فرمان عه‌بدولڕه‌حمان
"خه‌ون ئه‌م وڵاته‌ی دروست كرد، خه‌ون به دونیایه‌كی جوانتر، لێوان‌لێو له ئازادی‌و دادپهروهریو هه‌لی یه‌كسان بۆ مرۆڤه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئازادانه به شوێن به‌خته‌وه‌ریدا بگه‌ڕێن ". ئه‌مه وته‌ی جیمس تراسلو ئادامزه كه له ساڵی 1931 له چوارچێوه‌ی نوسینێكدا به ناوی خه‌ونی ئه‌مریكی بڵاویكرده‌وه.
مانگی رابردو ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسی عێراقی كه ئاماده‌كاری ئه‌م راپۆرته یه‌كێك بو له ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه به‌شداری پرۆگرامی IVLPیان كرد له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، وه‌فده‌كه هێشتا له فڕۆكه‌خانه‌ی جۆن ئێف كینیدی بون له نیویۆرك كاتێك روخساری دره‌وشاوه‌ی ئه‌و خه‌ونانه ده‌بینران كه دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌مریكا پێش 200 ساڵ لهمهوپێش له خه‌یاڵیاندا ژیاوه‌و بیریان لێكردوه‌ته‌وه.
رۆژی 9ی ته‌موزی رابردو له فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌لیكه عه‌لیا له شاری عه‌مانی پایته‌ختی ئوردن دوای 12 سه‌عات رێكردن، گه‌یشتینه فڕۆكه‌خانه‌ی جۆن ئێف كینیدی له شاری نیویۆرك، ئه‌م فڕۆكه‌خانه‌یه یه‌كێكه له فڕۆكه‌خانه زه‌به‌لاحه‌كانی دونیا، به‌وپێیه‌ی خاوه‌نی 177 گهیتو 11 تێرمیناڵه، به‌شێوه‌یه‌ك بۆ هاتوچۆكردن له نێوان تێرمیناڵێك بۆ تێرمیناڵێكی دی گه‌شتیاران ده‌بێت به شه‌مه‌نده‌فه‌ر هاتوچۆ بكه‌ن، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه له هه‌مو خوله‌كێكدا فڕۆكه‌یه‌ك هه‌ڵده‌ستێت‌و یه‌كێكی تر ده‌نیشێته‌وه‌و ریزبه‌ستنی فڕۆكه‌كان بۆ هه‌ستان دیمه‌نێكی سه‌رنج راكێشی دروستكردبو.
هه‌ڵبه‌ت پرۆگرامی IVLP پرۆگرامێكی سیاسی گرنگه‌و له ساڵی 1962ه‌وه ده‌ستی پێكردوهو ساڵانه 4400 كه‌س له هه‌مو گه‌لانی جیهان به‌شداری تێدا دهكهنو له نێویاندا چه‌ندان هه‌بون دواتر بون به سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان له‌وانه ئه‌نوه‌ر سادات، تۆنی بلێر.
له‌و گه‌شته‌ماندا جگه له‌وه‌ی چوار ویلایه‌تی جیاوازی ئه‌مریكا گه‌ڕاین هاوكات سه‌ردانی 8 زانكۆی موعتهبهرو 25 ده‌زگای راگه‌یاندنی جیاواز له نێویاندا cnnو فۆكس فایفو ئاژانسی هه‌واڵی AP ئه‌مه سه‌رباری ده‌یان رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.
ناشناڵ مۆڵ‌و راكێشانی گه‌شتیار
یه‌كه‌م وێستگه‌ی گه‌شته‌كه‌مان بۆ شاری واشینتۆن دی سی، به به‌راورد به‌وه‌ی كه پایته‌ختی گه‌وره‌ترین زلهێزی جیهانه، پایته‌ختێكی بچوكه‌و ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له 600 هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕ ناكات، له بنه‌ڕه‌تدا واشینتۆن سه‌ر به هیچ ویلاتێكی ئه‌مریكی نیه، راسته‌وخۆ له ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی فیدڕاڵیدایه، هه‌ڵبه‌ت شارێكی دیكه هه‌یه له ویلایه‌تی سیاتڵ له كه‌ناری خۆرئاوای ئه‌مریكا به هه‌مان شێوه ناوی واشینتۆنه، به‌ڵام واشینتۆنی پایته‌خت له كه‌ناری خۆرهه‌ڵاته‌و هه‌میشه پاشگری دی سی واته (كه‌رتی كۆلۆمبیا)ی له‌گه‌ڵدایه.
