راپۆرت: ئومێد تۆفیق
وه‌ك رێكه‌وتی رۆژه‌كانی ئه‌مساڵی تونس و میسر، 17ی شوبات له چوارچێوه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بیدا، سه‌راپای ژیانی سیاسی و ئابوری و بگره كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكهاته‌ی ژیانی (لیبیا)ی گۆڕی.
هه‌رچه‌نده به بۆچونی چاودێرانی سیاسی به ئێستاشه‌وه، گۆڕانكاریه‌كانی ئه‌و وڵاته له سه‌ره‌تادان و سه‌ره‌نجامیان دیار نیه به‌هۆی ئه‌وه‌ی تائێستا وه‌ك به‌رپرسانی نوێی لیبیا باسی لێوه ده‌كه‌ن، قه‌زافی و ده‌رباره‌كانی هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی و سیاسیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی به به‌رچاوه‌وه‌یه له 23ی مانگی ئابی رابوردو، به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجاری ته‌ختی ده‌سه‌ڵات له رژێمی پێش‌و سه‌ندراوه‌ته‌وه و له جێگه‌یدا ئه‌نجومه‌نێكی ئینتقالی، تا دانانی ده‌ستورێكی نوێ و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و سه‌رۆكایه‌تی، وڵات به‌ڕێوه‌ده‌بات.
لیبیا؛ جوگرافیا‌و پێكهاته
لیبیا له نه‌خشه‌ی جیهاندا ده‌كه‌وێته باكوری ئه‌فه‌ریقا له‌سه‌ر ده‌ریاری سپی ناوه‌ڕاست، له خۆرهه‌ڵاته‌وه میسر دراوسێیه‌تی و له باشوری خۆرهه‌ڵاتیشه‌وه سنوری هه‌یه له‌گه‌ڵ سودان. له باشورهكهشیهوه چاد و نه‌یجیریا و له باكوری خۆرئاواشه‌وه تونس دراوسێیه‌تی.
وه‌ك ده‌وڵه‌ت، لیبیا ئه‌ندامه له چه‌ند رێكخراوێكی جیهانی، له‌وانه: نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، یه‌كێتی ئه‌فه‌ریقا، یه‌كێتی خۆرئاوای عه‌ره‌بی، كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی، رێكخراوی بێ لایه‌ن، كۆنگره‌ی ئیسلامی جیهانی و ئۆپێك.
روبه‌ری لیبیا، 1800000 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه (700،000) میل چوارگۆشه‌یه. له‌سه‌ر ئاستی جیهان 17هه‌مین وڵاته كه خاوه‌نی زۆرترین روبه‌ره، له‌سه‌ر ئاستی ئه‌فه‌ریقاش چواره‌مه. له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌ش كه كه‌ناریان هه‌یه له‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست، گه‌وره‌ترین كه‌ناری هه‌یه كه درێژیه‌كه‌ی 1.955 كیلۆ مه‌تره.
دانیشتوانه‌كه‌ی 6,461,454یه، له 97%ی دانیشتوانه‌كه‌ی له عه‌ره‌ب و ئهمازیگیهكان پێكهاتوه، 3%ی شی نه‌ژادیان جیاوازه.
له روی مێژوییه‌وه، لیبیا له هه‌رێمه‌كانی (ته‌رابلوس) تریبولیتانیا (بورقه) سیرینایكا (وه‌فران) پێكهاتوه.
زۆربه‌ی خاكی لیبیا بیابانه، چه‌ندین دۆڵ و شاخی تێدایه، گرنگترین شاخه‌کانیشی؛ شاخی سه‌وز، له ناوه‌ڕاستی باكوری خۆرهه‌ڵات، نه‌فوسه له باكوری خۆرئاوا، شاخی تیبستی له باشوره؛ كه لوتكه‌ی (به‌ته)ی تێدایه به به‌رزی 2286 مه‌تر.
هه‌روه‌ها خاوه‌نی هه‌ردو شاخی (ئهكاكۆس) و (واو ناموس)هو گرنگترین دهشتیشی؛ ده‌شتی (بهتنان)ه.
داهاتی سروشتی لیبیا، له‌سه‌ر نه‌وت و گازه‌و ئه‌و سامانه سروشتیه‌ش 94%ی داهاتی هه‌مو وڵاته ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. بڕی نه‌وتی یه‌ده‌گیش تێیدا ده‌گاته 41.5 ملیار به‌رمیل، به‌مه‌ش له سه‌روی ریزبه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌فه‌ریقا دێت كه خاوه‌نی نه‌وتن.
