ئاماده‌كردنی: سبه‌ی
سبه‌ی، ناوێكی نوێ له بواری رۆژنامه‌وانی كوردی و هه‌نگاوێكی نوێ و دانسقه له بواری رۆژنامه‌وانی ئهلهكترۆنی كوردیدا، هێشتا ته‌نها یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر هاتنه‌كایه‌ی ئه‌م كه‌ناڵه‌ی راگه‌یاندندا تێپه‌ڕبووه، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا رۆژانه به‌به‌رده‌وامی و سات به سات سبه‌ی له كاركردندا بووه و به‌رهه‌م و بابه‌تی رۆژنامه‌وانی هه‌مه‌چه‌شنی خستووه‌ته‌ڕوو.
ئه‌م راپۆرته شیكردنه‌وه‌ی قۆناغه‌كانی دروستبوون و گه‌شه‌كردنی سایتی (سبه‌ی)ه له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی كاركردنیدا وه‌ك سایتی ره‌سمی كۆمپانیای وشه و وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی ئهلهكترۆنی كوردی. تیایدا تیشك خراوه‌ته سه‌ر لایه‌نه جیاوازه‌كانی سایته‌كه له‌رووی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری و كۆمپیوته‌ریی و هونه‌ری نه‌خشه‌سازی وێبسایت و هونه‌ری رۆژنامه‌وانی ئه‌له‌كترۆنییه‌وه.
سبه‌ی، دروستبوون و قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی
وه‌ك له پێشه‌كی ئه‌م راپۆرته‌دا ئاماژه‌ی بۆ كرا، سبه‌ی سایتی ره‌سمی كۆمپانیای وشه‌یه و به‌پێی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی ئهلهكترۆنی كوردیی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
سبه‌ی له 21ی ئازاری 2007 له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت كرایه‌وه و بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ته‌نها په‌یامی سبه‌ی به زمانه‌كانی كوردی (سۆرانی و بۆتانی "دووه‌میان بهرێنوسی عه‌ره‌بی و لاتینی") و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی تێدا خرایه روو.
له سایته‌كه‌دا و له‌و مانگه‌دا بواری ئه‌وه به میوان و به‌كارهێنه‌ران درا راو بۆچوون و پێشنیازی خۆیان له‌سه‌ر په‌یامی سبه‌ی بنێرن و سه‌رجه‌م ئه‌و راو بۆچوون و پێشنیازانه‌ش له سایته‌كه‌دا بڵاوكرانه‌وه و جگه له‌وه‌ش ئه‌وانه‌ی به وتار به‌شداریان كرد وتاره‌كانیان دابه‌زێنران.
له‌م قۆناغه‌دا سوود له به‌شداریكردنی میوان و به‌كارهێنه‌ره‌كان وه‌رگیرا و له‌ژێر رۆشنایی راو پێشنیازهكانیاندا په‌یامی سبه‌ی هه‌موار كرا و به‌شێوه‌یه‌كی نوێ و به‌ده‌ستكارییه‌وه دارێژرایه‌وه.
له 21ی ئازاری 2007 تا 22ی نیسانی هه‌مان ساڵ سبه‌ی ته‌نها ده‌روازه‌ی خستنه‌رووی په‌یامی سبه‌ی بوو، به‌ڵام له 22ی نیسانه‌وه كه هاوكاته له‌گه‌ڵ یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، سبه‌ی وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی ئهلهكترۆنی كه‌وته‌كار و تیایدا هه‌واڵ و وتار و راپۆرت و چاوپێكه‌وتن بڵاوده‌كرایه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی په‌یامی سبه‌یش داڕێژرایه‌وه، دووباره په‌یامه‌كه به هه‌مواركراوی له سایته‌كه‌دا دانرایه‌وه.
دیزاینی سبه‌ی له‌م قۆناغه‌دا جیاوازبوو له دیزاینی ئه‌و قۆناغه‌ی ته‌نها په‌یامی سبه‌ی تێدابوو.
