سازدانی: (سبه‌ی)
كێشه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی كورد له‌ڕێگای ئیمزاكردنی چه‌ندین گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای بیانی و ئیدانه‌كردن و دژایه‌تیكردنی ئه‌و كاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌ن وه‌زیری نه‌وتی عیراق و لایه‌نه عه‌ره‌بییه عیراقییه‌كانه‌وه، بابه‌تێكی هه‌ستیاره كه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئابووری و دیپلۆماتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه.
د. جه‌زا تۆفیق تالیب پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر له زانكۆی سلێمانی و پسپۆڕ له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا له‌م دیداره‌دا باس له بایه‌خی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندی به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كورد و دابه‌شبوونی جوگرافیای نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه ده‌رهێنانی نه‌وت له ئێستادا بهپیَی به‌رنامه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چ سوود یان چ مه‌ترسییه‌كی هه‌یه بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستان.
* رێژه‌ی یه‌ده‌گی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستاندا چه‌نده و نه‌وته‌كه له‌ڕووی جوگرافییه‌وه چۆن دابه‌شبووه و ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن به نه‌وت ده‌كه‌ونه كوێوه؟
-عیراق به‌گشتی مه‌ڵبه‌ندێكی گه‌وره‌ی له‌خۆگرتنی نه‌وته له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌وته‌ی عیراقیش ده‌كه‌وێته سنووری جوگرافیای سیاسی هه‌رێمی كوردستانی عیراقه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌حوكمی چه‌ند هۆكارێكی جیۆلۆجی و فیزیۆلۆجی و جوگرافی، هه‌ندێك له پسپۆڕه‌كانی بواری نه‌وت وای ده‌خه‌مڵێنن كه زیاتر له 25% ی نه‌وتی هه‌موو عیراق وه‌ك یه‌ده‌گ ده‌كه‌وێته هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئه‌م چاڵه نه‌وتانه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ئه‌وه‌نییه ببێت، به‌ڵكو چه‌ند سیفاتێكی ئابووری و جوگرافی تێدایه كه بایه‌خی نهوتكه زیاد ده‌كه‌ن، به‌هۆی ئه‌م خاڵانه‌وه:
یه‌كه‌م/ یه‌كێك له‌و سیفاتانه بریتییه له‌وه‌ی كه بیره نه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان قوڵاییان كه‌مه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌توانرێت به‌زوویی بگه‌ینه نه‌وته‌كه، ئه‌مه‌ش مانای وایه بیره‌كان یه‌ده‌گێكی زۆری نه‌وتیان تێدایه، كه قوڵایی بیره‌كانیش كه‌مبێت، مانای وایه كولفه‌ی ده‌رهێنانی ئه‌و نه‌وته و وه‌به‌رهێنان و به‌كارهێنانی كه‌متر ده‌بێت.
دووه‌م/ بیره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو دابه‌شبوون به‌سه‌ر هه‌موو شوێنه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ر له ناوچه‌ی زومار و موسڵ و پارێزگای كه‌ركوك و خانه‌قین و تهقدیراتهكانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له پارێزگای سلێمانیدا بڕێكی ئێجگار زۆر یه‌ده‌گی نه‌وتی تێدا بێت، تا ده‌گاته ناوچه‌ی كه‌ركوكیش، كه‌واته ده‌توانین بڵێین كیڵگه نه‌وتییه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی گونجاویش دابه‌شبوون به‌سه‌ر هه‌موو خاكی كوردستانی عیراقدا.
* له ئاماژهكردنت بۆ نه‌وتی كوردستان باسی ناوچه دابڕاوهكانت كرد، ئایا رێژه‌ی نه‌وتی ئه‌و ناوچانانه زیاتره له‌و نه‌وته‌ی ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه؟
- كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌نه‌وت خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه ناوچه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان یان ناوچه دابڕاوه‌كان كه ئێستا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نین نه‌وتی زۆریان تێدایه، به‌شێكی زۆری سه‌رچاوه نه‌وتییه‌كان و سه‌رچاوه‌كانی غازی سروشتی له هه‌رێمی كوردستاندا كه‌وتۆته چوارچێوه‌ی پارێزگای كه‌ركوك، كه‌وتۆته چوارچێوه‌ی قه‌زای خانه‌قین و مه‌نده‌لی و به‌شه كوردنشینه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر و شه‌نگار و ناوچه‌كانی كوردستانین، به‌ڵام تائێستا نه‌گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌و نه‌وته‌ی كه ئێستا له پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌دا هه‌یه زۆر زۆر كه‌مه، به‌شی زۆری ئه‌و نه‌وته‌ی له‌ڕووی ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه ده‌كرێت ده‌ربهێنرێت ده‌كه‌وێته سنووری ناوچه دابڕاوه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ڕووی جیۆلۆجی و جوگرافیاوه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ئاماژه‌ی پێكراوه كه پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانیش یه‌ده‌گێكی زۆری تێدایه، ئه‌مه وه‌كو خه‌مڵاندنه، به‌ڵام له‌ڕووی به‌رهه‌مهێنان به‌شێكی زۆر زۆر كه‌م پێكده‌هێنێت.
