دیمانه: نامۆ عه‌بدوڵا
بێنجامین هۆڵ له رۆژنامه‌ی سه‌نده‌ی تایمز كاریكردوه‌و له رۆژنامه به‌ناوبانگه ئه‌مه‌ریكییه‌كانی وه‌كو رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزو هێراڵد تریبیون ده‌نوسێت، ئه‌و رۆژنامه‌نوسێكی سهربهخۆو به‌رهه‌مهێنه‌ری فلیمه. چه‌ند جارێك سه‌ردانی كوردستانی كردوه، له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان دو وتاری له رۆژنامه‌كانی نیویۆرك تایمزو هێراڵد تریبیونی ئهمهریكیدا نوسی.
*هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌لای تۆوه چۆن بون؟
بێنجامین هۆڵ: له راستیدا كاتێكی زۆر خۆشه كاتێك وڵاتێك هه‌ڵبژاردنی تێدا روده‌دات، به‌تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له رابردودا گرفتیان له‌گه‌ڵ سیستمی سیاسییاندا هه‌بوه، من له دو روه‌وه هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره ده‌بینم، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ی خۆم راسته‌وخۆ بینیومه، دوه‌میان ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان خه‌ڵكی پێیانوتوم. ئه‌وه‌نده‌ی پێم‌كرا له ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ردانی چه‌ندین وێستگه‌ی جیاوازمكرد تا رای جیاوازی نێو بنكه‌كان وه‌ربگرم، سه‌ره‌تا ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌ی بینیم هه‌ڵبژاردنه‌كان بهباشیو رێكوپێكی به‌ڕێوه‌چو. سه‌ره‌تا به‌یانییه‌كه‌ی كه خه‌ڵك هاتن هه‌مو شتێك باشبو، به‌ڵام بێگومان سه‌ردانی هه‌ندێك له وێستگه‌كانی ده‌نگدانم كرد وه‌كو رۆژنامه‌نوسێكی خۆرئاوایی به چاوی خۆم بینیمو هه‌ستم به ناڕهزاییو گله‌یی خه‌ڵك ده‌كرد له‌و شوێنانه. هه‌ندێك له‌و پۆلیسانه خۆشحاڵنهبون كه منیان ده‌بینی به كامێراوه دهچومو رێگه‌شمان پێنه‌درا بچمه ناو هه‌ندێك وێستگه‌وه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌ی بینیم هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی باش به‌ڕێوه‌چو، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه گوێبیستی چه‌ندین رهخنهبوم خه‌ڵكی ده‌یانگرت، خه‌ڵكی باسیان له گرفته‌كانی سیستمه‌كه‌و سه‌رپێچی ده‌كرد، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی ده‌توانم بڵێم تاڕادهیهكیی باش هه‌ڵبژاردنه‌كان ئارام‌و بێ توندوتیژیی بون.
*وتت چه‌ند پۆلیسێك رێگه‌یان نه‌دایت به كامێراوه بچیته وێستگه‌كانی ده‌نگدانه‌وه، ئایا له وڵاتی ئێوه یان وڵاتانی دیكه‌ی خۆرئاوایی شتی وا روده‌دات؟ مه‌به‌ستمه بڵێم تۆ وه‌كو كه‌سێك كه كارت چاودێریكردن بوه؟
بێنجامین هۆڵ: ده‌مه‌وێت راستگۆبم له‌گه‌ڵتدا كه من تائێستا له وڵاتی خۆم چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنم نه‌كردوه، هه‌رچه‌نده له ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه بینیومه كامێرا چوه‌ته ناو وێستگه‌كانی ده‌نگدانه‌وه، به‌هه‌مانشێوه لێره‌ش كامێرام بینی له وێسته‌گانی ده‌نگدان، لێره‌ش بۆ هه‌ندێك له وێستگه‌كانی ده‌نگدان كامێرام برده ژوره‌وه، به‌ڵام له هه‌ندێكیان رێگه‌م پێنه‌درا.
*ئایا پێتوایه ئێمه ده‌بێت به‌مه نیگران بین؟
بێنجامین هۆڵ: پێموانییه. ئه‌گه‌ر مێژوی ئه‌م وڵاته بێنینه پێشچاوی خۆمان، شتێكی ئاساییه به گومان بیت له میدیا. منیش وه‌كو كه‌سێكی خۆرئاوایی، پێموایه سروشتییه گومانم لێبكرێت. هه‌رچه‌نده ده‌توانم بڵێم به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی هه‌ڵبژاردنه‌كان باشبون.
*زۆرێك خه‌ڵكی بهشانو باڵی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یان هه‌ڵدا به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی لیستێكی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌وه، تۆ سه‌رنجت چییه له‌و باره‌یه‌وه؟
بێنجامین هۆڵ: پێموایه ئه‌مه گه‌وره‌ترین لایه‌نی سه‌ركه‌وتوی ههڵبژاردنهكانبو. ئه‌مه زۆر گرنگه بۆ وڵاتێك وه‌كو وڵاتێكی دیموكراسی ده‌یه‌وێت بهرهوپێشهوهبڕواتو هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامده‌دات كه تێیدا ته‌نیا دو پارت ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه. ئه‌مه ئاشكرایه یه‌كه‌مجاره له كوردستاندا شتی وا روده‌دات‌و لیستێكی ئۆپۆزسیۆن سه‌ریهه‌ڵداوه‌و خه‌ڵكی بوێرانه ده‌نگی پێده‌دات.