له 19ی ته‌مموزی 2007 دیزاینی سایتی سبه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌رووی ره‌نگ و له‌رووی دابه‌شكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی سایته‌كه‌وه گۆڕدرا. بۆ نموونه له‌م قۆناغه‌دا به‌شێكی سه‌ره‌كی بۆ چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی به‌ناوی به‌شی دیمانه زیادكرا و تۆنی ره‌نگه سه‌ره‌كییه‌كانی سایته‌كه‌ش گۆڕدرا و له هه‌ندێك به‌شی وه‌ك دیمانه و راپۆرتدا پشت به دروستكردنی وێنه‌ی گرافیكی به‌سترا.
هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا بایه‌خێكی زیاتر به دۆسییه درا و چه‌ند بابه‌تێكی هه‌ستیار و به‌بایه‌خ كرانه دۆسییه و به‌شێكی تایبه‌تیش به وتار و بیروڕای بیانی دانرا.
گرنگترین گۆڕانكاری كه له‌م قۆناغه‌دا كرا، ره‌خساندنی بوارێك بوو بۆ به‌كارهێنه‌ران تا بتوانن راو پێشنیازه‌كانیان له‌سه‌ر وتار و دیمانه و راپۆرته‌كان بنێرن و دواتریش بڵاوبكرێنه‌وه.
هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا (دوانگه‌ی سبه‌ی) به‌مه‌به‌ستی ئاكتیڤكردنی رای گشتی بۆ سایته‌كه زیادكرا و له‌م رێیه‌وه رۆژانه ده‌یان كۆمێنت له‌شوێنی جیاجیاوه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی رۆژ ده‌گه‌نه سایته‌كه و ئه‌وانه‌ی به‌كه‌ڵكی بڵاوكردنه‌وه دێن، بڵاوده‌كرێنه‌وه.
جگه له‌وه‌ش به‌شی مانشێت كرایه‌وه كه تیایدا رۆژانه مانشێت و ناونیشانی هه‌واڵه سه‌ره‌كییه‌كانی نزیكه‌ی 30 رۆژنامه‌ی ناوخۆیی و بیانی ههمهجۆر له‌و به‌شه‌دا بڵاوده‌كرێنه‌وه.
سایتی سبه‌ی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی رۆژنامه‌ی ئهلهكترۆنی
به‌وپێیه‌ی سبه‌ی هه‌واڵ و به‌رهه‌می دیكه‌ی رۆژنامه‌وانی پێشكه‌ش ده‌كات و كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنه له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت، به رۆژنامه‌یه‌كی ئهلهكترۆنی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
به‌پێی راوبۆچوونی توێژه‌ره‌كانی بواری رۆژنامه‌وانی ئینته‌رنێتی، رۆژنامه‌ی ئهلهكترۆنی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی سه‌ره‌كی هه‌یه كه پێیه‌وه ده‌ناسرێت و له‌رۆژنامه‌ی كاغه‌زیی ته‌قلیدیی جیای ده‌كاته‌وه، گرنگترینی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش بریتین له تایبه‌تمه‌ندی كارلێككاریی و مهڵتیمێدیایی و دهقباڵایی.
لێره‌دا له بوونی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه له سایتی سبه‌یدا ده‌دوێین.
1- دهقباڵایی (hypertextuality):
دهقباڵایی یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی رۆژنامه‌ی ئهلهكترۆنی، مه‌به‌ست لێی بوونی په‌ڕه‌ی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندێتی پێكه‌وه بهستراوییه، واته له په‌ڕه‌یه‌كی رۆژنامه ئهلهكترۆنییهكهوه به‌شێك (وشه‌یه‌ك یان رسته‌یه‌ك یان وێنه‌یه‌ك...هتد) به‌ستراوه‌ته‌وه به په‌ڕه یان به‌شێكی دیكه‌وه و به‌ته‌نها یه‌ك كلیك له‌سه‌ر به‌شه دیاریكراوه‌كه راسته‌وخۆ به‌شه‌كه‌ی دیكه ده‌كرێته‌وه.
بۆ نموونه له هه‌واڵێكدا كه ناوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی تێدا هاتبێت، ده‌كرێت ده‌سته‌واژه‌ی (حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) ببه‌سترێته‌وه به سایتی ره‌سمیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه و خوێنه‌ری هه‌واڵه‌كه به كلیككردن له‌سه‌ری ده‌چێته ناو ئه‌و سایته‌وه.
