دیمانه: مه‌جید ساڵح - سۆران هادی
سه‌باره‌ت به دۆزی كورد و كێشه‌ی كورد له ناوچه‌كه‌دا و كاریگه‌ری ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه له ناساندنی دۆزی كوردا و داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه و كاریگه‌ری ئه‌و داگیركردنه و مادده‌ی 140 و ئه‌گه‌ره‌كانی چاره‌سه‌ری كه‌ركوك و پێشنیازه‌كانی دیمستۆرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ناوچانه‌ی به ناوچه‌ی ململانێ له‌سه‌ر ناوبراوه، بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م ته‌وه‌رانه و چه‌ند پرسیارێكی تر سبه‌ی ئه‌م دیمانه‌ی له‌گه‌ڵ یوست هلترماندا سازداوه.
سبه‌ی: چۆن بوو ئاشنایه‌تیتان له‌گه‌ڵ كه‌یسی كورد به گشتی و ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه به‌تایبه‌تی په‌یدا كرد؟
یوست هلترمان: ساڵی 1990 و پاش داگیركردنی كوه‌یت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه رێكخراوی مافی مرۆڤ له ئه‌مه‌ریكا داوایان لێكردم بڕۆم بۆ عێراق له كاتی شه‌ڕی كه‌نداوی دوودا به مه‌به‌ستی به دۆكیومێنتكردنی كاریگه‌ریه‌كانی به‌كارهێنانی بۆمبه‌كانی ئه‌مه‌ریكایی له‌سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی. له‌و كاته‌ی گه‌یشتمه ئوردن شه‌ڕه‌كه كۆتایی پێهات بوو، وه‌رگرتنی ڤیزه بۆ چوونه ناوه‌وه‌ی عێراق سێ هه‌فته‌ی پێچوو، پاشان له مانگی ئازاری ساڵی 1991 چومه عێراقه‌وه و سه‌ردانی چه‌ند شوێنێكم كرد له باشور و باكور، كۆمێنتی خۆم ده‌رباره‌ی كه‌ركوكدا كه چۆن بیلدهوزهرهكانی عێراق شۆریجه و گونده‌كانی دیكه‌یان ده‌روخاند. هه‌روه‌ها هاتمه سلێمانی چاوم به چه‌ند كه‌سێك كه‌وت كه به‌هۆی مینه‌وه بریندار بووبوون، به‌ڵام زوربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی رایان كردبوو بۆ سه‌رسنوری ئێران و شاره‌كه‌یان به‌جێهێشتبوو. دواتر سه‌ردانی هه‌ولێریشم كرد، به‌ڵام تائه‌و كاته جگه له چه‌ند وێنه‌یه‌ك كه ده‌رباره‌ی ئه‌نفال بینی بوو من، هیچی دیكه‌م نه‌ده‌زانی.
من ئه‌و كاتانه زۆر مه‌شغوڵ بووم كاتی ئه‌وه‌م نه‌بوو پرسیار بكه‌م یان بیری لێبكه‌مه‌وه. هه‌روه‌ها نه‌شم ئه‌توانی پرسیار بكه‌م، چونكه ئه‌وكات هه‌موو شوێنێك له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تدا بوو. له كۆتایی ساڵی 1991دا لیژنه‌ی پارێزه‌رانی مافی مرۆڤ داوایان لێكردم بچمه عێراق چاودێری ئه‌و ئاواره‌كانه بكه‌م كه له توركیا و سوریا و سعودیه و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش كه له‌ناو كوردستانی عێراقدا راگوێزراون. ئه‌وده‌مه سنوره‌كانی كوردستان كراوه‌بوو ده‌توانرا له توركیاوه بچیته ناوه‌وه. له دوارۆژه‌كانی مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی 1991 گه‌یشتمه زاخۆ، پاشان سه‌ردانی كۆمه‌ڵیك شوێنم كرد و دواتر چووم بۆ سه‌یدسادق به مه‌به‌ستی بینینی كۆمه‌ڵگه‌كان و ئه‌وخه‌ڵكانه‌ی له‌وێ راگوێزرابوون و له‌ژێر خه‌یمه‌دا ئه‌ژیان. ئه‌مه دووه‌م جاربوو هات بوومه كوردستان. له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا كه چووینه سه‌یدسادق دوو كه‌سم له‌گه‌ڵدا بوون به‌ناوه‌كانی حسێن سنجاری و ئهوكهشیان ناوی ئه‌سعه‌د بوو. هه‌ردوكیان ئه‌ندامی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوون. ده‌رباره‌ی ئه‌نفال قسه‌یان بۆكردم و پێیان وتم كه‌وا خه‌ڵكێكی زۆر بێسه‌ر و شوێن بوون و كه‌س هه‌واڵیان نازانێت. حه‌زم له‌و مه‌وزوعه ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی من مه‌شغوڵی لێكۆڵینه‌وه بووم ده‌رباره‌ی ئاواره‌كان نهم توانی شتێكی زیاتر بزانم.
