دیمانه: شه‌هرام عه‌بدوڵا
ئیبراهیم عه‌لیزاده سكرتێری كۆمه‌ڵه (رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌دا ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه كه گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانی دوای تێكچوونی جیهانی دوو جه‌مسه‌ری له‌سه‌ر حیزبه‌كه‌ی ئه‌وان بێ كاریگه‌ریی بووبێت، هه‌روه‌ك باس له بوژانه‌وه‌ی ره‌وتی چه‌پ ده‌كات له جیهان و ناوچهكهداو هۆكاره‌كانی نفوزی ئێران له عێراقدا لێكده‌داته‌وه‌و مه‌رجه‌كانی خۆیان بۆ چوونه ناو به‌ره‌یه‌كی كوردستانی تایبه‌ت به خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستنیشان ده‌كات.
* گۆڕانكارییه جیهانیو ناوچه‌ییه‌كانی دوای تێكچوونی جیهانی دوو جه‌مسه‌ری‌و سه‌رجه‌م ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له یه‌ك دوو ده‌یه‌ی دواییدا هاتنه ئاراوه، به‌رنامه‌و كاری زۆرینه‌ی پێكهاته سیاسییه‌كانیان له ئاستی جیهانو ناوچه‌كه‌دا تووشی گۆڕانی به‌رچاو كرد، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی دیاری له سه‌ر حیزبه‌كه‌ی ئێوه دانه‌نا، هۆكاری ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێننه‌وه؟
ئیبراهیم عهلزاده: پێش گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئێمه له ره‌وتی ژیانی سیاسیی خۆماندا گۆڕانكاریمان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، راست نییه، بێگومان له‌گه‌ڵ گه‌شه‌و به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌و ره‌وته‌ش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌و هه‌وڵیداوه خۆی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌می خۆیدا بگونجێنێت، ته‌نیا مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه كه ئه‌م گۆڕانكارییه نه‌بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ره‌وتی ئێمه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ رابردووی خۆی بپسێنێت، ئێمه گۆڕانكاریمان كردووه، به‌ڵام هێڵی سیاسی، ستراتیژیی، به‌رنامه‌یی‌و ئایدۆلۆژیكی خۆمان نه‌گۆڕیوه. ناسنامه‌ی ئه‌و هێڵه بریتی بووه له‌وه‌ی كه سۆسیالیزم به‌دیلی سه‌رمایه‌دارییه، سۆسیالیزم به هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی كه هێزی چینی كرێكاره‌و له ئاكامی شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا داده‌مه‌زرێت، چینی كرێكار بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت توێژه‌كانی هاوپه‌یمانی خۆی له‌ناو كۆمهڵگهداو له ده‌وری رێبازه‌كه‌ی كۆبكاته‌وه، پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت خۆی تا راده‌یه‌ك هۆشیارو رێكخراو بێت، به‌ڵام ماركسیزم وه‌كو زانستێكی كۆمه‌ڵناسی خۆی به‌ره‌وپێشچووه‌و ته‌كامولی كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئه‌مڕۆ باوه‌ڕپێكراوترین تیۆریی بووه بۆ ناسینی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی كه ته‌نانه‌ت ئه‌كادیمیسته‌كانی بۆرژوازیش بۆ شرۆڤه‌كردنی كێشه‌كانی سه‌رده‌می خۆیان میتۆده‌كانی به‌كارده‌هێنن‌و له سیستمی فیكری‌و سیاسیی خۆیاندا هه‌زمی ده‌كه‌ن. ماركسیزم زانسته‌و زانست به‌پێی سروشتی خۆی ناتوانێت له یه‌ك شوێن چه‌ق ببهستێتو به‌ره‌وپێش نه‌چێت، كۆمه‌ڵه له‌و رۆژه‌وه كه پێكهات خۆی وه‌كو رێكخراوێكی كۆمۆنیستی كه بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سۆسیالیستی له ئێران خه‌بات ده‌كات، ناساند، به‌ڵام لێكدانه‌وه‌یه‌ك كه ئه‌وكات له سۆسیالیزم بووی‌و ستراتیژێك كه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گرتبوویه پێش، نزیك بوو له بۆچوونه‌كانی مائۆو ستراتیژی شۆڕشی چین، ئایا ده‌كرێت بڵێین كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه به به‌رنامه‌و ستراتیژی سیاسییه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌وكات بوو؟ نه‌خێر، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه ئێوه باسی ده‌كه‌ن له دوو بابه‌تن:
یه‌كه‌میان، بریتییه له ره‌وتی گهشهكردنو پێگهیشتنو گه‌نده‌ڵبوونی رژێمی سه‌رمایه‌داریی جیهانی، ستراتیژی حیزبێكی سۆسیالیستی له هه‌ركام له‌م قۆناغانه‌دا له‌م وڵات‌و له‌و وڵات ناتوانێت رێك وه‌كو یه‌ك وابێت، هه‌ر به‌وپێیه خه‌بات له هه‌ركام له‌و قۆناغانه‌دا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی سیاسی‌و ستراتیژی ئێمه‌ش بووه، مانیفێستی كۆمۆنیست كه نزیكه‌ی 170 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نووسراوه به‌راورد بكه‌ن به به‌رنامه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه، ئه‌گه‌رچی هه‌ردووكیان یه‌ك سه‌رچاوه‌یان هه‌یه، به‌ڵام ده‌قاوده‌ق وه‌كو یه‌ك نین، ستراتیژی سیاسی ئێمه له ناوچه‌یه‌كدا كه كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی‌و مێژوویی تێدایه، ناتوانێت له‌گه‌ڵ ناوچه‌یه‌ك كه له هه‌لومه‌رجێكی دیكه‌دایه جیاواز نه‌بێت.
