راپۆرت: دلێر عه‌بدولخالق - به‌رهه‌م خالید
پارته سیاسییه‌كان چۆن له ئه‌دای كابینه‌ی شه‌ش ده‌ڕوانن؟
پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن؛ به‌هۆی هه‌ژمون‌و سێبه‌ری پارتی‌و یه‌كێتییه‌وه، ئیداره‌ی به‌رهه‌م ساڵح، له كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا، كه‌مترین كاریگه‌ریی به‌سه‌ر كوردستاندا جێهێشتوه.
كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رهه‌می هه‌ڵبژاردنی (25ی ته‌مموزی 2009)یه، ئه‌زمونكردنی یه‌كه‌م ئیداره‌كردنی حكومه‌ته، له كابینه‌یه‌كی بنكه فراوانه‌وه بۆ حكومه‌تی زۆرینه، زۆرینه كاتێك ئۆپۆزسیۆنی خاوه‌ن (35) كورسی به‌شداریی كابینه‌كه‌ی فراكسیۆنی كوردستانی خاوه‌ن (59) كورسی ناكات‌و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مه‌حكوم ده‌بن به چاودێرییه‌كی توندی هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانیان.
به‌رهه‌م ساڵح له‌رۆژی ته‌كلیفكردنی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له سه‌لاحه‌دین، رایگه‌یاند: "هه‌رچه‌نده چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك له كابینه‌كه‌مان زۆره، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ندا به خه‌ڵكمان داوه جێبه‌جێ ده‌كرێن".
دواتریش له به‌رنامه‌ی گه‌رماو گه‌رمی كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان سه‌رۆكی راسپێردراوی حكومه‌ت جه‌ختی له‌سه‌ر باشكردنی ئه‌دای كاری حكومه‌ت، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی، شه‌فافیه‌تی بودجه، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و مه‌ركه‌ز‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێویی ژیانی خه‌ڵك كرده‌وه.
ئێستا كه ساڵێك به‌سه‌ر كاركردنی ئه‌و حكومه‌ته و به‌ڵێنه‌كانیان تێپه‌ڕیوه، پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێم كه به‌شێكیان له ئۆپۆزسیۆن‌و به‌شه‌كه‌ی تر به‌شداریی ئه‌و ئیداره‌ن، كه‌متر په‌نجه بۆ كاریگه‌رییه‌كانی راده‌كێشن.
ئه‌نوه‌ر عه‌نه‌بی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی رایگه‌یاند: "تائێستا كابینه‌ی د.به‌رهه‌م ته‌واو نه‌كراوه، چونكه ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندنی وه‌زیری هه‌بوه و جگه‌له‌وه هیچی تری بۆ نه‌كراوه".
ئه‌و لێدوانه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی بزوتنه‌وه له‌كاتێكدایه، پارته‌كه‌یان پۆستی وه‌زیری ئه‌وقاف‌و كاروباری ئایینیی هه‌یه، مه‌به‌سته‌كه‌ی رونتر ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: "له‌كاتی پێكهێنانی ئه‌و ئیداره‌دا، داوایان لێكردین ناوی (4) كه‌سی تر بۆ جێگری وه‌زیر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی، قائمقامێك‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌یه‌ك بنێرین، ئێمه‌ش به نوسراوی مه‌كته‌بی سیاسیی ناوه‌كانمان نارد، به‌ڵام هیچیان نه‌كرد، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت هێشتا ئه‌و كابینه‌یه ته‌كمیله نه‌كراوه".
لای خۆشیه‌وه، د.جه‌عفه‌ر عه‌لی، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردن به هه‌نگاونانی ئه‌م كابینه‌یه له چه‌ند بوارێكدا، به‌ڵام پێیوایه؛ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به چاره‌سه‌ركردنی گرفته بنچینه‌ییه‌كانی هه‌رێمه‌وه هه‌یه، ئه‌م ئیداره‌یه له به‌رامبه‌ری ده‌سته‌وستان بوه.
وتیشی: "كابینه‌ی شه‌شه‌م نه‌یتوانی هه‌نگاوبنێت به‌رامبه‌ر ئه‌و بواره بنچینه‌ییانه‌ی كاریگه‌رییان به‌سه‌ر باشكردنی ژیانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، به‌ڵێنی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب‌و حكومه‌تیشی نه‌برده سه‌ر، نه‌یتوانی حكومه‌تێكی یه‌كگرتو بێت، نه‌یتوانی بێ ره‌زامه‌ندیی حیزب ئه‌و (10) هه‌زار كارمه‌نده دابمه‌زرێنێت، كه به‌پێی بودجه‌ی ئه‌مساڵ شوێنیان بۆ كرابوه‌وه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو؛ ئه‌م كابینه‌یه نه‌یتوانی هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی هه‌رێم‌و حكومه‌تی ناوه‌ند بخاته‌ڕو.