ساڵی 1992 "رێكخراوی چاودێریكردنی مافی مرۆڤی جیهانی" داوایان لێكردم بڕۆَمه عێراق و بزانم له‌كاتی ئه‌نفالدا چی رویداوه. بێگومان رێكخراوه‌كه خۆشیان زانیاریان له‌سه‌ر ئه‌نفال هه‌بوو، چونكه به‌شێكیان هاتبونه عێراق و خه‌ریكی هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند گۆڕێكی به كۆمه‌ڵ بوون، به‌ڵام ئه‌وان بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ئه‌نفال پێویستیان به كه‌سێك بوو ئه‌و كاره ئه‌نجام بدات. من بۆ یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن ئه‌و دوو كه‌سه كورده‌وه كه باسم كرد ناوی ئه‌نفالم بیست، ده‌رباره‌ی هه‌ڵه‌بجه بێگومان ساڵی 1988 شتێكی كه‌مم ده‌زانی، چونكه هه‌واڵه‌كه‌ی له ته‌له‌فزیۆن و رۆژنامه‌كاندا بڵاوببوه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و ساڵه من ده‌بوو نامه‌ی دكتۆراكه‌م ته‌واو بكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر مه‌شغوڵ بووم و هه‌میشه له‌هاتوچۆی نێوان ئه‌مه‌ریكا -فه‌ڵستین- ئوردندا بووم. بۆیه ئه‌گه‌ر شتێكیشم ببیستایه له مێشكم ده‌رده‌كرد. هه‌روه‌ك باسیشم كرد من زۆر مه‌شغوڵ بووم ته‌نانه‌ت سه‌یری ته‌له‌فزیۆنیشم نه‌ده‌كرد، بۆیه ساڵی 1991 و 1992 كه هاتمه كوردستان هه‌موو كه‌سێك باسی هه‌ڵه‌بجه‌ی ده‌كرد.
سبه‌ی: كتێبی (جینۆساید له عێراق) له‌لایه‌ن تۆوه نوسراوه و له‌گه‌ڵ رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ بڵاوكراوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده تۆ به به‌ڵگه‌وه توانیوته جینۆساید له عێراقدا بسه‌لمێنیت، به‌ڵام كتێبه‌كه‌ت ئه‌و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ی نه‌بوو كه خۆت چاوه‌ڕێی بویت. به‌ڕای ئێوه له‌و كاته‌وه تاكو ئێستا چ شتێك گۆڕاوه؟
یوست هلترمان: به‌داخه‌وه گۆڕانێكی ئه‌وتۆ روی نه‌داوه، ئه‌مه‌ش شه‌رمه‌زاریه، چونكه كاتێك ئێمه لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مان ئه‌نجامدا و ئێستا وه‌ك سه‌رچاوه له‌سه‌ر ئینته‌رنێت هه‌یه هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت به خۆرایی داونلۆدی بكات، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه خه‌ڵك حه‌زیان له‌وجۆره بابه‌تانه نیه، شتێكه بیست ساڵێك پێش رویداوه، هۆكارێكی تری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه‌یه خه‌ڵك له ئه‌مه‌ریكا كوردستان به به‌شێك له عێراق ده‌زانن، بێ‌ئاگان له‌و كه‌شوهه‌وا ئارامهیی له كوردستان هه‌یه و بۆ گه‌شتكردن به شوێنێكی مه‌ترسیداری ده‌زانن، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م بابه‌ته جێگه‌ی گرنگی خه‌ڵك نیه، به‌ڵام ئێستاكه من ئاگادارم كه‌وا كه‌ناڵی CNN خه‌ریكی ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌یه‌كن له‌سه‌ر ئه‌نفال كه ئه‌مه‌ش شتێكی زۆر باشه، چونكه خه‌ڵكانێكی زۆر ته‌ماشایی ده‌كه‌ن. بۆیه ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌وان به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه له‌وانه‌یه جارێكی تر سه‌رنجی خه‌ڵك به‌لای ئه‌و بابه‌تدا رابكێشێت. به‌ڵام ئه‌م جۆره بابه‌تانه‌ی وه‌ك ئه‌نفال پێویستیان به‌كات و كارێكی زۆره تا ببنه جێگه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵك.