*له وتاره‌كه‌تدا له نیویۆرك تایمز نوسیوته كه قسه‌ت له‌گه‌ڵ هاندهرانو سه‌ركرده‌كانی لیستی گۆڕاندا كردوه ئه‌مه‌ش وای لێكردویت دڵنیابیت له‌وه‌ی كه ئه‌م لیسته ده‌توانێت گۆڕانكاریی بكات‌و جیاوازییه‌ك دروست بكات، چ جۆره جیاوازییه‌ك ده‌توانن بكه‌ن؟
بێنجامین هۆڵ: به دڵنیاییه‌وه، به‌ڵام پێویسته یه‌كه‌مجار له مێژوی سیاسیی ئه‌م هه‌رێمه تێبگه‌ین كه باسی ئه‌وه ده‌كرێت گهندهڵیو مهحسوبیهتو مه‌نسوبیه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو هه‌یه، ئه‌م گرفتانه‌ش ره‌نگه هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه ئه‌م وڵاته دو خێزان حوكمڕانی ده‌كه‌ن له‌م روه‌وه ده‌كرێت بڵێین شته‌كان گۆڕانیان به‌سه‌رداهات. زۆر خۆشبو بینیمان ئه‌م به‌ره‌وپێشچونه رویدا‌و پێموایه هه‌مو كه‌سێك هه‌ست به‌مه ده‌كات.
*ئێمه لێره له كوردستاندا چ جۆره وێنه‌یه‌كمان هه‌یه له‌لای ئێوه‌ی خۆرئاوای، كه‌سێكی وه‌كو تۆ له له‌نده‌ن، كورستان چۆن ده‌بینێت كاتێك گوێبیستی گهندهڵیو مهنسوبیهتو ئه‌و جۆره گرفتانه ده‌بێت. ئایا خه‌ڵكێكی زۆر له ده‌ره‌وه ئاگادارن له‌م گرفتانه‌ی ئێره؟
بێنجامین هۆڵ: نا، خه‌ڵكێكی زۆر ئاگاداری ئێرهنین. گرنگترین مه‌سه‌له كه له به‌ریتانیادا باسی كوردستان ده‌كرێت ئه‌و مه‌سه‌لانه‌یه كه له‌سه‌ر سنوری نێوان كوردستان‌و توركیا هه‌یه. گرفتی په‌كه‌كه، دژی ده‌وڵه‌تی توركیا. ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه ئێمه له خۆرئاوا زۆر گوێبیستی ده‌بین له‌باره‌ی ئێره‌وه، ئه‌مه شتێكی زۆر بێ مانایه، چونكه به‌ڕای من ئه‌م وڵاته وڵاتێكی زۆر جوانه كه پاشماوه‌یه‌كی كلتوری ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه. وڵاتێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده كه ده‌كرێت له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی خۆی بگێڕێت، به‌ڕاستی بێ مانایه كه له‌باره‌ی ئێره‌وه نازانین. نا پێموانییه خه‌ڵكێكی زۆر ئاگاداری سیستمی سیاسیی ئێرهبێت تا سه‌رنج له‌سه‌ر گهندهڵیو مه‌نسوبیه‌تی ئه‌م هه‌رێمه بده‌ن كه زۆرێك خه‌ڵك پێیانوایه بونی هه‌یه. پێموایه خه‌ڵكی ده‌بێت زیاتر له‌باره‌ی كوردستانه‌وه بزانن. پێموایه ئه‌مه له گۆڕاندایه له‌كاتێكدا خه‌ڵكێكی زۆر له كوردستانه‌وه به‌ره‌و خۆرئاوا گه‌شتده‌كات.
*ئه‌وه‌ی من له ماوه‌ی رابردودا له میدیای خۆرئاوادا بینیم ئه‌وه‌بو كه خه‌ڵكێكی زۆری بیانی سهرسامبونو سه‌رهه‌ڵدانی لیستی گۆڕانیان زۆر به‌لاوه شتێكی گرنگبو. هۆكاری ئه‌مه به‌لای تۆوه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ بۆچی پێیان باشه ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌مان هه‌بێت؟
بێنجامین هۆڵ: سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وان ئه‌مه‌یان پێخۆشه، چونكه له سیستمی حوكمڕانی خۆیانه‌وه ده‌ڕوانن. له به‌ریتانیا بژیت، یان ئه‌مه‌ریكا، یان هه‌ر وڵاتێكی خۆرئاوایی بژیت، ئێمه فه‌خر به سیستمی حوكمڕانی خۆمانه‌وه ده‌كه‌ین كه خه‌ڵكی سه‌ركرده‌كانیان هه‌ڵده‌بژێرن. شانازیش ده‌كه‌ین كاتێك وڵاتێكی دیكه شوێن سیستمی ئێمه ده‌كه‌وێت، چونكه پێمانوایه سیستمێكی باشه‌و له راستیشدا سیستمێكی باشه. بۆیه ئێمه خۆشحاڵین كه ده‌بینین كوردستان شوێن سیستمی ئێمه دهكهوێتو رێگه‌ده‌ده‌ن خه‌ڵكی خۆی سه‌ركرده‌ی خۆی هه‌ڵبژێرێت.
*پرسیاره‌كه‌ی من به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بو. ده‌مه‌وێت بڵێم ئایا ده‌كرێت وڵاتێكی دیموكراسیت هه‌بێت به‌بێ هه‌بونی ئۆپۆزسیۆن؟
بێنجامین هۆڵ: نه‌خێر به هیچ شێوه‌یه‌ك، ئه‌وه‌ی پێویسته روبدات ئه‌وه‌یه كه پێویستت به‌وه هه‌یه كه سه‌ركرده‌كان ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ن، ده‌بێت سیستمێك بونی هه‌بێت هه‌ر كه زانرا شتێكی كراوه دروست نییه، شتێكی غهڵهتكراوه، ده‌بێت خه‌ڵكی بتوانن روبكه‌نه شوێنێكی دیكه. ئۆپۆزسیۆن رێگه بۆ ئه‌مه ده‌كاته‌وه. ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێت: ببینه ئه‌گه‌ر سیستمی ئێستات به‌دڵ نییه، وازی لێبێنه، كه‌سێكی دیكه هه‌یه وه‌ره بۆ لای كه ره‌نگه بتوانێت داهاتویه‌كی باشترت بۆ دابینبكاتو بتخاته سه‌ر رێگه‌یه‌كی باشتر.
