دیمانه: تاهیر خالیدی - حه‌مه‌ی چه‌مه‌ک
خه‌ڵکی کوردستان به گشتی، زۆر به‌په‌رۆشن له‌و وه‌زعه‌ی له باشوری کوردستان پێکهاتوه و نیگه‌رانییه‌کی زۆر لای هه‌مو کوردێکی دڵسۆز و نیشتیمانپه‌روه‌ر هه‌ستپێده‌کرێت. ئێمه هه‌وڵمانداوه ئه‌و نیگه‌رانیانه بکهێنه پرسیار و ئاراسته‌ی چه‌ند له کسایه‌تی و پسپۆرانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی بکه‌ین. به‌رێز وه‌لی یه‌که‌مین که‌سه که جوابی پرسیاره‌کانمان ده‌داته‌وه. به‌رێزیان جیاواز له راده‌ی زانستی سیاسی و ساڵانی دور و درێژ کار و ئه‌زمون له‌و بواره‌دا، بۆخؤی ئه‌م ساڵانه‌ی ئاخر به ماوه‌ی سێ ساڵ له پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان کاری کردوه و له‌وێ، یه‌که‌م سه‌رۆکی زانکۆی کوردستان له هه‌ولێر بوه. بۆیه هه‌م له‌باری پلهوپاییهی زانستی و هه‌م له‌باری ئه‌زمون و شاره‌زایی له وه‌زعی باشوری کوردستان به چاکمان زانی له‌پێشدا راوبۆچونی به‌رێزیان وه‌رگرین.
کوردیش پرسپکتیو: کاریگه‌ریی ئه‌و وه‌زعه‌ی که له وڵاتانی باکوری ئه‌فریقا و ولاتانی عه‌ره‌بیدا خوڵقا، که له تونسه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد وگه‌یشته میسر و دوایی په‌ره‌ی سه‌ند بۆ ولاتانی دیکه، له سه‌ر باشوری کوردستان چۆن ده‌بینی؟
د.عه‌باس وه‌لی: به باوه‌ڕی من ئه‌و وه‌زعه‌ی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئه‌فریقا، له وڵاتانی ئیسلامی هاته پێش، گه‌وره‌ترین ته‌ئسیری له‌سه‌ر کوردستان ئه‌وه‌بوه جه‌ماوه‌ر، که له رێگای ئینتێرنیت و که‌ناڵه ئاسمانییه‌کان و ده‌زگاکانی دیکه‌ی راگه‌یاندنه‌وه، هه‌مو رۆژێ په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی ئه‌و وه‌زعه‌یان له تونس، له میسر، له به‌حره‌ین، له ئوردۆن، له سوریا، دەدی بۆ خه‌ڵکه‌که رون بوەوه که ده‌کرێ ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات ده‌رببڕی. واته ئه‌وه شتێکه که له روانگه‌ی سیاسییه‌وه ئیمکانی هه‌یه، هه‌رچه‌ند سه‌رکوتیش بکرێ، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن له سه‌ری ده‌توانن پڕۆسهکە بیگه‌یێننه جێی خۆی.
وەزعی میسر، له نێو زانایانی زانستی سیاسی‌دا نوکته‌ی لە سەر ساز دەکرا، کاتێک باسی وه‌زعی سیاسی ئەوێ دەکرا. من براده‌رێکم هه‌بو که له زانکۆی ئه‌مه‌ریکایی میسر وانه‌ی ده‌گوته‌وه، ئەگەر لە کۆنفرانسێکدا یه‌کترمان ده‌دیت، لێم ده‌پرسی له میسر چ خه‌به‌ره، ده‌یگوت، له میسر هیچکات خه‌به‌رێک نابێ! به‌ڵام دیتمان ئاوه‌ها له میسرێ خه‌به‌رێک هه بو. که واته ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌ک هه‌بێ، ئیراده‌که ئیمکانێک دروست ده‌کا، ئیمکانه‌که ئیعترازێک ده خولقێنێ، ئه‌و ئیعترازهش به نۆره‌ی خۆی هه‌ل ومه‌رجێکی سیاسی نوێ دێنێته کایه‌وه، خه‌ڵک له کوردستان ئه‌وه‌یان دیتوه و ئه‌وه‌یان کردوه.
دیاره هه‌ل ومه‌رجه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌کانی میسر و تونس له گه‌ڵ هی کوردستان جیاوازیی هه‌یه. له کوردستان کێشه‌ی گه‌نده‌ڵی و بێکاریی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ژاریی وکهمدهرامهتیی به‌و شێوه‌یه‌ی لە تونس و میسر هه‌یە، له کوردستان نییە. به‌ڵام رواڵه‌ته هاوبه‌شه‌که ئه‌وه‌یه کاتێک کوردستان ده‌بینێ ئه‌وان ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن، ئەویش بە پێویست دەزانێ ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز بکاته‌وه، ده‌یکا. چونکه له کوردستانیش بە نێو فه‌رهه‌نگێکی دیمۆکراتیک هه‌یه، به کرده‌وه وجودی نییه. ده‌ش بینن که ئه‌و کاناڵانه‌ی که به پێی یاسای ره‌سمی دانراون، ئه‌و کانالانهی که ده‌بێ ده‌نگی خۆیان له رێگایانه‌وه به ده‌سه‌ڵات رابگه‌یه‌نن هه‌مو به شێوه‌یه‌کی فۆڕماڵ یان شه‌کلی وجودیان هه‌یه، که نه ده‌ستڕه‌سییان پێیان هه‌یه، نه ئه‌وکاته‌ش که ده‌ستیان پێی گه‌یشت کارده‌که‌ن.
جا بۆیه نه‌بونی فه‌رهه‌نگێکی دیموکراتیک ده‌بێته خاڵی هاوبه‌شی نێوان کوردستان و ئه‌و وڵاتانه. ئه‌گه‌ر سه‌یری یاسای بنه‌ره‌تیی تونس یان میسر بکه‌ین، ده‌بینین له‌وێش کاناڵی فۆڕمال بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر ده‌نگی خۆیان به ده‌سه‌ڵات بگه‌یه‌نن، هه‌ن، به‌ڵام سیاسه‌ته‌که پێشی به‌وانه گرتبو. له کوردستانیش یان سیاسه‌ته‌که پێشی ئه‌و کاناڵانه‌ی گرتبو یان ئه‌وه‌تا خستبونیه په‌راوێزه‌وه. جگه له‌وه‌ش، له کوردستان، ئه‌گه‌ر پارتییە ده‌سه‌ڵاتداره‌کان هه‌ڵسه‌نگاندنێکی سیاسی‌یان بۆ هه‌مو شتێک کردبێ، که به‌ڕای من نه‌یان کردوه، به‌و حاڵه‌شه‌وه ئاخرین شت که حسێبیان بۆ نه‌ده‌کرد، خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر بو. واته حسێبی سه‌لکه تورێکیشیان بۆ خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر نه‌ده‌کرد.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له‌م نێوانه‌دا زۆر گرنگه وه‌زعی تایبه‌تی کوردستانه له‌م 20 ساڵه‌ی دواییدا، واته له 1991 به دواوه‌و، به تایبه‌تیش دوای روخانی رژێمی سه‌دام له ساڵی 2003دا. ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندیی کوردستانه که له 2003وه فاکته‌رێک هه‌بوه، بۆ یه‌که‌مجار حکومه‌تێکی کوردی سه‌قامی گرتوه، که توانیویه‌تی ئیدعا بکا که حکومه‌ت ده‌کا و توانایه‌کی ئابوریی هه‌یه. بۆ ئه‌و حکومه‌ته‌ش شه‌ڕی کردوه و خه‌باتی گێڕاوه‌و شه‌هیدی داوه. به‌س ئه‌م راستییه خه‌ڵکیش ده‌یزانن و ئه‌وانیش خه‌باتیان کردوه و خوێنیان داوه. ئه‌م حاڵه‌ته‌ی که له پاش2003وه دێته‌کایه‌وه، له سیاسه‌تدا پێی ده‌گوتری: به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی چاوه‌ڕوانییه‌کان. له هه‌لومه‌رجێکی وه‌هادا که له ئه‌نجامی خه‌باتێکدا، حکومه‌تێک داده‌مه‌رزێ، ئه‌و حکومەتە هه‌مو رۆژێک ئاماژه به‌و خه‌بات و گیانبهختکردنه ده‌کا، به‌و قاره‌مانێتییه که خه‌ڵکه‌که کردویه‌تی، شه‌رعییه‌ت بۆ خۆی په‌یدا ده‌کا.