سبه‌ی: ئێوه یه‌كێك بوون له نه‌یارانی داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، له‌كاتێكدا زیاتر له‌هه‌ر كه‌سێكی دیكه ئاشنایه‌تیتان ده‌رباره‌ی تاوانه‌كانی سه‌دام هه‌یه، پێت وایه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا نه‌بوایه ده‌توانرا سه‌دام حوسێن به‌ئاسانی له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات لاببرێت؟
یوست هلترمان: بێگومان كارێكی زۆر قورس ده‌بوو، به‌ڵام من و چه‌ند هاوڕێیه‌كم ده‌مانزانی ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت چی بكات و چی نه‌كات. بۆیه له ساڵی 2002 دا ئێمه ده‌مانزانی كه‌وا ئه‌مه‌ریكا ناتوانێت عێراق داگیر بكات و له هه‌مان كاتیش‌دا سه‌ركه‌وتوبێت، بۆیه ئه‌گه‌ر بمانزانیبایه ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتووه ده‌بێت ئه‌وا بێگومان پشتیوانمان له داگیركردنه‌كه ده‌كرد. ئێستا ده‌توانین بڵێین به نیسبه‌ت كوردستانه‌وه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست هاتووه و من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونهدام، به‌ڵام كێشه‌كه به‌شه‌كانی تری عێراقه كه له قه‌یرانێكی زۆر ترسناكدایهو ئه‌م ترسه‌ش نه‌ك ته‌نها بۆ عێراق، به‌ڵكو بۆ ناوچه‌كه و بگره كوردستانیشه. له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم هه‌بوونی ده‌وڵه‌تیكی فه‌وزه‌وی له عێراقدا له به‌رژه‌وه‌ندی كورددا بێت، چونكه ده‌توانرێت كاریگه‌ریه‌كانی بۆ كوردستان بگوێزرێته‌وه. كه ئێستا وه‌ك به‌شێكی سه‌ربه‌خۆیه له‌چاو به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا. بۆ نمونه له روی بودجه‌وه یان ئه‌و دۆخه‌ی كه ئێستاكه هه‌یه چونكه له‌وانه‌یه له داهاتودا بگۆردرێت.
به شێوه‌یه‌كی گشتی من پێم وایه داگیركاریه سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا سه‌ركه‌وتو نین، چونكه كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یی نه‌ته‌وایه‌تی له‌به‌رامبه‌ریدا سه‌ری هه‌ڵداوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له واقیعی عێراقدا ئه‌یبینین و ئه‌مه‌ریكیه‌كان به‌وهه‌موو توانا‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه هه‌یانه خه‌ڵكانی پسپۆر نین له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له ئه‌نجامی داگیر كردنیه‌وه وێرانی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی شاره‌زایان نیه و ئه‌وه‌شیان به كرده‌وه سه‌لماند له عێراقدا، ئێمه پێشبینی ئه‌مه‌مان ده‌كرد و ده‌شزانین ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت چی بكات و ناتوانێت چی نه‌كات. چونكه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی زۆره له‌وێ ده‌ژیم و زوربه‌ی هاوڕێكانم ئه‌مه‌ریكین. هه‌روه‌ها هه‌ستێكی باشمان هه‌یه ده‌رباره‌ی تواناكانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكی و سنوری ئه‌و توانیانه. زۆر ئامۆژگاریمان كردن له‌سه‌ر داگیركردن. دیاره ئه‌و داگیر كردنه سودێكی زۆری گه‌یاندوه به كورد و هه‌ندێك له حیزبه ئیسلامیه شیعیه‌كان، به‌ڵام زوربه‌ی دانیشتوانی عێراق له دۆخێكی زۆر خراپ‌دا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. هه‌رچه‌نده تۆزێك دۆخه‌كه گۆڕاوه و هیوادارم به‌ره‌و باشتر بڕوات، به‌ڵام من زۆر به‌گومانم و ره‌شبینم. بۆیه من پێم وابوو له‌بری داگیركردن فشاری زیاتر بخرایه‌ته سه‌ر سه‌دام و بترسێندرایه و له‌وانه‌شه ئه‌وكات سه‌دام له‌لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌وه قه‌ناعه‌تی پێبهێنرایه كورسی ده‌سه‌ڵات جێبهێلێت. ده‌ڵێم له‌وانه‌یه، چونكه دڵنیا نیم بۆیه مانه‌وه‌ی سه‌دام حسێن واته هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی دڕنده له‌سه‌ر كورسی و هه‌روه‌ها ئێستاكه‌ش ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی له عێراقدا نیه، بۆیه ئه‌وه حه‌لێكی راسته‌قینه نه‌بوو.