دووه‌م؛ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتیی سۆڤیهتو بلۆكی ناسراو به خۆرهه‌ڵاته، ئه‌م بومه‌له‌رزه سیاسییه‌ی كه جیهانی سه‌رده‌می خۆی هه‌ژاندو دوایین لهرزهكانی هه‌ر به‌رده‌وامه، ناتوانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێمه نه‌بووبێت. بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ ره‌وتی ئێمه له‌ژێر فشاری پڕوپاگه‌نده‌ی دژه كۆمۆنیستیدا بوو، ئه‌گه‌رچی ئێمه هه‌رگیز ئه‌و سیستمه‌مان به سۆسیالیستی‌و كرێكاریی نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وه گرنگ نییه ئێمه چۆنمان بیرده‌كرده‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و رژێمه كه جگه له سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تی هیچ شتێك نه‌بوو و به‌ناوی سۆسیالیزمه‌وه به شوێن ئامانجه‌كانی ناسیۆنالیزمی روسییه‌وه بوو، به‌سه‌ر ئێمه‌شدا رووخا. به‌رنامه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه ناتوانێت به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌زموونی ئه‌و شكسته‌ی كه به‌سه‌ر شۆڕشی كرێكاریی روسیادا هات، دابڕێژرێت، مه‌به‌ستم له گشتێتی ئه‌م باسه ئه‌وه‌یه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و راستییه بكه‌مه‌وه كه ئێمه ره‌وتێكی دۆگما‌و ئایدۆلۆژیی نه‌گۆڕ نین، به‌ڵكو رێبازی ئێمه رێگه‌یه‌كه بۆ ژیان‌و ژیانیش به‌رده‌وام له گۆڕاندایه، هه‌وڵمانداوه ئه‌و ئه‌ركانه جێبه‌جێ بكه‌ین كه پێویستی سه‌رده‌من، ئیدی له جێبه‌جێكردنیاندا سه‌ركه‌وتوو بووبێت یان نا، مه‌سه‌له‌یه‌كی دیكه‌یه‌و په‌یوه‌ندیی به هاوسه‌نگیی هێز له هه‌ر قۆناغێكدا هه‌بووه.
