سازادنی: هۆشیار عه‌بدوڵا
له‌م چه‌ند رۆژه‌دا گه‌رموگوڕترین ده‌نگوباس و هه‌واڵ بریتییه له مه‌سه‌له‌ی به‌شدارینه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌تی نوێی مالیكی‌دا، هه‌ڵبه‌ته به‌شدارینه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌م له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامی عێراقی و هه‌م له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامی ناوخۆش كاردانه‌وه‌ی به‌رفراوان و لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری به‌دوادا هات. بۆ قسه‌كردنی زیاتر سه‌باره‌ت به‌م باس و ته‌وه‌ره به‌خۆشحاڵیه‌كی زۆره‌وه میوانداری دكتۆر شاهۆ سه‌عید سه‌رۆكی وه‌فدی دانوستانكاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانمان كردوه، كه له شاری به‌غداوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هه‌ڵبه‌ته به‌ڕێزیان له‌سه‌ره‌تای دانوستانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نیشتمانیدا به‌شدار بوه و خۆی له‌ناو وێنهكهدایه و ورده‌كاریی زیاتری لایه، بۆ راستكردنه‌وه و خستنه‌ڕوی هه‌مو ئه‌و وێنانه‌ی كه هۆكار بون بۆ به‌شدارینه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی‌دا ئه‌م دیداره تایبه‌ته‌مان سازدا.
KNN: باسه‌ره‌تا له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین كه چۆن بڕیارتان دا به‌جیا به‌شداری بكه‌ن له دانوستان له به‌غدا بۆ به‌شداریكردن له حكومه‌تی نوێی عێراقدا؟
د.شاهۆ سه‌عید: پێم خۆشه سه‌ره‌تا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ساڵی رابردو، به‌دیاریكراوی بۆ مانگی تشرینی دوه‌می ساڵی رابردو، كاتێك هه‌وڵێك له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه خرایه‌گه‌ڕ بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسای هه‌ڵبژاردنی عێراق كه تیایدا سته‌مێكی زۆر له كورد كرابو، ژماره‌ی كورسیه‌كانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا به‌پێی ئه‌و یاسایه كهمكرابونهوه. له‌و ده‌مه‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌یامێكی زۆر ئاشكرای گه‌یانده سه‌ركردایه‌تی ئێستای حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و له رێگای سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیشه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌وه‌ی كه ده‌كرێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ هه‌مو هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌وڵێكی نیشتمانی بخه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ رێگرتن له تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسایه، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ییمان نیشاندا تا ئاستی بایكۆتكردنی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا بۆ ئه‌وه‌ی كورد یه‌كڕیز ده‌ربكه‌وێت.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌رێگای ئه‌و په‌یامه‌وه ویستی ئه‌وه بگه‌یه‌نێت كه راسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له كوردستان ئۆپۆزسیۆنه به‌ڵام ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی پێكه‌وه به‌یه‌ك هه‌ڵوێست له‌گه‌ڵ هه‌مو هێزه‌كانی تر به‌رگری له مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین، به شایه‌تی هه‌مو لایه‌نه سیاسیه‌كان، به شایه‌تی به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هه‌مومان پێكه‌وه رۆڵێكی گرنگمان بینی، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و سته‌مه بهێنرێت و یاساكه به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موار بكرێته‌وه كه بڕێك له به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بگه‌ڕێنێته‌وه. هه‌نگاوی دوه‌می بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ته‌رجه‌مه‌كردنی ئه‌م هه‌ڵوێسته بڕیاری به‌شداریكردنی بو له دامه‌زراندنی له ئیتئیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كاندا، بڕیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه وه‌رگیرا كه ده‌كرێت چیتر دانوستانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نی عه‌ره‌بیدا به نیشتمانی بكه‌ین و كارێكی وابكه‌ین دانوستان له‌نێوان كورد و به‌غدا به‌دامه‌زراوه‌یی بكه‌ین، چونكه به‌درێژایی مێژوی شۆڕشی كوردی هه‌میشه دانوستان له‌نێوان حیزب و له‌نێوان لایه‌نه‌كه‌ی تردابوه كه ئه‌ڵبه‌ته لایه‌نه‌كه‌ی تر بهدامهزراوهییتر بوه، تائێستا هه‌ر سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان و وه‌فدی حیزبه‌كان نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستانیان كردوه له دانوستاندا.
KNN: هیچ پێشمهرجێكتان هه‌بو بۆ به‌شداریكردنتان له‌ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان؟ به‌تایبه‌ت كه قسه‌و باسی زۆر ده‌كرێت له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه بۆ به‌شداریتان كرد و بۆ كشانه‌وه؟
د.شاهۆ سه‌عید: به‌ندێكی زۆر رون و ئاشكرا له په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كاندا هاتوه، كه ده‌بێت بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ئاسایی بكرێته‌وه، ئه‌مه خۆی له خۆیدا دانپێدانانه له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتی و هه‌مو هێزه‌كانه‌وه كه بارودۆخی سیاسی كوردستان بارودۆخێكی نائاساییه و پێویستی به ئاساییكردنه‌وه هه‌یه.
KNN: كه ده‌ڵێیت ئاساییكردنه‌وه مه‌به‌ستت ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه تازه دروستبوهكهی ئێوه؟
د.شاهۆ سه‌عید: نه‌خێر به‌گشتی سیستمی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا سیسته‌مێكی نائاساییه و تاوه‌كو ئێستا ئه‌وه‌ی له كوردستاندا هه‌یه ده‌سه‌ڵاتی حیزبۆكراتییه و ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی نیه، حكومه‌تێك هه‌یه له هه‌ولێر و حكومه‌تێك له سلێمانی، یاسا گرنگه‌كان كۆده‌نگیی نیشتمانیان له‌پشته‌وه نیه، جگه له چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی تر كه په‌یوه‌ندییان به چاكسازی سیستمی په‌رله‌مانی و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و تێكه‌ڵاوبونی بودجه‌ی حیزب و حكومه‌ته‌وه هه‌یه.
KNN: ئێوه له‌به‌ر ئه‌وه كشانه‌وه له ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان كه ئه‌و به‌نده جێبه‌جێ نهركراو دۆخی كوردستان ئاسایی نه‌كرایه‌وه؟
د. شاهۆ سه‌عید: نه‌ك ته‌نها ئه‌و به‌نده جێبه‌جێ نه‌كرا، به‌ڵكو رێك پێچه‌وانه‌كه‌ی په‌یڕه‌و كرا.