به‌ڵام تائێستا پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای نه‌وت و دۆزینه‌وه‌ی، حكومه‌تی عیراقی له چوارچێوه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یدا داینابوو، چه‌ندین پسپۆر و كۆمپانیای جیهانیی هاتوون كه‌شفی باشووری عیراقیان كردووه و كه‌شفی هه‌رێمی كوردستانیشان كردووه، به‌ڵام زانیارییه‌كانی تائێستا بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه، پێده‌چێت دوای رووخانی رژێمی به‌عس له ساڵی 2003 وه راپۆرتی زانستیی به‌ده‌ست كه‌وتبن كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه له هه‌رێمی كوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی پارێزگای كه‌ركوكیش نه‌وتی زۆر هه‌یه، به‌ڵام ئێمه نابێت ته‌نها پشت به‌و راپۆرتانه ببه‌ستین، چونكه ئێستا هه‌رێمی كوردستان و عیَراق كراوه‌ن و ده‌كرێت كۆمپانیای كه‌شفكردن بهێنرێت و جارێكی دیكه مه‌سحی دوور ئامێز بكات و راستیی مه‌سه‌له‌كه بسه‌لمێنێت.
به‌ڵام له‌ڕووی تیۆرییه‌وه هه‌موو شوێنێكی عیراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه بڕێكی زۆ نه‌وتی تێدابێت، من ئه‌گه‌رێكی زۆر بۆ ئه‌وه داده‌نێم كه له ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی زۆریان تێدابێت، به‌ڵام ده‌كرێت له‌ڕێگای كه‌شفی دووره‌وه ئه‌م ئه‌گه‌رانه یه‌كلایی بكرێنه‌وه.
* باس له‌وه‌ده‌كرێت نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ یه‌ده‌گی نه‌وتی باشووری عیراق زۆركه‌مه، ئایا ئه‌مه خه‌مڵاندنێكی راست و زانستییه؟
- ئه‌گه‌ر سه‌یری نه‌خشه‌ی جوگرافی و جیۆلۆجی نه‌وتی عیراق بكه‌ین، ده‌بینین عیراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌وڵه‌مه‌نده به‌نه‌وت، چڕبوونه‌وه‌ی نه‌وت له عیراقدا ده‌كه‌وێته دوو شوێنه‌وه، یه‌كێكیان له باشووره كه له پارێزگای به‌سره‌یه و ده‌وڵه‌مه‌ندترین شوێنه له نه‌وتدا له عیراقدا، ئه‌مه راستییه‌كه‌ی جیۆلۆجی و جوگرافی و ئابوورییه.
هه‌رێمی دووه‌م كه ده‌وڵه‌مه‌نده به‌نه‌وت بریتییه له‌ناوچه‌ی كوردستان كه رێژه‌ی 25% تا 30%ی نه‌وتی هه‌موو عیراق ده‌كه‌وێته ئه‌م ناوچه‌یه‌وه، به‌ڵام نه‌ك باشوور، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت پارێزگای به‌سره به‌ته‌نها ده‌وڵه‌مه‌ندترین پارێزگایه له عیراقدا له‌ڕووی سه‌رچاوه‌ی نه‌وته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ناوچه سوننه مه‌زهه‌به‌كان له‌ڕووی جوگرافییه‌وه به‌نه‌وت هه‌ژارن، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه عه‌ره‌بی سوننه ترسی هه‌یه، چونكه ناوچه‌كانی ئه‌وان له‌چاو باشوور و هه‌رێمی كوردستاندا له‌ڕووی نه‌وته‌وه هه‌ژاره، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه شیعه‌كان زۆر ته‌ئكید له‌سه‌ر سیستمی فیدراڵی ده‌كه‌نه‌وه له باشووری عیراق، چونكه ده‌زانن ناوچه‌كه سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌وتی زۆر زۆر به‌هێزی تێدایه ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م ناوچه‌یه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان جۆره سیفاتێكی تری هه‌بێت ده‌بێت به‌ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه له عیراق و له هه‌رێمی كورستان ده‌وڵه‌مه‌ندتر و به‌هێزتریش ده‌بێت، ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت باشووری عیراق درێژخایه‌نی ناوچه‌ی كه‌نداوه و ده‌توانێت له‌ڕێگای كه‌نداوی عه‌ره‌بی و به‌نده‌ره‌كانه‌وه ببه‌سترێته‌وه به‌سعودییه و قه‌ته‌ر و ئیماراتهكانی دیكه‌وه كه ئه‌وانیش ناوچه‌ی گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتن له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و ئه‌مه‌ش خاڵێكه كه واده‌كات نه‌وتی ئه‌و ناوچه‌یه بایه‌خی زۆری هه‌بێت.
