ئینته‌رڤیو: سیروان ره‌شید
دكتۆر بورهان یاسین، لێكۆڵه‌ری سیاسیی كورد پێی وایه سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد له‌و كێشه‌یه‌ی كه له‌گه‌ڵ توركیادا رووبه‌ڕووی بۆته‌وه ده‌بێت زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نی سیاسی و دیبلۆماسی و یاسا نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكاته‌وه، نه‌ك زمانی زه‌بر و زه‌نگ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، ناوبراو له‌و بڕوایه‌شدایه: زێده‌ڕۆییكردن وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ئاشكرا په‌نجه‌ی گوناهباركردن بۆ په‌كه‌كه درێژبكرێت به‌زیانی دیبلۆماسیی كوردی ته‌واوده‌بێت.
د.بورهان یاسین له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی سایتی سبه‌ی و رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌دا كه رۆژی 29ی تشرینی یه‌كه‌می2007 له گه‌ڵی ئه‌نجامدراوه، به سوپاسێكی زۆره‌وه وهلاَمی پرسیاره‌كانی داوه‌ته‌وه.
*پارله‌مانی توركیا به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ له‌دژی په‌كه‌كه بڕیاری لهشكركێشیدا بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، به‌بۆچوونی ئێوه توركیا په‌لاماری كوردستان ده‌دات، ئه‌گه‌ر په‌لامار بدات، جۆری په‌لاماردانه‌كه چۆنه؟ ئایا داخڵی ناو شاره‌كانی هه‌رێم ده‌بێت؟
- ئه‌م پرسیاره ناكرێت به ئه‌رێ یا نه‌رێ وه‌ڵام بدرێته‌وه، راسته بڕیاری پارله‌مانی توركیا گۆڕانكارییه‌كی چۆنایه‌تی بوو له مه‌سه‌له‌ی له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و بڕیاره به ته‌نیا ناتوانێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یه‌كلایی بكاته‌وه، به هه‌ر حاڵ، مه‌سه‌له‌ی له‌شكركێشی چیتر به‌ستراو نییه ته‌نها به خواستی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی و بڕیاری پارله‌مان، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كان ره‌هه‌ندی كوردستانی‌و ئیقلیمی و به‌تایبه‌تی عیراقی‌و نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌رگرتووه، ناكرێت توركیا ئه‌م هه‌موو ره‌هه‌نده گرنگانه له‌به‌رچاو نه‌گرێت، هه‌ڵبه‌ته له ره‌هه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ڵوێستی یه‌كێتی ئه‌وروپا و وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گرنگی تایبه‌تییان هه‌یه.
به‌باوه‌ڕی خۆم تائێستاش بوار و په‌راوێزی كرانه‌وه‌یه‌كی دیپلۆماسی بۆ ئه‌و قه‌یرانی له‌شكركێشیه ماوه، له‌ڕاستیدا ده‌بێت تێبینی ئه‌وه بده‌ین كه له‌ناو بڕیاری پارله‌مان دوو په‌راوێزی گرنگ دیاركراون:
یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ی كه بڕیاره‌كه ماوه‌ی ساڵێكی دیاریكردووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌شكری توركیا ببپهڕیتهوه دیوی باشووری كوردستان، تۆ بڵێت عیراق.
دووه‌م: په‌رواێزی دوا هه‌نگاو بۆ حكومه‌تی توركیا به‌جێهێشتراوه.
له‌شكركێشی توركیا بۆ سه‌ر باشووری كوردستان یا راستتر بڵێن "په‌ڕینه‌وه"، ئه‌گه‌ر رووبدات، ئه‌وا تاڕاده‌یه‌كی زۆر به هۆی ئه‌وه‌وه ده‌بێت كه دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی هه‌ست به‌وه ده‌كات كه ململانێ ناوه‌خۆییه‌كان، له نێوان لایه‌نگرانی كه‌مالیزم له لایه‌ك و لایه‌نگرانی چاكسازی و گۆڕانكاری به‌ره‌و پڕۆژه‌ی لیبرال - دیمۆكراسی (كه دیاره بوون به ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپادا ده‌ربڕی ئه‌و ره‌وته‌یه)، گه‌یشتۆته راده‌یه‌ك كه وایكردووه دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی هه‌ست نه‌ك هه‌ر به كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌یبه‌ت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی توركیا بكات، به‌ڵكو له‌وه‌ش ده‌ترسێت كه ئیتر ئه‌و دامه‌زراوه‌یه خه‌ریكه هه‌موو شت له‌ده‌ست ده‌دات.
له‌ڕاستیدا هه‌ندێ شاره‌زا بگره وشه‌ی "هیستریا" بۆ ئه‌و حاڵه‌ته به‌كارده‌هێنن، ئا له‌و حاڵه‌ته‌دا كه ره‌هه‌نده سیاسی و سایكۆلۆژییه‌كان له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا به‌توندی تێكه‌ڵاو بهیهكتربوون له ململانێكانی ناو توركیا به خۆی، له‌وه‌ش زیاتر دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی هه‌ست به پاشه‌كشه و لاوازبوون ده‌كات، ئا لێره‌دایه كه به بۆچوونی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ده‌بێت شتێك بكرێت (كه له‌و حه‌ڵه‌ته‌دا هه‌ڕه‌شه‌یه به رووی ره‌هه‌ندی كوردییه‌وه) بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر ئه‌و جێگایه بگرێته‌وه یا وه‌رگرێته‌وه كه هه‌ست ده‌كات له‌ده‌ستی داوه.
له‌لایه‌كی تره‌وه من باوه‌ڕم وانییه كه ئه‌گه‌ر هات و توركیا هاته ناوه‌وه‌ی باشووری كوردستان مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بێت كه شاره‌كانی كوردستان داگیربكات، ئه‌وه به مانای ئه‌وه نایه كه توركیا، به‌تایبه‌ت دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی، ناخوازێت مه‌رگی ئه‌زموونی باشووری كوردستان ببێت، به‌ڵكو پڕ بهدڵێش بۆ ئه‌وه كاریكردووه و كاریش ده‌كات، به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی ره‌هه‌نده‌كانی كێشه‌كه، كه ئه‌گه‌ر لایه‌نی توركی خۆی سنوور بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی خۆی دانه‌نێت، ئه‌وا به ئه‌گه‌ری زۆر به‌زیانی خۆی ته‌واوده‌بێت.
كه‌واته مه‌سه‌له‌كه هه‌ر ئه‌وه نییه كه هێزی له‌شكر و توانای سه‌ربازیی توركیا (له هه‌موو رووێكه‌وه) تێری ئه‌و له‌شكركێشیه ده‌كات یا نا، به‌ڵكو ئه‌وه ره‌هه‌نده سیاسی و دیپلۆماسیهكانن له‌ئاسته جۆراو جۆره‌كاندا، كه زۆربه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك یا شێوه‌یه‌كی تر له خزمه‌تی كورددان، كه تواناكانی جوڵانه‌وه‌ی توركیا، به تایبه‌تی له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه سنووردار ده‌كه‌ن، هه‌ر لێره‌وه‌یه كه سه‌ركردایه‌تی سیاسی له باشووری كوردستان ده‌بێت زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نه سیاسی و دیپلۆماسی و یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی بكاته‌وه نه‌ك زمانی زه‌بر و زه‌نگ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، به‌ڵام زێده‌ڕۆییكردن وه‌كو ئه‌وه‌ی به‌ئاشكرا په‌نجه‌ی گوناهباركردن بۆ په‌كه‌كه درێژ بكات، ده‌كرێت به‌زیانی دیپلۆماسی كوردی ته‌واو ببێت.
به‌ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه وه‌ك خاڵی لێوه‌ده‌رچوون، من باوه‌ڕم وایه دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی له‌دوای ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌كردنه جار دوای جار هه‌ر له‌كاتی كه‌وتنی رژێمی سه‌ددامه‌وه به‌جێنه‌گه‌یاندنی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه، وایكردووه كه ئیتر دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی ده‌بێت شتێك هه‌ر بكات، جا ئه‌و شته چه‌ند سنوورداریش بێت، ئا لێره‌وه‌یه ئه‌گه‌ری هێرشێكی سنووردار یا چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێكی سنووردار له‌ئارادایه. له‌لایه‌كی تره‌وه خۆڕاگری لایه‌نی كوردی، به‌ڵام به‌مه‌رجێك ئه‌و لایه‌نه خۆی دووربگرێت له‌زمانی زه‌بر و زه‌نگ و هه‌ڕه‌شه، ده‌توانێت قه‌یرانی ئه‌مڕۆی نێوان توركیا و باشووری كوردستان به‌سوودی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ كورد (به گشتی) ته‌واو ببێت.