*كهمو زۆر باس له‌وه ده‌كرێت كه ره‌وتی چه‌پ بۆ جارێكی دیكه له دنیادا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، به‌ڵام به شێوازێكی دیكه، ئێوه خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌مه چییه‌و كاردانه‌وه‌ی له ناوچه‌كه‌دا چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه؟
ئیبراهیم عهلزاده: سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ره‌وتی چه‌پ له ئاستی جیهانیدا راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره، بۆ ناسینی جه‌وهه‌ری ئه‌و بوژانه‌وه‌یه ناتوانین بچینه سۆراغی ئه‌و حیزب‌و رێكخراوانه‌ی كه به‌ناوی چهپو سۆسیالیزمه‌وه چالاكیی ده‌كه‌ن، ره‌نگه ئه‌گه‌ر لێره‌وه بۆی بچین نه دیمه‌نێكی زۆر هیوابه‌خش ببینین‌و نه بتوانین هه‌موو راستییه‌كان بخه‌ینه به‌رچاو، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م ره‌وته ریشه‌ی له ئه‌زمه‌یه‌كی جیهانیدایه كه نیزامی سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌می ئێمه تووشی بووه‌و به بنبه‌ست گه‌یشتنی هه‌موو ئه‌و به‌دیلانه‌یه كه هه‌وڵیانداوه به‌شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامی ئه‌م ئه‌زمه‌یه بده‌نه‌وه، ساڵانی ده‌یه‌ی حه‌فتا كه جیهانی سه‌رمایه‌داریی تووشی یه‌كه‌م قه‌یرانی ئابووریی دوای كۆتایی جه‌نگی جیهانی هات، سه‌رده‌می ره‌ونه‌قی دوای شه‌ڕو ده‌وڵه‌تانی ریفا (خۆشگوزه‌رانی) كۆتایی پێهات، له وه‌ڵامدانه‌وه به‌و قه‌یرانه بوو كه سیستمی نیۆلیبراڵی هاتهكایهوهو به‌دیلی خۆی پێشكه‌ش كرد، ده‌یه‌كانی 80و 90 سه‌رده‌می تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌دیله بوون، له ئه‌مریكا رێگانو له به‌ریتانیا تاچێر نوێنه‌رایه‌تییان دهكردو توانییان تا راده‌یه‌كی زۆر جیهانی سه‌رمایه‌داریی له‌ژێر باری ئه‌و قه‌یرانه بهێننه ده‌ر، به كه‌ڵك وه‌رگرتن له فشاری نزیكه‌ی 3 هه‌زار ملیار دۆلار قه‌رزی وڵاتانی دواكه‌وتوو به سیستمی بانكی جیهانیی، ئه‌و وڵاتانه‌شیان به شوێن ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا راكێشا كه گه‌لێك كاره‌ساتی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تیشی لێكهوتهوه، به دوای رووخانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، جیهانی خۆرئاوا كه هه‌ستی ده‌كرد هیچ به‌رهه‌ڵستێكی له به‌رامبه‌ردا نه‌ماوه، بێ گوێدان به ئاكامه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، جیهانیگیرییو نیۆلیبراڵی، هه‌موو قوژبنێكی ئه‌و جیهانه‌ی هێنایه ژێر ركێفی خۆی، وتیان مێژوو كۆتایی هاتووه‌و بۆ هه‌تاهه‌تایه سه‌رمایه‌داریی دوایین قوناغی ژیانی مرۆڤ ده‌بێت، له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌كنه‌لۆژیا گه‌یشته ئاستێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر، مرۆڤ هیچكات له ژیانی خۆیدا به قه‌ده‌ر ئه‌م سه‌رده‌مه نیعمه‌تی ژیانی به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌و به قه‌ده‌ر ئێستا‌و له‌و ئاسته‌دا كه‌ڵك له‌و به‌رهه‌مه وه‌رنه‌گیراوه، وادهیاندا میكانیزمی بازاڕ خۆی هه‌موو شتێك رێكده‌خات، ئه‌و هه‌ژارییه‌ی لێكهوتهوه كه ده‌یبینین، وتیان شه‌ڕی سارد ته‌واوبووه‌و جیهان ئاسایشی زۆرتری ده‌بێت، به ده‌یان جار زیاتر جیهانیان نائاسودهتر كرد، وتیان پێش به تیرۆریزم ده‌گرین، تیرۆریزمیان په‌ره‌پێدا، ده‌ستیان بۆ هه‌ر كارێك برد تیایدا چه‌قین، به‌مجۆره سه‌رده‌می ره‌ونه‌قی ئه‌م به‌دیله‌ش كۆتایی پێهات. وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌م هه‌لومه‌رجه، چه‌ندین ره‌وتی كۆنه‌په‌ره‌ست له‌وانه ره‌وتی ئیسلامی سیاسیی گه‌شه‌یان كرد، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه ئه‌مانه‌ش به‌دیلێك نین بۆ رێكخستنی ره‌وتی ژیان، كۆماری ئیسلامی ئێران وه‌كو نموونه‌یه‌ك چی یاسای شهرعو ئایین بوو له تووره‌كه‌ی 1400 ساڵه‌ی خۆی ده‌ریهێناو كردی به ده‌ستووری ژیانی ئه‌مڕۆ، كه‌چی ورده ورده هه‌ر چووه‌وه سه‌ر ئه‌و ره‌وته نیۆلیبراڵییهی به‌سه‌ر جیهاندا زاڵه.
