سازدانی: رۆژنامه
مه‌ولود باوه‌مراد كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان، سه‌باره‌ت به دۆخی سیاسی ئێستای هه‌رێم و په‌یوه‌ندی حیزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی و لایه‌نه سیاسیه‌كاندا بۆ (رۆژنامه) ده‌دوێت.
رۆژنامه: به‌هۆی ململانێی سیاسیی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه، بارودۆخی سیاسیی هه‌رێم خه‌ریكه به‌ره‌و قه‌یرانێكی مه‌ترسیدار بڕوات، ئه‌مه‌ش دوای پێداگیریی ده‌سه‌ڵات بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسای ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم، ئێوه چ خوێندنه‌وه‌یه‌كتان بۆ ئه‌م دۆخه هه‌یه؟
مه‌ولود باوه‌مراد: به‌پێویستی ده‌بینم وه‌ڵامه‌كه‌م له‌و راستییه‌وه ده‌سپێبكه‌م، كه هه‌ر به‌ش و كه‌رتێكی پرۆسه‌ی سیاسیی دابڕاو نییه له كۆی گشتیی ئه‌و شێواز و چۆنیه‌تی سیاسه‌تكردنه‌ی كه نوخبه‌ی سیاسیی حكومڕانیی ئه‌م هه‌رێمه بۆ ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌ی گشتیی هه‌رێمی له چه‌ند ساڵی رابردودا به‌رهه‌مهێناوه به گوێره‌ی بۆچون و تێگهیشتنهكانیان له دروستكردنی بڕیاری سیاسیی و دهشنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی‌دا، له‌كاتێكدا ئه‌و دیدو بۆچونه‌ی كه چه‌ند ساڵه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ی پێ به‌ڕێوه ده‌چێت ناتوانێت له هیچ جێگه و گۆشه‌یه‌كی دنیادا وێنه و هاوشێوه‌ی ببینی نه له‌ڕوی تیۆرییه‌وه و نه له روی پراكتیكی و عه‌مه‌لییه‌وه، بۆیه پێوه‌رێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و ئامرازێك بۆ لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانی ئه‌م فۆڕمه ده‌سه‌ڵاته ده‌سناكه‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه ناچار ده‌بێت هه‌ر روداو و پێشهات و كرده‌یه‌كی سیاسیی له دیدو تێگه‌شتنی نوخبه‌ی حوكمڕانه‌وه سه‌یر بكرێت و بخوێنینه‌وه بۆ بڕیاری سیاسیی و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی له‌و سات و كات و جێگه‌یه‌دا كه روده‌ده‌ن.
قه‌یرانی سیاسیی ناوخۆیی زاده‌ی ئه‌و ژینگه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه، كه ده‌سه‌ڵات و حومكڕانیی هه‌رێم چه‌ند ساڵه كردویه‌تیه كه‌لتور و واقیعێكی سیاسیی سه‌پێنراو به‌سه‌ر دۆخی سیاسیی و كایه سیاسییه‌كه‌ی هه‌رێمدا زاڵبوه، بۆیه ده‌بینی به‌بێ نانه‌وه‌ی كێشه و هه‌ڵڵایه‌كی سیاسیی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن ناتوانن به‌سه‌ر بچوكترین كێشه‌ی جیاوازیی دیدو بۆچونی جیای نێوانیان له پرسێكدا بگه‌نه ئه‌نجامێك، كه گوزارشت له خاڵی بهیهكگهشتنهوهی تێگه‌شتنه جیاوازه‌كان بكات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی وه‌ك ده‌ره‌نجامێكی ئاسایی كه له گفتوگۆ‌و مشت‌ومڕ و بێنه‌وبه‌ره‌ی راو دیدو بۆچونه جیاوازه‌كانی نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌وێته‌وه، به‌مه‌ش په‌رله‌مان بكاته چوارچێوه‌ی كۆده‌نگیی نهتهوهییو نیشتمانیی.