به‌شێكی تر له بۆچونه‌كان به‌و ئاراسته‌یه، كابینه‌ی شه‌شه‌م نه‌بوه خاوه‌نی كارنامه‌یه‌كی سیاسیی تایبه‌ت به ئیداره‌كردنێكی سه‌ربه‌خۆ، چونكه هه‌میشه هێڵه حیزبییه‌كانی به‌سه‌ردا تۆخكرداوه‌ته‌وه.
عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوی ئیسلامیی‌و سه‌رۆكی یه‌كێك له فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان وتی: "هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، گرفته ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی‌و دواتر كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی یه‌كێتی‌و پارتی‌و مانه‌وه‌ی روخساری دوئیداره‌یی، له‌مپه‌ری سه‌ركه‌وتنی كارنامه‌ی كابینه‌ی شه‌شه‌م بون".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كگرتو، له ئه‌زمونی كاری په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌ی چاودێریكردن باس له‌وه ده‌كات؛ به‌پێی راپۆرتی زۆربه‌ی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ ئیشوكاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كان، گله‌یی هه‌یه له دواكه‌تن‌و كه‌مته‌رخه‌میكردن له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی ده‌زگاكانی حكومه‌ت.
عه‌بدولعه‌زیز، ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی جدیش هه‌بوبێت بۆ قوتاربون له هه‌ژمون‌و ده‌ستی حیزبی، به‌ڵام واقیع ئه‌وه‌یه كابینه‌ی شه‌شه‌م وه‌ك كابینه‌كانی پێشخۆی نه‌یتوانی به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبه‌كانی تێپه‌ڕێنێت".
له به‌رده‌وامیی هه‌ڵوێستی پارته سیاسییه‌كان له‌سه‌ر كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كه خاوه‌نی وه‌زاره‌تی كاره‌بایه له‌و كابینه‌یه‌دا، پێیانوایه؛ توانای باش سه‌رفكراوه.
عه‌بدوڵلا حاجی مه‌حمود، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی سۆسیالیست وتی: "ئاسان نییه كاروباری حكومه‌ت له كاروباری حیزب جیابكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ئه‌و ساڵه ده‌بینردرێت، ئه‌وه‌ی له توانادا بوه بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك سه‌رفكراوه، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت خه‌ڵك دوایین بڕیاری خۆی بدات".
ئه‌گه‌رچی بڕیاربو ئیداره‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح، كاری سه‌ره‌كیی به‌گژداچونه‌وه‌ی تۆڕی گه‌نده‌ڵكاران بێت له‌ناو شانه‌كانی حكومه‌تدا، به‌ڵام ده‌ركه‌وت وه‌ك ئه‌زمونی پێنج كابینه‌كه‌ی تر، ئه‌م كابینه‌یه‌ش نه‌یتوانی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له مۆته‌كه‌و په‌تای گه‌نده‌ڵیی ده‌رباز بكات.
سوبحی مه‌هدی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حیزبی شیوعی كوردستان پێیوایه؛ دروشمی كابینه‌ی شه‌شه‌م بۆ به‌گژداچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی دڵخۆشكه‌ر بو، به‌ڵام سه‌نگه‌ری پته‌وی گه‌نده‌ڵكاران ده‌ریخست ئه‌م كاره ئاسان نییه.
له‌و باره‌یه‌وه، سوبحی وتی: "سوپای گه‌نده‌ڵیی و گه‌نده‌ڵكاران به شێوه‌یه‌ك سه‌نگه‌ریان له‌ناو داموده‌زگاكان پته‌و كردوه، كه پێویستی به هه‌ڵمه‌تیكی بێڕه‌حمانه‌ی هاوبه‌شی حكومه‌ت‌و حیزب‌و رێكخراوه‌كانه، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌م كابینه‌یه ته‌نیا ساڵێك به‌سه‌ر به‌رنامه چوار ساڵییه‌كه‌یدا تێپه‌ڕیوه، واته به‌كردار ده‌توانێت بیسه‌لمێنێت به‌گژ ئه‌و دیاریده‌یه‌دا ده‌چێته‌وه".
به بڕوای جه‌عفه‌ر عه‌لی، له فراكسیۆنی گۆڕان ئیراده‌ی بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵیی له‌وه لاوازتره كه ئیدیعای بۆ ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت كه نمونه‌ی ئه‌وه ده‌هێنێته‌وه فراكسیۆنی پارتی‌و یه‌كێتی له په‌رله‌مان دژی سه‌ربه‌خۆبونی ده‌زگای داواكاری گشتین، كه كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له پاكتاوكردنی گه‌نده‌ڵیدا ده‌بێت.