یه‌كێك له شوێنه سه‌رنجڕاكێشه‌كانی واشینتۆنی پایته‌خت ناوچه‌یه‌كه پێی ده‌وترێت ناشناڵ مۆڵ، كه هه‌ریه‌كه له بینای كۆنگرێس‌و كۆشكی سپی‌و مۆنۆمێنتی واشینتۆنو مه‌زاری لینكۆڵنو تۆماس جیفهرسۆنی تێدایه سه‌رباری 27 مۆزه‌خانه‌ی جیاواز له گرنگترینیان مۆزه‌خانه‌ی مێژوی سروشتی، مۆزه‌خانه‌ی فڕۆكهوانیو ناسا‌و مۆزه‌خانه‌ی هه‌واڵ‌و مۆزه‌خانه‌ی ئه‌رشیفی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا، بیرۆكه‌ی دانانی ئه‌م مۆزه‌خانانه هاوڵاتیه‌كی ئیتاڵی بوه به ناوی سیمسۆنیان كه پاره‌یه‌كی هێجگار گه‌وره‌ی بۆ تهرخانكردو تاكه مه‌رجیشی ئه‌وه‌بوه كه ده‌بێت میوانان به خۆڕایی سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌كان بكه‌ن، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌و كابرایه له هه‌مو ژیانیدا بۆ تاكه جارێكیش سه‌ردانی ئه‌مریكای نه‌كرد، ئه‌م مۆزه‌خانانه سه‌رباری ئه‌وه‌ی بونه‌ته شوێنێكی گرنگی گه‌شتیاری، له هه‌مانكاتدا میكانیزمێكی ئاسان‌و شارستانیه بۆ گه‌یاندنی په‌یامه سیاسی‌و ژیاریه‌كانی وڵات‌و زیندو هێشتنه‌وه‌ی پرۆسه مێژوییهكانیشه.
هۆتێلی ۆلفهرو چیرۆكه سه‌یره‌كه‌ی
هۆتێلی ۆڵفهر كه یه‌كێكه له هۆتێله دێرینه‌كانی شاری واشینتۆن خاوه‌نی چیرۆكێكی سه‌رنجڕاكێشه‌و سه‌ره‌تای دروستبونی لۆبی یان گروپه‌كانی فشار له‌و هۆتێله‌وه سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌ویش له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی یۆلیسیس گرانت، له ساڵی 1868 كه هه‌ژده‌هه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوه، هه‌مو رۆژانی سێشه‌ممه به شێوه‌یه‌كی نهێنی سه‌رۆك گرانت ده‌چێته هۆڵی هۆتێل ۆڵفهر بۆ خواردنه‌وه‌ی چه‌ند پێكێك، پاشان خه‌ڵكی پێده‌زانن كه سه‌رۆك له‌و واده دیاریكراوه‌دا دێته ئه‌و هۆتێله، هه‌ربۆیه بۆ چه‌سپاندنی داخوازیه‌كانیان له‌به‌رده‌م لۆبی هۆتێله‌كه‌دا كۆده‌بونه‌وه‌و زۆرجار كۆبونه‌وه‌كانیان كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌رۆك رانت دروست دهكردو داخوازیه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كرا، لێره‌وه چه‌مكی لۆبی له روه سیاسیه‌كه‌یه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا، به‌وپێیه‌ی لۆبی له زمانی ئینگلیزی‌دا واته هۆڵی هۆتێل، به‌ڵام له راستیدا مانایه‌كی سیاسی هه‌یه كه بریتیه له گروپه‌كانی فشار له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا، كه له بنه‌ڕه‌تدا له‌و چیرۆكه‌ی هۆتێل ۆڵفهرهوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه.
مانهاتن گه‌ڕه‌كێكی سێ ملیۆنی
دوه‌م وێستگه‌ی گه‌شته‌كه‌مان شاری نیویۆرك بو، دوری نێوان واشینتۆن بۆ نیویۆرك به ئۆتۆمۆبیل 5 سه‌عاته، به درێژایی ئه‌و رێگایه ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه دارستانێكی چڕ‌و سروشتیه‌و موڵكی ویلایه‌ته‌كه‌یه نه‌ك وه‌كو لای ئێمه هه‌ر 10 بۆ 12 دۆنمێك له ناوچه سروشتیه‌كانمان له لایه‌ن به‌رپرسێكه‌وه داگیر كرابێت‌و كرابێته باخ به‌ڵام باخێكی ناشرین.
مانهاتن گه‌ڕه‌كێكی شاری نیویۆركهو نزیكه‌ی سێ ملیۆن كه‌سی تێدا نیشته‌جێیه، هه‌ر بۆیه یه‌كێك له دیارده سه‌یره‌كان له‌م شاره‌دا ئه‌وه‌یه كه هه‌مو شتێك به سه‌ره‌یه، به مانایه‌كی تر سه‌ره گرتن بوه به كه‌لتورێكی جوان، سه‌ره‌گرتن بۆ نانخواردن، بۆ میترۆ، شانۆ، بۆ مۆزه‌خانه‌كان، هه‌ربۆیه ئه‌و چڕی دانیشتوانه هیچ كاریگه‌ریه‌كی نێگه‌تیڤی نه‌كردوه‌ته سه‌ر ره‌وشی ژیان له ناوچه‌كه‌دا چونكه هه‌مو شتێك به‌رمه‌بنای رێكخستنێكی ورد ئاڕاستهكراوه.
مانهاتن به بینا به‌رزه‌كانی ناسراوه كه هاوڕێی رۆژنامه‌نوسم ئاسۆ سه‌راوی وشه‌ی (ئاسمان روشێنهكان)ی بۆ به‌كارهێنا بو، له مانهاتن ژیان وه‌كو شاره میرۆلهیهك وایه هه‌مو كه‌سێك سه‌رقاڵه، به‌ڵام سه‌رقاڵی هیچ له به‌های جوانی مرۆڤه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی كه‌م نه‌كردوه‌ته‌وه‌و ته‌نها پرسیارێك كافی بو بۆ ئه‌وه‌ی له كاردانه‌وه‌ی ئینسانیانه‌ی زۆربه‌ی مرۆڤه‌كانی ئه‌و شاره تێبگه‌یت.