گوتاری كوردی ده‌توانێت زیاتر سوودبه‌خش بێت، ئه‌گه‌ر وێنه‌ی قوربانی به كورد بدات، له‌ڕاستیدا ئیسرائیل ئه‌و كاتانه زیاتر له فهلستینیهكان ترساوه كاتێ ئه‌و میلله‌ته توانیویه‌تی وێنه‌ی خۆی وه‌كو قوربانی به‌جیهان بناسێنێت.
*ئایا یاسای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و مافه به توركیا ده‌دات له‌شكركێشی بكاته سه‌رخاكی وڵاتێكی تر، ئه‌گه‌ر توركیا ئه‌و مافه بهخۆیبدات ده‌وڵه‌ته دراوسێكانی تریش ئه‌و مافه به‌خۆیان ناده‌ن؟
- ده‌قی یاسایی به‌گشتی و یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌كو هه‌ر ده‌قێكی تر ته‌فسیر و تێگه‌یشتنی جۆراو جۆر هه‌ڵده‌گرێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو زۆر جار ده‌قی یاسایی دژایه‌تیه‌كی زۆریش له‌خۆ ده‌گرێ. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه زۆرجار هه‌مان په‌ره‌گرافی یاسایی به‌مه‌به‌ستی دژایه‌تیكردنی یه‌كتر له‌لایه‌ن دوو لایه‌نی دژ به‌یه‌كتر، جا چ كه‌س یا ده‌وڵه‌ت، به‌كاردێت، یه‌كێ له‌و مه‌سه‌لانه‌ش له‌یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی پره‌نسیپی به‌رگری له‌خۆ كردنه.
له‌حاڵه‌تی ململانیی كوردی - توركیدا ئه‌وه به‌س نییه كه توركیا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات كه هێرشه‌كه‌ی ئه‌و بۆ سه‌ر باشووری كوردستان ته‌نها به مه‌به‌ستی به‌رگری له‌خۆكردن دێت، ئه‌وه گرنگه ئایا ئه‌و بۆچوون و ته‌فسیر و لۆژیكه‌ی توركیا چه‌نده كۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی، پێشتر وڵاتانی دۆست به توركیا و له‌پێش هه‌موویانه‌وه ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وانی تر رازیده‌كات، هێماكان هه‌مووی ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێو نه‌ته‌وه‌یی خه‌ریكه زیاتر لۆژیكی كورد له چاره‌سه‌ری ئاشتییانه قهبوولدهكات تا لۆژیكی ده‌وڵه‌تی توركیا، كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی یاسا بتوانێت پشتگیرییه‌كی گرنگ بێت بۆ بانگاشهكانی لایه‌نێك له‌م یارییه سیاسیه جیهانییه‌دا، ده‌بێت ئه‌و كۆمه‌ڵگای جیهانییه بێته سه‌ر باوه‌ڕی ئه‌و لایه‌نه كه بانگه‌شه‌ی ئه‌و یاسایه ده‌كات.
لایه‌نی دووه‌م ئه‌وه‌یه كه به‌درێژایی مێژووی مۆدێرن وڵاتان ده‌ستدرێژییان كردۆته سه‌ر وڵاتانی تر، هه‌رچه‌نده كه ئاشكرا‌و روون بووه، كه ئه‌م وڵاتانه ده‌ستدرێژییان كردووه، له‌به‌ر ئیعتبارێك یا یه‌كێكی تر، نه‌ك هه‌ر چاوپۆشی له‌و ده‌ستدرێژیه كراوه، به‌ڵكو بگره لایه‌نی ده‌ستدرێژكار پشتگیریشی به‌ده‌ستهێناوه بۆ ده‌ستدرێژییه‌كه‌ی.
لێره‌وه‌یه به‌مانایه‌كی تر، یاسا به‌جۆرێك كه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی وڵاتێك بگونجێت، ده‌توانێت هه‌ر شتێك بكات، به‌ڵكو له‌و یاسایه گرنگتر قه‌بووڵكردن یا ره‌تكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیته بۆ ئه‌و خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنه.
شتێكیش هه‌یه له یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ناوی ئه‌مری واقیع: دهوڵاتێك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هێزه و ده‌شزانێت هێزی نه‌یارانی ناتوانێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته بترسێنێت، ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌ك هه‌ر كاتێ ویستی ئه‌وا یاسا به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی ده‌یخوازێت ته‌فسیری ده‌كات و خۆی ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵكو له‌ڕاستیدا هه‌ندێ جاریش به‌بێ گوێدانه ئه‌و یاسایه/یاسایانه هه‌رچی ده‌خوازێت ده‌یكات، باشترین نموونه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته هه‌ڵسوكه‌وتی ئیسرائیله، به‌پێی هه‌ندێ بۆچوون هی ئه‌مه‌ریكاشه لێره‌و له‌وێی جیهان به‌تایبه‌تی له زه‌مانی ئه‌مه‌ریكای دوای 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001وه له رۆشنایی دۆكترینی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جۆرج بوشی كووڕ (Pre-emptive Actions)ناسراو به مه‌بده‌ئی،
له‌ڕاستیدا ئه‌م مه‌بده‌ئه له یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا جێگای نه‌بۆته‌وه و پشتگیریشی نییه، به‌ڵكه له‌باشترین حاڵه‌تدا ده‌ربڕی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایه، دوای 11ی سێپتێمبه‌ر ئه‌مری واقیعه نه‌ك یاسا.
له‌ڕاستیدا ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ی دوایی ته‌نها بۆ به‌رچاوڕوونی نییه، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ش نییه كه تیشكێكی زیاتر بخه‌ینه سه‌ر پرسیاره‌كه‌تان، به‌ڵكو رێك یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له خوێندنه‌وه و هه‌ڵوێستی توركیا له‌و په‌یوه‌سته‌دا، ئه‌وه‌ی راستیبێت له ساڵانی دواییدا توركیا جار دوای جار ناڕه‌زایی خۆی بۆ ئه‌مه‌ریكیه‌كان ده‌ربڕیووه، به‌تایبه‌تی له‌ماوه‌ی دوای رووداوه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001، هه‌ر به‌ئاماژه بۆ ئه‌و راستیه‌ی سه‌ره‌وه: به‌پێی لۆژیك و تێگه‌یشتنی توركیا - ئه‌مه‌ریكا ئه‌وپه‌ڕی سیاسه‌تێكی دووڕوویی ده‌نوێنێت، كاتێك رێگا به ئیسرائیل ده‌دات هه‌ر كاتێك و له‌هه‌ر شوێنێكه‌وه هێرشبكات، به‌ڵام هه‌مان ماف به توركیا ره‌وا نابینێت، به‌م مانایه‌ش ئه‌م دووڕووییه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆته یه‌كێ له خاڵه هه‌ره گرنگه‌كانی هه‌ڵوێسته و بگره ته‌وژمی ئه‌نتی ئهمهریكانیزم له توركیا.
