دیمانه: هۆشیار عه‌بدوڵا
له به‌رنامه‌ی روبه‌ڕوی که‌ناڵی ئاسمانی KNN نه‌وشیروان مسته‌فا رێکخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له دواین گۆڕانکارییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و ئۆرگانیزه‌کردن و ئاماده‌کارییه‌کانی به‌ستنی کۆنگره‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌کات، ناوبراو رایده‌گه‌یه‌نێت: "ئه‌وان گه‌مه‌ی کاتکوشتن ئه‌که‌ن و کات به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌ڵام تێپه‌ڕینی کات به قازانجی ئه‌وان نیه، له قازانجی ئه‌واندا بو هه‌رچی زوتر پێش روداوه‌کان بکه‌ون و کۆمه‌ڵێک چاکسازی بکه‌ن نه‌ک دره‌نگ بکه‌وێت، چونکه هه‌رچه‌ند دره‌نگ بکه‌وێت خه‌ڵک ئه‌وکاته داواکاریه‌کانیان زۆرتر ده‌بێت، تێپه‌ڕینی کات به قازانجی خه‌ڵکه و به قازانجی ئه‌وان نیه".
KNN: با یه‌که‌م پرسیار له پرۆژهکانتانهوه ده‌ستپێبکه‌ین، ئامانجتان له پرۆژه پێشکه‌شکردن به ده‌سه‌ڵات چی بو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌گه‌ر بچینه‌وه بۆ دواوه یاخود پرۆژه‌کان له دو لایه‌نه‌وه سه‌یر بکه‌ین، له لایه‌نی شکڵ و محتهواوه وه‌کو ئه‌ڵێن شێوه و ناوه‌ڕۆک، لایه‌نه‌که‌ی تریشی ئامانجمان چی بوه له پرۆژه‌کان، ئه‌گه‌ر باسی ئامانج بکه‌ین ئه‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ کاتی یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن و دوه‌م هه‌ڵبژاردن که له هه‌ردوکیان ئێمه کۆمه‌ڵێک به‌رنامه‌ی سیاسی و په‌یاممان بۆ توێژه جیاجیاکانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی باسکردوه، ئه‌وکاته ره‌نگه له‌شێوه‌ی به‌رنامه‌ی سیاسی و له‌شێوه‌ی په‌یام و له‌شێوه‌ی وتاردا ئه‌وانه‌مان خستبێته به‌رچاوی خه‌ڵك، ئه‌مجاره هه‌وڵمانداوه له‌و پرۆژانه به هه‌مان ناوه‌ڕۆکی زه‌مانی قه‌دیم، به‌ڵام به شێوه‌یه‌ک هه‌وڵمانداوه له سه‌ردێڕ و مانشێته‌وه وردی بکه‌ینه‌وه و بیکه‌ن به شتی عه‌مه‌لی.
KNN: ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌تان لێ ده‌گیرێت که کاتێک پرۆژه‌تان پێشکه‌شی ده‌سه‌ڵات کردوه به مانای ئه‌وه‌یه که ئیتر ئێوه به‌ته‌مای ده‌سه‌ڵات نین و به نیازن هه‌ر له ئۆپۆزسیۆندا بمێننه‌وه، بۆیه پرۆژه‌کانی خۆتان ده‌ده‌ن به ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێی بکات؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له پێشکه‌شکردنی پرۆژه‌کانماندا هیچ ئامانجێکی حیزبیمان نه‌بوه، هیچ ده‌ستکه‌وتێکی حیزبیمان نه‌بوه، پێمانوایه ئێستا کورد ئاماده‌یه و ئه‌توانێ بچێته قۆناغێکی پێشکه‌وتوی سیاسییه‌وه، بۆیه پرۆژه‌کانی خۆمانمان تهقدیمکردوه، ئه‌گه‌ر ئێمه له ده‌سه‌ڵاتدا بین یان له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بین ئه‌و پرۆژانه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بکرێت بنچینه‌یه‌کی قانونی و ئابوری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز بۆ داموده‌زگاکانی ئێستای هه‌رێمی کوردستان دروست ئه‌کات، که ئه‌توانێ له‌م قۆناغه‌وه بیگوێزێته‌وه بۆ قۆناغێکی پێشکه‌وتوتر، ئێمه مه‌به‌ستمان ئه‌وه بو ئه‌گینا هیچ ده‌ستکه‌وتێکی حیزبی یان ئامانجێکی حیزبی له پشت پرۆژه‌کانی ئێمه‌وه نه‌بوه.
KNN: ئێوه به‌و نیه‌ته‌وه پێشکه‌شتان کردوه، به‌ڵام چاوه‌ڕوانیتان بۆ پێشوازیکردن له پرۆژه‌که‌تان له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتیه‌وه چۆن بو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه وامان چاوه‌ڕێ ئه‌کرد که حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، په‌رله‌مانی کوردستان، زۆر به خۆشحاڵیه‌وه و زۆر به جدی پێشوازی له‌م پرۆژه‌یه بکه‌ن، چونکه ئه‌و پرۆژانه هیچ شتێکی تیا نیه تایبه‌ت بێت به یه‌کێک له‌و سێ لایه‌نه‌وه، که ئێستا ئۆپۆزسیۆنن، به‌ڵکو هه‌مویان وه‌کو باسمکرد به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی کوردی تیایه، هه‌مویان داموده‌زگاکانی هه‌رێمی کوردستان وا به‌هێز ئه‌کات که ئه‌توانێ ببێ به بناغه بۆ قۆناغێکی پێشکه‌وتوتر له‌وه‌ی ئێستا، له‌به‌رئه‌وه چاوه‌ڕێمان نه‌ده‌کرد به‌و جۆره به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه یا په‌رچه‌کرداریان هه‌بێت به‌رامبه‌ریان، یا وه‌ڵامیان هه‌بێت بۆیان، پێمان وابو که به‌شی زۆری پرۆژه‌کانمان ئه‌وان له‌ڕێوه قبوڵی ده‌که‌ن و پێشوازی لێ ده‌که‌ن، به شتێکی جدی وه‌ریده‌گرن و رێگه و شوێنی جێبه‌جێکردنی داده‌نێن.
KNN: بۆچونت سه‌باره‌ت به وه‌ڵامه‌که‌ی یه‌کێتی و پارتی که به‌شێکی وه‌ڵامی پرۆژه‌که‌ی ئێوه‌یه و به‌شێکیشی پرۆژه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆیانه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به گشتی پرۆژه‌کانی ئه‌وان هه‌موی بریتیه له‌وه‌ی که ده‌یانه‌وێ وه‌زعه‌که مه‌هار بکه‌ن، واته مه‌هارکردنی بارودۆخ به واتای ئیحتیوای وه‌زعه‌که، پوچکردنه‌وه‌ی ئه‌و داواکاریانه و ئه‌و پێشنیارانه‌ی که ئێمه کردبومان، پێموایه وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وان مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه.