KNN: چۆن؟
د. شاهۆ سه‌عید: له‌و ده‌مه‌دا كه ئێمه سه‌رگه‌رمی دانوستان بوین له به‌غدا، من خۆم ئه‌ندامی وه‌فدی ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان بوم له‌گه‌ڵ كاك ئازاد چالاك و كاك سه‌ردار عه‌بدوڵا، له‌و كاته‌دا هه‌وڵدرا بۆ تێپه‌ڕاندنی پرۆژه یاسای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه پرۆژه یاسایه‌ك بو دو حیزبه‌كه ده‌یانویست له رێگای زۆرینه‌ی ره‌هاوه كۆمسیۆنێك دروست بكه‌ن كه ته‌نها له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداراندا بێت به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی ئۆپۆزسیۆنه‌وه. ئه‌وه بو ئێمه گه‌ڕاینه‌وه بۆ كوردستان و ده‌ستمان كرد به جۆرێكی تر له دانوستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردو حیزب. باسمان له‌وه كرد كه ده‌بێت ئه‌م یاسایه به‌و جۆره تێنه‌په‌ڕێنرێت، یان به‌جۆرێك هه‌موار بكرێت كه مافی ئۆپۆزسیۆن له‌به‌رچاو بگرێت، ته‌نانه‌ت من به راشكاوانه به به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمم وت یاسای هه‌ڵبژاردن به‌ر له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ئێوه و چاره‌نوسی ئێوه‌وه هه‌بێت، په‌یوه‌ندیی به چاره‌نوسی ئێمه‌وه هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی ئۆپۆزسیۆن له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه هاتوین و ته‌نها هه‌ڵبژاردنی دیموكراتیانه ئێمه ده‌هێڵێته‌وه، واته ئه‌وه مه‌سه‌له‌ی مان و نه‌مانه لای ئێمه، ئه‌گه‌رنا خۆ به ده‌سه‌ڵاتداران بێت تا 50 ساڵی دیكه‌ش هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن ئاساییه.
KNN: كه‌واته ئه‌وه‌ش هۆكار بو بۆ ئه‌وه‌ی پاشه‌كشه بكه‌ن؟
د. شاهۆ سه‌عید: جگه له‌وه‌ش له‌و كاته‌دا كه له گه‌رمه‌ی دانوستان بوین بۆ هه‌مواركردنی پرۆژه یاسای كۆمسیۆن، یاسایه‌كی تریان تێپه‌ڕاندا كه یاسای رێكخستنی خۆپیشاندانه‌كان بو، به‌شێوه‌یه‌ك یاسایه‌كی نادیموكراتییه و سزای به‌كۆمه‌ڵی خۆپشانده‌ران ده‌دات.
KNN: قسه و باسی زۆر كرا سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌تان، هه‌مو لایه‌ك ده‌زانن ئێوه وه‌كو پێشمه‌رجێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌تان وه‌ره‌قه‌یه‌كی چاكسازیی سیاسیتان خسته‌ڕو، سه‌باره‌ت به‌وه راتان چیه؟
د. شاهۆ سه‌عید: رۆژی 4/8 له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا كه به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ری هه‌مولایه‌نه‌كان ئاماده بون، ئێمه وتمان وه‌ره‌قه‌ی چاكسازیی خۆمان هه‌یه بۆ ته‌رجه‌مه‌كردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئیئتلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان سه‌باره‌ت به ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسی. بڕیار درا كه ئێمه وه‌ره‌قه‌ی چاكسازیی خۆمان پێشكه‌ش بكه‌ین و له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردستانیه‌كان له‌سه‌ری رێكبكه‌وین. ئه‌وه بو له 16/8دا وه‌فدی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ره‌قه چاكسازیه‌كه‌ی گۆڕانی ته‌سلیم به نوێنه‌ری هه‌مو لایه‌نه سیاسیه‌كان و مه‌كته‌به سیاسیه‌كان و سه‌رۆكی ئهنجومهونی وه‌زیران و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد، دوای ئه‌وه‌ش زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردو حیزب ئه‌نجام دا. به‌ڵام له‌كاتێكدا ئێمه سه‌رگه‌رمی ئه‌و كۆبونه‌وانه بوین، هه‌ردو پرۆژه یاساكه (چه‌ند به‌ندێكی گرنگ له پرۆژه یاسای كۆمسیۆن و پرۆژه‌یاسای خۆپیشاندان) تێپه‌ڕێنرا. ئیتر له 29/10دا بڕیارمان دا له ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان بكشێینه‌وه.
KNN: ده‌وترێت ئه‌و وه‌ره‌قه چاكسازییه‌ی كه ئێوه پێشكه‌شتان كرد جۆرێك له رۆمانسیه‌تی پێوه دیاره، له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌شێك له هه‌ڵسوڕاوه‌كانتان باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر وه‌ره‌قه چاكسازییه سیاسییه‌كه تاڕادده‌یه‌كی زۆریش جێبه‌جێ نه‌كرێت، ده‌كرا ده‌سه‌ڵات له په‌رله‌ماندا جۆرێك له نیه‌تباشیی نیشانبدایه لانی كه‌م بۆ خستنه‌پێشی كۆمه‌ڵێك یاسای تر كه ئێوه به‌وته‌ی خۆتان له بهروژهوهندی خه‌ڵكدا پێشكه‌شی په‌رله‌مانتان كردوه، رای به‌ڕێزت چیه له‌وباره‌یه‌وه؟
د. شاهۆ سه‌عید: وه‌ره‌قه‌ی چاكسازییه سیاسییه‌كه‌مان دو به‌شه، به‌شێكیان هه‌نوكه‌یی بو، ده‌كرا جێبه‌جێ بكرێت، بۆ نمونه هه‌مواركردنی یاسای كۆمسیۆن، كۆتاییهێنان به دیارده‌ی سزای سیاسی، له‌گه‌ڵ چه‌ند شتێك كه زۆر ئاسایی بو ده‌كرا به بڕیارێك یان بهئیمزایهك جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام هه‌ندێكیان درێژخایه‌ن بون، ئێمه سور نه‌بوین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و داواكارییه درێژخایه‌نانه ده‌ستبه‌جێ جێبهوجێ بكرێن و بیكه‌ین به مه‌رجێك، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده نه‌بون كێشه ههنوكهییهكانیش چاره بكه‌ن، له‌و دو یاسایه‌ش هه‌ڵوێستیان به‌و جۆره بو.
KNN: ده‌ته‌وێ بڵێیت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه هه‌نگاویان نه‌نا، هاوكات جۆرێك له نیهتباشییان پیشان نه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه لانی كه‌م هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت له كوردستان چاكسازییه‌ك بكات؟
د. شاهۆ سه‌عید: به‌ڵی ئاماده‌یی له‌و جۆرمان به‌دی نه‌كرد.
