دیمانه: سامان محه‌مه‌د
له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت به رۆژنامه‌ی رۆژنامه نه‌زه‌ند به‌گیخانی لێکۆڵه‌ر له مه‌کته‌بی لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به سیاسه‌ت له زانکۆی بریستڵ، باس له توندوتیژیو كوشتنی ئافره‌ت له‌ژێر په‌رده‌ی ناموسپه‌رستی له كوردستان ده‌كات.
هه‌روه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، نه‌زه‌ند پێش هه‌مو شتێك شاعیره‌و وه‌ك لێکۆڵه‌رێکی ئه‌كادیمی‌و به‌گریكار له مافه‌كانی مرۆڤ به‌تایبه‌تی ئافره‌ت ناسراوه، ئێستاش لێكۆڵه‌ره له مه‌كته‌بی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به سیاسه‌ت له زانكۆی بریستڵ، نه‌زه‌ند به‌گیخانی خه‌ڵکی شاری کۆیه‌یه‌و خوێندنی سهرهتاییو ناوهندییو دواناوه‌ندیی له شاری كۆیه ته‌واوكردوه، له كۆلێژی موسڵ زمان‌و ئه‌ده‌بیاتی ئینگلیزی ته‌واوكردوه له‌ده‌ست رژێمی دیكتاتۆر له 1987وه رایکردوه‌و له مه‌نفا نیشته‌جێبوه، له ساڵی 1997دا نامه‌ی دكتۆرای وه‌رگرتوه له بواری ئه‌ده‌بیاتی به‌راوردكاری.
* ئه‌و توندوتیژیانه‌ی ئه‌ندامانی خێزان زۆربه‌ی جار پیاو به‌رامبه‌ر ئه‌ندامانی خێزان به‌تایبه‌تی ژن پیاده‌ی ده‌که‌ن به بیانوی شه‌ره‌فه‌وه، چ باکگراو‌ندێكی له‌پشته؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: ئه‌و توندوتیژیانه له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رامبه‌ر به ژن ده‌كرێت، كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌ندی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوریان هه‌یه، له کوردستان زۆربه‌ی ئه‌و توندوتیژیانه به بیانوی پاراستنی شه‌ره‌فه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن، توندوتیژی به بیانوی شه‌ره‌ف كه من به تاوانه‌كانی ناموسپه‌رستی ناویاندهبهم (که دیاره ته‌نها کوشتن‌و لێدان ناگرێته‌وه)، بێبه‌ریکردن له خوێندن‌و یان قه‌ده‌غه‌کردنی چونه ده‌ره‌وه له ماڵ‌و پۆشینی جلوبه‌رگ به ئاره‌زوی خود یان له قه‌ده‌غه‌كردنی خۆشه‌ویستی، ئه‌مانه‌یش تاوانن بۆ پاراستنی شه‌ره‌ف ده‌کرێن، له عه‌قڵیه‌تی گشتیی كوردیدا شه‌ره‌ف له ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تیی ژن‌دا بچوك كراوه‌ته‌وه، دزی‌و درۆزنی‌و ناپاكی‌و بوختان‌و دوإوییو خیانه‌ت ئه‌مانه له عه‌قڵیه‌تی كوردیدا بێشه‌ره‌فی نین، به‌ڵام كاتێك ژن ئه‌و سنورانه ده‌بڕێت كه كۆمه‌ڵگه بۆی دیاریكردوه به‌تایبه‌تی له ره‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌وه له خه‌یاڵی گشتیدا ده‌بێته مایه‌ی بێشه‌ره‌فی. بإینی سنوره سه‌پاوه‌کان، وه‌کو دروستکردنی په‌یوه‌ندیی خۆشه‌ویستی که جوانترین شتێکه له ژیانی مرۆڤ، یا پێکه‌نینێک به‌ده‌م رێبوارێکی پیاو له بیر‌و هۆشی کورددا مانای بێشه‌ره‌فی ده‌گه‌یه‌نن، زۆرجار ژن كوژراوه له‌سه‌ر زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك له به‌رامبه‌ر پیاوێك یان بونی ژماره‌یه‌كی مۆبایل له‌سه‌ر ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی، ئه‌مانه‌و زۆری تریش له تێگه‌یشتنی ئه‌و پیاوانه‌ی كه هه‌ڵده‌ستن به تاوانه‌كه، سهرپێچیكردنه له‌و كۆدو رێسایانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر ژنیدا سه‌پاندوه‌و هۆکارن له‌پشت ئه‌و توندوتیژیانه.