KNN: باس له‌وه ده‌که‌یت که ئێوه به نیه‌تی چاکسازیه‌وه هیچ نیه‌تێکی سیاسیتان له پشته‌وه نه‌بوه، به‌ڵام بۆچونێک هه‌یه ئه‌گه‌ر یه‌کێتی و پارتی ئه‌م پرۆژانه‌ی ئێوه جێبه‌جێ بکه‌ن وه‌کو ئه‌وه وایه گورزێکی گه‌وره له خۆیان بده‌ن، چونکه له‌ئه‌ساسدا ده‌سه‌ڵاتیان پێ ناهێڵێت و وایان لێ ده‌کات که تاڕاده‌یه‌کی زۆر لاواز ببن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێموایه ئه‌وه بۆچونێکی زۆر زۆر هه‌ڵه‌یه، من باوه‌ڕم وایه یه‌کێتی و پارتی چه‌ند چاکسازی بکه‌ن ئه‌وه‌نده به‌هێز ده‌بن، ئه‌و متمانه‌یه‌ی که ئێستا دۆڕاندویانه یان ئێستا متمانه‌ی نێوان ئه‌وان و نێوان خه‌ڵک متمانه‌ی نێوان ئه‌وان و قاعیده‌که‌ی خۆیان متمانه‌ی نێوان ئه‌وان و هێزه سیاسیه‌کانی تر، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم به ته‌واوی دۆڕاندویانه زۆر زۆر لاواز بوه، به جێبه‌جێکردنی ئه‌وانه ده‌توانن ئه‌و متمانه‌یه بۆ خۆیان بگێڕنه‌وه و جارێکی تر به‌هێز ده‌بن، قاعیدهکهشیان به‌هێز ده‌بێت و خۆشیان به هێز ده‌بن له بری ئه‌وه‌ی که لاواز بن.
KNN: بۆچونێکی تر هه‌یه که له‌کۆی ئه‌و گفتوگۆ و دانوستانه یان هه‌رچیه‌کی ناولێدهنێی، مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه که یه‌کێتی و پارتی گه‌مه‌ی کات له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن ده‌که‌ن، یاخود گه‌مه‌ی کاتتان له گه‌ڵ ده‌که‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵی ئه‌وه راسته ئه‌وان گه‌مه‌ی کات ناکه‌ن، گه‌مه‌ی کاتکوشتن ئه‌که‌ن و کات به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌ڵام تێپه‌ڕینی کات به قازانجی ئه‌وان نیه، له راستیدا کاتکوشتن له قازانجی ئه‌وان نیه، له قازانجی ئه‌واندا بو هه‌رچی زوتر پێش روداوه‌کان بکه‌ون و کۆمه‌ڵێک چاکسازی بکه‌ن نه‌ک دره‌نگ بکه‌وێت، چونکه هه‌رچه‌ند دره‌نگ بکه‌وێت خه‌ڵک ئه‌وکاته داواکاریه‌کانیان زۆرتر ده‌بێت، تێپه‌ڕینی کات ئێستا به راستی به قازانجی خه‌ڵکه و به قازانجی ئه‌وان نیه.
KNN: له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دیارترین ناکۆکیتان، ئه‌وه‌ی که زۆرجار باس له‌وه ده‌کرێ که ناکۆکیه‌کانی ئێوه تایبه‌ته بۆ نمونه به‌م حکومه‌ته یاخود رۆشتنی ئه‌م حکومه‌ته، ئێوه له‌سه‌ر حکومه‌ت ناکۆکن یان له‌سه‌ر کۆی سیسته‌می سیاسی؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: وابزانم زۆرجار ئه‌و پرسیاره کراوه، ئێمه ئه‌سڵه‌ن پێمان باش نیه هیچ کێشه‌یه‌ک بکرێته کێشه‌ی ئه‌شخاس، یانی که‌ساندنی کێشه‌کانمان پێ کارێکی دروست نیه، ئێمه کێشه‌مان له‌گه‌ڵ سیسته‌می سیاسی و له‌گه‌ڵ شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی حوکمدا هه‌یه، به‌ڵام پێم سه‌یره بۆ نمونه هه‌رچه‌ند باسی ده‌ستور بکه‌ین یه‌کسه‌ر ئه‌یگێڕنه‌وه بۆ ئه‌وه ئه‌مه دژی مه‌سعود بارزانیه، باسی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌که‌ی ئه‌ڵێن ئه‌مه دژی به‌رهه‌م ساڵحه، باسی په‌رله‌مان ئه‌که‌ی ئه‌ڵێن ئه‌مه دژی که‌مال که‌رکوکیه، له کاتێکدا ره‌نگه ئه‌وانه وه‌کو ئینسان ئێمه ئیحترامی زیاد له پێویستمان بۆیان هه‌یه وه‌کو شه‌خس، له‌گه‌ڵ هیچ کامێکیاندا ئێمه کێشه‌ی شه‌خسیمان نیه، به‌ڵام بۆچی کاتێک که تۆ باسی ده‌ستور ئه‌که‌ی یه‌کسه‌ر بۆ کاک مه‌سعود بگه‌ڕێته‌وه، باسی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌یت یان باسی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌که‌یت پێیان وابێت که ئێمه دژی به‌رهه‌م ساڵحین، نه‌خێر ئێمه ده‌مانه‌وێت ده‌ستورێکی باشمان هه‌بێت هه‌مو که‌سێک لێی رازی بێت، پێمان باشه که ئه‌نجومه‌نێکی وه‌زیران هه‌بێت که جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی و متمانه‌ی خه‌ڵک بێت، پێمان باشه په‌رله‌مانێک هه‌بێت چالاک بێت که خه‌ڵک به په‌رله‌مانی خۆی بزانێت، له‌به‌رئه‌وه ئێمه کێشه‌مان له‌گه‌ڵ که‌سه‌کاندا نیه، ئه‌وانه‌ی که ده‌یانه‌وێ که‌ساندنی شته‌کان بکه‌ن، ده‌یانه‌وێ شته‌کان زۆر بچوک بکه‌نه‌وه و ئه‌م سیسته‌مه له شه‌خسی خۆیاندا ده‌بینن، ئه‌گه‌ر له شه‌خسی خۆیاندا نه‌یبینن ده‌بێ ئه‌وانیش وه‌کو ئێمه ته‌ماشای بکه‌ن.
KNN: که‌واته ئێوه تۆمه‌ته‌که ره‌ت ده‌که‌نه‌وه و پێتان وایه ئه‌وان کێشه‌که به شه‌خسی ده‌که‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ پێمانوایه.
