دیمانه: سبه‌ی
پاش تێپه‌ڕبونی دو ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/7/2009دا، هیچ ده‌مێک هێنده‌ی ئێستا گفتوگۆکردن له‌سه‌ر مۆدێلی گۆڕان وه‌کو مۆدێلێکی ئۆپۆزسیۆن جێگه‌ی گرنگیدان نه‌بوه. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چی کرد و به نیازه چی بکات؟ ئایا گۆڕان توانی مۆدێلێکی نوێی حیزبیی بهێنێته ئاراوه؟ ئایینده‌ی گۆڕان به‌ره‌و کوێ؟
به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، سبه‌ی ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و روناکبیر(خه‌بات عه‌بدوڵڵا) سازکردوه.
سبه‌ی: پێش ئه‌وه‌ی پرسیار له‌وه بكه‌ین كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چ جۆره مۆدێلێكی سیاسییه، ده‌مانه‌وێت ئه‌وه بزانین ئاخۆ حیزبی كوردیی كه تاكو ئێستا تاكه ئامڕازی سیاسه‌تكردنی كوردییه، سه‌ر به كام مۆدێلی سیاسییه؟ ئایا مۆدێلێكه وه‌كو هه‌مو مۆدێله حیزبییهكانی تری جیهان یاخود مۆدێلێكی تایبه‌ته به كوردستان؟
خه‌بات عه‌بدوڵڵا: ره‌نگه باشترین میتۆد كه لێیه‌وه له مۆدێلی حیزبی كوردیی یان ته‌نانه‌ت هه‌ر مۆدێلێكی حیزبیی تر بكۆڵینه‌وه، میتۆدی به‌راوردكاریی بێت. ئه‌ڵبه‌ته ژماره‌یه‌كی زۆر تیۆری له ئارادان كه به‌شێوه‌ی جیاواز باس له چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدانی حیزبی سیاسی و هۆكاره‌كان و ره‌وته جیاجیاكانی حیزبه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن. به‌ڵام هه‌مو تیۆرییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕان كه حیزب هه‌روه‌كو ماكس ڤێبه‌ر ده‌ڵێت "رۆڵه‌ی دیموكراسی خۆرئاواییه".
ئه‌گه‌رچی له روی زمانه‌وانییه‌وه زاراوه‌ی پارت له لاتینیدا و ته‌نانه‌ت زاراوه‌ی حیزب له زمانی عه‌ره‌بیدا ره‌گوڕیشه‌ی زۆر كۆنیان هه‌یه، به‌ڵام حیزبی سیاسی دیارده‌یه‌كی نوێیه و هه‌ندێك به دواهه‌نگاوه‌كانی مۆدێرنیزمی سیاسیی داده‌نێن له خۆرئاوادا.
حیزب به واتایه‌كی تر دیارده‌یه‌كی (شار)ییه و پێوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی به دروستبونی شاره‌وه هه‌یه.
هۆكاری سه‌ره‌كی دروستبونی حیزب، لێكترازان و ئه‌و دابهشبونانهیه كه له كۆمه‌ڵگه‌دا چێ ده‌بن. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات تاكه‌كان، ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییان له یه‌كه‌وه نزیكه له شێوه‌ی گروپدا كۆببنه‌وه و حیزب دروست بكه‌ن.
دابه‌شبونه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه ئه‌وروپیه‌كان هه‌روه‌ك رۆكان ده‌ڵێت ده‌ره‌نجامی دو شۆڕشی گه‌وره بون: ئه‌وانیش شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشی پیشه‌سازین. شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی كه راسته‌وخۆ پاش ریفۆرمی ئاینی له دوادواییه‌كانی سه‌ده‌ی شازده سه‌ریهه‌ڵدا، سه‌ره‌ڕای زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ دروستبونی ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ئه‌وروپا، كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی ره‌های كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكیش هێنا. ئه‌م شۆڕشه دواجار دو دابه‌ش بونی گه‌وره‌ی لێكهوتهوه، یه‌كێكیان له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و كڵێسادا، ئه‌وی تریشیان له‌نێوان كه‌مینه ئیتنی و ئاینییه‌كان و مه‌ركه‌زدا.