* ئه‌گه‌ر نه‌وتی كه‌ركوك به‌زۆر بزانین و پێشتر له‌سه‌ر نه‌وت ململانێیه‌كی مێژوویی كرابێت، له‌سه‌ده‌ی رابردوودا زۆرترین نه‌وتی عیراق له كه‌ركوك ده‌رهێنراوه و ره‌وانه‌ی دهرهوهكراوه، ئایا ئێستا كه‌ركوك ئه‌وه‌نده‌ی نه‌وت تێداماوه كورد وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌وت دڵی پێ خۆشبكات؟
- ئه‌گه‌ر سه‌یری سیاسه‌تی حكومه‌ته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی عیراق بكه‌ین به‌تایبه‌تی رژێمی به‌عس كه له ساڵی 1967ه‌وه هاته سه‌ر حوكم و له ساڵی 1972 نه‌وتی خۆماڵی كرد، سیاسه‌تێكی گه‌وره‌ی په‌یڕه‌و كرد، به‌تایبه‌ت چه‌ندین كۆمپانیای روسی و ئه‌وروپی هێنا و بۆی ده‌ركه‌وت به‌شێكی زۆری نه‌وت له عیراقدا كه‌وتۆته به‌سره و هه‌رێمی كوردستانه‌وه، پاشان به‌تایبه‌ت هات له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عیراقدا له ناوچه‌ی كه‌ركوك نه‌وتی ده‌رهێنا، هه‌موو پشتیوانییه‌كه‌ی بۆ ئه‌و شه‌ڕه له‌سه‌ر نه‌وت بوو، ده‌هات به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌وته‌ی له پارێزگای كه‌ركوك ده‌رده‌كرد له‌به‌ر دوو هۆكار:
یه‌كه‌م: رووپێووییه جیۆلۆجییه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخستبوو كه نه‌وتی كه‌ركوك نه‌وتێكی زۆره، ئه‌گه‌ر بێت و بڕێكی زۆری لێده‌ربهێنرێت ئه‌وا یه‌ده‌گی نه‌وتی كه‌ركوك كه‌مده‌كات.
دووه‌م: بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره و پوڵ بوو، چونكه ساڵانه شه‌ڕی ئێران و عیراق پێویستی به ملیاره‌ها دۆلار ده‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی بۆ بچێت به‌ڕێوه ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌فرۆشت.
ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان جۆری نه‌وته‌كه‌ی و یه‌ده‌گی نه‌وته‌كه‌ی، نه‌وتێكی زۆر زۆر باشه له چاو باقی شوێنه‌كانی دیكه‌ی عیراق، بێگومان ده‌رهێنانی نه‌وته‌كه كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك.
* له جیهاندا چه‌ندین جۆری نه‌وت هه‌یه له‌ڕووی باشی و خراپییه‌وه، ئایا ئه‌و نه‌وته‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه جۆره‌كه‌ی باشه؟
- نه‌وتی كوردستان له جۆره زۆر زۆر باشه‌كه‌یه، من تێزی ماسته‌رم بینیوه، تێزی دكتۆرام بینیوه كه له‌سه‌ر نه‌وت كراون و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت نه‌وتی ناوچه‌ی كه‌ركوك له نه‌وته زۆر باشه‌كانه له‌ڕووی چه‌ند خاڵێكه‌وه:
1) بیره‌كانی قوڵایی كه‌مه.
2) نه‌وته‌كه‌ی له چاو نه‌وتی به‌سره و ئێران و كوێتدا مادده‌ی پیسیی و خڵته‌ی كه‌متره.
3) به‌رهه‌مهێنانی پاره‌ی زۆری ناوێت.
به‌وپێیه‌ش نه‌وته‌كه بهنهوتێكی باش داده‌نرێت و له‌چاو نه‌وتی شوێنه‌كانی دیكه‌ی عیراقدا جیاوازی زۆره.
