دیمانه: رۆژنامه
رۆژنامه: چه‌ند مانگێكه گۆڕانكاری‌و هه‌ژانێكی گه‌وره له پێكهاته‌ی سیاسیی كورددا رویداوه، ئێوه له پێش (25/7)دا‌و لهنوسینهكانتاندا زۆر له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه دوان، ئێستا چۆن دۆخه سیاسییه‌كه ده‌خوێننه‌وه؟
سه‌ردار عه‌زیز: گۆڕان له خواسته‌وه بو به واقیع، به‌ڵام به واقیعبونی گۆڕان مانای ئه‌وه نییه كه گۆڕان هاتوه‌ته ئاراوه.ئه‌وه‌ی ده‌توانرێت بوترێت، ئه‌وه‌یه كه ئێستا جۆرێک له رێکخستن هه‌یه بۆ خواستی گۆڕان كه خواستێکی گشتییه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا.کاتێک ئێمه ده‌ڵێین، خواستی گۆڕان هه‌یه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، ئه‌مه راستییه‌كه، به‌ڵام ناسنامه‌ی ئه‌م گۆڕانه نادیاره.خواستی گۆڕان په‌رچه‌کرداره كه هێشتا نه‌بوه‌ته دونیابینییه‌کی تایبه‌ت.دیاره پڕۆسه‌ی گۆڕان، به‌تایبه‌ت گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌میشه جۆرێک له خۆڕسکیهت و شپرزه‌یی له‌لایه‌ک و له لایه‌کی تره‌وه له ته‌متومان پێچراوه، بۆیه ده‌زگایه‌ک یان رێکخراوێک پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م خواسته له خۆڕسکیهتهوه بگوازێته‌وه بۆ رێکخراو و هه‌روه‌ها تهمتومانهکهی بڕه‌وێنێته‌وه.
له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا جۆرێک له پچڕان رویداوه، شه‌مه‌نده‌فه‌ری خواسته‌کانی خه‌ڵک له وێستگهکهیدا که‌وتوه‌ته ئیش، به‌ڵام هێشتا نازانێت بۆ کوێ سه‌فه‌ر ده‌کات، هێشتا ره‌نگه له زۆر جێگادا هێڵی بۆ رانهکێشرابێت.ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی حه‌زی کۆمه‌ڵگای خسته‌گه‌ڕ، ئه‌وا ئێستا ده‌بێت و له هه‌مانکاتدا به‌رپرسه له‌وه‌ی كه بیخاته سه‌ر رێگا‌و بیبا بۆ جێگایه‌کی تر.ئه‌گه‌ر به زمانێکی تر قسه بکه‌ین، ئێمه له ساته‌وه‌ختێکی گواستنه‌وه‌دا ده‌ژین، خه‌ون و خواستمان هه‌یه بۆ گواستنه‌وه، به‌ڵام نازانین بۆ کوێی بگوێزینه‌وه، به چ رێگایه‌کدا بڕوێن.ناتوانرێت زۆر درێژه به‌م ساته‌وه‌خته بدرێت، بۆیه کارێکی هه‌نوکه‌ییه كه گۆڕان ئۆرگانیزه ببێت.
له هه‌مانکاتدا گۆڕان سیاسه‌تی گێڕاوه‌ته‌وه بۆ دونیای ئێمه، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا بۆ به‌ربه‌ستکردنی ئه‌م زیندوبونهوهیهی سیاسه‌ت، هێزگه‌لێکی تر له په‌رچه‌کرداردا زیاتر و زیاتر پانتاییه گشتییه‌کانیان به حیزبی کردوه.ده‌بێت ئه‌م گێڕانه‌وه‌ی سیاسه‌ت، یان زیندوکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته، به زیندویی بمێنێته‌وه.نابێت مرۆڤی کورد به‌وه رازی بێت كه ته‌نها مرۆڤێكه و ژیانێکی ساده شایسته‌یه‌تی، به‌ڵکو ئه‌و له‌هه‌مانکاتدا بونه‌وه‌رێکی سیاسییه.به‌و مانایه كه خاوه‌نی بڕیاره، خاوه‌نی ژیانی خۆیه‌تی، به‌شێكه له هه‌موان، گوێی لێده‌گیرێت، پرسی پێده‌كرێت، به هێند وه‌رده‌گیرێت، چونكه ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌بێت، ئه‌وا وه‌ک هانا ئارندێت ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌وه رازی بو كه ته‌نها مرۆڤێکی ساده‌بێت و هیچی تر، ئه‌وا گرانه بۆ ئه‌وانی تر وه‌ک مرۆڤێک مامه‌ڵه‌ی بکه‌ن.ده‌کرێت بوترێت، دۆخی ئێستا دۆخێکه كه سیاسه‌ت تیایدا تا ئاستێک زیندوه، له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌ڵته‌رناتیڤ له ئارادایه، هه‌روه‌ها خه‌یاڵدانی سیاسیی خه‌ڵكی، خهیاڵدانێكه توانای خه‌یاڵکردنی هه‌یه.ده‌کرێت ئه‌مانه هه‌مو پێکه‌وه وه‌ک بنه‌مایه‌کی زیندو ته‌ماشا بکرێن، به‌ڵام له‌وه گرنگتر به زیندوهێشتنه‌وه و کاراکردنیهتی.