له‌روانگه‌ی كورده‌وه روخاندنی رژێم سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌بوو، من ئه‌م بۆچونه‌م قبوڵه، به‌ڵام من له روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كورد و به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه‌شه‌وه روخانی رژێمه‌كه‌ی سه‌دامم ده‌بینی، له روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌كه‌وه روخاندنی ئه‌و رژێمه خه‌ته‌رێكی گه‌وره‌بوو، بۆیه تاكو ئێستاكه‌ش له‌روی زۆرینه‌وه ئێمه لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌كه ده‌بینین. ته‌نها له روانگه‌ی كورده‌وه نه‌بێت لایه‌نه پۆسهتیڤهكهی ده‌بینین كه ئه‌وانیش بۆ زیاتر له حه‌ڤده ساڵه ئازادن، به‌ڵام ئێستا ده‌توانن هه‌ناسه‌یه‌كی زیاتر بده‌ن.
سبه‌ی: ئیوه له‌گه‌ڵ گروپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی كارده‌كه‌ن، ده‌كرێت باسێكی ئه‌و گروپه‌مان بۆ بكه‌یت و زیاتر له‌سه‌ر چ جۆره كه‌یسێك كارده‌كات؟
یوست هلترمان: رێكخراوه‌كه بۆ ماوه‌ی پازده ساڵه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی كه‌مه‌وه دامه‌زراوه ، ئه‌وانه چالاك بوون له سه‌رده‌می شه‌ڕی یۆگۆسلۆفاكیادا و به‌تایبه‌ت له بۆسنیاو سه‌رایڤۆ، ئێمه زۆر نیگه‌ران بوین كه كۆمه‌ڵگایی نێوده‌وڵه‌تی هیچ ئامرازێكی پێویستی نه‌بوو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و شتانه‌ی روئه‌ده‌ن. وه‌ك ده‌بینی هه‌موو حكومه‌تێك ده‌زگایی هه‌واڵگری هه‌یه كه راپۆرتی ده‌داتێ، ئه‌وانیش ته‌نها بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیانه و كه‌سی دیكه ناكه‌نه شه‌ریكی ئه‌و زانیارینهی ده‌ستیان ئه‌كه‌وێت. لایه‌نه‌كانی دیكه ئه‌و توانایانه‌یان نه‌بوو بۆ ده‌ست كه‌وتنی ئه‌و زانیاریانه، وتیان پێویستمان به رێكخراوێك هه‌یه كه سه‌ربه‌خۆبێت و سه‌ر به حكومه‌ت نه‌بێت و بتوانێت زانیاریه‌كان كۆبكاته‌وه و له لایه‌نه جیاوازه ناكۆكه‌كان و شییان بكاته‌وه‌و پاشان به راپۆرتێك دیكۆمێندێكی سیاسی رون بده‌نه لایه‌نه ناكۆكه‌كان و حكومه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان. به‌شێوه‌یك چۆنێتی كۆتایی هاتنی ئه‌و ناكۆكیانه رونبكاته‌وه و ئه‌گه‌ر نه‌توانرێت ئه‌و ناكۆكیانه كۆتایی پێبهێنرێت، ده‌بێت شتێكی وابداته ده‌سته‌وه كه رێگربێت له ته‌قینه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان و ئه‌م رێكخراوه ساڵی 2002 ده‌ستی به ئیشه‌كانی كردوه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. من له‌و ساڵه‌وه لێپرسراوی نوسینگه‌ی ههرێمایهتیم. خه‌ریكه سه‌ده‌مین راپۆرتی خۆمان ده‌رباره‌ی ته‌واوی ناوچه‌كه بڵاوبكه‌ینه‌وه و ئیشَكی زۆرمان له‌سه‌ر عێراق كردووه له‌ناویشیدا له‌سه‌ر دۆخی كوردستان و ئه‌و ناوچانه‌ی ناكۆكیان له‌سه‌ره.