KNN: له رابردودا چه‌ند جارێک ئاماژه‌تان به‌وه کردوه که مه‌ترسی ئه‌وه‌تان هه‌یه له‌ڕێی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیه‌وه جۆرێک له دیکتاتۆری زۆرینه دروست ده‌بێت، بۆچونه‌کانتان له جێگه‌ی خۆیدا بو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له وڵاته دیموکراتیه‌کاندا که ده‌ستاوده‌ستکردنی هێمنانه‌ی ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کاتێک شتێکی ئاسایی بێت، هه‌ندێکجار ته‌نانه‌ت دیکتاتۆریه‌تی زۆرینه‌ش کارێکی دروسته له رژێمێکی دیموکراتیدا که دهسهتاودهسکردنی ده‌سه‌ڵاتی تیابێت، له‌م وڵاته‌دا ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات نیه و له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوا خۆمان ده‌زانین چۆن بوه، دیکتاتۆریه‌تی زۆرینه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رابردو سه‌یری ئه‌زمونی میلله‌تان بکه‌ین، کاتی خۆی نازییه‌کان له ئه‌ڵمانیا به هه‌ڵبژاردن هاتونه‌ته پێشه‌وه و زۆرینه‌یه‌کیان هه‌بوه و له رێگه‌ی ئه‌و زۆرینه‌یه‌وه دیکتاتۆریه‌تیان دروستکردوه، له ئیتاڵیا مۆسۆلۆنی دیسانه‌وه به زۆرینه‌ی هه‌ڵبژاردن هاتوه و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیان هه‌بوه، له میسر و تونس و یه‌مه‌ن و... له نزیکی خۆمانه‌وه ئه‌وانیش دیسانه‌وه به هه‌ڵبژاردن هاتون زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییان هه‌بوه و دیکتاتۆریه‌تی زۆرینه‌یان هه‌بوه، مه‌ترسی له چیدایه، وه‌ختێک تۆ له په‌رله‌ماندا زۆرینهت هه‌یه، ئه‌و زۆرینه‌یه به شکڵێکی ناڕاست به‌کاری ده‌هێنی بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆت به کاری ده‌هێنی، بۆ ئه‌و بۆچون و ئایدیا سیاسیانه که هه‌ته به‌کاری ده‌هێنی، ده‌شێ له ماوه‌یه‌کی که‌مدا ئه‌م زۆرینه‌یه دیکتاتۆریه‌تی زۆرینه دروست بکات و له ئه‌نجامدا دیکتاتۆریه‌تی حیزب دروست ده‌کات، له ئه‌نجامی هه‌بونی دیکتاتۆریه‌تی حیزب‌دا دیکتاتۆریه‌تی سه‌رکردایه‌تی حیزب دروست ده‌بێت، له‌ناو سه‌رکردایه‌تی حیزبیشدا دیکتاتۆریه‌تی سه‌رکرده دروست ده‌بێت، ئه‌مه مه‌ترسیه‌که‌یه که ئه‌زمونی میلله‌تان فێرمان ده‌کات، بۆیه ئێمه به‌لامانه‌وه وایه که ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی ئێستا له کوردرستاندا هه‌یه به‌ڵێ دیکتاتۆریه‌ت دروست ده‌کات و کارێکی باش نیه.
KNN: له رابردودا هه‌مو ئه‌و پرۆژه یاسایانه‌ی مه‌ترسیتان له سه‌ریان هه‌بو، که ئه‌م هه‌رێمه به ئاراسته‌یه‌کی له‌و شێوه‌یه ده‌بات که به‌ڕێزت باسی ده‌که‌یت تێپه‌ڕێنران، ده‌کرێت ئێستا باس له‌وه بکه‌ین کوردستان له به‌رده‌م سته‌می یاسادایه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ناتوانم بڵێم هێشتا گه‌یشتوه‌ته ئه‌و قۆناغه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که تۆ به‌زۆرینه بیهێنیته پێشه‌وه خۆ زۆر له هێزه دیموکراته‌کانی دنیا که ده‌چنه‌وه به‌گژ هێزه ئیسلامیه‌کاندا له‌گه‌لێ جێگه ئه‌گه‌ر هێزه ئیسلامیه‌کان رێگه‌یان بده‌ن ئیمکانی ئه‌وه هه‌یه که زۆرینه به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام هه‌مویان مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌ڵێن ئیسلامیه‌کان که زۆریه‌نه‌یان به‌ده‌ستهێنا له وڵاتانی به تایبه‌تی وه‌کو باکوری ئه‌فریقا ئیحتیمالی ئه‌وه هه‌یه که جارێکی تر ده‌سه‌ڵات به‌ر نه‌ده‌ن، چونکه که ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست به رێگه‌ی قانونی ئه‌توانێت قانونی وا ده‌ربکات، ده‌ستوری وا ده‌ربکات که جارێکی تر ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ست نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسیه‌ی که هه‌بو کاتی خۆی له‌سه‌ر ئیسلامی سیاسی ئێستا خه‌ریکه له‌سه‌ر هه‌ندێ له‌م جوڵانه‌وه سیاسیه‌نه‌ی که خۆیان به دیموکراتی ده‌زانن خه‌ریکه ئه‌وان ئه‌و خه‌ته‌ره جێبه‌جێ ده‌که‌ن، به‌ڵێ له رێگه‌ی یاساوه ده‌توانیت جۆرێک له سیسته‌می خراپ که جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵک نه‌بێت و له هیچ هه‌ڵبژاردنێکدا نه‌توانی هه‌ڵیوه‌شێنیته‌وه ئه‌توانن بیکه‌ن.
KNN: له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌ستور و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان رای به‌ڕێزت چیه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ته‌مموزی رابردوا له‌و کاته‌وه باسمان کردوه پێش ئه‌وه‌ش باسمانکردوه، پێمان شتێکی زۆر ئاساییه به‌تایبه‌تی ئێستا ئێوه ئه‌گه‌ر تێبینی بکه‌ن له هه‌مو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا یه‌کێک له خواسته گه‌وره‌کانی خه‌ڵک له میسر خواستی یه‌که‌میان ئه‌وه بو که ئه‌و ده‌ستوره هه‌ڵوه‌شێته‌وه و ده‌ستورێکی تازه بنوسنه‌وه، له یه‌مه‌ن به‌هه‌مان شێوه، له یه‌مه‌ن داوای ره‌تکردنه‌وه‌ی ده‌ستور و دانانی ده‌ستورێکی تازه ده‌که‌ن، له سوریا ماده‌ی 8ی ده‌ستوره‌که‌یان که ده‌ڵێ حیزبی به‌عس قاعیده‌ی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگایه خه‌ریکن ئه‌وه ده‌گۆڕن و ده‌ستورێکی تازه ده‌هێننه پێشه‌وه، له مه‌غریب و له ئوردون مه‌لیکی ئه‌و دو شوێنه هه‌ردوکیان خۆیان پێشنیاریانکرد که ئاڵوگۆڕ له ده‌ستورا بکرێت، له‌به‌رئه‌وه ئێمه به لامانه‌وه ئاساییه ئێمه‌ش کاتی خۆی داوامانکردوه گۆڕانکاری له‌م ده‌ستوره‌دا بکات، ئاڵوگۆڕ له‌م ده‌ستوره‌دا بکرێت، ئێمه پێمان باشه وڵاته‌که‌مان ده‌ستوری هه‌بێ به‌ڵام ده‌ستوری باشی هه‌بێت، بۆیه ئێمه له پێشتریشه‌وه داوامانکردوه ئێستاش له سه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێستی خۆمان سورین و تا رادده‌یه‌کیش مرونهتێکی وایان نواندوه نازانم جا جدی ئه‌بن یان جدی نابن له‌وه‌ی که ده‌ستور بگێڕنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێت، که‌موکوڕیه‌کانی چاره‌سه‌ر بکرێت، وابێت ده‌ستورێک بێت که نه‌ک (50+1)ی ئه‌وانه‌ی ده‌چن بۆ به‌شداری بون له ده‌نگداندا به‌ڵکو به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌وانه‌ی که مافی ده‌نگدانیان هه‌یه له کوردستاندا یاخود به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌وانه‌ی به ته‌نگ مه‌سه‌له‌ی کوردیه‌وه دێن له کوردستانی عێراقدا به ده‌ستوری خۆیانی بزانن و ده‌نگی بۆ بده‌ن و به‌رگری لێ بکه‌ن.