*ئێستا به‌پێی یاسا ئه‌مه‌ریكا سیاده‌ی عێراقی له‌ئه‌ستۆیه و خۆی به داگیركه‌ر ناساندووه، له‌و لاشه‌وه ئه‌مه‌ریكا هاوپه‌یمانێكی له‌مێژینه‌ی توركیایه، ئایا ئه‌مه‌ریكا له پێناوی كورددا قوربانیی به‌دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌دات، یاخود واز له كورد ده‌هێنێت بۆ توركیا، یان پشت له هیچ لایه‌كیان ناكات؟
سه‌ره‌تا، جارێكی تر یاسا شتێكه و ئه‌مری واقیع شتێكی تره، له‌دوای كه‌وتنی رژێمی دكتاتۆر په‌نجه‌ی گوناهباركردن جار دوای جار درێژكراوه بۆ پشتگیریكردنی سوریا و ئێران له هێز و لایه‌ن و گروپه چه‌كداره‌كانی ناو عیراق له‌لایه‌ن ئه‌و دوو وڵاته‌وه، ئه‌مه به‌ر له‌هه‌ر شتێك ده‌ستدرێژیكردنی ئه‌و دوو وڵاته‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی عیراق. ئه‌وه‌ی راستیبێت ئه‌مه‌ریكا نه‌یتوانیووه به‌پێی ئه‌م گوناهباركردنه به‌رپه‌رچی سه‌ربازیی پڕ به پێست به‌و دوو وڵاته بداته‌وه، ئه‌گه‌رچی ده‌شیتوانی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سوود له بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان وه‌ربگرێت كه ئه‌م وڵاته وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ری عیراق له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو له‌ماوه‌ی دواییدا، وه‌كو پاشه‌كشه‌یه‌كی جددی، هه‌ندێ هێز و لایه‌ن به‌تایبه‌تی كۆمیسیۆنهكهی بیكه‌ر هاملتن بانگه‌شه‌ی دیالۆگیان كردووه له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ك و سوریا و ئێران له‌لایه‌كی تره‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆ حاڵه‌تی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌دوو وڵاتی ناحه‌ز راستبێت، واته له‌به‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی واقیعی، ئه‌مه‌ریكا نه‌توانێت رووبه‌ڕووی ئه‌و دوو وڵاته ببێته‌وه، چۆن رووبه‌ڕووی توركیای دۆست ده‌بێته‌وه، جا له‌به‌ر "خاتری" كورد بێت یا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌كی تر.
من هه‌ر نه‌بێت له‌كاتی ئێستادا، زۆر به‌دووری ده‌بینم كه ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ربازیی له‌گه‌ڵ توركیادا بكات، به‌ڵام مانای وانیه ئه‌گه‌ر به‌بێ گوێدانه (یا دژی) هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا، توركیا كارێك بكات نابێته هۆی ته‌نگه‌ژه‌و گرژبوونی په‌یوه‌ندیه ستراتیژیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و توركیا، له‌و حاڵه‌ته‌دا پێشبێنی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌م كه بێ گوێدانه هه‌ڵویشتی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا و ئه‌مه‌ریكا به‌ره‌و گرژیه‌ك بچن كه ببێته هۆی گۆڕانكاریه‌كی چۆنایه‌تی ستراتیژی له‌و په‌یوه‌ندیانه‌دا.
له‌ڕاستیدا توركیا له قه‌یرانی به‌ره هه‌ڵبژاردن (دووڕیان)دایه له ململانێ ئیقلیمی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، هه‌نگاوێكی چه‌وت له‌م كات و ساته‌دا له‌وانه‌یه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی كه توركیا به زه‌روره‌ت بكه‌وێته به‌ره‌یه‌كه‌وه كه به قازانجی ئه‌و وڵاته ته‌واو نه‌بێت.
ده‌رباره‌ی به‌شه پرسیاره‌كه‌تان، ئایا ئه‌مه‌ریكا چ لایه‌نێك هه‌ڵده‌بژێرێت كورد یا توركیا؟ ئه‌مه‌ریكا تا بۆی بكرێت خۆی له‌دوو هه‌ڵوێستی "توندڕه‌و و نا عاقلانه" ده‌پارێزێت كه ئه‌وانیش: یه‌كه‌م به‌زه‌روره‌ت هه‌ڵبژاردنی لایه‌نێكیان له‌م دوانه، دووه‌م، ئه‌وی تریشیان ده‌ست هه‌ڵگرتن له هه‌ردووكیانه، به لۆژیكێكی "ئاسان" كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و دوو لایه‌نه به یه‌كه‌وه ناسازێن و ئه‌مه‌ریكا توانای ئه‌وه‌ی نییه كه له هه‌مان ئان و كاتدا دۆستایه‌تی هه‌ردوولا بكات.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه، ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵده‌دات تا ده‌توانێت دۆستایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیان بپارێزێت به پێی ئه‌وه‌ی من پێمگوتووه لۆژیكی "ته‌كامولی ستراتیژی" باشووری كوردستان، كورد به‌گشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌توانێت رۆلێك به‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ببینێت، كه له‌وانه‌یه توركیا نه‌خوازێت یا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت نه‌توانێت بیبینێت، به‌م مانایه‌ش باشووری كوردستان ده‌توانێت ته‌واوكه‌ری رۆلی ته‌قلیدی توركیا ببێت له ناوچه‌كه‌دا، به‌پێی بۆچوونی تازه‌ی ئه‌مه‌ریكیه‌كان دۆستایه‌تی توركیا ده‌توانێت زۆر موفاجه‌ئه له‌خۆ بگرێت، هه‌ر وه‌ك بۆ نموونه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه توركیا له 1ی مارسی 2003 نواندی به رێگانه‌دان به‌هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه له‌و وڵاته‌وه بچن بۆ ناو "عیراق".
به مانایه‌كی تر له‌به‌ر نه‌بوونی متمانه‌ی ته‌واو به توركه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌كاتی پێویستدا، بوونی كورد وه‌كو دۆست گرنگه بۆ ئه‌مه‌ریكا، هه‌روه‌ها به‌پێی ته‌قلیدێكی ستراتیژی و دیپلۆماسی ئه‌مه‌ریكی، به‌تایبه‌تی په‌ره‌پێدراو له‌لایه‌ن هینری كیسینگهرهوه، دوو لایه‌ن ده‌توانن دۆستی ئهمهریكابن و ئه‌مه‌ریكا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی له‌مه‌ڕ ئه‌و دوو لایه‌نه بپارێزێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوو لایه‌نه (له‌م حاڵه‌ته‌دا كورد و ده‌وڵه‌تی توركیا) به زه‌روره‌ت دۆستی یه‌كتر نه‌بن، به‌ڵكو بگره دژایه‌تی یه‌كتریش بكه‌ن، له گۆشه بینینێكی سیاسییانه‌وه، من باوه‌ڕم وایه نه كورد ده‌بێت چاوی له ئه‌وه بێت كه ئه‌مه‌ریكا له‌به‌ر "خاتری" ئه‌و ده‌ست له توركیا هه‌ڵگرێت؛ هه‌رگیز ته‌نها له‌بری كورد و گرنگی فاكته‌ری كوردی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و كاره ناكات، نه توركیا چاوی له‌وه‌بێت له‌به‌ر دۆستایه‌تیه كۆنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا، ئه‌مه‌ریكا ده‌ست له كورد هه‌ڵگرێت.
له‌م باره‌یه‌وه جگه له‌وه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به ڕاده‌ی یه‌كه‌م مهحهكن، توركیا و كوردیش ده‌توانن رۆلی بههارمۆنیكردنی په‌یوه‌ندیه‌كان ببینن، سازانی ئه‌و سێ ئه‌كته‌ره (ئه‌مه‌ریكا، كورد، توركیا) به‌یه‌كه‌وه ده‌توانێت زۆر ده‌رگا بۆ هه‌رسێكیان بكاته‌وه، یه‌كێ له سیناریۆكان ده‌توانێت هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق بێت به‌ئاقاری زیندوكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی موسڵ، دواجار شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی كۆنفیدرالی له‌نێوان باشووری كوردستان و توركیا، كه له چوارچێوه‌یدا كێشه‌ی كورد له باكووری كوردستانیش به‌چاره‌سه‌ر بگات، به‌ڵام سیناریۆیه‌كی ئه‌وها بۆ ئه‌وه‌ی ببێته راستیه‌كی سیاسی، كاری زۆری ده‌وێت و به‌ر له‌هه‌ر شتێك وه‌رچه‌رخان له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی كورد خۆیدا ده‌خوازێت.
*له ئێستادا كه ئه‌گه‌ر زۆره توركیا لهشكركێش بۆ ناو خاكی هه‌رێم بكات، حكومه‌تی هه‌رێم چیبكات باشه، ئایا له ئه‌گه‌ری دابه‌زینی سوپای توركیا بۆ ناو شاره‌كانی هه‌رێم هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رگری بكات، یان نا؟
-من باوه‌ڕم وانییه توركیا هێرشی سه‌ربازیی بكاته سه‌ر شاره‌كانی كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه نییه كه دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی توركیا ئه‌وه ناخوازێت، به‌ڵكو زیاتر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ی بۆناچێته سه‌ر، ئه‌ویش به‌هۆی ره‌هه‌نده، یا راستتر بڵێین ده‌رهاوێشته دیپلۆماسی و سیاسیه‌كانی كارێكی ئهوهاوهیه.
