دیمانه‌ی: گۆڤاری سیڤل
سڤیل: باس له‌وه ده‌كرێت به‌هۆی ناكۆكیت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌سه‌ركرده‌كانی گۆڕان له‌و بزوتنه‌وه‌یه عاجز بون؟
ئاسۆ عه‌لی: ده‌كرێت ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه به جۆرێك له‌دڵی خۆخۆشكردن لێكبدرێته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه نییه كه تێبینی و سه‌رنج و جیاوازی روانین و بۆچونیشم له‌سه‌ر شێوازی كاركردن و هه‌ندێ ئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه، نه‌بوه و نییه، به‌ڵام ئه‌وه یه‌كێك له‌خاڵه به‌هێزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، كه حیزب یان بزوتنه‌وه و پێكهاته‌یه‌كی له‌و جۆره نییه، كه له چوارچێوه‌یه‌كی له‌پێشدا دیاریكراو بۆ مهسهلهكاندا لهقاڵبدرابێت. به‌دڵنیاییه‌وه گه‌شه‌كردن و داهینان له بۆته‌ی جیاوازی بیروبۆچوندا به‌دیدێت، وه‌ك خۆشم هه‌میشه و له‌هه‌ر شوێنێكدا كارم كردبێت، خاوه‌ن بۆچون و روانینی تایبه‌تی خۆم بوم و له‌پێناو به‌رگری لێكردنیشیدا ئاماده بوم روبه‌ڕوی هه‌ر زیانێك ببمه‌وه. هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه به‌دڵنیاییه‌وه ئێستا و له‌داهاتوشدا هه‌مان هه‌ڵوێستم ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێست و گله‌ییانه له‌پێناو ئه‌ولا گۆڕانه و بۆ ئه‌ملا گۆڕان نییه.
سڤیل: تیبینی و گلهییهكانت له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چیه؟
ئاسۆ عه‌لی: گلهییهكانم له‌چوارچێوه‌ی میكانزمی كاركردن و هه‌ندێ روانین و سیمای خۆڕزگارنهكردن له رابوردوه، جگه له هه‌ندی شتی بچوك كه زۆر جه‌وهه‌ری نین، به‌ڵام گوێپێنه‌دانیان زیان به داهاتوی بزوتنه‌وه‌كه ده‌گه‌ێنێت. هاوكات پێویسته ئه‌و راستییه فه‌رامۆش نه‌كرێت، كه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بزوتنه‌وه‌یه‌كی جیاواز و نوێ و فره‌ڕه‌نگ و خۆڕسك و جه‌ماوه‌ریه به ئامانجی گۆڕینی ئاشتیانه و مه‌ده‌نیانه‌ی شێوازی حوكومڕانی. ئه‌وه‌ی وا ده‌بینێت كه ده‌بێت لایه‌نگران و هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه وه‌كو كۆرس به‌یه‌ك نه‌غمه بخوێنین، ئه‌وه له سروشت و خاڵی به‌هێز و گرنگی بزوتنه‌وه‌كه تێنه‌گه‌یشتوه.
سڤیل: ئه‌وه‌ی كه باس ده‌كرێت ناكۆكی قوڵ هه‌یه له‌نێوان سه‌ركرده‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تاچه‌ند راسته؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر چین. ئه‌گه‌ر نییه ئه‌و ده‌نگۆیانه له‌پای چی ده‌كرێن و له‌كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟
ئاسۆ عه‌لی: به‌دڵنیاییه‌وه به‌واتای ناكۆكی، ناكۆكی نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه خاڵ و روانینی هاوبه‌شی زۆر و پته‌وی نێوان هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌كه سه‌چاوه‌ی به‌دیهێنانی بزوتنه‌وه‌كه‌یه، ئه‌و جیاوازییانه‌ی هه‌یه، زیاتر به‌ئاڕاسته‌ی چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی هه‌ندێ ئه‌ركی رۆژانه و چۆنیه‌تی روانین بۆ هه‌ندێ بابه‌تی یهكلانهبوهوهیه. نه‌ك له‌سه‌ر شته بنه‌ڕه‌تییه‌كان. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یه‌وێت بزوتنه‌وه‌یه‌ك بێت، ته‌واو جیاواز له‌شێوازی كاركردنی پێشوی حیزب و كه‌ش و ژیانی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ش له گرنگی و كاریگه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و به‌شێكه له‌و جه‌نگه ده‌رونییه‌ی كه زۆر به‌خێرایی ده‌پوكێته‌وه و له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه وه‌رناگیرێن چونكه بنه‌مایه‌كی به‌هێزیان نییه.
