سازدانی: دلێر عه‌بدولخالق
له دیدارێكی (رۆژنامه)دا، جه‌لال جه‌وهه‌ر هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه به‌وه ده‌كات؛ هێشتا عه‌قڵیه‌تی خۆ سهپاندنو پاوان‌کردنی ده‌سه‌ڵات به هێزو پاره، زۆر زاڵتره له عه‌قڵیه‌تی قبوڵکردنی یه‌کترو فرهییو ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستاندا.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی گۆڕان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، جه‌لال جه‌وهه‌ر، ده‌ڵێت: "په‌یوه‌ندیی فه‌رمیمان له‌گه‌ڵ پارتی‌و یه‌کێتی دا نییه! ته‌نیا شوێنێک ئێمه‌و ئه‌وان کۆده‌کاته‌وه‌و کاری تێدا ده‌که‌ین په‌رله‌مانی کوردستانه (وه‌ک معاره‌زه)و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه، به‌پێویستیشی ده‌زانین له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی نیشتمانیی‌و نهتهوهییو سیاسیی، په‌یوه‌ندیی هاوسه‌نگمان له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌کان هه‌بێت".
رۆژنامه: ساڵێک به‌رله‌وه‌ی گۆڕان فراکسیۆنی په‌رله‌مانی هه‌بێت، به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا، سه‌رۆکی بزوتنه‌وه‌که به ئامانجی گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات رایگه‌یاندبو: "به‌نیازی پرۆسه‌ی هێمنو دیموکراسین"، ئێستا ئێوه له‌ناو ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا بونه خاوه‌نی ده‌نگ له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق‌و په‌رله‌مانی هه‌رێم، له‌م ساته‌وه‌خته‌دا دۆخی سیاسیی گۆڕان چۆن ده‌بینیت؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: ساڵێک زیاتره بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان (لیستی گۆڕان) خۆی راگه‌یاندوه، له‌وماوه‌یه‌دا گۆڕان به‌شداریی له دو هه‌ڵبژاردن کردوه، خۆ راگه‌یاندنی گۆڕان‌و به‌شداریکردنی له‌و دو هه‌ڵبژاردنه‌دا، به حه‌ساسیه‌تێکی زۆره‌وه له‌لایه‌ن یهکێتیو پارتییه‌وه وه‌رگیرا، ئه‌و حه‌ساسیه‌ته کرده‌وه‌ی خراپی لێ که‌وته‌وه له هێرشی میدیاکان‌و توندوتیژیی له گرتن‌و لێدان، په‌لاماردانی باره‌گاکان، ساخته‌و دواجار نانبڕینی ژماره‌یه‌ک له کادرو لایه‌نگرانی گۆڕان.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مو ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی به هێدی‌و هێمنی وه‌رگرت، رێگه‌ی ئاشتیانه‌ی هه‌ڵبژارد بۆ به‌شداریی له پرۆسه‌ی سیاسیی، چونکه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خیاری تری نییه بۆ به‌رگریكردن، جگه له رێگه‌کانی دیموکراسی، له دادگا، گفتوگۆ، فشاری راگهیاندنو رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.
هه‌تا ئه‌مڕۆش هه‌ڵمه‌تی میدیای راستهوخۆو ناڕاسته‌وخۆ به‌شێوه‌یه‌کی که‌مو سوکتر له‌کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌یه، تا ئه‌مڕۆ عه‌قڵیه‌تی خۆسهپاندنو پاوه‌نکردنی ده‌سه‌ڵات به هێزو پاره، زۆر زاڵتره له کوردستان، له عه‌قڵیه‌تی قبوڵکردنی یه‌کترو فرهییو ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات، هه‌مو لایه‌ک له کوردستان ئه‌و راستییه ده‌زانن، که کورد‌و جوڵانه‌وه‌ی کورد له نه‌بونی دیموکراسییه‌ت چی به‌سه‌رهات له داگیرکردن‌و قڕکردن‌و وێرانکردن‌و دهربهدهربونو ئه‌وه‌ی هاتوه‌ته‌دی له کوردستان له‌ماوه‌ی زیاتر له (19) ساڵ، له دو پرۆسه‌ی رزگاریی (راپه‌ڕینی ئازاری 1991)و ئازادیی (پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق)، به ده‌ستپێشخه‌ری هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا له سه‌روی هه‌مویانه‌وه به رۆڵی دیاری خه‌ڵکی کوردستان‌و لایه‌نه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانییو عێراق، بۆیه ئه‌و کیانه‌ی هه‌یه به بهشدارییو هاوبه‌ش میللهتو لایه‌نه‌کان هاتوهتهدیو تاپۆ نییه له‌سه‌ر کهسو لایه‌نێک.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بو دیموکراسیهتو بنه‌ماکان له فره‌یی، ئازادییه سیاسییه‌کان، جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له یه‌کتر، ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌ی ئاشتیانه، عه‌داله‌ت، رۆشنی له بڕیاری سیاسیی‌و ئیداری‌و دارایی، گرنتییه بۆ ژیانی کورد‌و ژیانی سیاسیی له کوردستان‌و عێراق.
