راپۆرت: هه‌ستیار قادر
داواكارییه‌كانی ئێران بۆ دووباره زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایری ساڵی (1975) نێوان هه‌ردوو رژێمی ئه‌و كاته‌ی عێراق‌و ئێران، كورد‌و سوننه نیگه‌ران دهكاتو ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌شی له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی كۆمار‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و په‌رله‌ماندا وون دهبێتو سه‌رۆك كۆماری عێراقیش دوو لێدوان‌و راگه‌یاندنی جیا سه‌باره‌ت به‌و كێشه‌یه ده‌دات.
له‌دوای رووخاندی رژێمی سه‌دام له نیسانی 2003 و ده‌ركه‌وتنی شیعه له هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسی عێراق‌و زیادبوونی رۆڵ‌و كاریگه‌ریی ئێران له عێراقدا داواكارییه‌كانی ئێران بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر سه‌ریهه‌ڵدا كه له ساڵی (1975) و له‌نێوان محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی شای ئه‌و كاته‌ی ئێران‌و سه‌دام حسێنی جێگری سه‌رۆك كۆماری ئه‌و كاته‌و به چاودێریی (هواری بومدینی) سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی جه‌زایرو به نه‌خشه‌كێشانی هێنری كیسنجه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا مۆركرا، كه له رێككهوتنێكو سێ پرۆتۆكۆڵی هاوپێچ پێك دێت‌و دوو ره‌هه‌ندی سنوورییو ئه‌منیی لهخۆدهگرێتو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش سایتی ره‌سمی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌قی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی جه‌زایری بڵاوكردووه‌ته‌وه كه له 29/4/1976 له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له سه‌عدون حه‌مادی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری عێراق‌و عه‌باس عه‌لی خهڵعهتبهری هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی ئیمزاكراوه، به‌ڵام ته‌واوی خاڵه‌كانی بڵاونهكراونهتهوهو ته‌نها ئاماژه به رێككه‌وتنه‌كه‌و سێ پرۆتۆكۆڵه هاوپێچهكهییو چۆنیه‌تی په‌یوه‌ست بوون پێوه‌ی كراوه.
له‌میانی هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد مه‌ترسی خۆی خسته‌ڕوو له‌و هه‌نگاوه به‌و پێیه‌ی یه‌كێك له خاڵه نهێنیو شاراوه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان ئێران‌و عێراق، شۆڕشی مه‌لا مسته‌فای بارزانی له ساڵی 1975دا شكستی پێهێنرا، له‌وباره‌یه‌وه د. فوئاد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای وه‌سفكردنی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر به رێككه‌وتنێكی شوم بۆ كورد به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: كه ئه‌و رێككه‌وتنه چه‌ند لایه‌نێكی ئهمنییو یاسایی هه‌یه‌و ئه‌وه‌ی كه كێشه‌ی له‌سه‌ره ئه‌و خاڵه‌یه كه په‌یوه‌ندی به كورده‌وه هه‌یه له شكستهێنان به شۆڕشی ئه‌و كاته‌ی كورد‌و فه‌لسه‌فه‌ی زیندووكردنهوهشی له‌سه‌ر بنه‌مای مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان قبوڵ ناكرێت‌و به‌وته‌ی ناوبراو له‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی له ساڵی 1980دا جارێكی تر له ساڵی (1990)دا سه‌دام حسێن ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا زیندووكردووه‌ته‌وه.
د. مه‌حمود عوسمان ئه‌ندامی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانیش له په‌رله‌مانی عێراق كه ئه‌و كات له نزیكه‌وه ئاگاداری بارودۆخهكهبوو، له لێدوانێكی پێشووتریدا بۆ رۆژنامه ئاماژه‌ی به مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌دا، له‌وباره‌یه‌وه وتی: "وه‌ختی خۆی به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه شۆڕشی كوردیان پێ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و به گشتیی ئه‌و رێككه‌وتنه خراپ بوو و ئیلغاش كراوه‌ته‌وه، ئێرانیش سوودمه‌ندی یه‌كه‌مه له زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌دا به تایبه‌ت له رووی جوگرافییه‌وه كه 3/2ی شه‌تو لعه‌ره‌بی بهردهكهوێتو ته‌نها 3/1ی به‌ر عێراق دهكهوێتو ئه‌وه‌ش بۆ عێراق زه‌ره‌ره و له رووی سیاسیشه‌وه ئه‌وه‌ی تیایدا بووه شكست هێنان بووه به شۆڕشی كورد‌و ئه‌وه‌یان جێبه‌جێكراوه‌و هه‌ندێك له سنووره‌كانی تری ناوچه‌ی پێنجوێن‌و به‌مۆو قه‌ڵادزێش ده‌گرێـته‌وه".