من نامه‌وێت باسی ئه‌و كێشه‌یه‌ی ئێستا بكه‌م، كه له گفتوگۆكردنی یاساكه‌دا له‌سه‌ر رێژه‌ی ده‌نگدان به ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی باڵای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان دروست بوه، چونكه له‌گه‌ڵ گرنگیی زۆری كۆمسیۆنه‌كه و یاساكه‌یدا ئه‌و ماده‌یه هێنده ساده‌یه له روی قانونییه‌وه به رێسا شهكلیهكانی رێكخستنی ئۆرگانه‌كه ناو ده‌برێت، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به ژیان و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتییانه‌وه نییه، له‌وه‌ش زیاتر به‌و رێژه‌یه‌ی لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن داوای ده‌كات دو له‌سه‌ر سێی ده‌نگ بۆ لیستی ده‌سه‌ڵات له ئێستادا مسۆگه‌ر ده‌بێت، ئیتر پاساوێكی مه‌عقول له‌پشت ئه‌م كێشه و هه‌ڵڵا سیاسییه‌وه نییه ده‌سه‌ڵات دروستی ده‌كات، به‌ڵكو راستتر ئه‌وه‌یه ئه‌م كێشه‌یه و هه‌ر كێشه‌یه‌كی تری گه‌وره، یان بچوك ده‌رهاویشته‌ی سروشتی گرفتزایی ده‌سه‌ڵاته وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد- گرفتی بڕیاری سیاسیی و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی- ئیتر په‌رله‌مان چوارچێوه‌ی كۆبونه‌وه‌ی كه‌س و هێزه ئۆپۆزسیۆنه به گومان و نادڵنیاكانه له بۆچون و راكانیاندا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا و ئاساییه هه‌ر پرسێك ببێته سه‌رچاوه‌ی كێشه‌و نائارامییه‌ك.
رۆژنامه: به‌ڕای ئێوه هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ر سێ لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی هه‌رێم (یه‌كگرتو، كۆمه‌ڵ، گۆڕان) له ده‌سه‌ڵات بۆ كشانه‌وه‌یان له ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان و به‌شدارینه‌كردن له هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان، تا چه‌ند گوشارێكی سیاسیی پۆزه‌تیڤ و پراگماتیكیانهیه له دولایهنهكهی ده‌سه‌ڵات؟
مه‌ولود باوه‌مراد: له هه‌ر حاڵێكدا به‌كارهێنانی كارتی سیاسیی یه‌كێكه له ئامرازه‌كانی كار‌و جوڵه‌ی هێزێكی سیاسیی له ململانێی نێوان هێزه سیاسییه‌كاندا به مه‌به‌ستی بردنه پێشه‌وه‌ی خواسته‌كانی و هێنانه‌دی ئامانجه ته‌كتیكیی و ته‌نانه‌ت ستراتیژییه‌كانیش، پێویسته وه‌ك رێسایه‌كی گشتیی ئاماژه به‌وه بكه‌م به‌كارهێنانی كارتی سیاسیی بڕیارێكی هه‌ستیار و قورس و هه‌ندێ جاریش چاره‌نوسسازه، هه‌ر هێزێكی نابێ بێ له‌سه‌ر وه‌ستان و وردكردنه‌وه، له‌ژێر گوشاری هه‌لومه‌رج و دۆخێكی تێپه‌ڕدا ده‌ستی بۆ ببات.
