راپۆرت: كۆچه‌ر كه‌ركوكی
كه‌ریم ئه‌حمه‌د دانیشتوی گوندی قه‌ره‌تامۆری سه‌ر به‌ناحیه‌ی شۆرش كه ده‌كه‌وێته رۆژهه‌ڵاتی شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌وه خاوه‌نی 200 سه‌ر مه‌ڕو بزن ده‌ڵێت: "نزیكه‌ی 16ماڵ دهبینو لێره خه‌ریكی مه‌ڕداری و كشتوكاڵین به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاوا بڕوات داهاتی ئه‌مساڵمان به‌فیڕۆ دهچێتو من 200 سه‌ر مهڕوبزنم هه‌یه ده‌یفرۆشم له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆم به‌خێوناكرێت".
له‌به‌ر بێ‌بارانی له‌و ناوچه‌یه‌دا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره به‌دی ده‌كرێت كه ئه‌ویش چۆڵكردنی گونده‌كانی سنوری گه‌رمیانه، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه ساڵانی پێشوو به‌ناوچه‌یه‌كی به‌ناوبانگ هه‌ژمار ده‌كرا له‌ڕووی ده‌غڵودانه‌وه به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌به‌ر كه‌مبارانی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه به‌هۆی له‌ناوچونی ئه‌و به‌روبومه كشتوكاڵییه‌ی ئه‌مساڵ كه جوتیارانی ناوچه‌كه چاندویانه و حكومه‌تیش نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویست هاوكاری ئه‌و گوندنشینانه بكات.
ناحیه‌ی سه‌نگاو 96 گوندی له‌سه‌ره له‌دوای به‌هاری 1991 گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ شوێنی خۆیان و به‌ڵام ئێستا 82 گوند ئاوه‌دانه‌وه له‌ساڵی 2005 1750 هاووڵاتی تێدا ژیاوه به‌ڵام ئێستا ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 5000 هه‌زار كه‌سن .
ره‌زا محه‌مه‌د مه‌جید (38 ساڵ) دانیشتوی گوندی ده‌روێشان "من خۆم ئاگادارم خه‌ڵك هه‌یه به‌ده‌یان ته‌نی وه‌رگرتووه به‌ڵام یه‌ك ئاژه‌ڵی نییه ئه‌و گونده‌شی به‌ناویه‌وه وه‌ریگرتووه یه‌ك ماڵی تێدانییه‌و ئه‌وه‌شی ده‌درێت ئه‌وه‌نده پاره‌كه‌ی زۆره خه‌ڵكه‌كه ناتوانێت پاره‌كه‌ی بدات.
.كه‌ریم ئه‌حمه‌د وتیشی: "ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه حكومه‌ت وه‌ك پێویست نه‌یتوانیوه هاوكارمان بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا جۆی دابه‌شكردووه به‌ڵام هه‌موی داوه به بازرگانه‌كانی چهمچهماڵو بازرگان و كار به‌ده‌ست هه‌یه هه‌ریه‌كه‌یان 70 ته‌نیان وه‌رگرتووه كه یه‌ك مهڕوبزنیان نییه".
ئه‌وه‌ی هاووڵاتیانی نیگه‌ران كردووه ئه‌وه‌یه كه حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك پێویست له پێش ئه‌و كاره‌ساتانه‌وه فریای ئه‌و كێشانه ناكه‌وێ بۆیه دوای كاره‌ساته‌كه ده‌كه‌وێته خۆی ناوبراو وتی: " ساڵی 84 بێ‌بارانی بوو به‌ڵام حكومه‌تی به‌عس جۆی پێماند ا كه‌نزیكه‌ی 5 ته‌غار بوو ".
به‌وته‌ی هاووڵاتیانی ناوچه‌كه هیچ ساڵێك به‌م شێوه‌یه‌ی ساڵی 2008 وشكه ساڵییان نه‌بینیوه.
نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئه‌حمه‌د دانیشتوی گوندی قه‌ره‌تامۆر كه گونده‌كه‌یان ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگای چهمچهماڵو سه‌نگاو نزیكه‌ی 16 ماڵ ده‌بن، نزیكه‌ی 2000 سهرمهڕیان هه‌یه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌و گونده‌دا ده‌ژین ژیانی رۆژانه‌یان له‌سه‌ر مه‌ڕداری و كشتوكاڵییه ئه‌وه‌ی به‌ته‌نیشت گونده‌كه‌یان دا بڕوات هه‌ست ده‌كات كه ژیانی مه‌ڕداری له مه‌ترسیدایه ئه‌وه‌ش به‌هۆی وشكبونی گژوگیای ناوچه‌كه‌وه.