رۆژنامه: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، چه‌ند مانگێكه دروستبوه.پێتانوایه، خاڵه لاوازه‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه چی بون له ئێستا‌و رابردودا؟
سه‌ردار عه‌زیز: هێشتا له زۆر روه‌وه گۆڕان بزوتنه‌وه‌یه‌کی ته‌قلیدیی کوردییه، له هه‌ناوی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ته‌قلیدیی کوردییه‌وه هاتوه‌ته دونیاوه، هێشتا نازانێت، یان به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه چۆن خۆی بێت.وته‌یه‌کی نیچه هه‌یه، له‌وه ئاگادارمان ده‌کاته‌وه كه له میانه‌ی بهربهرهکانێماندا له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا، ده‌بێت ئاگامان له خۆمان بێت، نه‌بین به ئه‌وانی تر.ده‌بێت گۆڕان سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنه، یانی به‌رابه‌رکێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا ده‌کات، له‌هه‌مانکاتدا ده‌بێت خاوه‌نی پڕۆسه و پڕۆژه‌ی خۆی بێت.له‌لایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێت به‌ئه‌وی تر‌و له‌لایه‌کی تره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن به‌رچاوڕونی و دونیابینی خۆی بێت.دیاره بزوتنه‌وه ته‌قلیدییه کوردییه‌کان، کۆمه‌ڵێك بونیادیان له ئاگایی مرۆڤی کورددا داڕشتوه كه ئاسانه بۆ ئه‌وانی تر درێژه‌ی پێبده‌ن.بۆ نمونه، حیزبی ته‌قلیدیی کوردی له زۆر بواردا درێژه‌ی به پلانه‌کانی به‌عسدا، بۆیه ده‌بێت گۆڕان ئاگاداری ئه‌م بونیادانه بێت، ئه‌گه‌ر درێژه‌یان پێبدات، ره‌نگه له ساتی ئێستادا قازانجێکی که‌می هه‌بێت، به‌ڵام له ماوه‌ی درێژخایه‌ندا به زیانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ده‌شکێته‌وه.
له‌لایه‌کی تره‌وه، هێشتا گۆڕان قه‌یرانی شوناسی خۆی چاره‌سه‌ر نه‌کردوه.ئه‌گه‌ر بیر له ناوی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌مان به رونی بۆ ده‌رده‌که‌وێت كه خواستێکه و رابه‌رایه‌تیی بێزاریهكه، پهرچهکردارێكه كه له هه‌ناوی حیزبێکه‌وه هاتوه‌ته ده‌رێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناڕه‌زاییه گشتییه‌ی كه هه‌یه به ئاڕاسته‌یه‌کدا به‌رێت.ده‌بێت گۆڕان هه‌ڵگری پلانێکی رونی گۆڕان بێت، هه‌ڵگری دونیابینیی گۆڕان بێت، هه‌ڵگری دیدی رۆشنی گۆڕان بێت.گۆڕان ده‌نگی هێنایه ئاراوه بێئه‌وه‌ی بتوانێت، زمانێک دروستکات.ده‌نگ، ئه‌و قیڕه‌قیڕ و هاتوهاواره پڕوپوچهیه كه مرۆڤ له سیاسه‌ت ده‌خات.پێویسته گۆڕان به دوای زماندا بگه‌ڕێت و خۆی له ده‌نگ به دور بگرێت، چونكه ته‌نها له رێگای زمانه‌وه سیاسه‌تی راسته‌قینه له دایک ده‌بێت.زمان یانی ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ هه‌مو ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌كه و هه‌مو ئه‌وانی تر له ده‌ره‌وه، ئیتر چ رۆشنبیران بن یان خه‌ڵکی تر، ئه‌وه‌ی ده‌یبینن، ده‌یخوازن و بیری لێده‌که‌نه‌وه، به زمانێکی هێمن ده‌ریببڕن و له‌لایه‌ن ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌وه به هێند وه‌ربگیرێن و بایه‌خیان پێبدرێت.ده‌بێت کلتوری پیاهه‌ڵدان و چه‌واشه‌کاری كه کرۆکی کلتوری ده‌نگه، لێره‌دا (له هه‌ناوی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا) جێگه‌ی نه‌بێته‌وه.