له سایتی (سبه‌ی)دا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندێتییه به دوو شێوه جێبه‌جێ كراوه:
أ/ له بابه‌ته‌كاندا زۆر ده‌سته‌واژه هه‌ن تایبه‌تن به سایتی دیكه‌وه، بۆ نموونه ناوی رێكخراو، حكومه‌ت، به‌یاننامه و هتد...، ئه‌مانه راسته‌وخۆ ده‌به‌سترێنه‌وه به سایتهكانیانهوه و به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت راسته‌وخۆ له بابه‌ته‌كه‌ی (سبه‌ی)ه‌وه بچێته ناو ئه‌و سایتانه‌وه.
ب/ هه‌ر له به‌رهه‌مه‌كانی (سبه‌ی)دا زۆر بابه‌ت هه‌ن كه په‌یوه‌ندییان به به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی (سبه‌ی)ه‌وه هه‌یه، بۆ نموونه وتاره‌كان، ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك زیاد له وتارێكی له سایته‌كه‌دا هه‌بێت خوێنه‌ری یه‌كێك له وتاره‌كانی ده‌توانێت له‌هه‌مان په‌ڕه‌ی ئه‌و وتاره‌وه له‌رێگه‌ی كلیكی ناونیشانی وتاره‌كانی دیكه‌یه‌وه بچێته سه‌ر ئه‌و وتارانه‌ی دیكه‌ی هه‌مان نووسه‌ر. یان له‌هه‌واڵێكی سبه‌یه‌وه ده‌توانێت بچێته ناو هه‌واڵێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌هه‌مان هه‌واڵه‌وه.
كه‌واته سبه‌ی توانیویه‌تی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه له‌رووی هونه‌رییه‌وه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش له خۆیدا جێبه‌جێ بكات.
2- كارلێككاری (interactivity):
مه‌به‌ست له تایبه‌تمه‌ندی كارلێككاری ئه‌وه‌یه كه كارلێك له نێوان به‌رهه‌مهێنه‌ر و به‌كارهێنه‌ری سایته‌كه‌دا دروست ببێت، به‌جۆرێك به‌كارهێنه‌ران بتوانن رۆڵ ببینن له دروستكردنی به‌شێكی به‌رهه‌مه‌كاندا، وه‌ك ئه‌وه‌ی راوبۆچوونه‌كانیان سه‌باره‌ت به وتارێك له‌گه‌ڵ وتاره‌كه‌دا بڵاوبكرێته‌وه.
سبه‌ی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه له خۆیدا جێبه‌جێكردووه و قۆناغ به‌قۆناغیش هه‌وڵدراوه زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت.
بۆ نموونه به‌كارهێنه‌ران و میوانه‌كانی سبه‌ی بۆچوون و پێشنیازه‌كانیان له‌سه‌ر په‌یامی سبه‌ی خسته‌ڕوو، دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونانه له سایته‌كه‌دا جارێكی دیكه له‌ژێر رۆشناییاندا پرۆژه‌ی په‌یامی سبه‌ی هه‌مواركرا و داڕێژرایه‌وه.
هه‌روه‌ها به‌كارهێنه‌ران ده‌توانن راوبۆچوونه‌كانیان بۆ وتار و دیمانه و راپۆرته‌كان بنێرن و دواتریش ئه‌و بۆچوونانه ده‌بنه به‌شێك له‌و به‌رهه‌مانه.
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له به‌شی (دوانگه‌ی سبه‌ی)دا جێبه‌جێكراوه، سه‌رپه‌رشتیارانی سبه‌ی له‌م به‌شه‌دا ته‌نها بابه‌تێك بۆ راده‌ربڕین دیاری ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن به‌كارهێنه‌ران و میوانانی سایته‌كه‌وه دروست ده‌كرێت، چونكه ئه‌وان راوبۆچوونه‌كان ده‌نێرن و دوانگه‌ی سبه‌ی ته‌واو ده‌كه‌ن.
كه‌واته سبه‌ی له‌م تایبهتمهندییهشدا تا ئه‌ندازه‌یه‌كی به‌رچاو سه‌ركه‌وتوو بووه و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی دراوه.
3- مهڵتیمێدیایی (multimediality):
مه‌به‌ست له مهڵتیمێدیایی بوونی به‌رهه‌مه به‌شێوه‌ی ده‌نگ و دیمه‌نی ڤیدیۆ و تێكستی نووسراو، به بوونی هه‌موو ئه‌م شێوانه‌ی به‌رهه‌م و بابه‌ت سیفه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی مهڵتیمێدیایی جێبه‌جێ ده‌بێت.