باشه، خه‌ڵکه‌که که ئه‌وه‌ی ده‌بینن، خۆیان به ساحیبی ئه‌و خه‌باته ده‌زانن، چاوه‌ڕوانیه‌کانیان له‌و حکومه‌ته‌ی که به‌هی خۆیانی ده‌زانن، زۆر به‌رزتر ده‌بێ. که چاوهڕوانییهکانیشیان نه‌هاته دی، توشی جۆرێک له نائومێدی ده‌بن. ئه‌و نائومێدییه قۆناغێکی کڕی و بێده‌نگیی هه‌یه و ئه‌مجا ده‌بێته قۆناغی بیرکردنه‌وه، که بۆچی وامان به‌سه‌ر هات؟ کوردستان، به بڕوای من، گه‌یشتبوه ئه‌م قۆناغه، کاتێک که راپه‌ڕینه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بون به پڕیشکێک بۆی. ئه‌وه‌شمان له‌به‌رچاو بێ که خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک خه‌ڵکی میسر و تونس نه‌بون، بۆ دروستبونی حکومه‌ته‌که‌یان گه‌لێک کوێره‌وه‌ری و ده‌ربه‌ده‌ری وماڵوێرانیان چێشتوە و خوێنیان داوە، جا ئێستا له خۆیان ده‌پرسن بۆچی ئه‌و حکومه‌ته هیچ کارێکیان بۆ ناکا؟ دوههمیش ئێستا له کوردستاندا، له روانگه‌ی سۆسیۆلۆژیکهوه، نه‌سڵێک، نه‌وه‌یه‌ک هاتونه‌ته مه‌یدان که له سه‌رده‌می راپه‌ڕینی 91 یان پاشتردا له دایک بون، گه‌لێک که‌سیش به هه‌ق ئیشاره‌یان به‌م راستییه کردوه، که ئه‌و فه‌رهه‌نگی شه‌هاده‌ته‌ی که حکومه‌ت شه‌رعییه‌تی خۆی لێ وه‌رده‌گرێ، بۆ ئه‌م نه‌سڵه زۆر مه‌لموس نییه. ئه‌و گه‌نجانە بۆ شتێکی مه‌لموس ده‌گه‌ڕێن. ئه‌گه‌ر خۆلاسه‌ی بکه‌مه‌وه، ده‌بێ بڵێم که خه‌ڵکی کوردستان و ئه‌و وڵاتانه خاڵی هاوبه‌ش و خاڵی جیاوازیشیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا زۆر گرنگه ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکی کوردستان بینییان که کاتیک که‌ناله دیمۆکراتییه‌کانی گه‌یاندنی دەنگی هه‌قخوازی به حکومه‌ت وجودی نه‌بێ، ئیمکانی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به حکومه‌ت هه‌یه، له بهردهوامبونیشدا ده‌رفه‌تێک ده‌خولقێنێ بۆ دروستبونی فه‌رهه‌نگێکی ئیعترازی. که ئێستا ئێمه له کوردستاندا ئه و ئه‌نجامه به راشکاوی ده‌بینین.
کوردیش پرسپکتیو: وه‌ک ئاگادارین، حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان، واته یه‌کیتی و پارتی، پێوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌ی زۆر نزیکیان له گه‌ڵ تورکیا و ئێران‌دا هه‌یه و بازاڕی کوردستانیان به گشتی کردوه‌ته بازارێکی شتومه‌کی ئێران و تورکیا. له لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌م دو ده‌سه‌ڵاتداره‌ی کوردستان هاوپه‌یمان و به‌شداری ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی عێراقن له به‌غدا، به‌ڵام هه‌ر کاتێک خه‌ڵکی کوردستان داوای مافی یاسایی خۆیان ده‌که‌ن، دژی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی دێنه ده‌نگ، زۆر به ئاسانی ئه‌و خه‌ڵکه تاوانبار ده‌کرێ به‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌کی له پشته. ئایا ئه‌م تیۆرییه هه‌مان تیۆری نییه که سه‌رجه‌م دیکتاتۆره‌کانی جیهان له کاتی قه‌یرانی سیاسی وڵات و بۆ سه‌رکوت و بێده‌نگکردنی خه‌ڵکی نارازی به‌کاری دێنن؟ یان ئه‌وه‌تا به‌ڕاستی ئێستا ده‌ستێک هه‌یه وئه‌یه‌وێت هه‌مو شتێک تێکدات؟
د.عه‌باس وه‌لی: لێره‌دا چه‌ند بابه‌تێک هه‌یه، یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که بۆ چی هه‌مو جارێ حکومه‌ته نادیمۆکراته‌کان بۆ بەرەوڕوبونەوە لەگەڵ قەیرانی ناوخۆیی دەستەوداوێنی تیۆری پیلانگێڕی- تیۆری توطئه یان نظریه ی موامره- ده‌بن. دوههمیش ئه‌وه‌ی که ئایا به‌ڕاستی پیلانێکی وه‌ها بوه یان نا؟ له وه‌ڵامی بابه‌تی یه‌که‌مدا، تیۆری تهوتێئه دو شت به ئێمه ده‌ڵێ: "مه‌ترسییه‌ک له ده‌ره‌وه هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ده‌کا: ئه‌وه یه‌ک، دوههمهکهشی: ئه‌و مه‌ترسییه، عامل و ئاژانسێکی له نێو خۆماندا هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌و دوانه یه‌ک بگرنه‌وه، وه‌زعی ئێمه زۆر خراپ ده‌بێ. چونکه ئه‌وانه ده‌سه‌ڵاتی بیانین و دژی سه‌رکه‌وتن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێمه‌ن، نه‌مانی ئێمه له قازانجی ئه‌واندایه. "به‌ڵام ئێمه ده‌زانین که رێژێمهکان ده‌یانه‌وێ به سود وه‌رگرتن له‌م تیۆرییه، عه‌قڵییه‌تێک، راشیۆنالیتهیهک بدەن به قه‌یرانه‌که، خۆیان لەو راستییە بدزنەوە که کار و کرده‌وه‌کانی خۆیان، ئه‌و قه‌یرانه‌ی خولقاندوه. ده‌مه‌وێ بڵێم تیۆری تهوتێئه، له روانگه‌ی سایکۆلۆژیشه‌وه، بۆ رێژیمێک لازمه، بۆ ئه‌وه‌ی خراپکاریی وگه‌نده‌ڵی و که‌مکارییه‌کانی خۆی پێ دابپۆشێ، یان بیانکا به بابه‌تیێکی لاوه‌کی. جگه له‌مه، ده‌یه‌وه‌ێ به خه‌ڵکه‌که‌ش بڵێ: "ئه‌گه‌ر ئێمه که‌موکورتی وناتهواییهکمان ههبوبێ، ئه‌وانه نه‌بون که ئه‌م قه‌یرانه‌یان خولقاندوه، به‌ڵکو هێزه ده‌ره‌کیان به یارمه‌تی ستونی پێنجه‌م- خط مایل-ی نێو خۆمان، دروستکه‌ری ئه‌م قه‌یرانه‌ن
به‌کورتی قه‌یران هه‌یه، به‌ڵام سه‌به‌بکاره‌که‌ی له ده‌ره‌وه‌ی قه‌یرانه‌که‌یه، جا بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌که، ده‌بێ یه‌ک بگرین، ده‌بێ واز له گله‌یی وگازنده بێنین تا ئه‌و کاته‌ی که ئه‌و خه‌ته‌ره خارجییه بنبڕ یان لانیکه‌م بێهێز ده‌که‌ین. "ئه‌م حاڵه‌ته‌مان گه‌لێک جار له ئێرانی ئێستا و له عێراقی سه‌رده‌می سه‌دام دا دیتوه. جا ئه‌وه‌ی که هۆکاره‌که ده‌ره‌کییه و نابینرێ، له لایه‌نی ساکۆلۆژییهوه، جۆره ترسێک ده‌خاته دڵی خه‌ڵکه‌وه. بۆیه لای ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام یان ئێستای ئێران، خوێنه‌ری رۆژنامه‌یه‌کی ئینگلیزی، یان ئه‌وه‌ی گوێ له رادیۆیه‌کی بیانی بگرێ یان سەیری تێلێڤیزیۆنی ساتێڵایت بکا، به ئاسانی ده‌کرا، ده‌کرێ به جاسوسی بۆ بێگانه تۆمه‌تبار بکرێ. بۆیه ئه‌و یه‌کگرتنه‌ی که له ئه‌نجامی ئه‌م تۆقاندنه‌وه بێته به‌رهه‌م، یه‌کگرتن نییه، به‌ڵکو سیسته‌می تیرۆره. ئیتر خه‌ڵک نازانن چی بکه‌ن که حکومه‌ت پێی خۆش بێ. کاتێک که فاکته‌ری تیرۆر له‌ده‌ره‌وه‌یه، حکومه‌ت به‌رده‌وام ئاماژه‌ی پێ ده‌کا و به ئاسانی ده‌توانێ هه‌مو شتێک بخاته پاڵی. واته حکومه‌ت به کۆمه‌ک وه‌رگرتن له و تیۆرییه، هه‌م هه‌وڵی پاساو هێنانه‌وه بۆ قه‌یرانه‌که ده‌دا و هه‌م پانتاییهکیش له تیرۆر ده‌خۆلقێنێ. حکومه‌ته‌که چه‌ن نادیمۆکرات و دیکتاتۆریش بێ، هه‌ر سود له‌و عاملی تیرۆره وه‌رده‌گرێ.
پێموایه، له ئێستای کوردستاندا، هێشتا نه‌یانتوانیوه وه‌کو سه‌رده‌می سه‌دام یان جمهوری ئیسلامی، ئه‌و عاملی تیرۆره بسه‌پێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌ها بڕوا، زیاتر سیستێمه‌که دابخه‌ن، ئه‌وه‌ش دێته پێشێ. ئه‌وه‌تا ده‌بیسین که به‌مدواییانه باسی ئه‌وه ده‌کرێ که جه‌ماعه‌تێک کوردی رۆژهه‌ڵات گیراون یان دیپۆرت یان بێسه‌روشوێن کراون. ئه‌و گیراوانه له‌وانه‌یه شتێکیان کردبێ یان نه‌یانکردبێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا زه‌ق ده‌کرێته‌وه، ئه‌وه‌یه که "ئه‌وانه له ئێمه نین، له جنسی ئه‌و خهتهرهن که باسی ده‌کرێ. "واته ئه‌و گیراوانه بونه‌ته ئامانجێکی تیرۆری حکومه‌تی. له لای ئێمه، له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، تیۆری تهوتێئه له نێو فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکه‌که‌شدا هه‌یه.
جا وه‌ک گوتم، رۆڵی دوهه‌می تیۆری پیلانگێڕی بۆ داپۆشینی شکسته‌کانی رێژێمهکهیه، که زۆریش ئه‌و ئوستوره‌ی تیرۆری دوپات کرده‌وه، خۆیشی بڕوای پێده‌کا. سه‌دام بڕوای به ئوستوره‌ی قودره‌تی خۆی هه‌بو. له ئێرانیش خامنه‌یی به هه‌مان ده‌ستور، چونکه رۆژانه ئه‌و ئوستورهیه دوباره بۆته‌وه. جا له کوردستانیش، ئه‌و تیۆرییه بۆ ئه‌وه‌یه که یهکگرتوییهک دروست بکا له نێوان ئه‌وانه‌ی له داموده‌زگاکانی حکومه‌تن، لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری نین.