*لیستی ئۆپۆزسیۆن نزیكه‌ی (25%) كورسییه‌كانی به‌ده‌ستهێنا، تۆ وتت ئه‌م رێژه‌یه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت گۆڕان بكه‌ن، ئایا به‌ڕاستی ئه‌و بڕه كورسییه به‌سه؟
بێنجامین هۆڵ: به دڵنیاییه‌وه به‌سه، پێموایه ئه‌م (24%) (گۆڕان ژماره‌ی كورسییه‌كانی (25%)، به‌ڵام كاتێك ئه‌م دیدارهكرا ته‌نیا ئه‌نجامه سه‌ره‌تاییه‌كان راگهیاندرابو) ره‌نگه هه‌ر سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه ده‌كرێت زیاتر گه‌شه‌بكات. ئاشكرایه دیموكراسی شتێك نییه كه له شه‌وو رۆژێكدا ببیته خاوه‌نی، به‌ڕاستی بردنه‌وه‌ی (24%) كورسییه‌كان له‌لایه‌ن لیستێكه‌وه كه ته‌مه‌نی ته‌نیا سێ مانگ بو، رێژه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌و نایابه. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مه شتێكمان له‌باره‌ی ویست‌و حه‌زی خه‌ڵكه‌وه پێ ده‌ڵێت بۆ گۆڕان، به‌ڵێ (24%) زۆر گه‌وره‌یه‌و به‌تایبه‌تی كاتێك كه باس له ئه‌گه‌ری گرژی‌و دابه‌شبونی هاوپه‌یمانێتی پارتی‌و یه‌كێتی ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر گۆڕان شان بداته شانی لیستی خزمهتگوزاریو چاكسازی كه (13%)ی ده‌نگه‌كانی هه‌یه، ئه‌وا كۆی ده‌نگه‌كان ده‌بێته (37%) به‌رامبه‌ر پارتێكه كه (51%)ی ده‌نگه‌كانی هه‌یه. بۆیه به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانن گۆڕان بكهنو ئه‌مه‌ش وڵات به‌ره‌و وڵاتێكی تاڕاده‌یه‌كی دو پارتی یه‌كسان ده‌بات.
*بۆیه ده‌كرێت گۆڕان بكه‌ن؟
بێنجامین هۆڵ: به‌دڵنیاییه‌وه ده‌كرێت گۆڕانكاریی بكه‌ن.
*وتت ده‌كرێت گۆڕان هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ لیستی خزمهتگوزرایو چاكسازی ببه‌ستێت. ئایا ئه‌مه به‌ڕای تۆ باشه، له‌كاتێكدا ئه‌وان له رابردودا به‌شێكبون له‌و سیستمه‌ی كه به گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تبارده‌كرێت؟
بێنجامین هۆڵ: من گومانم له شێوه‌ی كاركردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كان هه‌یه له‌م وڵاته‌ی ئێوه. تۆ ده‌بینیت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌شیان زۆر زۆر كه‌مه كه‌چی ده‌بنه یه‌ك لیست ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌یه‌كی زیاتر كورسی بێنن له په‌رله‌ماندا. ئه‌گه‌ر لیستی چاكسازی‌و خزمه‌تگوزاری وه‌ربگرین ده‌بینین، ئه‌م لیسته پێكهاتوه له به‌ره‌یه‌كی سۆسیالست‌و به‌ره‌یه‌كی ئیسلامی كه له روی ئایدۆلۆژییه‌وه ئه‌م دوانه به بۆچونی من زۆر له‌یه‌كه‌وه دورن. پارتێكی سۆسیالستی كه ده‌كه‌وێته لای چهپهوهو پارتێكی ئیسلامیش كه ده‌كه‌وێته سه‌ر باڵی راست. به‌شداریكردن له هاوپه‌یمانێتییه‌كدا ته‌نیا له‌به‌ر به‌ده‌ستهێنانی كورسی بۆ من بێ مانا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام لێره ده‌بینیت وه‌زعه‌كه به باشی ده‌ڕوات. ئه‌گه‌ر وه‌زعه‌كه به‌م شێوه‌یه بێت ئاساییه، به‌ڵام پێموایه یه‌كێك ئه‌و پارتانه ده‌بێت له‌یه‌كتر جیاببنه‌وه.
*ئه‌مه ره‌نگه یه‌كێك بێت له‌و شته سه‌یرانه‌ی تۆ لێره بینیت، ده‌بینیت عهلمانییهكانو ئیسلامییه‌كان به‌یه‌كه‌وه له‌یه‌ك به‌ره‌دان؟
بێنجامین هۆڵ: نه‌ك عهلمانیو ئیسلامی، من پێموایه ده‌كرێت پارتێكی دینی‌و پارتی عه‌لمانی هاوخواست بن، به‌ڵام پارته ئیسلامییه‌كان ده‌یانه‌وێت له باڵی راست بن، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی موحافیزكاریان ده‌وێت، له‌كاتێكدا پارتێكی سوسیالستی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كراوه‌و لیبراڵی ده‌وێت. ئه‌مه دو شێوازی جیاوازیی وه‌زعی سیاسییه.
*دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانمان بینی، بینیمان خه‌ڵكی سلێمانی به زۆری ده‌نگیان به لیستی ئۆپۆزسیۆندا له‌كاتێكدا خه‌ڵكی به‌شی باكور ده‌نگیان به پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا، بۆچونت چییه له‌سه‌ر ئه‌مه؟
بێنجامین هۆڵ: من ئه‌مه له‌و روه‌وه سه‌یرده‌كه‌م به‌پێی ئه‌و فاكته‌ره‌ی كه گۆڕان زیاتر له ئه‌ندامه كۆنه‌كانی یه‌كێتی پێكهاتون‌و سلێمانیش بنكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتییه. ئاسانتربو بۆ لایه‌نگرانی یه‌كێتی واز له پارته‌كه‌یان بێنن‌و ده‌نگ به گۆڕان بده‌ن وه‌ك له لایه‌نگرانی پارتی كه ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر باكوردا هه‌یه. له‌به‌رئه‌مه‌ش تێده‌گه‌م بۆچی (51%)ی خه‌ڵكی سلێمانی ده‌نگیان به گۆڕان داوه.
*له وتاره‌كه‌تدا نوسیوته كه گۆڕان ده‌كرێت سیستمی ئیستیبدادییهتو مه‌نسوبیه‌ت له هه‌رێمه‌كه‌دا كۆتایی پێ بێنێت؟
بێنجامین هۆڵ: نهم وتوه ده‌كرێت كۆتایی پێبهێنیت. پێموایه ده‌توانێت یه‌كه‌م هه‌نگاو به ئاراسته‌ی گۆڕاندا بنێت، به‌تایبه‌تی كه باس له گه‌نده‌ڵی ده‌كرێت، پارتێك كه داوای شه‌فافییه‌ت بكات‌و خۆشی شه‌فاف بێت له‌ناوخۆیدا، پارته‌كانی دیكه ناچارده‌كات كه ئه‌وانیش له‌لای خۆیانه‌وه شه‌فاف بن، یان لانیكه‌م له هه‌ڵبژاردنی داهاتودا كه چوار ساڵی دیكه ده‌كات، هه‌لی بردنه‌وه‌یان نابێت. پێموایه لیستی كوردستانی، ئه‌گه‌ر تا چوار ساڵی داهاتو به‌یه‌كه‌وه بن، ئه‌وا ره‌نگه به‌ره‌و شه‌فافییه‌ت بڕۆن‌و روبه‌ڕوی ئه‌و ته‌حه‌دییانه ببنه‌وه كه گۆڕان روبه‌ڕویان ده‌كاته‌وه. پێموایه ئه‌مكاره ده‌كه‌ن، گه‌مژه‌ییه ئه‌گه‌ر پارتێك گۆڕانكاری نه‌كات، كاتێك ده‌بینێت ئۆپۆزسیۆن سه‌رهه‌ڵده‌دات، پێموایه ئه‌مه ناچارییاندهكات بگۆڕێن، گۆڕانكارییه‌كی باش بكه‌ن.
*پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌بو، مه‌به‌ستمه بڵێم له وتاره‌كه‌ی نیویۆرك تایمزدا باسی ئیستبدادیهتی ئه‌م سیستمهت كردوه، ئه‌مه سیستمه چه‌نده ئیستبداده به لای تۆوه؟
بێنجامین هۆڵ: له راستیدا مه‌نسوبیه‌ت لێرهبونی هه‌یه، دو خێزان لێره ده‌سه‌ڵاتدارن. به‌ڕای من ئه‌مه به‌رهه‌می ئه‌و سیستمه خێڵهكیهیه كه ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا بونی هه‌بوه، ئه‌مه به زۆر به خراپ دانانێم ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه ده‌بینین ئه‌م سیستمه ده‌گۆڕێت. ناكرێت بۆ شكسته‌كانی ئه‌مڕۆ رابردو و لۆمهبكهین، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی چالاك دروستبكه‌ین به‌ره‌و گۆڕان. به‌تایبه‌تی دوباره كاتێك چینی رۆشنبیر ئه‌وانه‌ی كه په‌روه‌رده‌یه‌كی باشیان له زانكۆ باشه‌كان خوێندوه، ئه‌وانه‌ی كه توانیویانه له ده‌ره‌وه بخوێنن، كاتێك ئه‌م خه‌ڵكه ته‌نیا له گروپێك خێزانی بچوكه‌وه هاتون، بێگومان ئه‌و خه‌ڵكانه ئاستیان به‌رزه‌و ده‌كرێت ببنه سیاسه‌تمه‌دار، به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا ئێستا پێویستی سیستمێكی سیاسیی جیهانی بونی هه‌یه، پێویستت به‌و كه‌سانه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا شته‌كان له گۆڕاندایه له كوردستاندا، چینه‌كانی دیكه‌ی خه‌ڵكیش هه‌لی خوێندن‌و په‌روه‌رده‌ی باشی بۆ ره‌خساوه كه ده‌توانن له سیاسه‌تدا بهشداریبكهن. به‌ڵێ ئه‌م ئیستبدادیهته ده‌گۆڕێت، چونكه خه‌ڵكانێك هه‌ن تا فشار دروستبكه‌ن بۆ رودانی ئه‌مكاره.
*دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌ند كه‌سێك له خۆرئاوا باسیان له له‌ناوچونی هه‌ستی خیڵه‌كی كرد له كوردستاندا، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی لیستی گۆڕان ژماره‌یه‌كی باش كورسی برده‌وه، ئایا تۆش هاوبۆچونت له‌مباره‌یه‌وه؟
بێنجامین هۆڵ: به‌دڵنیاییه‌وه له‌ناو شاره‌كاندا ئه‌م هه‌سته له له‌ناوچوندایه، به‌ڵام پێموایه هێشتا له ناوچه گوندنیشنییهكان خه‌ڵكی ده‌نگ به‌و كه‌سانه ده‌دات كه دهیانناسێتو متمانه‌یان پێیان هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه له مێشكمان دابنێین به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و خێزانانه‌ی ئێمه كاتی خۆی پێشمه‌رگه‌ی گه‌وره‌و خهباتگێڕبونو بۆ ئازادی ئه‌م وڵاته خهباتو شهڕیانكردوه، ده‌زانم له‌به‌رئه‌مه خه‌ڵك هه‌یه هێشتا شوێنیان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچو، ئێمه ئێستا له بارودۆخێكدا نین كه پێویستمان به شه‌ڕكه‌ر هه‌بێت تا شه‌ڕ بۆ ئه‌م وڵاته بكات. پێویسته ئێستا رێگه‌یان پێبده‌ین زیاتر دیموكراتییانه بیربكه‌نه‌وه، به‌ڵام تێده‌گه‌م كه خه‌ڵكی پاڵپشتی سه‌ركرده گه‌وره‌كانی رابردو و ده‌كات، چونكه ئه‌وان ئه‌و كه‌سانه‌بون كه بۆ ئازادی ئه‌م وڵاته خهباتیانكردوهو خوێنیان رشتوه، دڵنیام هه‌مو لایه‌ك رێزی ئهوهدهگرن، به‌ڵام ئێستا كاتی ئه‌وه هاتوه ئه‌و قۆناغه ببڕین.
*جۆرێك له نیگه‌رانیش له‌لایه‌ن خه‌ڵكی هه‌ندێك له پارێزگاكانه‌وه بڵاوبوه‌وه له‌باره‌ی خروقات‌و ساخته‌كارییه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌تایبه‌تی له هه‌ولێرو دهۆك، هیچ شتێكت له‌وباره‌یه‌وه گوێلێبوه؟
بێنجامین هۆڵ: رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ چه‌ند رێكخراوێكی ناحكومیو باڵیۆزخانه‌یه‌ك قسه‌مكرد، وتیان زۆر ساخته‌كارییان نه‌دیوه، به‌ڵام وا دیاره شته‌كان دواتر رویانداوه، ئاشكرایه سه‌عاتێك كات درێژكرایه‌وه كه ته‌نیا چه‌ند پارتێك له‌وباره‌یه‌وه ئاگاداركرابونهوهو هه‌مو پارته‌كان ئاگاداری ئه‌وه نه‌بون، ده‌زانم له‌سه‌ر جاده ئه‌و سه‌عاته‌یان به سه‌عاتی خروقات‌و ساخته‌كاریی ناوبرد. بێگومان گرفته‌كه لهوێدابو، هه‌روه‌ها ناڕه‌زایی خه‌ڵكیشم له‌باره‌ی دیكۆمێنتی (111) بیست، ئه‌و دیكۆمێنته‌ی كه رێگه به خه‌ڵكی ده‌دات بڕۆن له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه‌و له هه‌ر شوێنێك ویستیان ده‌نگبده‌ن، ئاشكرایه ئه‌وه‌ش گرفتێكی زۆری دروستكرد. ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه ده‌یانتوانی له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه بڕۆن پێده‌چێت كه زیاتر له دوجار ده‌نگیان دابێت، من راپۆرتی ره‌سمیم له‌و باره‌یه‌وه به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه بۆیه ناتوانم به دروستی سه‌رنج له‌و باره‌یه‌وه بده‌م، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه چه‌ندین بانگه‌شه بڵاوبوه‌یه‌وه كه ئه‌مه رویداوه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شم بیستوه كه هه‌ندێك خه‌ڵك ده‌نگیان نه‌داوه. ئه‌مه بڕیارێكی شه‌خسییه، به‌ڵام نازانم چی به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا هاتوه كه نه‌یانویستوه ده‌نگبده‌ن، به‌ڵام ده‌زانم موچه‌بڕین هه‌بوه كه خه‌ڵكی پشت به‌و موچه‌یه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌به‌ستێت.
*ئه‌ی رات به‌رامبه‌ر به سوێندانی خه‌ڵك چییه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به لیستێكی دیایكراو بده‌ن؟
بێنجامین هۆڵ: ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، ئه‌م سیستمه باش نییه‌و دیموكراسی نییه.
*پێموایه ئێستا پێویستمان به ناوبڕێك هه‌یه، وانییه؟
بێنجامین هۆڵ: من ئاساییه به‌لاماوه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامبین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێت خۆشه با ناوبڕه‌كه وه‌ربگرین.