ئه‌وه‌ی سبه‌ی تا ئێستا به‌رهه‌می هێناوه ته‌نها به‌رهه‌م و بابه‌ت بووه له‌شێوه‌ی تێكستدا، سبه‌ی نه‌یتوانیوه به‌رهه‌می ده‌نگی و ڤیدیۆیی بخاته‌روو.
له رۆژنامه‌وانی ئه‌له‌كترۆنیدا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش به جیاكه‌ره‌وه‌یه‌كی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌ی ئهلهكترۆنی ئینته‌رنێتی داده‌نرێت و بوونی پێویسته.
هۆكاری بڵاونه‌كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ده‌نگی و دیمه‌نی ڤیدیۆیی له سبه‌یدا ئه‌وه نییه كه له‌رووی هونه‌رییه‌وه سایته‌كه توانای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و شێوه به‌رهه‌مانه‌ی نه‌بێت، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه دروستكردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه پێویستی به ستۆدیۆ و بوونی به‌رهه‌مه‌كان هه‌یه، واته ئه‌گه‌ر بابهتهكان به‌و جۆره له‌به‌رده‌ستدا بن ئه‌وا زۆر به‌ئاسانی سایته‌كه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌و جۆره به‌رهه‌مانه‌ش له‌خۆ بگرێت و به‌پێی پلان و به‌رنامه‌ی نوێی (سبه‌ی) به‌رهه‌می ده‌نگی و ڤیدیۆیی له داهاتوویه‌كی نزیكدا بڵاوده‌كرێنه‌وه.
ئاستی سبه‌ی له‌ناو كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی كوردیدا
سبه‌ی ته‌مه‌نێكی كورتی به‌سه‌ر بردووه، به‌ڵام ته‌مه‌نێكی گرنگ و هه‌ستیار، چونكه سه‌ره‌تاكانی هه‌ر كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن كاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتووی كه‌ناڵه‌كه ده‌بێت.
له‌سه‌ره‌تای كاركردنییه‌وه تائێستا سبه‌ی وه‌ك كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی كوردی خاوه‌ن كه‌سایه‌تی تایبه‌ت و ستراتیجی تایبه‌ت و جیاواز له كه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ی راگه‌یاندنی كوردی ده‌ركه‌وتووه.
ئه‌و سیستمی كاركردنه‌ی سبه‌ی گرتوویه‌تیه به‌ر به‌پێی ئه‌و ماوه كاتییه‌ی كاركردنی ده‌ركه‌وتووه كه سیستمێكی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش سه‌ركه‌وتوو بووه. توانیوشییهتی ببێته سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵی زۆرێك له كه‌ناڵه ناوخۆییه‌كانی وه‌ك رادیۆكان و ته‌له‌فزیۆنه‌كان و سایته‌كانی دیكه (رۆژانه هه‌واڵه‌كانی سبه‌ی له ژماره‌یه‌ك له رادیۆكانی شار و شارۆچكه‌كانی سلێمانی و ته‌نانه‌ت ته‌له‌فزیۆنه‌كانی وه‌ك زاگرۆس و یه‌كگرتوو و روَژ و هتد... بڵاوده‌كرێنه‌وه).
هه‌روه‌ها ئاژانسه‌كانی وه‌ك (ئاكی) ئیتاڵی و (دی پی ئه‌ی) ئه‌ڵمانی و (ئیرنا)ی ئێرانی و رۆژنامه‌كانی وه‌ك (شه‌رقولئه‌وسه‌ت) زۆرجار هه‌واڵی (سبه‌ی)یان بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌شیان به سه‌رچاوه‌كه (سبه‌ی) كردووه و هه‌ندێك جاریش ناویان نه‌هێناوه به‌ڵام وتراوه كه سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌كه سایتێكی كوردییه.