رۆژنامه: تائێستاش لایه‌نه رکابهرهکانتان بۆ ده‌نگه‌کانی ئێوه، پێیانوایه بزوتنه‌وه‌که‌تان له‌سه‌ر ده‌نگه ناڕازییه‌کان شه‌پۆل ده‌دات، ئایا ئێستا بونه خاوه‌نی جۆرێك له جه‌ماوه‌ری جێگیری خۆتان، یان له‌سه‌ر میراتی ده‌نگه ناڕازییه‌کان ده‌ژین؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: یه‌که‌م ئه‌گه‌ر ئازادیی ته‌واو هه‌بێت، ده‌نگی جێگیر (ثابت) له هیچ جێگایه‌کی ئه‌م دونیایه نییه، ته‌نیا له‌و وڵاته‌نه‌دا ده‌نگی جێگیر (ثابت) هه‌یه که بواری ساخته هه‌بێت.ئه‌گه‌ر لایه‌ن هه‌بێ پێیانوابێ ده‌نگه‌کانی گۆڕان، ته‌نیا ده‌نگی ناڕه‌زاییه‌کانه، به زانیاری ئێمه ئه‌و رایه نادروسته.
له‌هه‌رێمدا که‌موکوڕی زۆره له شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌رێم که‌موکوڕی زۆری تێدایه، ئه‌م که‌موکوڕییه به ئعتیرافی هه‌مو لایه‌ک گه‌نده‌ڵییه‌کی زۆری دروستکردوه، گه‌نده‌ڵیی سیاسیی‌و ئیداریی‌و دارایی، زوڵم‌و نا عه‌داله‌تی لێکه‌وتوه‌ته‌وه، گومانی تێدا نییه له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ک زوڵم‌و ناعه‌داله‌تی ههبێو بهرههڵستیو موعاره‌زه‌ش ده‌بێت، بهرههڵستیو معارهزهش به‌بێ بڕوا نابێت.
ئه‌گه‌ر پێداچونه‌وه‌ی خێرا بکه‌ین به ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی رابردو، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که ئاڵۆگۆڕی زۆر بوه له راو بۆچونی ده‌نگده‌ر، له هه‌ڵبژاردنی 19/5/1992 پارتی‌و یه‌کێتی (100%) كورسییه‌كانیان به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی (2005) ته‌نها (%78)ی ده‌نگه‌کانیان هێناو (22%)ی ده‌نگه‌کانیان له ده‌ستدا، له هه‌ڵبژاردنی 25/7/2010 هاوپه‌یمانی کوردستان به یهکێتیو پارتی‌و چه‌ند لایه‌نێکی تره‌وه، ته‌نیا (59%)ی ده‌نگه‌کانیان هێناو (41%)ی ده‌نگه‌کانیان له‌ده‌ستدا.
ئه‌م گۆڕانه گه‌وره‌یه له‌ماوه‌ی ئه‌م حه‌ڤده ساڵه‌دا، هه‌ر ناڕه‌زایی نییه، به‌ڵکو گۆڕانه له بڕوا‌و قهناعهتو نه‌مانی متمانه به‌و لایه‌نانه، بۆیه ده‌نگی ئۆپۆزسیۆن ده‌نگی بڕوا‌و قهناعهتو ناڕهزاییهکانیشه (ئه‌گه‌رچی هه‌ر ناڕهزایشه بڕوا دروست ده‌کات).