ئایا حكومه‌تی هه‌رێم چی بكات باشه؟ ئه‌م پرسیاره وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئاسان نییه، یا راستتر بڵێم له‌به‌رده‌م ئه‌م پرسیاره مرۆڤ ده‌بێته دوو "كه‌سایه‌تی" یه‌كێكیان حه‌ز ده‌كات رای خۆی به‌ڕاشكاوی بڵێت و خۆشبه‌خت ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و راو بۆچوونه بتونێت به‌شداریه‌كی بیناكار بێت له گفتوگۆكاندا، له‌لایه‌كی تره‌وه كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی تر ده‌ڵێت حكومه‌ت گه‌ر گوێ نه‌گرێت ئه‌ی رای ئێمه و مانانی بۆچییه؟ به هه‌ر حاڵ چه‌ند خاڵێك گرنگن:
یه‌كه‌م: چالاكردنی دیبلۆماسی كوردی له ده‌ره‌وی وڵات و له‌ڕێگای ئه‌و دیپلۆماسیه‌وه كورد، تا بۆی ده‌كرێت وێنه‌ی قوربانی و ئاشتیخواز له‌خۆی پیشانبدات، به داخه‌وه چوار ساڵ زیاتره دیبلۆماسی كوردی، به‌تایبه‌ت هی باشووری كوردستان، تهجمیدكراوه، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ هێماو بڕیاریی سه‌ركردایه‌تی سیاسیش (به‌تایبه‌ت دوای ده‌رچوونی راپۆرتی بیكه‌ر هاملتن) هه‌ن به ئاڕاسته‌ی چالاككردنه‌وه‌ی ئه‌م دیپلۆماسیه.
به‌ش به‌حاڵی خۆم به‌شێوه‌ی راستهوخۆو ناڕه‌سته‌وخۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌م به حكومه‌تی ههرێمو رای گشتی گه‌یاندووه.
دووه‌م: له‌ڕاستیدا له‌جیهانی گلۆبالیزمدا و له جیهانێكدا كه توركیا خه‌ونی هه‌ره ستراتیژی ئه‌وه‌یه به‌شێكبێت له جیهانی پێشكه‌وتوو، به‌تایبه‌ت ببێ به‌ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ئه‌وا ره‌هه‌نده هه‌ره هه‌ستیاره‌كانی سیاسه‌تی توركیا له‌ڕاستیدا له برۆكسل و ستۆكهۆڵم و له‌نده‌ن و پاریسن، نه‌ك هه‌ر له قه‌ندیل، هه‌تا بگره كه‌متریش له قه‌ندیلن.
له‌به‌ر ئه‌وه له قه‌یرانێكی ئه‌وهادا كورد له‌ڕێگای دیپلۆماسیه‌كی چالاك ده‌توانێت له‌و پایته‌خته‌كانی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپادا، توركیا زێتر ئیحراج بكات، تا به شه‌ڕێكی ناهاوسه‌نگی ته‌قلیدی.
سێهه‌م: ئه‌گه‌ر عیراق ده‌خوازێت كورد به‌شێك بێت لێی، ئه‌وا ئه‌ویش ده‌بێت چۆن به‌رگری له هه‌ر جێگایه‌كی عیراق ده‌كات به‌رگری له كوردستانیش بكات، راستیه‌كه‌ی لایه‌نی كوردی نه‌یتوانیووه به باشی سوود له‌م خاڵه وه‌ربگرێت، جگه له سه‌فه‌ری هه‌ره دوایی شاندی عیراقی بۆ ئه‌نقه‌ره، كه هه‌رچه‌نده توركه‌كان مامه‌له‌ی ناشایسته‌یان به‌رامبه‌ر به‌شی كوردی له‌و شانده‌دا كرد، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ده‌رهاوێشته‌ی ته‌واوی هه‌وڵه‌كه به‌وه ته‌واو بوو كه عیراق له هه‌ڵوێستی كورد زیاتر نزیكبوویه‌وه، ئه‌ویش زیاتر به هۆكاری ره‌قی و توندڕه‌ویی هه‌ڵوێستی توركی، نه‌ك به زه‌روره‌ت تێگه‌یشتنێكی پۆسهتیڤانهی عیراقی - عه‌ره‌بی له هه‌ڵوێستی كورد.
چواره‌م: لایه‌نی كوردی ده‌بێت زیاتر و چالاكانه‌تر له هه‌وڵی ئه‌وه دابێت كه ئه‌مه‌ریكا رازیبكات، یا راستتر بڵێین ئه‌و باوه‌ڕه‌ی لابههێزتر بكات كه به‌ڵێ هه‌ر كارێكی سه‌ربازیی توركیا ده‌كرێت ببێته هۆی له‌ده‌ستدانی كورد و پاشه‌كشه‌یه‌كی جددی بۆ هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له چه‌سپاندنی هێمنی و ئاسایش له عیراق و سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی سیاسی له‌و وڵاته‌دا.
پێنجه‌م: قورساییه‌كی زیاتر بخرێته به‌ره‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا.
شه‌شه‌م: ده‌بێت لایه‌نی كوردی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌ك ده‌رفه‌تێكی سیاسی - دیپلۆماسی كه‌م وێنه بۆ كورد ببینێت، له‌ڕاستیدا توركیا له‌ڕێگای هه‌ڕه‌شه‌وه كێشه‌ی كوردی جارێكی تر هێنایه‌وه ناوه‌ندی قسه‌وباس، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و قه‌یرانه ده‌بێته هۆی ده‌رهاوێشته‌یه‌كی پۆسه‌تیڤانه بۆ كورد، ئه‌گه‌ر له‌م ئاسته‌شدا له‌شكری توركیا پاشهكشهبكات، ئه‌وا دیسان بۆ كورد به راده‌یه‌ك یا راده‌یه‌كی تر "سه‌ركه‌وتن" ده‌بێت، به‌ڵام گرنگه لایه‌نی كوردی له گۆشه‌ی ته‌سك و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و له ئاستێكی هه‌ستیاریه‌وه له‌م ده‌رهاوێشته‌یه نزیك نه‌بێته‌وه، به‌ڵكو بیكات به‌بنه‌مایه‌ك بۆ بزواندنی شته‌كان به‌ره‌و پێشه‌وه...
حه‌وته‌م: لایه‌نێكی هه‌ره گرینگ له‌م كێشه‌یه‌دا دوو دانه هاوئاهه‌نگی كوردی - كوردین: یه‌كێكیان له نێوان په‌كه‌كه و ده‌سه‌ڵاتی باشووری كوردستان، گرنگه ئه‌و هاوئاهه‌نگیه به‌نهێنی نه‌بێت (جگه له‌وه‌ی له ناو كولتوری سیاسی كوردا نهێنی پاراستن ئاسته‌مه، من گومانم هه‌یه نهێنیه‌كانی په‌كه‌كه پارێزراو بن)، هاوئاهه‌نگی دووهه‌میان له ئاستی هێزه سیاسه‌كانی باشووری كوردستانه، له پێش هه‌موویانه‌وه پارتی و یه‌كێتی، له‌م باره‌یه‌وه گرنگه ئه‌وه بڵێین كه قه‌یرانی ئه‌مڕۆ هه‌موو ئاستێكی وه‌رگرتووه و به‌ر له هه‌ر شتێكیش گرنگ ئه‌وه‌یا كه لایه‌نی كوردی به‌عه‌قلیه‌تی ده‌وڵه‌ت و دهوڵهتكردن له‌م قه‌یرانه نزیكبێته‌وه، نه‌ك به‌عه‌قلیه‌تی خێڵ و ته‌سكبینی ته‌قلیدی...