هه‌روه‌ك كه‌ناڵی (بی بی سی) به‌ریتانی له راپۆرتێكیدا كه لهسایتهكهشیدا به زمانی ئینگلیزی بڵاویكردووه‌ته‌وه و تایبه‌ته به ره‌وشی راگه‌یاندنی كوردی به‌ناوی " رێبه‌ری رۆژنامه‌وانی كوردی بۆ ساڵی 2007"، ئاماژه‌ی به سایتی سبه‌ی كردووه و لینكی سایته‌كه‌ی وه‌ك یه‌كه‌م سایتی سه‌ربه‌خۆی كوردی داناوه.
به‌گشتی ده‌توانرێت ئاماژه بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بكرێن كه بوونه‌ته مایه‌ی سه‌ركه‌وتنی سایتی سبه‌ی.
1- هاوسه‌نگی و بێلایه‌نی له خستنه‌ڕووی زانیارییه‌كاندا:
سبه‌ی له خستنه‌ڕووی زانیارییه‌كانیدا هه‌وڵیداوه هاوسه‌نگی له‌نێوان بوار و لایه‌نه جیاوازه‌كاندا بكات، نه‌هاتووه ته‌نها لایه‌نی سیاسی بگرێته‌خۆ، به‌ڵكو لایه‌نه‌كانی ئابووری و وه‌رزشی و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌شی له‌خۆگرتووه.
هه‌روه‌ك نه‌هاتووه ته‌نها ئه‌و هه‌واڵانه بڵاوبكاته‌وه كه ره‌گه‌زی نێگه‌تیڤیان تێدا زاڵه، وه‌ك هه‌واڵه‌كانی به‌رپابوونی نائارامی و بوونی گه‌نده‌ڵی و شكستی دامه‌زراوه حكومی و حزبییه‌كان، به‌ڵكو هاوسه‌نگانه ئه‌و هه‌واڵانه‌شی بڵاوكردووه‌ته‌وه كه ره‌گه‌زی پۆزه‌تیڤیان تێدایه وه‌ك گه‌شه‌كردنی ئابووری و ئارامی باری ئاسایش و هتد...
جگه له‌وه‌ش سبه‌ی لهههواڵهكانیدا نه‌بووه‌ته لایه‌نگری لایه‌نێكی كێشه‌كان و هاوسه‌نگانه له‌و بواره‌دا مامه‌ڵه‌ی كردووه، ته‌نانه‌ت له ناوبردنی گروپه توندڕهوهكانیشدا به "تیرۆریست" خۆی لاداوه و وه‌ك كه‌ناڵێكی سه‌ربه‌خۆ و بابه‌تیانه مامه‌ڵه‌ی كردووه.
2- راستی و دروستی زانیاریی ناو به‌رهه‌مه بڵاوكراوه‌كان:
له‌سه‌ره‌تای كه‌وتنه‌كاری سبه‌ی تا ئێستا، هیچ لایه‌نێك زانیارییه‌كانی ناو بابه‌ته بڵاوكراوه‌كانی سبه‌ی (به‌تایبه‌ت هه‌واڵه‌كان)ی به‌درۆ نه‌خستووه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت رونكردنه‌وه‌ی بابه‌تی و ره‌سمیش له‌سه‌ر هیچ هه‌واڵێكی به‌رهه‌مهێنراوی سبه‌ی بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌و هۆیه‌وه كه سه‌رپه‌رشتیاران و ههواڵسازهكانی سبه‌ی هه‌میشه به وردی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ زانیارییه‌كان و سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كاندا كردووه.
ئه‌مه سه‌باره‌ت به هه‌موو كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن خاڵێكی گرنگه، چونكه پاراستنی متمانه‌ی سایته‌كه ده‌بێته هۆی پابه‌ندبوونی به‌كارهێنه‌ره‌كانی به چاودێریكردنی به‌رده‌وامی سایته‌كه و بڕوابوونیان به‌و زانیاریانه‌ی پێشكه‌شیان ده‌كات.
هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌واڵ و بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی سبه‌ی له‌لایه‌ن كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و هه‌ندێك له ئاژانسه جیهانییه‌كانه‌وه جارێكی دیكه بڵاوبكرێنه‌وه.
3- به‌رده‌وامی له نوێكردنه‌وه‌ی به‌ش و بابه‌ته‌كانی سایته‌كه‌دا:
سبه‌ی به‌رده‌وام و تائێستاش له‌نوێبوونه‌وه و گه‌شه‌كردندا بووه، قۆناغ به قۆناغ به‌شه‌كانی هه‌مواركراون و ئه‌وه‌ی به‌زیاد زانراوه لابراوه و به‌شی دیكه‌شی بۆ زیادكراوه.