ئیسلامی توندڕه‌و كه له شێوه‌ی ئه‌لقاعیده‌دا خۆی ده‌نوێنێت، كرده‌وه‌كانی نه‌ك نیشانه‌ی به‌هێزتربوونی ئه‌و ره‌وته نییه، به‌ڵكو نموونه‌ی زیندووی هیوابڕاویو بێئاسۆییهتی، ئه‌نتی ئه‌مپریالیزمی هه‌ندێك له ده‌وڵه‌تانی ئه‌مریكای لاتین هیچ ئاسۆیه‌كی روونی نه‌خستووه‌ته به‌رده‌م خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌و خه‌باتی كرێكاریی‌و جه‌ماوه‌ریی له دژی ده‌وڵه‌ته‌كانیان له حاڵی په‌ره‌سه‌ندندایه، له به‌رامبه‌ر ئه‌و قه‌یرانه‌و به بنبه‌ست گه‌یشتنی بهدیلهكانیهتی كه مرۆڤ ده‌چێته‌وه سۆراغی ئه‌و ئامانجه پێشكه‌وتوو و مۆدێرن‌و مرۆڤایه‌تییانه كه سۆسیالیزم هێنابوویه گۆڕێ، بوار‌و توانای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ره‌وتێكی چهپو سۆسیالیست له جیهاندا په‌یدا بووه، خه‌باتی كرێكاران له وڵاتانی پێشكه‌وتووی سه‌رمایه‌داریی، خه‌باتی دژه جیهانگیری نیۆلیبراڵی له فرۆمه جیهانییه‌كاندا، خه‌باتی دژه شه‌ڕ، كه هه‌موویان ئه‌مڕۆكه له ئاستێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ریندا هاتوونه‌ته ئاراوه، دیارده‌كانی سه‌ره‌تایی بوژانه‌وه‌ی چه‌پن له كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیدا، ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئه‌و ره‌وتانه راسته‌وخۆ سۆسیالیستی نین‌و پارازیت‌و دیارده‌ی نامۆشیان تێدایه، به‌ڵام له رووی بابه‌تییه‌وه ده‌كه‌ونه به‌ره‌ی چه‌پی خه‌باتی جیهانییه‌وه. جا كه‌ی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه خۆی له حیزب‌و رێكخراو‌و به‌ره‌ی پێشكه‌وتوو و به‌هێزی سۆسیالیستی‌دا ده‌بینێته‌وه‌و سه‌رچه‌شنه‌كانی ئه‌و شۆڕشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی به‌ڕێوه‌یه چۆن ده‌بن، ئه‌وه ئێستا بۆ ئێمه نه‌ناسراوه‌و پێویستی به كات‌و خوڵقانی هه‌لومه‌رجی شۆڕشگێڕانه له‌م وڵات یان له‌و وڵات‌دا هه‌یه، هه‌ر له كوردستانی خۆمان زۆر كه‌س لایانوابوو پێداگریی كۆمه‌ڵه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی له حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌دا، ته‌نیای ده‌خاته‌وه‌و لاوازی ده‌كات، به‌ڵام رووداوی 16ی گه‌لاوێژی 3 ساڵ له‌وه‌وپێش كه هه‌موو كوردستان به بانگه‌وازێكی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه مانی گرت، له‌و خه‌یاڵاته هێنانیه ده‌ره‌وه، له ئاستی ئێران‌دا ئه‌م بوژانه‌وه‌یه له بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی‌و خوێندكاران‌دا دهبینینو دوورنییه له‌و رۆژانه‌ی داهاتوودا بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ئێرانیش بگرێته‌وه.