رۆژنامه: تائێستا ده‌سه‌ڵات مامه‌ڵه‌یه‌كی واقیعبینانه‌ی كردوه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن وه‌ك به‌شێكی گرنگ له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمدا، كه رونه ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه ئۆپۆزسیۆنی وڵات نییه به‌ڵكو ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه؟
مه‌ولود باوه‌مراد: با له كۆتایی پرسیاره‌كه‌وه ده‌ستپێبكه‌م، بۆ مه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات تێكه‌ڵاوبونی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی وه‌ك كێشه سهیركردوه و بوه‌ته جێگه‌ی پرسیار و بیركردنه‌وه‌ی، یان ئێسته پاش ئه‌و هه‌مو شێوان و كاره‌ساته ئیداریی و گه‌نده‌ڵییه‌ی له‌م كێشه‌یه كه‌وتوه‌ته‌وه هه‌ر له رۆژگاری وه‌زیر و وه‌كیل وه‌زیر به یه‌ك سهڵاحیهتهوه تا ئه‌مڕۆی ره‌خنه و گله‌یی و گازنده‌ی هاوڵاتییان و ئۆپۆزسیۆن هه‌نگاوی ستراتیژیی و بڕیاری پێویستی بۆ جیاكردنه‌وه‌یان وه‌رگرتوه، تا جیاوازیی له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و وڵات بكات، ئه‌مه جگه له گوتار و ئه‌ده‌بیاتی ئۆپۆزسیۆن شتێكی تر نییه، به‌ڵام له خۆیدا یه‌كێكه له‌و چه‌مكه گرنگه سیاسییانه‌ی پێویستی به قسه له‌سه‌ركردنی زۆرتر هه‌یه، تا لانیكه‌م له هۆشیاریی كۆمه‌ڵگه و تاكی هاوڵاتییدا كۆتایی به تۆمه‌تی بهخائینكردنی ئه‌و هێز و كه‌س و لایه‌نه سیاسییانه بێنێ، كه بۆچون و دیدیان ناكۆك و جیاوازه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تگوزاریی و بڕیاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا و هاوڵاتی له‌وه بگات دژایه‌تی سیاسه‌ت و بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات دژایه‌تی نه‌ته‌وه و نیشتمان نییه، به‌داخه‌وه ئه‌مه كه‌لتورێكی زاڵه له ده‌سه‌ڵاته‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا.
رۆژنامه: په‌یوه‌ندیی ئێوه له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له چ ئاستێكدایه، له‌كاتێكدا له میدیاكانه‌وه هه‌ست به له‌یه‌كتری نزیكییه‌كی پێویست ناكرێت؟
مه‌ولود باوه‌مراد: وابزانم په‌یوه‌ندیی نێوان ئێمه و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جێگه‌ی پرسیار نییه، كه ئاسایی و باشه و كوتله‌كانمان له په‌رله‌ماندا هاوكاریی و پێكه‌وه گفتوگۆكردن و بیروڕاگۆڕینه‌وه له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی په‌رله‌مان له‌نێوانیاندا به‌رده‌وام هه‌یه، ئه‌وه‌ی وایكردوه وێنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر به روه‌وه نه‌بێت ره‌نگه به‌هۆی نه‌بونی باره‌گا و به‌رپرسی بزوتنه‌وی گۆڕانه‌وه بێت له شار‌و ناوچه جیاكانی كوردستاندا.
رۆژنامه: ئێوه‌ن ناتانه‌وێت زۆر نزیك ببنه‌وه، یان گۆڕانه؟
مه‌ولود باوه‌مراد: ده‌كرێت پێچه‌وانه‌كه‌شی بپرسین گۆڕان نایه‌وێت زۆر له ئێمه نزیك بێته‌وه؟ یان هه‌لومه‌رج و پێویستییه‌كانی زۆرتر لێك نزیكبونه‌وه له‌لایه‌ن هه‌ردولاوه نه‌بوه‌ته پێویستی تا لایه‌كیان ده‌ستپێشخه‌ری بۆ بكات.
رۆژنامه: بۆچی تائێستا سێ لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو خاوه‌نی پرۆژه‌و كاری هاوبه‌ش نین؟ ئه‌و هۆكارانه چین كه وه‌كو پێویست ئه‌و دۆخه‌ی نهخوڵقاندوه؟
مه‌ولود باوه‌مراد: ره‌نگه یه‌كه‌م هۆ تازه‌یی ئه‌زمونی ئۆپۆزسیۆن بونی په‌رله‌مانی بێت له هه‌رێمی كوردستاندا، چونكه چوارچێوه‌یه‌كی رێكخراوی هاوبه‌ش یه‌كتر ئه‌زمونكردن و متمانه به یه‌كتری زیاتری ده‌وێت، دوه‌م ده‌شێت جیاوازیی هاوسه‌نگیی نێوان ئه‌م هێزانه له په‌رله‌ماندا هۆكارێك بێت، چونكه ژماره‌ی كورسییه‌كان زۆر لێكنزیك نین، ره‌نگه خاوه‌نی گه‌وره‌ترین فراكسیۆن كه فراسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه بیرۆكه‌ی وه‌های لا گه‌ڵاڵه نه‌بوبێ و ده‌ستپێشخه‌ری وه‌های نه‌كردبێت، ره‌نگه به‌هۆی جیاوازیی بیر و ئایدیۆلۆژیا و دیدی جیاوازییانه‌وه بێت بۆ شته‌كان كه سه‌ره‌نجام ره‌فتاری سیاسیی و جۆری مامه‌ڵه‌یان له ته‌ك پرسه‌كاندا جیاواز ده‌بێت و بیر له دروستكردنی چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ چالاكییه ئۆپۆزسیۆنییهكهشیان كه‌وتبێته په‌راوێزی ئه‌و جیاوازییانه، هۆكارێكی تر ئۆپۆزسیۆن رێگه‌یه‌ك نییه بۆ ده‌سكه‌وته‌كانی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانیی و وه‌رگرتنی پۆست و پێگه له ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو دابه‌شكردنی بێ بهشبونه به هیوای به‌ده‌ستهێنانی زیاتری رای شه‌قام و ده‌نگی جه‌ماوه‌ر به مه‌به‌ستی گوڕخواردنه‌وه بۆ خولی داهاتو، ره‌نگه هه‌رلایه‌كیان بیه‌وێت به جیا ده‌سكه‌وتی په‌رله‌مانی بۆ خۆی تۆمار بكات بۆ رازیكردنی ده‌نگده‌ره‌كه‌ی خۆی و به‌ده‌سهێنانی رای شه‌قامیش.