KNN: دواتر كه جیابونه‌وه و به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێكه‌وتن بۆ دانوستان، چۆن ده‌ستتان كرد به دانوستان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نیشتمانی؟
د. شاهۆ سه‌عید: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌فدێكی پێكهێنا له كاك سه‌ردار عه‌بدوڵا و خاتو شایان محه‌مه‌د و من، كۆتایی مانگی 11 گه‌یشتینه به‌غدا، رۆژی 30/11 یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی ره‌سمیمان له‌گه‌ڵ وه‌فدی هاوپه‌یمانی نیشتمانیدا ئه‌نجامدا به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌سه‌ن سنێد و ئه‌ندامێتی عه‌باس به‌یاتی و یاسین مه‌جید و چه‌ند ئه‌ندامێكی دیكه‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی. له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا زۆر به ئاشكرا پێمان وتن ئێمه فراكسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ نوێنه‌رایه‌تیمان دهكاو بزوتنه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆین، به سه‌ربه‌خۆییش چوینه‌ته هه‌ڵبژاردنه‌وه، به سه‌ربه‌خۆییش نزیكه‌ی نیو ملیۆن ده‌نگمان هێناوه، ئێمه ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنی خۆمان هه‌یه به‌پێی ئه‌و ئیستحقاقه ئێمه له حكومه‌تی عێراقدا به‌شداری ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها به‌و پێیه‌ی هه‌مو كورسییه‌كانمان له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا به‌ده‌ستهێناوه، به‌شێكیش له ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستان به‌ر گۆڕان ده‌كه‌وێت كه رێژه‌كه‌ی 19%یه پێمان وتن ئێمه به‌رله‌وه‌ی باس له پشكی خۆمان بكه‌ین له حكومه‌تدا، باس له به‌شداریی سیاسیمان ده‌كه‌ین.
KNN: مه‌به‌ست چیه له به‌شداری سیاسی، یان جیاوازی چییه له‌نێوان پشك و به‌شداری سیاسی؟
د. شاهۆ سه‌عید: ئێمه ویستمان كۆتایی به‌و نه‌ریته بێنین كه به‌رله‌وه‌ی باس له به‌شداری سیاسی بكه‌ین داوای پشكی وه‌زاری بكه‌ین، ته‌نانه‌ت باسمان له پشك كرد بۆ به‌هێزكردنی به‌شداری سیاسیمان. وتمان ده‌كرێ له رێگای به‌گه‌ڕخستنی داموده‌زگا نیشتمانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، زۆربه‌ی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان كۆتایی پێ بهێنرێت. وتمان چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان كۆتایی به پاوانكاریی سیاسی چ له كوردستاندا و چ له عێراقی عه‌ره‌بی دێنێ، له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركوك و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140و دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵ و پرسه‌كانی تر.
KNN: مه‌به‌ستت چیه له‌وه‌ی كه ده‌ڵێیت كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌شێكی له به‌رژه‌وه‌ندی پاوانكارییه له كوردستانیش و له عێراقیشدا، ده‌ته‌وێت بڵێیت تا رادده‌یه‌كی زۆر هه‌ردولا هۆكارن؟ چونكه ئه‌وه‌ی ده‌وترێت ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له كوردستان به‌رده‌وام هێزه عێراقییه‌كانی تۆمه‌تبار كردوه.
د. شاهۆ سه‌عید: ئێمه بڕوامان وایه توندڕه‌ویی له هه‌ردو لاوه توندڕه‌ویی به‌رامبه‌ر به‌رهه‌مدێنێ، به‌ڵام هه‌ردو ئه‌و لایه‌ی كه توندڕه‌ویی به‌رهه‌م دێنن تا ئێستا بازرگانییان به دۆزی كورد و كه‌ركوكه‌وه كردوه. ده‌بو ساڵی 2007 ماده‌ی 140 جێبه‌جێ بكرێت، سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌ی كرد وتی ته‌نها بۆ شه‌شه مانگ رازی ده‌بین جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 دوابخرێ، به‌ڵام ئه‌وه شه‌ش جار شه‌ش مانگه‌كه تێپه‌ڕی و هێشتا ماده‌كه به جێبه‌جێ نه‌كراوی ماوه‌ته‌وه. هه‌میشه یاریكردن له‌سه‌ر وه‌ته‌ری نه‌ته‌وه‌یی جۆرێك بوه له یاریكردن به سۆزی خه‌ڵك، كه له ئه‌نجامدا هه‌ردولا سودیان له هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه وه‌ك خۆی بینیوه كه له رێگایه‌وه پاساوێكیان به ده‌سته‌وه ماوه‌ته‌وه بۆ درێژه‌دان به پاوانكاری و دواخستنی پرسی دیموكراتی و ئازادییه‌كان، واته خۆراكیان له‌و كێشه‌كانه وه‌رگرتوه به چاره‌سه‌رنه‌كراوی بمێننه‌وه. ئێمه پێمان وایه پرۆسه‌ی دیموكراتی له كوردستان و عێراقیشدا پێویستی به چاره‌سه‌ركردنی كۆتایی ئه‌و كێشانه هه‌یه. به‌ڵام تۆ ناتوانی له یه‌ك كاتدا ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكه‌یت و درێژه‌ش بده‌ی به پاوانكاری.
KNN: ئێوه ئه‌جێندای خۆتان به‌م شێوه‌یه خسته‌ڕو، وه‌ڵامی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی چی بو؟
د. شاهۆ سه‌عید: حه‌سه‌ن سنێد به‌ناوی وه‌فدی هاوپه‌یمانیی نیشتمانییه‌وه به‌ڵێنی پێداین كه ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنی ئێمه پارێزراوه. ته‌نانه‌ت ده‌ستبه‌جێ داوای ئه‌وه‌یان لێ كردین كۆبونه‌وه‌یه‌كی دیكه بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی سیاسی و جۆری به‌شداریكردنمان و پشكمان له وه‌زاره‌ته‌كاندا رێك بكه‌وین، ته‌نانه‌ت داوای وه‌ره‌قه‌شیان لێكردین.
KNN: ئه‌ی دوای ئه‌وه؟
د. شاهۆ سه‌عید: دوای ئه‌وه رۆژی 2/12 له‌گه‌ڵ نوری مالیكی‌دا كۆبوینه‌وه، زۆر به راشكاوانه هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی كه به وه‌فده‌كه‌مان وت بۆ مالیكیمان دوپات كرده‌وه.
KNN: ده‌كرێت به‌شێك له‌و راشكاوییه ببیستین؟
د. شاهۆ سه‌عید: سه‌رنجمان دا نوری مالیكی تا ئه‌و كاته دڵنیا نه‌بو كه ئایا ئێمه وه‌فدێكی سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه، ئایا ئێمه بزوتنه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆین یان به‌شێكین له ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان؟ ئێمه به‌ڕونی خۆمان پێ ناساند و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ش كه له‌نێوان ئێمه و مالیكی‌دا كرا كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیمان گرێدا و زۆر به رونی رامانگه‌یاند كه ئێمه بزوتنه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆین و داوای ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن و ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌كه‌ین، چونكه به قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریمان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كردوه.
