ئاماده‌کردنی: سه‌ڵاحه‌دین بایه‌زیدی
گۆڤاری رۆژه‌ڤ که گۆڤارێکی سیاسی، کۆمهڵایهتیو کلتورییه‌و له تاران ده‌رده‌چێت، له ژماره‌ی (3و 5)ی ساڵی 1386دا دۆسێیه‌کی تایبه‌تی به‌ناوی (کورد‌و بیری چه‌پ) بڵاوکردوه‌ته‌وه، له‌و دۆسێیه‌دا چه‌ند چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک روناکبیری کورد‌و ئێرانی‌دا به‌خۆگرتوه، لێره‌دا ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌یان بڵاوده‌که‌ینه‌وه.
* وه‌ک زۆر شتی تر بیری چه‌پیش به‌شێوه‌یه‌کی ئۆرجیناڵ نه‌گه‌یشتوه‌ته کورد، واتا له رێگه‌ی عه‌ره‌به‌کان یان فارس یاخود تورکه‌کانه‌وه به کورد گه‌یشتوه، ئایا هه‌ر ئه‌میش هۆکارێک نییه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌پی کورد هه‌میشه له‌ژێر چه‌تری ئه‌وانی تردا بێت‌و نه‌توانێت وه‌ک ته‌ڤگه‌رێکی سه‌ربه‌خۆی کاربکات؟
د.ره‌فیق سابیر: کۆمه‌ڵی کوردستان له هیچکام له‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه، په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی کلتوری‌و سیاسی له‌گه‌ڵ وڵاتان‌و کلتوری ئه‌وروپاییدا نه‌بوه. له کوردستاندا زمان‌و کلتوری نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی عه‌ره‌ب، یان تورک یاخود فارس له خوێندن‌و نوسیندا به زۆره‌ملێ به‌سه‌ر منداڵی کورد‌و کۆمه‌ڵی کوردستاندا سه‌پێنراون، له هه‌مانکاتدا ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی ئه‌و نه‌ته‌وانه به جۆرێکی سیستماتیک هه‌وڵی له‌ناوبردنی کلتوری کوردی‌و کوشتنی زمانی کوردی‌یان داوه، بۆیه په‌یوه‌ندیی کلتوریی کورد راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ کلتوری نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستان بوه، نه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا، هه‌ر له رێی ئه‌وانیشه‌وه دیارده‌ی نوێی فیکری، فهلسهفیو ئایدۆلۆژی گه‌یشتونه‌ته کوردستان، واتا زمانی ئه‌و نه‌ته‌وانه هه‌ریه‌که‌یان له به‌شێکی کوردستاندا، له‌لایه‌که‌وه هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیای کۆلۆنیالیی ناسیۆنالیزمی عهرهبو فارس‌و تورک‌و جیهانبینیو به‌ها کلتورییه‌کانی ئه‌وان بون، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه په‌نجه‌ره‌یه‌ک بون که به‌هۆیانه‌وه روناکیی بیری ئازادیخوازنه‌ی نێو ئه‌و نه‌ته‌وه سه‌رده‌ستانه و بیری چهپو مارکسیستیو بیر‌و کلتوری ئه‌وروپایی به گشتی گه‌یشتونه‌ته کوردستان، به‌ڵام زمان ته‌نها ئامرازی گه‌یاندنی زانین‌و گه‌یاندنی زانیاریی نییه، به‌ڵکو سیستمێکی بیرکردنه‌وه‌یشه، یان هه‌ر زمانێک سیستمێکی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه که کاری خۆی له بیر‌و شێوه بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وانه ده‌کات که به‌و زمانه زانیاریی وهردهگرنو بیرده‌که‌نه‌وه. له‌مه‌ش گرنگتر هه‌ر فه‌لسه‌فه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌کی نوێ کاتێک له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا بڵاوده‌بێته‌وه، به‌و ئه‌ندازه‌ی کار له کۆمه‌ڵگه‌که دهکاتو ده‌یگۆڕێت، ده‌شێت به هه‌مان ئه‌ندازه‌یش یان که‌مترو زیاتر، خۆی (واتا فه‌لسه‌فه یان ئایدیۆلۆژیاکه) بکه‌وێته ژێر کارتێکردنی کلتوری كۆمه‌ڵگه نوێیه‌که‌و گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت، له‌به‌رئه‌وه چه‌پی کورد (که لێره قسه له چه‌پی مارکسی/ لینینییه)، وه‌ک ته‌ڤگه‌رێک هه‌میشه وابه‌سته‌و پاشکۆی چه‌پی ئه‌و نه‌ته‌وانه بوه، له‌مه‌یش ترسناکتر ئه‌وه بوه که زۆرینه‌ی چه‌پی کورد به عه‌قڵی ئادیۆلۆجیستانی چه‌پی ئه‌و نه‌ته‌وه سه‌رده‌ستانه بیریان کردوه‌ته‌وه‌و جیهانبینیی ئه‌وانیان هێناوه‌ته‌وه به‌رهه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه نه‌بێته تومه‌تێک، باشتره ئه‌م مه‌سه‌له‌یه رونبکه‌مه‌وه.
