راپۆرتی: كۆچه‌ر كه‌ركوكی
وه‌ستا نه‌جمه‌دین كه‌ركوكی، دانیشتووی شاری كه‌ركوكه، 35 ساڵ زیاتره دوكانی به‌رگدرووی هه‌یه‌و پۆشاكی كوردی ده‌دورێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كار وا بڕوات ره‌نگه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا دوكانه‌كه‌ی دابخات یا كاسبییهكهیو پیشه ده‌ستییه له مێژینه‌كه‌ی بگۆڕێت كه له منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵیدا گه‌وره‌بووه، چونكه ئێستا مشته‌رییان زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌و كه‌م كه‌س جلی كوردی دهدوورنو ده‌یپۆشن، ته‌نها له بۆنه كوردییه‌كاندا كڕیاریان هه‌یه، وتی: «ئه‌و كاته‌ی من به‌رده‌ستی وه‌ستام ده‌كرد خه‌ڵكی هه‌ر به‌رگی كوردیان ده‌پۆشی نه‌ك پانتۆڵ‌و جلی مۆده، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك نایه‌ن به‌رگی كوردی بدوورن، ته‌نها له بۆنه‌كاندا به‌رگی كوردی له‌به‌ر ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر كاریش وا بڕوات ناچار ده‌بم دوكان‌و پیشه‌كه‌م بگۆڕم، چونكه ئێستا به‌وهۆیه‌وه بازاڕم زۆر كز بووه».
ئه‌گه‌ر پۆشینی جلوبه‌رگی كوردی له شار‌و شارۆچكه كوردستانییه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م دیاربێت، ئه‌وا له شارێكی وه‌كو كه‌ركوكدا زۆر كه‌متره، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه به‌شێكی زۆری كورده ئاواره‌كانی شاره‌كه‌ی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و رێژه‌یان زیادی كردووه، جگه له‌وه‌ش ئه‌و سانسۆرانه‌ی له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عسدا هه‌بووه ئێستا بوونی نییه‌و خه‌ڵك ئازاده له‌وه‌ی چ پۆشاك‌و جلوبه‌رگێكی له‌به‌ردایه.
به‌ڵام به‌شێكی دانیشتووانی كه‌ركوك لای خۆیانه‌وه هۆكاری له‌به‌رنه‌كردنی جلی كوردیی بۆ بارودۆخی ئه‌منی شاره‌كه ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌و به‌هۆكارێكی گرنگی دهزاننو پێیانوایه ئه‌گه‌ر پۆشاكی كوردی له‌به‌ربكه‌ن زیاتر رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه.
هه‌روه‌ك عومه‌ر نه‌عمان، پێیوایه ئه‌وه پاساوی زۆرێك له‌و كه‌سانه‌یه كه دهستبهردرایی ئه‌و جله بوون كه ره‌مزی نهتهوایهتییانهو وتی: «ئه‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی ده‌یكه‌ن به بیانووی نه‌پۆشینی جلی كوردی، بارودۆخی ئه‌منی شاره‌كه‌یه»، ئه‌و كه به‌رده‌وام جلی كوردی پۆشیوه ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه ساڵانی رابردوو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك گه‌ڕاوه هیچ نه‌ترساوه‌و كێشه‌یان بۆ دروست نه‌كردووه، به‌ڵام «ئێستا ناتوانم بچم بۆ ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كانی ناو كه‌ركوك، چ جای حه‌ویجه‌و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر، چونكه زۆرجار خه‌ڵك دووچاری مه‌ترسییو رفاندن بوونه‌ته‌وه».
له ساڵانی رابردوودا سیمای كلتووری كوردی له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌عسه‌وه دژایه‌تی ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا تیرۆر‌و هه‌ڕه‌شه‌ی تایهفهگهرییو مه‌زهه‌بی هه‌مان هه‌ڕشه‌یه له‌سه‌ر گیانی كورده‌كان هه‌رچه‌نده نازانرێت كێ ئه‌و تووند‌و تیژییه به‌كار ده‌هێنێت.