ره‌نگه به رێژه‌ی جیاواز هه‌مویان بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم ئێستا ئه‌گه‌رچی له چوارچێوه‌ی كوتله‌یه‌كی رێكخراو، یان به‌ره‌یه‌كی رێكخراوی ئۆپۆزسیۆندا نین، به‌ڵام هاوكاریی و پرس و راو گفتوگۆی باش له‌نێوانیاندا هه‌یه.
رۆژنامه: هه‌ندێك له چاودێران پێیانوایه؛ ئێوه وه‌ك یه‌كگرتو كه ئێستا لایه‌نێكی ئۆپۆزسیۆنن، هه‌ندێكجار هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانتان له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا نه‌رمه و پێشهاته سیاسییه‌كان هه‌ڵوێستی توندتر له ئێوه ده‌خوازێ، به‌وپێیه‌ی ئۆپۆزسیۆنن، رات له‌وباره‌یه‌وه چۆنه؟
مه‌ولود باوه‌مراد: ئێمه حیزبێكی سیاسیی ئیسڵاحیی و ئیسلامیی میانهڕهوین ئه‌مه‌ش كۆی خه‌سڵه‌ت و سیفه‌ته سیاسییه جوێكهرهوهكانی ئێمه ده‌سنیشان ده‌كات و له حیزب و رێكخستنه سیاسییه‌كانی تر جیامان ده‌كاته‌وه، كه‌واته نه‌رمیی و مرونه‌ت له ته‌عامول له‌گه‌ڵ پرس و كێشه سیاسییه‌كان، له‌گه‌ڵ روداوه‌كان له‌گه‌ڵ قه‌واره‌و بونه‌كانی تر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه له‌گه‌ڵ تاك و كۆمه‌ڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره ئینحیراف و كێشه و قه‌یرانێك، به‌شێكی سروشتی بنه‌ڕه‌تییه له ره‌فتاری سیاسیی و ستایڵی تایبه‌ت به كار و مامه‌ڵه‌ی خۆمان و پێوه‌ی پابه‌ندین، نه‌ك وه‌ك هه‌ندێك بێ ئینسافیمان ده‌رهه‌ق ده‌كه‌ن، كه گوایه له ترسی ئه‌م حیزب، یان ئه‌و لایه‌ن، یان حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، یان له‌برسان و بۆ ده‌سكه‌وت ناچارین هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌مان نه‌رم و ئارام بێت. نه‌خێر زۆر و كه‌م وانییه ئه‌وه به‌شێكه له خه‌سڵه‌تی بونیادیی ئه‌و حیزبه و جگه له خوا و خۆمان كه‌س ده‌ستی له دروستكردنی بڕیار و هه‌ڵوێستی سیاسیی ئێمه‌دا نییه و ناشبێ-إن شا الله-.