شێوازێکی تری درێژه‌پێدانی نه‌ریت و خوه خراپه‌کانی حیزبه ته‌قلیدییه‌کان، هه‌وڵدانه بۆ بهماڵکردنی رۆشنبیران.ده‌بێت گۆڕان په‌یوه‌ندییه‌کی نوێ داڕێژێت له‌گه‌ڵ رۆشنبیراندا، په‌یوه‌ندییه‌ک كه بوار بڕه‌خسێنێت بۆ رۆشنبیر به‌بێ ئه‌وه‌ی ئازادی لێزه‌وت بکات، چونكه هه‌مو ده‌زگایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له په‌ککه‌وته‌یی بپارێزێت، ده‌بێت هه‌میشه به‌خۆیدا بچێته‌وه، خۆی راڤه بکات، به‌دوای شێوازی نوێ‌دا بگه‌ڕێت.له‌هه‌مانکاتدا ده‌بێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌وڵبدات هه‌ردو تیۆره‌و ئه‌زمون پێکه‌وه گرێبدات.مه‌به‌ستم له‌مه ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵکانێکی به ئه‌زمون هه‌ن له نێو بزوتنه‌وه‌که‌دا، (دیاره چه‌مکی ئه‌زمون ده‌بێت هه‌ڵوێسته و خوێندنه‌وه‌ی قوڵتری بۆ بکرێت: بۆ نمونه ته‌نها ئاماده‌بون له دیارده‌یه‌کدا یان ته‌نانه‌ت ئه‌نجامدانی کارێک، مه‌رج نییه بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک له‌و بواره‌دا بکاته خاوه‌ن ئه‌زمون.ئه‌زمون یانی ئاماده‌بونی ئاگایی له‌پاڵ هه‌مو کردارێکداو کردنی روداو به مه‌حه‌کی دونیابینی له په‌نای ئاگاییدا).ده‌بێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی خاوه‌ن تیۆره‌دا بکه‌ونه گفتوگۆ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت ئه‌م دوانه پێکه‌وه گریبدرێن هه‌تا پلانێکی وردتر و ژیرانه‌تر دابڕێژرێت.
له کاتێکدا ئاشکرایه كه کۆمه‌ڵگای کوردی بڕوای به کاریزما هه‌یه.ئه‌مه درێژه‌پێدانی بێئاگاییانهی ئه‌و کلتوره ئاینییه‌یه كه هه‌ردو سۆفیگه‌ر و ده‌روێشی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا رسکاندویانه.ئه‌م بڕوایه بریتیه له‌وه‌ی كه که‌سێک یان که‌سانێکی تایبه‌ت هه‌ن كه توانا‌و کاریگه‌رییان له‌وانی تر زیاتره، بۆیه ده‌بێت ئه‌وان رابه‌ر بن نه‌ک که‌سانێکی تر.سه‌رباری واقیعیبونی ئه‌م دیاریده‌یه، ده‌بێت گۆڕان خۆی لێ به دور بگرێت.ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ئامێرێک بهێنێته ئاراوه كه دینامیکیه‌تی تیابێت، جوڵه‌ی به‌رده‌وام.ئه‌مه زێده پێویسته، به تایبه‌ت كه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌ڵگری به‌هایه‌کی ئه‌خلاقی ناسكه، ئه‌ویش خۆی له خه‌ونی ئه‌و هه‌زاره‌ها لاوه‌دا ده‌بینێته‌وه به ژیانێکی تر.ده‌بێت ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، خۆی وه‌ها سیسته‌ماتیزه بکات كه تێکۆشان بۆ فه‌راهه‌مکردنی ئه‌م خه‌ونه، هه‌میشه به‌رده‌وامی هه‌بێت.
هێشتا له نێو گۆڕاندا، خه‌ڵکانی تهمهنباوک، خاوه‌ن بڕیارن.تهمهنباوک، مه‌به‌ستمان ئه‌و که‌سه‌یه كه پێیده‌ڵین سه‌رۆکی خێزان.چونكه له خێزاندا، به‌پێی نه‌ریتی باوکسالاری، سه‌رۆکێک هه‌یه، قسه‌که‌رێک هه‌یه، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌و سه‌رۆكه یان قسه‌که‌ره رازی بکرێت، ئه‌وا ئه‌وانی تر ناچارن رازی بن.(ئه‌مه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا وه‌ک ستراتیژێک له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌کارده‌برێت)، بۆیه له ئه‌نجامدا له کۆمه‌ڵگای باوکسالاری‌دا لاو، گه‌نج، ژن‌و مناڵ بێده‌نگن.هه‌رچه‌نده بڕبڕه‌ی پشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لاوانن، به‌ڵام هێشتا وه‌ک سه‌ربازێک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، نه‌ک وه‌ک خاوه‌ن بڕیارێک.