گۆڕانی بارودۆخی ناوچه‌كه‌و جیهان له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایردا هه‌ندێك له به‌رپرسانی كوردی گهشبینكردووه به‌رامبه‌ر به دووباره زیندوونهكردنهوهیو هه‌ندێكی تریش له‌به‌ر هه‌ستیاریی بارودۆخه‌كه خۆیان له ره‌خنه گرتن لێی لاده‌ده‌ن.
به بڕوای د.عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف كه‌سایه‌تی سیاسی كورد، رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر پلانێكی ئاشكرا بوو له دژی دۆسیه‌ی كورد‌و ئه‌و راستییه‌ش نكۆلی لێ ناكرێت‌و به‌و پێیه‌ش نابێت سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد به‌ناوی بارودۆخی ناوچه‌كه‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه سازش له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد بكات.
به‌پێی وته‌ی فازڵ روبه‌یعی نووسه‌ری عێراقیش بۆ كه‌ناڵی ئاسمانی جه‌زیره له‌دوایین سه‌ردانی خۆیدا بۆ ئه‌مه‌ریكا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌نه‌بووه چاوی بكه‌وێت به هێنری كیسینجه‌ر به‌وپێیه‌ی ناوبراو به عه‌قڵی پلانداڕێژه‌ری رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایردا له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
وێڕای ئه‌و ترسه‌ی كورد له رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایرو كاریگه‌ربوون به تیۆری پیلان گێڕانیو ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی مێژوو، سوننه‌كانیش به شێوه‌یه‌كی تر مه‌ترسییان له زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه هه‌یه به‌و پاساوه‌ی كه به جۆرێك له جۆره‌كان ده‌بێته هۆی زیادبوونی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی شیعه مه‌زهه‌ب له‌سه‌ر حسابی سوننه‌كان له عێراقدا.
د. ئه‌حمه‌د علوانی ئه‌ندامی لیستی به‌ره‌ی ته‌وافوق له په‌رله‌مانی عێراق پێیوایه به‌پێی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایری (1975) "عێراق به‌شێك له شه‌تو لعه‌ره‌ب دهدۆڕێنێتو ئێرانیش له رێگای دووباره زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌كه‌وه ده‌یه‌وێت ده‌ستی خۆی له عێراقدا زیاتر بكات به‌وپێیه‌ی ئه‌و رژێمه‌ی وێڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك ویلایه‌تێكی ئێرانی سه‌یری عێراق ده‌كات، پرۆژه‌یه‌كی مه‌ترسیداریشی هه‌یه بۆ كۆنترۆڵكردنی سیاسه‌تی ناوخۆیی ده‌ره‌كی عێراق".
چاره‌نووسی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی كۆمار‌و په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا
سه‌ره‌تای كێشه‌كان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر له‌وه‌وه ده‌ستی پێكرد كاتێك جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له هاوینه‌هه‌واری دوكان، رۆژی 24/12/2007 و له په‌راوێزی ئیمزاكردنی رێككه‌وتنه سێ قۆڵییه‌كه‌دا رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایری به رێككه‌وتننامه‌یه‌كی هه‌ڵوه‌شاوه له‌قه‌ڵه‌مداو تاڵه‌بانی وتی: "ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه له‌نێوان عێراق‌و ئێران‌دا نه‌بووه، به‌ڵكو له‌نێوان سه‌دام حسێن‌و شای ئه‌و كاته‌ی ئێران‌دا بووه"، به‌دواشیدا زنجیره‌یه‌ك لێدوانی ناڕه‌زایی له‌نێو به‌رپرسانی ئێران‌دا لێكه‌وته‌وه‌و دوای چه‌ند رۆژێك‌و له به‌یاننامه‌یه‌كدا نووسینگه‌ی سه‌رۆك كۆمار به جۆرێكی تر گوزارشتی له هه‌ڵوێستی سه‌رۆك كۆمار كرد به‌رامبه‌ر به رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایرو رایگه‌یاند كه ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه هه‌ڵوه‌شاوه نییه به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵكو تێبینی له‌سه‌ر هه‌ندێك خاڵی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه هه‌یه‌و له‌دوایین كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی خۆشی‌دا سه‌باره‌ت به هه‌مان دۆسیه، رۆژی 5ی ئه‌م مانگه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌رۆك كۆمار رایگه‌یاند: كه وه‌فدێكی تایبه‌تی حكومه‌تی عێراقی ئێستا له ئێرانه بۆ تاووتوێ كردنی ئه‌و رێككهوتننامهیهو ئاشكراشیكرد كه ئه‌و جۆره رێككه‌وتنانه پێویستی به بڕیاری هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێرانی‌و عێراقی هه‌یه‌و تاكه لایه‌نێك بۆی نییه هه‌ڵی بووهشێنێتـهوه.
سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵوێستانه‌ی سه‌رۆك كۆمار، د.عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف سه‌رسوڕمانی خۆی له لێدوانی دووه‌می سه‌رۆك كۆمار دهربڕیو وتی: "من به‌لامه‌وه سه‌یره سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر له‌نێوان دوو دهوڵهتدایهو دانی پێدابنرێتو ئه‌گه‌ر دان به‌و رێككهوتننامهیهدا بنێن كه سه‌دام ئیمزای كردووه، ده‌بێت دان به سه‌رجه‌م رێككه‌وتننامه‌كانی تری سه‌دامیشدا بنێن كه له میانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا ئیمزایكردووهو له‌وانه‌ش مافدان به توركیا بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ی ناو خاكی عێراق به قوڵایی (15) كیلۆمه‌تر بۆ لێدانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه كه پێشتر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئه‌نكه‌ره‌دا مۆری كردووه.
له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ش د.عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف ئاشكرایكرد هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌تدا ئیمزا بكرێت نابێت هه‌ندێك بڕگه‌ی جێبه‌جێبكرێت‌و هه‌ندێكی نهكرێتو رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایریش به هه‌مان شێوه یان هه‌مووی قبوڵ ده‌كرێت یان هه‌مووی ره‌تده‌كرێته‌وه، هه‌روه‌ها وتیشی: "یاسای نێوده‌وڵه‌تییش وا دهڵێتو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌شی له كاتی ئێستادا پێویستی به بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق نییه به‌و پێیه‌ی رێككه‌وتننامه‌كه له‌نێوان په‌رله‌مانی هه‌ردوو وڵات‌دا نه‌بووه‌و له‌نێوان شای ئێران‌و سه‌دامدا بووه، ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تی كۆمار هه‌ڵی بووهشێنێـتهوهو ره‌تی بكاته‌وه".
هاوكات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش ئه‌و مافه به خۆی ده‌دات كه بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یان كاراكردنی رێكه‌وتننامه‌ی جه‌زایر بدات.
لوبهید عه‌باوی بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له لێدوانێكی تایبه‌تیدا بۆ رۆژنامه وتی: "كه په‌یوه‌ست بوون به هه‌موو جۆره رێككه‌وتنێك له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌تدا به‌نده به په‌یوه‌ست بوونی هه‌ردوو لایه‌ن به ناوه‌رۆكی رێككهوتنهكهوهو هه‌ر رێككه‌وتنێكیش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر درابێت، په‌رله‌مان مافی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یان پێداچوونه‌وه به هه‌ندێك له خاڵه‌كانیدا ده‌بێت، به‌ڵام له رێككه‌وتنی هاوشێوه‌ی جه‌زایردا پێویستی به دانوستانی نێوان هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی‌و ئێرانی هه‌یه‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ش تاكه لایه‌نی ره‌سمییه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته".
جگه له سه‌رۆكایه‌تی كۆمار‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، په‌رله‌مانی عێراقیش ئه‌و مافه به‌خۆی ده‌دات كه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر بدات، د.بوخاری عه‌بدوڵڵا خدر ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له ئیمزاكردنی هه‌ر رێككه‌وتننامه‌یه‌ك یان گۆڕینی پێویسته بهێنرێته به‌رده‌م پهرلهمانو 4/3ی ده‌نگی ئه‌ندامانی به‌ده‌ست بهێنێت به مه‌به‌ستی په‌سه‌ند كردنی‌و رژێمی ئه‌وكاته‌ش كه رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایری مۆركردووه شه‌رعییه‌تی نه‌بووه‌و به‌پێی ده‌ستوریش ته‌نها په‌رله‌مانی عێراق ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بدات كه ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه ههڵبووهشێنێـتهوه یان پێیدابچێته‌وه.
له‌نێوه‌ندی كێشمه كێشمی لایه‌نه عێراقییه‌كان لهلایهكو هه‌ردوو حكومه‌تی تاران‌و به‌غدا له‌لایه‌كی تر‌و ئاڵوگۆڕی وه‌فدی دیپلۆماسی له‌سه‌ر چاره‌نووسی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر، ئه‌گه‌ره‌كانی مهترسیو گومان له ئه‌گه‌ره‌كانی زیندووكردنه‌وه‌ی زیاتره‌و گومانه‌كانی دووباره‌بوونه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ژێر به ژێر‌و بێئاگایی كورد له گفتوگۆكانی پشت په‌رده‌ی دیپلۆماسییه‌ت له گومانه‌كانی شهرعییهتبوونو نه‌بوونی رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زایر به‌هێزتره.