رۆاژنه، نزیکه‌ی 2 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت و 339 ملیار پێ سێجا غاز به‌رهه‌مدێنێت.
ساڵانه‌ش داهاتی گشتی 36.34 ملیار دۆلاره‌و 24 ملیار دۆلاریش خه‌رجیه‌تی.
زمان
زمانی عه‌ره‌بی، زمانی ره‌سمی لیبیایه‌و زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن، زمانی ئینگلیزیش له چه‌ند كۆلیژێكدا زمانی ره‌سمیه‌و له چه‌ندین كاروباردا كارپێكراوه.
هۆزه ئهمازیگیهكانیش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بی ده‌زانن، به زاراوه جۆراو جۆره‌كانی خۆیان قسه ده‌كه‌ن.
ئایین
زۆربه‌ی دانیشتوانی لیبیا مسوڵمانی سوننه‌ن له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی مالیكی و رێوره‌سمه ئایینهیهكان پیاده ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش موسڵمانه‌كان 97%ی دانیشتوانی لیبیا پێكدێنن، 3%ی تری دانیشتوانه‌كه‌شی سه‌ر به ئایینه‌كانی ترن، زۆربه‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌ش بێگانه‌ن و به‌شێوه‌ی هه‌میشه‌یی له لیبیادا نین.
موسڵمانه‌كانی لیبیا، زیاتر له‌هه‌ر شوێنێكی تری وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهان پابه‌ندی ئیسلام و رێنماییه ئایینیه‌كانن و به‌پێی ئامارێكی كۆمه‌ڵه‌ی بانگه‌وازی ئیسلامی جیهانیش، له ساڵی 2010 دا 5/1ی دانیشتوانه‌كه‌ی هه‌مو قورئانیان له‌به‌ر به‌ربوه. ئه‌و كه‌سانه‌ش كه هه‌مو قورئانیان له‌به‌ره، وه‌ك ده‌رچوانی زانكۆ له كارپێداندا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
شاره سه‌ره‌كیه‌كانی
ته‌رابلوس، گه‌وره‌ترین شاری لیبیایه‌و بنغازیش دوه‌مین شاری گه‌وره‌یه‌تی. دوای ئه‌و دو شاره‌ش، میسراتهو به‌یزا، له‌گه‌ڵ شاره‌كانی زاویهو ته‌بره‌ق و سه‌بها له باشور، به شاره گه‌وره‌كانی لیبیا ناسراون.
لیبیا له مێژودا
ئه‌م وێنه‌یه‌ی سه‌ره‌وه، ناوی لیبیایه به زمانی كۆنی میسر، ناوی وڵاته‌كه‌ش به‌و هه‌رێمه وتراوه له باكوری ئه‌فه‌ریقا كه‌وتوه نێوان میسر و تونس و هه‌زاره‌ها ساڵ له‌وه‌وبه‌ر هۆزی لیبۆ له‌و هه‌رێمه‌دا نیشته‌جێ بوه.
گریكه‌كان له دورگه‌ی كریتهوه، له ده‌وروبه‌ری سه‌ده‌ی پێنجشه‌می پێش زایین كۆچیان كردوه بۆ لیبیا‌و پێنج شاری گریكیان له بورقه و سیرینایكا دروستكردوه، كه له‌وكاته‌دا له ئه‌فه‌ریقا ئه‌و پێنج شاره بوژانه‌وه‌ی گرنگیان به‌خۆوه بینیوه.
تۆماره مێژوییهكانیش باس لهوهدهكهن؛ هۆزه ئهمازیگیهكان له لیبیادا بون، له كه‌ناری خۆرئاواشیدا فینیقیه‌كان نیشته‌جێبون، كه له سه‌ده‌ی ده‌ی پێش میلاد كۆچیان بۆكردوه.
له سه‌ده‌ی پێنجشه‌می زایینیش‌دا لیبیا كه‌وتوه‌ته ده‌ست (وهنداڵ)، دواتریش له سه‌ده‌ی شه‌شه‌مدا كه‌وتوه‌ته ده‌ست (بیزه‌نتین)یه‌كان.
له سه‌ده‌ی حه‌وتی زایینی‌دا عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان چونه‌ته لیبیا‌و والیه مسوڵمانه‌كان به‌شێوه‌ی بچڕ بچڕ، به‌هۆی ئه‌و پشێویانه‌ی بهربهڕهكان (غه‌یره گریك و غه‌یره رۆمان) دروستیانكردوه بۆیان، ده‌سه‌ڵاتی لیبیایان به‌ڕێوه‌بردوه.
