سازدانی: نهبهز جهلال
لهم دیمانیهدا مامۆستا جهمال نهبهز سیاسهتمهداری كورد باس له بارودۆخی سیاسی ههرێمی كوردستان و شێوازی كاركردنی كورد دهكات له بهغدا، هاوكات پێیوایه کە دەگوترێ "کورد بەرامبەر بەغدا دەبێ یەکبن" راستە و دروستە، بەڵام ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێشێ ئەوەیە، "ئەو یەکگرتنە لەگەڵ کێی و بۆچی و بەرامبەر بەکێ؟، ئەگەر یەکگرتن بۆ هێنانەدی مافەکانی خەڵکی کوردستان بێ، جارێ دەبێت بپرسین "مافەکانی خەڵکی کوردستان چین؟"، ئایا ئەو مافانە بریتین لە پارە و پایە، یان ئازادیی خەڵکی کوردستان و تێروتەسەلی هەمویان و سەندنەوەی خاکە داگیرکراوەکان و ناچارکردنی دەوڵەتی عێراق بە داننان بەگەلکوژیدا لە کورد؟".
سبهی: با له باردۆخی سیاسی ههرێمی كوردستانهوه دهست پێ بكهین، واته چ جیاوازییهك دهبینیت لهنێوان ئهزمونی حكومڕانی ههرێمی كوردستان له ماوهی حكومهت و پهرلهمانێكی بێ ئۆپۆزسیۆن له كابینهكانی پێشودا و حكومهت و پهرلهمانێك كه ئۆپۆزسیۆنی تێدایه، یان رونتر ئۆپۆزسیۆن له ههرێمی كوردستان چۆن ههڵدهسهنگێنیت؟
جهمال نهبهز: بونی پارلەمان لە وڵاتێکدا، ئەوە ناگەیەنێ کە سیستەمی ئەو وڵاتە سیستەمێکی دیمۆکراتییە. ئەوەتا، دەبینین لەههندێک وڵاتی سیستەمدیکتاتۆری وتۆتالیتێردا پارلەمان هەیە و جاروباریش هەڵبژاردن دەکرێ، لێ، "نوێنەرەکان" لەوەپێش لەلایەن فەرماندارانەوە دەستنیشانکراون، ئەوانەش کە دەچنە پارلەمانەوە، هیچ دژایەتییەکی دەسەڵات ناکەن، چۆنکە ئەوانیش بەشێکن لە دەسەڵات خۆی. بەکورتی: بونی کەسانێک لە پارلەماندا کەرێدرابێ پێیان پێچەوانەی هێڵی رامیاریی حکومەت بوەستن، بتوانن ئازادانە بیروڕای خۆیان دەرببڕن و کاریش بکەن بۆ سەرگرتنی، بێ ئەوەی ترسی گرتن و کوشتن و نانبڕین و ئازاردان هەبێ لەسەریان، ئەوە نیشانەی بونی دیمۆکراتییە لەو وڵاتەدا. ئۆپۆزیسیۆن و دیمۆکراتی، وەک ماسی و حەوزێک ئاو وان. ئۆپۆزیسیۆن تەنێ لە نێو ئاوی دیمۆکراتیدا دەتوانێ مەلەبکات.
هەرچی هەرێمی کوردستانە، ئەوا بزوتنەوەی گۆڕان، بەیارمەتی ههندێک هەلومەرجی لەباری نێو خۆیی و نێوچەیی و نێو نەتەوهیی، توانی جێی خۆی وەک ئۆپۆزیسیۆن لەپارلەماندا بکاتەوە. هەرچەندە بەردی یەکەم کاک نەوشیروان مستەفا فڕێیدایە گۆمە مەنگەکەوە، بەڵام جەماوەری توڕە و ناهومێد لە دەسەڵات، پشتگیریی ئەم هەنگاوەی بەرەوگۆڕین کرد، چۆنکە خەڵکەکە دەمێک بو هەستی بەپێویستیی گۆڕینی یاسا و رێسای دەسەڵاتدارێتیی دەکرد، ئەوەبو لە هەڵبژاردندا، سەرەڕای گەلێک تەگەرە و رێگریی، ژمارەیەکی بەڕێژە زۆر نوێنەری سەربە بزوتنەوەی گۆڕان چونە پارلەمانەوە، کە بەداخەوە نەیانتوانی بە ئامانجەکانیان بگەن. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەرەوتی سیستەمی دیمۆکراتی لە کوردستاندا هێشتا لە گاگۆڵکێکردندایە، دو حیزبە گەورەکەش پێیانوایە هەر ئەوان مافی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیان هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا هەست بەهاتنەکایەی شتێکی نوێ دەکرێ، جیاواز لەسەردەمی بێ ئۆپۆزیسیۆنی. کەبونی ئۆپۆزیسیۆن لە پارلەمانی هەرێمی کوردستاندا، رێزی کورد لە سنورێکی نێونەتەوییدا بەرزدەکاتەوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە چوار دیواری هەرێم بەسیستەمی دیکتاتۆری و میلیتاری و ئۆتۆکراتی و ئاینزاپەرستیی دژ بەکورد، گیراوە.