رۆژنامه: ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، خۆی ئۆرگانیزه بكات.به رای ئێوه، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه چۆن هه‌نگاو بنێت به‌ره‌و دروستكردنی فه‌لسه‌فه‌ی پارتێكی رامیاریی نوێ كه سیمای له پارتێكی مۆدرێنی شێوه ئه‌وروپی بچێت؟
سه‌ردار عه‌زیز: پارتی سیاسیی مۆدرێن، پارتێكه كه ره‌گی له به‌شێک یان چه‌ند به‌شێکی کۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌و خاوه‌ن دید و پلان و ئایدیۆلۆژیای خۆیه‌تی و هه‌ڵگری مانیفێستێكه.هه‌مو ئه‌مانه به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌و بیرۆكه و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ن كه پارته‌که‌ی له‌سه‌ر بونیادنراوه، بۆیه ده‌بێت گۆڕان بایه‌خ به وشه بدات، نه‌ک که‌س.بتوانێت ئامێرێک بهێنێته ئاراوه كه بوار بڕه‌خسێنێت بۆ هه‌مو دیدێک.ئه‌م ئامێره هه‌میشه له کارکردندابێت، نه‌توانرێت به که‌سێک یان پێڕێک یان باڵێک بکوژێنرێته‌وه.ده‌بێت گۆڕان بۆئه‌وه‌ی پارتێکی باوه‌ڕپێکراو بێت بۆ به‌دیهێنانی گۆڕان، ئه‌وا ده‌بێت له هه‌ناوی خۆیدا به‌رده‌وام و هه‌میشه گۆڕان ئه‌نجامدات.به رای من، گۆڕان کاتێک ده‌بێته پارتێکی سیاسی، وا باشتره ناوی خۆی بگۆڕێت‌و گۆڕان له ناوه‌وه بکاته ئامانج.
ئێمه ده‌زانین، خه‌ڵکی کورد له پێكهاته‌یه‌کی کۆمه‌ڵگاییدا ناژین، ئه‌مه وه‌هایکردوه كه سیاسه‌تکردنی راسته‌قینه، کارێکی مه‌حاڵ بێت، به‌ڵام ده‌کرێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان کار بۆ گۆڕانی ئه‌م بونیادانهش بکات.له دونیای ئێمه‌دا، خه‌ڵک به شێوازێکی ناسیاسییانه سیاسین.بۆئه‌وه ناچنه نێو حیزبێک یان ده‌زگایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی خه‌می کۆمه‌ڵگا بخۆن، به‌ڵکو بۆئه‌وه‌ی بژێوی خۆیان و خێزانه‌کانیان دابینکه‌ن.ئه‌م نه‌ریته خراپه سیاسه‌تکردنی کردوه‌ته کار یان پیشه، بۆیه سیاسه‌تکردن مانای به‌شداریکردن نییه له باشترکردنی کۆمه‌ڵگادا و ئه‌مه‌ش کاری گۆڕان گران ده‌کات، به‌ڵام ده‌بێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی لێبپارێزێت و به‌رهه‌ڵستی بکات.
ده‌بێت خه‌می ئه‌م پارته دروستبوه، ئهورپیبون نه‌بێت، به‌ڵکو کوردبون بێت، چونكه هێنانی دروشمی رۆژئاواییانه هێنده کاریگه‌ری نابێت.(ئه‌زمونی بێت، ره‌نگه ده‌رئه‌نجامی حیزبی شیوعی، وه‌ک نمونه‌یه‌ک به سودبێت)، ره‌نگه ئه‌گه‌ر گۆڕان بۆ شێوازی ئه‌وروپی پارتی سیاسیی ده‌ڕوانێت، ئه‌وا شێواز زۆرن، چونكه هه‌ر پارتێکی سیاسی به‌پێی ئایدیۆلۆژیاکه‌ی ستراکتۆری، خۆی بونیاد ده‌نێت.هه‌ردو شێوازی چهپو راست، کۆن و ژه‌نگاویی و بێکه‌ڵک بون.(ئه‌مڕۆ دونیای رۆژئاوا به تایبه‌ت و دونیا به گشتی له دۆخێکی پوچگه‌راییدا ده‌ژی، ده‌رباره‌ی سیستمی سیاسی، به تایبه‌ت كه هه‌ردو سۆشیالیزم و که‌پیتالیزم به خراپی توشی شکست بون).ده‌بێت گۆڕان، له پارتێکی وه‌ک سه‌وزه‌کان بنواڕێت بۆ مۆدێل، به‌ڵام به ئاگاییکی زۆره‌وه، چونكه ئه‌م مۆدێله پێویستی به کورداندن هه‌یه وه‌ک هه‌ر مۆدێلێکی تر.دیاره لای گۆڕان رونه كه ده‌یه‌وێت پارتێکی ستالینی نه‌بێت و ستالینی نه‌بون یانی فره‌ناوه‌ند، فرهڕا، فرهدید.