* به بڕوای ئێوه هه‌ست ناكه‌ن له‌پشت ئه‌م كوشتنانهوه باكگراوندێكی ئایینی هه‌بێت كه كۆمه‌ڵگه ناچاربكات به‌ناوی ناموسپه‌رستی ژنه بكوژرێت یان كلتوری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆخۆی وایه ئه‌گه‌ر بڕواته ئه‌وروپاش؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: ئایین، كلتور، ده‌سه‌ڵات، ئه‌مانه هه‌موی رۆڵیان هه‌یه له رودانی ئه‌م تاوانانه‌ی که به‌ناوی ناموسپه‌رستییه‌وه له كۆمه‌ڵگه روده‌ده‌ن، ئایین پاڵپشتیی له ملکهچیو ژێرده‌سته‌یی‌و بێمافیی ژن ده‌کات، هه‌رسێ ئایینه یه‌ك خوداییه‌كان (یه‌هودی، مه‌سیحیه‌ت، ئیسلام) ستروکتورێکی پته‌وی پیاوسالارییان هه‌یه، هه‌مویان هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی جه‌سته‌و سێکچوالێتیی ژنیان داوه. جیاوازیی ئایینی ئیسلام له‌گه‌ڵ ئایینه‌كانی دیکه، ئه‌وه‌یه که ئیسلام سیستمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و ئابوریشه، ئه‌مه وایكردوه ئایینی ئیسلام زۆر به قوڵی بچێته ناو ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌و ته‌نانه‌ت باسی چۆنیه‌تی خۆپۆشینو په‌یوه‌ندیی جهستهییو جوتبونی ژن‌و مێردیش ده‌کات، واته ده‌ست ده‌خاته ناو ورده‌كارییه‌كانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك‌و كۆمه‌ڵگه‌وه. ئایین رۆڵی زۆره له‌و پێشێلكاریانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌رامبه‌ر به ئافره‌ت ده‌كرێت، به‌ڵام له‌پاڵ ئایینیشدا كۆمه‌ڵێك دابونه‌ریت هه‌ن كه كۆنترن له‌و ئایینه، بۆ نمونه خه‌ته‌نه‌كردنی ئافره‌ت له ئایینی ئیسلامدا باسی نه‌کراوه، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا پیاده ده‌كرێت، له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كانیش، ئه‌مه بوه‌ته كلتور له ئه‌قڵیه‌تی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌دا قبوڵکراوهو ره‌وایی پێدراوه، نمونه‌یه‌كی دیکه له قورئاندا باس له سزادان به‌شێوه‌ی به‌ردبارانكردن تا مردن نه‌كراوه، له راستیدا به‌ردبارانكردن تا مردن له سه‌ر بنچینه‌ی فه‌رموده‌كانی محه‌مه‌د (د.خ) داڕێژراوه‌و به‌پێی ته‌فسیری زانا ئیسلامییه‌كانیش لێكدراوه‌ته‌وه، ته‌فسیری زانا ئیسلامییه‌كانیش هه‌روه‌كو محه‌مه‌د ئه‌ركون ده‌ڵێت، گوزارشت له بیر‌و ره‌فتاری ئه‌وسا ده‌كات نه‌ک له حه‌قیقه‌تێكی ره‌ها.
* ئه‌ی كه‌واته ده‌سه‌ڵات له چ لایهنێكیانهوه به‌رپرسیاره، ئایین یان كۆمه‌ڵگه؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: ده‌سه‌ڵات ده‌بێت پێشه‌نگ بێت، چه‌ند هه‌نگاوێك له‌پێشه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه بێت، ئێستا له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین پێویسته ده‌سه‌ڵات هه‌وڵبدات یاسای مه‌ده‌نی جێگیربێت له وڵات، ده‌بێت یاسا شه‌رعیه‌ت بسێنێته‌وه له سه‌ركوتکردنی ژن، له دهستهمۆییو پێشێڵكردنی مافی ژن له رێگه‌ی فرهژنیو نایه‌کسانی له میرات‌و مه‌سه‌له‌ی ماره‌یی، كه هه‌مو ئه‌مانه له رێگه‌ی شه‌ریعه‌ته‌وه له یاسا جێگیرکراون. ده‌بێت ده‌سه‌ڵات كار بۆ گۆڕینی یاسا بكات له‌سه‌ر بنچینه‌ی پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤ، مافی مه‌ده‌نیی هاوڵاتیان وه‌کو یه‌ک دابین بکات، واته ئه‌رکی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه که مافی هاوڵاتیان دابین بكات به یهکسانیو له‌سه‌ر بنچینه‌ی دادوهریو پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤ. بإیاری په‌رله‌مانی کوردستان بۆ هێشتنه‌وه‌ی فره‌ژنی له یاسای باری که‌سێتیدا، پێشێلکردنی مافی مرۆڤه‌و شایانی قبوڵکردن نییه.
* ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ناوی ناموسپه‌رستییه‌وه ژنێك ده‌كوژن، بۆ ویژدانی خۆیانی ده‌كوژن یان بۆ كۆمه‌ڵگه؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: ده‌زانیت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زۆر ئاڵۆز‌و فره‌ڕه‌هه‌نده، به رای من تاک بۆ گروپ ئه‌و کاره ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌مه سیناریۆیه‌كه بۆ کۆمه‌ڵگه ده‌یكات، له بۆچون‌و تێگه‌یشتنی ئه‌و گروپه کاتێک گروپ به خراپه سه‌یری ئه‌و پیاوه‌ی كرد که گوایه بێشه‌ره‌ف کراوه له ئه‌نجامی ره‌فتارێکی کچ، خوشک یا ژنه‌كه‌ی، ئیتر پیاوه‌که خۆی پهراوێزو بێئابڕو له‌كه‌دار دهبینێتو بۆ رازیکردنی ئه‌و گروپه ئه‌و شه‌ره‌فی خۆی پاک ده‌کاته‌وه، واته گروپ به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ داوا ده‌كات که پیاو شه‌ره‌فی خۆی بکڕێته‌وه به خوێنی ئافره‌ت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له تێگه‌یشتنی زۆربه‌ی تاكی كورد شه‌ره‌ف به خوێن پاک ده‌کرێته‌وه، ئه‌مه تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه‌و گۆڕانیشی کات‌و پرۆگرامی چڕ‌و جدیی پێویسته نه‌ک ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی یاسایی، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستی هۆشیارکردنه‌وه‌ی رای گشتی له هه‌مو بوارێک‌دا، بۆ ئه‌مه‌ش دهسهڵاتو کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌بێت هاوکاریی یه‌كتری بکهنو له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیالۆگ، کار‌و به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش به‌بێ مساوه‌مه له مه‌سه‌له سه‌ره‌کییه‌كه گۆڕانکاریی دروستبکه‌ن.
* ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، تا چه‌ند هه‌وڵیداوه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مهدهنیو دیموكراسیخواز به‌رێت، یان هه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ژێر كاریگه‌ری ئایینی‌و كلتوری كۆمه‌ڵگه‌دا بمێنێته‌وه؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا له كوردستان حوكم ده‌كات، گوزارشت له ئاستی کلتوری‌و فرهدهنگیو فره‌ڕه‌نگی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه پێكهاتوه له كۆمه‌ڵێك حیزبی جیاجیای ئایینی‌و عهلمانیو سه‌ر به ئایدۆلۆژیای جیاواز، به‌داخه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی عه‌شایرییه‌و ئه‌مه‌ش رهنگیداوهتهو له‌سه‌ر پێکهاته‌و عه‌قڵیه‌تی هه‌مو حیزبه‌كاندا، واته خاسیه‌تی سه‌ره‌کیی پێکهاته‌و عه‌قڵیه‌تی حیزبه کوردییهكان، خاسیه‌تێکی عه‌شایرییه، بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌ت سیمایه‌کی مهدهنیو دامه‌زراوه‌یی وهربگرێتو جوان کاربکات، پێویسته خۆی له ده‌سه‌ڵاتی حیزب، له ئایدۆلۆژیای حیزبه‌كان یا گروپی ئیسلامی‌و کۆنه‌خواز به‌دور بگرێت، تا چه‌ندیش له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتو ده‌بێت، ئه‌مه‌یان پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی قوڵ هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم، ئێستا له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی ریفۆرمخواز‌و پێشکه‌وتو هه‌ن له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی كۆنه‌خواز، ئه‌م دو ره‌وته به نهێنیو به ئاشكرا له ململانێدان له‌ناو حكومه‌ت، به‌ڵام به‌داخه‌وه چینه پێشکه‌وتو و ریفۆرمخوازهكه به‌قه‌د چینه كۆنهخوازهكه به‌هێز نییه، حكومه‌ت ده‌بێت پشتگیریی له چینی ریفۆرمخوازی ناو کۆمه‌ڵگه بكات‌و به‌رنامه‌و داواکاریی ئه‌وان جێبه‌جێ بکات نه‌ك هی چینه کۆنه‌خوازو عهشایهرهكه، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌بێت پشتگیریی له‌م چینه ریفۆرمخوازهی ناو ده‌سه‌ڵات بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێزبێت به‌رامبه‌ر به‌و چینه کۆنهخوازهی که له‌ناو حكومه‌تدا كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كۆمه‌ڵگه به دواکه‌وتویی بمێنێته‌وه، هه‌ر بۆ نمونه له یاسای فره‌ژنیدا له په‌رله‌مانی كوردستان چینی ریفۆرمخوازه‌كان به 4 ده‌نگ كه‌متر دۆڕاندیان، ئه‌گه‌ر ده‌نگی پێشكه‌وتوخواز زیادبوایه له په‌رله‌مان فره‌ژنی ده‌نگی بۆ نه‌ده‌درا، به‌ڵام ده‌نگی كۆنهخوازو ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت سیاسهتو دین پابه‌ندبن به‌یه‌كه‌وه، له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا به‌هێزتره.