KNN: باسی رۆژهه‌لاتی ناوهراستت کرد یاخود چه‌ند وڵاتێکت کرد، با هه‌رێمی کوردستان جارێکی تر ببه‌ستینه‌وه به ناوچه‌که‌وه، له رابردودا پێتوابو که هه‌رێمی کوردستانیش به‌شێکه له هاوکێشه‌که، ئێستاش له سه‌ر هه‌مان بۆچونیت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: جارێ کوردستان به‌شێکه له عێراق، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا تایبه‌تمه‌ندی خۆیی هه‌یه، هه‌مو ئه‌وانه‌ی له کاری سیاسی‌دا له ماوه‌ی سی بۆ چل ساڵی رابردودا کاریان له کوردستاندا کردبێت ده‌زانن ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ندێ روداوی سیاسی له دنیادا ده‌نگدانه‌وه‌که‌ی له کوردستاندا زوتر ده‌گاته گوێی خه‌ڵک وه‌ک له به‌غدا، وه‌ک له شوێنه‌کانی تری عێراق، هه‌ر بۆیه ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که له عێراقدا بوه له پێشدا له کوردستانه‌وه ده‌ستی پێکردوه، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌که که ده‌بێت هه‌مو که‌سێک ره‌چاوی بکات.
KNN: هۆکاری ئه‌وه چیه که ده‌نگدانه‌وه‌که‌ی زیاتر له کوردستانه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ره‌نگه له‌به‌رئه‌وه بێت که جوڵانه‌وه‌ی سیاسی له کوردستانی عێراقدا کامڵتره و پێگه‌یشتوتره له چاو به‌شه‌کانی تری عێراقدا به هۆی ئه‌و هه‌لومه‌رجه سیاسیه‌وه که له کوردستاندا هه‌بوه، ئێستا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌ر جێگه‌یه‌ک بگریت جۆرێک له جوڵانه‌وه‌ی تیادایه، میسر به‌و جۆره مۆدێلێکی تایبه‌تی هه‌بو، تونس مۆدێلێکی تر بو، لیبیا مۆدێلێکی تر بو، یه‌مه‌ن مۆدێلێکی تره، سوریا مۆدێلێکی تره، مه‌غریب مۆدێلێکی تره، ئوردن مۆدێلێکی تره، ته‌نانه‌ت سعودیه مۆدێلێکی جیاوازه، ئه‌م مۆدێلانه ئه‌گه‌ر بێین پۆلێنی بکه‌ین و به وردی ته‌ماشای بکه‌ین هه‌ر مۆدێلێکیان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، بۆ نمونه له مۆدێلی تونس و میسردا دامه‌زراوه‌ی عه‌سکه‌ری له سه‌ره‌تادا بێ لایه‌ن بو، له کۆتاییدا به لای خه‌ڵکدا داشکایه‌وه له‌به‌رئه‌وه جوڵانه‌وه‌که به قازانجی خه‌ڵک ته‌واو بو، له لیبیا له‌به‌رئه‌وه‌ی میلیشیای حکومی هه‌یه، دامه‌زراوه‌ی عه‌سکه‌ری نیه و خه‌ڵکی چه‌کدار هه‌یه، واته میلله‌تێکی چه‌کدار هه‌یه له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی چه‌کداردا، ورده ورده بو به شه‌ڕ له به‌ینی میلیشیاکانی قه‌زافی و له به‌ینی خه‌ڵکی چه‌کداردا و ئه‌بینین ئه‌وه‌تا ناتۆ ته‌داخولی کردوه و قه‌زافی دراوه به دادگای نێوده‌وڵه‌تی و فڵان و فیسار، یه‌مه‌ن مۆدێلێکی جیاوازه، له یه‌مه‌ن سوپا دابه‌شبوه، سوپاش له‌وێ نیمچه عه‌شایه‌ریه واتا له سه‌ر بنچینه‌ی عه‌شایه‌ری فیرقه و لیوا و شته‌کانیان دروستکردوه، ئه‌بینی شه‌قام له لایه‌که حیزبی ده‌سه‌ڵات له لایه‌که دامه‌زراوه‌ی عه‌سکه‌ریش دابه‌شبوه، به‌شێکی پشتیوانی له شه‌قام ده‌کات به‌شێکیشی پشتیوانی له عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح ده‌که‌ن له‌به‌رئه‌وه ده‌بینی هێشتا دۆخه‌که یه‌کلایی نه‌بوه‌ته‌وه، مۆدێلی سوریا دامه‌زراوه‌ی عه‌سکه‌ری هه‌یه، دامه‌زراوه‌ی عه‌سکه‌ری پشتیوانه له رژێمی سیاسی، پشتیوانه له ده‌سه‌ڵات، له به‌رامبه‌ردا میله‌تێکی بێچهکت هه‌یه، ده‌بینی که‌وتونه‌ته گیانی میله‌ته‌که هه‌مو رۆژێ لێیان ئه‌کوژن، ئینجا من حه‌ز ناکه‌م به‌راوردی مۆدێلی کوردستانی عێراق بکه‌م له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌وانه، ئه‌وه به‌جێ ده‌هێڵم، ماشه‌ڵا کوردستانی عێراق ئه‌وه‌نده چاودێری سیاسی هه‌یه به‌جێی ده‌هێڵم بۆ چاودێره سیاسیه‌کان به‌راورد له‌نێوان ئه‌م مۆدێلانه‌دا بکه‌ن بزانن کامیان له ئێمه نزیکه کامیان له‌ئێمه‌وه دوره و ئه‌توانین ده‌رس له کامیانه‌وه وه‌ربگرین.
KNN: ئه‌وه بۆ چاودێره‌کانت به جێ هێشت، به‌ڵام باهه‌ر پرسیاریش بکه‌م سه‌باره‌ت به‌و مۆدێلانه‌ی که باستکرد، زۆرینه‌ی ئه‌و مۆدێلانه ئێستا به ئاراسته‌یه‌کدا ده‌رۆن که جۆرێک له توندوتیژیان تێدایه، تۆ سوری له سه‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ر گۆڕانکاریه‌ک له هه‌رێمی کوردستاندا بێت پێویسته به‌شێوه‌یه‌کی ناتوندوتیژی بێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌گه‌ر وه‌کو قاعیده وه‌ریبگریت، ئاشتی عاده‌ته‌ن به دو لا یان زیاتر به دولا ده‌کرێت به مه‌رجێک هه‌مو لاکان ئیراده‌ی ئاشتییان هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ و دروستکردنی توندوتیژی به یه‌ک لا ده‌کرێت، یه‌ک لا ده‌توانێت شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێنێت لایه‌نه‌کانی تر تێوه بگلێنێت، یه‌ک لایه‌ن ده‌توانێت توندوتیژی بنوێنێت و لایه‌نه‌کانی تر به توندوتیژیه‌وه بگلێنێت، چونکه هه‌مو جارێک مه‌رج نیه که تۆ توندوتیژیت به‌کارهێنا لاکه‌ی تر هه‌ر ته‌سلیم بێ و ته‌سلیم بێ و مل شۆڕ بکات و چاو شۆڕ بکات و سهرشۆڕبکات و ته‌سلیم ببێت، جاری وا هه‌یه ئه‌و راتده‌کێشێت بۆ توندوتیژی و شه‌ڕ.