شۆڕشی گه‌وره‌ی دوه‌م، شۆڕشی پیشه‌سازی بو له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا که سه‌رچاوه‌ی دو دابه‌شبونی تری ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپیه‌كان بو، دابه‌شبونی یه‌كه‌میان ئه‌و که‌لێنه بو که که‌وته نێوان چینی كرێكاران و سه‌رمایه‌دارانه‌وه، دابه‌شبونی دوه‌میش كه‌وته نێوان شار و گونده‌وه.
له راستیدا ره‌گوڕیشه‌ی به‌شێكی زۆری حیزبه‌كانی ئێستای ئه‌وروپا ده‌چنه‌وه سه‌ر ئه‌م دابه‌شبونانه.
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێویستییه‌كی زۆری به حیزبی سیاسی هه‌بو، ئه‌ویش له‌به‌ر دو هۆ: یه‌كه‌میان بۆ ره‌وایی به‌خشین به‌م فۆرمه نوێیه‌ی ده‌وڵه‌ت، چونكه پێشتر ده‌وڵه‌تی پاشایه‌تی له میانه‌ی (مافی خودا)ییه‌وه و به پشتبه‌ستن به كڵێسا ره‌وایه‌تی خۆی ده‌گه‌ڕانده‌وه بۆ مافێك كه له ئاسمانه‌وه پێی به‌خشراوه.
دوه‌میشیان ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌یویست ببێته داموده‌زگایه‌كی بێلایه‌نی كۆمه‌ڵگه و به‌ڕێوه‌بردنی ململانێكانی شار له‌ڕێی ده‌سته و گروپ و حیزبه جیاجیاكان خۆیانه‌وه بێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه مێژوی دروستبونی حیزبی سیاسی بێت له خۆرئاوا، ئه‌وا پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه خۆرئاواییه‌كان به كوردستانیشه‌وه، پڕۆسه‌یه‌كی ته‌واو جیاوازه. حیزبی كوردیی له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شبونه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه دانه‌مه‌زراوه، هه‌روه‌كو له‌سه‌ر بنه‌مای ململانێكانی (شار)یش سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه، له راستیدا ئێمه ئه‌مڕۆشی له‌سه‌ر بێت (شار)مان به مانا مۆدێرنه‌كه‌ی نیه، چونكه پێوه‌ندی به‌شێكی گه‌وره‌ی هێزه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه تائێستا له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن و ناوچه‌یه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای پێكهاته كۆمه‌ڵاییه‌تیه‌كان. ئه‌گه‌ر له خۆرئاوا حیزب نوێنه‌ری هێزێك یان چه‌ند هێزێكی كۆمه‌ڵگه بێت، ئه‌وا لای ئێمه حیزب خۆی به نوێنه‌ری هه‌مو كۆمه‌ڵگه و له‌راستیدا هه‌مو نه‌ته‌وه زانیوه. حیزبی كوردیی چه‌ند بچوكیش بوبێت خۆی به نوێنه‌ری هه‌موان زانیوه.
حیزبی كوردیی مۆدێلی حیزبێكی جه‌ماوه‌ریی گشتگیر و له هه‌مان كاتدا مۆدێلێكی پارتیزان بوه، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی له سه‌رێكه‌وه ته‌عبیر نه‌بوه له گروپێك یان چه‌ند گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو، له سه‌رێكی تریشه‌وه شه‌رعییه‌تی خۆی له شۆڕشه‌وه وه‌رگرتوه.
گومانی تێدا نیه له غیابی ده‌وڵه‌تدا حیزبی كوردیی هه‌میشه وه‌كو دهوڵهتۆكهیهك ره‌فتاری كردوه، حیزبی كوردیی چه‌ند بچوكیش بوبێت خاوه‌نی هێزی چه‌كدار، پاره‌وپول، ئاپۆرا، ئامڕازه‌کانی راگه‌یاندنی خۆی بوه. ئه‌م مۆدێله هێنده به شوێن سه‌ركرده‌و رابه‌ری كاریزماییه‌وه بوه، ئه‌وه‌نده گوێی به ئایدۆلۆژیا و جیهانبینی فیكری و سیاسی نه‌داوه.