(له راستیدا، شیوعییه‌ت وه‌ک شێوازێکی دۆگما‌و کاڵفام له رێکخستنی کۆمه‌ڵگا و سیاسه‌ت، تائێستا به‌رپرسه به‌رامبه‌ر ئه‌و خواسته دیکتاتۆرییانه‌ی كه له دونیای سیاسه‌تی ئێمه‌دا باوه).ستالینییه‌ت یانی که‌سێک یان چه‌ند که‌سێکی که‌م، خاوه‌نی هه‌مو بڕیاره‌کان بن و بزوتنه‌وه‌که‌ش ببێته ئامرازی فه‌راهه‌مکردنی ئه‌و بڕیارانه، بۆیه ناستالینییهت یانی ئه‌و رێکخراوه، یان حیزبه كه ده‌بێت هه‌مو بزوتنه‌وه‌كه بڕیاربدات و هه‌مو بزوتنه‌وه‌که‌ش هه‌وڵی فه‌راهه‌مکردنی بده‌ن.ناستالینییهت یانی نوێبونه‌وه، نه‌بونی جه‌سته‌ی که‌سێک به جه‌سته‌ی حیزب.کێشه‌ی ته‌ماهی بونی جه‌سته‌ی حیزب و جه‌سته‌ی که‌س، گه‌وره‌ترین تراژیدیای سیاسه‌تکردنه له رۆژهه‌ڵاتدا.نابێت جه‌سته‌ی حیزب پیربێت، ده‌توانرێت له پیربون بپارێزرێت، به‌ڵام جه‌سته‌ی که‌س پیرده‌بێت و ناتوانرێت له پیربون بپارێزرێت.پیربون یانی دروستبونی بۆشایی له‌گه‌ڵ نوێ‌دا، له‌گه‌ڵ لاودا، له‌گه‌ڵ تازه‌دا.
هه‌ستده‌که‌ین كه گۆڕان سڵده‌کاته‌وه له زاراوه‌ی حیزب، چونكه ئه‌م زاراوه‌یه به جۆرێکی وه‌ها له ئاگایی خه‌ڵکدا ناشیرین بوه كه ناوێرێت به‌کاریبهێنێت، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه‌ی له دونیای سیاسیی کوردی‌دا هه‌یه، هه‌مو شتێكه، حیزب نه‌بێت، بۆیه ده‌بێت گۆڕان به دوای سیستمی به حیزببوندا بگه‌ڕێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و ناویشی نه‌هێنێت، چونكه هه‌م سیستمی دیموکراسی و هه‌م ئه‌و سه‌ختیانه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه روبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه، پێویست به‌وه ده‌کات كه گۆڕان ئۆرگانێکی حیزبی مۆدرێن بێت.
ده‌بێت گۆڕان هه‌ڵگری به‌هاکانی مۆدێرنه بێت، به‌ڵام به ته‌بایی له‌گه‌ڵ نه‌ریته باشه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا.به‌های مۆدێرنه‌ی وه‌ک بایه‌خدان به مرۆڤ، به مافه‌کانی، به به‌هاکانی، خوڵقاندنی بوار بۆ مرۆڤبونی له‌ڕوی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر گۆڕان ده‌خوازێت، گۆڕانخوازبێت، ئه‌وا ده‌بێت به دوای زه‌مینه‌کانی گۆڕاندا بگه‌ڕێت له مرۆڤ و کۆمه‌ڵگادا و بره‌ویان پێبدات، کاریان له‌سه‌ر بکات.
خاڵێکی گرنگی تر كه ده‌بێت گۆڕان جه‌ختی له‌سه‌ربکات، ئه‌وه‌یه كه سه‌رکردایه‌تیی ئێستای ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، ته‌نها بزوێنه‌ری ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ن، نه‌ک خاوه‌نی.هێشتا ئه‌م دیده له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا رون نییه، چونكه مێژوی حیزبی کوردی، مێژوی بزوتنه‌وه‌یه‌كه كه له‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکه‌وه به ماڵكراوه.
رۆژنامه: گۆڕان له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره‌ڕه‌نگ و بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی جیاوازه‌وه دروستبوه.به رای ئێوه، كارێكی دروسته، له پێكهاته نوێیه‌كه‌ی گۆڕاندا، مینبه‌ری فره‌و ئاڕاسته‌ی سیاسی جیاواز هه‌بن، بۆ نمونه، ئه‌م مینبه‌رانه هه‌بن: گروپی بێلایه‌نه‌كان، یه‌كێتییه كۆنه‌كان و ئیسلامییه كۆنه‌كان...هتد؟.