هه‌شته‌م: زووربه‌مان تێده‌گه‌ین كه سه‌ركه‌وتنی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان و حزبه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مساڵدا، به‌گشتی پێشوهچوونێكی پۆسه‌تیڤانه بوو بۆ كورد، خۆشم باوه‌ڕم وایه ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان ده‌رفه‌تی هه‌بێت ئه‌وا كرانه‌وه‌ی زیاتر له كێشه‌ی كورددا له توركیا به ئه‌نجام ده‌گه‌یێنێت، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه، سه‌رانی كورد له باشووری كوردستان هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كه‌ن كه جار دوای جار لهڕێگهای ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه به شێوه‌یه‌كی پۆسه‌تیڤانه باس له ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن، كه گوایه بۆ نموونه لایه‌نی كوردی ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هاوكاری بكات، به‌باوه‌ڕی خۆم ئه‌و شێوه راگه‌یاندنانه ده‌كرێت ده‌رهاوێشته‌ی زۆر نێگه‌تیڤانه‌یان بۆ كورد لێبكه‌وێته‌وه، بۆ نموونه،
ئه‌و هێمایانه له وانه‌یه دواجار وا بكه‌ن كه ئه‌ردۆغان له چاوی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی و ناسیۆنالیسته توركه‌كان وه‌ك خیانه‌تكارێك ده‌ربكه‌وێت (چونكه دووژمنانی توركیا جار دوای جار به باشه باسی ده‌كه‌ن)، ئه‌م ده‌رهاوێشته‌یه له‌وانه‌یه وا بكات كه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان نه‌كه‌وێته به‌ره‌ی خیانه‌تكاری به توركیا و نه‌كه‌وێته گۆشه‌یه‌كی ته‌سكی سیاسیه‌وه، بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه ئه‌ردۆگان وه‌ك هه‌ر ناسیۆنالیستێكی تورك به‌رگری له وڵاته‌كه‌ی ده‌كات به‌ته‌واوه‌تی بخزێته ناو به‌ره‌ی ناسیۆنالیست و شه‌رخواز، به‌باوه‌ڕی من ئه‌و ترسه ده‌بێت به‌جددی وه‌ربگیرێت، سه‌رانی كورد له باشووری كوردستان هه‌ندێ جار له‌نێوان ئه‌وه‌ی كه تێگه‌یشتن و ته‌حلیلی سیایسیه له‌لایه‌ك و ئه‌وه‌ی كه دیبلۆماسیه له‌لایه‌كی تر له یه‌ك جیاناكه‌نه‌وه، ئه‌م كاره له هه‌ندێ مه‌قته‌ع و مه‌سه‌له‌دا ده‌توانێت پشتشكێن بێت، باشترین شێوه‌ی موخاته‌به له گه‌ڵ توركیا ئه‌وه‌یه كه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیا بیكه‌یت، به مانایه‌كی تر تۆپ له یاریگای دیبلۆماسیدا بخه‌یته یاریگای ئه‌وانه‌وه، ئه‌وجا ئه‌وان دواتر چۆن یارییه‌كه ده‌كه‌ن ئه‌وه شتێكی تره!
نۆیه‌م: لێره‌و له‌وێ باس له‌وه ده‌كرێت كه كێشه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ باشووری كوردستاندا چڕبۆته‌وه بۆ كێشه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم، مه‌سعود بارزانی، لێره‌وه زۆر گرنگه كه كورد له‌لای خۆیه‌وه ئه‌و هێمایه نه‌دا كه مه‌سه‌له‌كه به‌و شێوه‌یه‌یه، له‌ڕاستیدا تا بكرێت ره‌هه‌ندێكی كوردستانی هه‌ره فراوان بدرێت به‌كێشه‌كه و راستیه‌كه‌شی هه‌ر وایه: توركیا نه‌ك هه‌ر دژی (په‌كه‌كه)یه، به‌ڵكو به‌پله‌ی یه‌كه‌م دژی ئه‌زموونی باشووری كوردستانه و به‌گشتیش دژی ئه‌وه‌یه كه خه‌ونی كورد له هه‌ر به‌شێكی كوردستان بێته دی: توركه‌كان خۆیان وتوویانه كه ئه‌وان دژی هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی كوردی راده‌وه‌ستن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته له به‌رازیلیش دابمه‌زرێت، كه‌وابوو زۆر گرنگه لایه‌نی كوردیش خۆی له چوارچێوه‌ی ره‌هه‌نده هه‌ره كوردستانییه فراوانهكهوه به‌رامبه‌ر به توركیا بجوڵێته‌وه، به‌یه‌كه‌وه گرێدانی باشوور و باكوور له‌و ئاراسته‌یه‌دا نه‌ك هه‌ر زیانبه‌خش نییه، به‌ڵكو ئه‌و به‌یه‌كه‌وه گرێدانه ده‌توانێت زۆریش خزمه‌ت به‌دۆزی كورد‌و به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ستراتیژیه‌تی به كوردستانیكردن و به نێونه‌ته‌وه‌یی‌كردنی ئه‌و دۆزه، ماوه ئه‌وه‌ش بڵێم كه تا ده‌كرێت كورد پێ له‌سه‌ر خیتابی ئاشتی و دیالۆگ و به‌یه‌كه‌وه ژیان جه‌خت بكاته‌وه، چونكه ته‌نها ئه‌و شێوه گوتاره‌یه كه به‌هانه‌كان له‌ده‌ست دامه‌زراوه‌ی له‌شكر و به‌ره‌ی شه‌ڕخوازی له توركیا ده‌رده‌هێنێت، هه‌ر ئه‌و شێوه گوتاره‌ش ده‌توانێت گهماڕۆری سیاسی و دیپلۆماسی ئیقلمی و نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر توركیا زێده بكات.
*ئه‌وه‌ی كه حكومه‌ت و پارله‌مانی توركیای زۆر توڕه كرد كه بڕیاری له‌شكركێشی بدات، كوشتنی 21 سه‌ربازی تورك بوو له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا له شاری شرنا‌خ، به‌رای ئێوه شێوازی خه‌باتی چه‌كداریی ئێستای په‌كه‌كه تاچه‌ند له خزمه‌تی كێشه‌ی كورددایه، له‌م رۆژانه‌دا نێچیره‌ڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وتی: "په‌كه‌كه 20 ساڵه شه‌ری چه‌كداریی ده‌كات چی ئه‌نجامێكی هه‌بووه"؟
- كوژرانی ژماره‌یه‌كی زۆر له سه‌ربازانی توركیا، ته‌نها به‌شێكه له هاوكێشه‌كه، له‌وانه‌شه له بۆچوونێكی تره‌وه رووداوی هه‌ره گرنگیش نه‌بێت، به‌بڕوای من رووداوی هه‌ره چاره‌نووسساز سه‌ركه‌وتنی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان به سه‌رۆكایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان بوو، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌چه‌ند ساڵی دواییدا شێوه نیگهرانیهك له توركیا په‌ره‌ی سه‌ندووه، ده‌رباره‌ی دواڕۆژی ئه‌و وڵاته، له‌ڕاستیدا ئه‌و نیگه‌رانییه، كه راسته‌وخۆ خۆی ده‌ریبڕیوه له هه‌ندێ بۆچوونی جیاجیای دژ به یه‌كتر له توركیا، زۆر له نیگه‌رانییه‌كه‌ی توركه عوسمانیه‌كانی كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌چێت، ئا له‌و حاڵه‌تانه‌دایه وڵاتانێك هه‌نگاوی ناعه‌قڵانی ده‌هاوێژن له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و نیگه‌رانییه نهفسیهی كه به‌شێكی گرنگ له نوخبه‌ی ده‌وڵه‌ت له مه‌ڕ چاره‌نووسی وڵاته‌كه‌یان تێیده‌كه‌ون. له‌ڕاستیدا بڕیاری توركه گه‌نجه‌كان، كه ده‌وڵه‌تی عوسمانیان پاڵدایه ناو جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، بڕیاری بێچاره‌یی بوو به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران هه‌ره قوڵی عوسمانییه‌كان بوو كه ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی مان یا نه‌مانیان بوو.
ئه‌گه‌ر وه‌ك كه‌سێكی له ده‌ره‌وه‌ڕا ته‌ماشای ههڕهشهكردنهكهی ئه‌و دواییانه‌ی توركیا بكه‌یت، ئه‌وا به‌هه‌موو پێوه‌رێك (سه‌ربازیی، سیاسی، دیپلۆماسی) بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م له‌شكركێشیه كێشه‌كانی توركیا چاره‌سه‌ر ناكات، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو دوور نییه به‌شێوه‌یه‌كی جددی كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته بچنه ئاستێكی ترسناكه‌وه كه دواجار ده‌توانێت كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ته‌واوی چاره‌نووسی ئه‌و وڵاته.