سبه‌ی: ئێوه یه‌كێك بوون له‌و كه‌سانه‌ی كه بڕواتان وابوو مادده‌یی 140 كێشه‌كان زیاتر ئاڵۆز ده‌كه‌ن له‌بری چاره‌سه‌ر، پرۆپۆزه‌ڵی تۆ بۆ كه‌یسی كه‌ركوك چیه؟
یوست هلترمان: كێشه‌ی كه‌ركوك كێشه‌یه‌كی زۆر ئاڵۆز‌و قورسه‌و ناتوانرێت ئه‌و كێشه‌یه به دڵی هه‌موو لایه‌نه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت پرسیاره‌كه له‌وه‌دایه ئاخۆ ده‌كرێت كێشه‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكرێت به سه‌پاندنی چاره‌سه‌رێك به‌شێوه‌یه‌ك درێژه به ناكۆكیه‌كان بدات؟ یان باشتر وایه هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌رێكی دیكه بدرێت كه ئه‌ویش بریتیه له ئه‌نجامدانی ته‌وافوق له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا. بێگومان ئه‌مه كارێكی قورسه، به‌ڵام رێگه‌چاره‌یه‌ك ده‌بێت بۆ ئاشتیه‌كی درێژخایه‌ن و بۆهه‌ندێك كێشه‌ش كه بۆ نزیكه‌ی سه‌د ساڵه هه‌ن. بۆیه من پێم وایه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك شتێكی ئاسان نیه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر عه‌ره‌به‌كان بیانه‌وێت كه‌ركوك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌غداد بهێڵنه‌وه ئه‌وا كورده‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سیاسی، یاسایی ته‌نانه‌ت له رێگه‌یی به‌كاهێنانی هێزه‌وه له‌وانه‌یه نه‌ك له‌ئێستادا شه‌ڕی بۆ ده‌كه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر كه‌ركوك دژی خواسته‌كانی ئه‌وخه‌ڵكانه‌ی له‌و شاره ئه‌ژین و یان حكومه‌تی عێراقی یان ده‌وڵه‌ته دراوسێكان. كه‌ركوك ته‌نانه‌ت جگه له توركیا له لایه‌ن هه‌ندێك وڵاتی وه‌ك ئێران و سوریا جێگه‌ی گرنگیپێدانیانه. بۆیه ئه‌و كێشانه به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر ناكرێن و باشترین چاره‌سه‌ر بریتیه له ته‌وافوقێك له‌نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كاندا، كه كه پێمان وایه ده‌سته‌به‌ری ئاشتیه‌كی درێژخایه‌ن ده‌بێت. شتێكی بێمانایه ئه‌گه‌ر بڵێین كێشه‌كانی كه‌ركوك بۆهه‌تا هه‌تایه چاره‌سه‌ر ئه‌كه‌ین و ئه‌وه‌ش قه‌ت نابێت. بۆیه مادده‌یی 140 مادده‌یه‌كی به‌سود نه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یی كه‌ركوك، چونكه له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه نوسرابوو بۆئه‌وه‌ی كه‌ركوك بخه‌نه‌وه سه‌ر كوردستان. چونكه ئه‌وان پێیان وابوو به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و پاڵنان به‌و عهرهبانهوهی كه رژێمی پێش‌و هێنابونی، ده‌توانن ببنه زۆرینه، به‌مه‌ش له ریفراندۆمدا زۆرینه به‌ده‌ست ده‌هێنن. ئه‌وه ئایدیهیهكی باش نیه، چونكه لایه‌نی به‌رامبه‌ر باش تێده‌گات و هه‌وڵی به‌رگری ده‌دات. به‌ڵێ راسته 80% خه‌ڵكی عێراق ده‌نگیان بۆ دهستورداوه، به‌ڵام ئه‌وان ده‌نگیان بۆ هه‌موو ده‌ستور داوه، نه‌ك ته‌نها تاكه ماده‌یه‌ك. هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی من قسه‌م له‌گه‌ڵ كردوون رازی نه‌بوون به‌و مادده‌یه. به‌ڵێ ئه‌مه مادده‌یه‌كی ده‌ستوریه، به‌ڵام جگه له كوردستان پشتیوانی جه‌ماوه‌ری نیه، بۆیه ئه‌وه كێشه‌یه‌كی سیاسیه ئێستا كورده‌كان ده‌ستور پشتیوانیانه، به‌ڵام پشتیوانی سیاسیان نیه و كورد ناتوانێت ئه‌و دوو شته دژ به‌یه‌كه چاره‌سه‌ر بكات.