KNN: دواقۆناغهكان وایكرد گفتوگۆكانتان به بنبه‌ست بگات له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی مالیكی‌دا و بكشێنه‌وه؟
د. شاهۆ سه‌عید: به‌رله‌وه‌ی باس له‌وه بكه‌م، رۆژی 14/12ش له‌گه‌ڵ دكتۆر ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و وه‌فدێكی ره‌وتی ئیسلاحدا كۆبوینه‌وه وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی هاوپه‌یمانی نیشتمانی، دواتر رۆژی 15/12 له‌گه‌ڵ عه‌لی ئه‌دیب-دا كۆبوینه‌وه، ئه‌و په‌یامه‌ی خۆمان زۆر به رونی دوپاتكرده‌وه، هه‌موشیان ته‌ئكیدیان له‌وه كرده‌وه كه به‌شداری و پشكی ئێمه پارێزراوه به‌و پێیه‌ی ئێمه خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی پێداوین و له‌رێگای كوده‌تاوه نه‌هاتوینه‌ته ناو په‌رله‌مانه‌وه به‌ڵكو ئیراده‌ی خه‌ڵك دروستی كردوین، باسیشمان له‌وه كرد كه قه‌باره‌ی ئێمه راسته له‌سه‌ر ئاستی عێراق قه‌باره‌یه‌كی بچوكه، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی كوردستان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دوه‌مین هێزی سیاسییه، له‌سه‌ر ئاستی پارێزگایه‌كی وه‌كو سلێمانی یه‌كه‌مین هێزین، له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستانیشدا 25 كورسیمان هه‌یه. باسمان له‌وه كرد كه به‌شداریكردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ناو حكومه‌تی عێراقدا له‌پاڵ هێزه‌كانی تری كوردستاندا كۆتایی به نوێنه‌رایه‌تی حیزبی كوردیی دێنێت و نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان له حكومه‌تدا مسۆگه‌ر ده‌كا.
KNN: له‌و كاته‌ی كه به‌ڕێزتان له به‌غدا سه‌رگه‌رمی دانوستانه‌كان بون، هه‌واڵێك له كوردستانه‌وه و هه‌واڵێك له به‌غدا سه‌باره‌ت به دانوستانه‌كانی ئێوه كه‌وته سه‌ر روپه‌ڕی رۆژنامه‌كان، هه‌واڵێك كه له رۆژنامه‌ی (ئاوێنه)دا بڵاوكرایه‌وه باس له‌وه ده‌كات كه له یه‌كێك له كۆبونه‌وه‌كانی ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باس له‌وه كراوه كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناتوانێت ده‌ستی به هیچ پۆستێكی وه‌زاری رابگات مادام له‌ژێر چه‌تری ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان هاتوه‌ته ده‌ره‌وه، هه‌ر له‌و كاته‌شدا باس له‌وه كرا كه وه‌فدی ئیئتیلافی نیشتمانی به ئێوه‌یان وتوه هه‌قه ئێوه سهللهكهتان له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان بكه‌نه یه‌ك سه‌لله، ئه‌گه‌رچی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌و هه‌واڵه‌ی ره‌تكرده‌وه به‌ڵام به جۆرێك له جۆره‌كان به‌شێكی زۆر له سه‌ركرده‌كانی به‌شدار له‌و كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌یان پشتڕاست كرده‌وه، بۆچونی به‌ڕێزت؟
د. شاهۆ سه‌عید: من سه‌ره‌تا كه بیستم بڕوام نه‌كرد سه‌رۆكی هه‌رێم له ئاستێكدا بێت قسه‌ی وا بكات، به‌ڵام به‌ڕاستی له‌دوای 18ی مانگه‌وه من كه‌وتمه گومانه‌وه، له‌دوا ساته‌كانی كۆتاییدا كه‌وتمه‌وه یه‌قینه‌وه كه قسه‌ی وای كردوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له 18ی مانگه‌وه ورده ورده وه‌فدی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی له‌هجه‌ی خۆیان گۆڕی و باسیان له‌وه ده‌كرد كه پێویست ئێمه له‌ڕێی ئیئتلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كانه‌وه باس له پشكی خۆمان بكه‌ین، ئیتر كه‌وتینه گومانه‌وه، هه‌ستمان كرد جۆرێك له (تواگۆ) و گوشار له‌ئارادایه.
KNN: مه‌به‌ست له (تواگۆ) چیه؟
د. شاهۆ سه‌عید: (تواگۆ) به واتای رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێر، رێكه‌وتنێك دور له چاوی راگه‌یاندن له‌ناو ژوره داخراوه‌كاندا.
KNN: سه‌ره‌نجام دوا قۆناغه‌كانی دانوستان به‌چی گه‌یشت؟
د. شاهۆ سه‌عید: له دوا قۆناغه‌كانی دانوستاندا، به‌دیاریكراوی دو رۆژ به‌ر له راگه‌یاندنی حكومه‌تی عێراق، په‌یوه‌ندیمان كرد به وه‌فدی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی، وتمان ئه‌مه داواكاریه‌كانی ئێمه‌یه و ئاماده‌ی دانوستانین، به تایبه‌تی له‌كاتێكدا كه سێ پۆسته سه‌رۆكایه‌تییه‌كه له سیسته‌می خاڵ هێنرابوه ده‌ره‌وه، به‌پێی ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه‌ی كه حه‌سه‌ن سنێد پێشكه‌شی ئێمه‌ی كرد، هه‌مو خاڵێك یه‌كسان بو به 2.24ی كورسی، به‌و پێیه ئێمه خاڵه‌كانمان باش بو، به‌شی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه دو وه‌زاره‌ت وه‌ربگرین، دو وه‌زاره‌تی خزمه‌تگوزاری، له‌پاڵ ئه‌وه‌دا داوای پۆستی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانمان كرد به‌و پێیه‌ی 19%ی ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌ییمان لایه. كاتێك سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه له سیسته‌می خاڵ ده‌رهێنرا، ئێمه داوای قه‌ره‌بومان كرد و وتمان ئه‌وه له ئێمه‌ش ده‌رهێنراوه چونكه پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌شێكه له ئیستحقاقی ئێمه‌ش، بۆ نمونه له لیستی عێراقیه كاتێك كه ئوسامه نجێفی ده‌بێت به سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌و پۆسته له سیسته‌می خاڵ ده‌بورێت له‌سه‌ر ئوسامه نجێفی حسابه واته ده‌بێت قه‌ره‌بوی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ناو لیستی عێراقیه بكرێته‌وه، به هه‌مان شێوه سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌تی یاسا كاتێك كه پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له سیسته‌می خاڵ ده‌ركرا قه‌ره‌بوی لایه‌نه‌كانی تر كرایه‌وه، چونكه ئه‌و پۆسته به خۆڕایی نه‌دراوه به مالیكی، له حاڵه‌تێكی وادا ده‌بێت قه‌ره‌بوی ره‌وتی سه‌در و ئه‌نجومه‌نی باڵا و لایه‌نه‌كانی تری ناو هاوپه‌یمانیه‌كه بكرێته‌وه.