به بۆچوونی خۆم ئه‌و كاره سه‌ربازییانه‌ی ئێستا په‌كه‌كه بهجێیدهگهیێنێت ده‌توانێت زیان به‌كورد بگه‌یێنێت، به‌ڵام ئایا په‌كه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌كات، گه‌رچی لایه‌نی كوردی و زۆر له دۆستانی بیانی، ئه‌وه به راشكاوی به‌په‌كه‌كه راده‌گه‌یه‌نن؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره ئاسان نییه هه‌تا بگره بۆ كه‌سێكیش كه زۆر شاره‌زایی هه‌بێت له بواری په‌كه‌كه و سیاسه‌ته‌كانی، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ئاسان ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه سیاسه‌ت له توركیا له‌لایه‌ن دوو ده‌وڵه‌ته‌وه موماره‌سه ده‌كرێت: یه‌كێكیان ده‌وڵه‌تی ره‌سمی توركیایه، ئه‌وه‌ی تریش ده‌وڵه‌تی شاردراوه‌ی توركیا: په‌كه‌كه ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و بیناسازیهیه! به‌هه‌رحاڵ ئه‌نجامدانی په‌كه‌كه بۆ هه‌ندێك كاری سه‌ربازیی له‌و دواییانه ده‌توانێت ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵۆزییه سیاسیه بێت، كه بێگومان وێنه‌كه ئاڵۆزتریش ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ده‌وری ئیمرالی دوای گیرانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ببه‌ستینه‌وه بهمێتودی تێگه‌یشتنمان، لایه‌نی تری گرنگی كێشه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كاره سه‌ربازییانه، به‌هه‌رحاڵ من باوه‌ڕم وایه و هیوادارم له‌م بۆچوونه‌مدا راستبم، دوور له حه‌ز و ره‌غبه‌تی سه‌ركردایه‌تی سیاسی له باشووری كوردستان ده‌كرێت.
به‌شی تری پرسیاره‌كه‌تان ده‌رباره‌ی خه‌باتی چه‌كداریی په‌كه‌كه دیسان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئاسان نییه، به‌هه‌ر حاڵ دوو بۆچوون هه‌ن كه هه‌ردووكیان، هه‌ر یه‌كه‌یان به‌شێوه‌ی خۆی، ئه‌و په‌ڕن و ترسناكن له سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیدا، به‌تایبه‌ت سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژی نه‌ته‌وه‌یی:
یه‌كه‌م: ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه به‌گشتی له‌لای په‌كه‌كه باو بووه و ئێستاش باوه، ده‌ڵێت په‌كه‌كه له هیچه‌وه كوردی دروست كرد و به‌بێ په‌كه‌كه ته‌نانه‌ت كورد له‌ناو ده‌چوو و مێژووی سیاسی خه‌باتی كوردایه‌تی بریتیه له‌و مێژووه‌ی كه په‌كه‌كه دروستیكرد (به مانای سڕینه‌وه‌ی رۆلی هه‌موو ئه‌وانی تر)...هتد، ئه‌م شێوه بۆچوونه زۆر نا دیموكراتییانه و تاكڕه‌وانه‌یه و به‌تایبه‌تی له سیاسه‌تی عه‌مه‌لیدا زۆر زه‌ره‌ربه‌خش بووه و به‌رده‌وامیشیدا هه‌ر ده‌یبێت...
دووه‌م: بۆچوونه‌كه‌ی تر كه ئه‌ویش هی ئه‌وپه‌ڕه ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت په‌كه‌كه به‌خه‌باتی چه‌كداریی خۆی هیچ شتی به‌ده‌ست نه‌هێناوه.
مرۆڤ هه‌ڵوێستی رخنه‌گرانه‌ی هه‌بێت له په‌كه‌كه یان نا، ئه‌وا له هه‌ر حاڵه‌تێكدا ناتوانرێت ئه‌و راستیه بشاردرێته‌وه، كه له خه‌باتی په‌كه‌كه كۆمه‌ڵی ده‌رهاوێشته كه‌وتۆته‌وه كه به‌بێ ئه‌و خه‌باته ده‌كرێت بڵێین بهدهستهاتنیان ئاسته‌م بوو، له‌ڕاستیدا هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی خه‌باتی ئه‌ویتر له‌ناو جیهانبینی دیموكراتیكردن و كوردستانیكردن و به‌نه‌ته‌وه‌ییكردنی سیاسه‌ته كوردیه‌كان جێگای نابێته‌وه، به‌مانایه‌كی تر هه‌وڵدان بۆ گونجاندنی سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ مێژوو یان گونجاندنی مێژوو له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت له گۆشهبینێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ته‌سك و تایبه‌تدا ده‌توانێت زۆر زیانبه‌خش بێت بۆ خه‌باتی كوردستانی و دیموكراتی نه‌ته‌وه‌یی كورد.
به‌م مانایه هه‌ردوو بینینه ئهوپهڕییهكانی په‌كه‌كه، ئه‌وه‌شی ده‌ڵێت په‌كه‌كه 20 ساڵه شه‌ڕی چه‌كداریی ده‌كات چی ئه‌نجامێكی هه‌بووه؟ ده‌توانن له ره‌هه‌نده‌كانی هوشیاری مێژووی و سیاسه‌تی عه‌مه‌لیشدا زۆر زیانبه‌خش بن: چونكه هه‌ردووكیان روحی ره‌دكردنه‌وه‌ی ئه‌ویتر له‌خۆ ده‌گرن.
ماوه ئه‌وه بڵێم له رخنهماندا له خه‌باتی چه‌كداریی ناكرێت "ئینتیقائی" بین، به باوه‌ڕی خۆم خه‌باتی چه‌كداریی به درێژایی مێژووی "مۆدێرنی" كورد كۆمه‌ڵێ زیانی لێكه‌وتۆته‌وه، كه‌م یا زۆر هه‌مان میكانیزمی دووپاتكردۆته‌وه، كه گرنگترین ره‌هه‌ندی ئه‌و میكانیزمه‌ش هاوپه‌یمانی جوڵانه‌وه‌ی چه‌كداریی بووه له به‌شێكی كوردستان، له‌گه‌ڵ رژێمێكی تری دیكتاتۆری و داگیركه‌ری به‌شێكی تری كوردستان: له‌م حاڵه‌ته‌دا زێده‌ڕۆیی نییه گه‌ر بڵێین هه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانییه "ناسروشتییه - تۆ بڵێت ناموقهددهسه" به‌رپرس بوو له كۆمه‌ڵێ ده‌رهاوێشته كه گرینگ‌ترینیان ئه‌م دووه‌ن:
یه‌كه‌م: ئه‌و هاوپه‌یمانییه جوڵانه‌وه چه‌كدارییه‌كه‌ی گۆڕیوه به جوڵانه‌وه‌یه‌كی "نائازاد" و تا سه‌ر ئێسقان وابه‌سته.
دووه‌م: ئه‌و هاوپه‌یمانییه بۆ كاتێك هۆی مانه‌وه بووه بۆ جووڵانه‌وه‌كه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هه‌ڵگری ته‌ور و خاكه‌ناسی قهبرلێدان بووه بۆ هه‌مان ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه.
له‌ڕاستیدا من له دوو بابه‌تی جیادا، به‌ڵام به هه‌مان مێتودی لێكۆڵینه‌وه پێشتر جوڵانه‌وه‌ی چه‌كداریی له باشووری كوردستان (1961 - 1989) و جوڵانه‌وه‌ی چه‌كداریی په‌كه‌كه (1984 - 1998)م خستۆته به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌ی "رخنه‌گرانه".
*ئێستا له توركیادا حزبی فه‌رمانڕه‌وا باس له گۆڕینی ده‌ستوور ده‌كات، به‌ڕای ئێوه گۆڕینی ده‌ستوور له توركیا له قازانجی كورده، یان له قازانجی ئیسلامیزم؟ ئاماژه‌كانی پشت گۆڕینی ئه‌و ده‌ستوره چۆن ده‌بینیت؟
- ئاسان نییه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره هه‌روا پێشت وه‌خت به ئه‌رێنی یا نه‌رێنی بده‌ینه‌وه، گۆڕینی ده‌ستوور پڕۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزه و ده‌كرێت ئه‌و پڕۆسه‌یه به شێوه‌ی جۆراو جۆر ته‌واو ببێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤ هه‌ر له ئێستاوه ده‌توانێت چه‌ند خاڵێك بخاته‌ڕوو كه په‌یوه‌نیدارن به‌گرنگی گۆڕینی ده‌ستووره‌وه كه له توركیا هه‌یه:
یه‌كه‌م: یه‌كێك له ره‌هه‌نده گرنگه‌كانی كه‌مالیزم (واته به تایبه‌تی ئه‌و 6 یا 7 (ئه‌ستون- پره‌نسیپه‌ی)ی كه فكری دامه‌زرێنه‌ری توركیا مـسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركی له‌سه‌ر دامه‌زراوه)، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پره‌نسیپانه له 1930 یه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو بوون به به‌شێك له ده‌ستوور، به‌م مانایه‌ش ئه‌م پره‌نسیپانه نه‌ك هه‌ر گرنگ بوون له سیستمی فێركردن و په‌روه‌رده و له پێگه‌یاندن و راهێنانی دامه‌زراوه‌ی له‌شكر و له بۆچوونی ئایدیۆلۆژیانه‌ی خه‌ڵك، به‌ڵكو ئه‌م پره‌نسیپانه بوون به كۆڵه‌كه‌ی ده‌ستووری ته‌واوی ده‌وڵه‌ت.