سه‌ردار عه‌زیز: هیچ پارت و لایه‌نێکی سیاسی نییه، یه‌ک ره‌نگ بێت.له هه‌مو پارته سیاسییه‌کانی دونیادا باڵی توندڕه‌و و باڵی میانڕه‌و و باڵی چه‌پ و باڵی راستڕه‌و هه‌یه.ئه‌م باڵانه له نێو خۆیاندا له ململانێدان، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامی ملاملانێکهیان، نوێبونه‌وه و گۆڕانه له نێو ده‌زگاکه‌یاندا، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی له ناوی یه‌کێتیدا رویدا.ئه‌وه‌ی له یه‌کێتیدا رویدا، ئه‌وه‌بو كه باڵه‌کان توانای ئه‌وه‌یان نه‌بو گفتوگۆ بکه‌ن و له نێو خۆیاندا و له چوارچێوه‌ی پره‌نسیپی پارته‌که‌یاندا بکه‌ونه گفتوگۆ و ئه‌م جیاوازییانه یارییان پێده‌کرا، له یارییه‌کی زیره‌کانه‌ی هاوسه‌نگی هێزدا، بۆیه ده‌بێت گۆڕان زۆرترین هێزی بداته ئامێری حیزب و پره‌نسیپه‌کانی، نه‌ک که‌سایه‌تییه‌کانی.له راستیدا گۆڕان ناچاره و ده‌بێت په‌لکه‌زێڕینه‌یی بێت، چونكه خواسته‌کانی گۆڕان له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا فره‌ڕه‌نگ و فرهشێوازن.ده‌بێت گۆڕان له گفتوگۆدابێت له‌گه‌ڵ ترادیسیۆن (که‌له‌پور)و مۆدێرنه‌دا.ده‌بێت سڵ نه‌کاته‌وه له دواندنی ئاین.ئاین لای هه‌مو گه‌لانی تر به‌کاربراوه بۆ مه‌به‌ستی بزاوتی کۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نها لای کورد نه‌بێت.پێکه‌وه‌گرێدانی کوردبون و ئیسلامبون، ئیسلام له چنگی ئه‌وانه رزگارده‌کات كه ده‌یانه‌وێت بۆ دژایه‌تیکرنی نه‌ته‌وه‌بونی کورد بهکاریبهرن (وه‌ک چۆن گه‌لانی فارس و تورک و عه‌ره‌ب کردویانه و دژ به کورد، به‌کاریده‌به‌ن).
هه‌رچی ده‌رباره‌ی بێلایه‌نه، ئه‌مه دیاریده‌یه‌کی سه‌یره.له رۆژئاوا، ئه‌مانه ئه‌و که‌سانه‌ن كه ته‌نها له ساته‌کانی هه‌ڵبژاردندا بۆ مه‌به‌ستی ده‌نگدان بیر له سیاسه‌ت ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام بێلایه‌نی له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا مانایه‌کی تری هه‌یه، به تێگه‌یشتنی من، یانی سیاسه‌تکردن به ئازادی، به‌بێ په‌یوه‌ست بون به مه‌رجه‌کانی ئهندامبونهوه.گۆڕان ده‌توانێت بوار بۆ ئه‌مانه بڕه‌خسێنێت و بیانکاته به‌شێکی زیندو، به به‌ئاگابون له لایه‌نه نێگهتیفهکانیان، چونكه بێلانبون له‌هه‌مانکاتدا یانی بڕیارێکی تاکه‌که‌سییانه، بۆیه ده‌بێت گۆڕان هه‌وڵی ئه‌وه‌بدات كه چۆن ئه‌م بڕیاره تاکه‌که‌سییانه له‌گه‌ڵ خواسته کۆمهڵگاییهکاندا گرێبدات.
ره‌نگه یه‌کێتییه کۆنه‌کان، پڕ ئیشکالیه‌ت بن و ئه‌م پێڕه خۆیان به خاوه‌نی گۆڕان ده‌زانن.وه‌ها له خۆیان ده‌بینن كه ده‌بێت خاوه‌نی زۆرترین ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌ری بن.ده‌بێت گۆڕان ئه‌وه بۆ پێكهاته‌کانی تری کۆمه‌ڵگا بسه‌لمێنێت كه مه‌به‌ستی ریفۆرمی سیاسییه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا نه‌ک له یه‌کێتیدا.بێگومان یه‌کێتییه کۆنه‌کان به‌شێکی زۆر چالاکی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت پچڕانێک له نه‌ستیاندا دروستبکرێت، هه‌تا به‌بێ ئاگایانه یه‌کێتی دوبارهنهکهنهوه.