به پێچه‌وانه‌ی خۆرئاواوه، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م فۆرمه له حیزبایه‌تی پێش هه‌ر شتێكی دیكه پرسی رزگاری نیشتمانی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داگیركه‌ر بوه.
سبه‌ی: ئایا ئه‌م مۆدێله‌ی كه باستان كرد تاكه مۆدێل بوه؟ به واتایه‌كی دی، ئاخۆ هه‌مو حیزب و بزوتنه‌وه سیاسییه كوردییه‌كان سه‌ر به هه‌مان رهچهڵهكن؟
خه‌بات عه‌بدوڵڵا: یه‌كه‌مین هه‌وڵی جدی بۆ لێدانی ئه‌م مۆدێله حیزبییه له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینی (ئه‌وه‌ی دواتر بوه كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان) و ئه‌و رێكخراو و گروپانه بوه كه پاشتر له كۆمه‌ڵه جیابونه‌وه.
كۆمه‌ڵه به لاساییكردنه‌وه له ئه‌زمونی كۆمۆنیزمی ماویی، یه‌كه‌مین رێكخراوی كوردییه که له سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا له‌سه‌ر بنه‌مای چینایه‌تی هه‌وڵی خۆدامه‌زراندن ده‌دات.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی حیزبه‌كانی پێش خۆی: هیوا، پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمه‌ڵه‌ی ژ.ك، که خۆیان به نوێنه‌ری هه‌مو نه‌ته‌وه ده‌زانی، كۆمه‌ڵه خۆی به نوێنه‌ری ته‌نیا چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی كوردهواری ده‌زانی كه ئه‌وانیش چینی كرێكاران و جوتیاران و رۆشنبیرانی شۆڕشگێڕ بوه.
به پشتبه‌ستن به شیكاری چینایه‌تییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی چینی له‌لایه‌ن ما‌و تسی تۆنگه‌وه، كۆمه‌ڵه تێزێكی سیاسی و فیكری نوێی خسته‌ڕو، به‌گوێره‌ی ئه‌م تێزه له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردهواری كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره چین و فره توێژه، بۆیه له هه‌مان سۆنگه‌وه پێویسته فره نوێنه‌ر و به‌واتایه‌كی تر فره حیزب بێت.
له روانگه‌ی ئه‌م تێزهشهوه كۆمه‌ڵه بیرۆكه‌ی پارتی پێشڕه‌وی ره‌تكرده‌وه. هه‌مو ئه‌م گروپ و رێكخراوانه‌ی تر كه پاشان له كۆمه‌ڵه جیابونه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان تێز، به‌ڵام به روئیای جیاوازه‌وه، درز و كه‌لێنی جیاجیایان خسته مۆدێله باوه‌كه‌ی حیزبی كوردییه‌وه.
سبه‌ی: له میانه‌ی ئه‌م شیكارییهوه، ئایا ده‌توانین بڵێین بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌م مۆدێله باوه‌ی حیزبایه‌تی تێپه‌ڕاندوه؟ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كام پێناسه و كام مۆدێل ده‌یگرێته‌وه؟
خه‌بات عه‌بدوڵڵا: بۆ ئه‌وه‌ی بزانین گۆڕان مۆدێلێكی جیاوازه یان نا، پێویسته پێش هه‌ر شتێك ئه‌وه بزانین كه ئاخۆ گۆڕان بۆته ئامڕازێكی نوێی ململانێی سیاسی؟
به پێچه‌وانه‌ی بۆچونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و به‌ڕێزانه‌ی كه ماوه‌یه‌كه ده‌یانه‌وێت تیۆریزه‌ی گۆڕان وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی نا حیزبی و نا ئایدۆلۆژی و وه‌كو مۆدێلێكی نوێی سیاسه‌تكردن بكه‌ن، له راستیدا گۆڕان حیزبه و ئه‌مه‌ش هیچ نه‌نگییه‌كی تێدا نیه، چونكه حیزب مه‌كۆی دیموكراسی مۆدێرنه.
حیزب له كورتترین پێناسه‌دا گردبونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان هه‌یه و بۆ به‌دیهێنانی چه‌ند ئامانجێك هه‌وڵی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات یان به‌شداریكردن تێیدا ده‌ده‌ن.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له نێوان ئه‌وه‌ی وه‌كو حیزبێك یان بزوتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی بناسێنێت، توشی ئاڵۆزییه‌کی گه‌وره بۆته‌وه.
