دیمانه: سبه‌ی
له‌م دیمانه‌یه‌دا كاوه محه‌مه‌د نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌دوێت و پێی وایه سه‌رده‌مێكی تازه له په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و شه‌قام هاتۆته پێشه‌وه و سیستمی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی بونیادیی هه‌یه، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات هه‌ر هێزێك كار بۆ ئه‌وه بكات كه میلی كاتژمێری روداوه‌كان بۆ پێش 17ی شوبات بگه‌ڕێنێته‌وه و بهپێوهرهكانی پێش‌و مامه‌ڵه بكات، ئه‌وا كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ری هه‌م به‌هێزتر و هه‌م ره‌واتر روبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه.
(سبه‌ی): با له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، روداوه‌كانی 17ی شوبات و رۆژانی دوای واته هه‌م توندوتیژی و هه‌م خۆپیشاندانه‌كان، چی په‌یامێكیان گه‌یاند؟
كاوه محه‌مه‌د: له‌ڕاستیدا روداوه‌كانی (17-ی شوبات) و رۆژانی دواتر، كۆمه‌ڵێ په‌یامیان گه‌یاند، كه به‌ڕای من سه‌ره‌كیترینیان ئه‌وه‌بو كه سه‌رده‌مێكی تازه له په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و شه‌قام هاتۆته پێشه‌وه، ئیتر به پێوه‌ره‌كانی پێش ئه‌و روادوانه پرۆسه‌ی سیاسی به‌ڕێوه ناچێت، جگه له‌وه‌ش چه‌ندین په‌یامی دیكه‌مان لێ به‌دیكرد كه ده‌توانم له‌م چه‌ند خاڵه‌دا كورتیان بكه‌مه‌وه:
_نه‌وه‌یه‌كی نوێ به‌وپه‌ڕی متمانه به‌خۆبونه‌وه داوای به‌شداری له بڕیاری سیاسی ده‌كات و ئاماده نییه ده‌سبه‌رداری مافه‌كانی بێت و سازشیان له‌سه‌ر بكات.
_سیستمی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی بونیادی هه‌یه و رۆژبه‌رۆژ عه‌یبه‌كانی زه‌قتر و ئازاربه‌خشتر بۆ كۆمه‌ڵگا ده‌رده‌كه‌ون.
_ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا داوه‌ریی له ململانێی نێوان هێزه‌كاندا ده‌كات، حیكایه‌ته‌كانی رابردو نین، به‌ڵكو ئاستی پابه‌ندبون و به‌رگریكردنی هه‌ر یه‌كێكیانه له ئازادی و چاكسازی و عه‌داله‌ت و سه‌روه‌ری یاسا.
_ئۆپۆزسیۆنێكی كهمئهزمونمان هه‌یه كه هێنده‌ی له‌ژێر كاریگه‌ریی ئایدیاڵانه‌ی شه‌قامدا بوه، هێنده به‌پێوانه‌كانی هونه‌ری سیاسه‌ت، نه‌یتوانیوه ئیداره‌ی ململانێكانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات بدات.
_كلتوری دیموكراسی-مان لاوازه، كه په‌نابردنه به‌ر توندوتیژی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و خۆپیشانده‌ران-ه‌وه (بێگومان به دو ئاستی جیاواز)، ئه‌و راستییه‌یان ئاشكراتر سه‌لماند.
(سبه‌ی): له‌ئێستادا زۆرێك له رۆشنبیران پێیانوایه كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی (بارودۆخی سیاسی هه‌رێم) نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 17ی شوبات؟
كاوه محه‌مه‌د: بێگومانم له‌وه‌ی (17-ی شوبات) له‌ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌ییدا، ته‌نیا روداوێكی ئاسایی و تێپه‌ڕ نییه، به‌ڵكو كرانه‌وه‌ی ده‌رگا بو به‌ڕوی سه‌رزه‌مینێكی تازه له‌په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك، له گۆڕینی به‌شێك له‌خیتاب و كه‌ره‌سته‌كانی سیاسه‌تكردن، لهئهكتیڤبونی ماته‌وزه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوی شه‌قام و چه‌ندین گۆڕین و گۆڕانكاریی دیكه. بۆیه هه‌ر هێزێك كار بۆ ئه‌وه بكات كه میلی كاتژمێری روداوه‌كان بۆ پێش ئه‌و رۆژه بگه‌ڕێنێته‌وه و بهپێوهرهكانی پێش‌و مامه‌ڵه بكات، ئه‌وا كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ری هه‌م به‌هێزتر و هه‌م ره‌واتر روبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه. چونكه هێز له‌توڕه‌یی زیاتری شه‌قام و ره‌وایی-ش لهدواكارییه ره‌واكانی خه‌ڵك وه‌رده‌گرێت.