به‌وته‌ی ئه‌و هاووڵاتییه رۆژانه ده‌یان ئۆتۆمبیل مه‌ڕو ماڵات له‌گونده‌كانه‌وه ره‌وانه‌ی ناو شار ده‌كرێت بۆ فرۆشتن " ئه‌مه یه‌كه‌م هه‌نگاوه بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی بهمهڕو ماڵات بێت له‌م سنوری ئێمه‌دا. له‌وه‌ته‌ی من به‌بیرم دێت كاره‌ساتی وانه‌بووه".
به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كه‌شناسی چه‌مچه‌ماڵ ئه‌وه‌ی به رۆژنامه راگه‌یاند كه پار تاوه‌كو 10-4، 382.9 ملیم باریبوو بهلاًم ئه‌مساڵ تاوه‌كو 10-4-2008 بارانبارین 143.7 ملیم باران باریووه. ناوبراو ئه‌وه‌شی راگه‌یاند بۆ سنوری سه‌نگاو چه‌مچه‌ماڵ له‌رێژه‌ی 400 ملیم باران كه‌متر ببارێت " ئه‌وه وشكه ساڵییه".
ساڵانه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ناوی جوتیارانی گونده‌وه هه‌ڵده‌ستێت به‌دابه‌شكردنی په‌یینی كیمیای و ئالیف و چه‌ند ماده‌یه‌كی تر به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی لێبێبه‌ش ده‌كرێت كه جوتیارو مه‌ڕداری گونده‌كانن زۆربه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كان وه‌ریده‌گرن.
رۆسته‌م فه‌تاح ته‌مه‌ن 35 ساڵ ده‌ڵێت: "ئێمه له‌گوندی ده‌روێشان نزیكه‌ی 10ماڵین تاوه‌كو ئێستا یه‌ك كیلۆ جۆو ئالیكمان له‌حكومه‌ت وه‌رنه‌گرتووه بیستومانه حكومه‌ت شتی داوه، به‌ڵام خه‌ڵكیش هه‌یه وه‌ریگرتووه یه‌ك مه‌ڕ و بزنی نییه".
ئه‌و مادانه‌ی ساڵانه حكومه‌ت ده‌یدات به جوتیارو خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان له‌گه‌ڵ بازاڕی ره‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی جیاوازییان نییه بۆیه وایكردووه له‌به‌ر نه‌بونی و كه‌مده‌رامه‌تی ناتوانن وه‌ریبگرن دوای ئه‌وه‌ی وه‌ریده‌گرێت له‌بازاڕی ره‌ش ده‌یفرۆشنه‌وه".
یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی به‌روبوومی دانه‌وێڵه ده‌كڕێت و ده‌فرۆشێته‌وه به‌و مه‌رجه‌ی ناوی نه‌هێنرێت ئه‌وه‌ی به‌رۆژنامه راگه‌یاند: "ئه‌و كه‌سانه‌ی جۆ ده‌فرۆشن هیچیان مه‌ڕدار نین‌و زۆربه‌یان به‌ناوی گوندنشینه‌وه وهریدهگرنو دوایی ده‌یفرۆشنه‌وه، له‌و شوێنه ته‌نی به 257 هه‌زار وه‌ری ده‌گرن له‌بازاڕ 350 ههزاردهیفرۆشنهوهو خۆمانیش ده‌یده‌ین به 400 هه‌زار ته‌نی".
پێش ئه‌مه‌ش ئالیكی ئاژه‌ڵ دراوه له‌شاره‌كان خه‌ڵكی وه‌ریان گرتووه بۆ ئاژه‌ڵی دابه‌سته ئه‌و كاته‌ش خه‌ڵكی گونده‌كان لێی بێبه‌ش بون له‌كاتێكدا ئه‌و مادانه بۆ گوندنشینه‌كان دێت نه‌ك بۆدانیشتوانی شار.
" له‌دوای هاتنه‌وه‌یان دانیشتوانی گوندی ده‌روێشان گله‌یی ئه‌وه له‌حكومه‌ت ده‌كه حكومه‌ت پێشتر هیچی بۆ نه‌كردون، پرۆژه‌یه‌كی ئاو ماوه‌ی 5 ساڵه له‌كار كه‌وتووه، قوتابخانه‌یه‌كیان بۆكراوه هه‌موی رێكخراوی خێرخوازی كردویه‌تی".