گرنگترینی ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی لیبیایان گرتوه‌ته ده‌ست، (ئه‌غالیبه)كان له سه‌ده‌ی 9ی زایین و (زیریون)ه‌كان له 972ی زایین بون، كه ره‌چه‌ڵه‌كیان به‌ربه‌ر بوه‌و پاشكۆی خه‌لافه‌تی فاتمیه‌كان بون.
له ساڵی 1050 زیریۆنهكان له ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌تی فاتمیه‌كان یاخیبون، كه قاهیره سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵاتیان بوه، به‌و هۆیه‌شه‌وه هۆزه‌كانی به‌نی هیلالیان ناردوه بۆ له‌ناوبردنی به‌نی زیری.
مێژوی سیاسی سه‌رده‌می لیبیا
له كۆتایی سه‌ده‌ی 17ی زایین، لیبیا به‌شێك بوه له جیهانی عه‌ره‌بی له باكوری ئه‌فه‌ریقا، كه له‌وكاته‌دا داگیركاری خۆرئاوا نه‌یتوانیبو ده‌ستی پێی بگات.
به‌وهۆیه‌شه‌وه كه نزیكه له ئیتاڵیاوه، هه‌میشه ئامانجێكی سه‌ره‌كی سیاسه‌تی داگیركاری ئیتاڵیابوه، هه‌ر بۆیه كاتێك له 29 سێپته‌مبه‌ری 1911 شه‌ڕی دژ به خه‌لافه‌تی عوسمانیه‌كان راگه‌یاند، له 3ی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌و ساڵه توانی ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر ته‌رابلوسدا.
دواتر بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م هێزه‌كانی لیبیا‌و عوسمانی توانیان به‌رگری بكه‌ن، به‌ڵام به‌پێی رێكه‌وتننامه‌یه‌ك له 18ی تشرینی یه‌كه‌می 1912 به‌ناوی (ئۆشی)، توركیا وازی له لیبیا هێنا بۆ ئیتاڵیا. هه‌ر به‌و هۆیه‌وه لیبیهكان له‌وه تێگه‌یشتن كه ده‌بێت بۆ خۆیان به‌رگری له لیبیا بكه‌ن و روبه‌ڕوی ئیتاڵیا ببنه‌وه.
له‌وكاته به‌دواوه به‌رگریكاری لیبیا له به‌رامبه‌ر ئیتاڵیه‌كان په‌ره‌ی سه‌ندو هێزه‌كانی ئیتاڵیا نه‌یانتوانی شاره‌كانی كه‌نار ده‌ریای سپی داگیربكات، كاتێكیش ئیتاڵیا چوه ناو جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه له ساڵی 1915، ئه‌حمه‌د شه‌ریف كه له‌وكاته‌دا سه‌ركردایه‌تی به‌رگری لیبیای له دژی ئیتاڵیا ده‌كرد، دژ به هاوپه‌یمانه‌كان چوه پاڵ توركیاوه، به‌ڵام دوای تێكشكانی هێزه‌كه‌ی، وازی له پۆسته‌كه‌ی هێنا بۆ ئیدریس سه‌نوسی و دواتر ناوبراو له‌گه‌ڵ عومه‌ر موختار و ژماره‌یه‌ك له سه‌رۆك هۆزه عه‌ره‌بیه‌كانی وه‌ك ساڵح ئهتیوش و عه‌بدولسه‌لام كهزه چیای سه‌وزو حه‌مه‌د بن سه‌یف نه‌سر، له ناوچه‌ی ناوه‌ڕاستی لیبیا درێژه‌یدا به به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئیتاڵیا.
به‌هه‌مان شێوه چه‌ند سه‌رۆك هۆزێكی تریش له ناوچه‌ی خۆرئاوای لیبیا له‌گه‌ڵ سه‌نوسی روبه‌ڕوی ئیتاڵیا بونه‌وه.
كاتێك جه‌نگی جیهانی دوه‌میش به‌رپابو، ئیتاڵیا له ساڵی 1940رۆشته‌وه پاڵ هاوپه‌یمانه‌كان و به‌ریتانیا به‌ڵێنی ئه‌وه‌یدا كاتێك جه‌نگ ته‌واو ده‌بێت؛ لیبیا ناچێته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیتاڵیا، هه‌ر بۆیه لیبیهكان پێیانوابو ده‌رفه‌تێكیان هاتوه‌ته پێش بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان له داگیركاری ئیتاڵیا رزگا بكه‌ن.