سبه‌ی: دیمۆسترا له چه‌ند رۆژی رابردودا به‌شی یه‌كه‌می پێشنیار پێشكه‌ش كرد كه‌تیایدا عه‌ره‌ب و توركمان دژی بوون و كوردیش دودڵهو نازانێت چی بكات، ئێوه پێتان وایه به‌شی دووه‌می پێشنیاره‌كانی باڵانسێك دروست بكات؟
یوست هلترمان: من پێم وایه هه‌وڵه‌كانی یونامی بۆ دروستكردنی باڵانسه له نێوان لایه‌نه‌كاندا نه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك دڵی هه‌موو لایه‌ك خۆش بكات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه قابیلی قبوڵ بێت له‌لایه‌ن هه‌موو كه‌سێكه‌وه. ئه‌گه‌ر چی دڵ خۆشیشی نه‌كات، كورده‌كان ئه‌و ناوچانه‌یان ده‌كه‌وێته ده‌ست كه زۆینه‌ی كوردن نه‌ك ئه‌و ناوچانه‌ی كه كوردیان تێدایه، به‌ڵام زۆرینه نین هه‌روه‌ها بۆ عه‌ره‌به‌كانیش به‌هه‌مان شێوه ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بن. بۆیه ئه‌وانیش زۆر بێتاقه‌ت ئه‌بن. من پێم وانیه رێگه چارهیكی دیكه جگه له‌وه‌ی یۆنامی هه‌بێت، ئهڵتهرناتیفهكانی تر مایه‌ی ئاژاوه‌ن ئه‌مه‌ش مهرتسیه بۆ سه‌ر هه‌موو لایه‌ك. من ناڵێم یۆنامی باشترینیانه ئه‌و ته‌نها پرۆپۆزه‌ڵه، ده‌كرێت بكرێته ئه‌ساسی گفتوگۆی عێراقیه‌كان و ده‌شتوانن ره‌فزی بكه‌ن. هیچ موشكیله‌یه‌ك نیه خۆیان ده‌توانن بگه‌نه رێككه‌وتنێك. ئه‌مه بۆیه من پێم باشه ته‌نها سه‌یری به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌م نه‌كرێت، چونكه له‌وانه‌یه به‌شی دووه‌م بهسودتربێت.
بۆ كورده‌كان زۆر گرنگه سه‌یری هه‌موو پێشنیاره‌كان بكه‌ن، چونكه به‌شی سێیه‌م تایبه‌ته به كه‌ركوك كه به‌لایانه‌وه زۆر گرنگه پاشان بزانن چیتێدایه. جێگه‌ی مامه‌ڵه بێت و ده‌بێت له كۆتایدا هه‌موو لایه‌ك موساوه‌مه بكات، یان هی چاره‌سه‌رێك نابێت. من به‌رگری له یۆنامی ناكه‌م و ئه‌وه‌ی له‌به‌شی یه‌كه‌مدا هاتووه ده‌رباره‌ی ئاكرێ بریتیه له لایه‌نه ئیداریهكهی، چونكه ئاكرێ راسته بۆ ماوه‌ی 17 ساڵ زیاتره له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستاندایه، به‌ڵام له‌روی ئیداریه‌وه هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و له‌و به‌شه‌دا ناوی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان نه‌هێنراوه.