رۆژنامه: په‌یوه‌ندیی ئێوه له‌گه‌ڵ پارتی‌و یه‌كێتی له چ ئاستێكدایه؟ میدیاكان له‌م رۆژانه‌دا باسی ئه‌وه‌یان كرد پارتی له ئێوه خۆی نزیككردوه‌ته‌وه، ئه‌م مه‌سه‌لانه چۆنن؟
مه‌ولود باوه‌مراد: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌ردولا ئاساییه، ئێمه له ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵات و ئه‌وانیش پێكهێنه‌ری ده‌سه‌ڵات له ئه‌رك و رۆڵی یه‌كتر تێده‌گه‌ین، ئێمه واتێده‌گه‌ین ئۆپۆزسیۆن یانی بهیهكگهشتنهوه له پێگه‌و جێگه‌ی گوتار و دیدی جیاوازه‌وه بۆ سیاسه‌تگوزاریی و ده‌سنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان، مانای سه‌نگه‌ر له یه‌كتر گرتن و شیر و تیر له یه‌كتر سوین و یه‌كتر نه‌فیكردن نییه.
به‌نسبه‌ت په‌یوه‌ندیی ئێمه و براده‌رانی پارتی دیموكراتی كوردستان وتم؛ ئاساییه، گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌ش په‌یوندیی به پاشماوه‌ی كێشه‌كانی 6/12ی 2005 بو له‌نێوانماندا كه گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌ی ناوه ناوه له‌نێوانماندا بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌بوه و نه‌پچڕاوه له ماوه‌ی رابردودا تا له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا گه‌شتینه چاره‌سه‌رێكی هاوبه‌ش و هه‌ردولا پێی رازیبوین و سوپاسیان ده‌كه‌ین.
رۆژنامه: هه‌واڵی دروستكردنی پارتێكی سیاسیی ئیسلامیی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی ئیسلامییه‌وه له میدیاكان بڵاوبوه‌ته‌وه، كه به‌ڕێز عه‌بدولڕه‌حمان سدیقی، سه‌ركرده‌ی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی یه‌كگرتوی تێدایه، زانیاریی زیاتری به‌ڕێزتان له‌سه‌ر بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه چییه؟
مه‌ولود باوه‌مراد: به‌ڕاستی زۆر و كه‌م ئاگاداری شتی وانیم.
رۆژنامه: پێتانوایه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان زه‌روریه‌تی بونی پارتێكی دیكه‌ی مه‌یل ئیسلامیی بخوازێت (له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌م پارته ناوه‌كه‌شی ئیسلامیی نه‌بێ)؟
مه‌ولود باوه‌مراد: وه‌ك جه‌نابت ده‌زانیت به‌نده ئه‌وه زیاتر له (15) ساڵه له سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیی حیزبی یه‌كگرتوی ئیسلامیدام و به كرده‌یی له كار و ئه‌رك و پێویستییه‌كانی حیزب ئاگادارم و له روی ئهكادیمیشهوه له هه‌مان بواردا شتێك له پسپۆڕیم به‌ده‌ستهێناوه، بۆیه ره‌نگه بتوانم تا راده‌یه‌ك بابه‌تیانه دوراییهكانی ئه‌م بابه‌ته لێكبده‌مه‌وه، به‌ر له‌وه‌ی باس له ناوه‌ڕۆكی و ئاراسته‌ی حیزبه‌كه بكه‌م وه‌ك له پرسیاره‌كه‌دا ئاماژه‌تان پێكردوه، قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ژیان و رۆڵی حیزب بكه‌م له ئێستادا، هه‌روه‌ك له كتێبی قه‌یرانه‌كانی حیزب‌دا ئاماژه‌م پێكردوه، ئه‌مڕۆ نه‌ك له كوردستان له‌سه‌ر ئاستی هه‌مو ناوچه‌كه دیارده‌ی بێزاریی و توڕه‌یی و دوركه‌وتنه‌وه و وه‌ڕسبون له حیزب به گشتیی له‌لایه‌ن هاوڵاتییانه‌وه به‌دیده‌كرێت، هاوجوت له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ناكارایی و زیاتر بچوكبونه‌وه و پوكانه‌وه و پهراوێزكهوتنی حیزبه بچوكه‌كانیش دیار و به‌رچاوه هه‌روه‌ك عه‌بدولئیلاه به‌لقه‌زیز، ده‌ڵێت: حیزب توشی خوێنبه‌ربون هاتوه-نزیف-و زۆر ده‌گمه‌ن حیزبی تازه دامه‌زراو پێكهێنراو بتوانێت گه‌شه‌ی پێویست تا ئاستی نوێنه‌رایه‌تی به‌شێك له هاوڵاتییان بكات، ئه‌وانه‌شی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن رۆژ به‌ڕۆژ په‌راوێز ده‌كه‌ون.