*با پرسیارێكت لێبكه‌م له‌سه‌ر رۆڵی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌و ئه‌و رۆڵه‌ی كه ده‌كرێت بیگێڕیت له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و به‌غدا. په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌م دوانه له ماوه‌ی رابردودا زۆر باش نه‌بون؟ چ جۆره رۆڵێك ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه ده‌كرێت بیگێڕیت؟
بێنجامین هۆڵ: بێگومان نه‌ك ته‌نیا به‌غدا، به‌ڵكو وڵاتانی دراوسێش زۆر نیگه‌رانن له‌مباره‌یه‌وه كه ده‌ترسن كوردستان سه‌ربه‌خۆیی وه‌ربگرێت، ده‌زانم من باسی مه‌سه‌له‌یه‌كی كۆنی زۆر تیۆری ده‌كه‌م، به‌ڵام له راستیدا ئه‌م بۆچونه دێته‌پێشه‌وه كه باسی كۆنترۆڵكردنی داهاتێكی زۆی نه‌وت ده‌كرێت. حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌یه‌وێت خۆی كۆنتڕۆڵی سامانی نه‌وتی بكات، به‌ڵام كوردیش پێیوایه ئه‌و نه‌وتانه كه له ناوچهكانیاندایه هی خۆیانه. جیاوازییه‌كان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ئه‌مانه‌یه، گرنگترینی ئه‌مانه شاری جێناكۆكی كه‌ركوكه، له‌ڕاستیدا ئه‌مه شارێكه گرژییه‌كی زۆری تێدایه، چونكه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری پێشودا دیمۆگرافیای شاره‌كه به ژێر گۆڕانێكی زۆردا تیپه‌ڕیوه، ئێستا ئه‌م شاره به چه‌ندین ئاراسته‌دا ده‌بردرێت. وه‌كو ده‌بینین ئه‌مجاره نه‌یانتوانی ده‌نگبده‌ن. تائێستا رێگه‌یان پێنه‌دراوه كه قسه‌بكه‌ن چیانده‌وێت، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم خۆشحاڵم به‌وه‌ی كه وه‌زعه‌كه به‌ره‌وپێشه‌وه‌ده‌چێت، من له راستیدا لێره له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی لیستی گۆڕان قسهمكردوهو ده‌ڵێن كه ده‌یانه‌وێت گفتوگۆبكهنو له راستیدا ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و گرژییه‌ی نێوان حكومه‌تی به‌غداو ناوه‌ندی ته‌نیا لیستی كوردستانی دروستیكردوه، چونكه ده‌یانه‌وێت سه‌رنجی خه‌ڵكی له‌سه‌ر خۆیان لابده‌ن، من به ته‌واوی دڵنیانیم كه ئه‌مه دروسته یان نا، پێموایه چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی دیكه هه‌یه كه ئه‌م گرژییه‌ی دروستكردوه، به‌ڵام پێموایه ئه‌مه شتێكه ده‌بێت به‌ره‌وپێشه‌وه‌بچێت. ئه‌مه له وڵاتێكدایه به‌تایبه‌تی وڵاتێك كه وڵاتی دوای شه‌ڕه، ئه‌مه پێویستی به گۆڕان هه‌یه.
*له راستیدا خه‌ڵكی هیچ له‌باره‌ی ئه‌و مامه‌ڵانه‌وه نازانێت كه له پشتی په‌رده‌وه ده‌كرێت، له‌نێوان حكومه‌تی ههرێمو حكومه‌تی ناوه‌ندی. به هه‌بونی ئه‌و راستییه‌ی كه ئێمه ئۆپۆزسیۆنمان ده‌بێت، ئایا ئه‌مه یارمه‌تی خه‌ڵكی نادات كه نهێنی پشت ئه‌و گرێبه‌ستانه‌یان بۆ ئاشكرابكات؟
بێنجامین هۆڵ: دوباره گرفتی سه‌ره‌كیی گرفتی ده‌ستگرتنه به‌سه‌ر سه‌رچاوه سروشتییهكانو چۆنیه‌تی دابه‌شكردنیان له‌نێوان حكومه‌تی ههرێمو به‌غدادا. ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه ته‌نانه‌ت له خۆرئاواش هه‌ست به‌م جیاوازییه ناكه‌ن. ئه‌گه‌ر له ئه‌مه‌ریكا یان ئه‌وروپا قسه له‌گه‌ڵ یه‌كێكدا بكه‌یت، ئه‌وان ئه‌وه نازانن كه خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو جیاوازه له خه‌ڵكی به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی عێراق. له راستیدا زۆر جیاوازن له روی كلتوری‌و چه‌ندین روی دیكه‌وه.
*جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوهڕاستو باكوری ئه‌فریقا ده‌ڵێت سه‌ركرده كورده‌كانی ئێستا نه‌یانتوانی قه‌ناعه‌ت به كه‌ركوكییه‌كان بێنن كه بۆچی گرنگه بۆ ئه‌وان بێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له راستیدا ئه‌و ده‌ڵێت سه‌ركردایه‌تی كوردی متمانه‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوكی له‌ده‌ستداوه، به‌هه‌مانشێوه‌ش گۆڕان هه‌مان بۆچونی هه‌یه.
بێنجامین هۆڵ: له راستیدا كاتێك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان قسه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئێره‌دا ده‌كه‌م، ده‌یانه‌وێت هه‌وڵی زیاتر بۆ كه‌ركوك بده‌ن، پارته‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كرا زیاتریان بكردایه، به‌ڵام كه‌ركوك شارێكی زۆر موعهقهدهسهـ تۆ ئێستا ته‌نیا باسی شارێكی كوردی ناكه‌یت، تۆ ئێستا باس له شارێك ده‌كه‌یت كه هی كورد‌و توركمان‌و عه‌ره‌به، هیچ دیكه نا‌توانیت به كه‌ركوك بڵێیت شارێكی كوردی‌و ده‌بێت حوكم به‌پێی ئه‌و خه‌ڵكه بده‌یت كه له شاره‌كه‌دایه. بێگومان له روی مێژوییه‌وه به‌شێكه له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئێستا نا‌توانیت داوا له خه‌ڵكه‌كه‌ی دیكه بكه‌یت شاره‌كه بهجێبهێڵن، ده‌بێت گوێیان بۆ بگریت، به‌ڕای من حه‌لی كه‌ركوك ئه‌وه‌یه كه ئه‌م سێ نه‌ته‌وه‌یه به‌یه‌كه‌وه كۆبكه‌یته‌وه رێگه‌یان بده‌یت به‌یه‌كه‌وه بژین، ره‌نگه ئه‌مه مانای دابه‌شكردنی شته‌كانی ناو كه‌ركوك بێت، حه‌لی ئه‌م گرفته نازانم‌و دڵنیانیم، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر دژواره، كرده‌ی تیرۆرستی ده‌ره‌كیی له‌م شاره روده‌دات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌مان له بیربێت كه ئه‌م شاره ته‌نیا شارێكی كوردی نییه، عهرهبو توركمانیش تیادایه هه‌رچه‌نده له روی مێژوییه‌وه كوردییه.