له‌وكاته‌دا سهنوسیهكان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا هاوپه‌یمانیان كرد‌و پێكه‌وه سوپای سهنوسیان دروستكرد له هۆزه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی ئیدریس سه‌نوسی و پێكه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی به‌ریتانیا چونه هه‌رێمی بورقه له میسر و ئیدریس به ئه‌میری بورقه دیاریكرا.
به‌هه‌مان شێوه شێخ حه‌مه‌د سه‌یف نه‌سر و ئه‌و هۆزانه‌ی له‌گه‌ڵیدا بو، به هاوڕێیه‌تی هێزه‌كانی فه‌ره‌نسا رۆشته ناوچه‌كانی سودانی ناوه‌ڕاست (چاد) و ناوبراو وه‌ك ئه‌میری فه‌زان دیاریكرا.
دوای ته‌واوبون جه‌نگی جیهانی دوه‌م، به‌ریتانیاو ئیتاڵیا له 10ی مانگی ئادار له‌سه‌ر ئه‌و رێكه‌وتن ئیتاڵیا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ته‌رابلوسدا بمێنێته‌وه‌و به‌ریتانیاش بورقه به‌ڕێوه‌ببات و (فه‌زان)یش بدرێت به فه‌ره‌نساو دوای 10 ساڵیش سه‌ربه‌خۆی لیبیا رابگه‌یه‌ندرێت، نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانیش به‌و دابه‌شكاریه رازیبو، به‌ڵام دوای ده‌نگدان له‌سه‌ری، ئه‌و پرۆژه‌یه سه‌ری نه‌گرت، دواتر به هه‌وڵی خه‌باتكاره لیبیهكان، له 21/11/1949 نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بڕیاریدا تا 1952 مافی سه‌ربه‌خۆیی بدرێت به لیبیا.
له 1950شدا كۆمه‌ڵه‌یه‌ك له 60 ئه‌ندامی سه‌رجه‌م هه‌رێمه‌كانی لیبیا دامه‌زراو له هه‌مان ئه‌و ساڵه‌دا به سه‌رۆكایه‌تی موفتی ته‌رابلوس كۆمه‌ڵه‌كه سه‌باره‌ت به شێوازی ده‌وڵه‌تی لیبیا كۆبونه‌وه‌و بڕیاردرا سیسته‌می وڵات به‌شێوه‌ی فیدراڵی بێت.
له 29ی ئاداری 1951، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه دروستكردنی حكومه‌تی كاتی راگه‌یاند له ته‌رابلوس به سه‌رۆكایه‌تی مه‌حمود مونته‌سیر، له 12/10/1951یشدا جگه له ده‌سه‌ڵاتی به‌رگری و كاروباری ده‌ره‌وه‌و دارایی، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی گوازرایه‌وه بۆ حكومه‌ته كاتیه‌كه.
دوای ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له 24ی كانونی یه‌كه‌می 1951 ده‌ستور راگه‌یه‌ندراو ئیدریس سه‌نوسی كرا به پاشای مه‌مله‌كه‌تی لیبیا به سیسته‌می فیدراڵیه‌وه، كه هه‌رێمه‌كانی (ته‌رابلوس و بورقهو فه‌زان)ی له خۆ ده‌گرت.
دواتر له 26ی نیسانی 1963دا نوێنه‌ره هه‌ڵبژێردراوه‌كانی لیبیا، ده‌ستوریان هه‌موار كرد.
له ساڵی 1969شدا ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری پله نزم به سه‌ركردایه‌تی موعه‌مه‌ر قه‌زافی كوده‌تایان كرد‌و كۆماری لیبیای عه‌ره‌بیان راگه‌یاند.
له 2ی ئاداری ساڵی 1977، (لیبیای عه‌ره‌بی شه‌عبی ئیشتراكی) راگه‌یه‌ندراو سیسته‌می سیاسی له (پاشایه‌تی)یه‌وه بۆ (كۆماری - الجماهیری) له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆره‌ی (كۆنگره جه‌ماوه‌ریه‌كان بڕیار ده‌ده‌ن، لیژنه جه‌ماوه‌ریه‌كان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن) دامه‌زرا.
سیسته‌می جه‌ماوه‌ری لیبیا
(كۆنگره جه‌ماوه‌ریه‌كان بڕیار ده‌ده‌ن، لیژنه جه‌ماوه‌ریه‌كان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن)؛ موعه‌مه‌ر قه‌زافی ئه‌م تیۆره‌یه‌ی به دیموكراتیه‌تی راسته‌وخۆ ده‌دایه قه‌ڵه‌م.