كابینه‌ی شه‌شه‌م، كابینه‌یه‌كی لاوازه؟
ساڵێك به‌سه‌ر ته‌مه‌نی كابینه‌ی شه‌شه‌مدا تێده‌په‌ڕێت‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی حیزبه‌كان، به‌كاره باشه‌كانی ده‌زانرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه تا ئێستا سیمای دوحكومه‌تی پێوه‌دیاره.
رۆژی (28/10/2009) د.به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌رۆكی كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا سوێندی یاسایی خوارد، ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه‌ی لیستی كوردستانی (یه‌كێتی‌و پارتی) له هه‌ڵبژاردنی (25/7)دا (59)كورسی به‌ده‌ستهێنا‌و به‌هاوپه‌یمانێتیكردن له‌گه‌ڵ چه‌ند قه‌واره‌و لیستێك، حكومه‌تی پێكهێناو له به‌رامبه‌ردا (25)كورسیی لیستی گۆڕان‌و (6)كورسیی یه‌كگرتو، (4)كورسیی كۆمه‌ڵ كه بڕیاریاندا كه وه‌ك ئۆپۆزسیۆن كاربكه‌ن‌و به‌شداریی حكومه‌ت نه‌كه‌ن.
د. به‌رهه‌م ساڵح، له وتاری ده‌ستبه‌كاربونیدا، به‌شێك له كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی ئاشكراكرد كه له به‌رنامه‌ی لیستی كوردستانی پێكهاتبو وه‌ك به‌ڵێندان به شه‌فافیه‌ت‌و یه‌كخستنه‌وه‌ی ئیداره‌و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب له حكومه‌ت‌و وتی: "به‌كرده‌وه‌و به به‌رنامه ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی له كاروباری حكومه‌ت ناهێڵین".
كاوه محه‌مه‌دی سه‌رنوسه‌ری پێشوی كوردستانی نوێ، باس له‌وه ده‌كات، كابینه‌ی شه‌شی حكومه‌تی هه‌رێم، له ساڵی یه‌كه‌می ته‌مه‌نیدا، سه‌ره‌تایه‌كی باشی هه‌بوه بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌و دروشمه‌كانی لیستی كوردستانی، له‌وانه كه‌مكردنه‌وی بودجه‌ی حیزبه‌كان‌و رێكخستنه‌وه‌ی مینحه‌ی رێكخراوه‌كان‌و خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوه‌كان: "به‌ڵام، به‌دڵنیاییه‌وه، ده‌بێت رێگری‌و ئاسته‌نگه‌كان له‌به‌رچاو بگیرێن كه كابینه‌كه روبه‌ڕویان بوه‌ته‌وه، چونكه تا ئێستا سیمای دوئیداره‌یی به هه‌رێمه‌وه دیاره".
ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌ی كابینه‌كه‌ش، كاوه محه‌مه‌د، ده‌ڵێت: "پێویسته كابینه‌كه، شه‌ڕی ئه‌و لایه‌نانه بكات كه دژی یه‌كخستنه‌وه‌ی ئیداره‌ن‌و شه‌فاف بێت‌و به‌رنامه‌یه‌كی باشی هه‌بێت بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به یاسا، به تایبه‌تیش كه ئێستا دیوانی چاودێریی دارایی یه‌كیگرتوه‌ته‌وه".
به‌شێك له چاودێرانی سیاسی، پێیانوایه، ئه‌و ماوه‌یه كه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت ئه‌دای كابینه‌ی حكومه‌تی پێ هه‌ڵبسه‌نگێنرێت، به‌و پێیه‌ی كه به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بۆ چوار ساڵ داده‌نرێت، نه‌ك ساڵێك.
یوسف محه‌مه‌د سادق، چاودێری سیاسی‌و مامۆستای زانكۆ، پێیوایه، ئه‌گه‌رچی ساڵێك كه‌مه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن، به‌ڵام ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه حكومه‌ت چه‌ند هه‌نگاوێكی باشی ناوه‌و له چه‌ند بوارێكیشدا سه‌ركه‌تو نه‌بوه. ئه‌و، گۆڕانكارییه‌كانی بواری خوێندنی باڵا، به خاڵێكی ئیجابی ئه‌م كابینه‌یه بۆ سیستمی خوێندن‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی حیزبه‌كان به یه‌كێتی‌و پارتییه‌وه به خاڵه ئیجابییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی كابینه‌كه له قه‌ڵه‌مده‌دات‌و له هه‌مانكاتدا ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو كه كابینه‌ی شه‌ش، له روی خزمه‌تگوزارییه‌وه سستی زۆری پێوه دیاره، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه تا ئێستا دوئیداره‌یی له هه‌رێمدا ماوه‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت ناتوانێت له شاره‌كانی هه‌ولێر‌و دهۆك به باشی كار بكات.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات: "ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانیش، ركابه‌ریی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كرێت‌و توشی كێشه‌و له‌مپه‌ر‌و پێكدادان ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سانی تردا كه له‌ناو حیزب‌دا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه، ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه له‌ناو حكومه‌تدا، دو فاقییه‌ك هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه به‌ڕێوه ناچێت‌و له‌لایه‌ن حیزبه سیاسییه‌كانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت".