رۆژنامه: وه‌ک راگه‌یه‌ندرا، ئێوه‌ش وه‌ک هێزێکی سیاسیی مانگانه بودجه وه‌رده‌گرن ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌کوێ گه‌یشتوه؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: به‌ڵێ لیستی گۆڕانیش مافی خۆیه‌تی بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌بێت، بۆ ساڵێک زیاتره به بیانوی جیاجیا ئه‌م مافه‌مان پێشێل ده‌کرێت، به‌ڵام بۆ لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات هیچ جۆره گرفت‌و ئهشکالێک نییه‌و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام سلفه‌یان پێ ده‌درێت، واته ته‌نیا لیستی گۆڕان هیچی له‌و مافه‌ی خۆی وه‌ر نه‌گرتوه !
به‌پێی زانیاریی ئێمه ماوه‌یه‌که، له سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمه‌وه ئه‌مر به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کراوه، بۆ سه‌رفکردنی ئه‌و سلفه‌یه، ئه‌وه‌تا کاک نێچیرڤان بارزانیش له چاوپێکه‌وتنی خۆی له 25/8/2010 له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئاوێنه ته‌ئکیدی کردوه‌ته‌وه، که حکومه‌ت ئه‌مریان پێکراوه بۆ دابینکردنی ئه‌و بودجه‌یه.
رۆژنامه: له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێوه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستان، ئێستا په‌یوه‌ندییه‌کانتان له‌گه‌ڵ پارتی‌و یه‌کێتی به تایبه‌تی لایه‌نه‌کانی تر به گشتیی چۆنه؟ بۆ ئاینده ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک رێکده‌خه‌ن؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: په‌یوه‌ندیی فه‌رمیمان له‌گه‌ڵ پارتی‌و یه‌کێتی دا نییه! ته‌نیا شوێنێک ئێمه‌و ئه‌وان کۆده‌کاته‌وه‌و کاری تێدا ده‌که‌ین په‌رله‌مانی کوردستان (وه‌ک معاره‌زه)و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه.
په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی تریش هه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه هێشتا وه‌ک پێویست رێک نه‌خرابێت، ئه‌وه‌ش به‌شێکی په‌یوه‌ندیی به خودی گۆڕانه‌وه هه‌یه، چونكه له قۆناغی یه‌که‌می خۆ رێکخستندایه، بۆ ئه‌مڕۆ و ئاینده‌ش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی نیشتمانیی‌و نهتهوهییو سیاسیی، به پێویستی ده‌زانێت په‌یوه‌ندیی هاوسه‌نگیی له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌کان هه‌بێت.
رۆژنامه: له‌ناو واقیعی سیاسیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم، کلتورێک ئاماده‌گی هه‌یه، که هه‌میشه نزیکی ئێوه وه‌ک ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تری ده‌سه‌ڵات وه‌ک "شۆک" سه‌یر ده‌کات، ئایا له سیستمێکی سیاسیی ته‌ندروستدا، ناکرێت ئۆپۆزسیۆن‌و ده‌سه‌ڵات باشترین میکانیزمی په‌یوه‌ندییان هه‌بێت؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: کورد کلتورێکی حوکمڕانیی تایبه‌ت به‌خۆی نه‌بوه، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه ته‌نیا کلتوری ئه‌و وڵاتانه‌یه که کوردی تێدا بوه، هه‌مومان ده‌زانین کلتوری حوکمڕانیی له عێراق چۆن بوه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه، ئه‌و کلتوره له حوکمڕانیی له عێراق‌و ناوچه‌که، هێشتا کاریگه‌ریی دیاری هه‌یه به‌سه‌ر شێوه‌ی حوکمڕانیی ده‌سه‌ڵات له کوردستانیش .
کلتوری ئۆپۆزسیۆنیش هه‌ر زۆر نوێیه، نه‌ک هه‌ر له کوردستان‌و عێراق، به‌ڵكو له ناوچه‌که‌ش، بۆیه ئه‌ویش بێ که‌موکوڕی نییه، بۆیه ئه‌مه‌ی هه‌یه له ده‌سه‌ڵاتی جێبهجێکردنو ئۆپۆزسیۆن تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی نوێیه، له‌به‌ر ئه‌وه نامۆ نییه، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن، ئۆپۆزسیۆن به له‌شێکی غه‌ریب‌و ناحه‌زی بزانێت بۆیه ئه‌وه‌ش غه‌ریب نییه که ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڕان‌و ئۆپۆزسیۆن به‌شێوه‌یه‌کی واقیعانهو ژیرانه‌و ته‌ندروست نییه .
ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه‌و ئۆپۆزسیۆنیش به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه، چوارچێوه‌یه‌ک كه هه‌ردولا کۆبکاته‌وه له‌م قۆناغه‌دا: ده‌ستورو سیستمی دیموکراسییه، چاره‌ش ئه‌وه‌یه هه‌مو لایه‌ک پابه‌ندبین به ده‌ستورو یاساکان، پابه‌ندبین به دیموکراسیهتو بنه‌ماکان له یه‌کتر قبوڵکردن، فره‌یی، دانوستاندن، عه‌داله‌ت، سه‌روه‌ریی یاسا‌و ده‌ستاوده‌ستکردنی دهسهڵاتو پابه‌ندبون به سیستمی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان، ئه‌ویش چاکترین جۆری په‌یوه‌ندییه.
رۆژنامه: له بابه‌تی ئۆپۆزسیۆن، زۆر جار پێتان وتراوه، ئۆپۆزسیۆنی ته‌ندروست نین، ئیجابی نین‌و بونیادنه‌ر نین ئێستا (ماقوڵ)یشی هاته سه‌ر! ئایا ئێوه بۆ ئیداره‌کردنی کارنامه‌ی خۆتان له‌سه‌ر ئامۆژگاری ده‌سه‌ڵات ده‌وه‌ستن، یان رۆڵی ره‌خنه‌گرانه‌ی خۆتان درێژه پێده‌ده‌ن؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: به‌ڕای من حاڵه‌تێکی ئاساییه، حکومه‌ت رای له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن به‌وشێوه‌یه بێت، چونکه جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه له‌نێوان کار‌و به‌رنامه‌ی هه‌ردولا، ئۆپۆزسیۆن چۆن به مافی خۆی ده‌زانێت له‌سه‌ر که‌موکوڕییه‌کانی حکومه‌ت، له بێدادی گه‌نده‌ڵیی، پێشێلکارییه‌کانی یاسا‌و بنه‌ماکانی سیستمی دیموکراسی قسه بکات‌و بنوسێت، ده‌بێ لای ئۆپۆزسیۆن ئاسایی بێت حکومه‌تیش قسه‌ی خۆی بکات.
رۆژنامه: دوای زیاتر له ساڵێک له ته‌مه‌نی، جێ په‌نجه‌ی گۆڕان له چاکسازیی سیاسیی‌و ئیداری هه‌رێم چۆن ده‌خوێنیته‌وه؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: له‌گه‌ڵ له دایکبونو ده‌رکه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له مه‌یدانی سیاسیی‌و هۆڵی په‌رله‌مانی کوردستان، گۆڕانی به‌رچاو له نه‌خشه‌ی سیاسیی له کوردستان رویدا، که به هۆیه‌وه :
یه‌که‌م: ئۆپۆزسیۆن بۆ جاری یه‌که‌م له کوردستان‌و عێراق، له‌سه‌ر ده‌ستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و یه‌کگرتوی ئیسلامیی‌و کۆمه‌ڵی ئیسلامیی راگه‌یه‌ندرا، راگه‌یاندنی ئۆپۆزسیۆن پرۆسه‌ی سیاسیی‌و ته‌جروبه‌ی حکومڕانیی چاکترو جوانتر کرد له کوردستان‌و له به‌رچاوی جیهانیش، چونکه حکومه‌تی دیموکراسی‌و حکومه‌تی به‌هێز له دونیای سه‌رده‌م ئه‌و حکومه‌تانه‌یه، که ئۆپۆزسیۆنێکی به‌هێزیان له به‌رامبه‌ر دایه .
دوه‌م: له‌ڕوی سیاسیشه‌وه، به‌شداریی پرۆسه‌ی سیاسیی له کوردستان روی له کزی بو، کاری حیزبیش به‌شێوه‌یه‌ک کاری له‌سه‌ر ده‌کرا، که جێگه‌ی به‌کاری سیاسیی زۆر به‌رته‌سک کردبو، به دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، توانی جارێکی تر کایه‌ی سیاسیی ببوژێنێته‌وه‌و بکه‌وێته سهرپێو جێگه‌ی خۆی بگرێته‌وه.
سێیه‌م: له‌ڕوی مه‌عنه‌ویشه‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، شتێک له بڕوا‌و ئومێد‌و ئازایه‌تی رێز‌و پێ‌زانین گه‌ڕایه‌وه بۆ کۆمهڵو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ، چونکه بارێكی ناخۆش هه‌بو له بێ بڕواییو بێ ئومێدییو ترس‌و گوێ پێ نه‌دان، به چاره‌نوسی میللهتو وڵات.