سیسته‌مه‌كه به‌شێوه‌یه‌ك پیاده ده‌كرا كه له هه‌مو كوچه‌و كۆڵان و گوندێك، ژن و پیاوه‌كان له‌سه‌روی 18 ساڵیه‌وه له كۆمه‌ڵه‌یه‌كدا به‌ناوی كۆمۆنه كۆده‌بونه‌وه، هه‌ر كۆمۆنهیهك 100 ژن و پیاوی له خۆده‌گرت، به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌مو جه‌ماوه‌ری لیبیا به‌سه‌ر 30 هه‌زار كۆمۆنه دابهشبوبو.
كۆنگره جه‌ماوه‌ریه بنه‌ڕه‌تیه‌كان ساڵی سێ جار كۆده‌بونه‌وه، كۆبونه‌وه‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی به به‌رنامه‌ی كاری دو كۆبونه‌وه‌كه‌ی تره‌وه هه‌بو، له كۆبونه‌وه‌ی دوه‌مدا باس له كاروباره‌كانی ناوخۆی وڵات ده‌كرا، له كۆبونه‌وه‌ی سێیه‌میشدا تاوتوێی كاروباری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی لیبیا ده‌كرا.
موعه‌مه‌ر قه‌زافی و كوڕه‌كانی له 1969 تا 2011
عه‌قید موعه‌مه‌ر قه‌زافی، ناوی ته‌واوی (موعه‌مه‌ر محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌لام ئه‌بو مونیار قه‌زافیه)، له ساڵی 1942 له شاری سێرت له لیبیا له دایكبوه، پێشتر مولازم بوه له سوپای لیبیادا.
له ساڵی 1956 ژنی هێناوه‌و له‌و ژنه‌ی كه ناوی فه‌تحیه خالید بوه، كوڕێكی به‌ناوی محه‌مه‌د هه‌یه، له ژنی دوه‌میشی كه دوای گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات هێناویه‌تی به‌ناوی سه‌فیه فهركاش، 6 كوڕ و 1 كچی هه‌یه به‌ناوه‌كانی (سه‌یفولئیسلام، ساعیدی، موعته‌سه‌م بیللا، سه‌یفولعه‌ره‌ب، هانیپاڵ، خه‌میس، عائیشه). هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن سه‌فیه فهركاشهوه، دو منداڵ به‌ناوه‌كانی هه‌نا و میلاد هه‌ڵگیراوه‌ته‌وه ئه‌وانیش به منداڵی قه‌زافی ئهژماركراون.
له‌ماوه‌ی ساڵانی حوكمڕانیدا، كه 42 ساڵ بو، قه‌زافی به‌شێوه‌یه‌كی تاكڕه‌وانه‌و به پشت به‌ستن به سه‌رۆك هۆزه‌كان توانی له كورسی ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه، ئه‌و خۆی به سه‌رۆك و پاشا‌و فه‌رمانڕه‌وا نه‌زانیوه، به‌ڵكو وه‌ك رزگاركه‌ر خۆی ناساندوه به گه‌لی لیبیا‌و به هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی داوه به‌و فۆرمه‌وه تا مردن له كورسی ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه.
له ساڵانی دواییشدا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوه سه‌یفولئیسلامی كوڕی وه‌ك جێنشینی خۆی دیاری بكات.
به‌هه‌مان شێوه‌ی بنه‌ماڵه فه‌رمانڕه‌واكانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تایبه‌تی و خۆرهه‌ڵات به گشتی، كوڕ‌و وه‌چه‌كانی قه‌زافیش كایه‌كانی سیاسی و ئابوری و سه‌ربازی و ته‌نانه‌ت وه‌رزشی لیبیایان بۆ خۆیان قۆرخكردبو:
- عائیشه‌ی كچی، هه‌وڵیداوه وه‌ك پارێزه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ربكه‌وێت له لیبیادا.
- ساعدی، وه‌ك وه‌رزشكار.
- هانیپاڵ، سه‌رۆکی کۆمپانیای گواستنه‌وه‌ی نیشتیمانی بو.
- محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆسته و گه‌یاندن بوه.
- سه‌یفولئیسلام، ده‌سه‌ڵاتی ره‌های له دهستدابوه.
- خه‌میس، فه‌رمانده‌ی لیوای تایبه‌تی 23 سه‌ربازی بوه.
- موعته‌سه‌م، سه‌رۆکایه‌تی یه‌که‌یه‌کی تایبه‌تی سوپای لیبیای کردوه.