ئێستاش با بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئایا به‌ڕاستی له کوردستان ئه‌و پیلانگێڕییه هه‌یه یان نا؟
بون و نه‌بونی پیلانگێڕی، هیچ پێوه‌ندییه‌کی به هۆکاری ئه‌و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینانه‌وه نییه. تهوتێئه ده‌توانێ په‌ره به‌و ئیعترازانه بدات، ده‌توانێ سودی لێ وه‌ربگرێ، که‌مو زیادی بکا، ئه‌گه‌ریش زۆر به‌هێز بێ له کوردستاندا، ئاقاری ناڕه‌زاییه‌کان بگۆڕێ، به‌ڵام ناتوانێ له هیچه‌وه دروستیان بکا. واته پیلانگێڕی، هۆکار و پێکهێنه‌ری ناڕه‌زایی نییه. خه‌ڵکه‌که پێشتر ناڕازی بون. من له ئه‌زمونی شه‌خسیی خۆمه‌وه قسه ده‌که‌م. ئه‌و ساڵانه‌ی که له وێ کارم ده‌کرد، ته‌نانه‌ت له نێو داموده‌زگاکانی حکومه‌تیشدا خه‌ڵکی ناڕازیم ده‌دیت. سه‌رنجم داب‌و که ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌و ده‌زگایانه‌دا کار ده‌که‌ن، بۆ خۆیشیان بڕوایان وا نه‌بو که ئه‌و کاره‌ی که ده‌یکه‌ن، گرنگییه‌کی هه‌یه بۆ کۆمەڵگاکەیان، ئه‌وان ده‌بو رۆژانه 8 سه‌عات پێوه‌ی خه‌ریک بن، ته‌نها وه‌کو ئه‌رکێک جێبه‌جێی که‌ن. خه‌ڵکه‌که بیر ده‌که‌نه‌وه، که وا سه‌داممان ده‌رکرد و ئێستا حکومه‌تی خۆمانه، به‌ڵام لێی رازی نین. من گوێم لێ بوه که‌سانێک بڵێن ئێستا له سه‌رده‌می سه‌دام خراپتره. جا خه‌ڵکه‌که بۆ وا ده‌ڵێن؟ چونکه حکومه‌ته‌که هیج هه‌وڵێکی نه‌داوه فه‌رهه‌نگێکی سیاسی نوێ دروست ببێ، فه‌رهه‌نگی سیسته‌مێکی نوێی به‌ڕێوه‌بردن، خوێندنی باڵا، په‌روه‌رده و بارهێنان. هێشتا هه‌ر سیاسه‌ته کۆنه‌کان پێڕه‌و ده‌کرێن.
کوردیش پرسپکتیو: کاتێک ئه‌م ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینانه ده‌ستی پێ کرد، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان باسی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که ئێمه به هه‌ڵبژاردن هاتوینه‌ته سه‌ر کار، مادام هه‌ڵبژاردن هه‌یه، مادام په‌رله‌مان و دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تییه‌کان هه‌یه، ده‌بێ هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ک لە رێگای ئه‌و کاناڵانه‌وه بێته ئاراوه. پرسیاره ئه‌وه‌یه، بۆ چی له میسر و تونس و ئێران هه‌ڵبژاردن نییه‌و، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وێ به هه‌ڵبژاردن نه هاتونه‌ته سه‌رکار؟ ئایا نه‌فسی هه‌بونی هه‌ڵبژاردن له وڵاتێک‌دا، مه‌شروعییه‌ت ده‌به‌خشێ به ده‌سه‌ڵاته‌که؟ ئایا شێوه و میکانیزمی هه‌ڵبژاردن ناخریته ژێر پرسیاره‌وه؟ له لایه‌کی تریشه‌وه: ئایا دوای هه‌ڵبژاردن وتا هه‌ڵبژاردنێکی دیکه، ده‌سه‌ڵات به‌رپرس نیه به‌رانبه‌ر خه‌ڵک؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر خه‌ڵک ده‌ره‌تانیان نه‌ما و گوێیان لێ نه گیرا، ئه‌و مافه‌یان نییه که بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و ناڕه‌زایی خۆیان ده‌رببرن؟
د.عه‌باس وه‌لی: هه‌ڵبژاردن بۆخۆی به ته‌نها به مانای دیموکراسی نییه. هه‌ڵبژاردن و ئه‌و پرۆسانه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌وه دێنه به‌رهه‌م، هه‌ر هه‌مویان پێکه‌وه، یه‌کێک له میکانیزمه‌کانی پیاده کردنی دیموکراسین. دیموکراسی مانای ئه‌وه‌یه که ئیراده‌ی خه‌ڵک له پرۆسه سیاسییه‌کاندا، له پرۆسه‌کانی حکومه‌تکردندا به‌رجه‌سته ببێ. کاتێک خه‌ڵک نوێنه‌رانی خۆیان هه‌ڵبژارد، ئه‌وه به‌شێک له پرۆسه‌که بهرێوهچوە، به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌و خه‌ڵکه میکانیزمێکی وه‌هایان به ده‌سته‌وه بێ که بتوانن به به‌رده‌وامی کارکردنی ئه‌و هه‌ڵبژێردراوانه کۆنترۆڵ بکه‌ن. واته، دیموکراسی هه‌ر ئه‌وه نییه که ده‌سه‌ڵات له ئیراده‌ی خه‌ڵکه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێ، به‌ڵکو ئه‌وه‌شه که ده‌بێ ده‌سەڵات وه‌ڵامده‌ره‌وه بێ به‌رامبه‌ر به خه‌ڵک.
به‌ڵام له کوردستان، ئه‌و دیموکراسییه به‌و شێوه‌یه که دانراوه، بۆ خۆی بونیادی خۆی وێران کردوه. ئه‌وه‌بو تا ئه‌و ئاخرانه‌ش، خه‌ڵک ده‌هاتن ده‌نگیان ده‌دا به لیستێکی یه‌کگرتوی حیزبه‌کان، ئه‌نجامه‌که‌ی کارکردن بو له روبه‌رێکی دیموکراسیدا، به بێ وجودی ئۆپۆزیسیۆن. که ئۆپۆزیسیۆنیشی تێدا نه‌بو، باس وخواسی تێدا نابێ، موناقەشەی سیاسیی تێدا نابێ، ئه‌مجا ده‌ر ناکه‌وێ کێ کاری خۆی کردوه و کێ نه‌یکردوه، له ئاکامدا منی ده‌نگده‌ر ناتوانم بڕیاری خۆم بده‌م که جاری داهاتو ده‌نگی خۆم به کێ بده‌م. ده‌بینین که دیموکراسییه‌که کورت دەکرێتەوە بۆ ته‌نها ده‌نگدان ئه‌ویش به لیستێکی بێ ئۆپۆزیسیۆن. بۆیه به‌بڕوای من، دیموکراسی له کوردستاندا به شێوه‌یه‌کی زۆر لاواز وجودی هه‌بوه. به‌بێ دێباتی سیاسی، تۆ نابی به خاوه‌نی دیموکراسی. تۆ ناتوانی دیموکراسیت هه‌بێ، به‌بێ وجودی ئۆپۆزیسیۆن. ده‌بێ دێباتی سیاسی له نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه کاندا هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بزانن چ باسه. بۆ ده‌بێ خه‌ڵک ده‌نگ بده‌ن به حیزبی ئهلف و نه‌یده‌ن به حیزبی بێ، یان به پێچه‌وانه‌وه؟ له کوردستان ئه‌و باسه له ئارادا نه‌بوه. ئه‌و فه‌رهه‌نگه سیاسییه نه‌بوه که کاتیک خه‌ڵک نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژارد، له هه‌ڵبژاردنی ئالته‌ر ناتیڤهکاندا ده‌ستیان کراوه بێ. چونکه ئالته‌رناتیڤ نه‌بوه. ئه‌مه رێک له ریفراندۆمه‌که‌ی خومه‌ینی ده‌چێ :" یان جمهوری ئیسلامیتان بوێ یان شا. " لیستی یه‌کگرتوش له کوردستاندا هه‌مان شته. ئالته‌رناتیڤی 1و 2و3و4ت نییه، هه‌یه و نییه 2 حیزبه که له سه‌ر سیاسه‌ت یه‌کیان گرتۆته‌وه و لیسته‌که‌یان ده‌خه‌نه به‌رده‌مت که ده‌نگیان پێ بده‌ی. هیچیش مه‌علوم نییه که ئه‌وانه له سه‌ر چ به‌رنامه‌یه‌ک رێک که‌وتون
ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی له کوردستان هه‌یه میکانیزمێکی زۆر زه‌قه بۆ فریودانی خه‌ڵک. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئامرازێکه بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندی وڵاتانی رۆژئاوا، که پشتیوانی لە حکومه‌ته‌که دەکەن، له ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌مدا ئه‌مه‌ریکا و ئه‌مجا ئوڕوپا و ولاتانی دیکه.
ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی تیۆرییه‌وه قسه بکه‌ین، یه‌کێک له پرێنسیپه سه‌ره‌کییه‌کانی حکومه‌تی دیمۆکراتیک، لێک جودابون و سه‌ربه‌خۆیی هێزەکانە: واتە سێ هێزی یاسادانان، قەزا و جێبه‌جێکردن. له کوردستان ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه مانایەکی ئەوتۆی نییە
هه‌م په‌رله‌مان و هه‌م ده‌زگای ئیجرایی له ده‌ست دو حیزبه‌که‌دایه، ئیتر با هه‌ر باسی ده‌زگای دادوه‌ریی نه‌که‌ین که به‌ته‌واوی له ژێر کونترۆڵی دو حیزبه‌که‌دایه. به هه‌ر پێوانه‌یه‌کی تیۆری فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئه‌مه لێک بده‌ینه‌وه، به‌مه ناڵێن دیموکراسی. نێوی دیکه‌ی ده‌توانین لێ بیێین، که له‌وانه‌یه پێشیان ناخۆش بێ، من ده‌ڵێم له کوردستان ئۆلیگارشییه‌ک هه‌یه، ئۆلیگارشییه‌کی حیزبی، عه‌شیره‌یی و ئێستاکه‌ش ئۆلیگارشییەکی ماڵی که حوکمی کوردستان ده‌کا. ئه‌و ئۆلیگارشییه، ئه‌و سیسته‌مه خۆی نێو ناوه دیموکراسی، به‌و نێوه‌شه‌وه به خه‌ڵکی ده‌فرۆشێته‌وه. باشه، بۆنمونه خه‌ڵكی که‌لار یان رانیه، که ده‌نگیان به‌و لیسته یه‌کگرتوه داوه، چ دهسترهسییهکیان به‌و نوێنه‌رانه هه‌یه؟ ئایا نوێنه‌ره‌کان، وه‌کو نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی ئینگلیز، له رۆژانی پشوی په‌رله‌ماندا سه‌ردانی ئه‌و خه‌ڵکه ده‌که‌ن که هه‌ڵیان بژاردون، بۆ ئه‌وه‌ی گوێ له که‌موکورتی و گله‌ییه‌کانیان بگرن؟ ئێستاش پاش 20 ساڵ حکومه‌تی کوردی، هێشتا خۆڵ و خاشاک کۆچه‌و کۆڵانی هه‌ولێری پاته‌ختی به‌رنه‌داوه، ئاوه‌ڕۆی سه‌ربه‌تاڵ ده‌بینی.
به‌هه‌رحاڵ با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر لێکجیاوازبونی هێزه‌کان، تا ئه‌م دواییه‌ش، تا ئۆپۆزیسیۆنی دیمۆکراتیک نه هاته مه‌یدان، به هێچ شێوه‌یه‌ک له ئارادا نه بوه. بۆ نمونه من لێره‌دا ئاماژه به مه‌سه‌له‌یه‌کی هەستیار ده‌که‌م: کوژرانی ئه‌و کوڕه رۆژنامه‌نوسه جه‌وانه، سه‌رده‌شت، ده‌توانێ نا سه‌ربه‌خۆیی هێزی دادوه‌ریی هه‌رێمی کوردستان، زۆر به زه‌قی له پرۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌و تاوانه نیشان بدا. ده‌زگای دادوه‌ریی هه‌رێم چی کرد بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه؟ ئایا ئه‌و لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی که دایان نابو، نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی تێدا بو؟ 4 که‌سی رۆژنامه‌نوس، مامۆستای زانکۆ، پارێزگار، ریش سپی، پیاوی ئایینی تێدابو؟ لیژنه‌که بۆ خۆیان دروستیان کرد‌و بۆ خۆیشیان خه‌تیان ده‌دایێ. جا چونکه راستیی روداوه‌که قه‌یرانی بۆ حکومه‌ت دروست ده‌کرد، بۆ ئه‌و شه‌رعییه‌ته بێ مانایه‌ی که بۆخۆی داناوه، له‌وێشدا به ئه‌وپه‌ڕی ناشاره‌زاییه‌وه گوتیان که ئه‌و تاوانه ده‌ستی ئه‌نسارولئیسلامی تێدایه! ئه‌و عه‌قڵییه‌ته خواروخێچهیان نه‌یتوانی له‌وه‌شدا حیکایه‌تێکی وه‌ها هه‌ڵببه‌ستێ، که تۆزێک عه‌قڵی خه‌ڵکی بۆی بچێ، قه‌ناعه‌ت به هه‌ندێ که‌س بکا.
جا وه‌کو گوتم، لەبەر ئەوەی سه‌ربه‌خۆیی هێزه‌کان نییه، ده‌زگای جێبه‌جێکردن هه‌مو بڕیارێک ده‌دا. ئه‌و 3 ساڵه‌ش که من له کوردستان بوم، رۆژانه له هه‌مو چین و توێژێک خه‌ڵکم ده‌دیت، که‌سێکم نه بینی باوه‌ڕی به په‌رله‌مان هه‌بێ. ده‌یانگوت بڕیاره‌کان له شوێنی دیکه‌وه دێن. له‌وانه‌یه هه‌ندێ وڵات له هه‌ندێ شهرایهتدا، شتی وه‌ها بکه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ن ئیحترامی خۆیان له لای خه‌ڵکی رابگرن، بۆیه ده‌رفه‌تێکی بۆ ده‌هێڵنه‌وه، به‌ڵام له کوردستان، هه‌ر به جاریک ئابڕویان بۆ په‌رله‌مان نه هێشتۆته‌وه. ئه‌و ساڵانه‌ی من لهوێبوم، هه‌مو ساڵێک حکومه‌ت بودجه‌ی نهێنیی خۆی- دیموکراسی و بودجه‌ی نهێنییان نه‌گوتوه!- ده‌نارده په‌رله‌مان، به‌ڵام ته‌نانه‌ت یه‌کجاریش، وه‌زیری دارایی نەچوە په‌رله‌مان که روبه‌روی په‌رله‌مانتاران ببێته‌وه، هه‌ر حسێبیشی بۆ نه‌ده‌کردن. ئه‌و وه‌زیره، که ئه‌وکات جه‌نابی باباجان بو و پۆستێکی هه‌ره گرنگی به‌ده‌سته‌وه بو، هه‌ر چه‌ند بانگیش کرا بۆ په‌رله‌مان، به‌ڵام نه چو که بۆ نوێنه‌رانی خه‌ڵکی رون بکاته‌ه که ئه‌وه حیساباتی داهات و خه‌رجه‌کانی حکومه‌ته‌و، ئەوهنده بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه و ئەوهنده بۆ موچه‌و ئەوهنده بۆ فڵان و بێهمان دانراوه. که کابرا نه‌چو، مانای ئه‌وه نییه که بۆ خوی بڕیاری دابێ که بچێت یاننا، به‌ڵکو به‌مانای ئه‌وه‌یه که حکومه‌ت فشه‌ی به په‌رله‌مان و هێزی یاسادانان دێت و هیچ قیمه‌تێکی بۆ دانانێ.
کوردیش پرسپکتیو: له هه‌مو وڵاتانی دونیا کاتێک قه‌یرانێک ساز ده‌بێ، مه‌عموله‌ن به‌رپرسانی حکومه‌ت، واته به‌رێوه‌به‌رانی ده‌سه‌ڵاته که ده‌که‌ونه به‌ر لێکۆڵینه‌وه وده‌بێ به‌رپرسایه‌تی قبوڵ بکه‌ن، به‌ڵام له کوردستاندا ئه‌و قه‌یرانه هه‌یه، که چی ده‌سه‌ڵات خۆی ناکا به خاوه‌نی، پرسیار له خۆپیشانده‌ران ناکرێ که ده‌ردتان چییه، مهرهزتان چییه، داوای چی ده‌که‌ن، بۆ وایه؟
د.عه‌باس وه‌لی: به باوڕی من، که ده‌سه‌ڵاتداران خۆیان به پرسی قه‌یرانه‌که نه‌زانی، مانای وایه که به‌خه‌تای خۆیانی نازانن، ده‌ڵێن هه‌ر نه‌بوه، ئه‌گه‌ر شتێکیش بوبێ، ئه‌وه ده‌ستکردی عاملێکی بیانییه. جگه له‌وه‌ش، با ئیشاره به شتێکی دیکه بکه‌م که به بڕوای من زۆر گرنگه، ناشزانم له‌م پێوه‌ندییه‌دا پێشتر ئاماژه‌ی پێ کراوه یان نا. به‌هه‌رحاڵ، کاتێک له وڵاتێکی دیمۆکراتیک‌دا، قه‌یرانێکی، بۆ نمونه ئابوری روده‌دات، به ده‌یان و سه‌دان کتێب و وتاری له‌سه‌ر ده‌نوسرێ، ده‌یان سمینار‌و به‌رنامه‌ی رادیۆیی و ته‌له‌ڤیزیۆنی له‌سه‌ر ده‌گیرێ، باس له‌سه‌ر ئه‌و ده‌کرێ که ئه‌و ستراتیژییه‌ی که ئه‌و قه‌یرانه‌ی خوڵقاندوه، هه‌ڵه بوه یان راست؟ ئایا ده‌بوا هه‌نده باج و ماڵیات وه‌رگیرابا، یان نا؟ ئایا سیاسه‌تی دراو-پوڵ-ی حکومه‌ت ته‌واو بوه یان نا؟ یانێ، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، ستراتیژییه‌ک هه‌یه که بیخه‌یته ژێر باس و لێکۆڵینه‌وه. له کوردستان باس له سه‌ر چ ستراتیژییه‌ک بکه‌ن؟ ستراتیژییه‌ک له ئارادا نییه.
