۆ هه‌ر كیلۆواتێك، ته‌نها (20)دینار ده‌داته حكومه‌ت، له‌كاتێكدا له وێستگه‌ی كاره‌بای چه‌مچه‌ماڵه‌وه هه‌ر كیلۆواتێك كاره‌با به (35)دینار ده‌فرۆشێته‌وه به حكومهتو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بێبه‌رامبه‌ر سوته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با دابین ده‌كات.
له‌ئێستادا كۆمپانیای چیمه‌نتۆی بازیانیش، داوای كاره‌با ده‌كات، راسته‌وخۆ له هێڵی پاڵه‌په‌ستۆ به‌رزی (132 كه‌یڤی)یه‌وه، سه‌رچاوه‌كه‌ی (رۆژنامه) ته‌ئكیدی كرده‌وه: "ئه‌و كارگه‌یه‌ش، هه‌مو مامه‌ڵه‌كانی تهواوكردوهو وه‌زاره‌تی كاره‌باش ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ئه‌وه پیشانداوه كه كاره‌با به‌هه‌مان شێوه بدرێته كارگه‌ی چیمه‌نتۆی بازیان‌و بۆ هه‌ر كارگه‌یه‌كی تریش كه له‌و ناوچه‌یه دروست بكرێت، وه‌زاره‌تی كاره‌با ناچاره به‌هه‌مانشێوه كاره‌بایان پێبدات‌و به‌گواستنه‌وه‌ی وێستگه‌ی كاره‌بای بازیان بۆ رزگاری، حكومه‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی خۆی پینه بكات".
به‌و بڕیاره‌ش، نزیكه (100)مێگاواتی كاره‌بای خه‌ڵكی شاری سلێمانی ده‌ڕوات بۆ سێ كارگه‌ی چیمه‌نتۆ (ماس-بازیان-تاسڵوجه) كه ده‌كاته (1/4)ی پێویستیی شاری سلێمانی‌و به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بڕه كاره‌بایه نزیكه‌ی 4-6 سه‌عات كاره‌بای سلێمانی زیاد ده‌كات، له كاتێكدا هه‌مو شاری سلێمانی پێویستی به (400)مێگاوات كارهبایهو ئه‌و كارهبایهشی ده‌درێته ئه‌و كارگانه، له‌ژێر كۆنترۆڵی كاره‌بای سلێمانیدا نییه، هه‌روه‌ك ئه‌و كارگانه جگه له چه‌ند بازرگانێك، سودی بۆ كه‌س نییه‌و ده‌بو ئه‌و كارگانه خۆیان كاره‌با بۆ خۆیان دابینبكه‌ن، چونكه ئه‌و كاره‌بایه‌ی ده‌درێته ئه‌وان، له به‌شی هاوڵاتییانه‌و كارگه‌كانیش خاوه‌ندارێتی ئه‌هلیین.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ش گواستنه‌وه‌ی وێستگه‌ی گۆڕینی (132-33 كه‌یڤی) بازیان بۆ رزگاری، چه‌ندین گرفت به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت له‌وانه، له‌دوری ته‌نها (300مه‌تره‌وه) وێستگه‌یه‌كی تری گۆڕین هه‌یه له گه‌ڕه‌كی رزگاریی شاری سلێمانی.
شه‌قامی سالم، ئه‌و كاره‌بایه‌ی ناوێت
سه‌باره‌ت به بیانوی حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی كه پێداویستیی باڵه‌خانه‌كانی سلێمانی پڕده‌كاته‌وه، سه‌رچاوه‌كه‌ی كاره‌بای سلێمانی، وتی: "دانانی سێ محه‌ویله‌ی (125) بۆ شه‌قامی سالم، رێژه‌یه‌كی زۆر زۆره‌و پێویستی به‌و بڕه كاره‌بایه نییه، ئه‌وه‌ش به‌بێ هیچ دیراسه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كراوه‌و ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رێتی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی كاره‌بای سلێمانیش، به گواستنه‌وه‌ی ئه‌و وێستگه‌یه، رازی نییه‌و داوا ده‌كات كه وێستگه‌كه له شوێنی خۆی له بازیان دابنرێت‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، به نیازن كه رونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گشتیی كاره‌بای سلێمانی‌و وه‌زاره‌تی كاره‌با بكهنو له‌و باره‌یه‌وه‌و دوباره داوا بكه‌ن، ئه‌گه‌ر سورن له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی وێستگه‌كه‌ی بازیان بۆ رزگاری، ده‌بێت له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی (2011) وێستگهیهكهی گۆڕینی (132-33-11 كه‌یڤی) له بازیان دروستبكرێته‌وه".