ئایدۆلۆژیای چه‌پ له سه‌رده‌مێکدا له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی نێویندا بڵاوبوه‌وه که گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه له خه‌باتێکی توندی رزگاریخوازانه‌دا بون له‌دژی کۆلۆنیالیزمی بهریتانیو فه‌ره‌نسایی، که ده‌ستیان به‌سه‌ر زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا گرتبو، یان راسته‌وخۆ ره‌وشی سیاسی‌و ئابوریی ئه‌و وڵاتانه‌یان دیاری ده‌کرد، بۆیه ئه‌م ئایدۆلۆژیایه له‌و وڵاتانه‌دا له ناوه‌رۆکدا به‌شێک بو له ئایدۆلۆژیای ته‌ڤگه‌ری رزگاریخوازیی نهتهوهییو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا ئاوێتهبو. چه‌په‌کانی ئه‌و وڵاتانه خه‌باتی عه‌داله‌تخوازانه‌یان تێکه‌ڵاوی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی بۆ رزگاربون له کۆلۆنیالیزم‌و رژێمه ئیستیبدادییه وابه‌سته‌کانیان پێکه‌وه گرێدا، بۆیه ده‌توانین بڵێین بزاڤی چهپو نه‌ته‌وه‌یی ئازادیخواز له‌و وڵاتانه‌دا ئه‌نجامی ئه‌و ناکۆکییه بو که له‌نێوان خه‌ڵکی سته‌ملێکراوی ئه‌و وڵاتانه‌و نێوان داگیرکه‌ری بیانی (کۆلۆنیالیزم)و حکومه‌ته وابهستهکانیاندا هه‌بو. له‌م دۆخه سیاسییه‌دا چه‌پی کورد له‌ژێر کاریگه‌ری چه‌پی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستاندا (بۆ نمونه له عێراقدا که چه‌پێکی عهرهبپهروهر بو) ده‌رکه‌وت، چه‌پی کورد که له روی ئایدیۆلۆژی‌و رێکخراوه‌ییه‌وه وابه‌سته‌ی چه‌پی عهرهبو تورک‌و فارس بو، دوای ئه‌و وه‌همه که‌وت که پێیوابو به رزگاربونی ئه‌و وڵاتانه له کۆلۆنیالیزم‌و حکومه‌ته ئیستیبداییهکان، گه‌له‌کانیان (به کوردیشه‌وه) رزگار ده‌بن، به‌ڵام دوای رزگاربونی هه‌ندێک له‌و وڵاتانه له کۆلۆنیالیزم، ده‌رکه‌وت ئه‌م بۆچونه (بۆ گه‌لی کوردستان) له خورافه زیاتر نه‌بو، چونکه له‌کاتێکدا گه‌لی کورد (بۆ نمونه له عێراقدا) له کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی ده‌ربازبو، روبه‌ڕوی دوژمنێکی دڕنده‌ترو داگیرکه‌رێکی ترسناکتر بوه‌وه که ناسیۆنالیزمی عهرهبو به‌عس بو. به کورتی چه‌پی کورد هه‌ڵگری ئه‌و ئایدیۆلۆژیا چه‌په بو که له‌گه‌ڵ کلتورو دۆخی سیاسیی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستاندا (نه‌ک کورددا)، ئاوێته بوبو، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌بات بۆ عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستان‌و مافی نهتهوهییو کلتوی‌و ئازادیی زمانه‌که‌ی بکات، کوێرانه بو به پاشکۆی چه‌پی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست. هه‌ر کاتێکیش به‌شێک له چه‌پی کورد هه‌وڵی دابێت سه‌ربه‌خۆیی فیکری‌و رێکخراوه‌یی خۆی ههبێتو خه‌بات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستانه‌که‌ی بخاته پێش خه‌بات بۆ په‌یوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، یان وه‌ک هێزێکی چه‌پی سه‌ربه‌خۆ کاربکات (بۆ نمونه چه‌په‌کانی کوردستانی عێراق له ساڵانی 1957و 1991)، ئه‌وا چه‌پی عێراقی هه‌ر به به‌شه‌که‌ی تری چه‌پی کورد، شه‌إی ئه‌وانیان کردوه وه‌ک ئامراز دژی چه‌پی کورد به‌کاریانهێناون.
* ئایا پێتوانییه چه‌پ له کوردستاندا نه‌یتوانیوه سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵکو هه‌میشه ناچاربوه له گوتاری نه‌ته‌وه‌یی یان ته‌نانه‌ت ئایینیش که‌ڵک وه‌ربگرێت؟
د.ره‌فیق سابیر: راستییه‌که‌ی تا ناوه‌ڕاستی ساڵانی حه‌فتاکان چه‌پی کورد‌و ته‌ڤگه‌ره‌که‌ی به‌شێک بون له چه‌پی سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه، واتا له‌ڕوی ئایدیۆلۆژی‌و سیاسی‌و رێکخستنه‌وه سه‌ربه‌خۆ نه‌بون، بۆیه شوێنێکی گرنگیان له بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستاندا نه‌گرتبو، به‌ڵام له‌وکاته به‌دواوه ته‌ڤگه‌ری چه‌پی کوردستانیی سهربهخۆو دابڕاو له حیزبه چه‌په سه‌رتاسه‌رییه‌کان (حیزبی چه‌پی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی عهرهبو تورک‌و فارس) ده‌رکه‌وت. گروپی یه‌که‌می چه‌پی کورد (چه‌پی وابه‌سته) نه‌ک هه‌ر که‌ڵکی له گوتاری نه‌ته‌وه‌یی وه‌رنه‌گرتوه، به‌ڵکو زۆر به توندی
دژایه‌تیی هه‌رجۆره گوتارێکی نه‌ته‌وه‌یی کردوه‌و به ناسیۆنالیزم‌و جوداخوازیی داناوه، له راستیدا به‌شێکی چه‌پی کورد له ترسی ئه‌وه‌ی وه‌ک ناسیۆنالیست تومه‌تبار نه‌کرێن، له چه‌په هه‌ره شۆڤینیسته‌کانی عهرهبو تورک‌و فارس زیاتر دژایه‌تیی هه‌ر بیر‌و خواستێکی نه‌ته‌وه‌یی کوردیان ده‌کرد، تا ئێستاش (به‌تایبه‌تی له ئێران‌دا) ده‌یکه‌ن، به‌ڵام چه‌پی کوردستانی، به بۆچونی من فێنۆمێنێکی فیکری‌و سیاسیی نوێ بو که ره‌نگدانه‌وه‌ی سته‌می نهتهوهییو کۆمه‌ڵایه‌تی بو، هه‌روه‌ها به‌رهه‌می ئه‌و ناکۆکییه بو که له‌نێوان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان‌و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ی سهردهستو داگیرکه‌ردا هه‌بو، ئه‌م ناکۆکییه رێگری هه‌رجۆره پێشکه‌وتنێکی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی‌و کلتوریی کۆمه‌ڵی کوردستانه. ده‌رکه‌وتنی ئه‌م دیارده‌یه له‌و نسکۆ‌و تێکشکانه جیاناکرێته‌وه که بزاڤی کورد له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی رابردودا تێیکه‌وت، هه‌روا به‌لای زۆره ئه‌نجامی سیاسه‌تی چه‌وتی حیزبه چه‌په سه‌رتاسه‌رییه‌کانی عێراق‌و ئێران‌و تورکیا بیئومێدبون بو له سیاسه‌تی سۆڤیه‌ت به‌رامبه‌ر کورد، ره‌نگه له‌به‌ر ئه‌مه بوبێت که چه‌پی سه‌ربه‌خۆی کورد سه‌ره‌تا وه‌ک چه‌پی ماویستی ده‌رکه‌وت، به‌تایبه‌تی که ماویزم ئاوێته‌بونێکی سه‌رنجڕاکێشی مارکسیزمه له‌گه‌ڵ خه‌باتی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی چیندا. به‌ڵام ئاخۆ چه‌پی کورد تا چه‌ند له گوتاری ئایینی که‌ڵکی وه‌رگرتوه، ئه‌مه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌کی نیسبییه، چونکه هه‌ندێک لاباڵی چه‌پی کۆنی کورد، به‌تایبه‌تی له عێراقدا، بونه‌ته چه‌پێکی شهکهتو پشتیان له پره‌نسیپه‌کانی خۆیان کردوه، حیزبه‌که‌شیان بوه‌ته حیزبی موناسه‌بات، بۆیه ئه‌گه‌ر پێویست بێت ره‌نگه ریشی ئیسلامییانه بهردهنهوهو مه‌ندیلیش له‌سه‌ر نێن، که‌چی چه‌پی رادیکالی کورد هه‌ڵوێستێکی رونیان به‌رامبه‌ری ئایین‌و ئه‌و هێزه سیاسییانه وه‌رگرتوه که ئایینیان کردوه‌ته ئایدیۆلۆژیای سیاسیی خۆیان.