*وه‌ك پسپۆڕێكی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی چۆن ده‌ڕوانیت بۆ مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی نێوان نه‌وتی كوردستان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان، ئایا كورد له‌م باره‌ی ئێستادا ده‌توانێت له‌ڕێگای نه‌وته‌كه‌یه‌وه هیزێكی ئابووری گه‌وره په‌یدا بكات و پاشان فشاری سیاسی دروستبكات؟
- نه‌وت له‌ڕووی ره‌هه‌نده نه‌ته‌وه‌یی و ئاسایشییه‌كانه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆر لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌یه له‌به‌ر چه‌ند خاڵێك.
یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ی زانراوه ئابووری عیراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه 90% ی پشتی به‌نه‌وت به‌ستووه، ئه‌مه به‌پێی ئاماره ره‌سمییه‌كان. كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌یه، راسته ئێمه بنه‌مایه‌كی گه‌شت و گوزار و سامانی ئاژه‌ڵ و كشتوكاڵمان هه‌یه، به‌ڵام تائێستا سودێكی ئه‌وتۆی لێ وه‌رنه‌گیراوه. به‌ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م نه‌وته ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان سودمهندێكی باشبێت له واریداتی ئه‌و نه‌وته، به‌ڵام ئه‌مه پاش ئه‌وه‌ی له‌ڕووی یاساییه‌وه له‌گه‌ڵ عیراقدا یه‌كلایی بكرێته‌وه كه ئه‌م نه‌وته چۆن ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه و چۆن بفرۆشرێت، به‌ڵام خۆی نه‌وته‌كه هێزێكی گه‌وره ده‌دات به‌ئابووری هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه خاڵی یه‌كه‌مه.
دووه‌م: نه‌وت واده‌كات كه كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستاندا جێگیر بن.
ئه‌گه‌ر سه‌یری كۆمپانیا ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكییه زه‌به‌لاحه‌كان بكه‌ین ده‌بینین هه‌موویان روویان كردۆته بیابانه‌كانی عه‌ره‌به‌وه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر خۆشی ناوچه‌كه‌یان نییه، به‌ڵكو له‌به‌ر خۆشی ئه‌و سامانه گه‌وره‌ی نه‌وته كه له‌وێدا هه‌یه.
ئێمه خۆمان نازانین نه‌وت به‌رهه‌م بهێنین، ده‌ریبهێنین و به‌شوێنیدا بگه‌ڕێین، به‌ته‌ئكید كۆمپانیای تایبه‌ت ئه‌و كاره ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر گرێبه‌ستی درێژ خایه‌نی 10-20 ساڵیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین، ده‌توانین بڕێكی زۆر له كۆمپانیاكانی جیهان راكێشینه ناو هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌ڕووی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی و له‌ڕووی بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆجیا و ده‌سته‌مۆبوونی كادیره‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا كارێكی زۆر زۆر باشه.
سێیه‌م: له‌ڕووی سیاسییه‌وه ئه‌گه‌ر بتوانین به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه‌دا له‌ڕێی نه‌وته‌وه گرێبده‌ین شتێكی گرنگه، بۆنموونه بۆ دروستكردنی نه‌وته‌كه به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكای تێدا بێت، به‌رژه‌وه‌ندی توركیا و ئوردنی تێدا بێت، به‌رژه‌وه‌ندی فه‌ره‌نسای تێدا بێت، كه به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و خه‌ڵك و لایه‌نانه‌ی تێدا بوو له‌وانه‌یه زیاتر پشت قایمتر بێت و له‌ڕووی سیاسیشه‌وه پاڵپشتێكی زیاتر په‌یدا بكه‌یت.
لێره‌وه ده‌كرێت نه‌وت ببێته پاڵپشتێكی باش بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ڕووی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییه‌وه، له راستیدا ئه‌و شه‌ڕه‌ی تائێستا كورد كردوویه‌تی له زه‌مانی شێخ مه‌حموده‌وه شه‌ڕی ئه‌و ناوچه‌یه كه پێی ده‌ڵێن ناوچه دابڕاوه‌كان، ئێمه له كوردستاندا شه‌ڕ له پێناو سنووره‌كه‌ماندا ده‌كه‌ین، سنووری هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت ناوچه دابڕاوه‌كان، ئه‌و ناوچانه‌ش ئه‌و شتانه‌ی تێدایه كه ئێمه له‌سه‌ریان شه‌ڕ ده‌كه‌ین كه نه‌وت و گازی سروشتییه.