KNN: بۆ هاوپه‌یمانیی كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه بو؟
د. شاهۆ سه‌عید: نه‌خێر، به‌هیچ جۆرێك، ئه‌وان جگه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه ئه‌وه‌یان نه‌كرد، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تریش هه‌مان هه‌ڵوێستیان نواند، واته قه‌ره‌بوی یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵیشیان نه‌كرده‌وه، چونكه پۆستی سه‌رۆك كۆمار به خۆڕایی وه‌ریانگرت و به‌ر یه‌كێتی كه‌وت، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌خۆڕایی وه‌ریانگرت به‌ر پارتی كه‌وت، له كاتێكدا ئه‌مه سیسته‌می خاڵی به‌رز كرده‌وه. ی.ن.ك بۆیه پۆستی سه‌ركۆماری پێ دراوه چونكه لایه‌نێكی كوردییه، له‌حاڵه‌تێكدا وادا ئێمه‌ش كوردین، كه پۆستی سه‌رۆك كۆمارمان به‌رناكه‌وێت خۆ ده‌بێت بۆمان قه‌ره‌بو بكرێته‌وه.
KNN: دواتر چی رویدا؟
د. شاهۆ سه‌عید: دواتر كه ئه‌م ته‌رحه‌ی خۆمان خسته‌ڕو، هاوپه‌یمانی نیشتیمانی نامه‌یه‌كیان بۆ ناردین، وتیان "پارتی به‌ته‌واوه‌تی ره‌فزی داوكارییه‌كانی ئێوه ده‌كات"، وتمان پارتی چ مافێكی به‌سه‌ر ئێمه‌وه هه‌یه، ئێمه دانوستان له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ده‌كه‌ین، له‌ڕوی ده‌ستورییه‌وه ئێوه راسپێدراون بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، له وه‌ڵامدا ته‌ئكیدیان ده‌كرده‌وه كه دڵیان له‌گه‌ڵ ئێمه، به‌ڵام له‌وه زیاتریان له‌ده‌ست نایه‌ت. ئه‌و دۆخه كولتورێكی عێراقی بیرهێنامه‌وه كه كولتوری (لگم)ـه، واته (له‌خۆدان). له‌گه‌ڵ هه‌مو په‌یوه‌ندییه‌ك ده‌یانوت دڵمان لهگهڵتانایه، ئێمه‌ش وتمان ئه‌و قسه به‌ناوبانگه دوباره نه‌كه‌نه‌وه كه ده‌ڵێ "دڵمان لهگهڵتانایه"، بۆ نیوه‌كه‌ی تری نامانه‌وێ شمشێرهكانتان له‌گه‌ڵمان بێ، با شمشێرهكانتان بێ لایه‌ن بێ. بینیمان ئه‌و رۆژه‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتاره‌كه‌ی له‌نێو په‌رله‌ماندا خوێنده‌وه، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی چه‌پڵه‌ی بۆ وتاره‌كه لێدا خودی نوری مالیكی بو، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی شیعه‌كاندا كه ده‌یانزانی چ غه‌درێك له گۆڕان كراوه.
KNN: ده‌ته‌وێت بڵێیت: ئه‌و لێدوانه‌ی كه دكتۆر مه‌حمود عوسمان رایگه‌یاند، له‌ژێر فشاری سه‌ركردایه‌تی كورددا مالیكی گۆڕانی كردۆته قوربانی، دروست وه‌كو ئه‌وه‌یه؟
د. شاهۆ سه‌عید: من هه‌ندێك زانیاری بۆ یهكهمهمینجار ده‌ڵێم، چه‌ند سه‌عاتێك به‌رله‌وه‌ی كابینه‌كه رابگه‌یه‌نرێت، ئێمه وتمان به وه‌كاله‌ت له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك دانوستان ناكه‌ین، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه كوردستانیه‌كاندا كێشه‌مان هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتێك له حكومه‌تی هه‌رێم بوین به ئۆپۆزسیۆن پرسمان به ئێوه نه‌كردوه. ته‌نانه‌ت پێشتر به ده‌ق به مالیكیم وت ئێمه له پرسی كوردستاندا پرس به تۆ ناكه‌ین. پێمان وتن ئێمه هاتوین باسی دروستكردنی حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین و نوێنه‌رایه‌تی شه‌رعیی خۆمان هه‌یه. ئه‌وه‌بو له لایه‌نی هاوپه‌یمانی نیشتمانی و نوری مالیكیه‌وه په‌یوه‌ندیكرا به به‌رێز سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری فراكسیۆنی لیسته كوردستانیه‌كان، له وه‌ڵامدا وتبوی ده‌رگای كاك مه‌سعود كراوه‌یه...
KNN: واته ده‌بێت گۆڕان بڕوات بۆ لای كاك مه‌سعود؟!
د. شاهۆ سه‌عید: له‌لایه‌ن نوری مالیكی-یه‌وه پێی وترابو، نه‌ك وه‌زاره‌تێك، به‌ڵكو 10 وه‌زاره‌ت و جێگاكه‌ی خۆمیان بده‌مێ له‌و ده‌رگایه ناده‌ن. ئه‌وانیش وتبویان یان ئێمه یان گۆڕان، ده‌بێت یه‌كێكمان هه‌ڵبژێریت.
KNN: ئه‌م پێداگرییه بۆچی؟
د. شاهۆ سه‌عید: له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت كۆتایی به سیاسه‌تی دیوه‌خان بهێنین له كوردستاندا، كوردستان دیوه‌خان نییه، كوردستان دامه‌زراوه‌ی هه‌یه، ئه‌مه په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كانه: بڕگه‌ی چواره‌م، خاڵی هه‌شته‌م، ده‌ڵێت ته‌نها راوێژ ده‌كرێت به سه‌رۆكی هه‌رێم، بڕیار په‌رله‌مانی كوردستان ده‌یدات. ده‌بوایه به‌رله‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی پێكبهێنرێت، كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی بچوایه‌ته به‌رده‌می په‌رله‌مانی كوردستان و بڕیاری له‌سه‌ربدرێت، ئه‌وه‌ش ئیمزای به‌ڕێز كه‌مال كه‌ركوكییه (سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان)، ئه‌وه حكومه‌ت پێكهێنرا و په‌رله‌مانی كوردستان پرسی پێنه‌كرا، ئیمزاكهش هیچ حسابێكی بۆ نه‌كرا.