دوه‌میان، به رای من باشتر بونی ژیان و بژێویی و موچه‌ی خه‌ڵك پاش گۆڕانی رژێمی به‌عس پێشتر حیزب یه‌كێك بو له سه‌رچاوه‌كانی داهاتی هاوڵاتی بۆ بژێویی ناچاری ئینتما بۆ حیزب ده‌بو.
سێیه‌م، هۆ و كاریگه‌ریی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نوسه‌ره سه‌ربه‌خۆكان كه له ناشیرینكردن و بوغزاندنی جه‌ماوه‌ر له حیزب رۆڵی به‌رچاویان هه‌بو.
ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی ژیانی حیزبایه‌تی بخه‌ینه پاڵ پێویستییه مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانی دامه‌زراندنی حیزب و ئه‌ویش له ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تی و كایه سیاسییه‌كه‌ی كوردستاندا دروست بكرێت، به ئه‌سته‌م ده‌توانین بڵێین؛ كۆمه‌ڵگه حیزبێكی نوێ ته‌زكییه ده‌كات و له ده‌وری كۆده‌بێته‌وه و دینامیكییهتێكی ئه‌وتۆی ده‌بێت كۆمه‌ڵگه ببزوێنێ.
ده‌مه‌وێت به كوردی قسه بكه‌ین، ئه‌م دهنگوباسهی دروستكردنی حیزبی نوێ و زه‌روره‌تی پارتێكی نوێ له كوردستاندا له‌ژێر دوكاریگهریدایه، یه‌كه‌م: كاریگه‌ریی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پاش (25/7) له كوردستان، دوهه‌م: كاریگه‌ریی سه‌ركه‌وتنی حیزبی عه‌داله و ته‌نمییه له توركیا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من لێی دڵنیام دوباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م دو ئه‌زمونه و هاوشێوه‌كانیان ده‌قاوده‌ق و به‌و شێوازه‌ی خۆیان دوباره نه‌بێته‌وه سه‌ر ناگرێت، له هه‌ر جێگه‌یه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك كاك نه‌وشیروان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له هه‌ڤاڵانی له قیاده‌ی حیزبێكی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵات وه‌ك یه‌كێتی جیابونه‌وه، وه له هه‌ر شوێنێك ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی وه‌ك عه‌بدوڵڵا گول و ئه‌ردۆغان له حیزبی فه‌زیله‌ی خاوه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا- نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان كه به هه‌ڵگه‌ڕاوه له دین ناویان ده‌بات- جیابونه‌وه، ئه‌وا ئه‌و ئه‌زمونانه‌ش دوباره ده‌بنه‌وه.
به‌نسبه‌ت ناوه‌ڕۆكی فیكریی و ئاراسته‌ی سیاسییه‌وه وا ده‌زانم له كوردستان ئه‌وه‌نده دابه‌شبونی فیكریی و سیاسیی و ئاراسته سیاسییه‌كان رون و ئازاد و كراوه‌یه، له راپه‌ڕینه‌وه تائێسته‌ش ژماره‌یه‌ك له حیزب و گروپ و كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامیی له گۆڕه‌پانی كوردستاندا ئاماده‌ییان هه‌بوه، ده‌بێ شوناسی سیاسیی رون بێت، ئیسلامیی مه‌شره‌ب و ئیسلامیی مه‌یل پاساوی بونی نابێت، لێره ئیسلامیی ئیسلامییه و عه‌لمانی عه‌لمانییه، ئه‌گه‌ر دیدو وێناكردنێكی تری هه‌بێت بۆ په‌یوه‌ندیی دین و سیاسه‌ت و به رونی رابگه‌یه‌نرێت، بكرێته پاساوی جیایی و جیاوازیی ده‌شێ شتێكی جیاواز و نه‌وعی بێت، ئه‌گینا له‌و حیزب و رێكخستنه ئیسلامییانه‌ی كه هه‌ن زیاتر ناكات و باشتر نابێت.