*بچینه‌وه سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان، پارته ئیسلامییه‌كان ئه‌مجاره به به‌راورد به رابردو و، خراپبونو ده‌نگی كه‌متریان هێنا. هه‌ندێك هۆكاره‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه پارته ئیسلامییه‌كان پهیوهندیانكردوه به پارته سۆسیالستییهكانهوه كه زۆرێك مسوڵمانی توند ئه‌مه‌یان به دڵ نه‌بوه. له‌سه‌ر ئه‌مه چی ده‌ڵێیت؟
بێنجامین هۆڵ: نازانم، زۆر له‌وباره‌یه‌وه نازانم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌زانم ئه‌وه‌یه كاتێك له رابردو و ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز بونی نه‌بو، هه‌ر كه‌سێك كه بیویستایه ده‌نگ به لایه‌نێكی دیكه بدات جگه له لیستی كوردستانی، هه‌ڵبژارده‌ی كه‌متری له‌به‌رده‌مدا هه‌بو، بۆیه له رابردو هه‌ركه‌سیان بدۆزیایه‌ته‌وه ده‌نگیان پێده‌دا، ئیسلامی، سۆسیالستی....به‌ڵام ئێستا ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه بونی هه‌یه، كه خه‌ڵكی ده‌توانێت شوێنی بكه‌وێت. بۆیه ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه رابردو و به‌وان درا، ئه‌مجاره‌یان نه‌ماو به‌ره‌و گۆڕان رۆشت. پێموایه له رابردو و بۆیه خه‌ڵكی زۆر ده‌نگیان به ئیسلامییه‌كان ده‌دا، چونكه ئۆپۆزسیۆنێكی راسته‌قینه بونی نه‌بو.
*ئایا ئه‌مه ئه‌وه‌ش ناگه‌یه‌نێت كه خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه زۆر حه‌زیان به پارتی ئیسلامی نییه؟
بێنجامین هۆڵ: له راستیدا له كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی كاتێك قسه له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكدا ده‌كه‌یت، یه‌كه‌م شت، خۆیان زۆر به ئیسلامی دانانێن وه‌كو خه‌ڵكی وڵاته ئیسلامییه‌كانی دیكه. به‌ڵێ پێموایه ئه‌م هه‌رێمه زۆر به باشی به‌ره‌و وڵاتێكی عه‌لمانی ده‌ڕوات. به‌دڵنیاییه‌وه خه‌ڵكی لێره ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناوێت.
* ته‌وه‌قوعی چی ده‌كه‌یت له په‌رله‌مانی داهاتودا روبدات؟
بێنجامین هۆڵ: له راستیدا ده‌بێت چاوڕێبكهین تا ببینین چی روده‌دات. له راستیدا بیستومه كه گرژی له‌نێوان پارتی‌و یه‌كێتیدا هه‌یه، چونكه پێیانوایه ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه هاوپه‌یمانێتییه‌كه دۆڕاندی، ده‌نگی یهكێتیبون. بۆیه دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات په‌نجا به په‌نجا پێناچێت دادپه‌روه‌رانه بێت به‌رامبه‌ر به پارتی، ئه‌گه‌ر ئه‌م دوانه جیاببنه‌وه ده‌بنه‌وه دو لیستی بچوك، لێره‌دا بردنه‌وه‌كه‌ی گۆڕان گه‌وره‌تر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ش بمێننه‌وه، هێشتا ده‌بێت گوێ بۆ ده‌نگی ئۆپۆزسیۆن بگرن. (24) له سه‌د هێشتا رێژه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌م ساڵ‌و ساڵی داهاتو نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌وان چاوهإوانیی چوار ساڵی داهاتون بۆ حكومه‌ت، ئه‌مه ئه‌و كاته‌یه كه ده‌كرێت گۆڕان به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستپێبكات كه ته‌واوی سیستمه‌كه ده‌كرێت سه‌ره‌و قڵپبكرێتهوهو گۆڕان به ئاسانی ده‌كرێت زۆرینه به‌ده‌ستبێنێت. چوار ساڵ زۆر زۆره، به‌ڵام هه‌مو لایه‌ك چاوه‌ڕوانی هه‌ڵبژاردنی داهاتو ده‌كه‌ن، تا ببینن چی روده‌دات.
*هه‌ندێك خه‌ڵك له رستیدا پێیانوایه زۆر باشه گۆڕان ئه‌م رێژه‌یه‌ی ئێستای به‌ده‌ستهێناوه‌و هێنده‌ی نه‌هێناوه كه حكومه‌ت پێكبهێنێت، چونكه ئاسان نه‌بو بۆ گۆڕان بتوانێت حكومه‌ت چاكبكاته‌وه كه له هه‌مو رویه‌كه‌وه له‌لایه‌ن دو پارته‌كه‌وه داڕوخاوه. نا‌توانیت به ئاسانی بیگۆڕێت، ده‌بێت یه‌كه‌مجار ئۆپۆزسیۆن بێت، پاشان باشتره حكومه‌ت به‌ریته‌وه. چی ده‌ڵێیت له‌و باره‌یه‌وه؟
بێنجامین هۆڵ: به‌دڵنیاییه‌وه، به‌ڵام پێموانییه هیچ پارتێك پێت بڵێت كه پێیان باشه ده‌نگی كه‌متریان هێناوه، به‌ڵام تێده‌گه‌م ده‌ڵێیت چی، هه‌مو پارتێك ده‌یه‌وێت زۆرترین ده‌نگ بێنێت، به‌ڵام پرسیاره‌كه په‌یوه‌ندی به متمانه‌وه هه‌یه، ئایا پارتێكت ده‌وێت حكومه‌ت بگرێته ده‌ست كه ته‌نیا ته‌مه‌نی سێ مانگه یان پارته‌كانی دیكه كه ئه‌زمونیان هه‌یه. ئاشكرایه كه ئه‌زمونێكی پإ گرفتبوه، به‌ڵام به‌ڵێ پێموایه پێویسته بنكه‌یه‌كی به‌هێزو دڵسۆزی بچهسپێنێتو نیشانی بده‌یت كه گۆڕانكاریت پێده‌كرێت.