ئه‌وه‌ی له‌م باره‌یه‌وه لایه‌نگرانی فكری كه‌مالی و به تایبه‌ت دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی توركیا زۆر نیگه‌ران كردووه، له مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی گۆڕینی ده‌ستور، ئه‌وه‌یه كه له‌وه ده‌ترسن ئه‌و گۆڕانكارییه ببێته هۆی ده‌رهاوێشتنی ئه‌و پره‌نسیپانه له ده‌ستور، هه‌رچه‌نده بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و توخمانه ئه‌ردۆغان زۆر جار دووپاتیكردۆته‌وه كه ئه‌م كاره ناكات، به‌هه‌رحاڵ ده‌رهاوێشتنی ئه‌و پره‌نسیپانه له ده‌ستور یا به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كاڵكردنهوهیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆلیان ده‌توانێت خزمه‌ت بهكوردو نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا له پڕۆژه‌ی لیبرال - دیمۆكراسی جیهانی رۆژئاوا بكات.
دووه‌م: هه‌ر به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵه‌ی پێشتر، وا هه‌ست ده‌كرێت كه شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی یه‌كانگیربوونی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان له نێوان كورد‌و ره‌وتی ئیسلامی میانڕه‌و به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌ردۆغان هه‌بێت. ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه كه هه‌ر یه‌كه له كورد و ئیسلامی میانڕه‌و له توركیاوه، هه‌ر یه‌ك به‌شێوه‌ی خۆی توانیویانه دوو كۆڵه‌كه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كی له كۆڵه‌كه‌كانی فیكری كه‌ماڵی بهه‌ژێنن:
كورد توانیویه‌تی كۆڵه‌كه‌ی ناسیۆنالیزم له كه‌مالیزمدا بهه‌ژێنێت.، ئیتر كورد نه‌ك هه‌ر بوونی هه‌یه له توركیا، به‌ڵكو بگره بووه به‌ژماره له هاوكێشه سیاسیه‌كانی ناو توركیا و گرێدراوه بهقوڵاییهكی كوردستانیه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی توركیا، هه‌روه‌ها گرێدراوه به‌بوونی پشتگیری و تێگه‌یشتنێك له ئاستی جیهانییه‌وه بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئیسلامی میانڕه‌و له توركیا، به‌تایبه‌تی له كاتی ئه‌ردۆغان، نه‌ك هه‌ر توانیان ببن به‌ژماره‌یه‌كی گرنگ له هاوكێشه‌ی سیاسی‌دا له توركیا، به‌ڵكو حوكمڕانیش بگرنه ده‌ست له‌و وڵاته، به‌و شێوه‌یه پره‌نسیپی (سیكۆلاریزم)ی له پێكهاته‌ی فیكری كه‌مالی و ده‌ستووردا هه‌ژاند، پارادۆكس (موفاره‌قه) نییه گه‌ر بڵێین له‌م یه‌كانگیربوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی له توركیا و ئیسلامی میانڕه‌و له‌و وڵاته ده‌گاته راده‌ی "هاوپه‌یمانییه‌كی" نه‌نووسراو.
گۆڕینی ده‌ستور به‌مانای پاشه‌كشه دێت بۆ دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی له توركیا، جا راده و قوڵایی ئه‌و پاشه‌كشه‌یه چه‌نده، ئه‌وا دوای گۆڕانی ده‌ستور ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه ده‌ڵێم چونكه له 50 ساڵی رابردوودا زووربه‌ی كات توركیا له رۆشنایی ده‌ستوورێكی نووسراو له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازییه‌وه یا ئاماده‌كراو دوای كوده‌تای سه‌ربازییه‌وه ئیدارهكراوه، ده‌ستوری هه‌ره دوایی له 1984ه‌وه بنه‌مای حوكمه له توركیا، ئه‌و ده‌ستوره‌ی كه له دوای كوده‌تای سه‌ربازیی 1980 و به‌ڕێنوێنی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی نووسرایه‌وه.
به‌كورتی‌و به‌چڕی لایه‌نی كوردی یا "ئیسلامیه‌كان" له توركیا چه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندیانه ئه‌و ده‌ستوره بگۆڕێت، ئه‌وا ده‌كه‌وێته سه‌ر ده‌رهاوێشته‌ی گۆڕانكارییه‌كه، ده‌توانێت ببێته بنه‌ما بۆ سه‌رله‌نوێ خه‌مڵاندنه‌وه‌ی ناسنامه و ماهیه‌تی ئایدیۆلۆژی و سیاسی ده‌وڵه‌تی توركیا.
*دۆستایه‌تی نێوان كورد و تورك تاچه‌ند پێویسته به‌ڕای ئێوه دۆستایه‌تی كوردی باشوور له‌گه‌ڵ كام له نه‌ته‌وه‌كانی عه‌ره‌ب و فارس و تورك گرنگ تره؟
- دۆستایه‌تی كورد له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ نه‌ته‌وه گرنگه، نه‌ك هه‌ر له حاڵه‌تی مانه‌وه‌ی كورد له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی توركیا و ئێران و عیراق و سوریا، به‌ڵكو بگره زیاتریش پێویسته له حاڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كورد. نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌حوكمی داخراوه‌یی جیۆ - ستراتیژی وڵاته‌كه‌ی ناتوانێت به‌ئاسانی ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ ئه‌و دۆستایه‌تیانه بدۆزێته‌وه.
دیاره دۆستایه‌تی حاڵه‌تێكی سیاسی - ستراتیژی نه‌گۆڕاو نییه، به‌ڵكو ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌وه له گۆڕانكارییه‌كی به‌رده‌وامدایه، بائاوڕێكی به‌په‌له له مێژووی مۆدێرنی ئه‌وروپا له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و بیسته‌هه‌م، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه دۆستایهتیو هاوپه‌یمانی له نێوان ئه‌و وڵاتانه‌دا به‌رده‌وام گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی به‌خۆوه بینیوه، (دوژمنی دوێنێ بووه به‌دۆستی هه‌ره نزیكی رۆژی دواتر).
به‌گشتی دوو هۆی هه‌ره گرنگی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش پێیان له دوو فاكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌ڵده‌گرت:
یه‌كه‌میان: ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه له‌ڕووی ناوه‌وه به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌هاتن و كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه داده‌نا، دووهه‌میشیان هاوسه‌نگی هێز له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپاو جیهان.
به بۆچوونی خۆم، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه گرنگی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ فارس و عه‌ره‌بمان به‌كه‌م له قه‌ڵه‌م دابێت، بڕوام وایه كه په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ توركیا "توركه‌كان" گرنگییه‌كی زۆر تایبه‌ت (ههنوووكهیی و دواڕۆژی) وه‌رده‌گرێت، قورسایی كورد له توركیا (له‌ڕووی ژماره و جوگرافیاوه) زۆر زیاتره، به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر، هه‌رچه‌نده نابێت ئه‌وه‌ش له بیر بكه‌ین كه ئه‌و قورساییه له‌ڕووی سیاسی و پێشكه‌وتنی ئابووری - كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه زۆر له په‌راوێز ئه‌و وڵاته‌دا ماوه‌ته‌وه.
به بهراووردكردنێكی به‌په‌له له‌ڕووی گه‌شه‌كردنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان باكووری كوردستان و به‌شی رۆژئاوای توركیا، جگه له په‌راوێزكردنی سیاسی، به جوانی حاڵه‌تی په‌راوێزبوونی كوردمان له توركیا بۆ روونده‌بێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌كرێت بڵێین دوای هه‌ندێ گۆڕانكاری له هه‌ڵوێستی توركیا به‌رامبه‌ر به‌كێشه‌ی كورد ده‌كرێت ره‌هه‌ندێكی ستراتیژی به‌هێز (تۆ بڵێ ده‌روازه‌یه‌ك) به‌ڕووی جیهانی پێشكه‌وتوو و پڕۆژه‌ی لیبرال-دیمۆكراسی به‌رامبه‌ر نه‌ك هه‌ر كورد له توركیا بكرێته‌وه، به‌ڵكو به‌رامبه‌ر به‌ته‌واوی كورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بۆ نموونه بوونی توركیا به‌ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپادا كرانه‌وه‌یه‌كی گرنگ و مێژووی ده‌بێت بۆ كورد له توركیا، بهتایبهتیو كورد له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان به‌گشتی.