* تا دێت نفوزی ئێران له زۆر رووه‌وه له عێراق‌و ناوچه‌كه‌دا زیاتر ده‌بێت، كه دیاره ئه‌مه مه‌یدانی خه‌بات له ئۆپۆزسیۆنی ئێران به‌رته‌سك‌و به‌رته‌سكتر ده‌كاته‌وه، ده‌كرێت بڵێین یه‌كێك له رێگه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و نفوزه ده‌وربینینی ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌یه له هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، ئایا ئێوه له‌و پێناوه‌دا هیچ به‌رنامه‌یه‌كتان هه‌یه؟
ئیبراهیم عهلزاده: مه‌سه‌له‌ی هه‌وڵدانی رژێمی ئێران بۆ ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوچه‌كه‌دا، مه‌یلێك نییه كه ته‌نیا تایبه‌ت به‌و رژێمه دیاریكراوه بێت، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌لومه‌رجی بابه‌تیی هه‌ر حكومه‌تێك كه له‌و وڵاته‌دا له سه‌ر كار بێت، ئێران له بواری رێژه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه، له بواری ئابووریی‌و سه‌وق ئهلجهیشیو پێشینه‌ی سیاسییه‌وه، وڵاتێكی گرنگی ناوچه‌كه‌یه‌و ئاساییه كه رژێمێكی سه‌رمایه‌داریی هه‌وڵبدات له دابه‌شكردنی كاری ناوچه‌كه‌دا، له بواری سیاسییه‌وه‌و ته‌نانه‌ت له بواری به‌رژه‌وه‌ندیی ئابوورییه‌وه ده‌وری هه‌بێت. ئهمریكاو ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه، به‌هۆی ناكۆكییه‌ك كه له‌گه‌ڵ رژێمی ئێران هه‌یانه، به‌رامبه‌ر به‌و مه‌یله‌ی به‌ره‌نگاری ده‌كه‌ن، كه‌چی هه‌ر ئه‌و مه‌یله له سه‌رده‌می رژێمی شادا به ره‌سمیی ده‌ناسراو ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی پێ ده‌درا، رژێمی عه‌ره‌بستان رێگهدهستی ئه‌وه‌ی هه‌بوو، ئێستاش هه‌یه‌تی كه وه‌هابییه‌ت له هه‌موو ناوچه‌كه‌دا به‌هێز بكات‌و له كێشه‌ی لوبناندا ده‌ورببینێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین به‌رامبه‌ر به‌و فرهخوازییهی رژێمی ئێران چ سیاسه‌تێك ره‌چاو بكه‌ین، ده‌بێت بزانین خۆی بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی دوو ئامڕازی له به‌رده‌ستدایه، یه‌كیان ته‌شه‌نه‌كردنه له جوڵانه‌وه ئیسلامییه‌كاندا، دووه‌میان هه‌ڕه‌شه‌ی دروستكردنی چه‌كی ئه‌تۆمییه، بۆ یه‌كه‌میان لاموایه ئه‌و نفوزه روو له كزییه، به‌تایبه‌ت حیزبه‌كانی نزیك له كۆماری ئیسلامی تادێت پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان لاوازتر ده‌بێت، بۆ نموونه له باشووری عێراق‌و ته‌نانه‌ت له فه‌له‌ستین به ئاشكرا ده‌یبینین، ئێمه هه‌وڵمانداوه ئه‌زموونی تاڵی رژێمی ئیسلامیی ئێران به خه‌ڵكی ناوچه‌كه بناسێنینو به هه‌موو تواناوه له سه‌ری به‌رده‌وام بین، هه‌وڵده‌ده‌ین ده‌ستی هاوكاریی بده‌ینه ده‌ست هه‌ر هێزێك كه پێشكه‌وتنخوازانه‌و راسته‌قینه له دژی ئه‌و نفوزه كارده‌كات، خاڵه هاوبه‌شه‌كانی ستراتیژیی خۆمان له‌گه‌ڵ خه‌باتی گه‌لی كورد له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بخه‌ینه به‌رچاوو بیانكه‌ین به بنه‌مای هاوكاریی پته‌وتر، دووه‌م ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌توانین بیكه‌ین په‌ره‌پێدانی خه‌بات دژی ئه‌و رژێمه‌یه له ناوه‌وه‌ی وڵات‌دا، كه پشتبه‌ستنه به بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌كو بزووتنه‌وه‌ی كرێكاران، خه‌ڵكی كوردستان، ژنان، خوێندكاران‌و رووناكبیران، پێموانییه ئه‌و خه‌باته له دژی كۆماری ئیسلامی به هه‌موو مهیلو سیاسه‌ته ناوخۆیی‌و فرهخوازییهكانیشیهوه كه‌متربێت له هێزێك كه له‌سه‌ر سنوور جموجۆڵێكی به‌رته‌سكی پێشمه‌رگانه ده‌كات، كه ئێمه توانای په‌ره‌پێدانی ئه‌و بواره‌شمان له خۆماندا پاراستووه‌و بههێزتریشی ده‌كه‌ین.