به‌هاری عه‌ره‌بی و ناڕه‌زاییه‌كان له دژی قه‌زافی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی
له ناوه‌ڕاستی مانگی شوبات، دوابه‌دوای روخانی رژێمی بن عه‌لی له تونس و حوسنی موباره‌ك له میسر، خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه جه‌ماوه‌ریه‌كان له لیبیا، له شاره‌كانی بنغازی و به‌یزا دهستیپێكردو به ماوه‌یه‌كی كه‌م سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی گرته‌وه.
له 26ی شوبات رژێمی قه‌زافی سه‌ركوتكاریه‌كانی به‌رامبه‌ر به خۆپیشانده‌ران راگه‌یاند، به‌ڵام له سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كاندا جه‌ماوه‌ری ناڕه‌زا توانیان ده‌ستبگرن به‌سه‌ر چه‌ند شارێكی كه‌ناری ده‌ریا له خۆرهه‌ڵات و ناوچه‌كانی باشوری خۆرهه‌ڵات و سێ شاری خۆرئاوا‌و له‌وكاته‌شدا ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی لیبیا هه‌ڵكرایه‌وه، كه له 1960 دا قه‌زافی گۆڕی بوی.
دوای 7 مانگیش له به‌رده‌وامی ناڕه‌زاییه‌كان و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی چه‌كداری سوپای قه‌زافی، توانرا به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی رژێمه‌كه‌ی موعه‌مه‌ر قه‌زافی بڕوخێنرێت. له‌ماوه‌ی ئه‌و كاته‌شدا شۆڕشگێڕان چه‌ندین قۆناغیان به‌ره‌و روخانی رژێمی پێش‌و بڕی و له‌و میانه‌شدا به‌پێی ئاماره ناڕه‌سمیه‌كان، زیاتر له 50 هه‌زار كه‌س له شۆِڕشگێڕان و جه‌ماوه‌ری مه‌ده‌نی به ده‌ستی هێزه‌كانی قه‌زافی كوژران.
له به‌هاری دیكتاتۆریه‌وه تا هاوینی ئازادی
17ی شوبات: خۆپیشاندانه‌كان له به‌نغازی و به‌یزا دهستیانپێكردو هێزه‌كانی قه‌زافی به توندی خۆپیشاندانه‌كانیان سهركوتكرد.
18-19ی شوبات: كرده‌ی توندوتیژی له به‌نغازی و به‌یزا رویدا‌و سوپا به گوله روبه‌ڕوی خۆپیشانده‌ران بویه‌وه‌و ده‌یه‌ها كه‌س كوژران.
22ی شوبات: قه‌زافی ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه تا كۆتایی شه‌ڕ ده‌كات و هه‌ڕه‌شه‌ی له خۆپیشانده‌ران كرد‌و داواشیكرد لایه‌نگرانی پاڵپشتی بكه‌ن. كۆمكاری عه‌ره‌بیش بڕیاریدا به‌شداریكردنی شاندی لیبی له كۆبونه‌وه‌كانی رێكخراوه‌كه‌و سه‌رجه‌م رێكخراو‌و ده‌زگا پاشكۆكانیدا رابگرێت.
26ی شوبات: باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه، كه پێویسته قه‌زافی كورسی ده‌سه‌ڵات جێبهێڵێت.
28ی شوبات: دوای نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌مه‌ریكا، یه‌كێتی ئه‌وروپا سانسۆری خسته‌سه‌ر چه‌ك و پاره‌ی بنه‌ماڵه‌ی قه‌زافی.
28ی شوبات- 6ی ئادار: هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م هه‌مو ئه‌و ناوچانه‌ی له سنوره‌كانی میسره‌وه تا ئه‌جدابیا درێژ ده‌بوه‌وه به ته‌بره‌ق و بهنغازیهوه، دواتر ئه‌و ناوچه‌یه بو به شوێنی شۆڕشگێڕان، چه‌ندین كه‌سایه‌تی گه‌وره چونه ریزی شۆڕشگێڕانه‌وه له‌و میانه‌شدا مسته‌فا عه‌بدولجه‌لیل، وه‌زیری داد له حكومه‌ته‌كه‌ی قه‌زافی، چوه ریزی شۆڕشگێڕان و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئینتیقالی دروستكرد، هه‌ر خۆشی بو به سه‌رۆكی، هاوكات عه‌بدولفه‌تاح یونس، وه‌زیری ناوخۆ به‌هه‌مان شێوه لایه‌نگری خۆی بۆ شۆڕشگێڕان راگه‌یاند. له‌لایه‌ن دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه لێكۆڵینه‌وه ده‌ستیپێكرد ده‌رباره‌ی ئه‌نجامدانی گریمانه‌ی تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی له‌لایه‌ن قه‌زافی و كوڕه‌كانیه‌وه.