که‌واته ئه‌وه‌ی ده‌بێت گۆڕان خه‌می بخوات، ئه‌وه نییه كه چه‌ند ره‌نگه، به‌ڵکو چۆن بوار بۆ ئه‌م ره‌نگانه دروستکات هه‌تا له‌گه‌ڵ یه‌کدا بکه‌ونه راگۆڕینه‌وه و دایه‌لۆگ.هه‌روه‌ها ئه‌م هێزه جیاوازانه ده‌بنه داینه‌مۆی جوڵه‌ی هه‌میشه‌یی له‌نێو خودی بزوتنه‌وه‌که‌دا كه وه‌های لێده‌کات هه‌رگیز توشی دۆگمایی نه‌بێت، به‌ڵام هه‌میشه ترسی ئه‌وه هه‌یه كه به پێچه‌وانه‌وه بشکێته‌وه، بۆیه به ئاگایی و سنگفراوانی و به ئاگابون له به‌ها سه‌رده‌مییه‌کانی شوناس، زۆر پێویستن بۆ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه.(خواستی هه‌میشه جیاوازبون، به مانا هیگڵیه‌که‌ی، له هه‌مانکاتدا کرانه‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌ویتر، به مانا لیڤیناسییهکهی.ئه‌وه‌ی له مۆدێلی یه‌کێتیدا هه‌بو، ئه‌وه‌بو كه چۆن باڵه‌کان، که‌سه‌کان خۆیان بسه‌پێنن، ده‌بێت مۆدێلی نوێ مۆدێلێک بێت كه وه‌ها بیرکاته‌وه چۆن له‌گه‌ڵ باڵه‌کانی تردا بکه‌وێته گفتوگۆ بۆ چه‌سپاندنی به‌رژه‌وه‌ندی بزوتنه‌وه‌كه كه ده‌کرێت له میانه‌ی پڕۆسه‌ی دیموکراسیدا، وه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی بکه‌وێته‌وه).
رۆژنامه: چۆن ئایندهی ئه‌م هێزه نوێیه ده‌بینیت؟ پێتوایه، ئاسته‌نگه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی چین؟ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاسته‌نگانه‌دا بكات؟
سه‌ردار عه‌زیز: هه‌رچی ده‌رباره‌ی ئاینده‌یه، ئه‌وا به رای من، چاره‌نوسی گۆڕان، راسته‌خۆ به‌ستراوه‌ته‌وه به توانای ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌وه له گۆڕانخوازی.تا چه‌ندێک گۆڕان، گۆڕانخوازه و تا چه‌ندێک گۆڕان، ده‌توانێت گۆڕانخوازبێت، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بونی دونیابینییه‌کی دیاریکراو، ئایا گۆڕانخوازی چییه؟ ئایا گۆڕان، پڕۆسه‌یه‌کی کراوه‌یه، یان یۆتوپیایهكه؟ ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌یه‌کی کراوه‌یه، ئه‌وا ده‌بێت گۆڕان، هه‌میشه گۆڕانخوازبێت، كه ئه‌مه له راستیدا، سروشتی دیموکراسی راسته‌قینه‌یه، به‌ڵام ئایا گۆڕان خاوه‌ن یۆتوپیایهكه، یان خاوه‌ن ئامانجێكه، یان خاوه‌ن دیدێكه؟ ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وه به‌باشی رونبکرێته‌وه و به ده‌نگده‌ر بفرۆشرێت.ده‌بێت گۆڕان خۆی له‌وه بپارێزێت تا ببێته هێزێکی خۆبه‌تاڵکردنه‌وه.
ئاسته‌نگی ناوخۆیی گۆڕان، ئه‌و دو دونیابینییهیه كه تائێستا له‌وه ناچێت، توانیبێتیان دۆخێکی دایه‌لۆگ دروستکه‌ن له هه‌ناوی بزوتنه‌وه‌که‌دا.دیاره ئه‌گه‌ر گۆڕان بتوانێت ببێته بزوتنه‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن ده‌زگا كه بیری جوداو دیدی جودا تیایدا بکه‌ونه گفتوگۆ، ئه‌وا ئه‌م جوداییانه ده‌بنه مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا به زیان ده‌شکێته‌وه، ئه‌مه له هه‌ناوی گۆڕان خۆیدا.هه‌رچی ناوخۆی کوردستانیشه، ئه‌وا هیچ لایه‌نێکی سیاسی نییه، دڵخۆشبێت به‌وه‌ی كه گۆڕان هاتوه‌ته ئاراوه وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌ک، له هه‌مانکاتدا بێته‌ئاراوه وه‌ک واقیعێک، بۆیه گۆڕان له لایه‌ن پارته دهسهڵاتدارکانهوه به دو شێوه دژایه‌تی ده‌کرێت.یه‌که‌م: سنوردارکردنی وه‌ک بزوتنه‌وه‌یه‌ک.دوه‌م: لێسه‌ندنه‌وه‌ی خواستی گۆڕانخوازی، کوشتنی رۆحی گۆڕانخوازی.دیاره گۆڕان ناچاره له پڕۆسه‌ی سیاسی تێوه‌گلێت كه ئه‌مه له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی جۆرێک له سنوردارکردن، به‌ڵام ده‌بێت هه‌میشه جوداییه‌ک له نێوان رۆح و جه‌سته‌دا بکرێت.ده‌بێت گۆڕان وه‌ک جه‌سته له پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا به‌شداربێت و وه‌ک رۆح، هه‌میشه گۆڕانخوازبێت.