* بۆچی چه‌پ له کوردستاندا له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌چه‌سپاوه‌و وه‌ک گوتارێکی رۆشنبیری بونی نه‌بوه‌و زیاتر وه‌ک ئامرازێکی ئه‌حزابی سیاسی به‌کارهاتوه؟
د.ره‌فیق سابیر: تا ئه‌وکاته‌ی گه‌لی کوردستان مافی خۆبڕیاردانی چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێت، ناکرێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بین که فیکر‌و کلتوری چه‌پ له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا کاریگه‌ری زۆرتریان هه‌بێت، به‌تایبه‌تی که ساڵانێکی زۆر چه‌پی کورد له‌نێو بزاڤی رزگاریخوازیی کورد یان دوربوه یان هێزێکی لاوه‌کی بوه. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک کاتێک روبه‌ڕوی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته‌وه‌و پێناسه (شوناس)ی نهتهوهییو زمان‌و کلتوره‌که‌ی ده‌که‌ونه به‌ر ههإهشهی پێناسه‌و کلتورو زمانێکی بێگانه، ئه‌وا مه‌سه‌له‌ی ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک هه‌ر ده‌بێته به‌شێک له میکانیزمی خۆپاراستن‌و مانه‌وه، به‌ڵکو ده‌شبێته به‌شێکی گرنگی پێداویستییه‌کانی گه‌شه‌کردنی ئابوری، کلتوی‌و سیاسیی نه‌ته‌وه‌که. کاتێک مرۆڤ له‌سه‌ر کوردبون سزا ده‌درێت، كلتور‌و زمانه‌که‌ی ده‌کوژرێن، ده‌رفه‌تێکی زۆر بۆ خه‌باتی چینایهتیو کۆمه‌ڵایه‌تی نامێنێته‌وه، له‌مجۆره دۆخه‌دا، به بۆچونی من خه‌بات بۆ ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌بێته خه‌باتێکی دیموکراتانه‌و چه‌پانه. چه‌په‌کانی کورد زۆر دره‌نگ له‌م راستییه گه‌یشتن، هه‌ندێکیان هێشتا نایانه‌وێت یان ناتوانن تێیبگه‌ن. ئایا چه‌پبون ته‌نها کۆمه‌ڵه "ئایه‌ت"ێکی ئایدیۆلۆژییه که مرۆڤ له‌به‌ری بکات‌و هه‌وڵبدات له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی کۆمه‌ڵگه‌که، جیبه‌جێیان بکات؟ ئایا پاراستنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ستهمو کۆمهڵکوژیو ناعه‌داله‌تی نهتهوهییو داکۆکیکردن له زمان‌و کلتورێکی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو، کارێکی چه‌پانه‌و دادپه‌روه‌رانه نییه؟ چه‌پ له زۆر وڵاتی ناوچه‌که‌دا که گرفتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بوه، ته‌نها ئه‌وکاتانه قورسایی سیاسیی له کۆمه‌ڵدا هه‌بوه که خه‌باتی چه‌پانه‌و عه‌داله‌تخوازانه‌ی خۆی به خه‌باتی رزگاریخوازیی نهتهوهییو نیشتمانییه‌وه گرێداوه. چه‌پی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی کوردستان، که به رای من له ناوه‌رۆکدا هه‌ڵگری خواستی ناسیۆنالیستیی ئه‌و نه‌ته‌وانه بون، تاوانیان به‌رامبه‌ری نهتهوهکهیانو باوه‌ڕو پره‌نسیپه ئه‌خلاقییه‌کانی خۆیان کردوه کاتێک له‌لایه‌که‌وه چه‌په کورده وابه‌سته‌کانی خۆیان له ته‌ڤگه‌ریی رزگاریخوازیی کورد دابڕی، له‌لایه‌کی دیه‌وه له ستهمو شه‌ڕی داسه‌پاوی ده‌وڵه‌ته‌کانیان به‌سه‌ر کورددا بێده‌نگ بون‌و ته‌نانه‌ت له زۆر کاتدا پشتگیریی ده‌وڵه‌ته ناسیۆناله شۆڤێنیسته‌کانی خۆیان کردوه، به‌و بیانوه‌ی که گوایا ئه‌و ده‌وڵه‌تانه دژی ئیمپریالیزمن. ئه‌زمونی کورد له‌گه‌ڵ حیزبی شیوعی عێراق، حیزبی توده، حیزبی کۆمۆنیستی تورکی‌و سوری، چه‌پی مارکسی‌و چه‌په کورده وابه‌سته‌کانی ئه‌و حیزبانه‌یان له کوردستاندا لاواز‌و بێ ئیعتیبار کردوه.