ئێمه شه‌ڕی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌سه‌ر سنووره، سنووره‌كه‌ش ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه به‌نه‌وت، كه‌واته به‌ناڕاسته‌وخۆ جه‌نگه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌یه كه له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه. من پێم وایه ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوچانه ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بوونایه به‌نه‌وت له‌وانه بوو هه‌ر پێشتر و له سه‌رده‌می به‌عسدا زووتر یه‌كلا ببوایه‌ته‌وه و حسابێكی تری بۆ بكرایه.
له‌به‌ر ئه‌وه بایه‌خه‌كه‌ی بۆچی زیاتر بووه، چونكه ده‌وڵه‌مه‌نده بهبههایهكی ستراتیجی گرنگ كه نه‌وت و گازی سروشتییه.
* ئایا كورد سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له هه‌نارده‌كردنی نهوتهكهیی و فرۆشیتنیدا؟
- من پێم وایه ئه‌م بابه‌ته مه‌سه‌له‌یه‌كی یاسایی و جیۆپۆلیتیكی تێده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی تائێستا هه‌یه ئه‌وه‌یه كه یاسای نه‌وتی عیراق یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه، پارله‌مانی عیراق تائێستا نه‌یتوانیوه یاسای نه‌وتی عیراق یه‌كلایی بكاته‌وه، پێش وه‌ختیش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێشخه‌ری كردووه و یاسای نه‌وت و گازی جێبه‌جێكردووه كه گوایه پشت به‌وه ده‌به‌ستێت و ده‌ڵێت ده‌كرێت كه‌شفی نه‌وت بكرێت و نه‌وته‌كه‌ش ده‌ربهێنرێت، ئه‌مه‌ش به‌هه‌ماهه‌نگی و راوێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقدا.
تائێستاش پارله‌مانی عیراق ئه‌و یاسایه‌ی په‌سند نه‌كردووه تا ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه بكرێت. به‌ڕای من ده‌كرێت له هه‌رێمی كوردستان كه‌شفی نه‌وت بكرێت و دهریشبهێنرێت، به‌ڵام ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وته‌كه كارێكی قورسه، خۆمان ده‌زانین هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی داخراوه و جێپێمان له‌سه‌ر ده‌ریا و زه‌ریا نییه، به‌ته‌ئكید ئه‌گه‌ر نه‌وته‌كه ده‌ربهێنین ده‌بێت له‌ڕێگای لوله كێشییه‌وه بینێرینه سوریا، یا بینێریته توركیا یا بینێریته عیراق یان ئێران تا له‌ڕێگای به‌حره‌وه بنێردرێته بازاڕه‌كانی جیهان و بفرۆشرێت.
ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت له‌ڕووی جیۆپۆلیتیك و سیاسی و یاس نێوده‌وڵه‌تییه‌وه چه‌ند ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌ی دێته به‌رده‌م، به‌ڵام كه‌شفكردن و ده‌رهێنانه‌كه‌ی مومكینه ئه‌گه‌ر ته‌نسیقێكی لۆجیكیانه و ژیرانه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقدا بكرێت، به‌كوردی ئه‌گه‌ر ئۆكهیهكی حكومه‌تی مه‌ركه‌زی به‌غدا دروستبكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ربه‌سته دیپلۆماسی و سیاسی و جیۆپۆلیتیكانهی له‌به‌رده‌مدا نه‌مێنێت.
*پێویست ده‌كات له ئێستادا كورد ئه‌وه‌نده ململانێ له‌سه‌ر ده‌رهێنانی نه‌وته‌كه‌ی بكات؟
- له هه‌رێمی كوردستان بوونی نه‌وت و شاره‌زا بوون له ده‌رهێنانی نه‌وت و دۆزینه‌وه‌ی خاڵه نه‌وتییه‌كان خۆی له‌خۆیدا شتێكی باشه، له‌وانه‌یه گۆڕانكارییه‌ك له عیراق یان له نه‌خشه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ببێت، یان گۆڕانكارییه‌كی جیۆپۆلیتیكی له خودی عیراقدا ببێت، ده‌رهێنانی ئه‌و نه‌وته و كه‌شفكردن و دۆزینه‌وه‌ی بیره‌كان ره‌نگه له حاڵی حازردا سوودی نه‌بێت، به‌ڵام ره‌نگه له داهاتوودا سوودی لێببینین.