یه‌كێك له شه‌قامه گرنگه‌كانی مانهاتن بریتیه له شه‌قامی برۆدوه‌ی كه به شه‌قامی نمایشی شانۆگه‌ری به‌ناوبانگه‌و وه‌كو وه‌فدی رۆژنامه‌نوسانی عێراق بانگهێشتی یه‌كێك له شانۆگه‌ریه‌كانی برۆدوه‌ی كراین، ئه‌ویش شانۆگه‌ری مامامیا بو، كاتێك شه‌قامی شانۆگه‌ریه‌كانی برۆدوه‌ی ده‌بینیت مرۆڤ حه‌سره‌تێكی گه‌وره بۆ شانۆ ده‌خوات له وڵاتی خۆیدا، چونكه هیچ شانۆگه‌ریه‌ك نیه كه سه‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ نه‌گیرابێت، نرخی یه‌ك بلیتی نۆرماڵ بۆ شانۆییه‌كه‌ش 81 دۆلار بو.
سێنتراڵ پارك‌و تایم سكوێر
سێنتراڵ پارك‌و تایم سكوێر دو ناوچه‌و روخساری گرنگی شاری نیویۆركن، یه‌كه‌میان هێمایه بۆ ژینگه‌یه‌كی سروشتی جوان‌و رازاوه، دوههمیشیان هێمایه بۆ شارستانیهتو ده‌ستكه‌وتێكی مادیی جوانی شار‌و شارستانێتی.
سێنتراڵ پارك یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین باخچه ده‌ستكرده‌كانی جیهان، كه ساڵی 1872 دروستكراوه‌و زیاتر له 120 هه‌زار نه‌مامی تێدا نێژراوه، دروستكردنی ئه‌و باخچهیهو گرنگی پێدانیو ته‌رخانكردنی باشترین‌و گرانترین زه‌ویه‌كانی مانهاتن بۆ باخچه‌و روبه‌ری سه‌وزایی له كاتێكدایه كه زۆربه‌ی شاری نیویۆرك بریتیه له دارستانێكی سروشتی چڕ، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی ئاژه‌ڵ و مرۆڤ له سه‌رجه‌م شاره‌كانی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر تایبه‌تیه بۆ نمونه هه‌مان ئه‌و چۆله‌كه‌یه‌ی لای خۆمان هه‌یه له‌وێش هه‌بو به‌ڵام چۆله‌كه‌ی ئه‌وێ له ماڵی ماڵیتر بو، له‌تێك بسكیتت بخستایه‌ته سه‌ر ده‌ستت ده‌یان چۆله‌كه له ده‌وری كۆدهبوهوه، ئه‌مه جگه له كۆتر‌و قهلهڕهشو سمۆره‌و نهورهسو باڵنده‌ی تر كه جوانیه‌كی تریان به‌خشیبو به دار‌و سه‌وزاییه‌كان.
به هه‌مان شێوه تایم سكوێر مه‌یدانێكی گرنگه له شاری نیویۆرك‌و بیناكانی ناوچه‌كه هه‌موی به گڵۆپ‌و دیسكۆلایتو ریكلامی سه‌رنجڕاكێش رازێنراوه‌ته‌وه له‌م مه‌یدانه‌دا شه‌و و رۆژ مانای نامێنێت‌و هه‌مو كاتێك جمه‌ی دێت له خه‌ڵكی، قسه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیدار به تایم سكوێر هه‌یه ده‌ڵێت "هه‌ر كه‌سێك تایم سكوێر ببینێ وه‌ك ئه‌وه‌یه سێ چاره‌كی ئیتنه جیاوازه‌كانی جێهان ببینێ".
ئهتڵهنتاو ئۆڵۆمپیادی 1996
سێهه‌م وێستگه‌ی گه‌شته‌كه‌مان بریتی بو له شاری ئه‌تڵه‌نتا له ویلایه‌تی جۆرجیا، ئه‌تڵه‌نتا سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه بنكه‌ی سه‌ره‌كی كه‌ناڵی CNNو سه‌نته‌ری سه‌ره‌كی كارگه‌ی كۆكاكۆلاو پێشه‌نگای جۆرجیا ئه‌كواریۆم كه پێنج هه‌زار جۆری ئاژه‌ڵی ئاوی تێدایه، هاوكات مه‌زاری مارتن لۆسه‌ر كینگو كتێبخانه به‌ناوبانگه‌كه‌ی جیمی كارته‌ری تێدایه، به‌ڵام هه‌تا ساڵی 1996 شارێكی نه‌ناسراو بوه‌و خاوه‌نی چڕییه‌كی زۆر كه‌می دانیشتوان بوه، به‌ڵام له ساڵی 1996 دوای ئه‌وه‌ی یاریه‌كانی ئۆڵۆمپیاد له‌و شاره ئه‌نجام ده‌درێت، ئیدی ناوبانگ‌و شوهرهتێكی زۆر په‌یدا دهكاتو به‌شێكی گرنگی سیماكانی شاره‌كه‌ش تائێستا شوێنكاره‌كانی ئه‌و روداوه وه‌رزشیه گرنگه‌ی جیهانی پێوه‌دیاره.