به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێسته هه‌لپه‌رستانه‌ی چه‌پی سه‌رتاسه‌ری ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که "چه‌پ وه‌ک گوتارێکی روناکبیری بونی نه‌بوه"، راسته ژیانی روناکبیریی ئێمه تا راده‌یه‌کی زۆر ره‌نگدانه‌وه‌ی دۆخی سیاسیمانه، به‌ڵام گوتاری چه‌پ له باشوری کوردستاندا، له کۆتایی ساڵانی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه تا کۆتایی هه‌شتاکانی، گوتارێکی دیار‌و کاریگه‌ریش بو، به رای من ئه‌م گوتاره تا راده‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ری له ژیانی روناکبیریی ئێمه کردوه‌و بیری پێشکه‌وتنخوازانه‌و کۆمه‌ڵه پره‌نسیپێکی نوێی کۆمهڵایهتیو عه‌داله‌تخوازانه‌و بیری یه‌کسانبونی گهلانو ژن‌و پیاو سێکولاریزم (عه‌لمانیه‌ت)ی له کۆمه‌ڵی کوردستاندا به‌هێز کردوه، ئه‌مانه‌ش له تێڕوانینی به‌شێکی زۆری روناکبیران‌و له‌نێو كلتوری کورد‌و ئایدیۆلۆژیای بزاڤی رزگاریخوازیی کورددا، به زه‌قی ره‌نگیان داوه‌ته‌وه.
* رێکخراوی حیزبی شیوعی عێراق چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورد هه‌بوه؟
د.ره‌فیق سابیر: حیزبی شیوعی عێراق له‌ڕوی فیکری، سیاسی‌و رێکخستنه‌وه هه‌م کاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤ‌و هه‌م کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی به‌رامبه‌ری جوڵانه‌وه‌ی کورد هه‌بوه، ئه‌م حیزبه ته‌نها ده ساڵ دوای لکاندنی باشوری کوردستان به عێراقه‌وه (1934) دامه‌زرێنرا، ئه‌وکاته جوڵانه‌وه‌ی کورد دوای دابهشکرانهوهی کوردستان، به‌ته‌واوی تێک شکێنرابو، به‌ڵام خه‌ڵکی کوردستان باوه‌ڕی به‌وه نه‌هێنابو که له‌ناو قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌بیدا له قاڵب بدرێت‌و به‌ره‌نگاری ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی ده‌کرد، له هه‌مانکاتدا ته‌ڤگه‌ری سیاسیی کورد نه‌یتوانیبو خۆی له رێکخراوێکی مۆدێرنی سیاسی‌دا رێک بخات، خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆبونی باشوری کوردستان له عێراق، به‌تایبه‌تی له‌نێو روناکبیراندا به‌رده‌وام بو، بۆیه تا ناوه‌ڕاستی چلهکانو گه‌رمه‌ی شه‌ڕی دوه‌می جیهانی، ئه‌م حیزبه هیچ شوێن‌و نفوزێکی سیاسیی له کوردستاندا نه‌بو، به‌ڵام تێکشکانی نازیزمی ئهڵمانیو سه‌رکه‌وتنی به‌ره‌ی گه‌لان له شه‌ڕدا، گوڕوتینێکی نوێی به حیزبه شیوعییه‌کانی ناوچه‌که، له‌وانه حیزبی شیوعی عێراق، به‌خشی. ئه‌وه‌بو ئه‌م حیزبه، وه‌ک حیزبێکی سه‌رتاسه‌ری که‌وته په‌لهاویشتن بۆ کوردستان، له‌وکاته به‌دواوه مێژوی په‌یوه‌ندیی ئه‌م حیزبه‌و بزاڤی رزگاریخوازیی کورد، که هه‌ندێکجار ته‌بایانه‌و هه‌ندێکجار پإ له ناکۆکی‌و ته‌نانه‌ت خوێناوی بوه، ده‌ستپێده‌کات. لێره‌دا له‌به‌ر که‌میی ده‌رفه‌ت، زۆر به کورتی ئاماژه به کاریگه‌رییه پۆزه‌تیڤ‌و نێگه‌تیڤه‌کانی حیزبی شیوعی له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورد ده‌که‌م.
حیزبی شیوعی ته‌ڤگه‌رێکی فیکری‌و سیاسیی نوێ بو بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عێراق که تازه له‌ژێر وێرانه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ههستابوهوهو روبه‌ڕوی سته‌می کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی بوبوه‌وه، ئه‌م حیزبه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که نوقمی دواکه‌وتویی، نهخوێندهواریو خورافه بو، پێشه‌نگی بیری سێکولار (عه‌لمانی)و رۆشنگه‌ری‌و سۆسیالیستی‌و خه‌باتی کۆمهڵایهتیو رزگاریخوازی بو، سه‌رکه‌وتنی ئه‌م حیزبه، به‌ر له هه‌ر شتێک له‌وه‌دابو که له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پڕ له سته‌می کۆمهڵایهتیو جینایهتیو ژێرده‌سته‌ی کۆلۆنیالیزمدا، توانی خه‌باتی رزگاریخوازیی نیشتمانی‌و خه‌باتی کۆمهڵایهتیو جینایه‌تی پێکه‌وه گرێ بدات. له راستیدا حیزبی شیوعی عێراق تا کودێتای ته‌مموزی 1958 زیاتر ته‌ڤگه‌رێکی رزگاریخوازیی بو، چونکه ناکۆکی سه‌ره‌کی ئه‌وکاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی عێراق له‌نێوان خه‌ڵکی عێراق‌و نێوان کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانیدا بو، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م حیزبه توانی به‌تایبه‌تی له ساڵانی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردودا، سه‌رنجی زۆرترین خه‌ڵک، به‌تایبه‌تی له‌نێو زۆرینه‌ی سته‌ملێکراوی شیعه‌و تا راده‌یه‌ک کورددا، بۆ لای خۆی رابکێشێت، به‌شێک له دیارترین روناکبیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عهرهبو کورد، یان لایه‌نگری ئه‌م حیزبه بون، یاخود به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کاریگه‌ریی فیکریی ئه‌و حیزبه‌یان به‌سه‌ره‌وه بو. له‌وکاته‌داو تا کودێتای ته‌مموزی 1958 ئه‌م حیزبه داکۆکیی له هه‌ندێک مافی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد ده‌کرد، به‌ڵام له‌دوای ئه‌م کودێتایه‌وه، دیلێما (ته‌نگژه)ی فیکری‌و ئایدیۆلۆژی‌و سیاسیی ئه‌م حیزبه‌و شه‌ڕو کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد‌و جوڵانه‌وه‌که‌یدا ده‌ستپێده‌کات.