سڤیل: له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7دا شه‌وانه له ته‌له‌فزیۆنی KNNه‌وه ده‌سته ده‌سته خه‌ڵك پیشان ده‌دران كه ده‌هاتنه ناو گۆڕان، ئێستا به‌پێچه‌وانه‌وه له راگه‌یاندنه‌كانی یه‌كێتیه‌وه باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی كادران و هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كرێت، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مانه تاچه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانی گۆڕان ده‌بێت؟
ئاسۆ عه‌لی: ئه‌و دو دۆخه دو بابه‌ت و شێوازی زۆر له‌یه‌ك جیاوازن، یه‌كه‌میان سروشتی و راسته‌قینه بو، ئه‌مه‌ی تریشیان لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی ناجۆری بێ بنه‌مایه. ئه‌و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنانه زۆر سروشتی بو، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و خه‌ڵكانه‌ی ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی، به ده‌ستبه‌رداربونی موچه و پله و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆیانه‌وه، هه‌ڵوێستیان بۆ پشتیوانی له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان راده‌گه‌یاند. ئه‌وانه‌ی كه له ریزه‌كانی یه‌كێتی یان لایه‌ن و گروپ و پێكهاته‌كانی تر و چه‌ندقاتی ئه‌وه‌ش له‌خه‌ڵكانی ئاسایی ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌كانه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بون به ریزه‌كانی گۆڕانه‌وه، شوێنكه‌وته‌ی بۆچونێكی خۆڕسكانه دروستبوی ناخی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بون و ئه‌و راگه‌یاندنه‌ش زاده‌ی دۆخێكی ده‌رونی تایبه‌ت و وه‌ڵامێكی سروشتی قۆناغێك بو كه ئه‌گه‌ر وه‌ك كاردانه‌وه‌ی روانین و ره‌فتاری ناجۆری به‌رامبه‌ر نه‌بوایه ده‌كرا وانه‌بێت. ئه‌وه‌یش تێپه‌ڕی و كۆتایی پێهات. به‌ڵام ئه‌م شانۆگه‌رییه لاوازانه‌ی ئێستا ئه‌نجام ده‌درێن، به‌شێكه له‌و هه‌وڵه هیوابڕاوانه‌ی بۆ خه‌ڵك و خۆخه‌ڵه‌تاندن به‌كار ئه‌نجامده‌درێن. ئاشكرایه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان حیزب نیه، پێكهاته‌یه‌كی كۆنكرێتی له‌قاڵبدراو نیه، جگه له ئه‌ركی دڵسۆزانه، پله‌وپایه‌ی هاوشێوه‌ی شوێنانی تری نییه تا خه‌ڵك وه‌ربگرێت و دواتر ئه‌و خه‌ڵكه به‌جێی بهێڵێت و بڕوات. په‌یوه‌ست بون به گۆڕانه‌وه، هه‌م زۆر ئاسان و هه‌م زۆر گرانه. ئه‌وانه‌ی به‌تێگه‌یشتن و هوشیارییه‌وه كاری بۆ ده‌كه‌ن سامان و سه‌روه‌تێكی زۆر به‌به‌هاو جێگیرن و ئه‌وانه‌ش كه به‌هه‌ڵه ده‌كه‌ونه ناو گۆڕانه‌وه، ماڵئاوایی كردنیان، ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی ماڵی گۆڕانه. ئه‌وه‌ی ئه‌نجام ده‌درێت ته‌نها ریكلامێكی فاشلی كورتخایه‌نه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه زیاتریش ده‌چێته قاڵبی مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنه‌وه. بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی معامهلهكهش سه‌دان و هه‌ندێجار هه‌زاران قات له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر ده‌كرێت و ده‌فرۆشرێته‌وه به‌و خه‌ڵكه‌ی هه‌مو رۆژو چركه‌و ساتێ پێكه‌وه‌ن و ئاگاداری یه‌كن و كڵاویان له‌سه‌ر نانرێت. شانۆگه‌ری له‌و بابه‌ته له‌مێژوی ژیانی سیاسی ئه‌م میلله‌ته‌دا زۆر بوه، به‌ڵام هه‌روه‌ك چۆن هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێش‌و وه‌ڵامی زۆر شتی له‌و بابه‌ته‌یان دایه‌وه، هه‌ڵبژاردنی داهاتویش وه‌ڵامی هاوشێوه‌ی ده‌بێت و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش نه‌ك هه‌ر كاریگه‌ر نه‌بوه به‌و بانگه‌شانه، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ئێستا جێپێی قایمتر و ناسراوتره و خه‌ڵك زیاتر له ئاڕاسته‌ی بۆچون و به‌رنامه‌كانی تێگه‌یشتون، هه‌ر بۆیه له‌و بڕوایه‌دام پشتیوانیه‌كه‌ی ئه‌مجاره به‌رفراوانتر و زیاتر ده‌بێت له‌هه‌ڵبژاردنی 25/7.