KNN: له وتارێکتدا به رونی به یه‌کێتی و پارتی ده‌ڵێی که ئێمه چاکسازی ریشه‌ییمان ده‌وێت، پێتوایه ئه‌م چاکسازیه ریشه‌ییه ئێستا بوه به خواستێکی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانیش؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: وابزانم پێش من میدیای ئه‌هلی داوای ئه‌وه‌یکردوه، پێش من ده‌یان رۆشنبیر و سیاسی له کوردستانی عێراقدا داوایانکردوه، پێش ئه‌وه‌ی من باسی ئه‌وه بکه‌م هه‌ندێک له‌و حیزبانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا بون خۆیان داوایانکردوه، ئێستا نه‌ک بوه به داواکاری، بوه به خواستی خه‌ڵک و له‌وه ده‌رچوه که خواستی ته‌نها بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتوی ئیسلامی بێت، به‌ڵکو ئێستا بوه به خواستی قاعیده‌ی هه‌ردو حیزبه‌که‌یش، واته ئه‌گه‌ر راپرسی بکه‌ن، مه‌جال بده‌ن به کادره سه‌ره‌کیه‌کانیان به ئازادی له کۆبونه‌وه‌کاندا قسه بکه‌ن هیچ گومانم له‌وه نیه که ئه‌وانیش وه‌ک ئێمه داوای چاکسازی ریشه‌یی ده‌که‌ن.
KNN: یه‌کێتی و پارتی چاکسازی ریشه‌ییان نه‌کرد ئه‌وه‌ی ئێوه ناوتان ناوه، پێشبینی ده‌که‌یت دۆخه‌که به کوێ بگات؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: دۆخه‌که به چی ده‌گات؟، ئه‌وان له حکومه‌ت ئه‌مێننه‌وه و ئێمه‌ش وه‌کو ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وام ده‌بین و ناڕه‌زایی خه‌ڵک به‌رده‌وام ده‌بێ.
KNN: خه‌ڵک له توندوتیژی ده‌ترسێت، بۆچونێک هه‌یه که کوردستان له به‌رده‌م شه‌ڕێکی ناوخۆدایه. رای به‌ڕێزت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌گه‌ر ئێمه به تێگه‌یشتنێکی هاوچه‌رخ سه‌یری شه‌ڕ و پرۆسه‌ی شه‌ڕ بکه‌ین، ره‌نگه شه‌ڕ ئه‌گه‌ر بچوکی بکه‌یته‌وه وه‌کو چۆن ئێمه که باسی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌که‌ین کۆمه‌ڵێک چه‌کداری یه‌کێتی له به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵێک چه‌کداری پارتی وه‌ستاون و ئاربیجی به یه‌که‌وه ده‌نێن و تفه‌نگ به یه‌که‌وه ده‌نێن و ئه‌م ئه‌م سه‌نگه‌ر ده‌گرێ و ئه‌و ئه‌و سه‌نگه‌ر ده‌گرێ، شه‌ڕی ئێستا ته‌نیا شه‌ڕی تفه‌نگ نیه، واته شه‌ڕ له‌نێوان ده‌وڵه‌تاندا ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌یری دنیا بکه‌ین ئێستا شه‌ڕی دیپلۆماسی هه‌یه، شه‌ڕی سیاسی هه‌یه، شه‌ڕی ئابوری هه‌یه، شه‌ڕی نه‌فسی هه‌یه، شه‌ڕی ئابوری هه‌یه، هه‌ڵبه‌ته جاران ئه‌مه هه‌ر هه‌بوه به‌ڵام ئاساییه که به‌کارهێنانی هێزی چه‌کدار بوه، من خۆم باوه‌ڕم وایه دو ساڵیش ئه‌بێ له کوردستاندا یه‌کێتی و پارتی ئیعلانی جۆرێک له شه‌ڕیان کردوه به‌رامبه‌ر به گۆڕان و له دواییدا به‌رامبه‌ر به دو لایه‌نه‌که‌ی تریش، چونکه وه‌ره ئه‌گه‌ر شه‌ڕ وه‌کو من باسمکرد به مه‌فهومه فراوانه‌که‌ی ته‌ماشا بکه‌ی، ئه‌وان له رۆژی یه‌که‌مه‌وه شه‌ڕی نه‌فسییان به‌رامبه‌ر ئێمه ئیعلانکردوه، له رۆژی یه‌که‌مه‌وه شه‌ڕی ئابوریان به‌رامبه‌ر به ئێمه ئیعلانکردوه، شه‌ڕی ئیعلامیان به‌رامبه‌ر به ئێمه ئیعلانکردوه، له هه‌مو بواره‌کاندا شهڕیانکردوه ماوه‌ته‌وه سه‌ر ته‌نیا مه‌سه‌له‌ی به‌کارهێنانی تۆپ و ته‌یاره و ئه‌وانه، ته‌یاره‌یان نیه تۆپی گه‌وره‌شیان نیه، چه‌کی کیمیایشیان نیه، چه‌کی کیمیایی به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌یان بو که فرمێسک بڕێژێت به کاریان هێنا، واته که باسی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌کرێ له راستیدا ئه‌وان شهڕهکایان به‌رامبه‌ر ئێمه هه‌ڵگیرساندوه.
KNN: بۆچونێک هه‌یه له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی که زۆرجار لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن باس له‌وه ده‌که‌ن که ئه‌وان هێزێکی مه‌ده‌نین، به‌ڵام یه‌کێتی و پارتین خاوه‌ن میلیشیان، بۆچونێکیش هه‌یه به تایبه‌ت له مۆدێلی ناوچه‌که‌شدا هه‌میشه ناره‌زایی وایکردوه که جه‌نگێک به‌رپا ببێت وه‌کو ئه‌وه‌ی که چۆن له‌و ناوچانه‌دا بوه به مۆدێل و به‌رپابوه، مه‌ترسیه‌که له‌و شوێنه‌وه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من ئومێدم وایه که جارێکی تر له کوردستاندا هه‌رگیز شه‌ڕی گه‌رم به‌رده‌وام نه‌بێت، شه‌ڕی سارد بمێنێ یان نه‌مێنێ شه‌ڕی گه‌رم به هیج جۆرێک نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و مه‌ترسیه به‌ڵی به راستی هه‌یه.
KNN: خۆپیشاندانه‌کان سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه یاخود نا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: خۆپیشاندان مافێکی سروشتی خه‌ڵکه، ره‌نگه هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به ئێمه‌وه نه‌بێت، مه‌سه‌له‌ن به‌یانی مومکینه مامۆستایان خۆپیشاندان بکه‌ن بۆ خواستی تایبه‌تی پیشه‌که‌ی خۆیان، ره‌نگه کرێکاران بیکه‌ن ره‌نگه جوتیاران بیکه‌ن ره‌نگه مامۆستای زانکۆ بیکه‌ن ره‌نگه خوێندکاران بیکه‌ن، جاری وا هه‌یه خۆپیشاندان بۆ خواستێکی تایبه‌تی پیشه‌ییه جاری وا هه‌یه بۆ خواستێکی سیاسی گه‌وره‌یه، بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌مانه به‌م جۆره‌ی ئێستا لاساری بکه‌ن که‌له‌ڕه‌قی بکه‌ن پێداگری بکه‌ن له سه‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ئاڵ‌وگۆڕێک له هه‌لومه‌رجی سیاسی‌دا نه‌که‌ن، هیچ چاکسازیه‌کی ریشه‌یی نه‌که‌ن، بێگومان خۆپیشاندان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه و ره‌نگه به شێوه‌یه‌کی به‌رفروانتر و گه‌وره‌تر بێت.