KNN: كاردانه‌وه‌كه‌ی ئێوه بۆ بهشدارینهكردنتان له‌حكومه‌تدا، كاردانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی لێكهوتهوه و سه‌رۆكی هه‌رێم رونكردنه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه، ئێستا چ تهعلیقێكتان هه‌یه؟
د. شاهۆ سه‌عید: رونكردنه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم زۆر سه‌یره به‌لامه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم قسه‌كه‌ر نییه به‌ناوی ئیئتلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كانه‌وه، چونكه ئه‌وه ئیئتیلافێكی حیزبییه، تۆ بۆچی به‌رگری له‌و ئیئتیلافه حیزبیه ده‌كه‌یت، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتیمانیه، نابێت ته‌ره‌فگیری بكات له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بو چاره‌سه‌ری بكات. ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌وه ده‌رده‌خات كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ته‌نها به فراكسیۆنی لیسته كوردستانیه‌كان راده‌بینێت نوێنه‌رایه‌تی كورد بكات، واته ئه‌و 500 هه‌زار كه‌سه‌ی له كوردستاندا ده‌نگیان داوه به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خه‌ڵكی ئه‌م كوردستانه نین و كورد نین و بۆیان نییه نوێنه‌رایه‌تییان هه‌بێت.
KNN: یه‌كێكی دیكه له كاردانه‌وه‌كان لێدوانێكی به‌رێز عارف ته‌یفور، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق بو، كه باس له‌وه ده‌كات ئه‌وان خۆیان پشكی خۆیان وه‌رگرتوه با گۆڕانیش بچێت پشكی خۆی بۆخۆی وه‌ربگرێت، چ تهعلیقێكت هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه؟
د. شاهۆ سه‌عید: كاك عارف لێدوانه‌كه‌ی وابو كه "ئێمه به‌شی خۆمان وه‌رگرتوه، ئه‌وانیش (گۆڕان) با بچن به‌شی خۆیان وه‌ربگرن"، من ده‌پرسم ئێوه كێن؟ تۆ به چ ئیستحقاقێك ئه‌و پۆسته‌ت وه‌رگرتوه و بویت به جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، تۆ له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردیت به‌خۆڕایی ئه‌و پۆسته‌ت پێدراوه، له ده‌ره‌وه‌ی سیستمی خاڵ وه‌ك ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌یی وه‌رتگرتوه، له حاڵه‌تێكی وادا تۆ ده‌بێت له‌و شوێنه‌دا نوێنه‌رایه‌تی كورد بكه‌یت، نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو ئه‌و خه‌ڵكانه بكه‌یت كه له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌نگیان هێناوه، جگه له‌وه‌ش ده‌بێت نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو عێراق بكه‌یت، چونكه له‌و پۆسته‌دا (جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق) ده‌بێت به یه‌كچاو بڕوانیته هه‌مو لایه‌نه عێراقیه‌كان، چ جای لایه‌نه كوردیه‌كان، به‌قه‌د ئوسامه نوجهیفیشی پێ نه‌كرا، كاتێك پێیان وت تۆ له لیستی عێراقیهیت، وتی نه‌خێر، چیتر له‌م له‌حزه‌یه‌وه له لیستی ئه‌لعێراقیه نیم، من سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراقم. شتێكی دیكه هه‌یه كه نامه‌وێت بیشارمه‌وه، من چوار ساڵه چاوه‌ڕێی قسه‌یه‌ك ده‌كه‌م ئه‌و پیاوه بیكات، كاتێك له ته‌نیشت مه‌شهه‌دانیه‌وه به‌ئومێد بوم قسه‌یه‌ك به كوردی یان به عه‌ره‌بی بكات، به‌ڵام هه‌ر نه‌یكرد، واته دوای چوار ساڵ رۆژوگرتن له قسه‌كردن، ئه‌و قسه‌یه‌ی كرد.
KNN: وه‌كو پێشتر ئاماژه‌ت پێدا، كاتێك سه‌رۆكی فراكسۆنی گۆڕان له‌به‌رده‌می په‌رله‌ماندا وتاره‌كه‌ی پێشكه‌شكرد، نوری مالیكی و زۆرینه‌ی شیعه‌كان هاوسۆزی خۆیان بۆ گۆڕان نه‌شارده‌وه، بۆچی؟
د. شاهۆ سه‌عید: له به‌یاننامه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا به‌رله‌وه‌ی دو حیزبه كوردییه‌كه تۆمه‌تبار بكه‌ین، ئیئتیلافه‌كه‌ی مالیكیمان تۆمه‌تباركردوه، وتومانه مالیكی (تواگۆ)ی كردوه له‌گه‌ڵ دو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستاندا بۆ بێبه‌شكردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لادان له ره‌وتی دیموكراتی له عێراقدا. ئه‌گه‌رچی من مالیكی بێبه‌ری ناكه‌م له‌و رێكه‌وتنه ژێربه‌ژێره. به‌ڵام بۆ ئه‌و وه‌ڵامی تۆمه‌تباركردنه‌كه‌ی ئێمه‌ی نه‌دایه‌وه؟ بۆچی وه‌ڵام ناداته‌وه؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانێت وه‌ڵام بداته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی و هاوپه‌یمانی نیشتیمانی باسیان لهوهكردوه و خۆیان ده‌زانن كه چی‌یان كردوه. ئه‌ی بۆچی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دێته وه‌ڵام؟ بۆچی ئه‌و كه‌سه‌ی خاوه‌نی پرسهكهسه وه‌ڵام ناداته‌وه، كه‌چی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وه‌ڵام ده‌داته‌وه؟!
KNN: جۆرێك له كۆدژی هه‌یه له لێدوانی ئه‌ندامانی ئیئتلافی فراكسیۆنه كوردستانیه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌ندامانی هه‌ردو حیزبه ئیسلامیه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان، زیاتریش له‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ی عارف تهیفوردا ده‌رده‌كه‌وێت كه وتی: "به‌شی خۆمان وه‌رگرتوه، با گۆڕانیش بچێت به‌شی خۆی وه‌ربگرێت"، له‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش هه‌مان شت به‌دی ده‌كرێت، له‌كاتێكدا محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی فراكسیۆنی لیسته كوردستانیه‌كان هه‌ر له‌م شوێنه‌دا وتی: كاتێك داوای وه‌زاره‌تی بازرگانیمان كردوه، وتویانه ببورن ناتوانین، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌مان بۆ گۆڕان داناوه، ته‌علیقی به‌رێزتان چییه؟
د. شاهۆ سه‌عید: ئه‌مه جۆرێكه له (تشفی- واته هه‌ستكردنی خێڵه‌كییانه بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر نه‌یاره‌كاندا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسابی نهتهوهكهشت بێت)، ئه‌مه یه‌كێك بوه له كێشه ئه‌زه‌لییه‌كانی گه‌لی كوردستان، هه‌میشه سه‌ركرده‌كان به عه‌قڵیه‌تی تهشهفی قسه‌یان كردوه. بۆ نمونه، عارف ته‌یفور به پێكه‌نینه‌وه ئه‌و قسه‌یه‌ی كرد كه تۆ ئاماژه‌ت پێدا، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وه‌كو شتێكی زۆر گه‌وره‌ی ده‌ستكه‌وتبێت وه‌ڵام ده‌داته‌وه، له‌كاتێكدا نوێنه‌رایه‌تی كوردی له نێو حكومه‌تی عێراقدا بچوككردهوه..