فه‌رمو با ئێمه هه‌ستین و بچین بۆ یه‌کێک له ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی کوردستان، با 10، 15 که‌سیش پسپۆڕی بواری ئابوری و کۆمه‌ڵناسی و سیاسی و بواری تریش دابنیشین و باسی ئه‌م قه‌یرانه بکه‌ین. زۆری پێ ناچێ که باسه‌که ئه‌بێ به باس له سه‌ر تاکه که‌سه‌کان، ده‌ڵێین ئه‌مه خه‌تای فڵانکه‌س و فیسار که‌سه. چونکه پلان و ستراتیژییه‌ک نه‌بوه تا بڵێین به رێکی یان به چه‌وتی دانراوه، راست بوه و خراپ پیاده کراوه، یان هه‌ر له بونیاده‌وه هه‌ڵه بوه، یان ئه‌وه‌تا دروست بوه وهێشتا ماویه‌تی بگاته ئه‌نجام. مه‌سه‌له‌ن کابرا له ئینگلیز ده‌ڵێ: "ئه‌و قه‌یرانه چاوه‌ڕوانکراو بو، ده‌بێ 2 ساڵی دیکه خۆمان بێدنگ که‌ین لێی، تا پلانه‌که ده‌گاته ئه‌نجام. " مه‌به‌ستیشی ئه‌وه‌یه که پلانێک هه‌یه وتا 5 ساڵه‌که‌ی خۆی پڕ نه‌کاته‌وه، کارتێکردنه‌کانی ده‌رناکه‌ون، له وانه‌یه له ساڵی دوهه‌مدا راده‌ی بێ‌کاری به‌رز بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوانکراوه. ئه‌مه ستراتیژییه‌که‌یه، له‌وانه‌یه فیکرێکی ئابوری ئه‌وه قبوڵ بکا و یه‌کێکی دیکه ئه‌وه قبوڵ نه‌کا. له کوردستان تۆ باس له‌سه‌ر چی ده‌که‌ی که نه چێته‌وه سه‌ر پارتی یان یه‌کێتی، یان سه‌رۆکه‌کانیان؟ چونکه پلانێک نییه که بیده‌یت له سه‌نگی مه‌حه‌ک، قبوڵ یان ره‌دی بکه‌یته‌وه. ئه‌وه بۆ هه‌شت ساڵ ده‌چێ، له کاتی روخانی سه‌دامه‌وه، که حکومه‌تی کوردستان خاوه‌نی خۆیه‌تی.
باشه، تا ئێستا ئیندێکس و ئامارێکمان له سهررێژهی هه‌ڵاوسان و بێ‌کاری و گرانی و په‌ره‌سه‌ندنی ئابوری هه‌یه؟ باشه، تۆ ئه‌مانه‌ت نییه، فه‌رهه‌نگێکی دیمۆکراتیکیشت نییه که ده‌نگدانی خه‌ڵک به فیڕۆ نه‌ڕوات، که واته ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌مه‌ش بی که ئێستا له سلێمانی و له شار‌و شارۆچکه کانی دیکه خه‌ڵک رژاونه‌ته سه‌ر خیابانه‌کان و ناڕه‌زایی خۆیان له‌و وه‌زعه ده‌رده‌بڕن.
ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی به نمونه بێنینه‌وه، به بڕوای من، تا ئه‌و حکومه‌ته له کوردستاندا مابێ، گه‌نده‌ڵی کۆتایی پێ نایه‌ت. گه‌نده‌ڵی مه‌سه‌له‌ی تاکه که‌سه‌کان نییه، وه‌ک سه‌لاحی موهته‌دی حیکایه‌ت ده‌نوسێ و باسی سه‌رده‌می حه‌زره‌تی عومه‌ری خیتاب ده‌کا! گه‌نده‌ڵی له کوردستان سیسته‌ماتیکه. گه‌نده‌ڵی بۆته دیارده‌یه‌کی دامه‌زراوه‌یی. مه‌سه‌له‌ی ویژدانی تاکه‌که‌س نییه، چۆته نێو بونیادی سیسته‌مه‌که‌وه. چونکه سیسته‌مه‌که، فه‌رهه‌نگه‌که‌شی نادیمۆکراتیکه. له بنه‌ڕه‌ته‌وه، ستروکتۆری ده‌سه‌ڵات پێویستی به گه‌نده‌ڵی هه‌یه. له ئه‌ساسدا ئه‌و سیسته‌مه‌ی که پێی ده‌ڵێن کلاینتالیسم، واته ئه‌رباب و موشته‌ری، یه‌کێک له کاناڵه‌کانی به‌هێزکردنی پێوه‌ندییه‌کانی، بریتییه له گه‌نده‌ڵی.
کوردیش پرسپکتیو: هه‌رکات خه‌ڵک ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆیان به‌رز کردوه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵات به‌وه وه‌ڵامی داونهتهوهکه" ئێمه خوێنمان داوه بۆ ئه‌م ئه‌زمونه، شه‌هیدان وئه‌نفالکراوان له بیر مه‌که‌ن، ده‌بێت ئه‌م ده‌سکه‌وته وه‌ک گلێنه‌ی چاو بپارێزن و نابێت خه‌ته‌ری بۆ دروست بکه‌ن. " پرسیاهکه ئه‌وه‌یه: کێن ئه‌وانه‌ی که به‌ڕاستی ئه‌م ئه‌زمونه‌یان توشی مه‌ترسی کردوه؟ خه‌ڵکێک که ده‌ڵێن ئێمه قوربانیمان بۆ ئه‌م رۆژه پر له ناعه‌داله‌تییه نه‌دابو، یان ده‌سه‌ڵاتێک که سه‌روه‌ت وسامان و ده‌ستکه‌وته‌کانی وڵاتی له سه‌ر خۆی تاپۆ کردوه؟
د.عه‌باس وه‌لی: دیاره له‌و باسانه‌دا که ئه‌م رۆژانه ده‌کرێ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له رۆشنبیران، قورسایی باسه‌که‌ی خۆیان خستۆته سه‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌بێ ئه‌و ئه‌زمونه بپارێزرێ، حکومه‌تیش له بانگه‌شه‌کانی خوی‌دا ده‌ڵێ که :"ئێمه دوژمنمان هه‌یه، دوژمن له نێو ئێمه‌دا ده‌ستی هه‌یه، ئێمه ده‌بێ ئه‌و ئه‌زمونه له هه‌ڕه‌شه‌کانی دوژمن بپارێزین"، ده‌توانین تێبگه‌ین که بۆچی هه‌ندێک له رۆشنبیران و حکومه‌ت وه‌ها ده‌ڵێن، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها به‌شێک له راستییه‌که‌یه. دروسته، ئه‌و خه‌ڵکه ده‌بێ ئه‌و ئه‌زمونه بپارێزێ، به‌ڵام نه‌ک له مافه‌کانی خۆیشی بێده‌نگ ببێ. به‌ڵام بۆچی ئه‌و حکومه‌ته، ئه‌و پڕۆسه‌ی سیاسییه، بۆ خۆی به‌شێک نییه له‌و کۆمه‌ڵگایه؟ ئه‌ی بۆ ئه‌وان ئه‌و ئه‌زمونه ناپارێزن؟ به‌پله‌ی یه‌که‌م، ئه‌وان عاملی پاراستنی ئه‌و ئه‌زمونه‌ن.
ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی نه‌بێ، ئه‌گه‌ر ستراتیژییه‌ک دانرابێ، ئه‌گه‌ر فه‌رهه‌نگێکی دیمۆکراتیک و پرۆسه‌یه‌کی دیمۆکراتییانه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌سه‌ڵات هه‌بێ، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی هێزه‌کان هه‌بێ، ئه‌وکات باشترین هه‌لومه‌رج بۆ پاراستنی ئه‌زمونه‌که دابین کراوه. ئه‌و ئه‌زمونه به تانک و تۆپ ناپارێزرێ. تانک و تۆپ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دوژمنی خارجییه. له کوردستان، ناوه‌رۆک و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئه‌و ئیعترازانهی ده‌کرێ، بۆ خۆی، له خزمه‌تی پاراستنی ئه‌و ئهزمونهدایه. ئه‌و ئه‌زمونه به‌فه‌رهه‌نگی دیکتاتۆری ناپارێزرێ. به فه‌رهه‌نگێک که به‌خێرایی به‌ره‌و دیکتاتۆری هه‌نگاو ده‌نێ. به رای من، ئه‌و رۆشنبیرانه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌که‌ن، نازانن که ئه‌و ئیعترازانه، بنه‌مایه‌کی دیمۆکراتیکی هه‌یه. ئه‌و حکومه‌ته تا خۆی زیاتر دیمۆکراتیزه بکات، گرنگی زیاتر به قسه و به ده‌نگی خه‌ڵکی ده‌دات. ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر پاراستنی ئهزمونهکهیه، له راستیدا، ستراتێژی و به‌رنامه‌کانی حکومه‌ت و چۆنیه‌تی کارکردنی، زۆر زیاتر رؤڵیان هه‌یه له‌وه‌ی که خه‌ڵکی ئاسایی ده‌یکا. ئه‌گه‌ر له روانگه‌یه‌کی فه‌لسه‌فییه‌وه سه‌یر بکه‌ین، ده‌بینین که هاواری خه‌ڵکی، هاواره بۆ پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌که. به رای من، ئه‌وه عه‌قڵییه‌تی ئه‌منییه‌تیی رۆشنبیری کورده که ده‌چێته سه‌ر ئه‌و کاناڵانهو، به شێوه‌یه‌کی ئیفتیزاح ده‌ڵێ:" ده‌ستی دوژمنی له پشته‌وه‌یه، ئه‌ی هاوار، ده‌نگێ مه‌که‌ن. " ناوه‌رۆكی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی ئه‌و ناره‌زاییانه ئه‌وه‌یه که ئه‌و ئه‌زمونه وێران بوه، ئه‌وه‌ش که وێرانی کردوه، ئه‌و حکومه‌ته‌یه که له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتی ئه‌و دو حیزبه پێکهاتوه.