KNN: ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێک له پارته فه‌رمانڕه‌واکان ده‌ڵێت ئۆپۆزسیۆن له خۆپیشاندانه‌کاندا نه‌یوانتوانی قاعیده‌ی خۆشیان به ته‌واوه‌تی لانی که‌م له سلێمانی بێننه سه‌ر جاده، چونکه قاعیده‌ی ئه‌وان به هه‌مو پێوه‌رێک له‌وه به‌رفراوانتر بو که له به‌رده‌کی سه‌را بو؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: یه‌کێک له گرنگترین ئه‌و شتانه‌ی که هێزێکی سیاسی یان حکومه‌تێک بتوانێت بڕیاری راست بدات، ئه‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندنی راستی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری راست بده‌یت پێویستت به هه‌ڵسه‌نگاندنی راسته، بۆ ئه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی راستیش بده‌یت پێویستت به زانیاری راسته، له زمانی ئینگلیزی‌دا دو وشه هه‌یه که من به کوردی به‌کارم هێناوه که هێشتا نه‌بوه به باو، یه‌کیان به زمانی ئینگلیزی پێی ده‌ڵێن ئه‌نده‌ر ئیستیمهیت ئه‌ویتریان پێی ده‌ڵێن ئۆڤه‌ر ئیستیمهیت، ئه‌نده‌ر ئیستیمهیت ئه‌وه‌یه که تۆ له ته‌قدیری مه‌وقیفدا هێزی خۆت به که‌متر ته‌قدیر بکه‌یت له‌وه‌ی که به راستی هه‌ته، یاخود هێزی ناحه‌زه‌که‌ت به‌رامبه‌ره‌که‌ت به که‌متر ته‌قدیر بکه‌یت له قه‌واره‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی، ئۆڤه‌ر ئیستیمهیت به پێچه‌وانه‌وه یانی ژور هه‌ڵسه‌نگاندن و ژێر هه‌ڵسه‌نگاندن، ژور هه‌ڵسه‌نگاندن ئه‌وه‌یه که تۆ هێزی به‌رامبه‌ره‌که‌ت پێتوابێت هێزێکی زۆر زه‌به‌لاحه، له قه‌واره‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی گه‌وره‌تر ته‌قدیری بکه‌یت، یاخود هێزی خۆت، تۆ هێزێکی بچوکیت هێزی خۆت ته‌قدیر بکه‌یت به هێزێکی له قه‌واره‌ی خۆت زۆر گه‌وره‌تریت، ئه‌مه نه‌خۆشیه‌کی سیاسیه عاده‌ته‌ن ئه‌و حیزبانه توشی ئه‌بن و ئه‌و حکومه‌تانه توشی ئه‌بن که توشی بوغرابونی سیاسی ده‌بن، هه‌میشه له هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌وقیفدا هه‌ڵه ده‌که‌ن، له هه‌ڵسه‌نگاندنی هێزی خۆیاندا توشی ژور هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌بن، له هه‌ڵسه‌نگاندنی هێزه‌کانی به‌رامبه‌ریاندا توشی ژێر هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌بن، ئینجا پێموایه ئه‌و نه‌خۆشیانه له‌مانه ده‌رکه‌وتوه، مه‌علوماتی راستیان نیه، هه‌ڵسه‌نگاندنی مه‌وقیف به‌شێوه‌یه‌کی راست ناکه‌ن له‌به‌رئه‌وه ناتوانن بڕیاڕی راست بده‌ن، من ئومێدم وایه که سه‌رچاوه‌ی مهعلوماتهکانیان شته‌کانیان بۆ راست بکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بڕیاری راست بده‌ن.
KNN: ده‌رباره‌ی به‌شداری کردنتان له حکومه‌ت راتان چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: مه‌به‌ستت چی حکومه‌تێکه.
KNN: مه‌به‌ستم ئه‌و حکومه‌ته‌یه که ئێستا یه‌کێتی و پارتی له‌و سێ ئیختیاره‌ی که خستویانه‌ته به‌رده‌متان باس له‌وه ده‌که‌ن، که پێویسته حکومه‌تێکی بنکه‌فراوان پێکبهێنن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه ئه‌وه لای خۆمانه‌وه دامانناوه به‌چه‌ند قۆناغێک، قۆناغی ئێستا گفتوگۆکردنه له‌سه‌ر چاکسازی ریشه‌یی که خۆی ئه‌نوێنێ له‌و چه‌ند پاکێجه‌ی که معاره‌زه به کۆمه‌ڵ ته‌سلیمیان کردوه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه گه‌یشتینه نه‌تیجه، نه‌تیجه‌یه‌کی ئیجابی بێت به نه‌وعێک گفتوگۆ ئه‌که‌ین، نه‌تیجه‌یه‌کی سلبی بێت به نه‌وعێکی تر گفتوگۆی له‌سه‌ر ئه‌که‌ین، هه‌تا ئێستا له‌وه ناچێت ئیجابی بێت، واته موئهشیرات تائێستا پێمان ناڵێت، که جواب دانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ئیجابیه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌ر مه‌تره‌ح نیه باسی بکه‌ین.
KNN: له پرۆژه‌کانی پێشوتانا وشه‌یه‌کتان به‌کارهێنابو حکومه‌تی ته‌وافوقی یاخود حکومه‌ت به ته‌وافوق، له‌سه‌ر ئه‌م دو تێڕوانینه بۆچونی جیا هه‌یه، رای به‌ڕێزت له‌وباره‌یه‌وه چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌داخه‌وه تائێستا له کوردستاندا یاخود له به‌غدا که باسی حکومه‌تی ته‌وافوقی ده‌کرێت، مه‌به‌ستیان له حکومه‌تی ته‌وافوقی موحاسه‌سه‌ی حیزبیه، واته هه‌ر حیزبه و چه‌ند کورسی به‌رده‌که‌وێت له‌و حکومه‌ته‌دا، کوردیش له به‌غدا ئه‌مجاره‌ش به‌و نه‌فه‌سه‌وه چوه‌وه بۆ گفتوگۆکردن، نه‌چون له‌سه‌ر ئه‌وه مناقه‌شه بکه‌ن بزانن به‌رنامه‌ی ئه‌م حکومه‌ته چی ده‌بێت و ئالیه‌تی جێبه‌جێ کردنی چی ده‌بێت و سه‌قفی زه‌مه‌نی بۆ جێبه‌جێ کردنی داواکانی ئێمه چی ده‌بێت، موهیمترین شت ئه‌وه بو له‌و کێکه‌دا به‌شه‌که‌ی تۆ چه‌نده، چوار یه‌که سێ یه‌که پێنج یه‌که ده یه‌که، ئێمه باسی حکومه‌تی ته‌وافوقی ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان ئه‌وه نیه له کێکی حکومه‌ت چه‌ندی به‌ر ئێمه ده‌که‌وێت، له‌پێش هه‌مو شتێکه‌وه به‌لامانه‌وه موهیم ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی که دایئه‌نێن بۆ چاکسازی ریشه‌یی یان بۆ چاکسازی بنه‌ڕه‌تی له کوردستاندا تا چ حه‌دێک جێگای ره‌زامه‌ندی ئێمه‌یه ئێمه ده‌نگی پێ ده‌ده‌ین، ئه‌و که‌سانه‌ی دا ئه‌نرێن بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه ئه‌و وه‌زیرانه‌ی دائه‌نرێن تاچی حه‌دێک جێگای متمانه‌ی ئێمه‌یه ئێمه متمانه‌ی پێ ئه‌به‌خشین، له‌و حکومه‌ته‌دا که ته‌وافوقی بێت ئێمه‌ی تیا بین یان تیایا نه‌بین ئه‌سڵه‌ن به لامانه‌وه موهیم نیه، چونکه ره‌زامه‌ندی ئێمه‌ی له‌سه‌ره و متمانه‌ی ئێمه‌ی پێ ده‌بێت.