ره‌وه‌ندی كوردی‌و رۆڵ پله‌یه‌ر
ره‌وه‌ندی كوردی تائێستاشی له‌گه‌ڵ بێت به ژماره‌یه‌كی كه‌م ده‌خه‌مڵێنرێت له ئه‌مریكادا به‌وپێیه‌ی كه كیشوه‌رێكی دوره له ئێمه‌وه، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه په‌نابه‌ری نایاسایی توانای ژیانی نیه له‌و وڵاته، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ره‌وه‌ندی كوردی هه‌یه، كه زۆرێكیان له ساڵی 1996ه‌وه كۆچیان كردوه بۆ ئهمریكاو به‌شێكی دیكه‌یان له دوای ساڵی 2004ه‌وه ئه‌و رێژه‌یه‌ش له هه‌ڵكشانی زیاتردایه.
له شاری ئه‌تڵه‌نتا له رێگه‌ی دۆستێكمه‌وه چه‌ند خێزانێكی كوردم بینی، به پێی وته‌ی ئه‌وان نزیكه‌ی 200 خێزانی كورد له شاری ئه‌تڵه‌نتا ئه‌ژین، كه توانیویانه كۆمه‌ڵه‌یه‌كی كوردی دابمه‌زرێنن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كورده‌كان، به‌ڵام زۆرینه‌ی ره‌وه‌ندی كوردی له ویلایه‌تی تینیسی ده‌ژین له شاری ناشفیڵد كه ژماره‌یان نزیكه‌ی 3 هه‌زار خێزان ده‌بێت، زۆرینه‌ی عێراقیه‌كان به كورده‌كانیشه‌وه سه‌رقاڵی كارێكی سه‌یرن له ئه‌مریكا، كاره‌كه‌یان پێی ده‌وترێت رۆڵ پله‌یه‌ر واته ده‌ور بینین، مه‌به‌ست لێی دهوربینینه له‌و شاره ده‌ستكردانه‌ی كه سوپای ئه‌مریكا دروستی كردوه له سه‌ربازگه‌كاندا وه‌ك شێوه‌ی شاری عێراقی ئیدی خێزانه كورده‌كان رۆڵی دانیشتوانی ئه‌و شاره ده‌ستكرده دهبیننو گه‌نجه‌كانیش رۆڵی تیرۆریسته‌كان ده‌بینن، ئه‌مه‌ش به ئامانجی راهێنانی ئه‌و سه‌ربازه ئهمریكیانهیه كه به‌ره‌و عێراق ده‌ڕۆن.
سان فرانسیسكۆ شاری ئازادیه‌كان
دواهه‌مین وێستگه‌ی گه‌شته‌كه‌مان بریتی بو له شاری سان فرانسیسكۆ له ویلایه‌تی كالیفۆرنیا له كه‌ناری خۆرئاوای ئه‌مریكا، دوری نێوان شاری ئهتڵهنتاو سان فرانسیسكۆ 5 سه‌عاته به فڕۆكه‌و جیاوازی كاتیش له نێوان خۆرئاوا بۆ خۆرهه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌دا سێ سه‌عاته ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی بهرافراوانی روبه‌ری ئه‌مریكا ده‌رده‌خات.
شاری سان فرانسیسكۆ به شاری ئازادی‌و بزوتنه‌وه ئازادیه‌كان داده‌نرێت، به‌وپێیه‌ی خاوه‌نی (زانكۆی بێركلی)ه كه یه‌كێكه له زانكۆ گرنگه‌كانی دونیا‌و زۆربه‌ی خۆپیشاندان‌و بزوتنه‌وه ئازادیخوازیهكانی ئه‌مریكا له‌م زانكۆیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه هه‌ر له خۆپیشاندانه‌كان دژی جه‌نگی ڤێتنام هه‌تا ده‌گاته زه‌واجی هۆمۆكان. هه‌ربۆیه یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه به ناوی گهرهِكی كاسترۆ ته‌رخانكراوه بۆ هۆمۆكان.
ئه‌م شاره له‌سه‌ر هێڵی چالاكی بومه‌له‌رزه‌یه‌وه زۆربه‌ی بیناكانی ره‌چاوی سه‌لامه‌تی ئه‌و دیارده سروشتیه‌یان تێدا كراوه، ساڵی 1906 بومه‌له‌رزه‌یه‌ك له شاره‌كه‌یدا به گوڕی 8.5 پله به پێوه‌ری رێخته‌ر كه بوه هۆی سوتانی شاره‌كه‌و سه‌ره‌نجام كوشتنی 3000 كه‌س، به‌ڵام له ئێستادا بیناكانیان به شێوه‌یه‌ك دروست كردوه كه له كاتی بونی بومهلهرزهشدا كه‌مترین زیان بكه‌وێته‌وه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه بیناكانیان 100 هێنده‌ی هۆتێل سۆمای لای خۆمانه كه له شۆرتێكی كاره‌بادا 50 كه‌سی كرده قوربانی.
یه‌كێك له سیما گرنگه‌كانی شاره‌كه بریتیه له پردی گۆڵدن گه‌یت واته ده‌روازه‌ی ئاڵتونی كه ساڵی 1937 به سێ ساڵ دروست كراوه، پرده‌كه تا ساڵی 1978 درێژترینو به‌رزترین پردی هه‌ڵواسراو بوه له جیهاندا به‌ڵام ئێستا بهرزترینو درێژترین پرد نه‌ماوه چونكه پردی تر ئه‌و ناوبانگه‌ی لێسه‌ندوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا یه‌كێكه له موعجیزه‌كانی ئه‌ندازیاری چونكه پێی ده‌وترێت (فۆر ئێڤه‌ر) واته بۆ هه‌میشه دروستكراوه هه‌تا ژیان مابێت ئه‌و پرده‌ش ده‌مێنێت.