به‌ڵام ده‌کرێت لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌کانی ئه‌م کاریگه‌رییه که زۆر زۆرتره، له‌م خاڵانه‌دا چڕبکه‌ینه‌وه:
1- حزبی شیوعیی عێراق وه‌ک وتم ته‌نها ده ساڵ دوای داگیرکردنی کوردستان‌و لکاندنی به عێراقه‌وه دامه‌زرێنرا، که‌چی ئه‌م حیزبه قه‌ت رۆژێک له رۆژانه دانی به‌و راستییه‌دا نه‌نا که کوردستان وڵاتێکی داگیرکراو به زۆر به عێراقه‌وه لکێنراوه‌و گه‌له‌که‌ی وه‌ک هه‌ر گه‌لێکی ژێرده‌سته‌و وڵات داگیرکراو، مافی خۆیه‌تی له ژێرده‌ستیی بێگانه زرگاری ببێت‌و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه حیزبی شیوعی له‌مباره‌یه‌وه هه‌ڵگری هه‌مان ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیانه‌و داگیرکه‌رانه‌ی ناسیۆنالیزمی عهرهبو ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق بو. له‌کاتێکدا ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراق به زه‌بری له‌شکرو کوشتاری خه‌ڵکی کوردستان ده‌یویست کوردستان به ژێرده‌ستی له‌نێو چوارچێوه‌ی داتاشراوی عێراقدا بهێڵێته‌وه، که‌چی حیزبی شیوعی بۆ ته‌واوکردنی کاری ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی عه‌ره‌ب، به زه‌بری شمشێری ئایدیۆلۆژی‌و تێڵای فیکری‌و به خیانه‌تدانانی هه‌ر ویستێکی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی جوڵانه‌وه‌ی کورد، هه‌مان کاری ئه‌نجام ده‌دا، له‌مه‌یشدا هێزی خۆی له سۆڤیهتو بلۆکی سۆسیالیستی‌و ته‌نانه‌ت ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب وه‌رده‌گرت. حیزبی شیوعی بیری ناسیۆنالیستانه‌ی خۆی به تێزێکی گومإاکارانه داپۆشی بو که پوخته‌که‌ی ئه‌وه بو: گه‌لانی عێراق، به کورد‌و عهرهبو که‌مینه نه‌ته‌وه‌کانییه‌وه، له‌ژێر ده‌ستی کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانیدان، رزگاربونی عێراق له کۆلۆنیالیزم واتای رزگاربونی هه‌موانه، بۆیه کورد وه‌ک عه‌ره‌ب، ده‌بێت خه‌بات دژی کۆلۆنیالیزم بکاته ئامانجی سه‌ره‌کی خۆی. بزاڤی رزگاریخوازیی کورد له‌به‌رده‌م په‌لاماری سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تی عێراق‌و په‌لاماری ئایدیۆلۆژی‌و سیاسیی حیزبی شیوعیدا، دروشمی رزگارکردنی کوردستانی گۆڕی بۆ ئۆتۆنۆمی، که دروشمی حیزبی شیوعی بو، به‌مه‌ش داگیرکردنی کوردستان‌و مانه‌وه‌ی له‌نێو چوارچێوه‌ی عێراقدا، لای کورد خۆی ره‌وایه‌تیی پێدرا. به بۆچونی من به‌بێ ئه‌م شه‌ڕه فیکری‌و ئایدیۆلۆژی‌و سیاسییه‌ی حیزبی شیوعی، که هه‌مان هه‌ڵوێستی شۆڤێنیستانی عه‌ره‌ب بو، ئاسان نه‌بو داگیرکردنی کوردستان لای خه‌ڵکی کورد‌و جوڵانه‌وه‌ی کورد، هێنده به ئاسانی بگۆڕدرێت به راستییه‌کی قبوڵکراو.
2- له‌دوای کودێتای 1958 عێراق له کۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی رزگاربو، به‌ڵام له راستیدا ئه‌مه ته‌نها رزگاربونی عه‌ره‌بی عێراق بو، نه‌ک کورد، چونکه بۆ کورد ته‌نها جۆری چهللادهکهی- داگیرکه‌ره‌که‌ی گۆڕدراو توندتر که‌وته به‌ر په‌لاماری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب. ته‌نها دوای سێ سال (ساڵی 1961) ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بیی عێراق شه‌ڕێکی شۆڤێنیستانه‌ی له‌دژی گه‌لی کورد هه‌ڵگیرساند، که سه‌رئه‌نجام به ئهنفالو کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه گه‌یشت. له هه‌ندێک سه‌رده‌می ئه‌م شه‌ڕه شۆڤێنییه به‌رده‌وامه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، حیزبی شیوعی پاڵپشت‌و ته‌نانه‌ت دارده‌ستی ده‌وڵه‌تی عێراق بو، هه‌ر کاتێک ئه‌م حیزبه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی عێراق باش یان ئاسایی بوایه، ئه‌وا پشتی دهوڵهتو شه‌ڕه‌کانی ده‌گرت، بۆ نمونه له سه‌ده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسمدا (1961 تا 1963) دواتر له سه‌رده‌می به‌عسدا (1974- 1975) هه‌روا (1977- 1978)، به کورتی حیزبی شیوعی به لایه‌وه گرنگ نه‌بو کورد ده‌کوژرێت‌و وڵاته‌که‌ی وێران ده‌کرێت، به‌ڵکو ئه‌وه گرنگ بو کێ ئه‌م کاره ده‌کات، دۆسته‌که‌ی خۆی یان دوژمنه‌که‌ی! بۆیه ته‌نها ئه‌و کاتانه له‌سه‌ر کوشتاری کورد‌و وێرانکردنی کوردستان هه‌ڵوێستی توندی ده‌گرت ئه‌گه‌ر خۆشی به‌ر په‌لاماری ده‌وڵه‌ت بکه‌وتایه. ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێت که ئه‌م حیزبه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردو به‌دواوه زۆرترین ئه‌ندامانی له‌نێو کورددا بو، که‌چی له ناوه‌رۆکدا له حیزبی عهرهبو حیزبێکی عه‌ره‌بی زیاتر ده‌رنه‌چو، ئه‌مه‌ش پرسیارێک دێنێت: ئایا له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌دا که سته‌می نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، حیزبێکی سه‌رتاسه‌ری (ئایدۆلۆژیاکه‌ی کۆمۆنیستی یان لیبرال یاخود ئیسلامی بێت)، ده‌توانێت به یه‌ک ئه‌ندازه له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سهردهستو نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست داکۆکی بکات‌و له یه‌ک کاتدا حیزبی نه‌ته‌وه‌ی سته‌مکارو نه‌ته‌وه‌ی سته‌ملێکراو بێت؟ له‌ڕاستیدا حیزبی شیوعی به جه‌داره‌ته‌وه سه‌لماندی که سه‌رئه‌نجام حیزبی عه‌ره‌بی عێراق بو نه‌ک کورد، له‌کاتێکدا به ده‌یان جار له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندیی عه‌ره‌ب قوربانیی به به‌رژه‌وه‌ندیی کورد دا، که‌چی تاکه جارێکیش پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ره‌فتاری نه‌کرد. (به بۆچونی من هه‌ڵوێستی حیزبی توده‌ی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی تورکی‌و سوریش هه‌ر به هه‌مانشێوه بون)، له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه بو که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی رابردودا به هه‌زاران له ئه‌ندامه روناکبیره کورده‌کانی ئه‌م حیزبانه، باوهإیان به‌م حیزبانه نه‌ماو به‌کۆمه‌ڵ جیابونه‌وه، سه‌رئه‌نجام ئه‌مڕۆ بۆ نمونه حیزبی شیوعی عێراق‌و لقه‌که‌ی له کوردستان وه‌ک قاوغێکی بێناوهرۆکو حیزبی موناسه‌باتی لێهاتوه.
3- به‌ڵام له‌ڕوی رێکخستنه‌وه، حیزبی شیوعی وه‌ک کۆنترین مۆدێلی حیزب له عێراقدا، کاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌ی کورد‌و حیزبه کوردییه‌کان هه‌بو، چونکه ئه‌م حیزبه مۆدێلێکی ستالینی بو که له‌سه‌ر سیستمی ناوه‌ندییه‌کی توند‌و دیسپلینی عهسکهریانهو ملکه‌چبونی خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه‌و رێگه‌نه‌دان به که‌مترین رای جیاواز دامه‌زرێنرا بو. ئه‌م مۆدێله‌ی حیزبایه‌تی، له رێگه‌ی حیزبی شیوعییه‌وه له کوردستان‌و عێراقدا، بو به تاکه مۆدێلی باو. حیزبه کوردییه‌کان له‌به‌ر رۆشنایی (په‌یڕه‌وی نێوخۆی) حیزبی شیوعیدا، ده‌ستوری حیزبیی خۆیان داڕشتوه‌و تا ئێستاش زۆربه‌یان له‌م شێوه کارکردنه ده‌رباز نه‌بون.
* له بواری سیاسی‌و رێکخستنه‌وه تا ئێستا چه‌پی کورد گرفتاری قه‌یرانه‌و ناتوانێت ئه‌و سیستمه مارکسی- لینینییه تێپه‌ڕبکات، ئایا به‌م حاڵه‌یه‌وه ده‌توانێت وه‌ک هێزێکی سیاسی له مه‌یداندا خۆی بنوێنێت؟
د.ره‌فیق سابیر: راسته به‌شێکی چه‌پی کورد هێشتا له دۆگما‌و قاڵبه ئاماده‌کراوه‌کانی مارکسی- لینینی ده‌رباز نهبونو په‌یوه‌ستن به‌و ئایدۆلۆژیایه‌وه، ئه‌مانه وابه‌سته‌ی حیزبی سه‌رتاسه‌ریی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانن، ئه‌و حیزبانه له بنه‌ڕه‌تدا به‌رهه‌می كلتور‌و ئایدیۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌ی سهردهستنو ده‌ربڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وانن. ئه‌و چه‌په پاشکۆ‌و وابه‌ستانه به ئه‌ندازه‌یه‌ک کۆیله‌ی فیکر‌و ئایدۆلۆژیای نه‌ته‌وه داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان بون که ناتوانن له ده‌ره‌وه‌ی سیستمی فیکریی ئه‌وان بیربکه‌نه‌وه، ئه‌وان ته‌نانه‌ت وه‌ک کۆمۆنیست‌یش هه‌ر ده‌بێت وابه‌سته‌و ژێرده‌ستی کۆمۆنیستانی وڵاتی میترۆپۆل بن‌و به چاوی ئه‌وان کۆمه‌ڵی کوردستان بخوێننه‌وه، پێیان شه‌رمه که کۆمۆنیستێکی سه‌ربه‌خۆی کوردستانی بن، چونکه وا فێرکراون که ئه‌مه جۆرێکه له ناسیۆنالیزم. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان ئازادن له‌م کاره‌یانداو ئه‌مه به‌شێکه له مافی خۆیان، به‌ڵام مرۆڤ ناچاره بپرسێت که له‌کاتێکدا مارکسیزم- لینینیزم وه‌ک ئایدیۆلۆژیا‌و سیستمی سیاسی، له ماڵ‌و قه‌ڵاکه‌ی خۆیدا (ئه‌وروپا) هه‌ره‌سی هێناوه، ئایا ده‌کرێت ئه‌م ئایدیۆلۆژیا‌و سیستمه که به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سهرمایهداریو پیشه‌سازییه، له کوردستانێکی بێ سه‌نعه‌ت‌و بێ پرۆلیتاریا‌دا زیندو بکرێته‌وه؟ له‌مه‌ش گرنگتر ئایا چه‌پبون هه‌وڵدانه بۆ به‌خته‌وه‌رکردنی مرۆڤ‌و جوانترکردنی ژیان‌و چه‌سپاندنی پره‌نسیپی عه‌دالتخوازانه، یان گۆڕینی ئایدۆلۆژیایه‌که (مارکسیزمی- لینینیزم) بۆ ئایین، به جۆرێک که ژیان‌و مرۆڤ‌و کۆمه‌ڵگه به جۆرێک له قاڵب بدرێن‌و دابتاشرێن که هێنده‌ی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌یان لێ بێت. ئه‌مجۆره چه‌په‌ی مارکسی- لینینی له کوردستاندا نه‌ک هه‌ر لاوازه‌و هیچ پێگه‌یه‌کی سیاسی، کۆمهڵایهتیو كلتوری نییه، به‌ڵکو خه‌ریکه وه‌ک داینه‌سۆر له‌ناوده‌چێت.