KNN: ده‌ته‌وێت ئه‌و دێڕه شیعره‌ی ناڵی بڵێیت كه ده‌ڵێت: "له كن من چه‌نده مه‌غرور و له‌كن ئه‌و چه‌نده مه‌جبور"؟
شاهۆ سه‌عید: به دڵنیاییه‌وه، ئه‌و دێڕه‌ی نالی زۆر ده‌قیقه، به داخه‌وه ده‌یڵێم، ئه‌وه جۆرێكه له "ئاكاری كۆیله"، چونكه ئه‌وه كۆیله‌یه كه له‌ته‌ك هاوزمان و هاونیشتیمانه‌كه‌ی خۆیدا ئاماده‌یه زۆر دڵڕه‌ق بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌ویتر ئاماده‌یه سازش بكات بۆئه‌وه‌ی هاوزمانهكهی بێبه‌ش بكات. بێبه‌شكردنی ئێمه بێبه‌شكردنی گۆڕان نییه به ته‌نیا، بێبه‌شكردنی نه‌وشیروان مسته‌فا نییه به ته‌نیا، بێبه‌شكردنی نوێنه‌رایه‌تی نزیكه‌ی 500 هه‌زار كه‌سه، بۆیه له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌رس له ئه‌زمونی شۆڕشی كوردی وه‌ربگرین، كه هه‌میشه سه‌ركرده‌كان ئیحتكاری سه‌روه‌رییه‌كانیان كردوه، به‌ڵام هه‌مو شكسته‌كانیش ته‌نها خۆیان ته‌حه‌مولیان كردوه. له لێدوانێكدا، ساڵی رابردو، وه‌كو شاندی دانوستانكاری په‌رله‌مان كه گه‌ڕاینه‌وه بۆ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك نوێنه‌ری گۆڕان باسمان له‌وه‌كرد چیتر ئه‌گه‌ر له كوردستاندا سه‌ركه‌وتنێك هه‌بێت هی هه‌مومانه هه‌ر شكستێكیش هه‌مومان به‌شدارین تێیدا، واته ده‌بێت هه‌مومان له سه‌ركه‌وتن و شكسته‌كاندا به‌شداری بكه‌ین..
KNN: بۆ ئه‌مجاره‌ش وایه؟
د. شاهۆ سه‌عید: ئێمه ویستمان وابێت، ویستمان به‌شدارییه‌كی كارا بكه‌ین له‌ناو حكومه‌تی عێراقدا، بۆئه‌وه‌ی به‌شداری بكه‌ین له هه‌ر ده‌ستكه‌وت و شكستێكدا، به دڵنیاییه‌وه ئێستاش هه‌ر قه‌یرانێك روبه‌ڕوی خه‌ڵكی كوردستان ببێته‌وه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ر له‌هه‌ر هێزێكی دیكه له‌سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی به‌رگریكردندایه، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له بنه‌مادا كێكی ده‌سه‌ڵاتی ره‌تكرده‌وه، كێكی ده‌سه‌ڵاتی له كوردستاندا ره‌تكرده‌وه، واته ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی پێی گرنگه پرۆژه سیاسیه‌كه‌ی سه‌ربگرێت، ئه‌وه‌نده پێی گرنگ نییه چه‌ند وه‌زیری هه‌یه و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی به‌رده‌كه‌وێت، له به‌غدا چه‌ند پۆستی به‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش بوه كه ئێمه رازی نه‌بوین كێكی ده‌سه‌ڵات له كوردستان به‌و چه‌وری و شیرینییه وه‌ربگرین، كێكێك كه تیایدا بودجه‌ی حیزب و حكومه‌ت تێكه‌ڵه، كه تیایدا چه‌ندین گرێبه‌ستی نا شه‌فاف هه‌یه، كێكێك كه ئه‌گه‌ر بهرشداریمان تێدا بكردایه زۆرمان به‌رده‌كه‌وت "به مه‌عنا ته‌قلیدیه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات". به‌ڵام ئه‌وان هه‌مان ئه‌زمون دوباره ده‌كه‌نه‌وه له ئیحتكاری ده‌سكه‌وتدا كه ئه‌ڵبه‌ته له بیریان نیه له شكستدا چه‌ند پشكیان به‌رده‌كه‌وێت.
KNN: باست له‌وه كرد كه ویستمان له‌مه‌ودوا له شكسته‌كان هه‌مومان به‌رپرس بین و له سهركهوتنهكانیشدا به‌شدار بین یاخود خاوه‌ن بین، به‌جۆرێك له جۆره‌كان باس له‌وه ده‌كرێت كه ئه‌م حكومه‌ته‌ی مالیكی له‌دایكبوی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه، بۆچونی یه‌كێك له هه‌ڵسوڕاوه‌كانی ئێوه بۆ ئه‌و دهستپیچشخهرییه ئه‌وه‌یه كه تێكڕای هێز و لایه‌نه‌كان ته‌نانه‌ت كه كورسییه‌ك و دو كوردسییان هه‌بوه (به‌وانه‌شه‌وه كه له‌ماوه‌كانی رابردودا شۆڤێنیهتێكی گه‌وره‌یان به‌رامبه‌ر كورد نواندوه) به‌شداربون، تاكه هێز كه به‌شدار نه‌بوه بریتییه له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌م حكومه‌ته كه له‌دایكبوی ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه، سه‌نگی كورد تیایدا چۆنه، هه‌روه‌ها سبه‌ینێ پاش چوار ساڵی تر كێ به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ؟
د. شاهۆ سه‌عید: له 2003وه تاوه‌كو ئێستا بچوكترین سه‌نگی كورد هه‌یه له به‌غدا، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك، با له‌سه‌رتاوه باس له ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی سه‌رۆكی هه‌رێم بكه‌ین، ئێمه لایه‌نه عێراقیه‌كان به‌ئاشكرا پێیان وتین كه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و دهستپیچشخهرییه هی خۆیان بوه، به‌س داویانه‌ته سه‌رۆكی هه‌رێم رای بگه‌یه‌نێت، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بوه كه ئه‌مه‌ریكا و لایه‌نه ئیقلیمییه‌كان له‌م حكومه‌ته‌دا به‌شدارییه‌كی زۆر به‌هێزی سوننه‌یان مسۆگه‌ر كردوه، واته جۆرێك له رێككه‌وتن له ده‌ره‌وه‌ی لایه‌نی كوردی، له‌نێوان لایه‌نی شیعه و لایه‌نی سوننه‌دا هه‌بوه، ئێستاش ده‌ركه‌وته‌كانی دیاره كه سوننه ههرهتوندڕهوهكانیان له حكومهتهكهدان، ئه‌مه جۆرێكه له رێكه‌وتنی په‌نهان له‌نێوان لایه‌نی سوننی و لایه‌نی شیعه‌دا، واته به‌هێزبونی لایه‌نی عه‌ره‌بی له عێراقدا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی كوردی ئه‌م رێككه‌وتنه تێكنه‌دا و هه‌ست به مه‌ترسیه‌كه‌ی نه‌كات دهستپێخهرییهكهیان داوه به لایه‌نی كوردی رای بگه‌یه‌نێت، واته ئه‌و شه‌ره‌فه‌یان داوه به كورد، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه رێكه‌وتنی لایه‌نی سوننی و لایه‌نی شیعه‌یه. دوه‌م: له 2003وه تاوه‌كو ئێستا ئه‌وه‌نده نوێنه‌رایه‌تی كوردی له‌ناو حكومه‌تدا بچوك نه‌بوه، سه‌رباری بچوكبوونه‌وه‌ی له‌ناو په‌رله‌مانیشدا. جگه