15ی ئادار: هێزه‌كانی قه‌زافی ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر شاری ئه‌جدابیا، له خۆرهه‌ڵاتی ته‌رابلوس و به‌ره‌و بنغازی ملینا.
17ی ئادار: ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری ژماره 1973ی ده‌ركرد، كه به هۆیه‌وه ناوچه‌ی دژه فڕینی سه‌پاند به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی لیبیا‌و رێگه‌یدا بۆ پارێزگاری له هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی دژ به هێزه‌كانی قه‌زافی هێزه به‌كاربهێندرێت.
19ی ئادار: فڕۆكه‌كانی ناتۆ بۆردومانی چڕ و پڕی هێزه‌كانی قه‌زافیان ده‌ستپێكردو ناچاریان كردن به گه‌ڕانه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له بهنغازیهوه نزیكبوبونهوه.
20ی ئادار: هه‌زاره‌ها هاوڵاتی لیبی و بێگانه بۆ خۆپاراستن له شه‌ڕ گه‌شتنه سنوری میسر.
13ی نیسان: له ئه‌نجامی چه‌ند په‌یوه‌ندیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رباره‌ی لیبیا، دان نرا به ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئینتیقالی و داوای رۆشتنی قه‌زافی كرایه‌وه.
16-25ی نیسان: هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر شاری میسراته له خۆرئاوای لیبیا‌و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی قه‌زافیه‌وه به توندی بۆردومانی شاره‌كه كرا‌و له رێگه‌ی ده‌ریاوه هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی له شاره‌كه‌دا چۆڵكرا.
1ی نیسان: رژێمی قه‌زافی كوژرانی سه‌یفولعه‌ره‌ب و سێ نه‌وه‌ی قه‌زافی راگه‌یاندرا، به‌هۆی بۆردومانی شاری ته‌رابلوس له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ناتۆوه.
11-27ی نیسان: شه‌ڕی خوێناوی له نێوان هێزه‌كانی قه‌زافی و ئۆپۆزسیۆن رویدا له‌كاتی ده‌ستگرتنی ئۆپۆزسیۆن به‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی میسراتهو به‌و هۆیه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر له هه‌ردولا كوژران.
1ی حوزه‌یران: هێزه‌كانی ناتۆ ئه‌ركه‌كانیان تا كۆتایی مانگی ئه‌یلول درێژكرده‌وه.
27ی حوزه‌یران: دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ قه‌زافی و سه‌یفولئیسلامی كوڕی و عه‌بدوڵا سه‌نوسی، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری لیبیا ده‌ركرد، به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی.
28ی ته‌موز: عه‌بدولفه‌تاح یونس، سه‌ركرده‌ی هێزه‌كانی ئۆپۆزسین كوژرا، كه له‌لایه‌ن گروپێكی چه‌كداره‌وه ته‌قه‌ی لێكرا له شاری بنغازی.
1-15ی ئاب: هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی سه‌ربازی به ده‌ستهێناو ده‌ستیگرت به‌سه‌ر شاره سه‌ره‌كیه‌كانی زاویهو غهریان و به‌ره‌و ته‌رابلوس كشاو جیاواز له پێشتر پێشڕه‌ویه‌كی بێ وێنه‌یان كرد.
21ی ئاب: هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر تهرابلوسداو توانیان زۆرێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه له هێزه‌كانی قه‌زافی پاكبكه‌نه‌وه، جه‌ماوه‌ر له گۆڕه‌پانی سه‌وز ده‌ستیانكرد به ئاهه‌نگگیڕان و ناوی گۆڕهپانهكهشیان گۆڕی بۆ گۆڕه‌پانی شه‌هیدان.
22ی ئاب: ئۆپۆزسیۆن ده‌ستگیركردنی سه‌یفولئیسلام و محه‌مه‌دی كوڕانی قه‌زافی راگه‌یاند، پێش ئه‌وه‌ی سه‌یفولئیسلام له ڤیدیۆیه‌كدا ده‌ربكه‌وێت و هه‌واڵی ده‌ستگیكردنی به درۆبخاتهوهو هه‌روه‌ها محه‌مه‌دیش هه‌ڵبێت.