گۆڕان بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕی ئاسته‌نگه‌کان بکات و له‌بری ئه‌وه‌ی له ململانێکان بگلێت، ده‌بێت خۆی بکاته به‌شێكی ئۆرگانی کۆمه‌ڵگا.ده‌بێت ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌تا بۆی ده‌کرێت له ململانێکان به دور بێت، چونكه ململانێکان بۆئه‌وه داڕێژراون كه تێوهیگلێنن له‌و یاریه قێزه‌وه‌نه‌ی كه سیاسه‌تی کوردی تیایدا نوقوم بوه.
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت له هه‌ڵسوکه‌وتی گۆڕاندا، په‌له‌په‌ل، یان پشوکورتییه به‌رامبه‌ر گۆڕانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی.دیاره سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه له‌وێوه دێت كه گۆڕان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، بێزاری خه‌ڵک گه‌شتبێته ئاستێک كه ئه‌گه‌ر هاتو ئه‌ڵته‌رناتیڤێک هاته ئاراوه، ئه‌وا خه‌ڵکی به‌بێ سێودو بیقۆزنه‌وه و بارودۆخه‌كه بگۆڕن، به‌ڵام گۆڕانی راسته‌قینه کاتخایهنهو ئه‌م پڕۆسه‌یه پێویستی به پشو درێژیی و کۆڵنه‌دان هه‌یه، بۆیه زێده گرنگه كه ده‌زگایه‌ک، یان ئامێرێک هه‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی له‌بری که‌سێک، یان کۆمه‌ڵه که‌سانێک.
ئه‌وه‌ی له کۆتاییدا حه‌ز ده‌که‌م بیڵیم، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و سیستمه سیاسییه‌ی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌یه، سیستمێکی سیاسیی په‌رته‌وازه و بێتواناو بێئاگاو بێده‌ربه‌سته.نه خاوه‌نی پلان و به‌رنامه‌ی کورتخایه‌نه، نه درێژخایه‌ن، نه خاوه‌نی ته‌کنیكه نه ستراتیژ.له داهاتودا کۆمه‌ڵگای ئێمه، روبه‌ڕوی قه‌یرانی ئابوری، بێ‌کاری، بێزاری، بێکه‌ڵکی سیستمی خوێندن، نه‌بونی ده‌رفه‌ت بۆ سودوه‌رگرتن له توانا‌و به‌هره‌کان، قه‌یرانی ئه‌خلاقی (به‌تایبه‌ت له ئاماده‌یی مۆدێرنه‌یه‌کی روکه‌شی، بێکهڵكی درۆزندا)، به شێویه‌کی خه‌ست ده‌بێته‌وه.ئه‌گه‌ر بێت‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانانه‌دا نه‌کرێت، ئه‌وا ده‌بنه هۆی به‌رهه‌مهێنانی دیدی تر، بۆ ئاین، بۆ نه‌ته‌وه، بۆ ئه‌خلاق، بۆ نیشتمان، بۆ مرۆڤ.هه‌تا ئه‌مڕۆ سیستمی سیاسیی کوردی، به‌ڕۆژو بوه له مه‌عریفه، بۆیه هه‌تا قه‌یرانه‌کان نه‌ته‌قنه‌وه، هه‌ستیان پێناکات.رویه‌کی تر له به‌ڕۆژوبون له مه‌عریفه، هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ئه‌م دواییه بو كه هیچ پارتێک، یان بزوتنه‌وه‌یه‌کی کوردی نه‌یتوانیبو زانستییانه له سیستمی ده‌نگدان بکۆڵیته‌وه و له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته قوربانیی، سودی لێببینێت.ده‌بێت ئه‌مانه هه‌مو وانه‌بن بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و ده‌بێت پێش هه‌مو شتێک ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه رۆژو بشکێنێت له مه‌عریفه، وه‌ک لایه‌نه‌کانی تر که‌سه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵه‌کان نه‌بنه بڕیارده‌ر، به‌ڵکو لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی کراوه‌ی رونی زانستی سه‌رپشک بێت.