بونی سیستەمێکی دیمۆکراتی ئازادیخواز لە باشوری کوردستاندا، کە لەلایەن لەشکرێکی کوردستانیی بەهێز و ناحیزبییەوە بپارێزدرێ، دواڕۆژێکی خۆش وگەش بۆ کورد مسۆگەر دەکەن. کەس نابێ لەئازادی بترسێ، چۆنکە ئازادی چرای رێی رۆناکییە، مەگەر ئەوانەی دوژمنی رۆناکین ترسیان ههبێ لهئازادی، بهڵام ئازادییش کاتێک بونی دهبێ که بۆ ههموان دهسهڵاتی بهکارهێنانی یهکسان بێ.
سبهی: له ئێستادا ههریهكه له ئۆپۆزسیۆن و دهسهلاَت باس له گۆڕان و چاكسازی دهكهن لهشێوازی حوكمڕانی ههرێمدا، بهڕای تۆ ئهو ههنگاوانه چین كه دهبێت لهم بوارهدا بنرێت، ئایا ئهوهی دهسهڵات باسی دهكات نیازێكی جدییه یان تهنها بانگهشهیهكی سیاسییه، یان ئهوهی ئۆپۆزسیۆن دهیڵێت قابیلی جێبهجێكردنه یان موزایهدهی سیاسییه وهك دهسهڵات وای ناو ئهنێت؟
جهمال نهبهز: کەتۆ باسی گۆڕانت کرد، دەبێ جارێ هەستتکردبێ بەوەی کە "گۆڕان" یان بەواتەی من "گۆڕین" کارێکی پێویست و رەوایە و باوەڕت هێناوە پێی. خۆ ئەگەر گۆڕین لە ناچارییەوە بو، یان بۆ دەمکوتکردنی بەرهەڵسکاران بو، ئەوا ئەو گۆڕینە گۆڕینێکی درۆزنە و روکێش وشل و شێواو دەبێ، بەرگەی هەڵبەزەودابەزی پرۆسەی رامیاریی ناگرێ. دەسەڵاتدارانی هەرێم، کە باسی گۆڕان دەکەن، وەک لەم دواییەدا بوەتە وێردی زمانیان، ئەوە لە ناچارییەوەیەو بە نابەدڵییە، لەئەنجامی ئەو بزوتنەوە جەماوەرییەوەیە کە لە کوردستاندا سەریهەڵداوە و داوای گۆڕین دەکا. ئەگەرنا کۆمەڵگەی کوردستان دەمێکە پێویستی بە چاوخشاندنەوەیە بەرەوش و شێوەی رامیاریی دەسەڵاتدارێتیدا.
دەسەڵاتداران لە باوەڕنەبونیان بە گۆڕینی بارودۆخ، هەمو هەوڵێک بۆ چاکسازی و هەمو رەخنەیەکی رەوا لە دەسەڵات، بە"موزایەدەی سیاسی" دادەنێن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کەسانێک لە دەسەڵاتدان، کە پێیانوایە کوردستان هەر مڵکی وانە و هەرخۆیانن کە مافی هەموشتێکیان هەیە. ئەگەرنا، کۆمەڵگەی کوردەواریی، کۆمەڵگەیەکی سەقەتە و دەمێکە پێویستی بە گۆڕینێکی بنچیەیی هەیە لەجۆری بیرکردنەوە و لەجۆری بەڕێوەبەرێتی نێوخۆیی و لەجۆری هەڵسوکەوتدا بەرامبەر بە دەرەوە. بۆئەمەش، دهبێ؛ گشتاندن و سەپاندنی بیروبۆچونی تاکەکەسی و خستنەکاری بڕیاری لەپێشەوەدراو، لەلایەن سەرکردەکانەوە، بگۆڕدرێت بە بیروڕای ئازاد و وتوێژکردن لەسەری، ئەوجا رێخۆشکردن بۆ بڕیاری گەلەمپەری. واتە، رێبدرێ هەرکەس بە مێشکی خۆی بیربکاتەوە، ئەوجا ئەندامانی جەماوەری کۆمەڵگە، بێ جیاوازی بکەونە لێکۆڵینەوە و تاوتۆکردن و هەڵبژاردنی باشترین بۆچون. خۆ ئەگەر رێ لە ئازادیی بیروڕا گیرا و رێزنەگیرالێی، وەک ئێستە لەلایەن دەسەڵاتداران باوە، ئەوا کۆمەڵگەلەڕێی ئەم دەسەڵاتدارانەوە توشی "موناقەسەی سیاسی"ی ئەم حیزبانە دەبێ، کە لەهەمو هەنگاوێکیاندا بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان کورتدەهێنن وا له، مافی کورد دادەشکێنن. شایەنی باسە، ئەوهەڵوێستەی کە ئەم حیزبە هوردە بۆرژوایانە، له پەنجا ساڵ لەمەوبەرهوه بەرامبەر رژێمی ملهۆری سۆڤێت هەیانبو، ئێستەش هەر ئەو هەڵوێستەیان هەیە بەرامبەر بە ئەمهریکا، لەباری گوێڕایەڵی وبێ رەخنەییهوه، ئەمە لەکاتێکدا کە کورد پێویستی بە رامیارییەکی سەربەخۆ هەیە، نەک ئەوەی هەرچی زلهێزێک وتی، ئێمەش بێژین: ''فەرمودەی جەنابتە بەگم''!.