KNN: وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆچونتان له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆنبونتان چیه، یاخود به‌مانایه‌کی تر هه‌ست ده‌که‌ن له ماوه‌ی رابردودا توانیوتانه له‌سه‌ر کورسی ئۆپۆزسیۆن کاریگه‌ری باشتان هه‌بێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ئۆپۆزسیۆن به ته‌نیا فراکسیۆنه‌کانی ناو په‌رله‌مان بێت ئێمه ئۆپۆزسیۆن وا بچوک ناکه‌ینه‌وه به ته‌نیا ئه‌وه بێت، به‌مانا بهرفراوانهکای وه‌کو بزوتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری گه‌وره که ئێستا له کوردستاندا هه‌یه، هه‌رسێ لایه‌نه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌شێکه له‌و موعاره‌زه گه‌وره‌یه‌ی که ئێستا له‌ناو میللهتهکاماندا دروستبوه، ئه‌و فراکسیۆنهشی له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌یه به‌شێکی بچوکه له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به نیسبه‌ت حیزبه‌کانی خۆشیانه‌وه عه‌ینه‌ن بابه‌ته، پێموایه له‌ماوه‌ی دو ساڵی رابردوا توانیومانه به لایه‌نی که‌مه‌وه دو شت بکه‌ین، یه‌کێکیان توانیومانه ئاستی وشیاری سیاسی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک به‌ڕاده‌یه‌کی باش بۆ پێشه‌وه به‌رین، ئێستا به‌شی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانن بودجه چیه، ده‌زانن ده‌سه‌ڵات چیه، ده‌زانن ئۆپۆزسیۆن چیه، ده‌زانن گه‌نده‌ڵی چیه، ده‌زانن عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی چیه، ده‌زانن له دابه‌شکردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات‌دا له دابه‌شکردنی زه‌وی و زاردا له تهعیناتدا، ئه‌مانه هه‌موی خه‌ڵک لێی وشیار بوه‌ته‌وه، ئه‌زانن فه‌رق چیه له‌نێوان میلیشیای حیزبی و له‌نێوان دامه‌زراوه‌یه‌کی نیشتمانی بۆ پاریزگاری له نیشتمان، ئه‌زانن فه‌رق چیه له نێوان ئاسایشێکی حیزبی و ئاسایشێكی نیشتمانی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌یه‌کی حیزبی و پێشمه‌رگه‌یه‌کی نیشتیمانیدا، ئه‌زانن فه‌رق چیه له‌نێوان ئه‌وه‌ی میزانیه به عه‌داله‌ت له‌نێوان شارێک و شارێک ناوچه‌یه‌ک و ناوچه‌یه‌ک له‌نێوان مهنتیقهیهک و مهنتیقهیهک دابه‌شبکرێت، ئه‌زانن نه‌وت و داهاتی نه‌وت و گرێبه‌ستی نه‌وتی چیه، ئه‌مه خۆی له خۆیدا سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌یه، پێموایه یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانی خۆمان که به‌جێمان هێناوه ئه‌و مه‌سه‌له ژیانیانه‌ی که په‌یوه‌ندی به ژیان و پاشه‌رۆژی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکه‌وه هه‌یه براوه‌ته ناو خه‌ڵکه‌وه و خه‌ڵک قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کات، هی دوهمینیشی پێموایه ئێستا هه‌رچی هه‌نگاوێک ئێستا که حکومه‌ت ده‌ینێت پێشتر سڵ ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی که بزانێت په‌رچه‌کردار و کاردانه‌وه‌ی له‌ناو خه‌ڵکدا چۆن ده‌بێت، حسابی بۆ ده‌کات ئیجا ده‌یکات، له‌وه‌وپێش گوێی نه‌ده‌دا به خه‌ڵک ئێستا حساب بۆ خه‌ڵک ده‌کات.
KNN: به‌ره‌و 25ی 7 ده‌ڕۆین، له 2 ساڵ ئه‌دا و خۆڕێکخستنه‌وه و کاری حیزبیتان وه‌کو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رازین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌داخه‌وه وه‌کو وتم له‌ماوه‌ی دو ساڵی رابردودا له شه‌ڕێکدا بوین ئه‌گه‌ر به‌راوردی بکه‌ین به شه‌ڕی سه‌رده‌می یه‌کێتی و پارتی، پارتی و یه‌کێتی هه‌مو ئه‌و شه‌ڕانه‌ی که ئه‌و سه‌رده‌مه به‌رامبه‌ر به یه‌کتری کردویانه له‌ماوه‌ی ئه‌م دو ساڵه‌دا به‌رامبه‌ر به ئێمه کردویانه هه‌تا په‌لاماری باره‌گا و شته‌کانیشیان داین، هه‌ندێک له باره‌گاکانیان سوتاندین باره‌گایان تاڵانکردین، له هه‌ندێک جێگه خه‌ڵکیان گرتین برینداریان کردن، هه‌تا دادگاکانیان والێکردوه کردویانه به مه‌ڵبه‌ندی ململانێی سیاسی بۆ به کارهێنانی ته‌سفیه‌کردنی ناحه‌زه‌کانی خۆیان و ناڕازیه‌کان، له‌به‌رئه‌وه ئێمه نه‌مانتوانی به‌شێوه‌یه‌کی ئاسایی پرۆسه‌ی خۆڕێکخستنه‌وه بکه‌ین، چونکه پشویه‌کمان نه‌بو تابتوانین ئه‌وه بکه‌ین، چۆن ده‌توانیت کۆنگره‌یه‌ک ببه‌ستیت له کاتێکدا که تۆ له هه‌مو بادیناندا بارهگایهکت نه‌بێت به ئازادی ئیشی تیا بکه‌یت، ههڵسوڕاوهکانت نه‌توانن به ئازادی بێن و کۆببنه‌وه، له هه‌ولێر هه‌مان بابه‌ت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ماوه‌ی دو ساڵی رابردودا توانیومانه کۆمه‌ڵێک شت بکه‌ین، ئێستا ده‌توانین بڵێین ئاماده‌ین بۆئه‌وه‌ی بتوانین کۆنگره ببه‌ستین، یه‌که‌م به‌رنامه‌ی سیاسیمان هه‌یه که له مانگی ته‌مموزی یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن و له مانگی مارتی دوه‌م هه‌ڵبژاردندا خستومانهتهڕو و تائێستا له سه‌ر ئه‌وه