سڤیل: دوای ئه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌هۆی نوسینه‌كانی جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان مسته‌فا له‌سه‌ر یه‌كتر بارگرژیه‌كی توندی تێكه‌وت و پاشان به‌هه‌وڵی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و بارگرژیه هێور كرایه‌وه، ئێستا له‌راگه‌یاندنه‌كانی هه‌ردولاوه دیسان خه‌ریكه ئه‌م بارگرژیه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، پێتوایه له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوی عێراقدا ئه‌م بارگرژیه بگاته‌وه ئاستێكی مه‌ترسیدار؟
ئاسۆ عه‌لی: نه‌خێر ئه‌مجاره ئه‌گه‌ری دروستبونی بارگرژی بۆ ئاستی مه‌ترسیدار زۆر له جاری پێش‌و لاوازتره، ئه‌و نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی جاری پێش‌و هه‌بو ئه‌مجاره زۆر كه‌متر ده‌بێت. چونكه له‌لایه‌ك دۆخه‌كه گۆڕاوه و له‌لایه‌كی تره‌وه سروشتی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش جیاوازه. به‌دڵنیاییه‌وه له‌هه‌ڵبژاردندا جۆش و حه‌ماس زیاد ده‌كات. هه‌ر لایه‌كیش بۆ پیشاندانی بیانوی بون و هاتنه مه‌یدان، مافی خۆیه‌تی ئه‌و خاڵانه‌ی پێگه‌ی به‌هێزتر ده‌كه‌ن و ئه‌و ره‌خنانه‌ی له‌سه‌ر لاكانی تر هه‌یه‌تی گه‌ش و زه‌ق بكاته‌وه. ئه‌مانه شتی سروشتین و دروست ده‌بن و له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا زیاد ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م جۆش و حه‌ماسه نابێت بگاته ئاستێك زیانی له‌سودی زیاتر بێت. هاوكات هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی و ته‌نانه‌ت ئه‌و حیزبانه‌ی تا ئاستی ستراتیژیش هاوپه‌یمانن. ئه‌گه‌ر جیاوازی روانین و هه‌ڵسه‌نگاندنیان له‌سه‌ر سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی یه‌كتری نه‌بێت، به‌هانه‌یه‌ك بۆ بونیان نامێنێت. تۆ كه وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌ك یان حیزبێكی سیاسی هه‌یت، ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌یه كه تۆ جیاوازیت و شته‌كان له‌گۆشه‌یه‌كی تره‌وه ده‌بینیت. هه‌ر لایه‌كیش بیه‌وێت به‌ناوی یه‌كڕیزی و گوایه به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆی وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنێت و خۆی بكاته میراتگر و خاوه‌ن تاپۆی رابوردو و داهاتوی میلله‌ت و هه‌ر رهخنهلێگرتنێكی به تاوان بداته قه‌ڵه‌م. جگه له لایه‌نێكی خاوه‌ن عه‌قڵیه‌تی پاوانخوازانه‌ی به‌سه‌رچو هیچی تر نییه.