کوردیش پرسپکتیو: ئێستا واز له بۆچونی ئه‌و جوره رۆشنبیرانه دێنین و له جه‌نابت ده‌پرسم، به رای تۆ، هۆکاری دروستبونی ئه‌و قه‌یرانی باشوری کوردستان چییه؟
د.عه‌باس وه‌لی: به رای من، که باسی هۆکار ده‌که‌ین، مه‌به‌ستمان هۆکاره‌کانه. دیاره له هه‌ر که‌سێک بپرسین، که زانستێکی سیستماتیکی سیاسی هه‌بێ، ئه‌و کاته‌ی که فه‌رهه‌نگێکی دیمۆکراتێک نه‌بێ، کاتێک که خه‌ڵک رۆڵێکی ئه‌وتۆیان له کارکردنی ده‌سه‌ڵات نه‌بێ، که قه‌یرانێک هاته پێش، کێ به‌ر پرسه لێی؟ وه‌ڵامت ده‌داته‌وه: ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه‌یه. واته هۆکاری ئه‌سڵی دروستبونی ئه‌و قه‌یرانه، شێوه‌ی کارکردنی ئه‌و حکومه‌ته‌یه له ماوه‌ی هه‌شت ساڵی رابوردودا. گومان له‌وه‌دانییه که ناتوانی خه‌ڵک به تاوانبار بزانی. خه‌ڵک داوای ده‌نگدانی لێکراوه، ده‌نگی خۆیشی داوه. واته به پێی ئه‌و سیسته‌مه‌ی ده‌سه‌ڵات دایناوه، ئه‌وان ئه‌رکی خۆیان به جێهێناوه. هه‌نده‌ی پێویست بێ بیزنێسی خۆیان کردوه، به پێی یاساش جوڵاونه‌ته‌وه. که واته بۆ حاڵه‌که گه‌یشتۆته ئه‌مه؟
من شکم له‌وه‌دا نییه که ئه‌و قه‌یرانه، به پله‌ی یه‌که‌م، قه‌یرانی حکومه‌تێکی نادیمۆکراتیکه، که رێگای به دروستبونی فه‌رهه‌نگێکی دیمۆکراتیک گرتوه، پێشی دروستبونی شه‌رعییه‌تێکی دیمۆکراتیکی گرتوه، له به‌ڕیوه‌بردنی وڵات‌دا فیکری ستراتیژیکی نه‌بوه، له کاروباری حکومه‌تدا، ئه‌وپه‌ڕی ناشه‌فافی و نهێنیکاری گرتۆته‌به‌ر، که‌س نه‌یزانیوه، بودجه‌ی وڵات چه‌ند بوه، چۆن هاتوه و به چی دراوه، هیچکه‌س ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر دابه‌شکردنی سامانی وڵات و پۆست و پله‌کانی حوکم، چونییه‌تی پێوه‌ندییه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بوه. که واته کێ به‌رپرسه ؟ بێگومان حکومه‌ت به‌رپرسی قه‌یرانه. ئه‌و قه‌یرانه‌ی، که ئێستا ئیمه خۆپیشاندانه‌کانی له نێو خیابانه‌کانی سلێمانی و شاره‌کانی دیکه‌ی کورستان‌دا ده‌بینین، له راستیدا، قه‌یرانی ناوه‌رۆکی حکومه‌تی کوردستانه. ئه‌وه قه‌یرانێکه که ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه، شکاوه‌ته‌وه به‌سه‌ر خۆیاندا. ئه‌وه قه‌یرانی حکومه‌تێکه رۆژ به رۆژ حوکمی کردوه و هیچ پلانێکی درێژ خایه‌نی نه‌بوه.
حکومه‌تێک که هیچ فاکته‌رێکی نییه بۆ مه‌شروعییه‌تی خۆی، جگه له خه‌باتی چه‌کداریی بۆ رزگاریی کوردستان، گیانبه‌ختکردن له‌پێناوی کوردستاندا. ئه‌وه‌ش خه‌ڵک کردویه‌تی، وه‌ک ته‌له‌فیزیۆن پیشانی دا، پێشمه‌رگه‌یه‌ک ده‌یوت: "من 2 میدالیام هه‌یه". ئێستاش هه‌ر ئه‌وانه‌ن هاتونه‌ته خیابانێ. ئه‌و حکومه‌ته، ئه‌گه‌ر شعوری هه‌بێ، ته‌ماشای سه‌ره‌نجامی خۆی ده‌کا: پێشمه‌رگه‌یه‌ک که میدالیای وه‌رگرتوه، دایکێک که ته‌مه‌نێکی دورو درێژ بێوه‌ژنکۆشی کردوه و منداڵی پێگه‌یاندوه، ئه‌وانه‌ن که هاتونه‌ته قسه. ئه‌مه مانای وایه که ئه‌و حکومه‌ته له ده‌وره‌ی قه‌یرانی مه‌شروعییه‌ت تێیپه‌ڕاندوه، چونکه ئه‌وانه‌ی که خه‌باته‌که‌یان کردوه، له حکومه‌ت ده‌پرسن:" کوانێ چی لێهات ئه‌و خوێنه‌ی که رژا؟" ته‌ماشاکه بزانه به‌رپرسان چۆن ده‌ژین؟ حکومه‌تێک که ئه‌م هه‌شت ساڵه له سه‌دا 17 ی بودجه‌ی عێراقی دراوه‌تێ، بۆ خۆیشی نه‌وتی فرۆشتوه‌و ده‌رامه‌تی گومریکهکانیشی ماشیوه‌ته‌وه، به گه‌لێک سه‌رچاوه‌ی دیکه‌ی داهاته‌وه، که چی هێشتا کێشه‌ی کاره‌بای پێ چاره‌سه‌ر نه‌کراوه، نه‌ی توانیوه ئاوی پاک بۆ هاوڵاتییان دابین بکا، نه‌یتوانیوه خوێندنی باڵا رێک‌و پێک بکا، ئاوڕێک له په‌روه‌رده بداته‌وه، سیسته‌مێکی ئیداریی کارامه بێنێته ئاراوه، به‌شی ته‌ندروستی رێک بخا.
ئه‌گه‌ر باسی به‌رهه‌مهێنان بکه‌ی، ئه‌وه هیچ نهیبوژاندۆتهوه، به‌ڵکو وێرانتری کردوه. هه‌ر بیری له هاورده‌کردنی شتومه‌ک کردۆته‌وه، وه‌کو حکومه‌تی ئێران. جاران هه‌ولێر به ماسته‌که‌ی به‌ناوبانگ بو، ئێستا ماستی هه‌ولێر له تورکیاوه دێت! ئیتر چۆن ئه‌بێ روی هه‌بێ باسی خوێنی شه‌هیدان بکات، هه‌ر ئه‌و خوێنه‌که‌ی به فێڕۆ داوه. خه‌ڵک شه‌هید نه‌بوه بۆ ئه‌وه‌ی که‌سوکاری له پاش به‌جێماوی، به کوله‌مه‌رگی بژین. به‌ڕای من، هه‌رێمی کوردستان یه‌کێکه له‌و وڵاتانه‌ی که جیاوازی چینایه‌تی تێیدا گه‌لێک به‌رچاوه، تا دێت دۆڵی نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، قوڵتر و فراوانتر ده‌بێ. وه‌کو ئه‌مه‌ریکای لێهاتوه: پاره‌داره‌کان شاری تایبه‌تی خۆیان دروست ده‌که‌ن و به حه‌سارێکی به‌رز له خه‌ڵکی ئاسایی جیا ده‌که‌نه‌وه و ناوی ناز سیتی و چی سیتیی لێده‌نێن. خه‌ڵکه‌که‌ش نه خانویه‌کی ته‌واویان هه‌یه و نه ئاو وکارهبایهکی به‌رده‌وام. بۆ حکومه‌تیش گرنگ ئه‌وه‌یه که بازاری هاوچه‌رخی رازاوه‌و پر له چرا و چراخان قیت بکاته‌وه. هه‌نده‌ی من ئاگادار بم، به‌م 8 ساله، یه‌که‌یه‌کی به‌رهه‌مهێنانی وه‌ها دروست نه‌کراوه که بتوانێ هه‌لی کار بۆ 250 که‌س بڕه‌خسێنێ، یان چه‌ند کارگه‌یه‌ک بۆ دروستکردنی خاولی، گۆره‌وی، ماست و په‌نیر، ئاوه ته‌ماته یان هه‌ر شتێکی له‌وجۆرانه.
حکومه‌ت، سه‌ره‌ڕای ئه‌م قه‌یرانه‌ش، سه‌ره‌ڕای ئه‌م خۆگێلکردنهی له نه‌مانی مه‌شروعییه‌تی، ده‌بینین به‌م دواییانه که‌وتۆته سود وه‌رگرتنی ئامرازی له بیروباوه‌ڕی ئایینی. ئه‌وه‌بو هه‌ندێک له مه‌لاکانی بۆ بانگه‌شه دژ به خۆپئشاندهران نارده مه‌یدان:" خه‌ڵکینه یهکگرتوییهکه بپارێزن با حکومه‌ته‌که‌مان نه‌فه‌وتێ. ". پێی وایه ئه‌و مه‌لا مهدحو سهناکهرانهی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، سبه‌ی که بارودۆخه‌که هێمن بویه‌وه، هه‌روه‌ها به ئاسانی داده‌نیشن وهیچ ئیدیعایه‌کیان نابێ، یان ئه‌وه‌تا ئه‌و قسانه‌ی ئێستا ده‌یکه‌ن، ته‌ئسیری درێژخایه‌نی نابێ. له بیریان چۆته‌وه، ئه‌وانه‌ی که کاتی خۆی مه‌لاکانیان کرد به‌گژ کۆمۆنیسته‌کاندا، هێشتا چۆن تێیدا ماونه‌ته‌وه. حکومه‌ت له رێگای ئه‌م به‌شه له مه‌لاکانه‌وه، شه‌رعییه‌ت ده‌دا به قسه و ئێستدلالی شه‌رعی، بۆ به هێز کردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی. ئه‌ی ئه‌وه‌نه‌بو ماوه‌یه‌ک لهمهوپێش کاک مه‌سعود، کاتی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌لایان له رۆشنبیران، بانگی کردن و پێی گوتن هه‌قتان نییه ته‌داخولی ئه‌م شتانه بکه‌ن. ئه‌و مێشکه‌ی که له نێو حکومه‌تدا له پشتی ئه‌و کارهوهبو، 150 ساڵ له پاشه‌وه‌یه. ته‌له‌فیزیۆنه‌کان هه‌ر موسیقا لی بده‌ن باشتره تا بچن ئه‌و مه‌لایانه موبیلایز بکه‌ن. خۆ تێهه‌ڵقورتاندنی ئه‌و جوره مه‌لایانه، ده‌بێته هۆی دروستبونی ئه‌خلاقیاتێکی مه‌زهه‌بی، که به بڕوای من، له داهاتودا ته‌ئسیره‌کانی ئاشکرا ده‌بن.