(سبه‌ی): وه‌ك روناكبیرێك روداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه له تونسه‌وه ده‌ستی پێكرد چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، یان خوێندنه‌وه‌ت چییه بۆ سیستمی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان ئایندهی ئه‌م ئه‌زمونه؟
كاوه محه‌مه‌د: له‌راستیدا ئێمه له دورگه‌یه‌كی دابڕاو نین له‌و روداوانه‌ی وه‌ك زه‌ریایه‌ك هه‌مو ناوچه‌كه‌ی خستۆته ژێر كاریگه‌ریی شه‌پۆله تونده‌كانی خۆیه‌وه. راسته ئێمه و هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه‌یش كه شۆڕش تیایاندا سه‌ركه‌وتو بو یان به‌رده‌وامه، تایبه‌تمه‌ندیی خۆمان هه‌یه، به‌ڵام له‌لایه‌كه‌وه به‌حوكمی دنیای گڵۆباڵ و به‌رهه‌مه ته‌كنۆلۆژی و فیكرییه‌كانی، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی هاوبه‌شی گه‌لانی ناوچه‌كه له‌ده‌رد و مه‌ینه‌تییه‌كانی ده‌ستی ناعه‌داله‌تی و هه‌ژاری و بێكاری و سته‌م، هه‌روه‌ها هاوبه‌شی لهدرێژبونهوهی بێ كۆتای ده‌سه‌ڵاتی نوخبه‌یه‌ك لهسیاسییهكان و چه‌ندین هابه‌شی دیكه‌ش، وایكردوه ته‌واوی ناوچه‌كه ببێته جوگرافیایه‌كی كراوه بۆ كۆپیكردنی نمونه‌كانی یه‌كتر، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دوای تونس-ه‌وه له‌میسر و یه‌مه‌ن و لیبیا و سوریا و به‌حره‌ین و كوردستانیش رویاندا و ئێستاش به‌رده‌وامه. ئاخر ئه‌مه جیاوازی ریشه‌یی له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆپیكردنانه هه‌یه كه له‌سه‌ده‌ی رابردودا ته‌نیا ده‌سته‌بژێرێك له‌كه‌سانی سیاسی و رۆشنبیر ده‌یانویست ئایدیۆلۆژیای كۆمۆنیزم و نمونه سۆڤیهتییهكهی له وڵاتانی خۆیان به‌زۆر كۆپی بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی ئه‌و كۆپیكردنه له‌ئارادا بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ئێستا له‌ئاستی قاعیده جه‌ماوه‌رییه بهرفراوانهكهدایه و خه‌ڵك خۆی بكه‌ری كۆپیكردنهكهیه و نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی پێش پێگرتنی ده‌دات و تاسه‌ر پێی ناكرێ. ئه‌مه‌ش واده‌كات هه‌مومان له‌به‌رده‌م قه‌ده‌ری ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كۆپیكردنهدا بین كه له‌سه‌ره‌تادا تونس چانسی ئۆریجیناڵبونهكهی پێ بڕا.
بۆیه ئه‌گه‌ر سیستمی سیاسی له هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه‌شدا چاكسازی جه‌وهه‌ریی تێدا نه‌كرێ و نه‌خرێته سه‌ر رێچكه‌یه‌كی ته‌ندروستی ئه‌وتۆوه كه متمانه له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك بنیاتبنێته‌وه ، ئه‌وا له‌كورتترین رسته‌دا، ده‌بێ بڵێین: (ئیدی ئه‌م وه‌زعه چیتر ئاوا بڕ ناكات).