هاوینێكی سارد
شاری سان فرانسیسكۆ خاوه‌نی دیارده‌یه‌كی سروشتی زۆر سه‌رنجڕاكێشه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هاوینی ئه‌م شاره زۆر سارده به پێچه‌وانه‌ی هه‌مو نیوه‌گۆی باكوری زه‌وی، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه له هاویندا ژماره‌یه‌ك ته‌وژمی زه‌ریای هێمن له‌گه‌ڵ خۆی به‌فری تواوه‌ی جه‌مسه‌ری باكور ده‌هێنێته كه‌ناراوه‌كانی شاره‌كه‌و به‌وه‌ش هه‌وایه‌كی سارد‌و زستانی ئاوێته‌ی شاره‌كه ده‌بێت، به شێوه‌یه‌ك مرۆڤ هه‌ست ده‌كات له چله‌ی زستانی لای خۆماندایه، له‌وباره‌یه‌وه ئه‌رنست هه‌مه‌نگوای له یه‌كێك له سه‌ردانه‌كانیدا بۆ ئه‌م شاره وته‌یه‌كی هه‌یه ده‌ڵێت"ساردترین زستان، هاوینی سان فرانسیسكۆیه".
جگه له‌وه سان فرانسیسكۆ گرنگیه‌كی زۆر به ژینگه ده‌دات، ئه‌گه‌رچی گرنگی دان به ژینگه یه‌كێكه له ستراتیژه گرنگه‌كان له ئه‌مریكا به‌ڵام شاری سان فرانسیسكۆ به پله‌ی ئیمتیاز گرنگی به‌و بواره ده‌دات، بۆ نمونه له هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه پشت به پاسی كاره‌بایی ده‌به‌ستن له‌گه‌ڵ هۆكارێكی تردا كه پێی ده‌وترێت كێبڵ كار كه هه‌ردو ئه‌و هۆكاره پاشماوه‌یان نیه‌و ژینگه پیس ناكه‌ن.
خه‌ونی ئه‌مریكی
له‌و جوگرافیایه‌ی كه پێی ده‌وترێت وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا هه‌مو شته‌كان هه‌ڵگری یه‌ك ئاماژه‌ن، ئاماژه‌ی خه‌ون یان خه‌یاڵێكی جوانتر له‌و پرۆسانه‌ی كه ره‌هه‌ندی (ئێستا) كاریگه‌ری تێیدا هه‌یه، ئه‌و خه‌ونانه‌ی شارستانیه‌تی ئه‌مریكای له‌سه‌ر بینا كراوه له دوه‌م دێڕی به‌ڵگه‌نامه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مریكادا به‌یانكراوه كاتێك ده‌نوسرێت: "هه‌مو مرۆڤێك به یه‌كسانی دروستكراون‌و هه‌موشیان چه‌ند مافێكیان هه‌یه كه قابیلی ده‌ستكاری كردن نین، ئه‌وانیش بریتین له مافی ژیان‌و ئازادی‌و گه‌ڕان به شوێن بهختهوهریو به‌ده‌ستهێنانی".
جیمس تراسلو ئادامز ده‌ڵێت: "ئه‌مریكا ئه‌و وڵاته‌یه كه چانسی مرۆڤ له ژیانیدا په‌یوه‌سته به توانا‌و به‌هره‌و زانینهكانیهوه، نه‌وه‌ك خێزان‌و ئاین‌و نه‌ته‌وه‌و بیروباوه‌ڕی سیاسی".
خه‌ونی دامه‌زراندنی وڵاتێك كه هه‌مو جوانیه‌كانی فه‌لسه‌فه‌و فیكری سیاسی ئه‌وروپای تێدا به‌رجه‌سته بوبێت، خه‌ونێك بوه له لایه‌ن دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌مریكاوه هیچ ئاست‌و كۆتاییه‌كی نیه، ئه‌مه‌ش به ئاشكرا له مۆنۆمێنتی واشینتۆندا گوزارشتی لێكراوه كه بریتیه له هه‌ره‌مێكی درێژكراوه بۆ ئاسمان، كه له ناوه‌ڕاستی شاری واشینتۆنی پایته‌ختی ئه‌مریكادایه. به‌ڵام ئه‌م هه‌ره‌مه له راستیدا لوتكه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كراوه‌و له بری ئه‌وه وێنه‌ی چاوێكی كراوه‌ی تێدایه، به‌و مانایه‌ی هه‌ره‌می شارستانیه‌تی ئه‌مریكا به‌رده‌وام له هه‌ڵكشاندایه‌و هه‌میشه‌ش چاوی له ئاینده‌یه، شێوه‌ی ئه‌م هه‌ره‌مه‌ش له دراوی وڵاته‌كه‌یاندا له جۆری یه‌ك دۆلاری به ئاشكرا ئاماژه‌ی بۆ كراوه.