*ئه‌گه‌ر به‌راوردی ئێره بكه‌ین به وڵاتێكی خۆرئاوایی یان ئه‌ورپی، ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت چ رۆڵێك بگێڕێت؟
بێنجامین هۆڵ: رۆڵێكی زۆر، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بێت‌و سه‌یری ئهمهریكاو به‌ریتانیا بكه‌ین. كۆمارییه‌كان‌و دیموكراته‌كان بۆ چه‌ند رێژه‌یه‌كی كه‌م كارده‌كه‌ن، بۆ یه‌ك یان دو له سه‌د. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه كه رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م ده‌كرێت ده‌سه‌ڵات له یه‌كێكی دیكه بسه‌نێته‌وه‌و بیدات به‌وی دیكه. ده‌بینم سیستمی سیاسیی كوردی به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕوات. پێموایه ئه‌گه‌ر گۆڕان كاره‌كانی به باشی بكات، پاڵپشتییه‌كانی زیاتر ده‌كات. پێموایه ئه‌م هه‌نگاوی یه‌كه‌مه به ئاراسته‌ی دیموكراسییه‌كی خۆرئاواییداو هیچ گومانم نییه كه كوردستان فۆڕمی دیموكراسی خۆی دروستده‌كات.
*ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی باسی خۆرئاوا بكه‌ین، ئایا پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كان توانای گۆڕینی بڕیاریان هه‌یه.
بێنجامین هۆڵ: ئه‌مه پشت به‌وه ده‌به‌ستێت پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كه چه‌نده گه‌وره‌یه. ئه‌گه‌ر سه‌یری پارتی لیبراڵ دیموكراته‌كانی به‌ریتانیا بكه‌ین وه‌كو سیستمێكی سێ پارتی كه پارتێكی بچوكه له‌چاو دو پارته گه‌وره‌كه‌دا، ئایا ده‌توانن كاریگه‌ربن له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كان، له راستیدا نه‌خێر، به‌ڵام له سیستمێكی وه‌كو ئێره‌دا، به‌دڵنیاییه‌وه به‌ڵێ. ئه‌مه پشت رێژه‌ی له سه‌دا ده‌به‌ستێت كه چه‌نده قه‌باره‌ت.
*وا بزانم ده‌بێت دواین پرسیارم بكه‌م، چونكه كاتم زۆر نه‌ماوه، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بزانم پێشبینی چی ده‌كه‌یت روبدات، وا بزانم له بهرنامهتدایه جارێكی دیكه بێیته‌وه بۆ كوردستان. حه‌زده‌كه‌یت كه هاتیته‌وه چی ببینیت؟
بێنجامین هۆڵ: به‌دڵنیاییه‌وه دێمه‌وه بۆ كوردستان. ئه‌م به‌شه‌ی جیهانم زۆر خۆشده‌وێت. ئه‌م وڵاته‌م خۆشده‌وێت ئه‌و روداوانهشم خۆشده‌وێن كه ئێستا ده‌گوزه‌رێن، حه‌زده‌كه‌م بنیادنانی دیموكراسی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ببینم گه‌شه‌بكات. ئه‌وه‌ی كه پێشبینی ده‌كه‌م روبدات ئه‌وه‌یه له راستیدا ئه‌وه‌ی روده‌دات ده‌بێت روبدات، لیستی كوردستانی ده‌بێت زیاتر به‌رپرسیار بێت به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌كانی، ده‌بێت له باره‌ی بودجه‌وه رون بن. له راستیدا هه‌بونی دو بودجه‌و دو وه‌زاره‌تی ناوخۆ نابێت، ده‌بێت ئه‌مه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ده‌بینم ئه‌م گۆڕانه روده‌دات‌و شه‌فافیه‌ت دروستده‌بێت. ته‌نیا كات ده‌توانێت پێمان بڵێت چی روده‌دات. ئه‌وه‌ی من هیواخوازم بۆ ئه‌م وڵاته ئه‌وه‌یه سیستمی خۆی دروستبكات. پێموانییه دروستبێت كه سه‌یری وڵاتێك بكهیتو بڵێیت ده‌بێت ئه‌و سیستمه‌مان هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌وه ببینیت كه لێیه‌وه دهستپێدهكهیتو ئه‌و سیستمه بۆ باشترین ئاست به‌ریت. پێموایه دیموكراسیی به واتای ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك ده‌بێت سیستمی حكومڕانیكردن بێت، به‌ڵام ره‌نگه له وڵاتێكدا كه خێڵه‌كییه، ده‌بێت بزانیت خه‌ڵك هه‌یه دڵسۆزی بۆ كه‌سه‌كان هه‌یه، ده‌بێت قسه‌یان له گه‌ڵدا بكهیتو پێیان بڵێیت كه شته‌كان چۆن ده‌بێت بگۆڕێن. شته‌كان ده‌بێت بگۆڕێن‌و پێموایه ده‌گۆڕێن.