سبهی: كورد له بهغدا، لهئێستادا یهكێكه له مهسهله گرنگهكانی كه ئایندهی ههرێمی كوردستان و چارهنوسی بهشێك له خاكه دابڕاوهكهی پێوهی پهیوهسته، بهڕای تۆ ئهم شێوازی بهشدارییهی كورد له عێراقدا چۆن ههڵدهسهنگێنیت؟ یان ئایا كورد له بهغدا له 2003وه تائێستا سهركهوتو بوه؟
جهمال نهبهز: پاش شکانی لەشکری عێراق بەهۆی پەلاماردانی کوهیتەوە؛ کورد هەلێکی باش هەڵکەوت بۆی کە روبکاتە ویژدانی جهانییان و داوای مافی پێشێلکراو و رێلێگیراوی خۆی بکات.
لێ، ئەو هەلە بەداخەوە، بەشەڕە زرتانێی حیزبحیزبێنە و چاوچنۆکی بۆ پلەوپارە، لەباربرا. ئهوهبو، لەباتی هێنانە پێشەوەی کێشەی چەکی کیمیایی و گەلکوژیی لە کورد، ئەملاوئەلای سەدام ماچکرا. ئەمە لەکاتێکدا کە هەلومەرجی نێونەتەوەیی و نێوچەییش زۆر لەباربو بۆ ئەوەی تاوانی ئەنفال و چەکی کیمیایی بەکاربهێندرێ و داوای ئەوەبکرێ کە باشوری کوردستان ببێتە پارێزگە (محمیە) (protectorateێکی نێونەتەوەیی. کاتی خۆشی چەندجار ئەمەم خستەبەردەمی کاربەدەستان، کەچی گوێیاننەگرت لێی. هەر لەگەڵ خستنی رژێمی سەددام لەنیسانی ٢٠٠٣ دا بارودۆخەکە گەلێک باشتربو لەهی ساڵی ١٩٩١/١٩٩٢، بەڵام دیسان حیزبحیزبێنە و بنەماڵێنە و شەڕە پەڕۆ نەیانهێشت دۆزی کورد هەنگاوێک بەرەوچارەسەر بچێتە پێشەوە. لەباتی ئەوەی باس بێتە سەرباسی خاک و سنوری کوردستان و مافی چارەنوس و گوشارخستنە سەرعێراقی بێ دەسەڵات و کەمەرشکێنراو کە دان بنێ بەگەلکوژیدا لە کورد، چون نێوچە داگیرکراوەکانیان خستە دەنگدانەوە و بۆ ئەمەش چوارساڵ ماوەیان دا بە رژێمی عێراق کە ئەویش تا ئەوڕۆکە ئەوڕۆیە هیچی نەکردوە، ئەوەتا، بەبەرچاوی هەموانەوە ئەو نێوچانە عهرەباوی دەکاتەوە و پارتی و یەکێتیش لێی بێدەنگن، بەرامبەر دەستکەوتنی چەند پلەوپایەیەک کە هیچ کاریگەرییەکی بۆ کورد نەبوە و نییە. لەگەڵ ههندەک پارە کە کەس نازانێت دەدرێ بەچی. چونکە ئێستەش تور و گێزەر و ماست و سڵق لە دەرەوە دێ. ئەمە لەجیاتی ئەوەی نێوچە داگیرکراوەکان هەر لە رۆژی یەکەمی هەرەسی رژێمی سەددامەوە بەهێزی لەشکری پێشمەرگە بپارێزدرانایە و داگیرکەرانی لێبەدەرنرانایە، وەک خانەقین، ئەوجا خزمەتێکی زۆری خەڵکە لێقەوماوەکەی بکرایە، بە کورد و ناکوردەوە، لەبابەتی خانو دروستکردن و کارپەیداکردن بۆیان و کردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانە و زانستگەو یاریگە و پارک و سینەماو ...