جگه له‌وه‌ش هه‌میشه له‌ناو هه‌ر بهشێكیشدا گۆڕانكاری تایبه‌ت كراوه و تایبه‌تمه‌ندی به‌شه‌كانیش پارێزراون.
هه‌روه‌ك بایه‌خ به‌وه‌ش دراوه كه زوو زوو به‌رهه‌م و بابه‌ته‌كانی ناو سایته‌كه نوێ بكرێنه‌وه و له دابه‌زاندنی بابه‌ته‌كاندا دواكه‌وتن روونه‌دات، به‌تایبه‌ت له هه‌واڵدا كه سه‌ره‌كیترین بابه‌تی رۆژنامه‌وانییه.
4- ده‌ستپێشخه‌ری رۆژنامه‌وانی له بڵاوكردنه‌وه‌دا:
ده‌ستپێشخه‌ری رۆژنامه‌وانی ئه‌ركێكی گرنگی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه له ئه‌مڕۆدا، ئه‌مه‌ش له‌ئێستادا به‌هۆی زۆربوونی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و خێرایی له بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كاندا بووه‌ته كارێكی قورس و گران.
وێڕای سنورداریی توانای ماددی و مرۆیی سبه‌ی، توانراوه رۆژانه ده‌ستپێشخه‌ریی له بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندین هه‌واڵی گرنگدا بكرێت و سبه‌ی له‌و بواره‌دا ببێته پێشڕه‌و.
ته‌نانه‌ت له هه‌واڵی تایبه‌ت به حكومه‌ت و پارته سیاسییه‌كانی كوردستاندا زۆر جار پێش كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی حكومه‌ت و پارته سیاسییه‌كانیش كه‌وتووه و نموونه‌كان له‌و رووه‌وه زۆرن.
5- ره‌چاوكردنی هونه‌ری رۆژنامه‌وانی له بابه‌ته‌كاندا:
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له سبه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش تیایاندا ره‌چاوی په‌یڕه‌وكردنی هونه‌ره‌كانی رۆژنامه‌وانی كراوه.
بۆ نموونه له داڕشتنی هه‌واڵ و راپۆرته‌كاندا زۆر بایه‌خ به‌وه دراوه كه زانستیانه و پیشه‌ییانه دابڕێژرێن و هه‌روا هه‌ڕه‌مه‌كی زانیارییه‌كان نه‌خرێنه‌ڕوو.
جگه له‌وه‌ش له داڕشتنی بابه‌ته‌كاندا ره‌چاوی ئه‌وه كراوه كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی رۆژنامه‌وانی ئهلهكترۆنی ئینته‌رنێتی جێبه‌جێ بكرێن و ئه‌مه‌ش به‌روونی له هه‌واڵ و راپۆرته‌كاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت و بۆ ئه‌وه‌ش پشت به توانای ئه‌كادیمی و ئه‌زموونی پیشه‌یی به‌ستراوه.
هه‌روه‌ك له پۆلێنكردنی به‌شه‌كانیشدا ئه‌وه دیاره كه سیستمێكی رۆژنامه‌وانی هاوچه‌رخ په‌یڕه‌وكراوه.
6- خستنه‌ڕووی ره‌خنه به زمانێكی نوێ:
له‌رێی بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروڕای جیاوازه‌وه، سبه‌ی توانیویه‌تی له‌سه‌رێكه‌وه ره‌خنه به‌زمانێكی نوێ بخاته ناوه‌ندی رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌له‌كترۆنییه‌وه و له‌سه‌رێكی تریشه‌وه ژماره‌یه‌ك نووسه‌ری نوێ بهێنێته مه‌یدانه‌وه كه پێشتر ناسراو نه‌بوون.
له‌وباره‌یه‌وه سبه‌ی توانی ئه‌رشیفێكی تا راده‌یه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ند له‌و وتارانه دروست بكات كه هه‌ندێكیان جێگه‌ی سه‌رنجی ده‌وروبه‌ر بوون.