سڤیل: ئه‌گه‌ر ئێوه تیبینیتان له‌سه‌ر شێوازی حوكمڕانی و به‌ڕێوه‌بردن هه‌یه، له كوردستان پارتی و یه‌كێتی له‌مه‌دا هاوبه‌شن حكومه‌تیان به‌ده‌سته، به‌ڵام گۆڕان تێبینی و قسه‌كانی له‌سه‌ر یه‌كێتی ده‌كات، هه‌ست ده‌كرێت گۆڕان بێده‌نگی به‌رامبه‌ر به‌پارتی هه‌ڵبژاردوه، ئه‌م بێده‌نگیه‌ی ئێوه به‌رامبه‌ر پارتی بۆچی؟
ئاسۆ عه‌لی: ره‌خنه و هه‌ڵوێست و بۆچونه‌كانمان به‌دیاریكراوی نه به ئاڕاسته‌ی یه‌كێتییه نه پارتی. به‌ڵكو به ئاڕاسته‌ی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنه. ئه‌م شێوازی بهڕێوهبردنهش هه‌م یه‌كێتی و هه‌م پارتی و هه‌م به‌شێك له‌ئێمه‌ش كه پێشتر له یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا بوین به‌قه‌د ئه‌و بهشداریهمان لێی به‌رپرسیارین. ئێمه ره‌خنه له‌هه‌ر هه‌ڵه و له‌هه‌ر سیاسه‌تێكی نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكدا ده‌گرین و باكمان نییه روی كێ و چ لایه‌ك ده‌گرێته‌وه به خۆشمانه‌وه. بۆیه كه‌س له‌ره‌خنه لێگرتن به به‌ده‌ر نازانین.
هه‌ندێك به‌تایبه‌تی له‌ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا ده‌یانه‌وێت وای لێبكه‌ن كه كاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دژایه‌تیكرنی ئه‌وانه. ئێمه پارتی و یه‌كێتی و هه‌ر حیزب و لایه‌نێكی تریش كارێكی باش و خزمه‌تێك بكه‌ن، ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌ین، هه‌ركارێكیش زیان به میلله‌ته بگه‌ینێت ره‌خنه‌ی لێده‌گرین و به رویدا ده‌وه‌ستین. بۆ مه‌سه‌له‌ی دانیشتن و گفتوگۆش، ئێمه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی تر جگه له‌وانه‌ی به ئاڕاسته‌ی تیرۆر‌و تۆقاندندا بیرده‌كه‌نه‌وه و ئاماده‌نین زمانی گفتوگۆ به‌كاربێنن، له گۆڕه‌پانێكی سیاسی هاوبه‌شدا كارده‌كه‌ین. بۆیه هه‌ر لایه‌ك له زه‌مینه‌ی گونجاو‌دا، خوازیاری گفتوگۆ و كاری هاوبه‌ش بێت، بێ دودڵی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین.
سڤیل: گۆڕان به هه‌ڵبژاردنی 25/7دا زیاتر له 400 هه‌زار ده‌نگی هێنا، مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت خه‌ڵك به‌هه‌ڵه‌دا چوه ده‌نگی به‌گۆڕان داوه، هه‌ڵه‌ی 400 هه‌زار ده‌نگده‌ر له‌چیدایه؟
ئاسۆ عه‌لی: ئه‌وانه‌ی وا بیربكه‌نه‌وه كه میلله‌ت به‌هه‌ڵه‌دا چوه، ده‌توانن به‌شوێن میلله‌تێكی گونجاوتردا بۆخۆیان بگه‌ڕێن، ئه‌گینا میلله‌ت چۆن به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چێت؟! ئاشكرایه هه‌میشه هه‌قیقه‌ت لای گه‌له، خه‌ڵك به‌كۆی ئه‌و هه‌نگاو و ئاڕاستانه‌ی وه‌ری ده‌گرن، ده‌ربڕی به‌رژه‌وه‌ندیه ره‌وا و سه‌ره‌كییه گشتییه‌كانی خۆیانن.