هه‌رچه‌نده به‌ڵگه‌نامه‌ی راگه‌یاندنی سهربهخۆییو دواتر ده‌ستوری ئه‌مریكا هه‌مواركردنه گرنگه‌كانی بناغه‌ی پته‌وی ئه‌و خهونو خه‌یاڵه سیاسیه‌ی دروستكرد، ئه‌م خه‌ونه له‌سه‌ره‌تادا خه‌یاڵێكی خاكیانه بو، به‌ڵام به‌رده‌وام لێشاوی كۆچی ئه‌و مرۆڤانه‌ی له بێئومێدی‌و ترس‌و ستهمكاریو هه‌ژاری له ناوچه جیاوازه‌كانی دونیا هه‌ڵده‌هاتن‌و ده‌هاتنه ئه‌مریكا په‌ره‌یان به فراوانكردنی ئه‌و خه‌ونه دا‌و له‌و پێناوه‌شدا هه‌میشه پشتیان به دوه‌م دێڕی به‌ڵگه‌نامه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مریكا ده‌به‌ست كه چهسپاندبوی هه‌مو كه‌سێك به یه‌كسانی دروستكراوه، هه‌ربۆیه بزوتنه‌وه‌ی فیمینیسته‌كان توانیان له ساڵانی 1920 مافی ده‌نگدان بۆ ئافره‌ت مسۆگه‌ر بكه‌ن، له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوشدا بزوتنه‌وه مه‌ده‌نیه‌كان توانیان مافی ره‌شپێسته‌كان بچه‌سپێنن، ئه‌م ئهزمونو خه‌ونه‌ی ئه‌مریكیه‌كان ئێستا له سه‌ده‌ی سێهه‌می ته‌مه‌نیدایه‌و په‌ره‌سه‌ندن‌و گه‌شه‌كردنیشی هه‌ر به‌رده‌وامه، به‌شێوه‌یه‌ك له هه‌ڵبژاردنی چلوچوارههمین سه‌رۆكی ئه‌مریكادا ره‌شپێستێك بوه سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته.
دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌مریكا
وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا گۆكارێكی ده‌ستوری فیدراڵیه‌و له 50 ویلایه‌ت پێكهاتوه، 48 ویلایه‌تیان سنوریان پێكه‌وه‌یه له نێوان زه‌ریای ئه‌تڵه‌سیو زه‌ریای هێمندا، ویلایه‌تی ئالاسكاش له باكوری رۆژئاوای كیشوه‌ری ئه‌مریكای باكوره، هه‌روه‌ك ویلایه‌تی هاوای كه له ژماره‌یه‌ك دورگه پێكهاتوه كه‌وتوه ناوه‌ڕاستی زه‌ریای هێمنه‌وه.
سه‌ره‌تا وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له 13 ویلایه‌تی سه‌ربه‌خۆ پێكهات دوای ئه‌وه‌ی توانیان سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بهێنن به سه‌ركردایه‌تی جۆرج واشینتۆن له ده‌ستی به‌ریتانیه‌كان، له ساڵی 1776دا به‌ڵگه‌نامه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یه‌ندرا كه به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له لایه‌ن تۆماس جیفه‌رسۆن سێهه‌م سه‌رۆكی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا داڕێژرا.
دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌مریكا كه به باوكانی دامه‌زرێنه‌ر ناسراون بریتی بون له كۆمه‌ڵێك سیاسی كه زۆر له ژێر كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری ئه‌وروپادا بون، خودی خۆشیان به‌شێك بون له پێكهێنه‌رانی بیری رۆشنگه‌ری، گرنگترینیان بریتین له جۆرج واشینتۆن رابه‌ری سه‌ربه‌خۆیی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له ده‌ستی به‌ریتانیا، تۆماس جیفه‌رسۆن داڕێژه‌ری به‌ڵگه‌نامه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئهمریكاو باوه‌ڕبونی ته‌واوی به بنه‌مای "حكومه‌ت له گه‌له‌وه بۆ گه‌ل"، هه‌روه‌ها ئیبراهام لینكۆڵن كه باوه‌ڕی ته‌واوی به یه‌كسانی مرۆڤ هه‌بوه‌و له پێناو نه‌هێشتنی سیستمی كۆیلایه‌تیدا جه‌نگاو هه‌ر له‌وپێناوه‌شدا بوه قوربانی.
ده‌یڤید گرین، سه‌رۆكی پرۆژه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری یه‌كه‌م كه رێكخراوێكی ناحكومیه راگه‌یاند كه باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌مریكا كه‌سانێكی له خۆبردو بون‌و خاوه‌نی خه‌یاڵێكی مه‌زن بون بۆ دامه‌زراندنی وڵاتێكی دیموكراسی، ده‌یڤید نمونه‌ی جۆرج واشینتۆن ده‌هێنێته‌وه كه گه‌وره‌ترین خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی كرد دژی هێزه‌كانی به‌ریتانیا به‌ڵام ته‌نها دو خولی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكای گرته ده‌ست (1789 بۆ 1797)، شه‌رعیه‌تی بون به سه‌رۆكیشی له خه‌باته‌كه‌یه‌وه به ده‌ست نه‌هێنا، به‌ڵكو به هه‌ڵبژاردن بوه یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئه‌مریكا.