کوردیش پرسپکتیو: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ده‌زانین تا ئێستاش سیستمی دو ئیداره‌یی له کوردستاندا هه‌ر ماوه، بۆ چی ئه‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینانه، سه‌ری رمه‌که‌ی هه‌ر به‌ره‌و روی پارتییه؟
د.عه‌باس وه‌لی: پارتی و یه‌کێتی، له‌گه‌ڵ یه‌ک پێکهاتون، یه‌کیان نه‌گرتۆته‌وه. به بڕوای من، قه‌تیش یه‌ک ناگرنه‌وه. پێکهاتنه‌که‌یان له راستیدا به‌ره‌سمییه‌ت ناسینی سنور و پانتایی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کتره: ئه‌تۆ به‌خێر هاتی، ئه‌وه شوێنی تۆیه، ئه‌مه‌ش شوێنی منه، به‌ڵام تۆ لێره میوانی. تۆ ده‌ست له کاری من وهرنادهی، منیش ته‌داخولی کاری تۆ ناکه‌م". پێکهاتنه‌که ئاوه‌ها بوه و ئه‌و حکومه‌ته هاوبه‌شه‌ش ناتوانێ له چوارچێوه‌ی خۆیشیدا کارێکی ئه‌وتۆ بکا، چونکه دوبهرهکێییهکه هه‌ر ماوه.. ئێستا له کوردستان له هه‌ر که‌س بپرسی، پێت ده‌ڵێ که کاک به‌رهه‌م ساڵح شتێکی وه‌های به ده‌ست نییه. من له لای زۆر که‌س گوتومه، من له مێژه به‌رهه‌م ده‌ناسم، پیاوێکی باشه، له به‌رامبه‌ر دا گوتویانه:" کاکه، به‌رهه‌م هیچی به‌ده‌ست نییه. " خه‌ڵک به‌و 8 ساڵه به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتون که ئه‌و پێکهاتنه، کێشه‌یه‌کی دیکه‌ی هێناوه‌ته پێشێ. راسته شه‌ڕی براکوژیی نه هێشتوه، به‌ڵام کێشه‌یه‌کی دیکه‌ی خولقاندوه: پارتی پێیوایه که ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌که‌ی سه‌قامگیر بوه، یه‌کێتیش هه‌ست ده‌کات که توانای ئابوریی باش بوه، به‌ڵام له سه‌ر حسێبی ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌که‌ی.
ئێستا ئیتر یه‌کێتیش هه‌نده‌ی پارتی له گه‌نده‌ڵیه‌کاندا شه‌ریکه، به هه‌مان شێوه‌ش سود له سهرچاوهداراییهکان وه‌رده‌گرێ. به‌ڵام ئه‌وه له که‌سیش شاراوه نییه که له‌و ساڵانه‌ی دواییدا، رۆژ به‌رۆژ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پارتی په‌ره‌ی سه‌ندوه، هاوکاتیش یه‌کێتی زیاتر‌و زیاتر خراوه‌ته په‌راوێزه‌وه. هۆکاری ئه‌و په‌راوێز که‌وتنه‌ی یه‌کێتیش، به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کێشه نێوخۆییه‌کانی نێو یه‌کێتی، به‌شه‌که‌ی تری له ئه‌ستۆی سه‌رۆکه‌که‌ی واته مام جه‌لالدایه. مام جه‌لال به‌شدارییه‌کی ئه‌ساسی له لاوازکردنی یه‌کێتیدا کردوه. بۆچی وای کردوه؟ یه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ کۆنترۆڵی خۆی له سه‌ر حیزبه‌که‌ی رابگرێ، دوهه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مام جه‌لال بۆ ئێئتیلاف له‌گه‌ڵ پارتی، پێویستی به یه‌کێتییه‌کی لاوازه. ئاکامه‌که‌شی هاتنه ده‌ره‌وه‌ی گۆڕان بو له یه‌کێتی. گۆڕان، ئێستاش، تا حه‌ددێکی زۆر، جه‌ناحی رادیکاڵی یه‌کێتییه، لێی هاتۆته ده‌رێ، قابیلی کۆنترۆڵ نه‌بوه.
ئه‌وه‌ی که بۆچی خه‌ڵک ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر پارتی، له‌به‌رئه‌وه‌یه که ئه‌وان پارتی به حکومه‌ت ده‌زانن. یه‌کێتی ته‌نها وه‌ک شه‌ریکێکی بچکۆله له حکومه‌تدایه، مام جه‌لال رازی بوه به‌و به‌شه بچوکه، چونکه پارتی به پشتیوانیکردنی خودی ئه‌و بۆ سه‌رۆککۆماریی عێراق، باڵانسه‌که‌ی بۆ راده‌گرن. من پێم وایه مام جه‌لال، به شێوه‌یه‌کی زمنی ئه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه که ئیتر سه‌رده‌می یه‌کێتی وه‌کو حیزبێک که بیر له به ده‌ستگرتنی ده‌سه‌ڵات بکاته‌وه، تێپه‌ڕ بوه. کاتێک سه‌رۆکی ده‌ڵێ که لێک جیابونه‌وه‌ی ساڵی 1966دا شتێکی راست نه بوه، واته سه‌رچاوه‌ی مه‌شروعییه‌تی یه‌کێتی خستۆته ژێر پرسیاره‌وه، یانێ، هه‌ر له ئه‌وه‌ڵه‌وه کاره‌که‌یان هه‌ڵه بوه. ئێستاش ورده ورده یه‌کێتی بچوک بکاته‌وه، هه‌نده‌ی شتێک موحته‌ره‌مانه بمێنێته‌وه، به‌ڵام به ته‌مای ده‌سه‌ڵات نه بێ. ئه‌گه‌ر له‌و دواییانه‌دا یه‌کێتی هه‌ندێک که‌وته خۆی و چالاک بویه‌وه، نه‌له به‌ر پارتی بو بێ، به‌ڵکو له به‌ر سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕان بو: مام جه‌لال هاته‌وه بۆ کوردستان، دایده‌مه‌زرێنین، کۆنگره ده‌به‌ستین و کردیانه هاوار وههڵڵا!
به باوه‌ڕی من، خه‌ڵک به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتون که پارتی ده‌سه‌ڵاته، یه‌کێتی شه‌ریکێکی بچکۆله‌یه. هه‌ربۆیه‌ش سه‌نته‌ری ئه‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینانه، سلێمانی بو. خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوه پێکهاتنه‌ی سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێتی و ئه‌و شێوه دابه‌شکردنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا نیه. ئێمه ئه‌وه له‌و دروشمه‌دا ده‌بینین که به کاک مه‌سعود ده‌ڵێ ؛"تۆ سه‌رکی من نیت. " ئه‌مه زۆر گرنگه. کاک مه‌سعود حه‌تمه‌ن بیر له‌وه‌ی ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌ر له دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌تدا، توانیویانه دابه‌شکردنێکی ئاوه‌ها به وجود بێنن، حه‌تتا ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ یه‌کێتیش له به‌ین بچێ، که به رای من ئێحتیمالێکی زۆره پاش مام جه‌لال یه‌کێتی نه‌مێنێ، حه‌تتا ئه‌وکاته‌ش، پارتی هه‌ر کێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌دا ده‌مێنێ، ئه‌وانه‌ی که تائێستا بۆ دژایه‌تی پارتی، پشتیوانی‌یان له یه‌کێتی کردوه. ئه‌گه‌ر ئه‌و کات گۆڕان، یان بزوتنه‌وه‌یه‌کی وه‌کو گۆڕان هه‌بێ، ئه‌و جه‌ماعه‌ته رو له‌و لایه ده‌که‌ن. من لام وایه، هه‌ر ئێستاش، به‌شێک له کادره‌کانی یه‌کێتی، له‌کادره‌کانی سه‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی، بیروڕای وایان هه‌بێ. چونکه ده‌بینن که له پرۆسه‌ی ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌دا، ئه‌وان رۆژ له رۆژ زیاتر ده‌دۆڕێنن. بۆیه هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی خه‌ڵک دژی پارتی، هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه دژ به ده‌سه‌ڵات. له هه‌مان کاتدا، هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه به‌رانبه‌ر به‌و رؤڵه‌ی که مام جه‌لال له دروستکردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا گێڕاویه‌تی.