من نموونه‌یه‌كت ده‌ده‌مێ، بۆنموونه ئه‌گه‌ر له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه و له‌دوای ساڵی 1991وه له سلێمانی و هه‌ولێر بیری نه‌وت هه‌بوونایه و پاڵاوگهشمان هه‌بوایه، راسته نه‌مانده‌توانی بینێرینه ده‌ره‌وه بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، به‌ڵام ده‌كرا به‌شی خۆمانی لێبپاڵێوین و تووشی قه‌یرانی كه‌میی سووته‌مه‌نی نه‌ده‌بووین.
له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ده‌كرێت به‌و نه‌وته بازاڕه‌كانی ناوخۆ تێربكهین و كێشه‌ی كه‌میی سووته‌مه‌نی ناوخۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، وه‌ك خاڵێكی دوورخایهنیش ده‌كرێت له داهاتوودا هه‌ر گۆڕانكاییهك له نه‌خشه‌ی جیۆپۆلیتیكی و جیۆ ستراتیجی عیراقدا بكرێت ئێمه بیره نه‌وتمان حازره و به‌واتایه‌كی دیكه بنه‌ما و پاڵپشته‌كانی سه‌ربه‌خۆبوون زیاترده‌بێت.
* نه‌بوونی كۆمپانیای خۆماڵی بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت كێشه بۆ كوردستان دروستده‌كات؟
- له‌ئێستادا كێشه نییه ئه‌گه‌ر هه‌موو كۆمپانیاكانیش بیانی بن، به‌ڵام پێویسته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نسیقێكی هونه‌رییان له‌گه‌ڵدا بكات، ده‌كرێت بیكات به‌مه‌رج كه كادیری كوردیش كاریان له‌گه‌ڵدا بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و پسپۆری و شاره‌زاییه به‌ڕای من زۆر زۆر گرنگتره له واریداتی نه‌وته‌كه.
راسته ئێمه نه‌وتێكی زۆر مان هه‌یه، به‌ڵام ناتوانین ئه‌و نه‌وته به‌كاربهێنین ته‌نانه‌ت ئاویش، ئێستا هه‌موو ئاوی ده‌ربه‌ندیخان و دوكان له بهستهكانهوه ده‌ڕوات، به‌ڵام توانایه‌كی وانییه ئه‌و ئاوه وه‌ربگیرێت كه له به‌ربه‌سته‌كانه‌وه ده‌ڕوات سوودی لێببینرێت بۆ كشتوكاڵ و گه‌شت و گوزار و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌م ئاویی له هه‌ولێر و سلێمانی و شاره‌كانی دیكه.
به‌ڕای من له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا و، له پێنج ساڵ و ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌مدا، ئه‌گه‌ر كادیری كوردی پسپۆڕی و شاره‌زایی له‌و كۆمپانیا نه‌وتییانه‌وه وه‌ربگیرێت ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه وایه ملیاره‌ها دۆلارمان ده‌ستكه‌وتبێت. بۆنموونه ئێستا ده‌كرێت له هه‌رێمی كوردستان بودجه‌ی ساڵانه‌مان بگاته حه‌وت تا هه‌شت ملیار دۆلار له پاره‌ی نه‌وتی عیراق، به‌ڵام مومكین نیه پسپۆرییه‌كی نه‌وتمان ده‌ستبكه‌وێت هه‌ر وا به‌ئاسانی.
له‌وانه‌یه له كون فه‌یه‌كونێكدا ئه‌وه‌نده ملیار دۆلارت ده‌ستبكه‌وێت، به‌ڵام له كون فه‌یه‌كونێكدا پسپۆری تهكنیكیت دهستناوكهوێت.
به‌ڕای من وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی پێم باشه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خاڵێك به‌زۆر له‌و رێككهوتننامهیهدا كادیره خۆماڵییه‌كان بخاته ناو ئه‌و كۆمپانیایانه‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ر فێری ده‌رهێنان و نهێنییه‌كان و ته‌كنه‌لۆجیای ده‌رهێنانی نه‌وت بن، من ئه‌وه به‌ملیاره‌ها دۆلار هه‌ڵده‌سه‌نگێنم.
* زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی كوردستان له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له رۆژێكدا چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه؟
- ئه‌گه‌ر حوكمه‌تی هه‌رێمی كوردستان بتوانێت تا چه‌ند ساڵێكی دیكه ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌یه‌وێت ده‌ریبهێنێت بگه‌یه‌نێته نزیكه‌ی ملیۆنێك به‌رمیل له رۆژێكدا، ئه‌مه خۆی هێزێكی ئابوورییه، چونكه سه‌رچاوه‌ی نه‌وته‌كه له هه‌رێمی كوردستاندایه، ده‌توانرێت ئه‌م فاكته‌ره ئابوورییه به‌كاربهێنرێت وه‌ك فشارێكی سیاسی و دیبلۆماتی و ته‌نانه‌ت وه‌ك فشاری سه‌ربازیش، ته‌نانه‌ت چه‌كی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانیش به‌رامبه‌ر وڵاتانی خۆرئاوا هه‌ر نه‌وته، چونكه سوپا و چه‌ك و ئه‌تۆم و توانای ئابووری دیكه‌ی نییه، ئه‌و چه‌كه‌ی زۆر جار به‌نیازن به‌كاریبهێنن بریتییه له به‌رزكردنه‌وه و نزمكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و كه‌مكردنه‌وه و زیادكردنی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته، به‌ڵێ ده‌كرێت نه‌وت بكرێته بنه‌مایه‌كی ئابووری و له‌ڕێگای ئه‌م بنه‌ما ئابوورییه‌وه نه‌وت وه‌ك چه‌ك و هێزه‌كانی دیكه به‌كاربهێنرێت.
* هه‌ندێك له‌و بڕوایه‌دان ده‌رهێنانی نه‌وت له ئێستادا سودێكی ئه‌وتۆی نییه و زیان به نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌گه‌یه‌نێت و ئێستاش داهاته‌كه‌ی ده‌چێته‌وه خه‌زێنه‌ی به‌غدا، بۆچوونتان له‌سه‌ر ئه‌وه چییه؟
- پرسیاره‌كه زۆر زانستییه، مه‌سه‌له‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت و ده‌رنه‌هێنانی نه‌وت پێویستی به بڕیارێكی ستراتیجی دوورئامێز هه‌یه كه پێوسته ماوه‌ی چه‌ند مانگێك و زیاتریش دیراسه بكرێت، ئایا ده‌رهێنانی نه‌وته‌كه به‌و رێژه زۆره زه‌ره‌روزیان له نه‌وه‌ی داهاتوومان ده‌دات؟ به‌ڵێ زه‌ره‌روزیان له نه‌وه‌ی داهاتوومان ده‌دات.
*ئایا خۆمان پێویستمان به‌نه‌وته؟ ئایا ئه‌گه‌ر نه‌وته‌كه ده‌ربهێنین ده‌توانین راسته‌وخۆ بیفرۆشین؟
- نه‌خێر ناتوانین راسته‌وخۆ بیفرۆشین، چونكه هۆكاری سیاسی و جیۆپۆلیتیكی هه‌یه و پاره‌كه‌ی ده‌چێته‌وه خه‌زێنه‌ی به‌غدا و به‌پێی به‌شی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی عیراق پاره ده‌درێته‌وه به‌هه‌رێمی كوردستان.
كه‌واته ده‌بێت سێ ره‌هه‌ند له‌به‌رچاو بگرین.
ده‌بێت نه‌وت ده‌ربهێنین به‌ڕێژه‌یه‌كی دیاریكراو كه بتوانین به‌شی پێداویستییه‌كانی خۆمان دابین بكه‌ین، تا ئه‌گه‌ر تووشی قه‌یرانی سیاسیی یان سه‌ربازیی بووینه‌وه له‌گه‌ڵ عیراق، ده‌ستپان نه‌كه‌ینه‌وه له‌وان تا نه‌وتمان بده‌نێ.
راسته هه‌رێمی كوردستان وڵاتێكی پێشكه‌وتوو نییه له‌ڕووی زانستی و ته‌كنه‌لۆجییه‌وه، له‌وانه‌یه ده‌رهێنانی چه‌ند سه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ به‌كاربردنی ناوخۆیی پێداویستییه‌كانمان دابین بكات، كه‌واته ده‌كرێت رێژه‌یه‌كی نه‌وته‌كه بۆ به‌كاربردنی ناوخۆمان ده‌ربهێنین.
ده‌كرێت ئه‌گه‌ر ته‌نسیقێكی باشی سیاسی و دیبلۆماسی بكرێت و بڵێین له میزانیه‌ی نه‌وتی عیراق بۆ نموونه17%ی بۆ كوردستان بێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌وته‌ی له هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌هێنرێت 25%ی بۆ هه‌رێمی كوردستان بێت.
بۆنموونه له باشووری سودان خوالێخۆشبوو جۆن گه‌ره‌نگ رێككه‌وتننامه‌ی به‌جۆرێك ئیمزا كردووه كه ئه‌و نه‌وته‌ی له باشووری سودان به‌رهه‌مده‌هێنرێت نه‌وتی هه‌موو سودانه، به‌ڵام 50%ی ئه‌و نه‌وته‌ی باشوور بۆ باشووره و 50%ی بۆ مه‌ركه‌زه.