هتد. ئەمەبو د.بەرهەم ساڵح جارێکیان وتی؛ ''ئێمە (واتە ئەوان) دەمانتوانی ئەو نێوچانە بخەینەدەست خۆمان و بیکەین بەکارێکی کراو، بەڵام نەمانکرد..." کاتی خۆی ئەم باسەم دایەوەبەروی کاربەدەستاندا، بەڵام نقە نەهات لێیانەوە. ئەوجا با نەتەوەی کورد ببێتە سەرپشک و بڕیاری خۆی بدا. ئەز لەگەڵ هیچ کەسێک دوژمنایەتیی کەسخۆیی (شخصی)م نییە. راستییەکەی، دڵی خۆخۆشکردن بە پلەوپایە لە دەوڵەتی عێراقدا، ئەوە نەک هەرهیچ سوتێکی بۆ کورد نەبوەونییە، بەڵکو زیانیشی هەبوە و هەیە. عهرەبەکان هەمو ساتێک دەیکوتنەوە بەچاوماندا، کە کوردێکیان کردوە بە سەرکۆماری عێراق. کەچی، ئەوەتا مام جەلال دەڵێ "دەوڵەتی کوردستان خەون و خەیاڵە، دەبێژێ عێراق دەوڵەتێکی عهرەبییە، هەرچەندە کورد و ترکمانیشی تێدا هەیە"... پێموایە سەرکۆمارێکی عهرەب لە عێراقدا زاتی ئەوەناکا ئاوا بەئاشکرا ئەو قسەیە بکا. مام جهلال هیچ ناچار نهبو ئهو قسهیه بکاو کەسیش داوای ئەوەی نەکردوە لێی. خۆ ئەگەر یەکێکیش داوای ئەوەی بکردایە، ئەودەمە دەیتوانی بێژێ: "ئەوە بەدەستی من نییە، بەدەستی خەڵکی کوردستانە. فەرمون بچن لە خەڵکی کوردستان بپرسن". پاشان ئەگەر عێراق دەوڵەتێکی عهرەبییە و کوردستانیش هیچ کاتێک سەربەخۆ نابێ، کورد لە عێراقدا لەسەر خاکی عهرەب دەژین، ئێدی قوربانیدانی ئەم شەست ساڵهو ئەو هەمو شەڕەی کە نێویاننا "شەڕی براکوژی" و ئەوهەمو ئەنفال و کیمیابارانە لەبەرخاتری چی بو؟
پاشان نێوی "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان" بۆ چی نەبێت به "یەکێتیی نیشتیمانیی عێراق". ئالەم نهێنییە تێناگەم. بەڵام لەوە دەگەم کە مام جەلال دەڵێێ "ئەگەر سەربەخۆیی باشوری کوردستانمان داخۆیانیکرد، ئەودەمە دەوڵەتەکانی دراوسێ سنور دادەخەن و ئێمەش لەبرساندا دهمرین". بەڵام ئەوەناڵێێ کە حیزبحیزبێنە و شەڕو بەیەکدادانی حیزبەکان، باشوری کوردستانی لەگەلێکی بەرهەمهێنەرەوە کرد بە گەلێکی مشەخۆرو موچەوەرگر و گوند و کشتوکاڵی نەهێشت کە سەرچاوەی بژێوی شارەکان بون.