عومه‌ر نه‌عمان، ته‌مه‌ن 60 ساڵ، هاوڵاتییه‌كی دانیشتووی شاری كه‌ركوكه‌و ئه‌وه‌نده‌ی له‌یادی بێت بۆ بۆنه‌و شوێنه ره‌سمییه‌كانیش پۆشاكی كوردی له‌به‌ركردووه، ئه‌و باسی له سه‌رده‌می منداڵی خۆی ده‌كرد كه زۆربه‌ی گه‌وره‌كانیش پۆشاكی سه‌ره‌كییان جلی كوردی بووه، به‌ڵام وه‌ك تێبینی ده‌كات ئێستا پۆشینی ئه‌و جله كه به ره‌مزێكی كورد داده‌نرێت كه‌مبووه‌ته‌وه‌و زۆربه‌ی هاوڵاتییان ده‌ستبه‌رداری بوون، وتی: «ئه‌و كات زۆربه‌ی كورده‌كان جله ره‌سه‌نه‌كه‌یان ده‌پۆشی»، عومه‌ر جلوبه‌رگی كوردی به دابونهریتو كلتوور‌و ئینتیما ده‌به‌ستێته‌وه‌و پێیوایه ئێستا زۆربه‌ی خه‌ڵك هه‌ستی دابونهریتو كلتووری نه‌ته‌وه‌یی بیر چووه‌ته‌وه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی پۆشینی جلوبه‌رگی كوردی لای گه‌نجان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت له بۆنه كوردییه‌كان‌و له وه‌رزی هاوینو گهشتو سه‌یراندا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه‌و كه‌سانێكی كهمو به ته‌مه‌نه‌كان نه‌بێت له كاتی ئاسایی‌دا زۆربه‌ی هاوڵاتییان نایپۆشن، به‌شێوه‌یه‌ك كه به‌ده‌گمه‌ن له فه‌رمانگه‌و شوێنه ره‌سمییه‌كاندا ده‌بینرێت هاوڵاتییان بیپۆشن.
نازم محه‌مه‌د، ته‌مه‌ن 40 ساڵ، هاوڵاتییه‌كی كه‌ركوكه‌و سه‌رقاڵی دوكاندارییه، ئه‌و یه‌كێكی تره له‌و كورده كه‌مانه‌ی كه رۆژانه به جلی كوردییه‌وه ده‌چێته سهركارهكهیو ناو بازاڕ، به‌ڵام تێبینی ئه‌وه‌ی كردووه كه به‌شێكی زۆری كورده‌كان جلی كوردی له‌به‌ر ناكهنو هۆكاری ئه‌وه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه به‌رپرسه كورده حكومییه‌كانی شاره‌كه ئاماده‌نین جلی كوردی بپۆشن له كاتێكدا زۆر كه‌م مه‌ترسی كاری توندوتیژییان له‌سه‌ره، به‌وپێیه‌ی به‌رده‌وام پاسه‌وانیان له‌گه‌ڵدایه‌و ئه‌و جێگایانه‌ی بۆی ده‌چن هێنده جێی مه‌ترسی نییه، هه‌روه‌ك داواكار بوو له به‌رپرسه‌كانی كورد به‌جلی كوردییه‌وه له فه‌رمانگه حكومییه‌كاندا ده‌وام بكه‌ن تا ئه‌و سڵكردنهوهیهش لای هاوڵاتییان نهمێنێتو وتی: «نازانم له‌چی ده‌ترسن، هه‌ریه‌كه‌یان ده‌یان پاسه‌وانیان هه‌یه، به‌ڵام ئاماده‌نین كه رۆژانی ده‌وام به‌و جله كوردهوارییانهوه ده‌وام بكه‌ن»، به‌ڵام به‌بۆچوونی نازم هۆكاری نه‌پۆشینی جلوبه‌رگی كوردی له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌كانه‌وه بارودۆخی ئه‌منی شاره‌كه نییه‌و «پێیان شه‌رمه ئه‌و جلوبه‌رگه له‌به‌ر بكهنو روویان نایه‌ت».
تاریق نامیق، ته‌مه‌ن 35 ساڵ، دانیشتووی كه‌ركوك، پانتۆڵێكی كاوبۆیو بلوزێكی له‌به‌ردابوو، نكۆڵی له‌وه نه‌كرد كه زۆربه‌ی گه‌نجانی شاره‌كه‌ی ده‌ستبه‌رداری پۆشاكی كوردی بوون‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه ئه‌وه شتێكی ئاساییه، به گوزهركردنێك به‌ناو بازاڕ‌و كۆڵانه‌كانی شاره‌كه‌دا هه‌ستی پێده‌كرێت.