جۆن گه‌ره‌نگ ئه‌وه‌شی له رێككه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌ركه‌زی سودان چه‌سپاند كه نه‌وت له هه‌ر شوێنێكی باشووری سوداندا ده‌رهێنرا 50%ی بۆ ئه‌و شوێنه ده‌بێت، بۆ نموونه وه‌ك بڵێین 50%ی نه‌وتی ده‌رهێنراوی كه‌ركوك بۆ پارێزگای كه‌ركوكه، وادیاره تائێستا هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیوه بڕێكی له‌و جۆره بچه‌سپێنێت.
ئه‌گه‌ر بكرێت سوود له‌و بڕگه‌یه‌ی باشووری سودان وه‌ربگرین زۆر كارێكی باشه.
بۆنموونه ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ نه‌وت له كۆیه دۆزرایه‌وه و توانای به‌رهه‌مهێنانی یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌بوو له‌ڕۆژێكدا.
ئێمه ئه‌گه‌ر توانیمان یاسایه‌كی وا داده‌نێین كه 50%ی نه‌وته‌كه‌ی كۆیه بۆ پارێزگای هه‌ولێر بێت به‌و پێه‌ی كۆیه سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێره، 95%ی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی مه‌ركه‌زی به‌غدا دابه‌ش بكرێت، ئه‌وا سودێكی زۆری بۆ ئێمه ده‌بێت.
كه‌واته ده‌كرێت ئه‌و نه‌وته‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه به‌شێكی خۆمانی لێده‌ربهێنین، به‌ڵام زۆر پێی لێدانهگرین، چونكه خۆمان ناتوانین راسته‌ۆخۆ بیفرۆشین و دواجار داهاته‌كه‌ی ده‌چێته‌وه خه‌زێنه‌ی به‌غدا، وه‌ك دكتۆر به‌هه‌م ساڵح وتبووی: "نابێت كه‌س قسه له‌و كێشه‌یه بكات و ئه‌و ده‌بێت مه‌حكه‌مه‌ی فیدراڵی یه‌كلایی بكاته‌وه"، ئه‌مه قسه‌یه‌كی راسته و پێویسته چاوه‌ڕێ بكه‌ین بزانین چی ده‌بێت.
مه‌سه‌له‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت وه‌ك ئاسایشی نه‌وت به‌لای كورد و به‌لای عه‌ره‌بیشه‌وه بابه‌تێكی هه‌ستیاره، عه‌ره‌به‌كان پێیان وایه ئه‌م نه‌وته زیاتر یارمه‌تی سه‌ربه‌خۆییبوون و به‌رفراوانبوونی مه‌ودای فیدراڵییه‌ت ده‌دات.
بۆیه ده‌بێت زۆر به‌هه‌ستیاری و به‌وردی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌وت بكرێت، چونكه له‌وانه‌یه ته‌نها كورد و حكومه‌تی به‌غدا قسه‌یان نه‌بێت له‌و نه‌وته‌دا، چونكه نه‌وت مادده‌یه‌كی ستراتیجی جیهانییه و له‌وانه‌یه وڵاتانی كه‌نداویش قسه‌یان هه‌بێت و ئۆپیكیش قسه‌ی تیا هه‌بێت و له دواجاریشدا وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش رۆڵێكی ده‌بێت له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا.
بۆیه به‌ڕای من واباشتره رێژه‌یه‌كی كه‌می نه‌وت به‌رهه‌مبهێنین له‌به‌ر دوو هۆ:
یه‌كه‌م: بازاڕه‌كانی كوردستان پێویستیان به‌ڕێژه‌یه‌كی دیاریكراوی نه‌وت هه‌یه، هه‌رێمی كوردستان وڵاتێكی گه‌وره‌ی ته‌كنه‌لۆجی وه‌ك چین نییه كه هه‌موو شته‌كانی به‌وزه كاربكات.
دووه‌م: راسته‌وخۆ ناتوانین نه‌وته‌كه بفرۆشین و له‌ڕێگای حكومه‌تی عیراقییه‌وه ده‌بێت بیفرۆشین، ئه‌مه‌ش واده‌كات پاره‌كه‌ی بچێته خه‌زێنه‌ی عیراقه‌وه و جارێكی دیكه‌ش له‌وێوه دابه‌ش ده‌كرێته‌وه و كورد ته‌نها 17%ی به‌رده‌كه‌وێته‌وه، بۆیه ئه‌و خاڵه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندیمان نییه.