* به قسه‌كانی ئێوه‌دا واده‌رده‌كه‌وێت چینی ریفۆرمخواز نه‌یتوانیوه له‌ناو حكومه‌ت به‌هێزبێت، ئایا حكومه‌ت ده‌رگا داناخات به‌سه‌ر ریفۆرمخوازهكاندا یان حكومه‌ت له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه‌سی ریفۆرمخواز دروستبكات؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: پێشکهوتنو هۆشیاریی کۆمه‌ڵگه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به ده‌سه‌ڵاته‌وه، پهیوهنداریشه به ئاستی هۆشیارییو رۆشنبیریی تاکه‌کانه‌وه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم که له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا تاک بێهێزو به‌ته‌نها قوربانی نییه، به‌ڵکو په‌یوه‌ندیداره به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که ستاتوی تاکه‌کان دیاریدهکاتو به‌ڕێوه‌یان ده‌بات. ئاشکرایه که ده‌سه‌ڵات پێش هه‌مو شتێک بیر له پاراستنی خۆی ده‌کاته‌وه، وێناکردنی حاڵه‌تی تاکیش وه‌کو قوربانیی ده‌سه‌ڵات له خه‌یاڵی گشتیدا مه‌ترسیداره‌و ئه‌نجامی ترسناکی لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم خه‌ڵک به ته‌نها قوربانیی ده‌سه‌ڵات نییه، هه‌ستکردن به حاڵه‌تی قوربانیبون واده‌کات که بواری ئۆتۆنۆمی‌و چالاکیی تاکه‌کان بچوک بێته‌وه‌و زیاتر له‌ناو ئه‌و حاڵه‌تی "بێده‌سه‌ڵاتییه"دا جێگیریان ده‌کات، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی زیاتر لهپهراوێزنانو دابڕان له ژیانی گشتی‌و ریفۆرم‌و کارگێڕی‌و بڕیاردان، تاک له رێگه‌ی هۆشیاری، له رێگه‌ی زانین‌و به‌رگریکردنه‌وه ده‌توانێت کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ههبێتو چه‌وسانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بخاته ژێر پرسیار‌و گۆڕان به‌رپا بکات، بۆ نمونه سه‌باره‌ت به یاسای رۆژنامه‌گه‌ری له کوردستان، هۆشیاریی رۆژنامه‌نوسان توانی کار بکاته سه‌ر دهسهڵاتو چاککردنی یاساکه، به‌ڵام له یاسای باری كه‌سێتیدا ئه‌و هۆشیارییه به‌دی نه‌کرا، من یه‌كێك بوم له‌و كه‌سانه‌ی له‌و خۆپیشاندانانه‌ی كه چه‌ند رێكخراوێكی ئافره‌تان بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان سازیان كردبو، ئاماده‌بوم، بۆ پشتگیریکردنی ریفۆرمی یاسای باری كه‌سێتی، ئه‌وانه‌ی لهوێبوین چه‌ند كه‌سێكی كه‌م بوین، دواتریش كه یاسای فره‌ژنی په‌سه‌ندكرا، كه‌س ئاماده‌بو بێته سه‌ر شهقامو ناڕه‌زایی له‌دژی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌رببڕێت، ئه‌مه زۆر لێکدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێت، له سه‌روی هه‌مویه‌وه لاوازیی هۆشیاریی تاک له‌مه‌ڕ مافه مه‌ده‌نییه‌کانیان ده‌رده‌خات، که‌چی سه‌یرده‌که‌یت له‌سه‌ر كاریكاتۆرێکی دانیمارکی كه له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی پێغه‌مبه‌ر كرابو، نیوه‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێر رژانه سه‌ر شه‌قام بۆ خۆپیشاندان له‌دژی ئه‌و وێنانه كه هیچ په‌یوه‌ندیان به ژیانی رۆژانه‌ی ئێمه‌وه نییه، به‌ڵام بۆ ریفۆرمی یاسای باری كه‌سێتی هه‌موی بیست ژن نه‌بوین که له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان دژی فرهژنیو پێشێلکارییه‌کانی دیکه ناڕه‌زاییمان ده‌ربڕی، کۆمه‌ڵگه نابێت وا هه‌ست بکات هه‌مو ده‌ردو مه‌ینه‌تییه‌كان قهدهرنو له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و له‌لایه‌ن ئایین، ده‌سه‌ڵات یا کلتوره‌وه فهرزکراون، ده‌بێت ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه خۆیان به بهرپرسو کارا بزانن له دروستکردنی گۆڕان‌و به‌ره‌وپێشبردنی کۆمه‌ڵگه‌و دیاریکردنی ئاراسته‌ی سیاسی.