(سبه‌ی): له‌ئێستادا ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت گفتوگۆی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه، تۆ چۆن ئه‌و گفتوگۆیه ده‌بینیت؟
كاوه محه‌مه‌د: گفتوگۆ شاڕێگای به‌رده‌م هه‌مو لایه‌كه كه ئومێدی ئه‌وه‌ی لێ بكرێت به چاره‌سه‌رمان بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام گرنگه نیاز و ئاماده‌كاری و ئه‌جێندای كۆبونه‌وه‌كان له‌ئاستی ئه‌و گۆڕانكاری و په‌یامانه‌دا بێت كه له (17-ی شوبات) و دواتر سه‌رئاو كه‌وتن... واته ده‌بێ هه‌ردولا (ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن) به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و جێبه‌جێ كردنی داواكارییه‌كانی خه‌ڵك بچنه‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ، نه‌ك بۆ رازیكردنی یه‌كتر و پینه‌وپه‌ڕۆكردنی كێشه‌كان. ده‌نا به‌پێچه‌وانه‌وه گفتوگۆ نه‌ك ناتوانێ رێگه له وروژانهوهی شه‌قام بگرێ، به‌ڵكو ئه‌مجاره به‌ڕای من شه‌قام توندتر و به‌رفراوانتر روبه‌ڕوی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیش ده‌بێته‌وه، یانیش ره‌نگه هێزی دیكه‌ی ئۆپۆزسیۆن له كوردستاندا دروست ببێت كه رادیكاڵتر له‌وه‌ی ئێستا به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵات ده‌بێته‌وه.
(سبه‌ی): پێتوایه ئه‌و دانیشتنه ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی هه‌بێت، له‌كاتێكدا ئۆپۆزسیۆن پێیوایه ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا روده‌دات كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌رێم ده‌بێت و بارودۆخی سیاسی و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری به پاڵپشت و هێزی خۆی ده‌زانێت، هاوكات ده‌سه‌ڵاتیش پێیوایه هه‌رێم تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی هێز و كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندان و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی داهات و سه‌رچاوه‌ی مالی هه‌رێم خۆی له لوتكه‌ی هێزدا ده‌بینێت، له كاتێكدا ئه‌م دو تێڕوانینه هه‌یه چاوه‌ڕێی چی له گفتوگۆ ده‌كرێت؟
كاوه محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ی ئێستا له‌لێدوان و خیتابی راگه‌یه‌نراوی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن ده‌خوێنرێته‌وه، بونی دو دیدی جیا نییه بۆ ئامانجی گفتوگۆ كه ئه‌ویش چاكسازییه به‌مانا فراوانه‌كه‌ی، به‌ڵام له‌ورده‌كاریی و میكانیزمه‌كانی بهعهمهلیكردنی ئه‌و چاكسازییه‌دا، جیاوازیی هه‌یه. بۆیه با له‌ئێستاوه به ره‌شبینییه‌كی پێشوه‌خته‌وه له‌و گفتوگۆ چاوه‌ڕوانكراوه نه‌ڕوانین، چونكه ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ش له‌به‌رده‌مدا ماوه كه هه‌ردولا به‌مه‌نتیقی دوای گۆڕاكارییه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كان، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و سه‌ره‌نجامێك به‌ده‌ستبێنن كه كێرڤی بێزاریی خه‌ڵك به‌ره‌و خوار بكاته‌وه.
(سبه‌ی): كۆتا پرسیاری ئیمه ئه‌وه‌یه، ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێت مه‌رجمان نییه، به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت هێڵی سوره. ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێت مه‌رجمان نییه، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی پڕۆژه 22 خاڵییه‌كه‌دا گفتوگۆ ده‌كه‌ین و ئه‌بێت ئه‌م حكومه‌ته هه‌ڵوه‌شێته‌وه، چونكه چاكسازی پێناكرێت، خوێندنه‌وه‌ی تۆ چییه بۆ ئه‌مه؟
كاوه محه‌مه‌د: ئاساییه ئه‌مجۆره لێدوانانه به‌ر له‌هه‌ر گفتوگۆیه‌ك بدرێن كه زیاتر ده‌چنه خانه‌ی پڕوپاگه‌نده و شه‌ڕی به‌هێزكردنی كارته سیاسییه‌كان، به‌ڵام به‌ڕای من پێویسته چاكسازییه‌كه بكرێته ستراتیژ كه هه‌ردولا ئاماده بن هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ته‌سك و تایبه‌تی بكه‌نه قوربانی، جگه له‌به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی وڵات و هاوڵاتیان، هیچ شتێك هێڵی سور نه‌بێت... ئه‌م پرۆسه چارهنوسسازهش، جگه له دیاریكردنی نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی رون و عه‌مه‌لی، پێویسته سه‌قفێكی زه‌مه‌نی دیاریكراویشی بۆ دابنرێ، ئه‌گه‌ر هه‌ر لادانێك له‌و نه‌خشه‌ڕێگایه و ماوه‌ی دیاریكراودا هه‌بو، ئه‌وكاته هه‌نگاوی دیكه بكرێن به‌مه‌رجی نێوان هه‌ردولا به‌هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكومه‌تیش-ه‌وه.