کار ده‌که‌ین، له کۆنگره‌شدا ره‌نگه بیده‌ین به‌و لیژنه‌یه که گۆڕانکاریه‌کی تێدا بکات بۆئه‌وه‌ی تۆزێک له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا بگونجێت، ئه‌گینا گۆڕینی گه‌وره‌ی تێدا نه‌بوه، نیزامی داخلی ئه‌وه‌ی که ناومانناوه ده‌ستوری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پرۆژه‌که‌ی نوسراوه و ئامادهمانکردوه و بڵاومانکردوهتهوه و خستومانه‌ته به‌رده‌می خه‌ڵک بۆ گفتوگۆ و زۆر سه‌رنج و بیروڕامان بۆ هاتوه‌ته‌وه له‌سه‌ری و ئه‌ویش دیسانه‌وه ئه‌خرێته به‌رده‌می لیژنه‌یه‌ک له کۆنگره‌دا، به‌شی زۆرینه‌ی رێکخستنه‌کانی خۆمان که خۆی ده‌نوێنێت له بازنه‌کان و رایهلهکاندا رێکمانخستوه، ژوره‌کان که جۆرێک له سیفه‌تی قیادیان هه‌یه، هه‌ر له ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌وه تا ده‌گاته سه‌ر ژوری رۆژنامه‌وانی و ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی و ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی یاسایی و ژوری دارایی و ژوره‌کانی تر، ئێستا ئێمه ئاماده‌ین که کۆنگره ببه‌ستین، ته‌نها پێویستمان به جه‌وێکی له‌مه هێمنتر هه‌یه، ئێمه له سه‌رده‌می شاخدا 3 جار کۆنفراسی کۆمه‌ڵه‌مان به‌ستوه نوێنه‌ری ناوشاره‌کان به ماسکه‌وه هاتون، پێمان باشنیه ئێمه ئه‌مجاره‌ش کۆنگره‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ببه‌ستین و سه‌دان که‌س له دهۆک و هه‌ولێر و شوێنه‌کانی تره‌وه بێن و به ماسکه‌وه له ریزه‌کانی پێشه‌وه دانیشن و نه‌وێرن ناوی خۆیان شوێنه‌کانیان ئاشکرابکه‌ن.
KNN: له کۆی ئه‌و شێوازه‌ی که باستکرد هه‌ست ده‌که‌ن که توانیوتانه مۆدێلێکی جیا له کاری حیزبی پێشکه‌ش بکه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان، له‌ناو ئێمه‌دا بڕیاردان پرۆسه‌یه‌که زۆر جیاوازه و هێشتا خه‌ڵک پێی رانههاتوه بڕیاری سیاسی عاده‌ته‌ن له‌ناو حیزبه نهریتهوانهکانی کوردستاندا مه‌کته‌بی سیاسی ده‌ریده‌کات، یانی هه‌رچی شتێک که دێته پێشه‌وه مه‌کته‌بی سیاسی کۆده‌بێته‌وه، چونکه مه‌کته‌بی سیاسی له هه‌مو که‌سێک عاقڵتره و له هه‌مو که‌سێک باشتر ده‌توانێت ته‌قدیری زروف بکات و له هه‌مو که‌سێک زیاتر مه‌علومات و ده‌سه‌ڵاتی له به‌رده‌ستدایه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن، لای ئێمه پرۆسه‌ی بڕیاردانی سیاسی سێ لایه‌نی هه‌یه، یه‌که‌مینیان هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌مو ئه‌وانه‌ی که شاره‌زان له‌و بواره‌دا و په‌یوه‌ندیدارن به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه بۆچونیان وه‌رگرین و گوێیان لێ بگرین و قسه بکه‌ن، پاش بیروبۆچونه‌کانی ئه‌وان هه‌وڵمانداوه له هه‌مو ئه‌و ئه‌زمانه‌ی که له کوردستانی عێراق رویداوه ته‌قلیدێکی تازه‌مان داهێناوه که له وڵاتانی پێشکه‌وتوی دنیادا پێی ئه‌ڵێن خه‌لیه‌ی ئهزهمات، یانی بۆ هه‌مو ئه‌زمه‌یه‌ک له‌و ئه‌زمانه‌ی که دروستبوه گروپێکمان پێکه‌وه‌ناوه مه‌رج نیه ئهشخاسهکانی ئه‌و گروپانه هه‌میشه دوباره بێته‌وه، به‌ڵام هه‌مو ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌و راپرسیانه‌ی که ده‌یکه‌ین له‌و کۆبونه‌وانه‌ی به ههڵسوراوهکانمانی ده‌که‌ین، ئه‌و زانیاریانه ده‌به‌ینه‌وه بۆ ئه‌و خه‌لیه‌ی ئهزهمهیه، له خه‌لیه‌ی ئهزهمهکه بڕیاره‌که گه‌ڵاڵه ده‌کرێت، له‌ئاخر شتیشدا من و چه‌ند براده‌رێکی تر بڕیاری لێ ده‌ده‌ین، به‌و ئیعتیباره‌ی تاکو کۆنگره ده‌به‌سترێت له‌ڕوی قانونی و سیاسی و ئه‌خلاقیه‌وه سه‌رکه‌وتن و شکستی جوڵانه‌وه‌که یه‌خه‌ی ئێمه ده‌گرێته‌وه و له دو هه‌ڵبژاردندا ئێمه ته‌حه‌مولی مهسولیهتمان کردوه.
KNN: باسی شێوازی دروستبونی بڕیاری سیاسیت کرد وه‌ک مۆدێلێکی جیا له حیزبه‌که‌ی خۆتاندا، به‌ڵام یه‌کێک له‌و شتانه‌ی وه‌کو ره‌خنه ئاڕاسته‌ت ده‌کرێت و باسیشتکرد، به‌ڵام ئه‌مه‌وێ زانیاری زیاترم بده‌یتێ، ئه‌وه‌یه که به‌شی زۆری بڕیاری سیاسی له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا تۆ و به‌شێک له‌و هاوه‌ڵه کۆنانه‌ت له‌ناو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان لێی به‌رپرسن و یه‌کلایی ده‌که‌نه‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه راسته به‌ڵام زائیده‌ن کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی تازه‌ش.
KNN: کاتێکی دیاریکراوتان هه‌یه بۆ به‌ستنی کۆنگره، یاخود دوا ئاماده‌کاریه‌کانی کۆنگره‌تان به چی گه‌شتوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هه‌ندێک ئیشکالاتی رێکخراویمان ماوه، ئومێدم وایه له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی که‌مدا ئه‌و ئیشکالاتانه چاره‌سه‌ر بکرێت و ئاماده‌بین بۆ کۆنگره، ئه‌گه‌ر دۆخه‌که ئارامیش نه‌بێت هه‌ر ده‌یبه‌ستین.
بۆ بینینی دیمانه‌که به ڤیدۆ کلیک لێره‌دا بکه...