دوای راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی حكومه‌تێكی فیدراڵی پێكهێنرا له‌و 13 ویلایه‌ته دواتر له ساڵی 1787دا رێككه‌وتننامه‌ی فیلادلفیا ده‌ستوری ئه‌مریكی په‌سه‌ندكرد، پاشان له ساڵی 1791دا به‌ڵگه‌نامه‌ی مافه‌كان په‌سه‌ندكرا كه بریتی بو له 10 هه‌مواركردنه‌وه بۆ ده‌ستوری ئه‌مریكی تیایدا به شێوه‌یه‌كی ده‌ستوری هه‌مو ئازادیه‌كانی مرۆڤی چه‌سپاند له ئازادی ئاین، قسه‌كردن، ره‌خنه‌گرتن، رۆژنامه‌گه‌ری، كۆبونه‌وه‌و هه‌مو ئازادیه‌ك كه مرۆڤێكی خاوه‌ن كه‌رامه‌ت پێویستیه‌تی.
له ساڵی 1861دا جه‌نگی ناوخۆی ئه‌مریكا هه‌ڵگیرسا ئه‌ویش له نێوان ویلایه‌ته‌كانی باشور‌و حكومه‌تی فیدراڵیدا كه له ویلایه‌ته‌كانی باكوردا به‌هێز بو ئه‌ویش دوای ئه‌وه هات كه ویلایه‌ته‌كانی باشور له بڕیارێكی حكومه‌تی فیدراڵی یاخی بون به قه‌ده‌غه كردنی سیستمی كۆیلایه‌تی، ئه‌وه‌بو جه‌نگه‌كه ساڵی 1865 به سه‌ركه‌وتنی داكۆكیكاران له نه‌مانی سیستمی كۆیلایه‌تی كۆتایی هات.
له سه‌ده‌ی 19دا وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا به‌شێكی زۆر له زه‌ویه‌كانی ئێستای به‌ده‌ستهێنایه‌وه له فه‌ره‌نساو ئیسپانیا‌و مهكسیكو روسیا‌و به‌ریتانیا، هه‌ندێكیان به جهنگو هه‌ندێكیشیان به كڕینه‌وه، جگه له تهكساسو هاوای كه دو كۆماری سه‌ربه‌خۆ بون به شێوه‌یه‌كی ره‌زامه‌ندانه په‌یوه‌ندیان به وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاوه كرد.
ئێستا ئه‌مریكا سێهه‌م وڵاتی جیهانه له روی روبه‌رو ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك روبه‌ره‌كه‌ی ده‌گاته 9 ملیۆن‌و 830 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌و ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌شی به پێی ئاماری ساڵی 2008، 307 ملیۆن كه‌سه، هه‌ر له هه‌مان ساڵدا كۆی گشتی داهاتی نه‌ته‌وه‌ییان گه‌یشته 14.3 ترلیۆن دۆلار.
ده‌ستوری ئه‌مریكی
له ساڵی 1789دا كۆنگره‌ی فیلادلفیا یه‌كه‌م ده‌ستوری ئه‌مریكی په‌سه‌ند كرد‌و نوێنه‌رانی ئه‌و ویلایه‌تانه‌ی كه له كۆنگره‌كه‌دا ئاماده بون به باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌مریكا ده‌ناسرێن.
ده‌ستوری وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له دیباجه‌یه‌كی سێ دێڕی و 7 ماده پێكهاتوه، به‌ڵام تاوه‌كو ساڵی 1992، بیست‌و حه‌وت هه‌مواری تێدا چه‌سپێنراوه.
یه‌كه‌م هه‌مواركردن له ساڵی 1791دا ئه‌نجامدرا كه بریتی بو له زیادكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی مافه‌كان (bill of rights) كه پێكهاتبو له 10 هه‌مواركردن له گرنگترینیان هه‌مواری یه‌كه‌مه كه بریتیه له ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادیه‌كان، تێیدا هاتوه: "كۆنگرێس نابێت هیچ یاسایه‌كی تایبه‌ت ده‌ربكات كه ئاینێك له ئاینه‌كان بچه‌سپێنێت، یاخود ئازادی كۆت‌و به‌ند بكات، یان ئازادی قسهكرنو رۆژنامه‌گه‌ری دیاریبكات، یاخود رێگه له كۆبونه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ی خه‌ڵك بگرێت، یاخود رێگه له هاوڵاتیان بگرێت داوای مافه‌كانیان له حكومه‌ت بكه‌ن".
ئاری سۆگلین له رێكخراوی پاچ كه رێكخراوێكی رۆشنبیری قازانج نه‌ویسته له لێدوانێكدا بۆ (رۆژنامه) وتی: "ده‌ستوری ئهمریكیو به‌ڵگه‌نامه‌ی مافه‌كان بنه‌مای سه‌ره‌كی دامه‌زراندنی ئه‌و خه‌ونه بو كه باوكانی دامه‌زرێنه‌ر بیریان لێده‌كرده‌وه"، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه ده‌ستوری ئه‌مریكی كه بوه‌ته پاڵپشتی سه‌ره‌كی ئازادیه‌كان له ئه‌مریكادا له كاتێكدا داڕێژرا كه ئه‌مریكا به قۆناغێكی زۆر تاریكدا ده‌ڕۆیشت، به‌ڵام به بڕوای سۆگلین ئه‌وان ویستیان شتێك بۆ ئاینده‌و نه‌وه‌كانی داهاتو دروست بكه‌ن نه‌ك بۆ خۆیان.