* هه‌ست ناكه‌ن ئه‌م خه‌مساردییه له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی ئافره‌تانه‌وه بو كه ده‌بو ئه‌و رێكخراوانه‌ی كه به‌ناوی مافی ژنانه‌وه كارده‌كه‌ن، ههستایهن به خۆپیشاندان له‌دژی ئه‌و یاسایه؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: ئه‌مه قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت که من له نوسینێکم له رۆژنامه‌ی هاوڵاتی (29/10) قسه‌م له‌سه‌ر کردوه. له کوردستان نزیکه‌ی 60 رێكخراوی ژنان‌و ئافره‌تانمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌ر رێكخراوێك نوێنه‌رێكی ناردبایه بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان، ئه‌وه ده‌نگمان به‌هێزتر ده‌بو، دیاره ژنان‌و ئافره‌تان خهمساردبون له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا. به رای من بێده‌نگیی زۆربه‌ی ژنان له‌ئاست مافه‌کانیان له‌مه‌ڕ یاسای باری کهسێتیو له ئاستی دیکه‌شدا، هۆکاری زۆره‌و هۆکاره‌کانیش ره‌گیان له عه‌قڵیه‌تی پاتریارکیو عه‌شایه‌ریدا داکوتاوه، ترس هۆکاری سه‌ره‌کییه له‌وه‌ی که ژنان له بارودۆخێکی ئاوا هه‌ستیاردا نه‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه، ترس له قسهکردنو شکانی بێده‌نگی، ترس له دهنگههڵبڕینو ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی، ترس له خۆپیشاندان‌و گوزاره‌کردن له خواست‌و داواکارییهكانیان له ده‌ره‌وه‌ی ناوماڵ‌و له شوێنه گشتییه‌کان، ترس له ره‌خنه‌گرتن له دهسهڵاتو خستنه‌ڕوی ئه‌لته‌رناتیڤ، ترس له ئازادی که له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هاوتا کراوه به به‌ره‌ڵڵایی، ده‌بێت پیاوانیش بزانن که ئه‌مه به ته‌نها كێشه‌ی ئافره‌ت نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه به هه‌مو تاكه‌كانییه‌وه، هه‌روه‌كو بینیمان رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كانی دیکه‌ش هیچ هه‌ڵوێستێكیان له‌مباره‌یه‌وه نه‌بو، له ئه‌نجامدا ده‌نگی كۆنه‌خوازه‌كان سه‌ركه‌وت.
* خه‌ڵك گله‌یی ئه‌وه له په‌رله‌مان ده‌كه‌ن كه خۆپیشاندانیش بكه‌ن ناچن به‌ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه، چونكه ئه‌و بڕیاره‌ی له‌لایه‌ن حیزبه‌وه كه ده‌درێته په‌رله‌مان، ده‌نگی له‌سه‌ر دهدرێتو قابیلی گۆڕانیش نابێت؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: هه‌روه‌کو پێشتریش وتمو ئه‌وه وته‌ی میشێل فوكۆیه ده‌یهێنمه‌وه: تاك بێده‌سه‌ڵات نییه له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات، تاك له رێگه‌ی زانینه‌وه، له رێگه‌ی هۆشیاریو به‌رگریكردنه‌وه ده‌توانێت بهرهوإوی ئه‌م كێشانه بێته‌وه‌و ریفۆرمیش به ده‌سه‌ڵات بكات، تاك نابێت چۆك دابدات له‌به‌رده‌م دهسهڵاتداو وابزانێت جوڵه‌و چالاکیی ئه‌و هیچ له بارودۆخه‌که ناگۆڕێت، ئه‌مڕۆ ئه‌و هۆشیاریو زانینه له‌سه‌ر ئاستی دهسهڵاتو تاک نییه‌و دیالۆگیش له‌نێوان ئه‌و دو چینه‌دا بنبه‌سته.