گۆڕان سه‌ر به دو ساته‌وه‌ختی مێژوییه: یه‌كه‌میان ساته‌وه‌ختی دروستبون و ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان ساته‌وه‌ختی پاش ( 25/7)ه به ئێستاشه‌وه.
ئه‌وه دروسته كه گۆڕان له ساته‌وه‌ختی دروست بونیدا ته‌عبیره له بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی، بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه هه‌وادارانی هێنده‌ی مه‌به‌ستیان گۆڕینی قانونی گه‌مه‌ی سیاسی بو له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا و هێنده‌ی مه‌به‌ستیان سزادانی سیستمی سیاسیی كوردستان بو، هێنده ئاگایان له‌وه نه‌بو گۆڕان چ به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی له پشته و هه‌ڵگری كام ئایدۆلۆژیایه.
راستییه‌كه‌ی ده‌نگدانی به‌شێكی زۆری خه‌ڵك به گۆڕان ده‌نگدان بو بۆ هێنانه‌كایه‌ی ئامڕازێكی نوێی سیاسه‌تكردن به تایبه‌تیش كه یه‌كێتی و پارتی له میانه‌ی رێكه‌وتنی ستراتیژییه‌وه بوارێكیان بۆ كێبڕكێ نه‌هێشتبۆوه.
به‌ڵام پاش 25/7 و ورده ورده ئیتر ئێمه روبه‌ڕوی مێژویه‌كی تری گۆڕان ده‌بینه‌وه که ئه‌ویش مێژوی كارپێكردنی ئه‌م پێكهاته‌یه‌یه وه‌كو هه‌ر حیزبێكی سیاسی تری ناو سیستمه‌كه.
گۆڕان تائێستا له نه‌شئه‌ی ساته‌وه‌ختی 25/7دا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، سازدانی ئه‌و هه‌مو كه‌مپینه‌ی له ماوه‌ی دو ساڵی پێشودا له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه سازدراوه، ده‌ستگرتنه به‌و ساته‌وه‌خته‌وه؛ ساته‌وه‌ختی گۆڕان وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی نه‌ك وه‌ك حیزبێكی سه‌ر به سیستمێكی سیاسی دیاریكراو. ئاماده‌بونی گۆڕان له هه‌ر شوێنێك كه ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی لێ به‌رزبوبێته‌وه هیچ گومانێك له‌وه‌دا ناهێڵته‌وه كه گۆڕانیش ده‌یه‌وێت باوه‌ش به هه‌مو كۆمه‌ڵگه‌دا بكات. گۆڕان که‌شێکی خوڵقاند ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی خۆی بێت به‌چاوی گومانه‌وه ته‌ماشا بکرێت. راستییه‌كه‌ی ئه‌م توغیانه كارێكی كرد له‌سه‌رێكه‌وه بوه هۆی ئه‌وه‌ی که گۆڕان كایه‌ی مه‌ده‌نی و ته‌نانه‌ت كایه‌ی روناكبیریش ئیحتلال بكات، له‌سه‌رێكی تریشه‌وه ئینتیحاری به كومهڵێک كایه‌ی مه‌ده‌نی و پڕۆژه‌ی روناكبیریی بكات.
سبه‌ی: به‌ڵام ئایا ئه‌م باوهشكردنهی بزوتنه‌وه‌كه به هه‌مو كۆمه‌ڵگه‌دا له‌وه‌وه نه‌هاتوه كه خواستی گۆڕانكاری له خودی خۆیدا خواستێكی جه‌ماوه‌رییه و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ناچاری بوه‌ته چه‌تری هه‌موان؟
خه‌بات عه‌بدوڵڵا: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستاشی له‌سه‌ر بێت جیاوازی ناكات له‌نێوان گۆڕان وه‌كو(خواست) له‌گه‌ڵ گۆڕان وه‌كو (بزوتنه‌وه)، ئه‌مه له كاتێكدا كه گۆڕان وه‌كو خواست زۆر له مێژتره له گۆڕان وه‌كو بزوتنه‌وه، راستییه‌كه‌ی مێژوی گۆڕان وه‌كو خواست سه‌ر به مێژوی خودی راپه‌ڕینه، به‌رزبونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی دژ به ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌ی كوردستانی له‌لایه‌ن زۆرێك له ده‌سته و گروپه كۆمۆنیستی و شوراییهكانی رۆژانی یه‌كه‌می راپه‌رین و پاشان دروستكردنی لیستی سه‌ربه‌خۆ له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانیدا و دامه‌زراندنی چه‌ندین حیزب و رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له ده‌ره‌وه‌ی كایه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردیدا و ئنجا داهێنانی میدیای ئازاد، وه‌كو پایه‌یه‌كی گرنگی هه‌وڵی گۆڕانخوازی، به رونی ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه خواستی گۆڕانكاری له كورده‌واریدا به‌رده‌وام و ساڵانێكی زۆر پێش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش بونی هه‌بوه.