ئاری سۆگلین ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ماده‌كانی ده‌ستوری ئه‌مریكا به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له فیكری هه‌ر سێ فه‌یله‌سوفی ئه‌وروپی تۆماس هۆبزو جۆن لوكو جان جاك رۆسۆ وه‌رگیراون، به‌وپێیه‌ی ئه‌و بیرمه‌ندانه باوه‌ڕیان به‌وه هه‌بوه كه ئیلتیزامی سیاسی مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی خودی‌و لۆژیك راده‌وه‌ستێت، هه‌روه‌ك چوارچێوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیان به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا دیاریكردوه.
ده‌ستوری ئه‌مریكی، ده‌ستورێكی نه‌گۆڕه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئاسان نیه، بۆ هه‌ر هه‌موارێك پێویسته سێ له‌سه‌ر چواری ویلایه‌ته‌كان رازی بن دوای ئه‌وه‌ی له لایه‌ن سێ یه‌كی كۆنگرێسه‌وه پێشكه‌ش ده‌كرێت.
سیستمی سیاسی
سیستمی سیاسی له ئه‌مریكادا سیستمێكی عه‌لمانیه‌و خاڵێكی زۆر رۆشن له ده‌ستوری ئه‌مریكیدا بریتیه له جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه له یه‌كتر، به شێوه‌یه‌ك هه‌ر یه‌كه له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن‌و یاسادانان‌و دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆن‌و له یه‌كتر جودان، به بڕوای چاودێرانی سیاسیش سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ماكی سهركهوتنو به‌رده‌وامی خه‌ونی ئه‌مریكیه، هه‌روه‌ك بنه‌مای سه‌روه‌ری یاسا یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و كۆڵه‌كانه‌ی ژیانی راگرتوه له وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكادا به‌شێوه‌یه‌ك هه‌مو كه‌سێك له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كسانه هه‌ر له هاوڵاتیه‌كی ساده‌وه تا ده‌گاته سه‌رۆكی وڵاته‌كه، هه‌مو كه‌سێكیش مافی به‌رگری له خۆكردنی هه‌یه له‌به‌رده‌م دادگادا.
ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، به كۆنترین وڵات داده‌نرێت كه به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن سیستمی فیدراڵی بیناكردبێت، كه تیایدا هاوڵاتیان له به‌رده‌م سێ ئاستی حكومهتیدان، حكومه‌تی فیدراڵی، حكومه‌تی ویلایه‌ته‌كان، حكومه‌تی ناوچه‌یی، هه‌ر یه‌ك له‌م سێ ئاسته خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی خۆیانن كه تیایدا به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی‌و ته‌شریعی له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، كه بوه‌ته هۆكارێكی دیكه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌زمونی ئه‌مریكی.
راگه‌یاندن
راگه‌یاندن له وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكادا رۆڵێكی كاریگه‌ر ده‌بینێت، به شێوه‌یه‌كی پراكتیكی به هاوكاری داواكاری گشتی بوه‌ته ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م، به شێوه‌یه‌ك هیچ بابه‌تێكی رۆژنامه‌وانی نیه داواكاری گشتی به دواداچونی بۆ نه‌كات ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌كه یان ئه‌و ده‌زگای راگه‌یاندنه ده‌زگایه‌كی لۆكاڵی زۆر بچوكیش بێت.
له ئه‌مریكادا راگه‌یاندن به ته‌واوه‌تی سه‌ربه‌خۆ و ئازاده چ له روی داراییه‌وه چ له روی سیاسه‌تی تهحریریهوه به‌گشتیش پشت به ریكلام‌و پاره‌ی تهبهروعاتی هاوڵاتیان ده‌به‌ستێت.
پرۆسه‌ی ته‌به‌روع كردن‌و كاری خۆبه‌خش یه‌كێكه له سیما كۆمه‌ڵایه‌تیه گه‌شاوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی.
میشا لیكلایهر، سه‌رنوسه‌ری ژوری هه‌واڵ له كه‌ناڵی KTVU كه كه‌ناڵێكی ته‌له‌فیزیۆنیه له شاری سان فرانسیسكۆ به (رۆژنامه)ی راگه‌یاند كه‌ناڵه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌كی گشتی پشت به تهبهروعاتی هاوڵاتیان دهبهستێتو ساڵانه دو ئاهه‌نگی ته‌به‌روع كردن ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی حكومه‌تی فیدراڵی خاوه‌نی ته‌نها پێنج دامه‌زراوه‌ی راگه‌یاندنه، به‌ڵام به پێی یاسا نابێت په‌خشی ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ی حكومه‌تی ئه‌مریكی بۆ ناوخۆی ئه‌مریكا بێت، نه‌وه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر رای گشتی دروست بكات، به‌ڵكو ده‌بێت په‌خشه‌كه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بێت، ئه‌و دامه‌زراوانه‌ش بریتین له ده‌نگی ئه‌مریكا كه به 44 زمان په‌خشی هه‌یه، رادیۆ و ته‌له‌فیزیۆنی مارتی كه بۆ وڵاتی كوبایه، رادیۆی ئه‌وروپای ئازاد، رادیۆی ئاسیای ئازاد، تۆری MBN كه هه‌ریه‌كه له ته‌له‌فیزیۆنی حورهو رادیۆی سه‌واو رادیۆی عێراقی ئازاد ده‌گرێته‌وه.