سه‌باره‌ت به لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری كاره‌با سه‌باره‌ت به پێداویستیی شه‌قامی سالم بۆ كاره‌بای (33 كه‌یڤی)، سه‌رچاوه‌كه‌ی (رۆژنامه) وتی: "به‌رپرسانی كاره‌با، ده‌ڵێن كه شه‌قامی سالم پێویستی به (113mva) كاره‌با هه‌یه به‌خه‌تی (33 كه‌یڤی) كه ده‌كاته نزیكه‌ی 90 مێگاوات، له‌كاتێكدا هه‌مو ئه‌و محه‌ویلانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه هه‌ن هه‌مویان (11kv)ن‌و بۆیه ده‌بێت سه‌رجه‌م تۆڕ‌و محه‌ویله‌كانی ئه‌و شه‌قامه كه دو ساڵه نوێكراونه‌ته‌وه، دوباره ده‌بێت بگۆڕرێنهوه به (33 kv) كه ئه‌ویش زۆرترین زیانی هه‌یه، چونكه ناكرێت كاره‌بای ئه‌و هێڵه پاڵه‌په‌ستۆ به‌رزه به عه‌مودو تاوه‌ر بگۆێزرێتهوهو ده‌بێت به‌ژێر زه‌ویدا رابكێشرێتو هه‌مو شه‌قامی سالم هه‌ڵبكه‌نرێت، هه‌روه‌ك بودجه‌یه‌كی زۆر زۆری دهوێتو ئه‌وه‌ش له‌ئێستادا له توانای حكومه‌تدا نییه".
وێستگه‌ی گۆڕینی بازیان كه بڕیاره ببرێته رزگاری، ته‌نها (24) فیده‌ری (33 كه‌یڤی) هه‌یه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوڵاتیان لێی سوده‌مه‌ند نابن، له‌كاتێكدا وێستگه‌ی گۆڕینی كاره‌بای رزگاری، خۆی (4)فیده‌ری به‌تاڵی (33 كه‌یڤی)ی یه‌ده‌گی هه‌یه كه به‌كار نههاتونو ده‌توانرێت هێڵی (33)ی لێدهربكرێتو به‌شی هه‌مو شه‌قامی سالم ده‌كات كه پێویستی به (100)مێگاوات هه‌یه، پێشتریش به‌ڕێوه‌به‌رێتی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی كاره‌بای سلێمانی، داوای نوێكردنه‌وه‌ی وێستگه‌ی رزگاری كردبو، به‌ڵام وه‌زاره‌ت به بیانوی نه‌بونی بودجه‌وه، ره‌زامه‌ندیی پیشان نه‌داوه‌و ئێستا هێنانی ئه‌و وێستگه‌یه ده‌كه‌نه بیانو، هه‌روه‌ك هه‌ریه‌ك له وێستگه‌كانی باشور‌و ئهزمهڕو زه‌رگه‌ته له شاری سلێمانی هێڵی (33 كه‌یڤی) به‌تاڵیان هه‌یه‌و ده‌توانرێت به‌كاربهێنرێن.
وێستگه‌كه‌ی بازیان
وێستگه‌ی گۆڕینی بازیان، بڕی (21)ملیار‌و (346)ملیۆن‌و (709)هه‌زارو (804)دیناری بۆ ته‌رخانكراوه.
بۆ دروستكردنی وێستگه‌ی كاره‌بای بازیان، پێشتر له رێگای وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و كاره‌باو ناحیه‌ی بازیانه‌وه، هه‌مو رێوشوێنه یاساییه‌كان تهواوكراونو زه‌وییه‌كه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌به‌رێتی كاره‌بای سلێمانی وه‌رگیراوه‌و ته‌نانه‌ت گرێبه‌ستی دو جوتیاری لهسهربوهو قه‌ره‌بو كراونه‌ته‌وه.
پارچه زه‌وییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته كه‌رتی (8)ی بازیانهوهو به بڕیاری ژماره (813) له رۆژی (19/1/2010)ی به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گشتیی گه‌شتوگوزار كه ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی كراوه، ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر پیشانداوه بۆ ته‌رخانكردنی روبه‌ری (19/17)دۆنم زه‌وی له‌سه‌ر پارچه زه‌ویی ژماره (1/6) بۆ به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گشتی كاره‌بای سلێمانی به مه‌به‌ستی وێستگه‌ی گۆڕینی كاره‌با له (132 كه‌یڤی)یه‌وه بۆ (32 كه‌یڤی)، ئه‌مه‌ش له وه‌ڵامی نوسراوی ژماره (374) له (12/1/2010) كه به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گشتیی زهویو زاری كردوه.