له‌هه‌ڵبژاردنی پێشودا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بێ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست بێت، بێ ئه‌وه‌ی توانایه‌كی جێگیر و فه‌رمی دارایی هه‌بێت، به‌بێ ناسێنراوییهكی فراوان و پێشینه‌دار كه ئیشی سه‌ره‌كی ناساندنی به‌رنامه ودروشمهكان و لۆگۆكه‌ی بو به‌خه‌ڵك و سه‌رباری ئه‌و هه‌مو ساخته‌كاری و ناڕێكیهی له‌هه‌ڵبژاردندا ئه‌نجامدرا، توانی نزیكه‌ی نیوملیۆن ده‌نگ، كه یه‌ك له‌سه‌رچواری كورسیه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانه به‌ده‌ست بێنێت. ئه‌مه بۆخۆی وه‌ڵامه بۆ ئه‌و روانینه‌ی خۆی به هه‌ڵه‌دا چوه نه‌ك ویست و خواستی خه‌ڵك، له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌شدا خه‌ڵك زۆر له‌وه گه‌رمتر ئه‌و راستیه رون ده‌كه‌نه‌وه كهبهههڵهدا ناچن و نه‌چون.
سڤیل: به‌ڵام یه‌كێتی ده‌ڵێن ئه‌م جاره ئێمه له‌سلێمانی له‌گۆڕان ده‌به‌ینه‌وه؟
ئاسۆ عه‌لی: جاری پێشویش ده‌یانوت گۆڕان له كوردستاندا دو كورسی ده‌هێنێت و ئێمه‌ش سێ كورسیان به‌دیاری ده‌ده‌ینێ، ئێستاش هه‌مان نه‌غمه‌یه دوباره ده‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ شتێك بڵێن. ئه‌گینا ئه‌و قسانه بازاڕیان شكاوه و (7/3)ش رۆژێكی دورنیه.
سڤیل: ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ململانێی گۆڕان و یه‌كێتی له‌سه‌ر كه‌ركوك گه‌رمتره، گۆڕان ده‌توانێت له‌كه‌ركوك له‌یه‌كێتی بباته‌وه؟
ئاسۆ عه‌لی: كه‌ركوك سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شه هه‌ره غهدرلێكراوهكهی كوردستان و عێراقیشه، كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێگیربون یان پشێوی عێراقیشه. چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك، هه‌نگاوی بنه‌ڕه‌تی به‌ڕه‌وا ناسین و به‌ڕه‌وا ره‌فتاركردن له‌گه‌ڵ خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه و ئه‌و كلیله‌یه كه هه‌م ده‌رگای به‌هه‌شت و هه‌م ده‌رگای دۆزه‌خیشی پێده‌كرێته‌وه. له‌و گرنگییهوهیه هه‌مو لایه‌نه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
رابردوی ره‌فتاركردن له‌گه‌ڵ كه‌ركوكیشدا دۆخێكی وای دروستكردوه، له هه‌مو شوێنێكی تر زیاتر پێویستی به گۆڕان بێت. ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به جۆرێك و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداش به‌جۆرێك ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ سه‌رانسه‌ری كوردستان به‌گشتی و كه‌ركوك به‌تایبه‌تی كردوه كه بێزاری ناڕه‌زایی له‌كه‌ركوكدا ئه‌گه‌ر له‌پارێزگاكانی تری كوردستان زیاتر نه‌بێت كه‌متر نیه. بۆیه خه‌ڵك به‌شوێن چاره‌سه‌ر و روانینێكی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێن تا كێشه‌كانیانی پێچاره‌سه‌ر بكه‌ن. لێره‌وه وای ده‌بینم ئه‌و زه‌مینه‌و هه‌لی هه‌ڵبژاردنه له‌لایه‌ك و ئه‌م حوزور و هاتنه مه‌یدانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌لایه‌كی تره‌وه، كه‌شێكی ئه‌وتۆیان بۆ خه‌ڵكی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی تر ره‌خساندوه، كه بتوانن هه‌نگاوێكی گه‌وره بۆ رزگاربون له‌گێژاوی ئه‌و گێرمه و كێشه بێهوده‌یه‌ی پێی گیرۆده كراون، بنێن.