23ی ئاب: شۆڕشگێڕان هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر بابولعهزیزیه، باره‌گای سه‌ره‌كی قه‌زافی، به‌بێ ئه‌وه‌ی له ناویدا كه‌س بدۆزنه‌وه. له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه قه‌زافی چۆڵكردنی بابولعهزیزیهی به تاكتیكی سه‌ربازی دایه قه‌ڵه‌م و هه‌ڕه‌شه‌ی له ئۆپۆزسیۆن كرد.
24ی ئاب: ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئینتیقالی به‌خششێكی راگه‌یاند به بڕی 1.3 ملیۆن دۆلار بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی قه‌زافی بگرێت یان بیكوژێت.
9ی ئه‌یلول: پۆلیسی ئینته‌رپول ئاگاداركردنه‌وه‌ی سوری بۆ ده‌ستگیركردنی موعه‌مه‌ر قه‌زافی و سه‌یفولئیسلامی كوڕی و عه‌بدوڵا سه‌نوسی، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری دهركردو بڕیاره‌كه له 188 وڵاتی ئه‌ندامی رێكخراوه‌كه كاری پێده‌كرێت.
لیبیای دوای قه‌زافی، ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و مه‌ترسیه‌كان
جومعه قوماتی، نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ئینتیقالی لیبیا له به‌ریتانیا، 2/9 ئه‌وه‌ی راگه‌یاند، كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی ته‌ئسیسی لیبیا له ماوه‌ی 8 مانگدادهكرێت و له ماوه‌ی 20 مانگیشدا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجامده‌درێت.
قوماتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه ئه‌نجومه‌نی ئینتیقالی لیبیا بۆ ماوه‌ی 8 مانگ وڵات به‌ڕێوه‌ده‌بات پێش ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نێكی هه‌ڵبژێردراوه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستور.
له یه‌كه‌مین وتاریشدا له گۆڕه‌پانی شه‌هیدان له ته‌رابلوسی پایته‌خت، موسته‌فا عه‌بدولجه‌لیل، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئینتیقالی ته‌ئكیدی له‌وه كرده‌وه كه شه‌ریعه‌تی ئیسلام له‌مه‌ودوا له لیبیادا پشتی پێ ده‌به‌سترێت و حوكمی پێده‌كرێت.
به‌ڵام چاودێرانی سیاسی، پێیانوایه له ئایینده‌دا ئایینزاكانی ناو شۆڕشگێڕان، پێده‌چێت ببنه مه‌ترسی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌و وڵاته‌و سه‌رجه‌می ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له روخانی رژێمی قه‌زافی به دهستهاتون؛ نه‌پارێزرێت و بكه‌ونه مه‌ترسیه‌وه.
به رای چاودێران، وڵاتانی خۆرئاوا كه هاریكاری شۆڕ‌شیان كردوه بۆ روخانی قه‌زافی، نایانه‌وێت هیچ قه‌واره‌یه‌ك به ئایدۆلۆژیایه‌كی دژ به‌وان له لیبیا دروستبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت، ئایینزا رادیكاڵیهكان، به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی دژن به خۆرئاوا‌و به‌هۆی ئه‌و رۆڵه به‌رچاوه‌ش هه‌یانه له ئێستای لیبیا، نایه‌نه‌وێت جگه له بنه‌ما شه‌رعیه‌كانی ئیسلام، پشت ببه‌سترێت به شێوازی تری به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و رێگر ده‌بن له به‌رده‌م ئه‌و میكانیزم و دامه‌زاروانه‌ی له سیسته‌می دیموكراسیدا بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی له ئایینده‌دا بۆ لیبیا پێویسته.
هاوكات كه‌م و زیاد نه‌یاری ئه‌وه‌شن خۆرئاوا چاودێری هه‌بێت به‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی لیبیا‌و سود له سه‌رچاوه سروشتیه‌كانی لیبیا، به تایبه‌ت نه‌وت، وه‌ربگرێت.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، به‌وپێیه‌ی له لیبیادا زۆرترین هۆز و خێڵ هه‌یه‌و تائێستاش قه‌زافی و كوڕه‌كانی ده‌ستگیر نه‌كراون (جگه له ساعیدی) و هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، بونی خێڵه‌كان و ئه‌گه‌ری هاوپه‌یمانی دروستكردنیان له‌گه‌ڵ قه‌زافی، گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ئایینده‌ی لیبیا‌و پرۆسه سیاسیه‌كه‌ی.