دواتر به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی، به نوسراوی ژماره (933)له (27/1/2010) ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گشتیی باجه‌كان/ خانوبه‌ره‌ی میری كردوه له‌گه‌ڵ نوسراوه‌كه‌دا نه‌خشه‌و كۆنوسو گشت به‌راییه‌كانیان ئاڕاسته كردون، ره‌زامه‌ندیی پیشانداوه‌و پارچه زه‌ویه‌كه وه‌رگیراوه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رێتی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی كاره‌بای سلێمانی به مه‌به‌ستی دروستكردنی وێستگه‌كه.
وێستگه‌كه‌ی سه‌نگه‌سه‌ریش، ئیفلیج كرا
له‌هه‌مان (قۆناغ) سته‌یجی پێنجی پڕۆژه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتیی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی كاره‌بای سلێمانیدا، دروستكردنی وێستگه‌ی كاره‌بای سه‌نگه‌سه‌ر بو كه بڕی (15)ملیار‌و (614)ملیۆن‌و (475)هه‌زارو (44)دیناری بۆ ته‌رخان كراوه، بۆ گۆڕینی هێڵی (132) بۆ (33-11 كه‌یڤی)دواتر گوازراوه‌ته‌وه بۆ قه‌ڵادزێ، له‌كاتێكدا قه‌ڵادزێ هێڵی (132 كه‌یڤی) پێنه‌گه‌یشتوه‌و زیاتر له (12) كیلۆمه‌تر له‌و هێڵه‌وه دوره، بۆیه ده‌بێت هێڵی (132)ی بۆ رابكێشرێتو دوباره (33-11 كه‌یڤی)ی لێوه‌ربگیرێته‌وه، ئه‌مه‌ش دوجار به‌هه‌ده‌ردان‌و به‌فیڕۆدانی سامانی وڵاته.
وه‌زیری پێشوی كاره‌باش له كابینه‌ی پێنجه‌م، بڕیاریدابو كه وێستگه‌ی گۆڕین له هیچ شوێنێك دروست ناكرێت كه هێڵی (132 كه‌یڤی) نهبێتو به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ی (رۆژنامه)، له‌گواستنه‌وه‌ی وێستگه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر بۆ قه‌ڵادزێ، نهحسابی پاره‌و بودجه كراوه، نه پلاندانان‌و له‌كاتێكدا به‌دروستكردنی ئه‌و وێستگه‌یه له سه‌نگه‌سه‌ر، هه‌مو كێشه‌ی ناوچه‌ی پشده‌ری چاره‌سه‌ر ده‌ركرد، به‌ڵام له گواستنه‌وه‌ی بۆ قه‌ڵادزێ سودێكی ئه‌وتۆی نابێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشتر سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵێنی دروستكردنی ئه‌و وێستگه‌یه‌ی به قه‌ڵادزێ داب‌و، ئێستا وێستگه‌كه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر گوازراوه‌ته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه بۆ پڕۆژه‌كانی قۆناغی پێنجه‌م (سته‌یج 5) ته‌رخانكراوه كه به‌هاكه‌ی ده‌گاته (76) ملیار‌و (197) ملیۆن‌و (733) هه‌زارو (234) دینار هیچ پاره‌یه‌ك بۆ سپَیرپارت (كه‌لوپه‌لی یه‌ده‌گ) دانه‌نراوه كه ده‌بوایه 20%ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ مه‌وادی یه‌ده‌گ ته‌رخان بكرایه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی كاره‌با ئه‌م مه‌سه‌له گرنگه‌شی فه‌رامۆش كردوه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له ئاینده‌دا هه‌ر كێشه‌یه‌ك توشی ئه‌و وێستگانه ببێت له كاردهوهستنو چاره‌سه‌ر ناكرێن، بۆیه به پێویست ده‌زانرێت ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له كۆبونهوهكانیدا ئه‌و بابه‌ته باس بكات‌و له راستی‌و دروستی ئه‌و زانیاریانه بكۆڵنه‌وه‌و داواكاری گشتیش به‌دواداچون بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بكات.
رۆژنامه سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌و دۆكیومێنته‌كانی په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌ی له‌لایه.