ئه‌و گه‌نجه هۆكاری نه‌پۆشینی جلی كوردی له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه بۆ هاتنه ناوه‌وه‌ی مۆدێل‌و بینینی دنیای ده‌ره‌وه گه‌ڕانده‌وه له رێی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه كه پێش پرۆسه‌ی ئازادی عێراق نه‌بووه، تاریق له‌گه‌ڵ نازم هاوڕایه‌و هه‌رچه‌نده خۆی جلی كوردی له‌به‌ر ناكات، به‌ڵام پۆشینی جلوبه‌رگی كوردی به كارێكی باش ده‌زانێت، هه‌روه‌ك به بڕوای ئه‌و ئینتیمای زیاتر‌و هه‌ڵوێستی كوردانه تر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه ناو گه‌نجانی شاره‌كه «كه ئێستا لایان كاڵ بووه‌ته‌وه».
هه‌روه‌ك ده‌بیندرێت، زۆرێك له نوێنه‌رو به‌رپرسی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌و ئاین‌و گروپه‌كانی تری ناو شاری كه‌ركوك به پۆشاكی نهتهوهییو ئاینی خۆیانه‌وه به‌شداری كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌رپرسه كورده‌كان پۆشاكه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی خۆیان پشتگوێ خستووه.
هه‌روه‌ك تاریق ده‌ڵێت: «من پێم باشه به‌رپرسه‌كان به جلی كوردییه‌وه ده‌وام بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی له وڵاتان هه‌ست بكرێت كه كورد كاربه‌ده‌سته له شاره‌كه‌دا، جگه له‌وه‌ش ده‌بینین به‌رپرسان له نه‌ته‌وه‌كانی تر چۆن به جلوبه‌رگی خۆیانه‌وه دێن بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی ناو ئهنجومهنو فه‌رمانگه‌كان».
ئازاد جه‌باری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كه نموونه‌یه‌كی كه‌می ئه‌و كوردانه‌یه كه له كاتی ده‌وامی ئاسایی‌دا جلی كوردی دهپۆشێتو له زۆربه‌ی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌ندا به به‌رگی كوردییه‌وه ئاماده ده‌بێت، ئه‌وه ناشارێته‌وه كه زۆربه‌ی به‌رپرسه كورده‌كان جلی كوردی ناپۆشنو باس له‌وه ده‌كات كه ئهندامو به‌رپرسه‌كانی تری كورد كه له‌گه‌ڵیدا كار ده‌كه‌ن نه‌ك خۆیان نایپۆشن، به‌ڵكو ره‌خنه له پۆشاكه‌كانی ئه‌ویش دهگرنو وتی: «زۆرجار براده‌رانی خۆمان له‌ناو ئه‌نجومه‌ندا به ته‌علیقه‌وه پێیان ده‌وتم بۆ بڕنه‌وه‌كه‌ت نه‌هێناوه له‌گه‌ڵ خۆت، ئه‌مه قسه‌ی براده‌رانی خۆمانه له ئه‌نجومه‌ن».
هه‌روه‌ك داوای هاوڵاتییان به ههقو پێویست ده‌زانێت كه ئه‌ندامانی ئهنجومهنو به‌رپرسه كورده‌كان جلی كوردی بپۆشن‌و ده‌ربكه‌ون، وتیشی: «هه‌ق وایه له دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌ن له رۆژانی سێشه‌ممه‌دا به‌رگی كوردی له‌به‌ر بكرێت»، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه زۆربه‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بوونیان هه‌یه‌و بۆئه‌وه‌ی له‌و رێیه‌وه خه‌ڵك له ده‌ره‌وه‌ش به‌و به‌رگه‌وه بیان بینن.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌ن ره‌خنه‌ی له‌و كهسو لێپرسراوانه گرت كه ته‌نها له بۆنه‌كان ئه‌و به‌رگه دهپۆشنو پێیوایه به‌رگی كوردی ته‌نها بۆ كاتی بۆنه‌كان نییه، چونكه «ئه‌وه مه‌سه‌له‌ی دابونهریتو كلتووری نه‌ته‌وه‌ییه، كاتی خۆی باووباپیرانمان به‌رگی كوردیان له‌به‌ر نه‌بوایه نه‌ده‌چوون ده‌رگاش له میوان بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئێستا هێنده‌ی نه‌ماوه ئه‌و به‌رگه ته‌رك بكرێت».