* هه‌ر له قسه‌كاندا ئاماژه‌ت به‌وه‌كرد ئه‌و پیاوه‌ی ژنه‌كه‌ی خۆی ده‌كوژێت به‌ناوی ناموسپه‌رستییه‌وه، بۆخۆی ده‌یکوژێت یان بۆ كۆمه‌ڵگه ده‌یكوژێت، به‌ڵام زۆر خێزان هه‌یه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌وروپیش ده‌ژی كه‌چی ئه‌و تاوانه هه‌ر ده‌كات، كه‌واته له‌وێ بۆ كێی ده‌كات؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: له‌وێش بۆ کۆمیونیتیو روانینی کوردی دیاسپۆرا ده‌یکات، به‌ڵام جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه که له ئه‌وروپا ئه‌گه‌ر ئه‌و تاوانه بكرێت، ئه‌وه یاسا هه‌یه‌و به یاساش كێشه‌كه تاوتوێ ده‌كرێت، چه‌ند كێشه‌یه‌كی وا رویداوه له به‌ریتانیاو سوید‌و ئه‌ڵمانیاو هۆڵه‌ندا، به‌ڵام بكوژه‌كان حوكمی هه‌تاهه‌تایی كراون. هێشو یونس (ته‌مه‌ن 17 ساڵ) له ساڵی 2001دا كه كوژرا، باوكی كه‌سێكی كۆمیونیست بو سه‌ر به كۆمه‌ڵه بو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كچه‌كه‌ی ته‌نها په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كوڕێك هه‌بو، كوشتی، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌بو كه ئه‌ندامێكی به‌ناو خاوه‌ن شه‌ره‌فی كۆمیونیتی كورد نامه‌یه‌كی بۆ باوكی نوسیبو و تێیدا هاتبو که كچه‌كه‌ت (بێناموسه)و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كوڕێكدا هه‌یه، دوای سێ رۆژ له‌م نامه‌یه، خوله کۆمه‌ڵه هێشوی کچی کوشت، هه‌روه‌ها به‌نازیش ئه‌ندامێکی كۆمیونیتی كورد به مۆبایل وێنه‌ی گرتبو له‌گه‌ڵ كوڕێك ببو، كۆمیونیتی کورد له ده‌ره‌وه نمونه‌یه‌كی بچوككراوه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێره‌یه‌و له رێگه‌ی ئه‌م كوشتنانهوه رێسا‌و به‌ها کۆنه‌کانی ئێره که به ناسنامه‌ی خۆی ده‌زانێت، ده‌پارێزێت، ئه‌و وا هه‌ست ده‌كات به كۆنترۆڵکردنی جه‌سته‌ی ژنی كورد، ناسنامه‌ی کوردی دهپارێزێتو به‌مه به‌رگریی له‌خۆی ده‌کات له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌وروپیی دیموكراتیخوازدا، به‌داخه‌وه کۆمیونیتی کورد له ده‌ره‌وه نه‌ک هه‌ر ته‌نها وه‌کو پێویست پێشنهكهوتوهو به‌هاو نه‌ریته باوه‌کان به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه، به‌ڵكو خۆی دابڕاو گۆشه‌گیر کردوه‌و کۆمه‌ڵێک سنور‌و دیواری له‌نێوان خۆی‌و ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه دروستکردوه که ئه‌و تێیدا ده‌ژی، کوشتن‌و تاوانه‌کانی دیکه‌ی ناموسپه‌رستیش لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
* ئه‌م توندوتیژیه به‌ناوی ناموسپهرستیو شه‌ره‌ف له كوردستان، تا چه‌ند به تاوانێكی گه‌وره‌و پێشێلكاریی مافه‌كانی مرۆڤ ناسراوه له ئه‌وروپادا؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: کوشتن‌و تاوانه‌کانی ناموسپه‌رستی له چوارچێوه‌ی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه، به تاوانێكی جه‌رگبڕ سه‌یر ده‌كرێن، له‌م بۆچونهشهوه هه‌وڵدراوه ئه‌م كێشه‌یه بخرێته ناو ئه‌جێندای سیاسیی وڵاتانی ئهوروپیو (UN)یشه‌وه، گرنگه ئه‌و تاوانانه له چوارچێوه‌ی پێشێلكردنی مافی مرۆڤه‌وه لێی بڕوانرێت، نه‌ك بخرێته چوارچێوه‌یه‌كی كلتوری یا ئایینییه‌وه، واته نه‌وترێت ئه‌مه کلتوری کوردی، عه‌ره‌بی یا ئیسلامی‌و پاکستانییهو له چوارچێوه‌ی رێژه‌ی کلتوریشه‌وه ره‌فتاری له‌گه‌ڵدا بکرێت. کاتێك له چوارچێوه‌ی مافی مرۆڤه‌وه سه‌یر ده‌کرێت، ئه‌وكات وه‌ك پێشێلكارییه‌كی مافی مرۆڤ دهبینرێتو ستراتیژیه‌تی بۆ دادهنرێتو چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، به واتایه‌کی دیکه کاتێک ئه‌و تاوانانه ده‌چنه ناو چوارچێوه‌ی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤه‌وه، ئه‌وه ئه‌وکات ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌و کلتوری كوردی یا ئیسلامی به وه‌حشی‌و به‌ربه‌ری له‌قه‌ڵه‌م نادرێت، ئێمه له ئه‌وروپا كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین‌و به‌لاشمانه‌وه گرنگه كه كۆمیونیتی كورد نه‌خرێته به‌ر توانجی میدیا جیهانییهكانو به گشتی میلله‌تی كورد هه‌موی به بكوژ ته‌ماشا نه‌كرێت، ده‌بێت بزانرێت که له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا كۆمه‌ڵێك ده‌نگی جیاواز هه‌ن، ده‌نگی زۆر هه‌ن كه دژی ئه‌و كوشتن‌و تاوانانه دهوهستنو کار بۆ گۆڕان ده‌که‌ن.