چواره‌م: سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و پێکهاتنی ئۆپۆزسیۆن، رۆڵی دیاری هه‌بو، له راگهیاندنو ئاشکراکردنی میزانیه‌ی ساڵانه‌و میزانیه‌ی حیزبه سیاسییه‌کان، که پێشتر رۆشنی تێدا نه‌بو، ئه‌گه‌رچی ئێستاش له ئاستی داوای ئۆپۆزسیۆندا نییه.
پێنجه‌م: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنی ئازاد‌و لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن رۆڵی دیاریان هه‌بو، له ئاگادارکردنه‌وه‌و وشیارکردنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی کوردستان له‌سه‌ر ماف‌و ئه‌رکه‌کانو هه‌مو ئه‌و که‌موکوڕیانه‌ی هه‌یه له ده‌سه‌ڵاته‌کانی تر، له گه‌نده‌ڵیی، سه‌رپێچی له یاسا، له بێدادیی، ناڕۆشنی له بڕیاری سیاسیی‌و ئیداری‌و دارایی‌و پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ.
رۆژنامه: له ماوه‌ی رابردودا پێشنیازی پلانی چاکسازیتان خستوه‌ته به‌رده‌م سه‌رۆکایه‌تی ههرێمو ئیئتیلافی فراکسیۆنه کوردستانیه‌کان ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چۆنه‌و ئێستا به‌کوێ گه‌یشتوه که به‌ڕیزتان نوێنه‌رایه‌تی گۆڕان ده‌که‌ن له‌و لیژنه‌یه‌ی بۆ یه‌که‌م جار له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی حکومه‌ت کۆبونه‌وه؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له 16/8/2010 پرۆژه‌یه‌کی چاکسازیی سیاسیی پێشکه‌ش به سه‌رۆکی حکومهتو جێگره‌که‌ی کرد، به ئاماده‌بونی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن‌و یه‌کگرتوی ئیسلامیی‌و کۆمه‌ڵی ئیسلامیی، ناوه‌ڕۆکی پرۆژه‌که بریتییه: له دروستکردن‌و کارپێکردن به‌ڕای گشتیی له مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌کانی وه‌ک ده‌ستور، سیاسه‌تی نهوتو غاز.
چالاککردنی رۆڵی رهقابیو ته‌شریعی په‌رله‌مانی کوردستان، یه‌کخستنی هێزه چه‌کداره‌کان به‌شێوه‌یه‌ک بێ که هێزی پاراستنی هه‌رێم بێت، نه‌ک هێزی حیزب‌و لایه‌نێک، هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مو جۆره سزایه‌کی سیاسیی‌و قه‌ده‌غه‌کردنی ئه‌و دیارده‌یه به یاسا‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌وانه‌ی به‌ر ئه‌م جۆره سزایه که‌وتون بۆ شوێنه‌کانی خۆیان، قه‌ده‌غه‌کردنی ده‌ستێوه‌ردانی حیزبی له زانکۆ‌و په‌یمانگه‌و هه‌مو بواره‌کانی په‌روه‌رده‌و کاری وا بکرێت زانکۆ‌و په‌یمانگه‌کان سه‌ربه‌خۆیی ته‌واویان هه‌بێ له روی زانستی‌و ئیداره‌وه، ده‌ست له کاروباری قه‌زا وه‌رنه‌درێت، سیستمی قه‌زا چاک بکرێت، چاکسازیی بکرێ له بواری ئابوری، به جۆرێک رێگه له هه‌مو شێوه‌کانی ئیحتیکارو پاوهنکردن بگیرێ له موستههلک (به‌کاربه‌ر) بکرێ به یاسا له دژی هه‌مو شێوه‌کانی ئیحتیکار، گرنگی بدرێ به بواری کشتوکاڵ‌و پشتگیریی سیاسه‌تی پشت بهخۆبهستنو به‌رهه‌می خۆماڵیی بکرێ به سیاسه‌تی ئابوری کوردستان، په‌یڕه‌وکردنی شه‌فافیه‌ت له بڕیاری سیاسیی‌و ئیداری‌و دارایی كه ئومێده‌وارین ئه‌م پرۆژه‌یه جێگه‌ی خۆی بگرێت.