سبه‌ی: هه‌ندێك له لێپرسراوه كورده‌كان ئێوه به‌وه تۆمه‌ت بار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی كورد موجامه‌له‌ی تورك و عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن. وه‌ڵامی تۆ بۆ ئه‌وان چیه؟
یوست هلترمان: كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه ده‌بێت بزانیت كورد وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ نیه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، كه‌مینه‌یه له‌و وڵاتانه‌ی تێیدا ئه‌ژی وه‌ك عێراق و توركیا و سوریا و ئێران كه‌ئه‌مه‌ش واده‌كات كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر نه‌كرێت. له‌روی ده‌سه‌ڵاته‌وه كورده‌كان لاوازن بۆیه هه‌میشه پێویستیان به‌وه هه‌یه په‌نا به‌رنه به‌ر كاراكته‌ره‌كانی ده‌ره‌وه كه بۆ ئه‌مڕۆ بریتیه له ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام له‌وانه‌یه سبه‌ینێ ئه‌مه‌ریكا به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵیانا نه‌مێنێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی ستراتیژ و به‌رژه‌وه‌ندی دیكه‌ی هه‌یه، بۆیه كورد پێویسته هێزو تواناكانی واقیعی ئێستای بزانێت بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و شتانه‌ی كه ده‌توانرێت به‌ده‌ست بهێنرێن، ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم خوێندنه‌وه‌ی واقیعه‌كه‌یه. من پشتیوانی له‌وڵاتانی دراوسێ ناكه‌م و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كم نیه له‌گه‌ڵیان ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێت كه چۆن له‌گه‌ڵ لێپرسراوه ره‌سمیه‌كانی ئه‌واندا كۆده‌بمه‌وه به‌هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ كورده‌كانیشدا داده‌نیشم، بۆیه من ده‌زانم كورده‌كان لێم عاجزن به‌وه‌ی پێیان ده‌ڵێم ده‌بێت توانا‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆتان بزانن.
من نه‌هاتوم بۆئه‌وی دڵتان خۆش بكه‌م. خۆیان ئازادن له‌وه‌ی ده‌یكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌خۆشی بكه‌ن، به‌ڵام بێگومان له كۆتایدا ئازار ده‌چێژن به‌هۆیه‌وه. بۆیه ههرههوڵدانێك له‌سه‌رو تواناكانی كورد خۆیه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی شتێك روبه‌ڕوی كاردانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته ئیقلیمهیكانی ده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش دواتر كاره‌سات بۆ كورد دروست ده‌كات، بۆیه ئه‌وه‌ی له هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاله‌وه لێی فێربوین، پێویسته وامان لێبكات له دوباره نه‌بنه‌وه. من پێم وایه كورد ده‌توانێت له ئاشتیدا بژی ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی تواناكانی یاریه سیاسیه‌كان بكات، كورد پێویستی به پرۆتێكتێكی زیاتر هه‌یه ئه‌ویش به‌وه ده‌بێت كه زیره‌كانه به‌گوێره‌ی خواسته‌كانی كۆمه‌ڵگایه نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ریكا وڵاتانی رۆژئاوا‌و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌وه بجوڵێته‌وه، من دڵنیام له چه‌ند ساڵی داهاتودا گۆڕان له‌ناوچه‌كه‌دا روئه‌دات، بۆیه ده‌بێت كورد به‌گوێره‌ی تواناكانی هه‌نگاو بنێت بۆئه‌وه‌ی زیارتر به‌ره‌و پێش بڕوات و كۆتایدا ببێته وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ.
پڕۆفیل:
یۆست هیلته‌رمان ساڵی 1956 له هۆڵه‌ندا له دایك بووه، له ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵیدا و به‌مه‌به‌ستی خوێندن چوه‌ته ئه‌مه‌ریكا پاش دوو ساڵ و وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس چۆته زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له ئیتالیا، له زانكۆی كالیفۆرنیا بڕوانامه‌ی دكتۆرای له كۆمه‌ڵناسیدا به‌ده‌ست هێناوه پاشان چۆته فه‌له‌ستین و ماوه‌ی پێنج ساڵ ماوه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی نوسینی نامه‌ی دكتۆراكهیی به‌ناونیشانی (كرێكارانی فه‌ڵستین و بزوتنه‌وه‌ی ژنان له‌ژێر داگیركاری سه‌ربازیدا). كتێبی (جینۆساید له عێراقدا) نوسیوه و وه‌رگێراوه‌ته سه‌رزمانی كوردی. هه‌روه‌ها كتێبی (عێراق چه‌كی كیمیاوی به‌كارهێناوه له‌شه‌ری نێوان عێراق – ئێران‌دا و به تایبه‌ت له هه‌ڵه‌بجه). له ساڵی 2002 ه‌وه بووه به به‌رپرسی نوسینگه‌ی ئوردنی "گروپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی" و بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ له ئوردن ژیاوه ئێستا باره‌گاكه‌ی له ئه‌سته‌مبوڵه له توركیا.