* كوشتنی ژنان له هه‌رێمی كوردستان تا چه‌ند له دونیای ده‌ره‌وه بوه‌ته خاڵێكی ره‌ش به‌سه‌رشانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: به‌داخه‌وه كوشتنی ژن بوه‌ته خاڵێکی نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر حكومهتو نه‌ته‌وه‌ی كورد، ئه‌گه‌ر بچیته سه‌ر گۆگڵ له ئینته‌رنێت، كوشتنی ژن لێبده، یه‌كسه‌ر به‌رامبه‌ر به ناوی کورد ده‌بیته‌وه، ئه‌مه بۆ كورد زۆر كێشه‌یه‌و مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ی كوردیشی تا راده‌یه‌ك خستوه‌ته ژێر پرسیاره‌وه، دیاره له كۆتاییدا ئه‌مانه هه‌موی ده‌بنه مایه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنێكی خراپ هه‌م بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردی‌و هه‌م بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش، ئێمه کاتێك له ده‌ره‌وه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌وروژێنین، به‌لامانه‌وه گرنگه به عهقڵانیو بابه‌تیانه قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت‌و ته‌واوی کورد نه‌خرێته ناو کاتیگۆرییهكی خراپه‌وه. ستراتیژیه‌تمان زۆره بۆ ئه‌مه‌و له‌سه‌روی هه‌مویه‌وه دوان‌و قسه‌کردنی خۆمان له روی راستڕه‌و رهگهزپهرستهکانو هه‌روه‌ها به کارکردن له‌گه‌ڵ داموده‌زگا بیانییهكانو هۆشیارکردنه‌وه‌یان له ئاڵۆزیی‌و حه‌ساسیه‌تی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه.
* له نوسینی پرۆژهكهتاندا بۆ به‌ده‌ستكه‌وتنی داتا‌و زانیاریی، ئاماژه به چاوپێكه‌وتنی پشكنینی جینائی ده‌ده‌ن وه‌ك پۆلیس، پارێزهرو دادوه‌ر، تا چه‌ند گه‌شبینن به شه‌فافیانه ئه‌و زانیاریانه‌تان به‌ده‌ست بكه‌وێت بۆ لێكۆڵینهوهكهتان؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: من وه‌ك لێكۆڵه‌رێکی ئه‌كادیمی له رابردو و له ئێستاشدا توانیومه داتا به‌ده‌ست بهێنم چ له دادگاكانی كوردستان‌و دادوه‌ری پزیشكی‌و پۆلیسیش هاوکاریی کراوم، من له رابردودا له‌سه‌ر چه‌ند که‌یسێک کارم کردوه که له چاپته‌ری كتێبێك به‌ناوی شهرهفو له چوارچێوه‌ی لێکۆڵینهوهیهكی زانکۆی له‌نده‌ن له ساڵی 2004دا بڵاوبوه‌ته‌وه، به بإوای من ئه‌مه ده‌وه‌ستێته سه‌ر مێتۆدی لێكۆڵه‌ر خۆی له وه‌ده‌ستهێنانی داتا‌و زانیاریی‌و نزیکبونه‌وه‌ی له‌و داموده‌زگایانه. ده‌بێت لێکۆڵه‌ر مێتودێكی بێلایهنو سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت له کاری لێکۆڵینه‌وه‌دا، به‌داخه‌وه له كوردستان بارودۆخه‌که به جۆرێكه كه زۆرجار حوكمی پێشوه‌خت‌و نه‌بونی مێتۆدی زانستی‌و نه‌زانین له کاری لێکۆڵینه‌وه، واده‌كات بۆشاییه‌ك دروستبێت له‌نێوان ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت لێكۆڵینه‌وه بكات‌و ئه‌و چینه‌ی كه داتا‌و زانیارییه‌كانی لایه، واته دیوارێك له‌نێوانیاندا دروستده‌بێت كه واده‌کات تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه بێبه‌ری بێت له زانیاریی‌و فاکته‌کان که ده‌شێت ببێته هۆی لێکدانه‌وه‌ی قوڵ‌و زانستیانه بۆ واقیع‌و بۆ دروستکردنی گۆڕان، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی داخه، ده‌بێت ئه‌و دیواره نه‌مێنێت له‌نێوان لێكۆڵه‌ر یا رۆژنامهنوسو ئه‌و كهسو ده‌زگایه‌ی كه داتا‌و زانیاریی لایه، بۆ ئه‌وه‌ی تاكی كورد بێبه‌ش نه‌بێت له زانیاریی‌و لێکدانه‌وه‌ی قوڵی ئه‌و كێشانه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا روده‌ده‌ن.
* ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زانكۆیه‌كی به‌ریتانیادا له‌سه‌ر كوشتنی ژن له كوردستان تا چه‌ند ده‌خایه‌نێت؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: ئه‌مه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمییه ماوه‌ی دو ساڵ ده‌خایه‌نێت، ئێمه دو مانگه ده‌ستمان پێكردوه، لێكۆڵینه‌وه‌که له یه‌كێك له گه‌وره‌ترین زانكۆكانی به‌ریتانیا به‌ڕێوه ده‌چێت، ئێمه تیمێکی نێودهوڵهتینو هه‌مو كه‌س ده‌دوێنین چ له‌سه‌ر ئاستی حكومهتو چ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بێت، هه‌روه‌ها به‌لامانه‌وه گرنگه "قوربانی"و تاوانباره‌کانیش بدوێنین بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زانیاریی ورد‌و پێویست که له کۆتاییدا ده‌مانگه‌یه‌نێته لێکدانه‌وه‌ی گونجاو ستراتیژیه‌تی کاریگه‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردن.
* تا چه‌ند حكومه‌تی هه‌رێم پاڵپشتی ئه‌م پرۆژه‌ی ئێوه‌یه؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: ئه‌م پرۆژه‌یه له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه پشتگیریی دارایی کراوه، كاتی خۆی زانكۆی برستڵ پرۆژه‌که‌ی خسته به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێم، كه‌سانی پێشكه‌وتوخواز له‌ناو حكومه‌ت زۆر به ته‌نگیه‌وه هاتنو پشتگیری‌یان لێکرد، دیاره مایه‌ی خۆشحاڵییه که له‌ناو حکومه‌تی کوردستاندا که‌سانێک هه‌ن پشتگیریی له‌وجۆره پرۆژانه دهکهنو به‌لایانه‌وه گرنگه ئه‌و په‌تایه له‌لایه‌ن کهسانو ده‌زگای تایبه‌تمه‌نده‌وه دیراسه بکرێت به ئامانجی دروستکردنی گۆڕان.
* ماركس ده‌ڵێت ئازادیی ژنان پێوه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌یه، هه‌ر به‌م پێیه تا ژن ئازاد نه‌بن له كۆت‌و به‌ندو زنجیری ئه‌ساره‌ت‌و سوكایه‌تی‌و توندوتیژی، به هه‌مان پێوه‌ر ده‌توانین بڵێین كۆمه‌ڵگه‌ش ئازاد نییه؟ بۆچونی ئێوه له‌م باره‌یه‌وه؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: هه‌تاوه‌كو تاك ئازاد نه‌بێت، كۆمه‌ڵگه‌ش ئازاد نابێت، به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئازادییه‌ش هۆشیارییو زانین‌و کار‌و چالاکیی عه‌قڵانیی گه‌ره‌که له‌سه‌ر ئاستی دهسهڵاتو کۆمه‌ڵگه.
* ئایا تا چه‌ند سیستمی ئایینی مافه‌كانی تاكی پێشێلكردوه؟
د. نه‌زه‌ند به‌گیخانی: ئایین وه‌کو عیبادهتو سه‌لوای رۆحیی مرۆڤ بۆ زۆر که‌س پێویسته، به‌ڵام ده‌بێته هۆکار بۆ چه‌وسانه‌وه کاتێك تێکه‌ڵ به سیاسه‌ت دهکرێتو وه‌کو ئایدۆلۆژیایه‌كی سیاسی کاری پێده‌کرێت، له وڵاتانی ئیسلامی‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئایین له سیاسه‌ت جیانهکراوهتهوهو ئیسلامییه سیاسییه‌کانیش وه‌کو هۆکارێک به‌کاری ده‌هێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی خۆیان، ئه‌وه ئایین بوه‌ته هۆکاری سه‌ره‌کیی بۆ پێشێلکردنی ماف‌و ئازادی، دیاره له روی مێژوییه‌وه هه‌مو ئایینه‌کان ئه‌و رۆڵه‌یان بینیوه، به‌ڵام بۆ نمونه له خۆرئاوا ده‌سه‌ڵاتی که‌نیسه سنوردار کراوه‌و له سیاسه‌ت جیاکراوه‌ته‌وه، وڵاتانی موسوڵمان ده‌بێت سود له‌و مێژوه وهربگرنو پهیوهندیو ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ئایین بگۆڕن.