سڤیل: رات له‌سه‌ر كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێم چیه، ده‌وترێت كابینهیهكه ناتوانێت سه‌ركه‌وتو بێت به‌وپێیه‌ی رێگری زۆری له‌به‌رده‌مه؟
ئاسۆ عه‌لی: ئه‌م حكومه‌ته له‌ڕوی پێكهاته‌وه لهتهنگژهیهكی قوڵدایه، له‌ڕوی زه‌مینه‌ی كاركردنیشه‌وه، حكومه‌تێكه زه‌مینه‌ی سه‌ركه‌وتنی لاوازه، چونكه نه‌ك هه‌ر خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری تۆكمه و به‌هێز نییه، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م گومان و ناڕه‌زایی خه‌ڵكدایه و له به‌رامبه‌ردا پێگه حیزبیهكهشی نه‌ك به‌شێك له‌و بۆشاییه‌ی بۆ پڕناكه‌نه‌وه، به‌ڵكو له‌ژێر گوشاری چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌كی ناكۆك و جیاواز له‌ڕوانین و به‌رژه‌وه‌ندیدا، هه‌میشه ههناسهسواره و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بیشییهوێت، ناتوانێت به ئه‌ركه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بگات، سه‌رباری ئه‌وه‌ی بۆته میراتگری كۆمه‌ڵێك گرفت كه له‌چه‌ندین ساڵی رابردوی حوكمڕانی كوردستاندا دروستكراون، ئه‌وه‌ی بۆی ماوه‌ته‌وه رێكلام كردنه نه‌ك كاری بنه‌ڕه‌تی و چاره‌سه‌ری ریشه‌یی و ئاشكرا دیاره ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یه‌وێت بۆ چه‌ند ده‌نگێكی هه‌ڵبژاردن سود له‌هه‌ندێك پرۆژه ببینێت، هێنده نیه‌تی خزمه‌ت گه‌یاندنی له‌ڕێی پرۆژه‌كانه‌وه نییه و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌ینێت هه‌نگاون له‌پێناوی ویستێكی تردا نه‌ك له‌پێناوی ئامانجه بنه‌ڕه‌تیه‌كاندا. ئه‌م حوكمڕانییه زیاتر له به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاواره ده‌چێت كه خه‌ڵك تێیدا هه‌میشه چاوه‌ڕێی هاوكاری خێرخوازانه بێت، وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌رفراوان دێته به‌رچاو كه مانگانه له‌به‌غداوه موچه‌ی بۆ بێت و به‌ناڕێكی به‌سه‌ریدا دابه‌شبكرێت و دوای سه‌ری مانگ دیسان بكه‌وێته‌وه چاوه‌ڕوانی، ئه‌مه سهركهوتوانهترین شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئۆردوگا و فاشلترین شێوزای فه‌رمانڕه‌واییه له‌سه‌رانسه‌ری دنیادا. ده‌سه‌ڵاتێك نه‌یتوانیبێت دوای 18 ساڵ، خاوه‌نی سیسته‌مێكی سیاسی تۆكمه و ئیداره‌یه‌كی گه‌شه‌كردوی هاوچه‌رخ و ئابورییه‌كی له‌سه‌رپێی خۆ راوه‌ستاو و پشتیوانییه‌كی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵك بێت، به دڵنییاییه‌وه ناتوانی له‌ململانێ ناوخۆیی و ههرێمیهكانیشدا خاوه‌نی ئیراده‌و سه‌پاندنی خواست و داوا ره‌واكانی خه‌ڵك بیت. ئه‌مه وای كردوه هه‌م له‌ڕوی سیاسی و هه‌م له‌ڕوی خزمه‌تگوزاریه‌وه نه‌توانێت سه‌ركه‌وتو بێت. رزگار نه‌بون له‌مۆته‌كه‌ی دو ئیداره‌یی و به‌یه‌كچاو و یه‌ك بڕیار مامه‌ڵه نه‌كردن، نه‌ك له‌گه‌ڵ دانیشتوان و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رباری ده‌ست تێوه‌ردانی كه‌س و ده‌سته جیاواز و ناكۆكه‌كانی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، رایه‌كی گشتی خۆ به‌خاوه‌ن نه‌زانینی لای خه‌ڵك به‌دیهێناوه. بۆیه ئێستا چالاكییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر ده‌توانێت رێڕه‌وی پرۆسه‌ی سیاسی ئاڕاسته بكات. رونه له‌دوای هه‌ڵبژاردنیش دۆخی ئه‌م حكومه‌ته ئاڵۆزتر ده‌بێت و وایده‌بینم كه ماوه‌كه‌ی خۆی ته‌واو ناكات.
تێبینی: گۆڤاری سڤیل ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ (ئاسۆ عه‌لی)دا ئه‌نجامداوه، له‌به‌ر گرنگی ناوه‌ڕۆكی دیمانه‌كه سبه‌ی دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی سڤیل، جارێكی تر بڵاویده‌كاته‌وه...