قادر مه‌جید عه‌بدوڵا (60ساڵ) وتی: "تا ئێستا حكومه‌ت هیچی بۆمان نه‌كردووه‌و ئه‌و پرۆژانه‌ش له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانه‌وه كراون هیچیان حكومه‌ت نه‌یكردوون و مافی به‌حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه نییه".
مه‌ترسی وشكه ساڵی و مه‌ترسی چۆڵ بونی گونده‌كان له‌لای قادری ته‌مه‌ن 60 ساڵ له‌به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێمدایه "ئه‌م وشكه ساڵییه به‌وه ده‌زانم له‌به‌رژه‌وه‌ندیی حكومه‌تدایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت چه‌ند رۆژێكی تر بچین چه‌كێك هه‌ڵبگرین و چه‌كداری بۆ بكه‌م".
مام قادر وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆنی ئه‌یلول گله‌یی ئه‌وه له حیزبه‌كه‌ی ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی مانگانهیهكیان هه‌بوو ئێستا بڕاوه به‌ڵام رۆژێك سه‌ردانیان كردووه " براده‌ران هاتن نامه‌یه‌كیان بۆ هێنام دوای كردنه‌وه‌ی ده‌بینم 15 هه‌زار دیناری تێدا بوو".
به‌روبومی ئاژه‌ڵ كه خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان رۆژانه ده‌ینێرنه بازاڕه‌كان ژیانی رۆژانه‌یانی پێ په‌یدا ده‌كه‌ن له‌به‌ر كه‌می باران و وشكه ساڵی ئه‌و به‌رهه‌مانه بهریِژهیهكی زۆر له‌گونده‌كان كه‌مبۆته‌وه.
مه‌لیحه كاكه سوار ته‌مه (53 ساڵ)، ده‌ڵێت: " پار ئه‌م كاتانه شیر‌و په‌نیرمان هه‌بوو دۆ و كه‌ره‌و ده‌یان شتی ترمان زۆر بوو بهروبوومهكهمان ده‌فرۆشت. به‌ڵام له‌به‌ر بێلهوهڕی ده‌بێت بیان فرۆشین".
فه‌تاحی حاجی شه‌ریف، (73 ساڵ)و خه‌ڵكی گوندی فه‌قێ حاجی كه نزیكه‌ی 25 ماڵ ده‌بون له‌دوای هاتنه‌وه‌یان به‌ڵام ئێستا 10 ماڵی تێدا ماوه، زۆربه‌یان بونه‌ته موچه‌خۆرو چونه‌ته‌وه بۆ شاره‌كان نزیكه‌ی 4000 سه‌ر مه‌ڕو ماڵاتیان هه‌یه "ئه‌م وشكه ساڵییه نزیكه‌ی 2800 دۆلاری لێداوم، ته‌نها له ده‌غڵودان بۆ هه‌قی جوت".
زۆربه‌ی هاووڵاتیانی گونده‌كان مه‌ڕو ماڵاتی خه‌ڵكیان له‌لایه له‌به‌ر نه‌بونی له‌وه‌ڕ جوابیان بۆخاوهنهكانیان ناردووه بێن بیبه‌نه‌وه.
"هه‌رچه‌نده حكومه‌تی هه‌رێم بریاری داوه كه سه‌رژمێرییه‌كی سنوره‌كه بكات بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت چه‌ند سه‌ر مه‌ڕوماڵات هه‌یه له‌سنوره‌كه‌دا و هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌رچاوه‌ی ئاوی هه‌یه بۆ دانیشتوانی سنوره‌كه، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی چه‌مچه‌ماڵ دوانزه تیمی دروست كردووه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی چه‌مچه‌ماڵ محه‌مه‌د عه‌لی به رۆژنامه‌ی راگه‌یاند: " 12 تیمیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێكهێناوه‌و به‌نیازن له‌ماوه‌ی 10 رۆژدا ئه‌و راپۆرته بده‌نه‌وه به‌وه‌زاره‌ت" .
سه‌باره‌ت بهگلهییهكانی هاووڵاتیان، ناوبراو وتی: "ئه‌وه‌ی بۆ سنوری ئێمه هاتبێت بۆ 10 لقی كشتوكاڵی 700 ته‌ن جۆ بووه، به‌شی هه‌موان ناكات به‌ڵام به‌پێی توانا توانراوه بهخهڵكانێكی باشی بدهینو ئه‌وه‌ش له ئاستی داواكاریی گوندنشینه‌كاندا نییه. سه‌باره‌ت به‌مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و وشكه‌ساڵییه ناوبراو وتی: "ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئاوڕیان لێنه‌داته‌وه ئه‌وه مه‌ڕو ماڵات نامێنێت و گونده‌كانیش چۆڵ ده‌بن".