له راستیدا كولتوری سیاسی سلێمانی که حاڵی حازر به‌شێكی گه‌وره‌ی كولتوری سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه، كولتورێكی مۆدێلخواز و هه‌میشه له هه‌وڵی گۆڕاندابوه.
گرفتی گه‌وره‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر ئه‌وه نیه كه چه‌مكی گۆڕان و نوێبونه‌وه‌ی بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ كردوه، به‌ڵكو دروستبونی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی پۆپۆلیستی (جه‌ماوه‌رخوازی)، تائێستا درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌مه‌ش وای كرد ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه نه‌توانێت شۆڕبێته‌وه بۆ ئاستی تاكه‌كه‌س و وه‌كو هه‌مو مۆدێله حیزبییهكانی تر گرنگی ته‌نها به ئاپۆرا بدات.
به‌پێچه‌وانه‌ی مۆدێله باوه‌كانی حیزبی كوردییه‌وه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆڕان بانگه‌شه‌ی هیچ شه‌ڕێكی نه‌ته‌وه‌یی دژ به داگیركه‌ران نه‌كردوه، بۆیه ئه‌و ده‌مه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی ده‌كاته نوێنه‌ری هه‌مو كۆمه‌ڵگه، بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت خۆی ده‌خاته‌وه ناو مۆدێله باوه‌كه‌ی حیزبی كوردییه‌وه، گۆڕان له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن بۆ چاكسازی دروست بون، خاوه‌نی هیچ كۆنسێپتێكی نه‌ته‌وه‌یی جیاواز له یه‌كێتی و پارتی نیه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له عێراقدا.
سبه‌ی: كه‌واته به‌مه‌به‌ستی هێنانه‌كایه‌ی مۆدێلێكی نوێ پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چی بكات؟
خه‌بات عه‌بدوڵڵا: له‌ڕاستیدا ئه‌مه پرسیارێکی ئاڵۆز و فره‌ڕه‌هه‌نده. چونکه لێکۆڵینه‌وه له داهێنانی مۆدێلێکی نوێی حیزبی سیاسی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی و هی کوردیی به‌تایبه‌تی، کارێکی ئاسان نییه.
هه‌روه‌کو چۆن له‌سه‌ره‌تای وهڵامهکانماندا باسمان له میتۆدی به‌راوردکاریی کرد وه‌کو میتۆدێک بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌و پرسه، به‌هه‌مان شێوه ده‌کرێت ئه‌زمونی زۆرتر له نیو سه‌ده‌ی حیزبی کوردیش وه‌کو باشترین کایه به‌مه‌به‌ستی به‌راوردکاریی و هه‌ڵێنجانی مۆدێلی نوێی حیزبایه‌تی له کوردستاندا، بخرێته‌وه خزمه‌تی هه‌مان پرس.
ره‌نگه یه‌که‌مین هه‌نگاو که گۆڕان به‌مه‌به‌ستی پێ خستنه ناو مۆدێلێکی نوێی حیزبایه‌تی له کوردستاندا بینێت، تێپه‌ڕاندنی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بێت. ئاخر گۆڕان تا ئێستا نه‌یتوانیوه یه‌کێتی تێپه‌ڕێنێت. ئه‌ڵبه‌ته پێویسته یه‌کێتیش گۆڕان تێپه‌ڕێنێت.