*روانینتان بۆ حیزبه كوردستانییه‌كانی ئێران چۆنه، ئایا ئه‌گه‌ر به‌ره‌یه‌كی كوردستانی پێك بێت ئێوه ئاماده‌ن به‌شداریی تێدا بكه‌ن؟
ئیبراهیم عه‌لیزاده: نامه‌وێت بچمه سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م حیزب‌و ئه‌و حیزبی دیاریكراو، به‌ڵام ئێمه ئێستا له مه‌یدانی خه‌باتی سیاسیی كوردستاندا سێ ره‌وتی كهمو زۆر جیاواز ده‌بینین: ره‌وتی ناسیۆنالیزمی نه‌ریتی، ره‌وتی ناسیۆنالیزمی چهپو ره‌وتی سۆسیالیستی، ره‌وتی ناسیۆنالیزمی نه‌ریتی ئامانجه‌كانی ناسیۆنالیستی نه‌ریتی‌و كۆنی خۆی تا راده‌ی به‌شداریكردنی حیزبه‌كانی خۆیان له ده‌سه‌ڵاتدا داشكاندووه، چونكه ده‌ستیشیان له ده‌سه‌ڵات دووره، تووشی بێئاسۆیینو كارساز نه‌بوونی سیاسه‌ته‌كانیان یهكلهدواییهك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه سه‌رچاوه‌ی قه‌یرانه ناوخۆییه‌كانیانه، ره‌وتی ناسیۆنالیزمی چه‌پ تووشی هه‌مان قه‌یران هاتووه‌و هیوایه‌كی به‌وه نییه كه له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه رۆژێك له رۆژان ده‌ستی له ده‌سه‌ڵات گیربێتو به كرده‌وه‌ش ناتوانێت سه‌ركردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی بكات، به بۆچوونی من ئه‌و ره‌وته وه‌كو منداڵێك وایه كه دهگریو خۆی نازانێت كوێی ژان ده‌كات، به بڕوای من به‌ره‌ی سۆسیالیست ئاسۆی روونتره، چونكه ده‌زانێت هه‌ر به ته‌نها به پێداگرتن له‌سه‌ر دروشمی رزگاریی نه‌ته‌وایه‌تیی ناتوانێت جه‌ماوه‌ری ستهملێكراوو زه‌حمه‌تكێشی ئه‌و وڵاته بۆ لابردنی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیش بهێنێته مهیدانو هه‌وڵده‌دات ئه‌و خه‌باته به بزووتنه‌وه‌ی رادیكالی كرێكاران‌و ژنانه‌وه‌و به پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گرێ بدات، به‌نیسبه‌ت به‌ره‌ی كوردستانییه‌وه ئێمه له هه‌لومه‌رجی ئێستادا پێكهاتنی وه‌ها به‌ره‌یه‌ك به دوور ده‌زانین، چونكه حیزبه سیاسییه‌كانی جێكهوتوو له كوردستان، له بواری ستراتیژی سیاسییه‌وه له یه‌كتر دوورن، چوونی ئێمه بۆ ناو وه‌ها به‌ره‌یه‌ك په‌یوه‌ندیی ده‌بێت به هه‌بوونی خاڵی ستراتیژێكی هاوبهشو كۆمه‌ڵێك سه‌ره‌تای وه‌كو به‌ڵێندان به‌وه‌ی كه له كێشه سیاسییه‌كاندا ده‌ستبردن بۆ چه‌ك قه‌ده‌غه بكرێت، هیچ لایه‌نێك بۆی نه‌بێت به جیاواز له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی بچێته گفتوگۆوه، سه‌ره‌تای ئازادیی بێمه‌رجی سیاسی به ره‌سمی بناسرێت‌و ئه‌وه بسه‌لمێنرێت كه ده‌سه‌ڵات مافی جه‌ماوه‌ره‌و سات‌و سه‌ودا ههڵناگرێتو ده‌بێت به ده‌نگی جه‌ماوه‌ر چاره‌نووسی دیاریی بكرێت.
پرۆفایل:
• - ساڵی 1950 له گوندی غه‌وس ئابادی ناوچه‌ی مهاباد له‌دایكبووه.
• - 1969 له‌گه‌ڵ خه‌باتی خوێندكارانی زانكۆی ته‌ورێزدا به كاری سیاسی‌و كۆمه‌ڵه‌وه په‌یوه‌ست بووه.
• - 1974 له زانكۆی ته‌ورێز ماسته‌ری ئه‌ندازیاریی كاره‌بای وه‌رگرتووه.
• - 1979 بووه به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه.
• - له 1983وه سكرتێری كۆمه‌ڵه‌و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی رێبه‌رایه‌تی حیزبی كۆمۆنیستی ئێرانه.