له‌وه‌ی سه‌نگی كورد له كابینه‌كه‌دا بێهێزه، دوه‌مین هێزی هه‌رێمی كوردستان كه گۆڕانه به‌شدار نیه له‌ناو حكومه‌ته‌كه‌دا واته ئه‌وه‌نده‌ی تر بچوك بۆته‌وه. ئێمه خۆمان خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ین و له هه‌ڵبژاردنه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردودا سه‌رباری ناكۆكیمان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی به‌ڵام دواجار ده‌نگمان به پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تری كوردستان داوه، واته هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان نوێنه‌رایه‌تی هه‌بوه چ له ناو په‌رله‌ماندا و له‌ناو حكومه‌تدا. به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجاره كه‌لێنێك دروست ده‌بێت و نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت بهنوێنهرایهتییهكی حیزبی ته‌واو. به‌ر له‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست ببێ نوێهراتیمان باشتر بوه، چونكه نوێنه‌رایه‌تییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بوه، ئێستا موئه‌سه‌سه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دروست بوه كه‌چی له‌بری ئه‌وه‌ی مۆركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ببه‌خشێت به به‌شداریی كورد له به‌غدادا، رێك مۆركێكی حیزبی به‌خشیوه‌ته ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بو كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به ئاشكرا لایه‌نگیری كرد، له دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانییه‌وه بو به قسه‌كه‌ر به‌ناوی ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانه‌وه.
KNN: دوا هه‌ڵوێستی ئێوه وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چیه له كاتێكدا باس له‌وه ده‌كرێت هێشتا ئومێد بۆ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تێك یاخود دو وه‌زاره‌ت ماوه، یاخود ئێوه لای خۆتانه‌وه هه‌مو شتێكتان بڕاندۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه به‌شداری ناكه‌ن؟
د. شاهۆ سه‌عید: ئێمه سورین له‌سه‌ر داواكانمان، ئێمه وه‌ره‌قه‌یه‌كی زۆر رون و ئاشكرامان داوه‌ته ده‌ست به‌ڕێز نوری مالیكی، كه‌باسمان له ئیستحقاقی نه‌ته‌وه‌یی و ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنی خۆمان كردوه، هه‌روه‌ها له كۆبونهكانمان له‌گه‌ڵ وه‌فدی هاوپه‌یمانی نیشتمانی باسمان له كارنامه‌ی حكومه‌ت كردوه، وتومانه ئێمه ده‌مانه‌وێت به‌شداریكردنمان به‌شدارییه‌كی سیاسی بێت نه‌ك بۆ وه‌رگرتنی پشك، هه‌رگیز كێشه‌ی ئێمه ئه‌وه نه‌بوه وه‌زیرێك یان دو وه‌زیر یان كۆمه‌ڵێك بریكاری وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیمان له به‌غدا هه‌بێت.
KNN: ده‌ته‌وێت بڵێت ده‌مانه‌وێت به‌شدارییه‌كی خاوه‌ن سه‌نگمان هه‌بێت؟
د. شاهۆ سه‌عید: ده‌مانه‌وێت به‌شداریمان سیاسی بێَت، به‌و واتایه‌ی له به‌شداریی كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی حیزبییه‌وه كه به‌دوای پۆست‌دا راده‌كه‌ن، بیكه‌ین به به‌شداریی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه تیایدا خۆی له نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ته‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه، ئه‌گه‌ر له ئێستاش و له داهاتوشدا به‌و ئاراسته‌یه كاره‌كان نه‌ڕوات، ئه‌وا به‌شداری ناكه‌ین له حكومه‌تدا.
KNN: دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر له گفتوگۆ و كێشمه‌كێشم و دانوستانه‌كاندا بویت له به‌غدا، دوا قسه‌ت یاخود دواپهیامت چیه؟ وه‌ك سیاسییه‌ك، وه‌ك په‌رله‌مانتارێك، وه‌ك كوردێك هه‌ست به‌چی ده‌كه‌یت؟ ده‌ته‌وێت چی بگه‌یه‌نیت؟
د. شاهۆ سه‌عید: ده‌مه‌وێت دو پیرۆزبایی له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكه‌م، یه‌كه‌م پیرۆزبایی ئه‌و موباده‌ره‌یه‌ی لێده‌كه‌م كه له رێگایه‌وه بڕیاری ریشه‌كێشكردنی به‌عس له‌سه‌ر چه‌ند به‌عسییه‌ك هه‌ڵگیرا، پیرۆزبایی دوه‌میش پیرۆزبایی ئه‌و گوشاره‌ی لێده‌كه‌م كه سه‌ری گرت‌و له رێگایه‌وه سه‌نگی كوردی زۆر بچوك كردوه له حكومه‌تی عێراقدا. به‌هه‌مو گۆڕانخوازانیش ده‌ڵێم گۆڕان به‌رده‌وامه نه‌ك له‌به‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا یاخود ئێوه له KNN، به‌ڵكو گۆڕان به‌رده‌وامه له‌به‌ر ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان. ئه‌و رێكه‌وتنه ژێربه‌ژێر و ئه‌و گردبونه‌وه‌یه به‌رامبه‌ر به گۆڕان مانای ئه‌وه‌یه ترسێكی زۆر گه‌وره له گۆڕان هه‌یه، مانای ئه‌وه‌یه ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌دایك بوه، ئه‌ڵبه‌ته هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتداران له ئیراده‌ی ئازادی خه‌ڵك ده‌ترسن، ئه‌و ئیراده‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ گۆڕان نوێنه‌رایه‌تی بكات، سبه‌ینێ چه‌ندین هێزی تر نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا بێت كه ئیراده‌ی گه‌یشتوه‌ته ئاستێك ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ترسێنێ كه رێكه‌وتنی چه‌ند قۆڵییان له‌سه‌ر گۆڕان دروست كردوه. به هه‌مان هێز و هه‌مان هیممه‌ت درێژه به‌و ئیراده‌یه بده‌ن، پشتیوان به‌خوا ئاسۆی رزگاربونمان رونه، رزگاربونی نیشتمانیمان، رزگاربونی خه‌ڵكی كوردستان له سته‌م و له ئیحتكاری سیاسی.