کوردیش پرسپکتیو: ده‌سه‌ڵاتی پارتی ته‌نها له سلێمانی نییه، له ئه‌و دو پارێزگاکه‌ی تریش، واته له هه‌ولێر و دهۆک هه‌یه. ده‌سه‌ڵات ئه‌پرسێ، ئه‌گه‌ر ئێمه وڵاتمان به باشی به‌ڕێوه نه‌بردوه، ئه‌ی بۆ خه‌ڵک له‌و دو پارێزگایه‌ی دیکه ده‌نگی ناره‌زایی هه‌ڵ نابڕن؟ بۆچونێکیش هه‌یه ده‌ڵێ، له سلێمانی ئه‌مانه روده‌دا چونکه له‌وێ که‌ش و هه‌وایه‌کی ئازادتر هه‌یه، ده‌رفه‌ت ده‌درێت به هاتنه سه‌ر شه‌قامی خه‌ڵک، به‌ڵام سترۆکتۆری ده‌سه‌ڵاتی پارتی به شێوه‌یه‌که که ئه‌و ده‌ره‌تانه‌ی بۆ خه‌ڵکی دو پارێزگاکه‌ی دیکه نه‌هێشتۆته‌وه. رای تۆ له‌م باره‌یه‌وه چۆنه؟
د.عه‌باس وه‌لی: به رای من، پارتی حیزبێکه به سترۆکتوری عه‌شیره‌ییه‌وه. تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و سترۆکتورهش تا ساڵی 2003 ئه‌وه بوه که یه‌کگرتویی ناوخۆیی له نێو ئه‌و حیزبه‌دا مسۆگه‌ر کردبوه. پارتی، وه‌ک یه‌کێتی نه بوه، له کاتی پێویستدا، به‌رامبه‌ر به جه‌ره‌یانه خارجییه‌کان یه‌کگرتویی خۆی پاراستوه. که‌سانێک له سه‌ره‌وه بڕیاره‌کانیان ده‌رکردوه، ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ش، به بێ هه‌ڵوێست گرتنێکی ئه‌و تۆ، ئه‌و بڕیارانه‌یان جێبه‌جێ کردوه. به‌ڵام ئێستا که پارتی بوه به ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه ماڵی و ئیدارییه‌کانی که‌وتۆته به‌رده‌ست، سترۆکتوره گشتییه‌که‌ی بوه به کلاینتالیزم – به فارسییه‌که‌ی:" ارباب و مشتری"-به‌ڵام سترۆکتوری عه‌شیره‌تی، له ناوک و ناوه‌رۆکی حیزبه‌که‌دا هه‌ر ماوه‌ته‌وه. " ارباب" لێره‌دا ئه‌وه‌یه که توانا ئابورییه‌کان دابه‌ش ده‌کاو، " مشتری"یش ئه‌وه‌یه که له به‌رامبه‌ردا، وه‌فاداریی سیاسی ده‌دات به ئه‌رباب.
جا ئه‌و پڕۆسه‌یه هه‌ر له سه‌ره‌وه به ته‌رتیب دێته خوارێ: هه‌ر ئه‌ربابێک مشته‌ریی خۆی هه‌یه‌و، هه‌ر مشتهرییهکیش به نۆره‌ی خۆی ده‌بێت به ئه‌رباب بۆ جه‌ماعه‌تێکی دیکه له خواری خۆیه‌وه. ئه‌م سترۆکتوره، پێشتر له سیسته‌می حوکمڕانیی حیزبی به‌عسدا زۆر چالاکانه وجودی هه‌بو. پارتی له نێو شاره‌کاندا ئه‌م سیسته‌مه‌ی له نێو ئه‌و لایه‌نانه‌دا، که له ده‌ره‌وه‌ی سیستێمی عه‌شیره‌تین، بڵاو کردۆته‌وه. واته سیسته‌می کلاینتالیزم نه‌ک هه‌ر بۆته بونیادی ئابوری بۆ سیسته‌می عه‌شایه‌ری، به‌ڵکو بۆته ئامرازێکیش بۆ به‌ده‌ستهێنانی وه‌فاداریی سیاسی ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی که سیسته‌می عه‌شیره‌تی نایانگرێته‌وه، واته بۆته بنه‌مای قودره‌تی پارتی وه‌ک حیزب-حکومه‌ت. پارتی ئێستا ئیتر ته‌نها حیزب نییه، به‌ڵکو حیزب- حکومه‌ته. جا، به بڕوای من، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی که بۆچی ناوچه‌ی دهۆک و به‌شێکی زۆر له ناوچه‌ی هه‌ولێر، بۆته ناوچه‌ی پارێزراوی پارتی؟ له وجود و جێگیر کردنی ئه‌و سیسته‌می کلاینتالیزمهدایه.
نمونه‌ی نزیکمان بۆ ئه‌م دو جۆره له ناوچه‌ی پارێزراو و نه پارێزراو، له شۆڕشه‌که‌ی ئه‌مجاره‌ی میسردا که‌وته به‌رچاو: به‌رامبه‌ر به مه‌یدانی ته‌حریر، چه‌ند گه‌ڕکێک له‌ولاتره‌وه، شوێنی نیشته‌جێبونی چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و نزیک له ده‌سه‌ڵاتی میسر بو، که له کاتی سه‌ردانی رۆژنامه‌نوساندا گاڵته‌یان به راپه‌ڕین و خۆپیشانده‌ران ده‌کرد. له‌وێش ئه‌و سیسته‌مه هه‌بو، هه‌چه‌ند دواتر به‌رگه‌ی نه‌گرت، به‌ڵام هێشتا ئه‌و گه‌ڕه‌که هه‌ر ماوه. ده‌رباره‌ی پارتی، ئێستا ئیتر سترۆکتۆرهکهی تێهه‌ڵکێشی هه‌ردو سیسته‌می عه‌شیره‌یی وکلاینتالیزمه. کۆنترۆڵ، فشاری سیاسی، چهشتهکردن وبهرتیلدانی ئابوری له رێگای کلاینتالیزمهکهوه، له پاڵ سیسته‌مه عهشیرهییهکهدا، سترۆکتوراکهیان پێکهێناوه. تا ئه‌وکاته‌ی که ته‌نها عه‌شیره‌یی بو، هبوا بۆ پڕکردنه‌وه‌ی لایه‌نی فکری و رۆشنبیریی، له ده‌ره‌وه وه‌ربگرێ، چونکه هیچ وه‌ختێک ئه‌مه‌ی نه‌بوه، به پێچه‌وانه‌ی یه‌کێتییه‌وه که له لایه‌ن فکری و رۆشنبیرییه‌وه، خۆبژیو بو. بۆیه پارتی هه‌مو کات ئه‌و هیزه ئێنتلێکتوێلهی له حیزبی شیۆعی وه‌رده‌گرت. هه‌ر له به‌ر ئه‌مه‌ش پارتی و شیۆعی، هه‌رده‌م پێوه‌ندییه‌کی باشیان هه‌بو و به کرده‌وه، حیزبی شیۆعی ببۆوه لقی فه‌رهه‌نگیی و رۆشنبیریی پارتی، له‌م بواره‌دا باڵانسێکی باشی بۆ پارتی به‌رامبه‌ر به یه‌کێتی دروست ده‌کرد. هه‌رچی ئێستاشه، پارتی هه‌ر به‌و لقی فه‌رهه‌نگییه‌وه نه‌وه‌ستاوه، چه‌ندین لق و پاشکۆی دیکه‌ی بۆ خۆی دروست کردوه. یه‌کێک له‌و پاشکۆیانه، ئه‌و تێکنۆکراتانهن که له 15، 20 ساڵی رابوردودا له په‌نابه‌ری وله ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژیاون، له بواره جۆربه‌جۆره‌کاندا کاریان کردوه و خوێندویانه‌و که‌م تا زۆرێک شاره‌زاییان ناوه پێکه‌وه، ئێستاش گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ کوردستان، کار له داموده‌زگانی حیزب-حکومه‌تی پارتیدا ده‌که‌ن. هه‌لومه‌رجی ئه‌م جه‌ماعه‌ته، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌یه: ئه‌وانه له لایه‌ن پارتییه‌وه، قودره‌تیان دراوه‌تێ، به‌ڵام بنه‌مای قودره‌تیان پێ نه‌دراوه.
واته ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان بنه‌مای نییه، هه‌رکات پێویست بێ، بۆ شوێنێکی دیکه، یان پۆستێکی دیکه ده‌گوێزرێنه‌وه، یان ئه‌وه‌تا هه‌ر به ته‌واوی وه‌لا ده‌نرێن. وه‌کو چۆن حیزبی شیۆعی ماوه‌ی 20 تا 30 ساڵ و زیاتر رؤلی پاشکۆی فه‌رهه‌نگیی پارتیی گێڕا، ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ش. که‌له‌به‌ری رۆشنبیری و پڕوپاگه‌نده‌یی بۆ پارتی پڕده‌که‌نه‌وه، ده‌بنه نوێنه‌ری تێکنۆکراتی رۆشنبیری زانستی پارتی له کۆمه‌ڵگادا. شتێک که ئێستا رۆژانه ده‌یبینین له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا. جێگای سه‌رنجه که ئه‌مانه له به‌ر ئه‌وه‌ی قودره‌تیان پێ دراوه، هه‌ست ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئه‌رزێکی فش و لهرزؤک راوه‌ستاون. جا چونکه ئاگادارن که فرسه‌تێکی که‌متریان بده‌سته‌وه‌یه، له موسابه‌قه‌ی گه‌نده‌ڵیدا، سورعهتیان له‌وانه‌ی دیکه زیاتره! چونکه به خۆیان ده‌ڵێن :"ڕاسته ئهلعانێکه من وه‌زیری ئێره‌م، به‌رێوه‌به‌ری ئه‌م شوێنه‌م، سه‌رۆکی ئه‌م به‌شه‌م، به‌ڵام که‌س نازانێ 2 ساڵی دیکه، 4 ساڵی دیکه چیم به سه‌ر دێ، با هه‌رچییه‌کی پێم ده‌کرێ، ئیمڕۆ بیکه‌م"، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی دیکه که له سترۆکتوری ناوه‌رۆکی قودرهتدایه، ده‌زانێ، هه‌تا پارتی هه‌بێ، ئه‌ویش هه‌یه. بۆ نمونه، ئه‌وه‌ی که کوڕی شێخ فلان یان براو برازای ئه‌وی دییه، دڵنیایه که له گه‌ڵ بونی کاک مه‌سعود وله‌گه‌ڵ بونی پارتیدا، ئیمتیازاتی، سه‌یاره‌ی، خانوی، سه‌فه‌ری خارجی، هه‌موی مسۆگه‌ر کراوه، بۆیه پێویستی به‌و گه‌نده‌ڵکارییه خێرایه‌ی جه‌ماعه‌تی له خارج گه‌ڕاوه نییه.
پرۆفیسۆر د.عه‌باسی وه‌لی له دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ سایتی (کوردیش پرسپکتیو) باس له بارودۆخی ئه‌مڕۆی باشوری كوردستان ده‌كات، له‌سه‌ر داوای هه‌ندێك له خوێنه‌رانی سبه‌ی و دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی سایته‌كه ده‌قی دیمانه‌كه بڵاوده‌كه‌ینه‌وه.