به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌م چه‌په وابهستهیهدا چه‌پی کوردستانی هه‌یه، که چه‌پێکی سه‌ربه‌خۆیه‌و وه‌ک چه‌پی هه‌ر وڵاتێکی دی له روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه (نه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکه‌رو بێگانه‌وه)، بۆ کۆمهڵو ژیان‌و جیهان ده‌ڕوانێت، ئه‌مجۆره چه‌په له‌پاڵ خه‌باتی کۆمهڵایهتیو عه‌داله‌تخوازانه‌ی خۆیدا، ده‌خوازێت به‌شدارییه‌کی راسته‌وخۆ له خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌که‌یدا بکات. به واتایه‌کی دی ئه‌وان له ژیانه‌وه، له به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمه‌ڵگه‌و ژانه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یانه‌وه بۆ تیۆری ده‌ڕوانن. چه‌پبون لای ئه‌وان به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی گرفته سه‌ره‌کییه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌یه که تێیدا ده‌ژین. ئه‌گه‌ر رزگاربونی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ستهمو کۆیله‌یی‌و پاراستنی زمان‌و كلتورێک له کوژران، گه‌وهه‌ری چهپو چه‌پبون نه‌بێت، ئه‌وا چه‌پبون له وههمو خورافه زیاتر نییه.
دواجار حه‌زده‌که‌م به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسیاره‌تاندا بڵێم که هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌ک (ئه‌م قسه‌یه پێموایه بۆ ئایینیش راسته)، پرهنسیپو به‌هاکانی هه‌رچییه‌ک بن، سه‌رئه‌نجام له پرۆسێسی پراکتیزه‌کردنیدا دو گۆڕانی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت، یه‌که‌میان له ئاستی کۆمه‌ڵگه‌دا ئایدیۆلۆژیاکه (ئایینه‌که) بۆ خۆبڵاوبونهوهو خۆگونجاندن ره‌نگی کۆمهڵو كلتورهکهی ده‌گرێت، دوه‌میان له ئاستی تاکه‌کاندا، ئایدۆلۆژیاکه (ئایینه‌که) هێنده‌ی سه‌ری ئه‌و که‌سانه‌ی لێدێت که په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن.
* بۆ بزوتنه‌وه ناسیۆنالیسته‌کان له جیهانی سێیه‌مدا له‌گه‌ڵ چه‌پ ئاوێته‌بون، یان بۆچی له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا که واز له چه‌پ ده‌هێنن به 180 نمره ده‌گۆڕدرێن‌و رو له رێکخراوه ناسیۆنالیسته‌کان ده‌که‌ن؟
د.ره‌فیق سابیر: ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم، ئه‌م دیارده‌یه سه‌ره‌تا له وڵاتانی خۆرئاوای ئه‌وروپا، ئه‌و وڵاتانه‌ی به سۆسیالیست ناسرابون، ده‌رکه‌وت، دواتر له‌نێو حیزبه کۆمۆنیسته‌کانی هه‌ندێک له وڵاتانی جیهانی سێیه‌میشدا بڵاوبوه‌وه. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بلۆکی خۆرههڵاتو ئاشکرابونی ئه‌و تاوان‌و مرۆڤکوژییه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه به‌رامبه‌ری گه‌له‌کانی خۆیان کردبویان، نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه، به‌ڵکو هه‌مو دنیای هه‌ژاند. پێشتر ئه‌وجۆره به‌ربه‌ریه‌ت‌و دڕندایه‌تییه وه‌ک کاری نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیاو فاشیزمی ئیتاڵیادا داده‌نران، به‌ڵام دواتر ده‌رکه‌وت که ئه‌وه‌ی نازیزم‌و فاشیزم له‌و دو وڵاته‌و هه‌ندێک شوێنی تردا کردبویان، کۆمۆنیسته حوکمڕانه‌کان به زیاده‌وه به‌رامبه‌ری خه‌ڵکی وڵاتانی خۆیان کردویانه، به‌مجۆره کۆمۆنیزم‌و فاشیزم له خۆرئاوا‌و گه‌لێک شوێنی دیکه‌دا، وه‌ک دو روی دراوێکیان لێهات، بۆیه زۆربه‌ی حیزبه کۆمۆنیسته‌کان گۆڕدران به سۆشیال دیموکرات، هه‌ندێکیشیان تێکه‌ڵی ره‌وشی ناسیۆنالیستیی وڵاته‌که‌یان بون. به بۆچونی من مارکسیزم یان ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم، له سه‌رده‌مێکی میژوییدا له هه‌ر وڵاتێک‌دا به‌شێک بو له ئایدیۆلۆژیای وڵاتپارێزی‌و خه‌باتی رزگاریخوازیی نیشتمانی، به واتایه‌کی دی ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه له سه‌ره‌تادا وه‌ک به‌شێک له زه‌روره‌ته‌کانی خه‌باتی نیشتمانی‌و رزگاریخوازی‌و گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رکه‌وت. له روسیادا کاردانه‌وه‌یه‌ک بو دژی سته‌می پاشایهتیو شه‌ڕ، له کۆمه‌ڵێک وڵاتی داگیرکراوی وه‌ک چین، ڤێتنام، لاوس، کوبا، کهمپۆچیا، ئهنگۆلاو... کۆمۆنیزم له ناوه‌رۆکدا له‌بری ناسیۆنالیزم، ئایدیۆلۆژیای بزاڤی رزگاریخوازیی