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه له شاری كه‌ركوكدا ته‌نها كورد به به‌رگی خۆیه‌وه ده‌وام ناكات‌و نه‌ته‌وه‌كانی تر به به‌رگی خۆیانه‌وه دێن بۆ دهوامو وتیشی: «پێشنیاری ئه‌وه‌مان كرد كه براده‌رانی لیستی برایه‌تی زیاتر جلی كوردی له‌به‌ر بكهنو به‌ڵێنیشیاندا، به‌ڵام نه‌یان برده سه‌رو ته‌نها بۆ بۆنه‌كان له‌به‌ریان كرد».
ئه‌وه‌ی به‌رچاو دهكهوێتو لای هاوڵاتییان بووه‌ته جێگای نیگه‌رانی، ئه‌وه‌یه به‌هۆی جیاوازی نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌به‌وه له شاره‌كه‌دا دیوارێك دروستبووه‌و كورد ناتوانێت به جلی كوردییه‌وه بچێته ئه‌و ناوچانه‌ی عه‌ره‌ب نشینن، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه‌ركوك ببێته چه‌ند به‌شێك‌و پۆشینی جله‌كه‌یان رێگرییو كێشه بۆ كورده‌كان دروستبكات.
سه‌مه‌د سه‌لام، 67 ساڵ، پێیوایه ئه‌و هۆكارانه وایكردووه خه‌ڵك كه‌م جلی كوردی بپۆشێت‌و واشی كردووه ئه‌گه‌ر به‌میوانیش به جلوبه‌رگی كوردییه‌وه بچیت به غه‌ریب ته‌ماشا دهكرێیتو وتی: «له‌وه‌ته‌ی ئه‌م چاكه‌ت‌و پانتۆڵه هاتووه، گه‌نج ته‌نها بۆ بۆنه‌كان جلی كوردی له‌به‌رده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ش بۆ داهاتووی شاره‌كه مه‌ترسی هه‌یه، ئێستا هه‌ر له بنه‌ماڵه‌ی مندا 50 كه‌س زیاتر ده‌بین، جگه له دوانمان هه‌موویان پانتۆڵ له‌به‌رده‌كه‌ن»
پۆشینی به‌رگی كوردی ته‌نها لای پیاوان كاڵ نه‌بووه‌ته‌وه‌و به‌شێكی زۆری ژنانیش ده‌ستبه‌رداری جلی كوردی بوون‌و به‌هه‌مانشێوه‌ی پیاوان ته‌نها له بۆنه‌كاندا ده‌یپۆشن، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر زۆربه‌ی ژنان‌و كچانیش به به‌رده‌وامی ئه‌و جله‌یان له‌به‌ردابووه.
قه‌دری كه‌ریم، ته‌مه‌ن 55 ساڵ، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی رهحیماوایهو ئه‌ویش نیگه‌ران بوو له نه‌مانی پۆشینی به‌رگی كوردی لای ژنان، باسی له‌وه‌كرد كه ئه‌و كات له ته‌مه‌نی گه‌نجێتیاندا ژن به‌بێ به‌رگی كوردهواری نه‌چووه‌ته ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئێستا له ماڵیش ئه‌و به‌رگه ناپۆشن، سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێشكه‌وتن‌و هاتنه بازاڕه‌ی به‌رگی ژنان ناوبراو وتی: «با به‌شێوه‌یه‌كی تر ئه‌و به‌رگانه بپۆشین، نه‌ك ته‌نها بۆ بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كان بێت، كه به‌بۆچوونی قه‌دری به‌رگی كوردیی جوانترین به‌رگه بۆ ژنان، “خه‌ڵكی بیانی هاتووه له به‌رگی كوردی سه‌ری سوڕماوه، به‌ڵام ئێستا ئه‌مانه‌ی لای خۆمان به دواكه‌وتووی ده‌زانن”.