ئه‌و چاودێره سیاسییه، به‌پێویستی ده‌زانێت كه حیزب له حكومه‌ت جیابكرێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی حیزب له هه‌مو روه‌كانه‌وه سنوردار بكرێت، ئه‌و كاته حكومه‌ت ده‌توانێت دور له ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی به باشی كاری خۆی بكات‌و وتیشی: "كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی كابینه‌ی شه‌ش، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و حیزبه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ته‌مسیلی ده‌كات، له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا پاشه‌كشه‌ی كردوه‌و به‌وهۆیه‌وه كابینه‌كه‌ی كه‌وتوه‌ته به‌ر ره‌حمه‌تی زۆرینه‌ی پارتی، ئه‌وه‌ش حكوته‌كه‌ی لاواز كردوه".
به‌ڵام له‌تیف شێخ عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌رنامه‌ی لیستی كوردستانی‌و كارنامه‌ی حكومه‌ت بكه‌ین، تێده‌گه‌ین كه به‌شێكی زۆری ئه‌و به‌رنامانه جێبه‌جێكراون له سێكته‌ره‌كانی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌ندروستی‌و په‌روه‌رده‌و زۆر بواری تریش، هه‌روه‌ها ده‌ستكراوه به جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی دیكه‌ش، چونكه به‌رنامه‌كه بۆ چوار ساڵه‌و ناكرێت به ساڵێك جێبه‌جێبكرێت، هه‌روه‌ها له بواری یه‌كخستنه‌وه‌ی ئیداره‌شدا كاری باشكراوه، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه یه‌كیگرتوه‌ته‌وه، ئاسایش ته‌نها هه‌نگاوێكی ماوه‌و رێنماییه داراییه‌كانیش یه‌كخراون‌و ئێستا ئاماده‌یه بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته، "ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش، نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنی كابینه‌كه‌ن له‌م ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا".
له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربونی كابینه‌ی شه‌شه‌مه‌وه، ئۆپۆزسیۆن ده‌نگیان به‌و كابینه‌یه نه‌دا، له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی تێبینی زۆریان له‌سه‌ر یه‌كه‌م كاری حكومه‌ته‌كه هه‌بو كه بودجه‌ی ساڵی (2010)بو، به‌وه‌ی تێكه‌ڵییه‌كی زۆر له‌بودجه‌ی حیزب‌و حكومه‌ت كرابو، سه‌ره‌ڕای چه‌ندین پرۆژه‌ی وه‌همی‌و كه‌موكوڕیی دیكه.
له به‌رامبه‌ردا، كاروان ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی گۆڕان، ره‌خنه له ئه‌دای كابینه‌كه ده‌گرێت‌و پێیوایه، خاڵی لاوازی كابینه‌كه، بودجه‌ی ساڵی(2010)یه كه تا ئێستا به‌شێكی زۆری ئه‌و بودجه‌یه، نه‌كه‌وتوه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه بۆی ته‌رخانكراوه‌و خاڵێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه كه كابینه‌كه نه‌یتوانیوه به‌ڵێنی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزاری له بواره جیاجیاكانی ژیاندا بۆ خه‌ڵك به‌دیبهێنێت، وه‌كئه‌وه‌ی له به‌رنامه‌ی كاری خۆیدا رایگه‌یاندبو، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، كابینه‌ی شه‌ش نه‌یتوانیوه ده‌ستی حیزب له داموده‌زگاكانی حكومه‌ت دور بخاته‌وه‌و هێشتا سیمای دوئیداره‌یی به هه‌رێمه‌وه دیاره‌و ئه‌وه‌شی وت: "هه‌ندێك ده‌زگا‌و وه‌زاره‌ت، ته‌نها به روكه‌ش یه‌كیانگرتوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌م كابینه‌یه‌ش وه‌ك كابینه‌كانی دیكه، دوئیداره‌ییه‌و ئیراده‌یه‌كی تر له سه‌ره‌وه فه‌رمانی پێده‌كات، له هه‌ولێر پارتی باڵا ده‌سته‌و له سلێمانی یه‌كێتی، ته‌نانه‌ت تا ئێستا نوێنه‌ری كابینه‌ی پێش‌و، شه‌ریكه له بإیاره‌كانی ئه‌م كابینه‌یه‌دا".