7- هاوچه‌رخی و زانستی‌بوون له سیستمی دروستكردن و دیزایندا:
به‌وپێیه‌ی سایته‌كه به پشتبه‌ستن به پرۆگرامه‌كانی asp.net II و SQL server 2005 و به دیزاینێكی تایبه‌ت به رۆژنامه‌ی ئهلهكترۆنی دروستكراوه. له‌رووی سیستمی دروستكردن و دیزاینه‌وه سایته‌كه وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك له‌رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا هاتووه‌ته مه‌یدان.
پێش سایتی سبه‌ی، هیچ سایتێكی كوردی دیكه بهرێنوسی باوی هه‌رێمی كوردستان به‌و سیستمه نوێیه دروست نه‌كراوه، هه‌روه‌ك له‌رووی دیزاینه‌وه به‌و جۆره پێشكه‌وتوو نه‌بووه، ئه‌مه‌ش به دانپیانانی زۆرێك له رۆژنامه‌نووسان و ههڵوسوڕێنهرانی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و به‌كارهێنه‌ران.
هه‌روه‌ك به‌هۆی باشی سیستمی دروستكردنهكهیهوه له‌سه‌ره‌تای كاركردنییه‌وه و به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی سایته كوردییه‌كانه‌وه تا ئێستا سبه‌ی بۆ یه‌ك سات نه‌وه‌ستاوه و تووشی كێشه نه‌بووه.
هه‌ڵبه‌ت سبه‌ی وه‌ك كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی كوردیی بێ كێشه و گرفت نه‌بووه، چونكه كاری راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانی له‌ناو هه‌رێمی كوردستان و به‌و توانا ماددی و مرۆییه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه رووبه‌رووی هه‌ندێك كێشه‌ی گه‌وره بووه‌ته‌وه. هه‌ندێك جار كێشه‌كان سه‌باره‌ت به‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن گشتین و هه‌مووان ده‌گرێته‌وه، هه‌ندێك جاریش كێشه‌كان تایبه‌تن به یه‌كێك له كهناَلهكانی راگه‌یاندن و ئه‌وانی دیكه پێیه‌وه گیرۆده نین.
به‌گشتی سایتی سبه‌ی له‌ماوه‌ی كاركردنیدا رووبه‌رووی چه‌ند كێشه‌یه‌ك بووه‌ته‌وه، یه‌كێك له كێشه‌كانی سایتی سبه‌ی بریتییه له نه‌بوونی هێڵی ئینته‌رنێتی خێرا و به‌رده‌وام، ئه‌مه كێشه‌یه‌كه له‌هه‌موو هه‌رێمی كوردستاندا بوونی هه‌یه. چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه هه‌روا ئاسان نییه، چونكه كێشه‌یه‌ك نییه ته‌نها سایتی سبه‌ی به‌ده‌ستییه‌وه گیرۆده بێت، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی گشتییه له هه‌رێمی كوردستاندا.
كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی هونه‌ری سایتی سبه‌ی بریتییه له بڕانی ته‌زووی كاره‌با له كاتی كاركردندا، ئه‌مه‌ش هه‌ندێك جار كاریكردووه‌ته سه‌ر دواكه‌وتنی تازه‌كردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی سایته‌كه.
هه‌رچه‌نده سایتی سبه‌ی توانیویه‌تی ململانێیه‌كی باش بكات له خێرایی خستنه‌رووی زانیارییه‌كاندا، به‌ڵام هه‌ندێك جار به‌هۆی سنورداریی سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانه‌وه له گه‌یاندنی زانیاری سه‌باره‌ت به هه‌ندێك رووداو و دیارده و بابه‌تدا داوكه‌وتووه. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌ندێك جار سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه قۆرخكراون یان شاردراونه‌ته‌وه و رێگه بهئاشكرابوونیان نه‌دراوه.
دواجار ماوه‌ته‌وه بڵێین سبه‌ی هه‌وڵێكی دیكه‌یه بۆ پێشخستنی بواری رۆژنامه‌وانی كوردیی و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی رۆژنامه‌وانیی سه‌ربه‌خۆ و پیشه‌یی له هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌وه‌ی سبه‌ی كردوویه‌تی له‌م بواره‌دا هه‌وڵێكه و بێ كه‌موكورتی نییه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه كه‌موكورتییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، له ئێستاشه‌وه به‌په‌رۆشه‌وه باره‌كه پێویست به هه‌نگاوی نوێتر ده‌كات.