سبهی: یهكێك له بابهته گرنگهكانی ئهمڕۆ له گۆڕهپانی سیاسی ههرێمدا كشانهوهی بزوتنهوهی گۆڕانه له ئیتلافی فراكسیۆنه كوردییهكان، ئهو ههڵوێستهی گۆڕان چۆن دهبینیت؟ ئایا دهكرێت له بهغدا هاوپهیمان بین و له كوردستانیش ئاوا بین كه دهبینرێت قۆرخكاری سیاسی بهرقهراربێت و ئۆپۆزسیۆن به چاوێكی نامۆوه سهیر بكرێت؟ گۆڕان له بهغدا چۆن دهتوانێت بهرگریكاری مافهكانی گهلی كورد بێت؟
جهمال نهبهز: جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆڕبەندی حیزبە کوردستانییەکان "باوکەڕۆ و براڕۆ"ی پێناوێ، بەڵکو شتێکی تەواو ئاساییە و بگرە درەنگیش رویداوە، چونکە لە هیچ وڵاتێکدا حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن لەیەک بەرەدا خۆیان نابیننەوە، ئەوەش کە دەگوترێ "کورد بەرامبەر بەغدا دەبێ یەکبن" راستە و دروستە، بەڵام ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێشێ ئەوەیە، "ئەو یەکگرتنە لەگەڵ کێی و بۆچی و بەرامبەر بەکێ؟، ئەگەر یەکگرتن بۆ هێنانەدی مافەکانی خەڵکی کوردستان بێ، جارێ دەبێت بپرسین "مافەکانی خەڵکی کوردستان چین؟"، ئایا ئەو مافانە بریتین لە پارە و پایە، یان ئازادیی خەڵکی کوردستان و تێروتەسەلی هەمویان و سەندنەوەی خاکە داگیرکراوەکان و ناچارکردنی دەوڵەتی عێراق بە داننان بەگەلکوژیدا لە کورد؟ ئەوجا ئەگەر دو حیزبە دەسەڵاتدارەکە پرۆژەیەکیان هێنایە پێشەوە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان، ئەوا دەبێت هەمو کوردێک و هەمو کوردستانییەک، سەر بە بزوتنەوە گۆڕان بێ، یان نەبێ، پشتگیریان بکا، ئەگەر نەیکرد گوناهبارە. ئەم پشتگیرییەش پێویستی بەوە نییە هەمو حیزب و کۆمەڵە کوردستانییەکان لەیەک کۆڕبەندا کۆببنەوە، بچن دەنگ بەدڵی دەسەڵاتدارانی دو حیزبە گەورەکە بدەن. ئەمەیان وا.
خۆ ئەگەر مەبەست لە یەکگرتن گەیشتن بێ بە پلە و پارە و پایە لە دەوڵەتی عێراقی "عەرەب"دا، ئەوا ئەو پشتگیرییە نەکرێ باشە. چونکە کێشەی کورد کێشەی وەرگرتنی پلە و پایە و پارە نییە. سەددام و داگیرکەرانی ترک و فارسیش هیچ کاتێک لارییان لەوە نەبوە پلەو پایە و پارە بدەن بە کورد، بەرامبەر وازهێنان لەدۆزی رەوای کورد کە سەندنەوەی خاک و دەستنیشانکردنی سنوری جوگرافیایی و داننانە بە کوردستانێتی نێوچە داگیرکراوەکاندا، لە پاڵ داننان بە گەلکوژیدا لە کورد.
ئەوجا ئێستە ئەگەر نوێنەرەکانی بزوتنهوهی گۆڕان لە بەغدا بتوانن بیسەلمێنن کە ئەمان دوای پلە و پایە و پارە نەکەوتون، بەڵکو نوێنەرانی خەڵکی کورستانن و بهدوای مافی ئەو خەڵکە برسی و هەژارەدا دەگەڕێن، ئەگەر پێشنیازێکی باش بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد هاتە پێشەوە، لەهەرلایەکەوە دەبێ، باببێ، پشتگیری بکەن، ئەوا جەماوەریان فراوانتر دەبێ و دواڕۆژییش بۆ وان دەبێ.
خۆ ئهگەر وانەکەن و بڕیاری پێشکات بدەن و تۆڵەسەندنەوە بخەنە پێش چاوی خۆیان و لەوەوە دۆستایەتیی ههندێک لایەنی نهیار بە کورد بکەن لەڕکی دەسەڵاتدارانی هەردو حیزبە گەورەکە، ئهوا لەبەرچاوی جەماوەر دهکەون، بۆ ئەمەش پێویستە جارێ چاوەڕوان بکەین و پەلە نەکەین لەبڕیارداندا لەبارەی جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، چونکە رامیارییکردن و بڕیاردان ههر به باڵای پارتی و یهکێتی نهبڕاوه، بهڵکو مافی ههمو کهس و کۆمهڵهیهکه. دهبێ ئهوهش بێژم که ئهم حکومهته نوێیهی مالیکی دروستیدهکات، هێنده بهرههڵست دێنه پێشی، که کهس نازانێ تاکهینێ بهرگه دهگرێ و کوردیش دهبێ چاوهڕوانیی دهستی ئهم و ئهو نهکهن، بهڵکو ئهم دهرفهته باش بهکاربهێنن، خۆیان کێشهکانی خۆیان چارهسهربکهن.