نهتهوهییو نیشتمانی بو له‌دژی داگیرکه‌رو بۆ سه‌ربه‌خۆبون، له هه‌رکام له‌و وڵاتانه‌شدا فۆرم‌و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی وه‌رگرت، به‌ڵام کۆمۆنیزم دوای ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌رکه مێژوییه گرنگه، گۆإدرا به ده‌سه‌ڵاتێکی تۆتالیتێر‌و ئیستیبدادی‌و خۆی بو به رێگر له‌به‌رده‌م گۆڕان‌و گه‌شه‌کردنی سروشتیی ئه‌و وڵاتانه‌دا. کاتێک ئه‌م ئایدیۆلۆژیایهو مۆدێله‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کۆمۆنێستی به بنبه‌ست گه‌یشتن، سروشتییه که خه‌ڵکی زۆر له‌و وڵاتانه به‌دوای رێگه‌یه‌کی دیکه‌دا بگه‌ڕێن. ئینتیمابون بۆ ئایدیۆلۆژیا، ئینتیما نییه بۆ نه‌ته‌وه تا مرۆڤ نه‌توانێت لێی ده‌ربازبێت. مرۆڤ ئه‌گه‌ر بڕاوی به‌وه هه‌بێت که ئایدیۆلۆژیا ئامرازێکه بۆ به‌خته‌وه‌رکردنی مرۆڤ‌و پێشخستنی کۆمه‌ڵ، زۆر به ئاسانی له‌کاتی پێویستدا ده‌توانێت ده‌ستبه‌رداری بێت‌و به ئایدۆلۆژیایه‌کی دی بیگۆڕێت. چه‌پبون له زۆر وڵات‌دا به‌تایبه‌تی له جیهانی سێیه‌مدا، وه‌ک وتم به‌شێک بو له ئایدیۆلۆژیای وڵاتپارێزی پێداویستییه‌کانی خه‌باتی رزگاریخوازیی نیشتمانی، به واتایه‌کی دی ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه له‌و وڵاتانه‌دا به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپا، ته‌نها ئه‌وکاته توانی به فراوانیی جێگه‌ی خۆی له کۆمه‌ڵدا بکاته‌وه که ملکه‌چی شه‌رایتی سیاسی، کۆمهڵایهتیو كلتوریی ئه‌و وڵاتانه ببێت‌و بگۆإدرێت به به‌شێک له فه‌زای فیکری‌و سیاسیی ئه‌وان، که به گشتی فه‌زای رزگاریخوازی‌و دژ به کۆلۆنیالیزم‌و ده‌وڵه‌ته دیکتاتۆرییه‌کان بو، واتا خه‌باتی کۆمۆنیسته‌کان له‌و وڵاتانه‌دا له ناوه‌رۆکدا خه‌بات نه‌بو بۆ دامه‌زراندنی سۆسیالیزم، به‌ڵکو یان خه‌بات بو بۆ ئازادیی نهتهوهییو نیشتمانی، یاخود خه‌بات بو بۆ دیموکراتی. بۆ ئه‌مجۆره خه‌باته‌ش مه‌رج نییه مرۆڤ ته‌نها به ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستییه‌وه خۆی وابه‌سته بکات، به‌تایبه‌تی که ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه به مۆدێلی حوکمڕانیشییهوه شکستی هێنا. به کورتی پێموایه له گه‌لێک له‌و وڵاتانه‌دا، به کرده‌وه جیاوازییه‌کی گه‌وره له‌نێوان کار‌و ئامانجی چهپو ناسیۆنالیسته ئازادیخوازه‌کاندا نه‌بو، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م وه‌رچه‌رخانه له زۆر شوێندا ئه‌گه‌ر به رواڵه‌ت گه‌وره بێته به‌رچاو، به‌ڵام له ناوه‌رۆکدا ئه‌وه‌نده گه‌وره نییه.
* چه‌پی ئۆرسۆدۆکس له‌م سه‌رده‌مه‌دا چی پێیه بۆ وتن؟
د.ره‌فیق سابیر: به‌لای زۆره‌وه هیچ، چونکه چه‌پی ئۆرسۆدۆکس له‌نێو تونێلێکی داخراوی ئایدیۆلۆژیدا چه‌قیان به‌ستوه‌و به ته‌نها بۆخۆیان‌و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌دوێن، بۆیه جگه له خۆیان، باوه‌ڕناکه‌م که‌سانێکی ئه‌وتۆ هه‌بن که گوێیان له دهنگو زایه‌ڵه‌ی ئه‌وان بێت.
* ئاسۆی چه‌پ له بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورددا چۆن ده‌بینیت؟
د.ره‌فیق سابیر: ئاشکرایه چه‌پ له زۆرینه‌ی وڵاتانی دنیا که‌مایه‌تییه‌کی روناکبیری‌و سیاسییه، به‌ڵام زۆر گرنگه ئه‌و که‌مایه‌تییه لهإوی فیکری، سیاسی‌و كلتورییه‌وه کاریگه‌ری خۆی هه‌بێت. ئاسۆی چهپو داهاتوی چه‌پ له کوردستاندا تا راده‌یه‌کی زۆر به‌وه به‌نده که تا چه‌ند چه‌په‌کانی کوردستان ده‌توانن خوێندنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تیی خۆیان بۆ کۆمه‌ڵی کوردستان‌و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی بنده‌ستی کورد هه‌بێت، ئایا ئه‌وان له روانگه‌ی ئایدیۆلۆژیایه‌کی نه‌گۆڕه‌وه بۆ ژیان‌و پێداویستی‌و گرفتی کۆمه‌ڵی خۆیان دهڕواننو سه‌رئه‌نجام واقیع‌و کۆمه‌ڵ ده‌که‌نه قوربانی ئایدیۆلۆژیا، یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟ به بۆچونی من ئه‌زمونی چه‌پ له جیهاندا زۆر ئه‌زمونی به‌نرخی له‌مباره‌یه‌وه خستوه‌ته‌ڕو که ده‌توانرێت بۆ چه‌پی کورد به‌سود بێت، به‌ڵام ئایا مرۆڤ تا چه‌ند ده‌توانێت سود له ئه‌زمونی کهسانو لایه‌نی دی وه‌ربگرێت؟ ئایا مرۆڤ ئه‌گه‌ر خۆی پشتی له‌ژێر باری هه‌قیقه‌تێکدا چه‌مابێته‌وه، ده‌توانێت بایه‌خ به هه‌قیقه‌تی که‌سانی دی بدات؟