مه‌به‌ستمان له تێپه‌ڕاندن داننانه به هه‌بونی جیاوازی، هه‌رده‌مێک دان به جیاوازی یه‌کدیدا نرا، ئه‌وا له‌هه‌مان کاتدا زه‌مینه ئاوه‌ڵا ده‌بێت بۆ پێکه‌وه هه‌ڵکردن. تێپه‌ڕاندن به‌وه نابێت هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی یه‌کدی بدرێت، به‌تایبه‌تیش که پێکهاته‌ی جه‌ماوه‌ریی گۆڕان و یه‌کێتی به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ر به یه‌ک کولتوری سیاسین، له هه‌مو پێکهاته جه‌ماوه‌رییه‌کان له یه‌کدییه‌وه نزیکترن و راستییه‌که‌ی هه‌ر یه‌ک جه‌ماوه‌ره.
دیموکراسی له یه‌ک کاتدا جیاوازییه و هاوپه‌یمانێتیش. گرفتی دیموکراسی کوردیی له‌وه‌دایه که تائێستا ته‌نها یه‌ک جۆر جیاوازی و ته‌نها یه‌ک جۆر هاوپه‌یمانێتی ده‌ناسێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه وایکردوه له‌کاتی جیاوازیدا حیزبی کوردیی ده‌ست بۆ تفه‌نگ ببات و له کاتی هاوپه‌یمانێتیشدا، جیاوازی نه‌بینێت.
یه‌کێکی تر له‌و پرسانه‌ی که پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌تایبه‌تیش که به نیازی گرێدانی کۆنگره‌یه تاوتوێی بکات، خۆساغکردنهوهیه له‌نێوان ریفۆرم و شۆڕشدا، گۆڕان به نیازی کامیانه؟ ئایا ده‌یه‌وێت سیستمه‌که چاک بکات یان ژێرهوژوری بکات؟
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش دانانی جیهانبینییه‌کی فیکری و سیاسی که لێیه‌وه گۆڕان ئاماده‌بێت ده‌ستبه‌رداری کۆمه‌ڵێک ده‌سته‌وتاقم ببێت، ههنگاوێکی هه‌نوکه‌یی ده‌بێت به ئاڕاسته‌ی خودناساندن. له‌ڕاستیدا مه‌ترسی بهحیزبیبونی گۆڕان له به‌شێکیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ترسی دۆڕاندنی هه‌ندێک ده‌سته و تاقم.
دواجار پێویسته ئه‌وه بوترێت که داهێنانی مۆدێلی نوێی حیزبایه‌تیکردن هه‌ر به‌ته‌نها به‌رۆکی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی نه‌گرتوه، راستییه‌که‌ی ریفۆرمی سیستمی سیاسی کوردستان پێش هه‌ر شتێک خوازیاری ریفۆرمێکی حیزبییه که هه‌مو حیزبه‌کانی کوردستان و به‌تایبه‌تیش یه‌کێتی و پارتی بگرێته‌وه.
ریفۆرمی حیزبیی هه‌ر به‌ته‌نها ریفۆرم نییه له پێکهاته‌ی رێکخراوه‌یی حیزبی‌دا، به‌ڵکو پێش ئه‌مه ریفۆرمه له جیهانبینی سیاسی و ئایدۆلۆژی حیزب‌دا. کاتی ئه‌وه هاتوه حیزبی کوردیی نه‌ته‌وه و هاوڵاتی بکاته چه‌قی سیاسه‌تکردنی خۆی، له‌بریتی کولتوری بوغز و کینه، هه‌وادارانی فێری لێبورده‌یی بکات. حیزب ئامڕازه نه‌ک ئامانج، ئاخر هه‌ر کاتێک حیزب بوه ئامانج ئیتر مه‌ترسی هاڕینی دیموکراسی و سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رکرده‌ی تاکوته‌نها و به‌قوربانیکردنی هاوڵاتی لێ ده‌که‌وێته‌وه. حیزبه‌کان چه‌ند گه‌وره‌ش بن، هه‌ر که‌مینه‌ن. پێویسته حیزب و سه‌رکرده نۆرمالێزه ببنه‌وه و حیزبه‌کان ببنه ئامڕازی نوێی ململانێ چ له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگه، چ له‌سه‌ر ئاستی ئێمه و ئه‌وانی دیکه.