ئێمه ده‌توانین زۆر خاڵی پۆزه‌تیڤ بژمێرین له‌و بوون به ئه‌ندامیه‌دا، به‌ڵام ناشكرێت هه‌ر له ئێستاوه كورد سیاسه‌تی خۆی بۆ 30-50 ساڵی داهاتوو به‌ئه‌گه‌رێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئه‌ندامێتی توركیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپادا مسۆگه‌ربێت، به‌باوه‌ڕی خۆم ئه‌م مه‌سه‌له‌ی به‌ئه‌ندامبوونه گه‌یشتۆته راده‌یه‌كی زۆر هه‌ستیار و له‌وه ده‌چێت كه به ئه‌گه‌ری زۆر مامه‌ڵه‌ی توركیا له‌لایه‌ن ئه‌و یه‌كێتیه‌وه ئه‌وها بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه به‌ته‌واوه‌تی ببێت به‌ئه‌ندام و نهداواكهیشی به‌ته‌واوه‌تی رهدبكرێتهوه، من له‌وه‌ش ده‌ترسم كه توركیا ئه‌سله‌ن ده‌رفه‌تی ئه‌ندامبوونی ده‌مێكه له‌ده‌ست دابێت، ئه‌گه‌ری هه‌ره نزیك ئه‌وه‌یه كه له دواییدا (دوای چه‌ند ساڵێك) یه‌كێتیی ئه‌وروپا چوارچێوه‌یه‌كی تایبه‌ی بهتوركیا بخه‌مڵێنێت وه‌كو سیغه‌ی پێیه‌ك له ناوه‌وه و پێیه‌ك له ده‌ره‌وه، واته توركیا به‌ته‌واوه‌تی ببێ به‌ئه‌ندام، به‌ڵام بكه‌وێته شه‌راكه‌تێكی تایبه‌تیه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و یه‌كێتییه كه له ئه‌ندامایه‌تی نزیكه، به‌ڵام ئه‌ندامایه‌تی به‌ته‌واوه‌تیش نییه.
ده‌مێكه من باسم له نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی ستراتیژی كوردی – توركی - رۆژئاوا (به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا) كردووه، له كاتی ئێمه‌دا سێ شت به‌یه‌كه‌وه یا دوویان له‌و سێ شته یا هه‌تتا بگره یه‌كێكیان به ته‌نیا، به‌ڵام به‌توندی، ده‌توانن ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یه فه‌راهه‌م بكه‌ن:
یه‌كه‌م: توركیا شێوه چاره‌سه‌ریه‌ك بۆ كێشه‌ی كورد له توركیا بكات، یان ده‌روازه‌یه‌كی جددی له‌و ئاراسته‌یه‌دا بكاته‌وه، هه‌نگاوێكی ئه‌وها له ناوه‌وه‌ی توركیا ده‌توانێت هه‌ڵوێستی توركیای به‌رامبه‌ر/دژ به‌كورد (جا له هه‌ر گۆشه‌یه‌كی ئه‌و جیهانه بن) بگۆڕێت، له‌سه‌ر ئه‌م گۆڕانكارییه ده‌كرێت هه‌نگاوی بهئاساییكردنی په‌یوه‌ندیه كوردی - توركییه‌كان بهاوێژرێت.
دووه‌م: هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق ده‌توانێت حاڵه‌تێكی ئه‌وها بێنێته گۆڕێ، كه ئیتر توركیا نه‌ك هه‌ر نه‌توانێت ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دابنیشێت، به‌ڵكو پلانی خۆی هه‌بێت و بشجوڵێته‌وه به‌ره‌و خه‌مڵاندنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی، له‌و حاڵه‌ته‌دا و له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ئاسان كه ئه‌ویش دواڕۆژی باشووری كوردستانه، ده‌كه‌وێته حاڵه‌تی وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی عه‌مه‌لی، له‌وه ده‌چێت كه ئه‌گه‌ری زیندووكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی موسڵ سیناریۆی هه‌ره نزیك بێت، هه‌روه‌ك ماوه‌یه‌كی كورت به‌ر له ئێستا‌و زووتریش توركه‌كان ده‌ربڕینی فه‌رمی له‌و جۆره‌یان هه‌بووه، به‌بۆچوونی خۆم زیندووكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی موسڵ نه‌ك هار نابێت كورد بترسێنێت، به‌ڵكو ده‌توانێت ده‌رفه‌تێكی جددیش بداته كورد بۆ هێنانه‌گۆڕێی ئه‌لته‌رناتیڤی كۆنفیدڕالی باشووری كوردستان، له‌گه‌ڵ توركیا به‌مه‌رجێك ئه‌وه له چوارچێوه‌ی ته‌رتیباتێكی فراوانتر دابێت كه تیایدا كێشه‌ی كورد له توركیا چاره‌سه‌ربكرێت.
سێهه‌م: ئه‌مه‌ریكا بگاته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه كه له‌یه‌كتر نزیكبوون و دۆستایه‌تی كورد و توركیا خزمه‌ت به‌ستراتیژی هه‌ره باڵای ئه‌مه‌ریكا ده‌كات له داهاتوویه‌كی دوورودرێژدا، ئه‌وا مومكینه ئه‌مه‌ریكا له ئاستێكی تر و به‌توانایه‌كی تر له‌وه‌ی تائێستا بیرۆكه‌ی له یه‌كگه‌یشتنی كوردی - توركی - ئه‌مه‌ریكی به‌ڕه‌سمی ته‌به‌ننا بكات و به‌جددی كاری بۆ بكات.
شایه‌نی باسه ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا پڕۆژه‌یه‌كم ده‌رباره‌ی ئه‌و ئه‌گه‌رانه داوه‌ته حكومه‌تی باشووری كوردستان!
به‌گشتی لایه‌نی كوردی حه‌ز بكات و حه‌ز نه‌كات، ئه‌وا به‌شێكه له هاوكێشه‌ی سیاسی له ناوچه‌كه و باشترین رێگا له مه‌ودایه‌كی كورتخایه‌ندا پاراستنی پهیوهندیهكانیهتی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك، به‌مه‌رجێك ئه‌م پاراستنی په‌یوه‌ندییانه زیانبه‌خش نه‌بن بۆ ره‌هه‌نده هه‌ره فراوانه كوردستانییه‌كه، له‌ڕاستیدا له قه‌یرانی هه‌ره دواییدا ده‌ركه‌وت كه به كوردستانیكردنی سیاسه‌ته كوردیه‌كان له دیوه كوردیه‌كه‌ی هاوكێشه‌دا كۆمه‌ڵێ سوودی هه‌بووه و هه‌یه بۆ به‌هێزبوونی هه‌ڵوێستی كوردی، به‌تایبه‌تی كاتێك كه لایه‌نی كوردی به‌بێ جیاوازی ئه‌و دیو و ئه‌و دیوی سنوور توانیویه‌تی دیپلۆماسی خۆی له چوارچێوه‌ی ئاشتی خواستن و دیالۆگ و دیپلۆماسی شه‌فافدا بخه‌مڵێنێت.
پرۆفایل:
د. بورهان یاسین
* له ساڵی 1956 له باشووری كوردستان له‌دایك بووه.
*خوێندنی زانكۆی له ساڵی خوێندنی 1979-1980 ته‌واوكردووه.
*له ساڵی 1983 وه له ولاتی سوید نیشته‌جێیه.
*له ساڵی 1995 به پله‌ی دكتۆرا خوێندنی باڵای له زانكۆی لوندی سوی ته‌واوكردووه
له‌و كاته‌وه خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه و ده‌رس وتنه‌وه‌یه له هه‌مان زانكۆ.
* كۆمه‌ڵێ باسی به زمانی جیا جیا هه‌یه، دوایینیان بابه‌تێكی بڵاونهكراوهیه له دووتوێی په‌رتوكێكدا ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی گاپ و كێشه‌ی كورد له توركیا.